Ö:: پێش ئه‌وه‌ى خۆم به‌ کورد بزانم خۆم به‌ کمونیست ده‌زانم

چاوپێکه‌وتنى: خالید محه‌ممه‌دزاده‌

ئیبرایم عه‌لیزاده‌:پێش ئه‌وه‌ى خۆم به‌ کورد بزانم خۆم به‌ کمونیست ده‌زانم
چاوپێکه‌وتنى: خالید محه‌ممه‌دزاده‌
حیزبى کمونیستى ئێران و پێگه‌ى سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى له‌ کوردستان و پێوه‌ندیى و چاره‌نووسى رێکخراوى کۆمه‌له‌ به‌م حیزبه و زۆر مه‌سه‌له‌ى پێوه‌ندیى دار به‌ حیزبى کمونیست و کۆمه‌له‌ له‌ دانیشتنێکى رۆژنامه‌وانى له‌ گه‌ل  ئیبراهیمى عه‌لیزاده‌ ده‌بیرى یه‌که‌مى رێکخراوى کوردستانى حیزبى کمونیستى ئێران(کۆمه‌له‌) و ئه‌ندامى کومیته‌ى ئیجرایى حیزبى کمونیستى ئێران

ئایا بوونى حیزبى کمونیستى ئێران بۆ ئێستاى ئێران پێویسته‌؟

عه‌لیزاده‌: یه‌کێک له‌و بۆشاییانه‌ى ئیمکانى دا که‌ کۆمارى ئیسلامى له‌ ساله‌کانى 1979ء 1980 هه‌له‌که‌ بقۆزێته‌وه‌ء به‌رهه‌مى هه‌موو خه‌بات بۆ ئازادى و ژیانى باشتر له‌ ئێران به‌ فیرۆ بدا و سوارى شانى شۆرشێک بێ که‌ داخوازه‌کانى عه‌داله‌ت و ئازادى بوو، بۆشاییه‌ک له‌و چه‌شنه‌ بوو که‌ له‌ ناو چه‌پى ئێران دا هه‌بوو و هه‌روه‌ها نه‌بوونى ئالترناتیڤێکى چه‌پ که‌ بتوانێ پێش به‌وه‌ بگرێ که‌ ده‌سه‌لاتى تاقانه‌ى حکوومه‌تى ئیسلامى له‌ ئێران دا پیاده‌ بێ. ئه‌م بۆشاییه‌ ئه‌و کات ئه‌و کاره‌ساته‌ى لێ که‌وته‌وه‌ که‌ تا ئێستا ئێمه‌ش شاهیدین. ئه‌ڵبه‌ته‌ من نالێم ئێستا حیزبى کمونیست له‌ بارودوخێک دایه‌ که‌ ده‌توانێ بۆ ئالترناتیڤ ببێ، به‌لام ده‌روازه‌یه‌کى حه‌یاتییه‌ بۆ هه‌ر هه‌لومه‌رجێکى شورشگێرانه‌ له‌ ئێران دا. بۆیه‌ له‌ سه‌ر پێویستى حیزبێکى سه‌رتاسه‌رى به‌ به‌رنامه‌یه‌کى روونى سیاسى به‌ ئێراده‌یه‌کى خه‌باتکارانه‌ له‌ نانى شه‌ویش بۆ ئازادى کۆمه‌لگاى ئێران پێویست تره‌.

تۆ ده‌لێى حیزبى کمونیست له‌ بوونى ئه‌و بۆشاییانه‌ پێک هات، ئه‌ى ئه‌م حیزبه‌ بۆ نه‌یتوانى ئه‌م بۆشاییانه‌ پربکاته‌؟ بۆ نه‌یتوانى ئه‌و ئالترناتیڤه‌ بى؟

عه‌لیزاده‌: هه‌ر حیزبێکى سیاسى ده‌رفه‌تى میژووى خوى بۆ هه‌ل ده‌که‌وێ. بۆ نمونه‌ کۆمه‌له‌ 1967 پێک دێ به‌لام ده‌رفه‌تى جه‌ماوه‌رى بوون و تێکه‌ڵبوون له‌ گه‌ل خه‌باتى جه‌ماوه‌رى له‌ ساڵى 1979 بۆى ده‌خۆلقێ. بۆیه‌ ده‌بینین کۆمه‌له‌ له‌ ته‌شکیلاتێکى چکۆله‌ى نهێنیه‌وه‌ ده‌بێ به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کى کۆمه‌لایه‌تى گه‌وره‌. ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ نه‌ک بۆ ئێمه‌، به‌ڵکوو بۆ هیچ حیزب و ئۆپۆزیسیونێکى ئێرانى پێک نه‌هاتووه‌. به‌ برواى من ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێکى مێژووى وا بخۆلقێ حیزبى کمونیست توانایى ئه‌وه‌ى هه‌یه و هیوادارم بتوانێ که‌ ئه‌ویش ببێ به‌ جه‌ریانێکى جه‌ماوه‌رى به‌ هێز له‌ ئێران دا

باشه‌ ئه‌و هۆکارانه‌ى باسى ده‌که‌ى به‌ راى تو ده‌توانێ بیانوویه‌کى باش بن بۆ شاردنه‌وه‌ى ناکارایى حیزبى کمونیست؟ چونکه‌ ئێستا جۆرێک ناکارایى به‌ حیزبى کمونیسته‌وه‌ له‌ ئێران دا دیاره‌؟

