Ö:: سێمینار به‌ بۆنه‌ی 2ی رێبه‌ندان 61 ه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی یه‌که‌م کۆماری کوردستان

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان- ئێران

سێمینار به‌ بۆنه‌ی 2ی رێبه‌ندان 61 ه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی یه‌که‌م کۆماری کوردستان
رۆژی شه‌ممه‌ 20/1/2007 له‌ له‌یه‌ن کۆمیته‌ی سوئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ بۆنه‌ی 2ی رێبه‌ندان 61ه‌مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان سێمینارێک بۆ به‌ڕێزان کاک ئه‌حمه‌د عه‌زیزی کارناسی سیاسی، کاک ش
ه‌ماڵ کاوه‌ مامۆستای مێژوی هیزرو زانست له ‌زانکۆی ئۆپسالا و کاک خالید خه‌یاتی مامۆستای زانسته ‌‌سیاسیه‌کان له‌ زانکۆی نۆرشۆپینگ پێک هات.

کاتژمێر 2ی پاش نیوه‌ڕۆ به‌ سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب ‌و ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدان سێمیناره‌که‌ ده‌ستی به‌ کاره‌کانی خۆی کرد.

سه‌ره‌تا کاک سه‌ڵاح گادانی وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌که‌و به‌ نوێنه‌رایه‌تی کۆمیته‌ی سوئێد به‌خێر هاتنێکی گه‌رمی ئاراسته‌ی به‌شدرانی سێمیناره‌که کرد. پاشان به‌شی یه‌که‌می به‌رنامه‌که‌ ته‌رخان کرابوو بۆ په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان، که‌ له‌ لایان کاک خالید گه‌ردی به‌رپرسی کۆمیته‌ی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشکه‌ش کرا.

به‌شی یه‌که‌می پانێل به‌ قسه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د عه‌زیزی  ده‌ستی پێکرد، که‌ ئاوڕ دانه‌وه‌یه‌ک بوو له‌پێکهاتنی کۆماری  کۆماری کوردستان و باسێک له‌سه‌ر ستراتێژی حیزبی سیاسی‌و ڕۆڵی کۆمه‌ڵگا له‌ گه‌یشتنی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا. کاک ئه‌حمه‌د له‌ نه‌تیجه‌گیری باسه‌که‌ی‌دا ره‌ئی خۆی به‌م جۆره‌ خسته‌ روو:

 پڕۆسه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان وێنایه‌ک له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی خاوه‌ن هوشمه‌ندی پرۆگرامی سیاسی‌یه‌،به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌که له‌ وێدا.

ناتێگه‌یشتوویی ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ ئاستی دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵ، نه‌بوونی بزوتنه‌ویه‌کی به‌رفراوانی خاوه‌ن پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی نه‌ته‌ویی، هۆکاری بنه‌ره‌تی نا سه‌قامگیری کۆمارو به‌رده‌وام نه‌بوونی ئه‌و کۆماره‌بوون.

هه‌م ئه‌زموونی کۆمارو هه‌م نیازی سه‌رده‌م ته‌ئکید له‌سه‌ر گرینگی شه‌فاف بوون له‌ بیری‌نه‌ته‌وه‌یی و ستراتێژی سیاسی و ڕۆڵی کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتو و مه‌ده‌نی ده‌ده‌ن له‌ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا.

هونه‌رو هوشمه‌ندی حیزبی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ وڵامی ئه‌م نیازه بداته‌وه‌ به‌ریفورم له‌ ڕوانگه‌ی سیاسیدا، له‌فکری سیاسیدا، له کلتووری سیاسیدا و له‌ ساختاری ته‌شکیلاتی‌دا. وه‌ هه‌روه‌ها هیواداری ده‌ربڕی که‌ زیاتر باسی ئه‌وه‌بکرێ که‌ حیزبی سیاسی بتوانێ له‌ ده‌رسه‌کانی کۆمار که‌ڵک وه‌ربگرێ و ئه‌و گۆڕانکاری و ڕیفۆڕمه‌ی که‌ ئیستا باس ده‌کرێ له‌ نێو هه‌موو ئه‌حزابی سیاسی‌دا به‌سه‌رکه‌وتوویی ببرێته پێشێ.‌‌‌

دواتر کاک شه‌ماڵ کاوه‌ باسێکی زانستییانه‌ی له‌ ژێر سه‌ردێری  میتۆدۆلۆژی ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ 2ی رێبه‌ندان و سه‌روه‌ریی سیاسی  پێشکه‌ش کرد، که‌ خویندنه‌وه‌یه‌کی نوێی له‌ کۆماری کوردستان ده‌گرته‌ به‌ر.

