Ö:: جارێکی تر سڵاو له‌ سلێمانی و خوێندکارانی .. !

 نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

سڵاو له‌م شاره‌ پڕ غه‌درو ناڕه‌حه‌ته‌ی کوردستان سڵاو له‌ دایکی شه‌هیدان و خه‌ڵکی قاره‌مانی ئه‌م شاره‌ .. سه‌ری ڕێزو خۆشه‌ویستی بۆ خوێندکارانی داده‌نه‌وێنم. جام ده‌مێکه‌ له‌م شاره‌ پڕبووه و ئێستا خه‌ریکه‌ هێدی هێدی ئاوه‌که‌ی ده‌ڕژێ، ڕاسته‌ ده‌مێکه‌ ئه‌م شاره‌ هیلا‌ک و ماندووه‌‌ به‌ڵام جووڵه‌ی ئه‌مڕۆ باشتره‌ له‌ سبه‌ینێ . خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی میلله‌تێک به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی تاک ڕه‌وو سه‌رمایه‌دار به‌ڵگه‌ی ڕۆشنبیری ئه‌و میلله‌ته‌یه‌و مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی خۆپیشاندان بکات بۆ مافه‌ ڕه‌واکانی و ژیانی داهاتووی . دووای شانزه‌ ساڵ تاریکی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌م شاره‌دا نه‌یانتوانیوه‌ مافه‌ سه‌ره‌تایی یه‌کانی خه‌ڵکی دابین بکه‌ن .!. ئاخۆ چۆن ده‌بێ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی داوای مافه‌ بنچینه‌یی و ژیانی یه‌کانی خۆیان بکه‌ن که‌ یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و ڕای ڕامیاری جیاوازو جیاوازی چینایه‌تی و سیستمی سۆسیال و سیستمی سه‌ندیکاو .. هتد . به‌هه‌موو پێوه‌رێک ماوه‌ی شانزه‌ ساڵ ده‌سه‌ڵات ده‌بێ و ده‌گونجێ بۆ دروست بوونی ووڵاتێک و دامه‌زراوه‌کانی پایه‌ی دیموکراتی و سه‌ربه‌ستی گفتوگۆ له‌سه‌ر باری ڕامیاری و ژیان و کێشه‌کانی که‌ ئابووری و ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تین . به‌ڕاستی کاره‌ساته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌درێژایی مێژوو چه‌وساوه‌ بێت و هیچ ده‌رگایه‌کی لێ نه‌کرابێته‌‌وه‌ له‌ ئه‌نجامیشدا شادو شووکور بێته‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتێک که‌به‌هی خۆی ده‌زانێ و به‌شدارو خوێنی تێدا ڕژاندبێت و کارو تێکۆشانی بۆ کردبێت .. که‌چی هه‌ر بێبه‌ش و چه‌وساوه‌و بێ به‌ری بێت له‌ هه‌موو مافێک و ژیانێک . به‌ئاگاداری و شایه‌تی هه‌موو کورد که‌ قاره‌مانترین و ئازاترین شاری کوردستان که‌ هه‌میشه‌ بڵێسه‌ی شۆڕش و به‌رخۆدان بووه‌ له‌هه‌موو کات و ساته‌کانی مێژووی کورددا ئه‌ویش شاری سلێمانی خۆ ڕاگرو قاره‌مان بووه‌ .. ئه‌م شاره‌ هێنده‌ی هه‌موو کوردستان شۆڕش و به‌رخۆدان و شه‌هیدو ماندوبوونی بینیووه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بۆ کوردستان که‌چی دووای سه‌ده‌یه‌ک ژێرده‌ستی و داپڵۆسین و کوشتن و بڕین .. شانزه‌ ساڵیشه‌ به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی تاریکستانی کوردی یه‌وه‌ که‌ زۆر خوێنی بۆ ڕشتووه‌  ئه‌چه‌وسێنرێته‌وه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌کیش سزا ده‌درێت له‌سه‌ر ڕای جیاوازو کارو فیکری ڕامیاری جیاواز به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ به‌ندینخانه‌ی کانی گۆمه‌یه‌ له‌ شاری سلێمانی که‌ شایه‌تی حاڵه‌ .. له‌باتی گه‌وره‌کردنی و جوان کردنی ئه‌م شاره‌ که‌ به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ وه‌فایه‌ک بێت بۆ شه‌هیدان و خۆبه‌خت کردنه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ قاره‌مانه‌ هاتوون ئه‌م شاره‌یان بچووک کردۆته‌وه‌ له‌ پارێزگاوه‌ بۆ قه‌زا که‌ ئه‌مه‌ ووته‌ی پارێزگاری سلێمانی خۆیه‌تی که‌ ‌کاک دانا ئه‌حمه‌د کاتێک‌ بۆ هاووڵاتی و ئاوێنه‌ دووابوو پێش مانگێ که‌متر که‌ به‌رواری مانگی دووانزه‌ی 2006 ده‌کات . شارێک نیو سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر سومبوول بووبێت و جوانترین شاری کوردستان و عێراق بووبێت  