عه‌لیزاده‌: ئه‌گه‌ر باسى ناکارایى حیزبى کمونیست ده‌که‌ى ده‌بێ باسى ناکارایى هه‌موو ئۆپۆزیسیونى ئێرانى بکه‌ى. تو ناتوانێ هیچ شاخه‌یه‌ک له‌ ئۆپۆزیسیونى ئێرانى ناو ببه‌ى که‌ بتوانێ ئیددیعا بکا ده‌ورێکى کاریگه‌رترى له‌ حیزبى کمونیست هه‌یه‌ له‌ ئێران دا. تازه‌ حیزبى کمونیست شاخه‌یه‌کى له‌ کوردستان کارایى هه‌یه و ده‌بینرێ. به‌لام ئۆپۆزیسیونى ئێرانى له‌ ژێر فشارى شه‌رایه‌تى سیاسىء کۆمه‌لایه‌تىء ئه‌و شکست و ناکارایى یانه‌ى که‌ به‌ سه‌رى دا هاتووه‌ ئێستا رۆلێکى به‌رچاوى نیه‌. تو ئه‌گه‌ر باسى حیزبى کمونیستى ئێران به‌م شێوه‌ ده‌که‌ى ده‌بێ باسى هه‌موو چه‌پى ئێران بکه‌ى و ته‌نانه‌ت هه‌موو لیبراله‌کانى ئێرانیش. لیبراله‌کانى ئێرانیش ئه‌گه‌ر لوسانجلیس و پاریس یان لێ وه‌ربگرێته‌وه‌ هیچ یان پێ نامێنى و سه‌رچاوه‌ى هیچ گۆرانێکى کۆمه‌لایه‌تى گرنگیش نه‌بوون. بۆیه‌ ئه‌و باره‌ى که‌ له‌و پرسیاره‌ى تودا به‌ سه‌ر حیزبى کمونیستى ئێران ده‌شکێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ راستى دا به‌ ناحه‌ق حیزبى کمونیستى ئێران به‌ به‌رپرسیارى هه‌موو پاشه‌کشه‌و شکستێک که‌ ئۆپۆزیسیونى ئێرانى بوویه‌تى ده‌زانى. حیزبى کمونیستى ئێران مه‌سئوولى ئه‌وه‌ نیه‌، به‌لام حیزبى کمونیست ده‌رگایه‌که‌ بۆ هاتنه‌ ده‌ر له‌و فه‌زایه‌دا.

ئه‌م ناکاراییه‌ نابێته‌ هۆى ئه‌وه‌ که‌ حیزبى کمونیستى ئێران به‌ کارکردء به‌رنامه‌کانى خوى دا بچێته‌وه‌؟

عه‌لیزاده‌: به‌رنامه‌کانى ئێمه‌ هیچ ئیرادێکى نیه‌. به‌رنامه‌کانى ئێمه‌ ئاره‌زووه‌ په‌نگخواردووه‌کانى خه‌ڵکى هه‌ژارء زه‌حمه‌تکێشى ئێرانه‌. ئه‌م به‌رنامه‌ هیچ شتێکى خه‌یالاوى تێدا نیه‌. به‌لام ده‌بێ چاوه‌رێى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بین که‌ بۆ ئه‌و حیزبه‌ پێک دێ تا بتوانێ کارایى خۆى نیشان بدا. ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ نیه‌ که‌ تێىدا حیزبى سیاسى پێى ده‌ناسرێته‌وه‌. ئه‌حزابى سیاسى له‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژوویانه‌یه‌ که‌ چاره‌نووسیان دیارى ده‌کرێ.

باشه‌ رێگاى چاره‌ى"پشت سه‌رنانى حیزبى کمونیست" که‌ شه‌ش سال له‌مه‌وپێش هاته‌ گۆرێ، وادیاره‌ دووباره‌ له‌ ناو حیزبى کمونیست دا سه‌رى هه‌لداوته‌وه‌، ئه‌مه‌ نیشانه‌ى ناکارایى حیزبى کمونیست نیه‌؟

عه‌لیزاده‌: نا به‌ برواى من ئه‌وه‌ بۆچوونێکى سیاسییه‌ که‌ پێشداوه‌رى خوى هه‌یه‌، ره‌نگه‌ به‌رنامه‌ى خوى هه‌بێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و قه‌زاوه‌ته‌ قه‌زاوه‌تى موخالیفینى سیاسى ئێمه‌یه‌. قه‌زاوه‌تى که‌سانێکه‌ که‌ جۆرێکى تر بیر ده‌که‌نه‌وه‌. حیزبى کمونیستى ئێران کۆله‌که‌یه‌کى وه‌ک کۆمه‌له‌ى هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها ئیمکانێکه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ى چه‌پى ئێران و ئیمکانێکه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ ئاستى سه‌راسه‌رى دا. بۆیه‌ پێم وایه‌ نه‌ک هه‌ر پێویسته‌ حیزبى کمونیست بمێنێ، به‌ڵکوو هه‌م بۆ داهاتووى ئێران و هه‌م بو بزووتنه‌وه‌ى خه‌ڵکى کوردستان حه‌یاتییه‌.

له‌ پێره‌وى حیزبى کمونیست هاتوه‌ که‌ رێکخراو و پێکهاته‌کانى دیکه‌ش ده‌توانن ببن به‌ ئه‌ندام له‌م حیزبه‌دا، به‌لام ئێمه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵه‌ ده‌بینین. ئه‌مه‌ قۆرستر کردنى خه‌باتى خه‌لکى کورد نیه‌، به‌و مانایه‌ که‌ حیزبێکى ئێرانیش بێنى له‌ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه و ئه‌م خه‌ڵکه‌ سوارى بکه‌ى؟

