Ö:: ئۆخه‌یش دڵم حه‌ساوه‌.

نووسینی: عه‌بدوڵڵا ئیبراهیمی

ئۆخه‌یش دڵم حه‌ساوه‌
له‌کۆنه‌وه‌ کورد زۆری شایی به‌چه‌ک‌و کوێستان بووه‌، چونکه‌ قسه‌ی له‌زمانی تفه‌نگ له‌ داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌ی بیستووه‌و تا بۆشی کراوه‌ به‌ز‌مانی چه‌ک وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌و زۆر جاران له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتدا به‌چه‌ک توانیویه‌تی تانیزیک سه‌ربه‌خۆییش بچێ به‌ڵام به‌ قسه‌ی دوژمن هه‌موو ڕیسه‌که‌ی لێ بۆته‌وه‌ خوری. ئه‌گه‌ر هێزو گوڕی به‌س‌و ته‌واویشی ده‌به‌ر چه‌که‌که‌یدا نه‌ماوه‌، په‌نای بۆ کوێستان بردۆته‌وه‌و پاش ماوه‌یه‌کیش به‌ڕواڵه‌ت له‌کوڵوکۆ که‌وتووه‌و وه‌ک ژیله‌مۆ، له‌ژێر خۆڵه‌مێشدا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت خۆی شاردۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز هه‌ستی ئازادیخوازیی دانه‌مرکاوه‌ته‌وه‌و هه‌مووجارێ پشوویه‌کی با له‌‌کاتی خۆیدا خۆڵه‌که‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر ڕاده‌ماڵێ‌و ده‌بێته‌وه‌ ئاگری سووتێنه‌ر بۆ گیانی نه‌یاران.

به‌داخێکی گرانه‌وه‌، ئێمه‌ی کورد زۆرکه‌م هه‌لمان بۆ ڕه‌خساوه‌ یا باشتر بڵێم به‌هۆی حاسێبوونی ده‌ستمان به‌ چه‌که‌وه‌ که‌متر توانیومانه‌ یا که‌متر ده‌ره‌تانمان هه‌بووه‌ خۆ به‌ چه‌کدارکردنی مێشکیشمانه‌وه‌ خه‌ریک که‌ین. قسه‌ چه‌کی مێشکه‌و ئه‌و چه‌که‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرجار له‌کورد بۆته‌ ئامرازێکی ڕۆۆخێنه‌ر، به‌ڵام له‌زمانی ئاوه‌زدارانی کوردیشه‌وه‌ بۆته‌ هۆکارێکی زۆربه‌کار له‌ دژی دوژمن، بۆیه‌ دوژمنی فێلباز هه‌میشه‌ زۆرتر له‌حه‌ولی کوشتنی قسه‌دار‌دا بووه‌ تا چه‌کدار. تفه‌نگ کوێره‌و ته‌نیا ئاوه‌زی پێش حافزه‌که‌ی‌ ده‌توانێ به‌ره‌و ئامانجی شیاوی به‌رێ، به‌ڵام قسه‌یه‌ک زۆرجار له‌ تفه‌نگ به‌کارتره‌و له‌ هه‌موو چه‌کێک باشتر جێگا ده‌گرێ. قسه‌ له‌ ئاوه‌زه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێ‌و ئاوه‌زێکی ساغ قسه‌ی کاریگه‌رتر له‌ چه‌کی لێ وه‌دی دێ.

دوژمنان باش ئه‌وه‌ی ده‌زانن که‌ ده‌ستی چه‌کدار هه‌ر ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام مێشکی چه‌کدار بوونه‌وه‌ی ئاسته‌مه‌و جێگای به‌زه‌حمه‌ت پڕده‌بێته‌وه‌. قسه‌ی مامۆستا هێمن، هه‌ژار، قانع، بێکه‌س، دڵدارو.... پاش مردنیشیان له‌ چه‌کی ده‌ست زیاتر دوژمن تۆ‌قێنن‌.

بۆیه‌ دوژمنانی کورد زۆرتر ده‌قسه‌ی هه‌قیان هه‌ڵپێچاو لێی ترساون. ئه‌وه‌تا به‌مردووییش له‌کۆڵ دڵدار نابنه‌وه‌و بێ حورمه‌تی به‌گۆڕه‌ پیرۆزه‌که‌ی ده‌که‌ن. ده‌یانه‌وێ ئه‌ی ڕه‌قیبه‌که‌ی له‌ مێژووی کورد بسڕنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر کێلی گڵکۆکه‌شی چاویان به‌ شێعره‌که‌ی هه‌ڵنایه‌و ده‌یکوژێننه‌وه‌.

ئه‌ومێشکه‌ نه‌خۆشانه‌ کێن؟ نازانم، به‌ڵام بێگومان ئاوی خواردنه‌وه‌یان له‌جۆگه‌له‌ی ده‌راوی دوژمن ڕا پێده‌گاو به‌چڵکاوی نه‌یارانی دژکورد سه‌رمه‌ست ده‌بن. ئه‌و دارده‌ستانه‌ی دوژمن به‌داخه‌وه‌ له‌جلکی کورددا هه‌میشه‌ هه‌بوونو بڕانه‌وه‌شیان ئاسته‌مه‌، به‌ڵام خۆ به‌خۆشی‌یه‌وه‌ کورد وه‌جاغ کوێرنیه‌و ناره‌ته‌ی ڕۆڵه‌ی دلێری، ئه‌و مشکه‌ سیخوڕانه‌ی له‌ڕووناکی بێزار ده‌خزێنێته‌وه‌ کونه‌ تاریکه‌کانیان.

مه‌قۆمه‌قۆ‌و ده‌نگۆو ژاوه‌ژاوی گۆڕینی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب‌و ئاڵای کوردستان ماوه‌یه‌ک بوو لێروله‌وێ ده‌هاته‌گوێ‌و ‌پیلانی شوومی ئه‌و ئاواته‌ له‌نێو شه‌وه‌زه‌نگی کانگای نه‌یارانی کوردڕا خۆی ده‌نواند تا سه‌ره‌نجام ئه‌وکه‌سه‌ی له‌ژێر ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ له‌دایک ببوو ئه‌ی ڕه‌قیبی لایه‌لایه‌ی ڕژوشه‌وانی سه‌ر پشتی لانکێ بوو، وجواب هات‌و به‌توندی دژی ئه‌و پڕوپاگانده‌ی نه‌یارانی ئه‌ی ڕه‌قیب ڕاوه‌ستاو ته‌نانه‌ت پێشنیاری کرد که‌ مه‌جلیسی نوێنه‌رانی کوردستان، به‌ بڕیارێکی یاسایی وا بکا که‌ که‌س نه‌توانێ ئه‌و سرووده‌ بگۆڕێ. ئه‌وجار ئه‌منیش کوتم ئۆخه‌یش دڵم حه‌ساوه. ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌رماوه‌ قه‌ومی کوردزمان.

عه‌بدوڵڵا ئیبراهیمی

13.02.2007
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.