Ö:: چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ" به‌رێز، کاک مسته‌فا مه‌ولودى "ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسى

سازدانى: هێژا مه‌نگور

چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ" به‌رێز، کاک مسته‌فا مه‌ولودى "ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسى حیزبى دیموکراتى کوردستان
( چاوخشاندنێک به‌ سه‌ر خه‌باتى گه‌لى کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ) و هه‌وڵ دان بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ى کوردستانى له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان. ته‌وه‌رى چاوپێکه‌وتنى ئه‌مجاره‌مانه‌. ( ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌وبه‌ر ساز دراوه‌)

هێژا.  زۆر سپاستان ده‌که‌ین به‌رێز کاک مسته‌فا، با لێره‌ را ده‌ست پێ بکه‌ین .خه‌باتى رزگارى خوازى کورد به‌ گشتى چۆن ده‌بینى؟
و. منیش به‌خێر هاتنتان ده‌که‌م . ده‌بێ بڵێین خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى چه‌وساوه‌ و به‌ش خوراوى کورد، ئێستا به‌ هه‌ستیارترین قۆناغ دا تێده‌په‌ریت. زۆربه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و ته‌نانه‌ت دوژمنانیش ئه‌ورۆ ( ئه‌گه‌ر چى نای درکێنن) به‌و باوه‌ڕه‌ گه‌یشتون که‌ کورد ئه‌ومافه‌ى هه‌یه‌ وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کى واحید، خاوه‌نى کیانى خۆى بێ و وڵاتى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێ. ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ جێى خۆى دا زۆر به‌ نرخ و پر ناوه‌رۆکه‌، وقابیللى لێکدانه‌وه‌یه‌. شه‌هیدى سه‌رکرده‌ شه‌هید د.قاسملو  له‌و پێوه‌ندیه‌ دا ده‌فه‌رموێ :"ئه‌گه‌ ر نه‌ته‌وه‌ى کورد هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى یه‌ک وڵاتى سه‌ر به‌ خۆ و یه‌کگرتوى هه‌بێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ دابران و جیابونه‌وه‌ له‌ ولاتانى داگیرکه‌رى کوردستان نیه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌ یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌" نه‌ته‌وه‌ى کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یکى واحید، له‌ خاک و مێژویه‌کى هاوبه‌شدا هه‌قى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆبێ.

 من پێموایه‌ هه‌وڵى هه‌ر به‌شه‌ له‌ کوردستان بۆ  وه‌ده‌ست هێنانى مافى پێشێلکراوى  نه‌ته‌وه‌یى ، جا چ به‌ شێوه‌ى خۆدموختارى یان فیدرَاڵى یا خۆ ئیداره‌کردن یا لانى که‌م مافى فه‌رهه‌نگى یا به‌ هه‌ر جۆرێک له‌ جۆره‌کان که‌ نیشان بدا کورد له‌ حاڵى خه‌بات دایه‌ ره‌وایه‌ و هه‌قى مسه‌لله‌مى خۆمانه‌ . ده‌بینین که‌ جیاوازى له‌ شیعار و داخوازیه‌کاندا ده‌بینرى که‌ ئه‌وه‌ شتێکى سروشتییه‌ له‌ نیو ئۆپۆزسیۆنه‌کاندا جیدى ترین مه‌سه‌له‌ى کورد ئێستا له‌ کوردستانى باشووره‌  که‌ به‌ خۆشیه‌وه‌  له‌ بارودۆخێکى باش داده‌ژین و داهاتویه‌کى دره‌وشاوه‌ یان  له‌ پێشه‌ که‌ ئه‌وه‌ش له‌ سایه‌ى هه‌وڵ و تێکۆشانى بى وچانى گه‌لى کورد له‌و به‌شه‌ى کوردستانه‌ و به‌ سوودوه‌رگرتنى باش له‌و هه‌ل ومه‌رجه‌ى  که‌ له‌ ناوچه‌دا هاته‌ پێشێ. ئه‌وان به‌ به‌شێک له‌ مافه‌کانى خۆیان گه‌یشتن به‌ڵام ئه‌وه‌ دوایین دا خوازی ومافه‌کانیان نین هه‌ر وه‌ک رێبه‌ران و خه‌ڵکى ئه‌و به‌شه‌ى کوردستان له‌ سه‌ر ئه‌و بروایه‌ن که‌ ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ ته‌نیا به‌شێکن  له‌ مافه‌کانیان که‌ وه‌ده‌ست هاتو و به‌شێکى زۆر له‌ مافه‌کانیان هێشتا به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتون و له‌ سه‌ر ئه‌و بروایه‌شن  که‌ کورد هه‌قى خۆیه‌تى وڵاتى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێ به‌ڵام قۆناغ و هه‌لومه‌رجى سیاسى بۆ ئێستا باش نییه‌ که‌ کورد ئه‌و داوایه‌ بکات، ئه‌وه‌ جیى گه‌شبینیه‌ که‌ خه‌بات له‌و به‌شه‌ى کوردستان به‌رده‌وامه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کى!، تا  دوێنێ له‌ شاخ وهیزى پێشمه‌رگه‌ ئه‌ورۆش له‌ سه‌رمیزى دیالۆگ و وتووێژ ئه‌و داوایه‌ ده‌کرێ که‌ زۆر پیرۆزه‌.

