Ö:: چوار منداڵ

 نووسینی: که‌ریم تاقانه

کورتیله چیرۆک:
چوار منداڵ
چوار منداڵ، چوار منداڵی ڕووگه‌ش، چوار منداڵی گه‌ڕه‌که‌که‌مان له په‌نای دیوارێکی قوڕیندا خه‌ریکی وازی و ماڵه‌پیتکان بوون و به به‌رد و قوڕ، ماقڵه و ماڵۆچکه‌یان بۆ خۆیان دروست ده‌کرد. یه‌کێکیان به خه‌یاڵ ده‌بووه چۆله‌که و له‌م هێلانه‌ بۆ ئه‌و هێلانه ده‌فڕی. یه‌کیان ده‌بووه په‌پووله و له‌م گوڵ بۆ ئه‌و گوڵ باڵی لێکده‌دا. یه‌کیان ده‌بووه هه‌نگ و شیله‌ی گوڵانی ده‌مژی... له‌م خه‌یاڵه منداڵانه‌یه‌ی خۆیاندا بوون، ڕه‌شه‌با هه‌ڵیکرد و په‌ڕوباڵی خه‌یاڵی هه‌ڵوه‌راندن. ماقڵه و ماڵه‌پیتکانه‌ی شێواندن.
چوار منداڵ، چوار منداڵی ڕووگه‌ش، چوار منداڵی گه‌ڕه‌که‌که‌مان که دیتیان ڕه‌نجیان به با چووه، دامان.
یه‌کێک گوتی:
ـ  ئێمه هه‌تا که‌ی زه‌حمه‌ت بکێشین و ڕه‌شه‌با به فیڕۆی بدا؟
یه‌کێکی دی چڵمه‌که‌ی هه‌ڵلووشی و گوتی:
ـ ڕه‌شه‌با چییه و چیی لێمان ده‌وێ؟
یه‌کێکی دی ته‌پوتۆزی سه‌ر پێڵووی خاوێن کرده‌وه و گوتی:
ـ ڕه‌شه‌با دووپشک بوایه سه‌ریم پان ده‌کرده‌وه و ڕاحه‌ت ده‌بووین.
هه‌رچواریان به دۆشداماوی و دڵته‌نگییه‌وه گوتیان:
ـ ئاخر بۆ...؟
چوار منداڵه‌که په‌نایان بۆ دایکوبابی خۆیان برد.
ـ ڕه‌شه‌با چییه‌؟ بۆچ لێ ناگه‌ڕێ ماقڵه و ماڵۆچکه‌ بۆ خۆمان دروست بکه‌ین؟ ئاخر بۆ؟!
وه‌ڵام و لێکدانه‌وه‌ی دایکوباب قایلی نه‌کردن. په‌نایان بۆ داپیر و باپیری خۆیان برد.
ـ ڕه‌شه‌با چییه؟ بۆچ لێ ناگه‌ڕێ ماقڵه و ماڵۆچکه بۆ خۆمان دروست بکه‌ین؟ ئاخر بۆ؟!
وه‌ڵام و لێکدانه‌وه‌ی داپیر و باپیر قایلی نه‌کردن.
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دوایی چوار منداڵ، چوار منداڵی ڕووگه‌ش، چوار منداڵی گه‌ڕه‌که‌که‌مان بوون به چوار کۆتری سپی و له‌نێو دڵی ئاسمانه‌کاندا خۆیانیان دیته‌وه‌...

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.