عه‌لیزاده‌: خه‌ڵکى کوردستان زۆر واقێع بینانه‌ ده‌زانن که‌ کۆمارى ئیسلامى یا هه‌ر رێژێمێکى دیکه‌ که‌ له‌ مه‌رکه‌زدا بێ، ته‌نیا به‌وان نارووخێ. ئه‌وه‌ له‌ هه‌ر که‌سێک بپرسى ئه‌و وه‌لامه‌ ده‌بیستیه‌وه‌ که‌ کاکه‌ تواناى ئێمه‌ له‌ کوردستان بۆ رووخانى کۆمارى ئیسلامى کافى نیه‌. ئه‌وه‌ ئه‌و نیازه‌یه‌ که‌ ئه‌و کات حیزبى کمونیستى ئێران بۆى پێک هات و حیزبى دێموکراتیش ده‌چێته‌ ناو شووراى میللى به‌رگرییه‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ کاتێک دایه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ى کوردستان فشارى بۆ دێ. خه‌ڵک هه‌ست ده‌کا که‌ ئه‌و به‌رگرییه‌ى پێ ناکرێء پێشوازى ده‌کا که‌ گرێ بدرێ به‌ حه‌ره‌که‌تێکى سه‌رتاسه‌رییه‌وه و هیزێکى دیکه‌ بێته‌ هانایه‌وه‌. ئه‌مه‌ نه‌ک بارێکى قۆرس ناخاته‌ سه‌ر خه‌ڵکى کوردستان به‌ڵکوو هیوادارییه‌کیان پێ ده‌دا که‌ ئێمه‌ به‌ ته‌نیا نامێنینه‌وه‌. کاتێک تو له‌ گه‌ل ده‌سه‌لاتێکى دیاریکراو به‌ شه‌ر دى ده‌بێ پێم بلێى هێزى گۆرانکارى له‌و ده‌سه‌لاته‌ له‌ کوێ په‌یدا ده‌که‌ى؟ بۆیه‌ یا ده‌بێ هیزێکى ده‌ره‌کى بێ بۆت برووخێنێ یا به‌ شوێن هاوپێوندییه‌کى ناوخۆدا بگه‌رێ. یه‌کێک ئه‌و هاوپێوه‌ندیه‌ ناو ده‌نێ به‌ره و چه‌ندحیزبى کارتونى له‌ خوى کۆ ده‌کاته‌وه‌ء به‌وه‌ سه‌رودڵى خه‌لک خۆش ده‌کا. ئێمه‌ش ده‌لێین کاکه‌ کرێکارء زه‌حمه‌تکێشى ئێران و هه‌ر که‌سێک دڵى بۆ ئازادى لێده‌دا ده‌توانى هاوپه‌یمانى ئێمه‌ بێ. ئێمه‌ وه‌ک حیزبى کمونیستى ئێران به‌رنامه‌ى ئه‌و کاره‌مان هه‌یه‌. بۆ ده‌بێ خه‌ڵکى کورد هه‌ستى به‌ قۆرسایى بکا؟ ده‌بێ هه‌ست به‌ سووک بارى بکا. له‌ نیهایه‌ت دا خه‌ڵکى کورد ده‌بێ رخنه‌مان لێ بگرێ که‌ کاکه‌ به‌رنامه‌که‌تان جوانه‌، به‌لام هه‌ولى بۆ ناده‌ن. سه‌راسه‌رى بوونه‌که‌تان مه‌حکه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌ ناگرن. رخنه‌مان لێ بگرن که‌ ئێمه‌ ده‌ترسین ئه‌و به‌رنامه‌ى ئێو هه‌تانه‌ باش نه‌چێته‌ پێش. ئه‌مه‌ ره‌خنه‌یه‌کى مه‌شرووعه‌، به‌لام که‌س نه‌هاتووه‌ بلێ خه‌ریکه‌ شه‌رى کریکارى ئیسفه‌هانى به‌ من ده‌که‌ن؟

هه‌رچه‌ند من پێم وایه‌ رێکخراوه‌ کوردییه‌کان له‌ چوونه‌ ناو هاوپێوه‌ندییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کان ئه‌زمونێکى شکست خواردوویان هه‌یه‌، به‌لام که‌ له‌ ده‌یه‌ى 60دا حیزبى دێموکرات ده‌چێته‌ ناو شووراى میللى به‌رگرییه‌وه‌، گه‌لاله‌ى خۆدموختارى له‌م رێکخراوه‌ په‌سند ده‌کرێ، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سکه‌ته‌کانى خه‌لکى کورد له‌ حیزبى کمونیست چیه‌؟ یا حیزبى کمونیست چ ده‌سکه‌وتێکى بۆ خه‌لکى کورد هه‌بووه‌؟

عه‌لیزاده‌: ئه‌وه‌ى که‌ له‌ حیزبى کمونیستى ئێران بۆ خه‌ڵکى کورد به‌ ره‌سمى ناسراوه‌ به‌ ده‌یان به‌رابه‌ر له‌وه‌ى حیزبى دێموکرات گوایا له‌ شووراى میللى به‌رگرى کردویه‌تى له‌ سه‌روتره‌. ئێمه‌ به‌ ئاشکرا داوا له‌ کرێکار و زه‌حمه‌تکێشى ئێران ده‌که‌ین که‌ دیفاع له‌ مافى جیابوونه‌وه‌ى خه‌ڵکى کورد بکه‌ن بۆ پێکهێنانى ده‌وله‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆى. ته‌بلیغاتى ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کار ده‌کا که‌ کریکار و زه‌حمه‌تکێشى ئێران به‌و گیانه‌وه‌ بار بێن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوه‌ردى به‌رنامه‌ى حیزبى دێموکرات له‌و شوورایه‌ و به‌رنامه‌ى ئێمه‌ بکرێ، به‌رنامه‌ى ئێمه‌ زۆر دلسۆزانه‌تر و واقیع بینانه‌تر به‌ نیسبه‌ت خه‌ڵکى کوردستانه‌وه‌ داریژراوه‌.

به‌لام ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ ناوى کۆمه‌له‌وه‌ کار ده‌که‌ن زۆر که‌متر به‌ ناوى حیزبى کمونیسته‌وه‌ کار ده‌که‌ن، ئه‌م شێوازه‌ له‌ کارکردن هۆکاره‌که‌ى له‌ چى دا ده‌بینى؟

ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ شه‌رایه‌تى سیاسى ئێران و به‌رگرى له‌ کوردستان به‌رانبه‌ر به‌ ده‌وله‌تى مه‌رکه‌زىء به‌ هیزبوونى کۆمه‌له‌ له‌ ناو ئه‌و به‌ره‌به‌رکانیه‌، ئه‌و تایبه‌تییه‌ى داوه‌ به‌ کۆمه‌له‌، به‌لام ئه‌مه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌میشه‌ وا بمێنێته‌وه‌.

