Ö:: ئێران و ئێستراتێژی نوێی بوش

نووسینی: ئاسۆ ساڵح

ئێران و ئێستراتێژی نوێی بوش

1- یه‌كێ له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی وته‌ی ساڵانه‌ی جۆرج بووش، سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنانه‌ی ئه‌و، سه‌باره‌ت به‌ ئێران بوو. بووش له‌قسه‌كانی ئاماژه‌ی به‌ دووخاڵی سه‌ره‌كی كرد: 1- نه‌بوونی فۆرمۆلێكی چاچۆڵه‌یی (جادویی) بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی عێراق،2- شكستی ئه‌مریكا زۆر زیانی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ئه‌بێ سه‌ركه‌وتووبێت.

بووش له‌سه‌رتاسه‌ری قسه‌كانی چه‌ندجار ئاماژه‌ی به‌ ئێران كردو ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ پرۆژه‌ی نوێی بووش (ئه‌مریكا) له‌ عێراق پشتگیری بكرێت. سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، رژیمی ئێرانی، به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ یارمه‌تی ئه‌وهێزانه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌مریكا ئه‌وانه‌ به‌ تیرۆریست ئه‌زانێ، وه‌كوو حیزبۆڵڵا و گروپه‌ توندره‌وه‌ شیعه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌و ئامانجه‌یه‌ كه‌ئه‌م گروپانه‌ دژ به‌ ئه‌مریكا را‌وه‌ستن. بووش به‌ له‌حنێكی بڕنده‌ كه‌ره‌نگی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بوو، وتی: ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ پشتیوانی ئێران و سوریه‌ له‌ هێرش بردنه‌ سه‌رهێزه‌كانی رائه‌وسێت و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ چه‌ك به‌ ده‌ستی  گروپه‌ تیرۆریسته‌كان ئه‌گه‌ینێت، په‌یداو له‌ناویان ئه‌بات.

بووش له‌ وته‌كانی كێشه‌ی ناوه‌كی ئێرانی له‌بیر نه‌برده‌وه‌و وتی: جیهان ئه‌و ئیزنه‌به‌ ئێران نادات كه‌له‌ چه‌كی ناوه‌كی كه‌ڵك وه‌ربگرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێك دایه‌كه‌ هه‌ندێ له‌ مه‌قامه‌ پایه‌ به‌رزه‌كانی ئه‌مریكا دژ به‌ شه‌ڕه‌ قسه ‌له‌گه‌ڵ ئێران راوه‌ستاوه‌ن، بۆ وێنه‌جان راكفلێر، به‌رپرسی نوێی كومیته‌ی ئیتلاعاتی سێنای ئه‌مریكاو ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی ئه‌م وڵاته‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ قسه‌یه‌ی وه‌كوو ساڵی 2003 و به‌رله‌ شه‌ڕی عێراق  له‌قه‌ڵه‌م دا. راكفلێر له‌ وتووێژیك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز وتی: من زۆر ئه‌ترسم كه‌ جارێكی دیكه‌ شه‌ڕی عێراق ته‌جروبه‌ بكه‌ین.

له‌ ڵایه‌كی دیكه‌وه‌ روون بووه‌ كه‌ جۆرج بووش سیاسه‌تی نوێی خۆی سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ ئێرانیه‌كان له‌ عێراق راگه‌یاندوه‌. بووش پاش قسه‌وباس له‌گه‌ڵ راوێژكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی له‌ پاییزی ئه‌مساڵ، پرۆگرام و سیاسه‌تی نوێی «بیگره‌ یا بیكوژه‌»ی رایگه‌یاند.‌ هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كان ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان هه‌یه‌ تا هه‌ر ئێرانیێک كه‌ یارمه‌تی هێزه‌ نیزامی یا شبه‌ نیزامیه‌كان له‌ عێراق بدات، بیگرن یا بیكوژن. ئه‌م بڕیاره‌ كه‌ كه‌ڵك وه‌رگرتنه‌ له‌ هێزی نیزامی  دژ به‌ ئێرانیه‌كان له‌ عێراق، ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆهاوینی رابردوو و له‌میانه‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل و حزبۆڵڵا. شتێك كه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌كه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی  ده‌ره‌وه ‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا دژایه‌تی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌كرێ. بۆ وێنه‌ دوو مه‌قامی  پایه‌به‌رزی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌ڵێن: ئه‌گه‌رچی رایس له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ هیچ دژایه‌تیه‌ك ناكات و قه‌بووڵی كرد، به‌ڵام زۆرنیگه‌رانی هه‌ڵه‌ی هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كان و وڵام دانه‌وه‌ی نیزامی ئێرانه‌.