هێژا: خه‌بات له‌ رۆژئاواى کوردستان له‌ چ ئاستێک دایه‌؟
و. له‌ رۆژئاواى کوردستان له‌ چه‌ند ساڵى رابردودا شاهیدى چالاکیه‌ فه‌رهه‌نگیه‌کانى گه‌لى کورد له‌و به‌شه‌ى کوردستان بوینه‌ که‌ ئێستا به‌ خۆشیه‌وه‌ ده‌بینین شیوه‌ى خه‌باتیان گورَیوه‌ و چالاکیه‌کانیان به‌ شیوه‌ى سیاسى فه‌رهه‌نگى درێژه‌ ده‌ده‌ن و شکڵى بزوتنه‌وه‌یکى نه‌ته‌وه‌یى  به‌ خۆوه‌ گرتوه‌ له‌و پێوه‌ندیه‌ دا خه‌ریکه‌ پێکهاته‌ سیاسیه‌ کان چالاکترو کارامه‌ تردێنه‌ مه‌یدان له‌ ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ که‌ هیوادارم له‌و رێگایه‌دا سه‌رکه‌وتوبن و بتوانن به‌  به‌شێک له‌ مافه‌ کانى خۆیان بگه‌ن جارێ که‌ خه‌باتێکى ره‌واو دروسته‌.

هێژا: شۆرشى کورد له‌ باکوورى کوردستان  به‌کوێ گه‌یشتوه‌؟
 و. باکورى کوردستان تایبه‌تمه‌ندى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌ن وه‌ک ده‌بینین به‌هه‌موشێوه‌یه‌ک خه‌بات وتێکۆشان بۆ وه‌ده‌ستهێنانى مافى نه‌ته‌وایه‌تى به‌رده‌وامه‌ که‌ به‌شێکى زۆر له‌ خاک وخه‌ڵکى کوردستان ده‌گریته‌وه‌ که‌وابو ده‌بێ بزوتنه‌وه‌که‌ گه‌وره‌تر وهه‌ستیارتر و جیددیتر بێ و بزوتنه‌وه‌ له‌و به‌ شه‌دا کاریگه‌رى نگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤى له‌ سه‌ر به‌شه‌کانى ترى کوردستان ده‌بێ به‌ حوکمى پان وبه‌رینى و زۆرى خه‌ڵکه‌که‌ى، به‌ڵام زروفى سیاسىوهێزه‌سیاسیه‌کانى ناوچه‌وایان کردوه‌ که‌ پرسیارێک دێته‌ پێشى،ئایا خه‌باتى شاخ به‌ته‌نیا ده‌توانێ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ڕێنه‌مایى بکات؟ یان جۆڵانه‌وه‌ى سیاسىورَۆشه‌نبیرى وکه‌ڵک وه‌رگرتن له‌و زروفه‌ سیاسیه‌ى که‌ له‌وێ دایه‌ باشتره‌ بۆخستنه‌ڕوى داخوازیه‌کان.  ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم که‌ هه‌ر جۆڵانه‌وه‌یه‌ک به‌ گشتى بتوانێ خزمه‌تێک به‌ بزوتنه‌وه‌ى رَزگاریخوازى کورد بکات و له‌ مه‌سیرێکى  سالم دابێ جێى رێز و پیرۆزه‌.

