Ö:: چاوپێكه‌وتنی هه‌یئه‌تی حیزب له ‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی پایه‌به‌رزی كۆمیساریای په‌نابه‌ران

كوردستان و كورد

چاوپێكه‌وتنی هه‌یئه‌تی حیزب له ‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی پایه‌به‌رزی كۆمیساریای په‌نابه‌ران له ژنێڤ سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی په‌نابه‌رانی كوردی رۆژهه‌ڵات له توركیه
كوردستان و كورد: سه‌عات 10 ی به‌یانیی چوارشه‌ممه 21 ی فێوریه‌ی 2007 ی زایینی، هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان پێكهاتوو له به‌ڕێزان ئاسۆی حه‌سه‌‌ن زاده ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و كاك ره‌حمان ئیبراهیم زاده به‌رپرسی كۆمیته‌ی حیزب له وڵاتی سویس له مقه‌ڕی كۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له ژنێڤ له‌گه‌ڵ خانمی "پیێرین ئایلارا" به‌رپرسی بوورۆی ئورووپای كۆمیساریای په‌نابه‌ران دیداری كرد.

له‌و دانیشتنه‌دا كه سه‌عات و نیوێكی خایاند هه‌یئه‌تی حیزب وێڕای ته‌حویلدانی كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌‌ی ئاماده‌كراو‌ سه‌باره‌ت به په‌نابه‌رانی كوردی رۆژهه‌ڵات له توركیه، تازه‌ترین زانیاری‌یه‌كانی پێوه‌ندیدار به دۆخی ئه‌و په‌نابه‌رانه و روانگه‌ی وان له‌سه‌ر واقعییه‌تی چوونه پێشی مه‌سه‌له‌كه‌یان و چۆنیه‌تیی كۆتایی هێنان به‌و كاره‌ساته ئینسانی‌یه‌ی هێنایه‌وه گۆڕێ.

له درێژه‌ی باسه‌كاندا ده‌ركه‌وت كه خانمی ئایلارا ته‌سه‌للوتی كاملی به‌سه‌ر په‌روه‌نده‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌دا هه‌یه و پێشتر له‌لایه‌ن كۆمیساریاوه بۆ به‌دواداچوونی له‌نزیكه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چۆته ئانكارا و سه‌ردانی په‌نابه‌ران له شاری "وان"ی كردووه و  له ژنێڤیش تا ئێستا  سێ جار له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی دایمیی توركیه‌ دانیشتووه.

هاوڕێیانی حیزبی  به هێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه و ئیستدلالی قایم به‌تایبه‌تی پێیان له‌سه‌ر به‌رپرسایه‌تیی حقووقی و ئه‌خلاقیی كۆمیساریای په‌نابه‌ران داگرت و باسی ئه‌وه‌یان كرد كه ئه‌و به‌رپرسایه‌تی‌یه ئه‌وه ده‌خوازێ كه كۆمیساریا شه‌فافانه هه‌نگاوی جیددیتر هه‌ڵێنێته‌وه چ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ راكێشانی داوته‌ڵه‌بیی وڵاتانی وه‌رگری په‌نابه‌ردا و چ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیه‌دا كه به وته‌ی كۆمیساریا ته‌واوی بونبه‌سته‌كه له رێگانه‌دانی رۆیشتنی ئه‌و په‌نابه‌رانه له‌‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ.

هه‌یئه‌تی حیزب وێڕای سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌‌ كه له‌و سێ رێگاچاره‌یه‌ی عاده‌ته‌ن كۆمیساریا له‌و باره‌وه باسیان ده‌كا (گه‌ڕاندنه‌وه بۆ وڵاتی ئه‌سڵ، دامه‌زراندنی یه‌كجاری له وڵاتی ئیقامه‌تی ئێستادا، و راگواستن بۆ وڵاتی سێهه‌م) رێگاچاره‌ی یه‌كه‌م و دووهه‌م له حاڵه‌تی په‌نابه‌رانی كوردی رۆژهه‌ڵات له توركیه هیچ مانا و مه‌وزووعییه‌تێكی نییه، سه‌رنجی موخاتبه‌که‌یان هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه راكێشا كه دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی كه‌یس به كه‌یس تاكتیكێكه كه جگه له ته‌باهكردنی ژیانی ئینسانه‌كان و به‌هه‌ده‌ردان ی هه‌وڵه‌كان شتێكی لێ شین نابێته‌وه و پێویسته رێگاچاره‌ی سێهه‌م به شێوه‌یه‌كی گلۆبال پیاده بكرێ.