دیاره‌ به‌ هوی ئه‌و دووخاڵه‌ كه‌له‌سه‌ره‌تای باسه‌كه‌ ئاماژه‌یان پێكرا، ئه‌م سیاسه‌ته‌ ته‌نیا رێگایه‌ بۆئه‌وه‌ی  كه‌ بووش‌ و وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق سه‌ركه‌وتوبن، هه‌رچه‌ند ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش هه‌یه‌ كه‌ئه‌م سیاسه‌ته‌ ببێته‌ داگیرسانی ئاگری شه‌ڕێكی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ دراوسێكانی عێراق.

ئه‌م پرۆگرامه‌ له‌ داهاتوودا چۆن ئه‌بێته‌ هۆی سه‌ركوتوبوونی ئه‌مریكا؟

2- ویستی نه‌ته‌وایه‌تی یا مه‌زهه‌بی:

شان مه‌ك كۆرمه‌ك وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌م زوانه‌ به‌ڵگه‌‌نامه‌و داكیومێنتی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌شه‌ڕ و ناكۆكیه‌كانی  عێراق بڵاو ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها زه‌ڵمای خه‌لیلزاد، بالیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پێنج ئێرانیه‌ی كه‌له‌ كونسولگه‌ری هه‌ولێر گیراون، ئه‌ندامی  سوپای قدس و له‌ژێر چاودێری سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسڵامی ئێرانن و ئه‌مریكا به‌م زوانه‌ به‌ڵگه‌‌نامه‌یه‌ك رووده‌كات كه‌ئه‌م چه‌ند كه‌سه‌ یارمه‌تی ئاژاوه‌گێڕه‌كانی عێراقیان داوه‌.