هێژا: به‌رێز کاک مسته‌فا ! بارودۆخى باشوورى کوردستان چۆن ده‌بینى؟
و. له‌ باشورى کوردستان پێموایه‌ که‌م نه‌چونه‌ته‌ پێش و بێ گرفتیش نین وگرفتى جیددیشیان هه‌یه‌، مومکینه‌ گرفت له‌ نێوجۆڵانه‌وه‌ کانیش دا هه‌بێ وله‌ نێوخه‌ڵکیش دا به‌هه‌مان شێوه‌، حاکمییه‌تیش بارودۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌کات له‌ وه‌ى که‌ هه‌یه‌. به‌ڵام به‌ هه‌موى ئه‌وانه‌ زروفى سیاسى ناوچه‌که‌ و پێوه‌ندى سیاسى تورکیه‌ به‌ ئه‌وروپا و رۆڵى هێزه‌ سیاسیه‌کان له‌ ناوچه‌دا هه‌مو وا ده‌خوازى که‌ حه‌ره‌که‌تى کورد له‌ کوردستانى باکوور حه‌رکه‌تێکى گرینگه‌ جێى خۆیه‌تى که‌ بایخى پێ بدرێ.

هێژا: له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان خه‌باتی رَزگارى خوازى پێى له‌ چ قۆناغێک ناوه‌؟
و.خه‌باتى گه‌لى کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان پێى ناوه‌ته‌ قۆناغێکى نوێ به‌ له‌ به‌رچاوگرتنى بارودۆخى ناوچه‌ وئێران جیاوازه‌ ده‌گه‌ڵ هه‌موو قۆناغه‌کانى تر ،زۆر  هێز و ڵایه‌نى سیاسى هه‌ن که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌بونى خۆیان ئاشکرا کردوه‌ و به‌ شێوه‌ى چه‌کدارى یان سیاسى به‌ره‌نگارى دوژمنان بونه‌ته‌وه‌، بۆ نمونه‌:هه‌مومان ده‌زانین که‌ حیزبى دیموکرات له‌ 61 ساڵى رابردو دا له‌ زه‌مانى کۆمارى کوردستانه‌وه‌ خه‌باتى درێژه‌ى هه‌بوه‌ و له‌ روخاندنى ره‌ژیمى پاشایه‌تى دا رۆڵى گرینگى هه‌بوه‌ و پاشان داکۆکى کردن  له‌ مافى گه‌لى کورد دواى گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سته‌ڵات له‌ لایه‌ن کۆمارى ئیسلامى و سه‌رئه‌نجام دان پێ دانه‌نانى کۆنه‌ په‌ره‌ستانى تازه‌ به‌ ده‌سته‌ڵات گه‌یشتو به‌ مافى کورد که‌ بۆ هۆى هێرش کردنه‌ سه‌ر کوردستان و دانى حوکمى جه‌هاد به‌ دژى گه‌لى کورد که‌ له‌ گه‌ڵ به‌رگرى ئازایانه‌ و قاره‌مانانه‌ى  خه‌ڵکى کوردستان به‌ره‌و رووبۆوه‌ و ئێستاش ئه‌و خه‌باته‌ به‌  شێوه‌ى سیاسى درێژه‌ى  هه‌یه‌.

