Ö:: ئیمام مه‌هدی کوژرا.

نووسینی: فـه‌هـد گـرده‌وانـی

ئیمام مه‌هدی کوژرا
ئه‌گه‌ر راست بوایه‌، ده‌بوایه‌ ئیمام مه‌هدی به‌ربه‌ره‌کانی له‌شکری ئه‌مریکا و له‌شکری مالیکی بکردبایه‌ و هه‌مووی تێک بشکاندبایه‌. دیاره‌ ریوایه‌ته‌که‌ راست ده‌رنه‌چوو، کابراش ئیمام مه‌هدی نه‌بوو، کۆنه‌ به‌عسی بوو.
ئه‌ی ئه‌وه‌ چۆن بوو ئه‌و هه‌موو که‌سه‌ی به‌دوای خۆی راکێشابوو، ئه‌و کوشتاره‌ی له‌ خۆڕا به‌خشیه‌ له‌شکری عێراقی و ئه‌مریکی. ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵه‌ بۆ دیل کراوه‌ و هه‌تا هه‌نووکه‌ وا لای له‌شکری ئه‌مریکا و عێراقیین. ئه‌گه‌ر کوژراوه‌کان کافر و سه‌ر به‌ قاعیده‌ و کۆنه‌ به‌عسین، بۆ [ئایه‌تی خوا سیستانی] فه‌توای دا کوژراوه‌کان له‌گه‌ڵ شه‌هیدانی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف بنێژرێن. ئه‌ی کافر له‌ موسڵمان له‌ گۆڕستانیش جیا ناکرێته‌وه‌. له‌ناو دارستانی نه‌جه‌ف و له ‌خاکی پیرۆزی ئیمامی عه‌لی و حوسێن ئه‌و له‌شکره‌ به‌و هه‌موو چه‌که‌ به‌ناوی [جند السماء]، خه‌ریکی چی بووه‌. به‌عسی روخا و که‌ باوه‌ڕی به هاتنی‌ مه‌هدی و عه‌لی و عومه‌ر نی‌یه‌، چۆن خۆی خزانده‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ چه‌کداره‌ شیعه‌یه‌.

قاعیده‌ی ئوسامه‌ی کوڕی لادن قه‌تلوعامی شیعه‌ی حه‌ڵاڵ کردووه‌، چۆن شیعه‌کانی سه‌ر به‌ [ئیمامی مه‌هدی تازه‌ی] بۆ خۆی راکێشاوه‌ و به‌ ته‌ما بووه‌ حه‌یده‌ری‌یه‌ی حوسێن داگیر بکات و سیستانی ره‌وانه‌ی ئێران بکاته‌وه‌ و له ‌نه‌جه‌ف شاربه‌ده‌ی بکات. هه‌تا ئه‌وڕۆکه‌ چیرۆکێکی راست خۆی نیشان نه‌داوه و نازانرێ ئه‌و قه‌ساپخانه‌یه‌ بۆ دروستکرا‌، به‌ڵام کوشتاری هه‌زاران که‌س و وێنه‌ی ترسناکی ئه‌و هه‌موو که‌له‌شه‌ قڕکراوه‌ له‌ ماسمێدیا و زاری خه‌ڵکی دێته‌ نمایشکردن و گووتن. ئه‌و خوێنه‌ عاشورای شیعه‌کانی سوور تر کرد.ئێران و سوریا و سعودیا وکوێت و تورکیا و ئوردن هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌ سنووره‌کانی یان له‌ به‌رامبه‌ر تێڕۆریستان و هاتنیان بۆ عێراق توند ناکه‌ن. به‌ڕژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ نا ئارامی عێراقی تازه‌یه‌. حکومه‌تی به‌غداش له‌به‌ر شه‌ڕه‌ کورسی و ده‌سه‌ڵات هێنده‌ به‌ هێز نی یه‌، بتوانێ پارێزگاری له‌ گیانی خه‌ڵکی بکات. یادی حوسێن و عاشورا بۆ کوریش به‌دبه‌ختی هێنا و خه‌ڵکێکی زۆر له‌ خانه‌قین بوونه‌ قوربانی عاشورا. له‌شکری موقته‌دای کوڕی سه‌در ناویان له‌شکری مه‌هدی‌یه‌ و ئه‌وانیش باوه‌ڕیان وایه‌ ئیمام مه‌هدی به‌ هانایان دێت، که‌ی و چۆن ئه‌وا هه‌ر بۆ خۆیان ده‌زانن.              

فـه‌هـد گـرده‌وانـی 5/2/2007 ستۆکهۆڵم

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.