ناوبراو کورته‌ی باسه‌که‌ی خۆی به‌م جۆره‌ به‌یان کرد: مافی دیاریکردنی چاره‌نوس بۆ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌، بریتییه‌ له‌ پێکهێنانی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ، واته‌ سه‌ره‌ورییه‌کی سیاسی. ئه‌م سه‌روه‌رییه‌ وه‌ک ئامانجێک نابێ به‌ هیچ چه‌شنێک به‌ ''ئه‌ما و ئه‌گه‌ر'' ببه‌سترێته‌وه، به‌ڵام دیاره‌ له‌ ئاستی سیاسه‌تی رۆژانه‌دا، له‌ تاکتیکدا، ئه‌وه‌ هاوسه‌نگی هێزه‌کان و زۆر فاکتۆری دیکه‌ن که‌ دیاری ده‌که‌ن تا چ راده‌یه‌ک ئێمه‌ له‌ کرده‌وه‌دا ده‌تۆانین به‌و ئامانجه‌ بگه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ ئیراده‌یه‌کی  نه‌ته‌وه‌یی ساز بکه‌ین، ئه‌وسا ناچارین کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد وه‌ک کێشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ سه‌یر بکه‌ین و وه‌ک ئه‌نجامێکیش، ناچارین له‌ ئاستی ستراتێژی سیاسیدا، پێداچوونه‌وه‌یه‌کمان به‌ دروشم و به‌رنامه‌کانماندا هه‌بێت.

ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناتۆانێ له‌ ڕێگه‌ی پاشکۆ کردنی کێشه‌ی کورد ساز بێت، به‌ڵکوو پێشمه‌رجی سه‌ره‌کی ساز بوونی ئه‌و ئیراده‌یه‌، ڕه‌زگار کردنی پرسی کورده‌ له‌ پرسی ئێران و دیموکڕاسی بۆ ئێران.

قسه‌ی ئاخریشم ئه‌وه‌یه‌: کاتێ باسی ستراتێژیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رکه‌وتوو ده‌که‌م، مه‌به‌ستم ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ سیاسه‌ت یان ستراتێژی سیاسی حیزبێک نییه‌. ستراتێژیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ گشتگر بێت و له‌سه‌ر ئاستی پلاتفۆرمێکی یه‌کگرتوو له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کانی سیاسی کۆمه‌ڵگایه‌ک پێک بێت. ستراتێژی حیزبێک به‌ ته‌نیا ناتوانێ‌ ستراتێژی جووڵانه‌وه‌یه‌ک بێ، به‌ڵکوو ئه‌و ستراتێژییه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کاندا شکڵ بگری.

پاشان کاک خالید خه‌یاتی باسی ڕۆڵی دیاسپۆڕای کوردی له‌ پێکهێنانی کوڵتوری سیاسی دێمۆکراتیک له‌ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورددا کرد. کاک خالید له‌م باسه‌دا کارتێکه‌ری تاراوگه‌ی رۆژئاوایی به‌ هه‌ر دووباری پۆسیتیڤ و نیگاتیڤدا له‌ سه‌ر جالیه‌ی کورد خسته‌ روو و رۆلی جالیه‌ی کوردی له‌پێکهاتنی  کولتوری و سیاسی دا به‌رز نرخاندو ئه‌نجامی باسه‌که‌ی به‌م جۆره‌ ڕاگه‌یاند:

به‌پێی ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ دێموکراتیکه‌کان زیندوو ده‌مێننه‌وه‌ و گه‌شه‌ ده‌که‌ن، بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردیش پێکهاتنی کولتوورێکی سیاسی دێموکراتیک که‌ بتوانێ هه‌م له‌ ئاستی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی عه‌قڵ‌گه‌رایانه‌ و راسیونالیستی و هه‌م له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ساختارو قه‌واره‌ی ریکخراوه‌و حیزبه‌ سیاسییه‌کان‌دا تێگه‌یشتنێکی نوێ و هێژمونیک بخوڵقێنێ، زه‌رووره‌تێکی مێژووییه‌. لێره‌دا دیاسپۆڕای کورد، واته‌ کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی‌دا ده‌ژین، به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ هاوکات له‌ پرۆسه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و وڵاتی نیشته‌جێ‌بوون دا به‌شداری ده‌که‌ن، ده‌توانن ڕۆڵێکی کاریگه‌ریان هه‌بێ.