هێژا: راى جه‌نابت له‌ باره‌ى ئه‌و ئۆپۆزسیۆنانه‌ى که‌ تازه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان وێرَاى حیزبى دێموکرَات ده‌یان هه‌وێ خه‌بات بکه‌ن چیه‌؟
و.ئێمه‌ به‌رێزه‌وه‌ سه‌یرى کار و چالاکیه‌کانى هه‌موو هێزێکى سیاسیه‌کان ده‌که‌ین له‌ بزوتنه‌وه‌ى کورد به‌ گشتى ورۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌ تایبه‌تى. هه‌ر هێزێکى سیاسى مێژووى مبارزات و رۆڵى هه‌یه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى  نه‌ته‌وه‌یى دا، لاینگر و رێکخستن و کارى ئه‌وان به‌رز ده‌نرخێنم و پێموایه‌به‌ بێ خوێندنه‌وه‌ى تێکۆشانى ئه‌وان لاسه‌نگیه‌ک له‌ چونه‌ پێشى کارى سیاسى دروست ده‌بێ غه‌یرى ئه‌وه‌هه‌موشتێک به‌ ناواقعى ده‌بینم.

هێژا: به‌راى جه‌نابت حیزبه‌کان چۆن ده‌توانن رۆڵى گرینگیان هه‌بێ له‌ به‌رز کردنه‌وه‌ى هه‌ستى ناسیۆنالیستى و هێنانه‌ نێو گۆره‌پانى بیر و راى گشتى بۆ نێو دنیاى سیاسى کوردستان ؟
و. سود وه‌رگرتن له‌ هه‌موو توانایه‌کان به‌ تایبه‌ت  ده‌زگا راگێنه‌ره‌ گشتیه‌کان ئه‌وله‌وییه‌ تى  ئه‌سڵى هه‌یه‌ چون  واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ غرورى میللى به‌رز بکرێته‌وه‌ ده‌بێ هه‌ستى ناسیۆنالیستى به‌رز بکرێته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ لێک تێگه‌یشتن ده‌کرێ به‌ نیشان دانى ویست و داخوا زى و واقعیه‌ته‌کانى به‌راوردى ته‌واوى نه‌ته‌وه‌ى کورد و نیشان دانى شێوه‌ى هه‌ڵسوکه‌وت و فه‌رهه‌نگى ئه‌و میلله‌تانه‌ى که‌ به‌ مافى خۆیان گه‌یشتون که‌ ئه‌وه‌ش ئه‌رکى سه‌رشانى راگێنه‌ره‌ گشتیه‌کانه‌، به‌رزکردنه‌وه‌ى خاڵه‌ نگه‌تیڤه‌کانى نه‌ته‌وه‌یى و ئاشکرا کردن و له‌ قاودان  له‌ پیلانه‌کانى دوژمنانیش ده‌توانێ یارمه‌تیه‌کى باش بێ بۆ پته‌وکردنى هه‌ستى ناسیۆنالیستى له‌ نێو رَیزه‌کانى گه‌له‌که‌مان دا به‌ گشتى به‌ له‌ به‌ر چاوگرتنى ئه‌ وه‌ى که‌ ئێستا راگینه‌ره‌ گشتیه‌کان به‌ ئه‌وجى خۆیان گه‌یشتون و چه‌ند که‌ناڵى ئاسمانى ته‌له‌فزیۆنى کوردیش کار ده‌که‌ن ده‌توانن بۆ به‌رز راگرتن و قایم تر کردنى هه‌ستى ناسیۆ نالیستى و هێنانه‌ نێو دنیاى سیاسه‌تى خه‌ڵک، رۆڵى گرینگیان هه‌بێ. کورد ئێستا له‌ هه‌ر جل وبه‌رگێک دا له‌ ژێر هه‌ر ناوێک بێ، پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌یى بیر بکاته‌وه‌.

