Ö:: گۆڕین لێره‌ و گۆڕان له‌لای ئێمه

نووسینی: کاوه ئاهه‌نگه‌ری

پێموایه زۆر که‌س ئاگاداری باروودۆخ و که‌ش‌ و هه‌وای سیاسی ئه‌وروپایه و لانیکه‌م ئاگاداری گۆڕانکارییه‌کانی سیاسی ئه‌و وڵاته‌یه که تێدا‌ده‌ژیت، بۆیه‌ پێویست ناکات که بچینه‌ سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م باسه و هه‌رکه‌س به خوێندنه‌وه‌ یان ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له پارته‌ ئه‌وروپیه‌کان ، ئه‌و که‌ش و هه‌وایه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت.

ئه‌وڕۆ سیاسه‌ت له وڵاتانی ڕۆژاوای ئه‌ورووپا پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌و خۆی به خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌وه هه‌یه. کێبه‌رکێی حیزبه‌کان به واتای خوێندنه‌وه‌ی به‌ڕۆژتر له خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک و دانیشتوانی ئه‌و وڵاته که پارته‌که‌ی تێیدا به‌دیهاتوه، هه‌ر به‌و هۆیه‌یش حیزبه‌‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ پێشکه‌ش‌کردنی ‌به‌رنامه و پلانی تازه‌ و هێنانه‌ به‌رباسی کێشه‌کان به شێوه‌یه‌کی ئاکادمیکتر و دانی ڕێگه‌چاره‌ی گونجاوتر بۆ کێشه‌کان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کێشه‌یش نه‌بێت بۆ باشترکردن و به‌ره‌و پێشتربردنی لایه‌نه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی ژیان وه‌کوو؛ کار و پیشه‌، بیمه‌ و ده‌رمان، سیاسه‌تی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه، بێگانه‌کان و کێشه‌ی په‌نابه‌ران و کرێکارانی کۆچکردو، مه‌سه‌له‌ی ژنان و .... هتد. هه‌مووی ئه‌وانه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌وان ئاماده‌ن و دایم خه‌ریکی دیتنه‌و‌ه‌ی رێکارو کردنه‌وه‌ی ده‌رگای تازه‌ترن بۆ ژیانی هاوبه‌شی خۆیان.

ئه‌وه‌ی که بوو به هه‌وێنی ئه‌و چه‌ند دێڕه، ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌یه که له‌و چه‌ند ساڵه‌ی که له بلژیک ده‌ژیم به‌سه‌ر یان باشتره بڵێم که له‌نێو چه‌ند حیزبی بلژیکی روویداوه. که‌ هاتم بۆ بلژیک حیزبێکی ڕاسیست به نێوی Vlaams Blok که له دامه‌زرادندنیدا گوومان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نازییه‌كانی ئاڵمان 1له ئارادابوو، زۆریش قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کراو لایه‌نگریشی زۆره، بێگوومان کرداروو هه‌ڵسووکه‌وتی ئه‌م حیزبه راسیستیانه‌یه و هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ی بلژیکیش ئه‌وه به ئاشکرا ده‌ڵێن، به‌ڵام که‌ش و هه‌وای سیاسی بلژیک به‌تایبه‌ت وه‌ک پێته‌ختی سیایس ئیداری ئوروپا وا وێده‌چوو که ئیتر جێیه‌ک بۆ پاشناوی Blok (Block)  نه‌ماوه و ده‌بێ گۆڕانێک به‌سه‌ر خۆیاندا بێنن، هه‌ر‌بۆیه‌ ناوه‌که‌یان له جه‌ژنێکی پڕشکۆدا گۆڕی بۆ سه‌ر Vlaams Belang که Belang به مانای 'به‌رژه‌وه‌ندی و گرینگایه‌تی' دێت. پێش هه‌ر شتێکی دیکه پێویسته بڵێم که بلژیک وڵاتێکی چه‌ند زمانه‌یه و له 3 زمانی هوله‌ندی، فه‌رانسه‌یی و ئاڵمانی پێکهاتوه. ڤلامێکان به هوله‌ندی ده‌ئاخڤن و نیزیکه‌ی 60 % دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ پێکدێنن. چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌ پێش به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و له جه‌ژنێکی به‌شکۆدا حیزبێکی دیکه‌ی ڤلامیه‌کان VLD(ڤلامس لیبێرال دیموکرات) له نێوی خۆیدا گۆڕانێکی پێک هێناو بوو به Open vld. بێگوومان ئه‌و گۆڕان و تازه‌گه‌رییانه‌ له سایکۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسیی ئه‌و حیزبانه‌ له خه‌ڵکه‌که‌یانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت.