دواتر کاک سه‌لاح گادانی به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل به‌ هینانه‌ رووی  کۆمه‌ڵیک پرسیاری هه‌ڵێنجراو له‌ ناخی باسه‌کان و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ رێبازه‌کانی راگه‌یه‌ندراو له‌ " هێله‌ گشتییه‌کانی " حیزبی دێمۆکراتی کوردستان  موناقه‌ شه‌یه‌کی سیاسی ده‌وڵه‌مه‌ند و زیندووی له‌ نێوان پانێلگێراندا به‌ مه‌به‌ست رووناهی خستنی پتر بۆ سه‌ر پرسی کورد به‌گشتی و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تایبه‌تی، به‌ڕێوه‌ برد.

به‌شی دووهه‌م‌و کۆتایی

کاک سه‌لاح جارێکی دیکه‌ وێرای به‌خیر هێنانی نوێنه‌رانی حیزب‌و رێکخراوه‌ کوردستانی‌و رێکخراوه‌ سینفی‌و کۆمه‌ڵه‌ کلتوری‌یه‌کان، به‌خیر هاتنێکی گه‌رمی ئاراسته‌ی به‌ڕێز کاک باباعه‌لی مێهرپه‌روه‌ر ئه‌ندامی پێشووی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبمان کردو هه‌وڵ و تێکۆشانی به‌ڕێزیانی له‌  حیزبدا به‌رز نرخاند.

له‌ ته‌وه‌ره‌ی دووهه‌می باسه‌کانی دوای پشوو نۆره‌ گه‌یشته‌ پرسیاری ئاماده‌بوانی سێمیناره‌که‌ که‌ به‌شێک له‌ به‌شداران پرسیارو ڕاو بۆچوونه‌کانی خۆیان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باسی کۆڕگێڕان دا هێنایه‌ گۆڕێ.

پێویست به‌ ئاماژه‌ پێکردنه‌ که‌ سێمیناره‌که‌ راسته‌وخۆ له‌ ژووری پاڵتاکی کۆماردا بڵاو ده‌کرایه‌وه.‌ که وێرای گوێگرتن به‌ تێروانین و پرسیاره‌کانی خۆیان له‌  کۆره‌که‌دا به‌شداریان کرد.

له‌و به‌شدا هه‌رسێ به‌ڕیزیان کاک ئه‌حمه‌دو کاک شه‌ماڵ‌و کاک خالید توانیان به‌ شێوه‌یه‌کی ڕوون وڵامی پرسیارو ره‌خنه ‌و پێشنیاره‌کان بده‌نه‌وه‌.

ئێمه‌ش وێڕای سپاس‌و قه‌دردانی له‌و به‌ڕێزانه‌ی که‌ ئه‌م پانێله‌یان گێڕا، سپاسی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌که‌ین که‌له‌ یادی 61ه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕ‌ی دامه‌زرانی یه‌که‌م کۆماری کوردستاندا که‌ رۆژی2 ی رێبه‌ندانه‌ به‌شداریان کرد.

 هیوادارین که‌ ڕوناکبیران و لێکۆله‌ره‌وان و پسپۆڕانی میلله‌ته‌که‌مان بتوانن خاڵه‌ به‌هێزو لاوازه‌کانی کۆمار شرۆڤه‌ بکه‌ن و دیدو بۆچوونه‌کانی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌کی شه‌فاف له‌م پێوه‌ندییه‌دا بخه‌نه‌ ڕوو پشت ببه‌ستن به‌و دیکۆمێنت‌و فاکتانه‌ که‌ له‌سه‌ر کۆمار بڵاو کراونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن نرخی حه‌قیقی‌و حقوقی‌و واقیعی به‌ کۆماری کوردستان ببه‌خشن.

جێگه‌ی سرنجه‌ که‌ ئه‌م شێوازه‌ نوێیه‌ له‌ به‌رز ڕاگرتنی 2ی ڕێبه‌ندان له‌ سوئێد و باسی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌م سێ تێکۆشه‌ره‌ بوو به‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی به‌شداران  و به‌ تێکڕا داواکاری به‌ڕێوه‌بردنی کۆڕوکۆمه‌ڵی تری وا به‌ ناوه‌ڕۆک بوون.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان- ئێران

کۆمیته‌ی سوئێد 21/1/2007.



بۆ وێنه‌ی زیاتری ئه‌م سمیناره‌ چرکه‌ له‌م نووسینه‌ بکه

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.