باست له‌و کرد که‌ هه‌ول ده‌ده‌ن بیروراى گشتى خه‌لکى ئێران بۆ وه‌رگرتنى ته‌نانه‌ت جیابوونه‌وه‌ى کوردستان ئاماده‌ بکه‌ن، به‌لام بیروراى گشتى خه‌ڵکى ئێران تا ئێستاش ده‌سله‌مێته‌وه‌ له‌ سه‌رتایترین مافه‌ سیاسیه‌کانى کورد، ئه‌م ئاماده‌کارییه‌ بۆ دیار نیه‌؟ ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ بوونى حکومه‌تى داپلۆسێنه‌رى ناوه‌ندیى و غوربه‌ت نشینى ئێوه و حیزبه‌ کوردییه‌کانى دیکه‌؟

عه‌لیزاده‌: مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌ نیه‌. ئێمه‌ ده‌بێ مافى ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ دابین بکه‌ین، شه‌رت نیه‌ خه‌لک بریاربده‌ن که‌ حه‌تمه‌ن جیاده‌بنه‌وه‌، به‌لام ده‌بێ هه‌م ئه‌و مافه‌ى هه‌بێ و هه‌م ئیمکانى که‌لک وه‌رگرتن له‌و مافه‌ى هه‌بێ. هه‌ر چه‌ند ئێستا ئێمه‌ هه‌ول ناده‌ین بۆ جیابوونه‌وه‌، به‌لام هه‌ولى ئێمه‌ بۆ جیابوونه‌وه‌ یا جیانه‌بوونه‌وه‌ پێوه‌ندیى به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چ ده‌وله‌تێک له‌ سه‌ر کار بێ. ئه‌گه‌ر ده‌وله‌تێکى وه‌ک جمهورى ئیسلامى له‌ سه‌ر کار بێ، به‌لێ پێمان خۆشه‌ جیابینه‌وه‌. به‌لام ئه‌و جیابوونه‌وه‌ به‌ بێ هاوکارى خه‌لکى ئێران ناکرێ.

پرسیاره‌که‌ى من ئه‌وه‌ بوو که‌ چیتان کردوه‌ که‌ ئه‌م داویانه‌ له‌ بیروراى گشتى خه‌لکى ئێران دا قبوول بکرێ، من پێم وایه‌ کار نه‌کراوه‌؟

من پێم وایه‌ زۆر واقیع بینانه‌ نیه‌ که‌ پێمان وابێ خه‌ڵکى ئێران ئێستا دژایه‌تییان له‌ گه‌ل مافى کورددا هه‌یه‌. چونکه‌ خه‌ڵکى ئێران ئه‌و ئۆپۆزیسیون و رێکخراوه‌ شوڤینیستانه‌ نین که‌ ئێمه‌ زۆر جار ده‌یانبینین. خه‌ڵکى ئێران ئه‌و کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و هه‌ژارانه‌ن که‌ له‌ کارگه‌ء شوێنه‌ کریکارییه‌کان ده‌چه‌وسێنه‌وه‌. من باوه‌رم ناکه‌م له‌و ناو ئه‌وانه‌ هیچ هه‌ستێکى ناسیونالیستى ئێرانى هه‌بێ. خه‌لکى مه‌ینه‌ت دیتووى گه‌ره‌گێکى تاران بیر له‌وه‌ ناکاته‌وه‌ کورد جیا ده‌بێته‌وه‌ یا نابێـته‌وه‌. بۆیه‌ من باوه‌رم ناکه‌م له‌ ناو خه‌ڵکى ئێران ئه‌و دژایه‌تییه‌ هه‌بێ.

حیزبى کمونیستى ئێران هه‌ر چه‌ند خوى وه‌ک حیزبێکى سه‌رانسه‌رى پێناسه‌ ده‌کا به‌لام ده‌بینین زۆربه‌ى ئه‌ندامانى، کورده‌کانن ئه‌مه‌ بۆ؟

عه‌لیزاده‌: گوتم ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێک بوو که‌ بۆ کۆمه‌له‌ خۆلقا و کۆمه‌له‌ى جووت کرد له‌ گه‌ل بزووتنه‌وه‌یه‌کى به‌ هێزى کۆمه‌لایتى له‌ کوردستان. ئه‌وه‌ ئه‌و فۆرسه‌ته‌یه‌ که‌ هێشتا بۆ حیزبى کمونیستى ئێران نه‌خولقاوه‌. بۆیه‌ مه‌جال بۆ پێک هاتنى حیزبى کمونیست بوو، به‌لام مه‌جال بۆ جه‌ماوه‌رى بوونى نه‌بوو.

واته‌ تو قبوولى ده‌که‌ى حیزبى کمونیستى ئێرانه‌ هه‌مووى کورده‌؟

عه‌لیزاده‌: نا خه‌لکى غه‌یره‌ کوردیشى تێدایه‌ به‌لام زۆرترینیان کوردن

به‌لام هه‌لسوروانى له‌ ناوچه‌کانى دیکه‌ى ئێران دا نیه‌؟

عه‌لیزاده‌: با هه‌یه‌ له‌ تاران و شیمال و له‌ ناو کریکارانى چه‌ند به‌شێکى ئێران هه‌یه‌ به‌لام ئه‌م هه‌لسوورانه‌ هى شه‌رایه‌تى نهێنییه‌. ئێمه‌ به‌ سه‌دان شه‌هیدى غه‌یره‌ کوردمان هه‌یه‌ که‌ له‌ زیندانه‌کانى ئێران دا ئیعدام کراون. به‌لام ئێستا ئێمه‌ زه‌ره‌بینه‌که‌ ناخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌. من باسى ئه‌وه‌م کرد که‌ توانایه‌کانى ئه‌وه‌یه‌.