مه‌به‌ست له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونانه به‌راوردێک له نێوان ئه‌و حیزبانه‌ و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(پێش له‌تبوونی) ه. 

زۆر که‌س ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌یان له حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ده‌گرت که ئه‌و ئێرانه چیه که به کوردستانه‌وه‌تان لکاندوه‌ و بۆ ناڵێن حیزبی دیموکراتی کوردستان، ته‌نانه‌ت له لایه‌ن کورده‌کانی باشووری کوردستانیش له سیمیناره‌کانی رێبه‌رایه‌تی حدکا دا ده‌هاته ئاراوه، به‌ڵام هیچکات وڵامێکی شیاو نه‌دراوه، هه‌تا له ئاگۆستی 2006 له له‌نده‌ن کۆنفرانسێک که به بۆنه‌ی شۆڕشی مه‌شروته" انقلاب مشروطه'' که له شاری له‌نده‌ن ده‌گیردرێت، به وته‌ی به‌ڕێز ' سه‌عید شه‌مس' که له‌و کۆنفرانسه‌دا به‌شدار بووه، له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستگه‌ی میشیگانی وڵاته‌یه‌کگرتوه‌کانی  ئه‌مریکا ده‌رده‌که‌وێت که نیزیک به 67%  کورده‌کان له ئێراندا ، ئینکاری ئێرانی‌بوونی خۆیان کردوه.

بۆ مه‌سه‌له‌ی ' فدڕاڵیسم' زۆر پێشنیار و ڕه‌خنه پێشکه‌ش به حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرا به‌ڵام هه‌تا به ده‌ققه‌ی نه‌وه‌د نه‌گه‌یشت، له‌لایه‌ن حیزبه‌وه په‌سندنه‌کرا، هه‌ر چه‌ند زۆر که‌سیش مۆرکی جه‌وانبوون و هه‌یه‌جانیبوونی لێده‌درا به‌هۆی ئاراسته‌کردنی ئه‌و پێشنیارانه.

به‌ڕاستی هۆی دژواربوونی گۆڕان و چاکه‌سازی له ‌نێو حیزبه‌ کوردییه‌کاندا چیه‌؟ ئه‌و باسه‌ حیزبی کۆمونیستی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ش ده‌گرێته‌وه، وادیاره له لای ئێمه گۆڕان به‌ واتای له‌تبوونی حیزبه‌کانمانن. به باوه‌ڕی من موتاڵاو لێکۆڵینه‌وه‌ی VLD  له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی له حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(پێش له‌تبوون) نه‌ته‌نیا که‌متر نیه، به‌ڵکوو زۆر زیاتره‌ و ویستی خه‌ڵکی خۆیان زیاتر له حیزبه‌کوردییه‌‌کان له‌به‌ر چاوه. هه‌ندێک له که‌سایه‌تیه‌ سیاسییه‌کانی‌ کورد بارودۆخی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بنده‌ستی کوردستان ده‌که‌نه وڵامی ڕه‌خنه‌کان، به‌ڵام کوردستان، بنده‌ستی داگیرکه‌ر بێت یان نا، له ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت یان پێته‌ختی ئه‌روپا، حیزب - ته‌نیا به‌و‌مه‌رجه‌ی که نوێنه‌ری ئایدیولۆژی یان مه‌زهه‌بێک نه‌بێت و خۆی به مللی دیموکراتیک پێناسه بکات- ده‌بێ هه‌ڵقوڵاوی خه‌ڵک و ئاوێنه‌ی ویستی خه‌ڵک بێت، جا ئه‌و حیزبه ئه‌گه‌ر حیزبی کورد بێت ، چۆن ده‌بێ له ویست و داخوازی خه‌ڵک دوا که‌وێت و بگره به پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵکه‌که‌‌یشی بجووڵێته‌وه؟ به‌ڕاستی ئاستی سایکۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسی حدکا له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی چه‌نده‌یه که گۆڕانکاری نێو ئه‌و حیزبه‌ به نرخێکی وا زۆر دێته‌ئاراوه؟

