Ö:: " مریشکى کوردى...!؟ هێلکه‌ى کوردى...!؟ ده‌وڵه‌تى کوردى...!؟ "

نووسین:هێژا مه‌نگوڕ

نانى کوردى! ئه‌سپى کوردى! ته‌ماته‌ى کوردى! پیوازى کوردى، هێلکه‌ى کوردى! مریشکى کوردى! رۆنى کوردى! په‌نیرى کوردى، ماستى کوردى و...هتد.!؟ ئه‌و ناوانه‌ چین؟ کێ دایناون؟ له‌ کوێوه‌ هاتوون؟ بۆ ناوى کوردیان له‌ سه‌ره‌؟ ئه‌گه‌ر که‌مێک ورد بیر بکه‌ینه‌وه‌ له‌و ناوانه‌ زۆر به‌ ڕوونى بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ مه‌به‌ست له‌و ناوانه‌ و به‌کار هێنانیان له‌ ئه‌ده‌بیاتى زاره‌کى ڕۆژانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مانه‌ هی کوردانن و فڕیان به‌ سه‌ر که‌سى تروه‌ نیه‌ یان به‌رهه‌مى کوردستانن ...؟ زۆر جار ده‌ڵێن هێلکه‌ى کوردى باشه‌ بۆ خواردن! یا رۆنى کوردى نه‌خۆشى پێوه‌ نیه‌! یان گۆشتى مریشکى کوردى به‌تامتره‌ له‌مریشکى ئاسایى! کێ وا ده‌ڵێ ؟ بڵێى ئه‌وه‌ راست بێ؟ ئه‌و ئاشکرایه‌ که‌ هه‌ر شتێک له‌ ڕابردوو دا کووتراوه‌ و کراوه‌، فه‌لسفه‌ ورازێکى له‌ پشته‌، ئه‌م وتانه‌ش بێشک فه‌لسه‌فه‌یه‌کیان له‌ پشته‌. شایه‌د له‌ سه‌رده‌مى کۆن ئه‌ژدادى ئێمه‌ باوه‌ریان به‌ به‌رهه‌م و شتومه‌کى دراوسێ یان بێگانه‌ نه‌بووبێ و بۆ رێز گرتن له‌ به‌رهه‌مى ره‌نجى شان وپیلى خۆیان ئه‌و ووشانه‌یان به‌ کار هێنابێ. یا شایه‌د بۆ هاندانى خه‌ڵکى کوردستان بۆ به‌رهه‌م هێنان و داهێنان ئه‌وه‌یان وتبێ، یان له‌ به‌ر هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى و بۆ ئه‌وه‌ى رێز له‌ به‌رهه‌مه‌کانى ناوخۆى وڵات بگرن و به‌رهه‌مه‌ کوردیه‌کان له‌ به‌رهه‌مه‌ غه‌یرى کوردیه‌کان به‌ فرزتر بزانن، ناوى کوردیان له‌ سه‌ر داناون. له‌ هه‌مووى گرینگتر  ئه‌و ناوانه‌ و به‌کار هێنانیان له‌ ئه‌ده‌بیاتى رۆژانه‌دا به‌ درێژاى مێژوو ئه‌وه‌ى به‌ گوێى داگیرکه‌ران دا خوێندوه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌توانین سه‌ربه‌خۆبین و بۆ خۆمان خۆمان بژیێنین حه‌وجێ به‌ده‌ستى ئه‌م لاو ئه‌ولا نه‌بین و وه‌ک زه‌رنه‌قووته‌ نین به‌رده‌وام چاومان له‌ ده‌ستى ئه‌م وئه‌وبێ شتمان به‌ زارى وه‌ بکات. گوێتان لێ بێ که‌ مریشکى  کوردیم پێ له‌ قه‌لى بیگانه‌ باشتره‌ (کورد وته‌نى: گوێلکى خۆت پێ له‌ گاى خه‌ڵک باشتر بێ ) وهه‌مووى ئه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێن که‌ رابردویانى ئێمه‌ هه‌وڵیان داوه‌ به‌ جۆرێک بیسه‌لمێنن که‌ده‌توانن وه‌ک خۆیان بژین بێ یارمه‌تى ئه‌م لا و ئه‌ولا! پێشینیان به‌ به‌رهه‌م هێنانى شتومه‌کى پێویستى رۆژانه‌ به‌ داگیرکه‌ران و دراوسێ کانمانیان وتوه‌ که‌ خۆمان پێ ده‌ژیت ئه‌گه‌ر لێمان گه‌رێن ئێمه‌ به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ توانایى و ده‌ستڕه‌نجى خۆمان ده‌ژین به‌ تایبه‌ت که‌ کوردستان وڵاتێکى پڕ پیت و به‌ره‌که‌ته‌ و بست به‌ بستى ئه‌و وڵاته‌ گه‌نج و گه‌وهه‌ره‌ و بۆیه‌ به‌رده‌وام بۆته‌ جێى ته‌ماعى درنده‌ و له‌ برسان مردوانى ده‌ورو به‌رمان!؟. ئه‌وانه‌ هه‌مووى له‌ لایه‌ک، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ دا و گرینگتر له‌ هه‌موویان ده‌سته‌ڵاتى خۆماڵى و حکومه‌تى کوردیه‌ که‌ له‌وتا کورد هه‌یه‌ خه‌ونى پێوه ‌ده‌بینێ!؟ ده‌وڵه‌ت به‌ چ ده‌لێن؟ مه‌به‌ست له‌ ده‌سته‌ڵاتى خۆماڵى چیه‌؟ سه‌ربه‌خۆى چیه‌؟ سه‌ربه‌خۆیى چ له‌زه‌تێکى هه‌یه‌؟ هه‌ر کوردێکى خاوه‌ن شه‌ره‌ف که‌ ئه‌و پرسیارانه‌ى گوێ لێ ده‌بن پێش ئه‌وه‌ى وڵامێکیان بۆ بدۆزێته‌وه‌ حه‌سره‌ت و خه‌م دایده‌گرێت و چزیلکى به‌ له‌ش دادێ له‌ تاوى ده‌سته‌ڵاتى خۆماڵى یان سه‌ربه‌خۆیى! لێره‌ دا وڵامى زۆر له‌و پرسیارانه‌ به‌ جێ دێڵین بۆ خوێنه‌ر به‌ڵام با تۆزێک له‌ باس له‌ سه‌ربه‌خۆیى بکه‌ین! سه‌ربه‌خۆیى به‌ واتاى بێ نیاز بوون، ده‌ست ڕانه‌کێشان بۆ ئه‌م لاو وئه‌ولا بۆ یارمه‌تى، وه‌ک خۆ بریاردان، له‌ ژێر سه‌یته‌ره‌ى که‌س و لایه‌نێ‌کى‌تر نه‌بوون، خۆ به‌رێوه‌ بردن، ئازادى، شه‌ره‌ف، غیره‌ت،..هتد!؟ ئه‌مرۆ سه‌ربه‌خۆیى به‌ واتاى سیاسیه‌که‌ى یانى خۆ به‌رێوه‌ بردن و خۆ ئیداره‌ کردن و چاو له‌ ده‌ستى که‌س نه‌بوون و ده‌سته‌ڵات به‌ سه‌ر خۆدا کردن، له‌ ئارادایه ‌و بۆته‌ باس و خواسى کۆڕ وکۆبوونه‌وه‌ سیاسى و ته‌نانه‌ت له‌ ناو چایخانه‌ و شه‌قام و بازاریه‌کانیش دا لێدوانى له‌ سه‌ر ده‌کرێ و کوردان ئاخى بۆ هه‌ڵده‌کێشن. باشه‌ سه‌ربه‌خۆیش پێیدا ده‌وێ خۆ هه‌ر ئاڵا هه‌ڵکردن و سروودێکى نه‌ته‌وه‌یى دانان و پارلمان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و به‌ زمانى زکمانگى ئاخاوتن، به ‌ته‌نیا نه‌بۆ سه‌ربه‌خۆیى! به‌ڵکوو ئه‌و لایه‌نێکى قه‌زیه‌ى سه‌ربه‌خۆییه‌! با ئه‌وه‌ به‌ گوێى خۆمان دا بخوێنین که‌ لایه‌نه‌که‌یترى سه‌ربه‌خۆیى زۆر گرینگتره‌ له‌و لایه‌نى که‌ باسمان کرد. با به‌ زمانێکى زۆر ساده‌ له‌ سه‌رى بدوێین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ وڵاتى سه‌ربه‌خۆ نانى ده‌وێ، ئاوى ده‌وێ، قه‌ندى ده‌وێ، ڕۆنى ده‌وێ، جل و به‌رگى ده‌وێ، پێلاوى ده‌وێ، مریشکى ده‌وێ، مه‌ڕوماڵاتى ده‌وێ، مه‌دره‌سه‌ى ده‌وێ، زانکۆى ده‌وێ، کاره‌باى ده‌وێ، ڕێگاوبانى ده‌وێ، ئه‌وانه‌ و به‌ هه‌زاران شتى ترى ساده‌ و که‌م بایخ که‌ بێ ئه‌وانه‌ ژیان ناکرێ. وڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ نیازى بێ ئه‌م لاو ئه‌ولاى به‌و که‌ل‌وپه‌ل و پێداویستیانه‌ هه‌یه‌،چون ئه‌وانه‌ پێداویستیه‌کانى سه‌ره‌تایى ژیانن. با باسى ئۆتۆمبیل و فرۆکه‌ و کۆمپیوتێر و ئامێره‌ پێشکه‌وتوه‌کانى سه‌رده‌م هه‌ر نه‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ى له‌ده‌ستمان دێت با بیکه‌ین و لانى که‌م شته‌ ساده‌و سه‌ره‌تایه‌کان دروست بکه‌ین ئه‌نجا نۆره‌ى شته‌ ئاڵۆزه‌کان دێت. خاکى کوردستان یه‌کێک له‌و خاکه‌ به‌هێز و به‌ پێزانه‌یه‌ بۆ کشت‌وکاڵ و دانه‌وێله‌ و میوه‌ و سه‌وزى ...