هێژا: کار و چالاکیه‌ کانى ئۆپۆزسیۆن و حیزبه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کانى  رَۆژهه‌ڵاتى کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنى؟
و.خه‌بات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان دواى هاتنه‌ سه‌رکارى کۆمارى ئیسلامى بۆ وه‌ده‌ست هێنانى مافى گه‌لى کورد دریژه‌ى هه‌بوه‌ سه‌ره‌تا هێزه‌ سیاسیه‌ کان له‌ هه‌مویان له‌ پێشتر حیزبى دیموکراتى کوردستان  زه‌مینه‌یان هه‌بو بۆ مزاکره‌ و وتووێژ به‌ڵام که‌  زانیان ره‌ژیمى دیکتاتۆرى  تازه‌ به‌ ده‌سته‌ڵات گه‌یشتو ئاماده‌ى وتووێژنیه‌ خه‌باتیان به‌ شێوه‌ى به‌رگرى چه‌کدارى درێژه‌ بده‌ن، بارودۆخى سیاسى ئێستا واى ئیجاب کردوه‌ که‌ به‌م شێوه‌ جدیه‌ خه‌باتى چه‌کدارى وه‌ک خۆى نه‌مێنێ و هێزه‌ سیاسیه‌کان  زۆرتر بایخ به‌ دروست کردنى رێکخراوى  سێنفى وجه‌ماوه‌رى بده‌ن. ئه‌گه‌ر سه‌یرکه‌ین ده‌بینین که‌ ئه‌و رێخراوانه‌ى که‌ ئه‌ورێگایان نه‌گرتۆته‌به‌ر لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌یان  له‌ سه‌ر کۆمارى ئیسلامى هه‌بۆ هه‌ر توانه‌وه‌، حیزبى دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تکێشان باشترین نمونه‌ن بۆ ئه‌و مۆزوعه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خوێندنه‌وه‌ى باشیان له‌ سه‌ر ئه‌و رێژیمه‌ هه‌بوه‌ و له‌ ئیمکاناتێک که‌ هه‌یان بوه‌  که‌ڵکیان وه‌رگرتوه‌ بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌که‌یان زیندوو راگرتوه‌ که‌ ئه‌وه‌ له‌ نه‌وعى خۆى دا به‌و شه‌رایته‌ سه‌خت و دشواره‌ جێگاى رێز و حورمه‌ته‌.

هێژا: حیزبى دیموکراتى کوردستان تا ئێستا له‌ ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى رابردو چ کارهایه‌کى بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ کردووه‌؟
و. حیزبى دیموکراتى کوردستان به‌رده‌وام هه‌ولى ئه‌وه‌ى داوه‌ به‌ نه‌وعێک هاوکارى وئیحتلافى هه‌بێ له‌ نێو هێزه‌ کوردستانى و ئێرانیه‌کان، حیزبى دیموکرات دواى سه‌رکه‌وتنى شۆرشى گه‌لانى ئێران داواى پێکهێنانى به‌ره‌یه‌کى ئێرانى کرد بۆ به‌ گژدا چونه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانى ره‌ژیمى ئێران بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵى جیددى داوه‌ و کارى بۆ کردوه‌ به‌ڵگه‌ش بۆ  ئه‌وقسه‌یه‌ چونه‌ ناو شۆراى به‌رگرى نیشتیمانى ئێرانه‌ دواى هاتنه‌ ده‌رى له‌و به‌ره‌یه‌ش هه‌وڵى جیددى داوه‌ بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ى کوردستان له‌نێو هێزه‌ کوردیه‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ى لێک تێگه‌یشتنێک هه‌بێ له‌ نێویان دا و زمان حاڵى هاوبه‌شیان له‌ نێودا دروست بێ به‌جۆرێک هاوکارى بکه‌ن، ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ خۆش کرا به‌ره‌ پێک بێنن ئه‌وه‌ ئامانجى سه‌ره‌کى و  گشتى حیزبى دیموکراتى کوردستانه‌.