له‌ به‌شی هوله‌ندی زمانه‌کانی وڵاتی بلژیک(Vlaanderen) که چه‌ند پارتی سیاسی خه‌ریکی چالاکین، هه‌ندێکیان بێجگه‌له ''حیزبی سه‌وز''(Groen) یان سۆسیالیسته‌کان (sp.a) که باس له بیرۆکه‌یه‌کی ناونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ت وخاڵێکی دیار ده‌که‌ن، پارته‌کانی دیکه‌ی وه‌ک VLD, CD & V, Vlaams Belang, NV- A هه‌موویان پارتی ڤلاندرێنن و که‌سیش ناڵێ بۆ ئێوه وشه‌ی بلژیکتان به دواوه نیه و ئه‌وانیش خۆیان به ڤلامی پێناسه ده‌که‌ن. به‌ڵام ئێمه هه‌ر له ترسی ئه‌وه‌ی که پێمان نه‌ڵێن (تجزیه‌ طلب)' زۆر به سه‌ختی و به نرخ و هه‌زینه‌یه‌کی زۆر توانیامان شاهیدی گۆڕانێک له نێوی حیزبێکی کوردیدا بین.

به‌باوه‌ڕی من خوێندنه‌وه‌ی حیزبه‌کوردییه‌کان له خه‌ڵکی کورد له ئاستێکی نزمدایه و به هۆی دووربوون له‌خه‌ڵک هه‌ندێک دووری مه‌عرفه‌تی هێناوه‌ته ئاراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش به هۆی نه‌بوونی مکانیزمێکی ئه‌وڕۆیی و چالاکی ته‌شکیلاتی و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی نێوخۆی کوردستان بۆشاییه‌کی تایبه‌تی خوڵقاندوه. ئه‌م ئیدیعایه‌یش له تیڤی حیزبه‌کانه‌وه به باشی وه‌ده‌رده‌که‌وێت. به‌باوه‌ڕی من باشترین‌ هێڵی پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی حیزبه‌کوردییه‌کان و خه‌ڵکی ناوخۆی کوردستان له‌ورۆکه‌دا تلویزیۆنه‌ ئاسمانییه‌کانه که ئه‌وانه‌ش گوزاره‌یه‌کی ناته‌واو و پڕ له‌که‌م و کۆڕی و ئاست نزم له کێشه‌کانی گه‌لی کورد‌ له ئێراندان. بۆ وه‌دیهێنانی گۆڕان و چاکه‌سازییه‌کی شیاو له ڕاگه‌یه‌نه حیزبییه‌کان چه‌ندساڵ ده‌بێ ڕاوه‌ستین و به چ نرخێک؟ ده‌بێ جارێ چاوه‌ڕوان بین.

کاوه ئاهه‌نگه‌ری

15/02/2007

بلژیک

1ـ وه‌رگیراوله وته‌ی پارێزه‌François Sant Angelo  بلژیکی که سیمینارێکی له‌ سه‌ر ئه‌و حیزبه له بیرۆی کوردی له برۆکسێل گێرا

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.