ئێستا له‌ کوردستان ئه‌وه‌نده‌ پرسیار و ره‌خنه‌ رووبه‌روى حیزبى کمونیست ده‌کرێته‌وه‌ که‌متر رووبه‌رووى کۆمه‌له‌ وه‌ک شاخه‌ى کوردستانى ئه‌م حیزبه‌ ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆ؟

عه‌لیزاده‌: ئه‌وه‌ فشارى ناسیونالیزمى کورده‌ که‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام خه‌ریکى له‌ ناو بردنى ئه‌و فشارانه‌ین. پێم وانیه‌ ئێمه‌ له‌ لایه‌ن چه‌پى ئێرانه‌وه‌ له‌ ژێر فشاردا بین. چه‌پى ئێران ده‌بێ زۆر مه‌منوونى حیزبى کمونیستى ئێران بێ که‌ له‌ ژێر بارى گه‌لێک ئه‌فکارى غه‌یره‌ مارکسیستى و غه‌یره‌ چینایه‌تى پاشماوه‌ى رابردوو هێنایه‌ ده‌رێ و ده‌رگایه‌کى روونى بۆ کرده‌وه‌. ئێستا زۆر له‌و وشه‌ و چه‌مکانه‌ى که‌ له‌ ناوچه‌پ عادى بۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌موو به‌ زه‌برى حیزبى کمونیستى ئێران له‌ ناو چه‌پى ئێران نه‌هادینه‌ بووه‌. قسه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر حیزبى کمونیست، به‌لام قسه‌ له‌و جیناحه‌یه‌ که‌ پێى خوش نیه‌ جه‌ریانێکى رادیکالى سوسیالیستى له‌ کوردستان پێ بگرێ.

به‌لام به‌شێک له‌م ره‌خنه‌ و قسانه‌ له‌ ناو خودى حیزبى کمونیستى ئێرانیش دا هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ مالاوایى له‌ حیزبى کمونیست بکرێ و وه‌ک کۆمه‌له‌ کار بکه‌ن؟

عه‌لیزاده‌: ئه‌و هاوریانه‌ى ئێمه‌ که‌ وا بیرده‌که‌نه‌وه‌ من لێم نه‌بیستوون که‌ له‌ بارى به‌رنامه‌ى سیاسىء بیرءبۆچوونى سیاسیه‌وه‌ جیاوازییه‌کیان باس کردبێ. ته‌نانه‌ت لێم نه‌بیستوون ئه‌و کۆمه‌له‌ى ئه‌وان ده‌یانه‌وێ کۆمه‌له‌ى ناوچه‌یى بێ. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ده‌لێن کۆمه‌له‌ى سه‌رتاسه‌رى ببێ. ئه‌وان داواى کۆمه‌له‌ى کوردستانى ناکه‌ن. کۆمه‌له‌ له‌ روانگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ سازمانێکى سه‌رتاسه‌ریه‌. نیهایه‌ته‌ن ئه‌وان پێشنیارێک که‌ هه‌یانه‌ ده‌لێن له‌ قالبى حیزبى کمونیست دا نه‌مێنین. ئه‌وه‌ خۆیان ده‌بێ روونى بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌م بۆچونه‌یان له‌ کوێ را سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. به‌لام تا ئه‌و جێگایه‌ى قسه‌ کراوه‌، من نه‌مبیستوه‌ که‌ ئه‌وان له‌ گه‌ل ناوه‌روکى سوسیالیستى به‌رنامه‌ى حیزبى کمونیستى ئێران موخالیفه‌تیان کردبێ و له‌ بارى ته‌شکیلاتیشه‌وه‌ نه‌مبیستوه‌ ئه‌وان داواى کۆمه‌له‌ى کوردستانى بکه‌ن.

ئه‌وان داواى کۆمه‌له‌ى سوسیالیستى ده‌که‌ن؟

عه‌لیزاده‌: داواى هه‌م کۆمه‌له‌ى سوسیالیستى و ته‌نانه‌ت کۆمه‌له‌ى کمونیستیش ده‌که‌ن به‌ پێى ئه‌و قسانه‌ى که‌ لێم بیستوون. دیاره‌ به‌ داخه‌وه‌ که‌م شتیان نووسیوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. به‌لام ده‌شلێن ئه‌و کۆمه‌له‌ى که‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ سه‌رتاسه‌رى بێ.

پێت وایه‌ حیزبى کمونیستى ئێران چ پێگه‌یه‌کى له‌ کوردستانى ئێران دا هه‌یه‌؟

پێگه‌ى حیزبى کمونیستى ئێران له‌ کوردستان هه‌ر پێگه‌ى کۆمه‌له‌یه‌.

واته‌ حیزبى کمونیستى ئێران له‌ کوردستان بوونى نیه‌؟

عه‌لیزاده‌: با، فه‌رق ناکا کۆمه‌له‌ش وه‌ک گوتم کۆله‌که‌ى حیزبى کمونیستى ئێران حیسابى ده‌که‌ین به‌لام له‌ سالى که‌1983که‌ حیزبى کمونیست پێک هات تا ده‌ سال دواتریش خه‌باتێکى نیزامى هه‌بوو. خه‌لکى کورد به‌ هوى ئه‌وه‌ که‌ کۆمه‌له‌ چۆته‌ ناو حیزبى کمونیست چووکترین ره‌خنه‌شیان له‌ کۆمه‌له‌ نه‌گرت. پێشمه‌رگه‌کانى کۆمه‌له‌ شه‌رشانه‌کانیان هه‌موو نوسرابوون بژى حیزبى کمونیست و به‌ شیعارى بژى سوسیالیزم ده‌چوونه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانى دوژمنء خه‌لک ئه‌وانه‌ى ده‌دى و هیچ ته‌ئسیرێکى نه‌کردوه‌ سه‌ر ره‌فتارى خه‌لک له‌ سه‌ر ئێمه‌. بۆیه‌ پێم وایه‌ حیزبى کمونیستى ئێران پێگه‌ى کۆمه‌لایه‌تى هه‌یه‌. وه‌بیرت بێنمه‌وه‌ کاتیک حیزبى کمونیستى ئێران له‌ ناوچه‌ى ئالان راگه‌یه‌ندرا، ئێمه‌ کاک عه‌بدوللاى موهته‌دی که‌ سکرتێرى حیزبى کمونیستى ئێران بوو دیارى مان کرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بۆ خه‌ڵکى بێژوێ راگه‌یاندنى ئه‌و حیزبه‌ ئیعلان بکا. کارم به‌وه‌ نیه‌ که‌ قسه‌کانى چه‌ند به‌ شه‌وق و شووره‌وه‌ ده‌کا، خه‌لکى بیژوى دواى قسه‌کانى کاک عه‌بدولله‌ هه‌ل ده‌ستنه‌ سه‌رپێء نیزکه‌ى چاره‌که‌ سه‌عاتێک چه‌پله‌ لێ ده‌ده‌ن بۆ حیزبى کمونیستى ئێران. خۆ ئه‌و خه‌لکه‌ نه‌ببوونه‌ کمونیست. بۆ ئه‌و کاره‌یان ده‌کرد؟ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ست یان ده‌کرد که‌ کۆمه‌له‌ خه‌ریکه‌ رێگایه‌ک ده‌بینێته‌وه‌ که‌ چوارچیوه‌ى به‌رته‌سکى کوردستان بشکێنى و هێزیکى پشتیوان بێـته‌ هانه‌یه‌وه‌. ئه‌و کاته‌ ئه‌و براده‌رانه‌ى ئێمه‌ هه‌ولیان ده‌دا هیزى کرێکار و زه‌حمه‌تکێشى هه‌موو ئێران بێته‌ هانایانه‌وه‌، ئێستا پێیان وایه‌ ده‌بێ ئه‌مریکا بێت. به‌ هه‌رحال مه‌وزووعه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ کورد به‌ ته‌نیا هیچ ناکرێ.