هێژا: ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ دراون بۆ چى تا ئێستا به‌ره‌ پێک نه‌هاتوه‌؟
و. ئه‌وه‌ ده‌توانێ چه‌ند هۆى هه‌بێ، من پێموایه‌ خوێندنه‌وه‌ و بۆچونى هێزه‌ سیاسیه‌کان گه‌وره‌ ترین کۆسپى سه‌ر رێگاى پێکهاتنى به‌ره‌یه‌، هه‌ر لایه‌نه‌ى  تایبه‌تمه‌ندى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ هێزى وایه‌ پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گه‌ڵ  لایه‌نى تر فه‌رقى هه‌یه‌ تێروانینى لایه‌نه‌کان به‌ نیسبه‌ت مه‌سایلى سیاسى فه‌رقى هه‌یه‌ و ده‌بینى لایه‌نێک مێژوو بۆخۆى ده‌کاته‌ پێوانه‌ چونکه‌ له‌ هێندێک قۆناغى مێژوو دا سه‌رکه‌وتنى وه‌ده‌ست  هێناوه‌ ئه‌وه‌ ده‌کاته‌ معیار، ده‌بینى لایه‌نێک به‌ حوکمى کارى ته‌شکیلاتى و هه‌ڵسورانى جه‌ماوه‌رى ئه‌وانه‌ وا داده‌نێ که‌ ئه‌وله‌وییه‌ت به‌ ئه‌وه‌، ئه‌م ئه‌وله‌وییه‌ت دانانه‌ هه‌ر لایه‌نه‌ى بۆ خۆى ده‌لیلى ئه‌سڵى پێک نه‌هاتنى به‌ره‌یه‌، له‌ لایه‌کى تر هێندێک لایه‌ن و که‌سایه‌تى سیاسى ئێستا به‌ زه‌مانێکى مناسب نازانن بۆپێک هێنانى به‌ره‌، من پێموایه‌ کار بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ى کوردستانى کارێکى زۆر پێویسته‌ بۆ ئه‌ورۆ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا زۆرشت ده‌کرێ، ده‌بێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ ته‌مرین کردن فێرى کار له‌ گه‌ڵ یه‌کتر کردن بین، چوون  ئێمه‌ بروامان به‌ پلۆرالیزم (فره‌حیزبى) هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ ده‌بێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ زه‌مینه‌یه‌ک هه‌بێ بۆ  ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ پاشه‌ رۆژدا به‌ باشى گوێ له‌ قسه‌ى یه‌کتر بگرین و یه‌کتر بتوانین ته‌حه‌مول بکه‌ین به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ ده‌بێ زمانى هاوبه‌ش ده‌به‌ینى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستاندا هه‌بێ له‌ چوارچێوه‌ى به‌ره‌یه‌کدا ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌وڕۆ لێک تێبگه‌ین نه‌ک رایبگرین بۆ دوا رۆژ ! با ئه‌وه‌ش بزانین که‌ ئێمه‌ جارى یه‌که‌م مان نییه‌ به‌ره‌ پێک بێنین، ئه‌گه‌ر سه‌یرى خه‌باتى گه‌لى کورد بکه‌ین هاوکارى و هاوخه‌باتى و زۆرشتى دره‌خشانى تێدایه‌. هاوپه‌یمانى له‌ نێو هێزه‌کانى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان هه‌ر له‌  سه‌ره‌تاى راپه‌رینه‌کانه‌وه‌ به‌نه‌وعێک هه‌بوه‌.ئه‌گه‌ر له‌ پارچه‌یه‌کى کوردستان شۆرش سه‌رى هه‌ڵدابێ له‌ پارچه‌یه‌کى ترى کوردستان هێزه‌ سیاسیه‌کان به‌ شێوه‌ى پشتیوانى سیاسى و هێزى چه‌کداریش به‌شدار بوونه‌، جا له‌ نێو هێزه‌ سیاسیه‌کانى به‌شێکى کوردستان ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ ده‌توانى به‌ هێزتر و یاسایى‌تر بێ. به‌ گشتى له‌ نێو هێزه‌ سیاسیه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان زۆر خاڵى هاوبه‌شمان هه‌ن و وتووێژ به‌رده‌وام ده‌بێ بۆ پێک هێنانى به‌ره‌، ئێمه‌ فه‌رهه‌نگى به‌ یه‌که‌وه‌ کارکردنمان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ئاشنایه‌تى و ناسیاری ته‌واومان له‌ سه‌ریه‌ک هه‌یه‌ له‌ بارى مه‌عنه‌ویش وه‌ زه‌مینه‌مان خۆش کردوه‌ وخه‌ڵک ده‌بێ قه‌ناعه‌تى زۆرتربێ ونیگه‌ران نه‌بن ئێمه‌ ئه‌ورۆ کار ده‌که‌ین تا سبه‌ینێ له‌ جیات  ئاوه‌دان کردنه‌وه‌، هێچ لایه‌نێک کێشه‌ى له‌ گه‌ڵ لایه‌نى‌تر نه‌بێ. به‌ گشتى من دره‌نگ کردن بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ به‌ زیانى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ى کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌زانم.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.