ئێستا شارێکه‌ تاریکستان و پڕ له‌ زووڵم و جیاوازی چینایه‌تی و .. هتد . شانزه‌ ساڵ تاریکی و جه‌ورو سته‌م .. شانزه‌ ساڵ سه‌رمای زستان و دڵۆپه‌ی ماڵه‌ برسی و هه‌ژاره‌کانی ئه‌م شاره‌ .. شانزه‌ ساڵ گه‌رماو نه‌خه‌وتن و ئاره‌ق کردنه‌وه‌و خه‌وزڕان .. شانزه‌ ساڵ بێکاری و گرانی . شانزه‌ ساڵیش بۆ خۆتان ژیانی فیرعه‌ونی و ژنی نوێ و کۆشک و ته‌له‌لاری نوێ و به‌ ملیۆن دۆلار .. ته‌ماشای ئه‌م شانۆی غه‌درو دڵ ته‌نگی یه‌ بکه‌ن یه‌ک پاڵه‌وانی قاره‌مانی تێدا نی یه‌ چونکه‌ پیاوی ئازا غیره‌تی ناهێڵێ و ڕێگه‌ی پێ نادات خۆی له‌سه‌ر دۆلار بخه‌وێ و میلله‌ته‌که‌یشی له‌ برسانا بمرێ و به‌شێکی زۆریشی به‌تایبه‌ت گه‌نجان له‌ بێکاری و (چونکه‌ کارپێدان به‌ ته‌زکی یه‌ی حیزبی یه‌ ) کۆچ بکه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات . ده‌بێ خۆی ته‌مه‌ن و ژیان چه‌ند بێت وا ئێوه‌ شانزه‌ ساڵتان به‌ تاریکی و بێ مافی و ڕسووایی و بێ به‌رنامه‌یی و هه‌ڵه‌و .. هتد ، به‌ڕێکرد . سه‌دامی دیکتاتۆریش دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئێوه‌ حوکمی کرد . شارێکی وه‌کو سلێمانی که‌ بۆ کورده‌کانی خۆی قه‌ده‌غه‌ بوو بیبینێ که‌ گه‌نجه‌کانی له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باکوورو ڕۆژئاوه‌وه‌ نه‌یان ده‌تووانی بێن بۆ سه‌ردانی زێدی باوباپیرانیان قه‌ده‌غه‌ بوو له‌لایه‌ن ئه‌م  ده‌سه‌ڵاته‌وه‌  ‌ به‌ڵام سلێمانی هه‌میشه‌ پڕ بوو له‌ ئیتلاعات و میت و به‌عسی . ئه‌نجامی هه‌موو غه‌درێک به‌ غه‌در ته‌واو ده‌بێت ، ئه‌مه‌ ئه‌نجامی نادڵسۆزیتانه‌ بۆ ئه‌م شاره‌ بۆیه‌ ئه‌م فلیمه‌یه‌‌ هه‌موو ڕۆژێک ده‌یبینن و بێده‌نگن لێی که‌ خه‌ڵکی ده‌که‌وێته‌ سه‌رجاده‌ لێتان . له‌ زۆر شوێنانی تریش خۆپیشاندان کرا به‌ڵام هه‌موو جارێک بڕو بیانوویه‌کتان دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ له‌ که‌لارو ده‌ربه‌ندیخان و کۆیه‌و ڕانیه‌و هه‌ڵه‌بجه‌و شوێنانی تریش که‌ خۆپیشاندان ده‌کرا ئێوه‌ نه‌ده‌گه‌ڕان بۆ که‌م و کوڕی و چاره‌سه‌رکردنیان ، به‌ڵکو عیماد ئه‌حمه‌د هاته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و به‌ کوردی یه‌کی چه‌وت و ناڕێک ووتی : ئێمه‌ هیچ کێشه‌مان نی یه‌و ئه‌مه‌ ده‌ستێکه‌ له‌ پشتی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌ .. باشه‌ له‌باتی خۆ خه‌ڵه‌تاندن و خه‌ڵک به‌ ساویلکه‌ زانین باشتر نی یه‌ کێشه‌کان بۆ خه‌ڵک چاره‌سه‌ر‌ بکه‌ن .؟. بۆ خۆتان باشه‌ چونکه‌ ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانه‌ به‌ڵام سبه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌ . خوێنکارانی سلێمانی به‌زه‌ییان به‌خۆیاندا دێته‌وه‌ که‌ ئه‌مڕۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌ و به‌تاریکی فێری زانست ده‌بن و شاره‌که‌یان غه‌درستان و تاریکستان بێت  به‌ڵام چۆمان که‌ دێ یه‌کی سه‌ر سنووره‌ کاره‌بای فولی هه‌بێت . که‌ نازانن ووڵات به‌ر‌ن به‌ڕێووه‌ شه‌ڕی پله‌وپایه‌و کورسیش مه‌که‌ن .!. توخوا به‌خه‌ڵکیش بڵێن که‌ 42 وه‌زیره‌که‌تان کاریان چی یه‌ به‌تایبه‌ت وه‌زیری پلان دانان .. چونکه‌ له‌هیچ مه‌مله‌که‌تێکدا نه‌بووه‌ گوندێ کاره‌بای هه‌بێ و شارێک چاو چاو نه‌بینێ له‌ تاریکیدا . بڕوابکه‌ن ووڵاتی چین 27 وه‌زیریان هه‌یه‌ ژماره‌ی دانیشتووانیان 1300000000یه‌ک ملیارو سێ سه‌د ملیۆن که‌سه‌ که‌چی ژیان و به‌رنامه‌ له‌و ووڵاته‌ وه‌ک سه‌عات ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ . توخوا جێی پێکه‌نین نی یه‌ که‌ ئێووه‌ باس له‌ مه‌ده‌نی یه‌ت ده‌که‌ن  .. ئاخر کامه‌ مه‌ده‌نی یه‌ت له‌ تاریکیدا .

م . حه‌مید عه‌زیز

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.