پیێرین ئایلارا له قسه‌كانی خۆیدا روانینی كۆمیساریا و هه‌وڵه‌کانیان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له‌ی خسته‌ڕوو. ئه‌و وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی هۆكاره‌ حقووقییه‌کانی بونبه‌ست (مه‌سه‌له‌ی وڵاتی سێهه‌م)، داوای كرد كه باوه‌ڕ و متمانه‌ی زیاتر به جیددیه ‌ت و سه‌داقه‌تی قسه‌كانی كۆمیساریا بكرێ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه هۆی ئه‌سڵیی درێژه‌كێشانی ئه‌و وه‌زعه هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی توركیه‌یه كه چ به هۆی سیاسی چ بۆ پێشگیری له هاندرانی خه‌ڵكانی دیكه بۆ گرتنه‌به‌ری رێگای رۆیشتن به یووئێن له توركی ه‌ڕا پێشگیری له رۆیشتنی ئه‌و په‌نابه‌رانه ده‌كه‌ن. به‌و حاڵه‌ش، ئایلارا گووتی ئێمه هه‌وڵه‌كانی خۆمان بۆ قه‌ناعه‌ت هێنان به ده‌وڵه‌تی توركیه درێژه پێ ده‌ده‌ین و به‌تایبه‌تی باسی ئه‌وه‌ی كرد كه له رۆژه‌كانی 5 و6 ی مانگی مارسی 2007دا  دانیشتنێكی گرینگ له‌نێوان كۆمیساریا و كاربه‌ده‌ستانی تورك‌دا پێك دێ.

هاوڕێیانی حیزبی له‌و باره‌وه پێشنیاریان كرد كه كۆمیساریای په‌نابه‌ران هه‌وڵ بدا دیالۆگێكی سێ لایه‌نه پێك بێنێ له‌نێوان نوێنه‌رانی ئه‌و په‌نابه‌رانه له توركیه و كه‌سانێك له كۆمیساریا و له ده‌وڵه‌تی توركیه كه هه‌م شاره‌زا به كێشه‌كه بن و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی ئیجرایی‌یان هه‌بێ. لێره‌دا ئایلارا ته‌وسیه‌ی به هه‌یئه‌تی حیزب كرد كه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و وه‌زعه هه‌روا درێژه بكێشێ، وا باشه ئه‌و رێكخراوانه‌ی بۆ پشتیوانی له‌‌و په‌نابه‌رانه تێ‌ده‌كۆشن، هه‌وڵ بده‌ن ده‌نگی خۆیان به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رتر بگه‌یه‌ ننه كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمیساریای په‌نابه‌ران كه مانگی ئۆكتۆبری داهاتوو له ژنێڤ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتنی گشتیدا به‌رپرسانی كۆمیساریا و وڵاتانی به‌خشنده‌ی داهات به كۆمیساریا بتوانن فشارێكی جیددیتر بخه‌نه سه‌ر هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیه.

له میانه‌ی باسه‌كاندا خانمی ئایلارا هه‌روه‌ها گوتی كه له كورتخایه‌ندا پرۆژه‌ی راگواستنی یه‌ك له‌سێی ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه كه زۆرتر له  مه‌واریدی تایبه‌تی وه‌ك پیر و نه‌خۆش و ... پێكهاتووه شانسی جێبه‌جێ بوونی قه‌تعییه.

سه‌باره‌ت به وڵاتانی وه‌رگری په‌نابه‌ر ئایلارا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه له قۆناغی ئێستادا هه‌وڵه‌كانی وان زۆرتر رووی له وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا و كانادایه و وڵاتانی ئورووپایی حازر نین كه‌یسی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی "شیمالی عیراق" وه‌ عۆده بگرن مه‌گه‌ر ئه‌وه كه به شێوه‌ی فه‌ردی له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی "وه‌سه‌ریه‌ككه‌وتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌"‌دا و خاریج له سه‌ڵاحییه‌تی كۆمیساریادا كاریان بۆ بكرێ. له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یارمه‌تییش به په‌نابه‌رانی كوردی رۆژهه‌ڵات ئایلارا گووتی به‌پێی ئاماره‌کانمان ته‌نیا له ساڵی 2006دا، كۆمیساریا 000 320 دۆڵار یارمه‌تیی  ئه‌و په‌نابه‌رانه‌‌ی كردووه.‌
له كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا هه‌ردوولا به‌ڵێنیان دا كه له‌‌گه‌‌ڵ یه‌کتر له پێوه‌ندیدا بمێننه‌وه.

تێبینی: ئه‌وه‌ كه‌ له‌‌‌م راپۆرته‌دا ئاماژه بۆ هێندێك له‌ قسه‌كانی خانمی ئایلارا كراوه به‌ مانای قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و قسانه نییه و ئه‌و ئاماژه‌یه ته‌‌نیا بۆ ئاگادار بوونی په‌نابه‌ران له نێوه‌رۆكی قسه‌ و باسه‌كانی دیداره‌كه‌یه.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.