من وه‌لامى ئه‌و پرسیاره‌م وه‌رنه‌گرته‌وه‌، ئه‌ویش ئێستاى حیزبى کمونیست له‌ ناو کورده‌کانى ئێران دایه‌. به‌ سه‌رنجدان به‌و جیابوونه‌وانه‌ى که‌ له‌م حیزبه‌ روویان داوه‌؟

عه‌لیزاده‌: دیاره‌ جیابوونه‌وه‌کان میژووى خۆیان هه‌یه‌. جیابوونه‌وه‌یه‌ک که‌ له‌ سالى 2000 رووى دا زۆر نه‌بوون. ئه‌وه‌ى ئێستاش که‌ قسه‌ى لێ ده‌کرێ که‌مایه‌تییه‌کى زۆر بچووکن له‌ ناو کومیته‌ى مه‌رکه‌زى دا. به‌ هه‌ر حال له‌ ناوه‌روکى ئه‌و موخالیفه‌تانه‌ى که‌ له‌ گه‌ل حیزبى کمونیستى ئێران ده‌کرى ده‌بێ بگه‌رێین به‌ شوێن ناکۆکیى سیاسى دیاریکراویش دا. ئه‌و ساله‌ى که‌ ئه‌و براده‌رانه‌ى زه‌حمه‌تکێشان له‌ ئێمه‌ جیابوونه‌وه‌، ئێستا روونه‌ که‌ ئێمه‌ دوو حیزبى سیاسینء ئه‌وان جۆرێکى دیکه‌ بیر ده‌که‌نه‌وه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ حیزبى کمونیستى ئێران به‌لى یا نا؟ مه‌سه‌له‌ هه‌لده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌رنامه‌ى سیاسى یا ئه‌م به‌رنامه‌ى سیاسى؟ ئه‌و رێباز یا ئه‌م رێباز.

پێت وانیه‌ کاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ که‌ ده‌بێ گوێ له‌م ره‌خنانه‌ و گوێ له‌م یه‌کترازانانه‌ بگیردرێ، خۆ ناکرێ هه‌ر که‌س ره‌خنه‌ء قسه‌ى هه‌بوو بلێن ئه‌وه‌ دوژمنى حیزبى کمونیسته‌؟

عه‌لیزاده‌: نا ناکرێ. هه‌روه‌ک گوتم ئه‌و هاورێ یانه‌ى که‌ له‌ گه‌لمان ماون له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌ ناکۆکییه‌کى قوول ناکه‌ن کێشه‌یان نیه‌ له‌ ریزى کادره‌ باشءخوشه‌ویسته‌کانى ئێمه‌ن. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ من پێم وانیه‌ هه‌ر که‌س ره‌خنه‌ى له‌ حیزبى کمونیستى ئێران گرت دژى حیزبى کمونیست بێ، به‌لام هه‌ر که‌س ره‌خنه‌ له‌ حیزبى کمونیستى ئێران بگرێ هه‌وڵ ده‌ده‌ینء ته‌شویقى ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى که‌ ناوه‌رۆکى ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ى ده‌بێ هه‌نگاوێک له‌ ره‌خنه‌ى رێکخراوه‌یى واوتر به‌رێ. وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ قالبى ئه‌م حیزبه‌ دابین یا نه‌بین ئه‌مه‌ ناتوانێ کێشه‌یه‌کى ئه‌ساسى بێ. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ به‌ شوێنى دا پرۆژه‌یه‌کى دیکه‌شت هه‌بێ. مه‌سه‌له‌ن بلێى ئه‌وه‌م ده‌وێ بۆ داهاتووى کوردستان یا ئێران. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیختلاف له‌ سه‌ر شکلى ته‌شکیلاتى بێ وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌و قالبه‌ کار بکه‌ین یا نه‌که‌ین هیچ جیا بوونه‌وه‌یه‌ک نابێ، به‌لام ئه‌گه‌ر له‌وه‌ به‌ولاوه‌تر بێ، به‌ ناکۆکى و جیابوونه‌وه‌ کۆتایى دێ و هیچ چاره‌یه‌کیش نیه و کۆمه‌لگاکه‌مان کۆمه‌لگایه‌کى زیندوه‌ و تێکۆشانى سیاسى تێدا ده‌کرێء جیاوازى بیروباوه‌ریشى تێدا ده‌بێ.