له‌سه‌ره‌تای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسین، راپۆرتی رۆژنامه‌وانی  زۆر سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی شیعه‌كانی عێراق و ئێران له‌میدیا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بڵاو بووه‌. گرینگترین خاڵ كه‌له‌م هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌ به‌رچاو بوو، ئه‌وه‌ بوو كه‌ پاش رووخانی رژێمی به‌عس، قوتابخانه‌ علمیه‌ شیعیه‌كان له‌ عێراق، له‌ژێر چاودێری ده‌وڵه‌ت نامێنن و به‌ گرتنی سه‌ربه‌خۆیی وئازادی فیكری، له‌ به‌رامبه‌ر قوتابخانه‌ی علمیه‌ی شیعه‌كان له‌ئێران، كه‌له‌ژێر چاودێری حكومه‌تن، رائه‌وستن. له‌م راپۆرتانه‌، به‌ تایبه‌ت مه‌كته‌بی ئایتۆڵڵا سیستانی كه‌ ئه‌وترێ باوه‌ڕی به‌ وه‌ڵایه‌تی فه‌قی و نیزامی حكومه‌تی ئێران نیه‌، وه‌كوو كێشه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر بیرو مه‌كته‌بی مه‌لاكانی (قۆم)، زۆربه‌رچاو بوو. به‌ وته‌یه‌كی دیكه‌ رۆشنبیرانی رۆژئاوا وابیریان ئه‌كرده‌وه‌ كه‌ مه‌كته‌بی فقهی نه‌جه‌ف، پاش راگه‌یاندنی سه‌ر به‌خۆیی له‌ده‌وڵه‌ت و دووربوونه‌وه‌ له‌حكومه‌ت، وه‌ك مۆدێلێك بۆراكێشانی شیعه‌كانی ئێران و دژایه‌تی ئه‌وان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی فقهی (قۆم) بێت. به‌ڵام پڕۆسه‌ی گۆڕانكاریه‌كانی عێراق به‌ جۆرێكی دیكه‌ تێپه‌ڕ بوو. پاش چه‌ند مانگێك له‌ رووخانی سه‌دام، كرده‌وه‌ی خۆكوژی و تیرۆریستی دژ به‌ ئامانجه‌ شیعیه‌كان له‌شاره‌كانی  كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف، ئه‌و هیواو ئاواته‌ی له‌ قوتابخانه‌ علمیه‌ شیعیه‌كانی عێراق به‌دی نه‌هێنا، چوون له‌گه‌ڵ دژایه‌تیه‌ك له‌ناوخۆ رووبه‌روو بونه‌وه‌كه‌ به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی (قۆم)ی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌. بۆیه‌ پێكهاتنی كێشه‌ی عێراق و شه‌ڕی ناوخۆ، نه‌ته‌نیا شیعه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی به‌ره‌ورووی به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ ئێران هان نه‌دا، به‌ڵكو ئه‌م وڵاته‌ی كرد به‌ پشتیوانێكی ناوچه‌یی بۆئه‌وان. نزیك بوونه‌وه‌ی شیعه‌كانی عێراق به‌ره‌ورووی ئێران، بۆته‌هۆی توڕه‌ بوونی و ناڕه‌زایه‌تی ئه‌مریكا، چوون له‌ روانگه‌ی ئه‌مریكیه‌كان ئه‌م نزیك بونه‌وه‌ ئه‌بێته‌ هۆی ره‌خنه‌ی زۆرتری كۆماری ئیسڵامی ئێران له‌ عێراق و سه‌رجه‌م وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. بۆیه‌ له‌روانگه‌ی ئه‌وان كۆماری  ئیسڵامی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی یارمه‌تی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان ده‌دات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌و جۆره‌ی كه‌ وتویه‌تی بتوانێت به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ عێراق بخاته‌ روو، ئه‌وكات سیمای كۆماری ئیسڵامی له‌ نێو شیعه‌كاندا به‌ره‌و خراپی ئه‌گۆڕدرێت. شیعه‌كانی عێراق ئه‌گه‌رچی هاومه‌زهه‌بی ئێرانن، به‌ڵام قه‌دناتوانن قه‌بووڵ كه‌ن كه‌ئێران له‌ درێژه‌ی ئامانجه‌كانی خۆی، سیاسه‌تێك داڕێژێ كه‌ ژیانی خه‌ڵكی عێراق سه‌خت و دژوار ده‌كات. بۆیه‌ ئه‌مریكا ئه‌یه‌وێ ئه‌و راستیه‌ بۆ خه‌ڵكی عێراق بخاته‌ روو كه‌ ئامانجی ئێران له‌ عێراق ته‌نیا قازانجی خۆیه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ئاژاوه‌ گێڕی له‌م وڵاته‌ به‌دی دێت.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ڵگه‌نامانه‌ رابگه‌یه‌نێت، ئه‌وكات هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی شیعه‌كانی عێراق به‌ ویستی مه‌زهه‌بی ئه‌وان زاڵ ئه‌بێت و دژ به‌ سیاسه‌ته‌كانی ئێران رائه‌وستن. ئه‌مه‌ش هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ راپۆرته‌كان و رۆشنبیرانی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی پاش رووخانی رژیمی سه‌دام به‌ته‌مای ئه‌وه‌ بوون.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.