هتد. به‌ڵام زه‌ویه‌کانى بار ماونه‌وه‌ و ڕبه‌گه‌نمێکى پێوه‌ر ناکرێ. کوردستان یه‌کێک له‌ بێ نیازترین وڵاتانى لانى که‌م ناوچه‌یه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ ئاویه‌کان، به‌ڵام ئاو به‌ تانکى ده‌گاته‌ به‌ر ده‌رگاى هاووڵاتیان. کوێستانه‌کانى کوردستان باشترین له‌وه‌رگه‌ن بۆ  ئاژه‌ڵدارى و مه‌ر وماڵات به‌خێو کردن، به‌لام ده‌بینین کوێستانه‌کانیش په‌پویان لێ ده‌خوێنێ، ئه‌وه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ گۆشت به‌ شێوه‌یه‌کى به‌ر چاو له ‌کوردستان سه‌رف ده‌کرێ.! ئایا پێتان وانیه‌ که‌ ئێمه‌ تا گه‌نمى زه‌ویه‌کانى خۆمان نه‌که‌ینه‌ نان و ئاوى کانیاوه‌کانى خۆمان له‌ جیات ئاوى سعودى و تورکى نه‌خۆین و گۆشتى ماڵاتى خۆماڵى له‌ جیات گۆشتى وشتر نه‌خۆین ...؟ باسى سه‌ربه‌خۆیى بکه‌ین زۆر سه‌یر نابێ .؟ با ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان بکه‌ین باشه‌ ئه‌ورۆ سه‌رمایه‌دار و ساحێب پاره‌کانى کوردستان بۆ له‌ جیاتى 8مونیکا، کارگه‌یه‌کى پێڵاو سازى دانامه‌زرێنن تا ئه‌گه‌ر ئێران و تورکیه‌ رۆژێک پێڵاوى بۆ نه‌ناردین به‌ پێى په‌تى نه‌خولێینه‌وه‌. ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ى کوردستان چۆن ئاوى وڵاتى (سعودى)یان له‌ گه‌لوو ده‌چێته‌ خوارێ ئاخر ئه‌و وڵاته‌ له‌خۆڵ پێکهاتوه‌ و ئاو به‌ ئێمه‌ ده‌فرۆشێ !!، به‌ڵام به‌ ده‌یان رووبار و کانیاوى کوردستان بێ که‌ڵک ده‌رژێنه‌ خوارێ.؟ چ شوێنێک له‌و کوردستانه‌ باشتر و شیاوتره‌ بۆ په‌له‌وه‌ر، ئه‌وه‌ له‌حاڵێک دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هێلکه‌ى وڵاتانى دراوسێمان نه‌گاتێ له‌ حه‌سره‌تى هێلکه‌یه‌ک دڵمان ده‌تۆقیت.!؟ ئه‌وانه‌وبێ ئه‌ندازه‌ شتى‌تر که‌ ئه‌گه‌ر خۆمانى لێ گێل نه‌که‌ین تێگه‌یشتنى له‌ ئاو خواردنه‌وه‌ ئاسانتره‌. که‌واته‌ تا رۆژێک ئه‌قڵیه‌تى کورد به‌گشتى نه‌گاته‌ ئه‌و راده‌ تێگه‌یشتنه‌ که‌ تا ڕۆژێک ئێمه‌ى کورد مریشک و هێلکه‌ى کوردیمان نه‌بێ! ده‌وڵه‌تى کوردیمان نابێ هه‌شمان بێ ده‌بێ چاو بنوقێنین و ده‌ست پان ڕابکه‌ین وه‌ک سواڵکه‌ره‌کانى به‌ر ده‌رگاى مزگه‌وت بۆ پێلاو، بۆ جل وبه‌رگ، بۆ نان، بۆ ئاو، بۆ ته‌ماته‌، بۆ په‌تاته‌، بۆ پیواز، بۆ پێنووس، بۆ که‌غه‌ز، بۆ دار ! بۆبه‌رد!، بۆ، بۆ.....بۆکه‌رامه‌ت، بۆ سه‌ربه‌خۆیى.!؟ به‌و هیوایه‌ى که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆى وره‌ به‌رز بونه‌وه‌ و وه‌خۆ هاتنه‌وه‌ نه‌ک به‌ دیدى رخنه‌ و گله‌یى بێ!؟ ئه‌وانه‌ شتێکن که‌ ئه‌ورۆ پێویسته‌ هه‌موومان هه‌ولى بۆ بده‌ین چۆن ئاخرین ئامانجى هه‌ر کوردێکى شۆرشگێر و نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ست سه‌ربه‌خۆیى و دیتنى ئاڵاى سه‌ربه‌خۆى کوردیه‌. به‌و هیوایه‌ى که‌ رۆژێک سه‌ربه‌خۆیى سیاسى و ئابوورى مان به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌بێ .

Heja_mangor@yahoo.com  

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.