وه‌ک پرسیارێکى تایبه‌ت ئه‌گه‌ر لێت بپرسم له‌ نێوان حیزبى کمونیستء کۆمه‌له‌ کامیان هه‌ل ده‌بژێرى؟ تو کامیان هه‌ل ده‌بژێرى؟

عه‌لیزاده‌: من خۆم له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێکى ئاوا نابینم له‌ به‌ر ئه‌وه‌ من پێم وایه‌ که‌  حیزبى کمونیستى ئێران و کۆمه‌له‌ مه‌وجوودیه‌تێکى واحیدیان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ له‌ روانگه‌ى منه‌وه‌ جیاناکرێنه‌وه‌ له‌ یه‌کتر. به‌لام ئه‌گه‌ر رۆژێک له‌ رۆژان کوردستانى ئێران جیابۆوه‌، ئێمه‌ کمونیسته‌کانى کوردستان خو نالێین چونکه‌ ئێمه‌ سه‌رانسه‌رى بووین خواحافیز و ده‌رۆین و کوردستان به‌ جێ دێڵین. ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و ره‌نگه‌ خۆمان هه‌ول بده‌ین بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌. ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ له‌ کوردستان ده‌مێنینه‌وه‌ و کۆمه‌له‌ ده‌بین له‌ کوردستان. به‌لام ئه‌وه‌ پێوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌و بارودۆخه‌ مێژوویه‌ى که‌ ره‌نگه‌ پێش بێ. به‌لام کمونیسته‌کانى کوردستان و ئه‌و کمونیستانه‌ى له‌ ناو کۆمه‌له و حیزبى کمونیست دان هیچ کاتێک له‌ کۆمه‌لگاى خۆیان و خه‌باتى ئه‌و کۆمه‌لگایه‌ جیانابنه‌وه‌.

که‌واته‌ تو پێش ئه‌وه‌ خوت به‌ ئێرانى ناوزه‌د بکه‌ى خوت به‌ کوردێک ده‌زانى؟

عه‌لیزاده‌: راستییه‌که‌ى من پێش ئه‌وه‌ى خۆم به‌ کورد یا غه‌یره‌ کورد بزانم خۆم به‌ کمونیستێک ده‌زانم که‌ ئامانجێکى جیهانیم هه‌یه‌. ئامانجێکى سه‌روو ئیرانیم هه‌یه و ئه‌نترناسیونالیستم و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ من قه‌د خۆم وه‌ک کوردێک پێناسه‌ ناکه‌م له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ش دا که‌ خه‌بات ده‌که‌م بۆ ئازادى خه‌ڵکى کوردستان له‌ به‌ده‌ست هێنانى مافى سه‌ربه‌خۆیى.

ئه‌ى دوو کۆمه‌له‌ بوون کێشه‌ى بۆتان پێک نه‌هێناوه‌؟

عه‌لیزاده‌: با به‌ داخه‌وه‌ وایه‌. هیوادارم ئیمکاناتى وا هه‌بێ بۆ رۆشنگه‌رى و ئه‌مه‌ زه‌ره‌رى گه‌یاندوه‌ به‌ ره‌وتى ئێمه‌، به‌لام هه‌ر چى هاتووه‌ ئه‌مه‌ که‌م بۆته‌وه‌. هیوادارم خه‌ڵکى کردستان حیزبى سیاسییه‌کان به‌ به‌رنامه‌و کاریان بناسنه‌وه‌، نه‌ک به‌ ئه‌فراد و که‌سایه‌تییه‌کان. پێم وایه‌ ئه‌و مه‌جاله‌ ئێستا ره‌خساوه‌. ئێستا که‌ چاو له‌ به‌رنامه‌ و بۆچوونه‌کانى ئه‌م جه‌ریانه‌ سیاسیه‌ى تو ناوت هێنا ده‌که‌ى هه‌ست ده‌که‌ى که‌ ئه‌مانه‌ جیاوازیان هه‌یه‌  و خه‌لکیش ده‌زانن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چى کێشه‌ى ناوه‌ته‌وه‌ به‌لام ئه‌م کێشه‌یه‌ خه‌ریکه‌ که‌م ده‌بێته‌وه‌.

ئێوه‌ به‌رنامه‌ى لێک نیزیک بوونه‌وه‌تان نیه‌ له‌ گه‌لیان دا؟

عه‌لیزاده‌: وه‌ک یه‌کگرتنه‌وه‌ نا. به‌لام بۆ هاوکارى کردن ئێمه‌ هیچ مانعێکمان نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌یه‌کى گشتى دا واریدى دیالۆگ بین له‌ سه‌ر جۆرێک یه‌کگرتویى به‌رانبه‌ر به‌ ده‌وله‌تى ناوه‌ندیى.

جیاوازى ئێوه‌ له‌ گه‌ل ئه‌حزابى کوردى له‌ کوردستانى ئێران چی؟ بۆ نموونه‌ هه‌موویان داواى فیدرالى ده‌که‌ن ئێوه‌ چیتان ده‌وێ؟

عه‌لیزاده‌: ئێمه‌ نالێین فیدرالیزمان ده‌وێ. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وله‌تێکى سه‌رکوتکه‌رى ناوه‌ندى له‌ سه‌ر کار بێ ده‌توانێ هه‌موو رێککه‌وتنه‌کان پێشێل بکا. پاشان ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ئه‌و فیدرالیزمه‌ى ئه‌وان داواى ده‌که‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌ن که‌ ئامرازى داسه‌پاندنى سته‌مى نه‌ته‌وایه‌تین، مه‌سله‌ن ده‌لێن پاره‌ و بوودجه‌ به‌ ده‌ست ده‌وله‌تى مه‌رکه‌زىیه‌، ئه‌رته‌ش له‌ ده‌ست ئه‌وان دایه‌، سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌. جا کاکه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و سێ شته‌یه‌ که‌ خه‌لکى کوردى پێ سه‌رکوت کراوه‌. بۆیه‌ چوارچێوه‌و قالبى فیدرالیزم هه‌رگیر نه‌یتوانیوه‌ مافى نه‌ته‌وایه‌تى ده‌سته‌به‌ربکا. بۆچى من ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ وه‌ک ته‌وقێک هه‌ر له‌ ئێستایه‌وه‌ بیخه‌مه‌ ملى خه‌ڵکى کورد و بلێم ئه‌وه‌ چاره‌نووسى ئێوه‌یه‌. به‌لام ئه‌گه‌ر ده‌وله‌تێکى کریکارى و سوسیالیستى هاته‌ سه‌رکار ئه‌و کاته‌ ئه‌وانه‌ پێویستى خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.

باشه‌ ئه‌مه‌ به‌رنامه‌ى کۆمه‌له‌، ئه‌ى به‌رنامه‌ى حیزبى کمونیست بۆ کوردستانى ئێران چیه‌؟

عه‌لیزاده‌: یه‌ک شته‌. حیزبى کمونیست به‌رنامه‌ى خۆى له‌ کوردستان له‌ رێگاى کۆمه‌له‌وه‌ ده‌باته‌ پێش.

باشه‌ تو هه‌ست ناکه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى له‌ کوردستان وه‌ک کۆمه‌له‌ ده‌ناسرێن و کارتان له‌ گه‌ل ده‌کرێ، وه‌ک حیزبى کمونیست وه‌رتان ناگرن و ناتانناسن؟

عه‌لیزاده‌: ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ که‌ کۆمه‌له‌ له‌ کوردستان به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کى گه‌وره‌ى کۆمه‌لایه‌تى گرێ دراوه و، حیزبى کمونیست هێشتا نه‌یتوانیوه‌ خوى به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کى کریکارى و سوسیالیستى گه‌وره‌ له‌ ئێران گرێ بدا، چونکه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژوویه‌ى بۆ هه‌لنه‌که‌وتووه‌.

باشه‌ ئه‌مه‌ له‌ق بوونى پێگه‌ى حیزبى کمونیست له‌ کوردستان دا نیه‌؟

عه‌لیزاده‌: ئه‌و پرسیاره‌ جۆرێک داوه‌رى تێدایه‌. داوه‌رییه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ حیزبى کمونیست و کۆمه‌له‌ لێک جیا ده‌کاته‌وه‌. حیزبى کمونیست له‌ رێگاى کۆمه‌له‌وه‌ له‌ کوردستان حیزبێکى موعته‌به‌ره‌. خه‌ڵک حیزبى کمونیست له‌ رێگاى کۆمه‌له‌وه‌ ده‌بینن له‌ کوردستان. کۆمه‌له‌ نایشارێته‌وه‌ که‌ به‌شێکه‌ له‌ ته‌شکیلاتى سه‌رتاسه‌رى، به‌لام ئێمه‌ به‌ راگرتنى ئه‌و قالبه‌ و به‌ کرانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ ئیمکانى ئه‌وه‌ى بۆ ده‌خولقێنین که‌ رزگارى خوى باشتر ته‌ئمین بکا و رۆژێک له‌ رۆژانیش له‌ پشت سه‌رى حیزبى کمونیست بێ به‌ هوى رۆلێک که‌ له‌ هه‌موو ئێران هه‌یه‌تى.

ئێوه‌ وه‌ک کۆمه‌لێک له‌ تێکۆشه‌رانى کورد که‌ مێژوویه‌ک تان هه‌یه‌ له‌ تێکۆشان له‌ کوردستان چ پێویست ده‌کا له‌ قالبى حیزبى کمونیست دا بن؟

عه‌لیزاده‌: مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا خوت به‌ سوسیالیزم ده‌زانى یا نا؟ ده‌بێ ئه‌مه‌ روون بکه‌یته‌وه‌. ئه‌گه‌ر خوت به‌ سوسیالیست زانى ده‌بێ بلێى ئه‌و سوسیالیزمه‌ به‌ چ هێزێک پیاده‌ ده‌که‌ى؟ که‌ گوتت سوسیالیزمم و ده‌مه‌وێ کۆمه‌لگایه‌کى سوسیالیستى دامه‌زرێنم، ده‌بێ به‌ خه‌لک بلێى هێزى ئه‌و گۆرانه‌ له‌ کوێ ته‌ئمین ده‌که‌ى؟ ئه‌گه‌ر که‌سێک بلێ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى کوردستان دا ده‌یکه‌م من ده‌لێم ئه‌مه‌ جۆرێک چاو به‌ستنه‌. زۆرکه‌س پێیان وایه‌ ئێستا قۆناغى رزگارى نه‌ته‌وه‌ییه و سوسیالیزم ئه‌مرى ئه‌مرۆمان نیه‌ ئه‌وه‌ من ته‌کلیفى خۆم له‌ گه‌ل ئه‌و که‌سه‌ ده‌زانم. به‌لام که‌ گوتت سوسیالیستم ناتوانى ناوچه‌یى بمێنیته‌وه‌.

باشه‌ ئه‌وه‌ قبوول، به‌لام پێم وایه‌ له‌ ئێستاى کۆمه‌له‌دا ئه‌وه‌نده‌ى رێبه‌راتییه‌که‌ى بیرکردنه‌وه‌ى کمونیستییان هه‌یه‌ به‌ده‌نه‌که‌ى به‌م شیوه‌ نیه‌؟

عه‌لیزاده‌: من پێم وانیه‌. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست کادرء ئه‌ندامانه‌، ئه‌وه‌ هه‌موویان خۆیان پێ کمونیسته‌. به‌لام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت خه‌لکى کوردستانه‌ ئه‌وه‌ لایه‌نگرى ده‌که‌ن له‌و جه‌ریانه‌. ئێمه‌ زۆرتر به‌ به‌رنامه‌مان ده‌ناسرێنه‌وه‌ تا به‌ فه‌لسه‌فه و ئه‌فکارمان. ده‌یان نموونه‌ هه‌یه‌ بۆ ئیسباتى ئه‌مه‌ خۆ کاتێ خه‌لکى رووسیه‌ که‌وتنه‌ شوێن حیزبى بلشوێک و شۆرشیان کرد خۆ هه‌موویان کمونیست نه‌بوون. من پێم وایه‌ ده‌وره‌یه‌کى دیکه‌ له‌ بووژانه‌وه‌ى چه‌پ له‌ ناوچه‌که‌ به‌رێوه‌یه‌.

سه‌رماوه‌زى 2006 له‌ رۆژنامه‌ى ئاسۆ بلاوکراوه‌ته‌وه‌
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.