Ö:: کۆیلایه‌تی و سه‌رده‌می چه‌وسانه‌وه‌و چه‌قینی هۆش له‌ کوردستان ..!

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

زۆربه‌ی خه‌ڵکی باشووری کوردستان به‌ ژن و پیاوو گه‌نجه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی جۆراو جۆر بوون و به‌تایبه‌ت تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون، به‌هۆی نه‌زانین و که‌م ته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی خێزانه‌کان کێشه‌یان هه‌یه ‌و ڕاده‌ی ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌ له‌ زیاد بووندایه‌و بێجگه‌ له‌ باری خراپی ئابووری و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ژیان له‌ تاریکستان ده‌گوزه‌رێنن. ئه‌وه‌ی ناوی بنێی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و کارئاسانی ژیان و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنی ووڵات له‌م به‌شه‌دا بوونی نی یه‌ ... !! .  

به‌هره‌و به‌خته‌وه‌ری یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی تاک ڕه‌وو کاڵ و کرچی نه‌گه‌یوو که‌ نه‌ته‌وه‌ی نه‌فام و نه‌خوێنده‌وارو گێل بێت. زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ئه‌مه‌ کارو پیشه‌یانه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاده‌میزاد له‌ناوچه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ دنیای سه‌رده‌م بێ ئاگا بکه‌ن، ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن و وانه‌بن ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیان کورت ده‌بێت ئه‌وه‌ش‌ ئاشکرایه‌. ئێمه‌ش که‌ گه‌لی کوردستانین به‌دڵی میرو ئاغاکانمانین هه‌م ئه‌وان تاک ڕه‌وو زاڵم و سه‌رمایه‌دارن هه‌م ئێمه‌ش داماوو گێل، چونکه‌ ئه‌گه‌ر گێل و نه‌فام و تاوانبار نه‌بین به‌ چ یاسایه‌کی ژیان ئه‌و مرۆڤانه‌ی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزن و ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی که‌ سه‌رده‌مێک سنگیان ناوه‌ به‌ گووله‌وه‌ بۆ ئازادی میلله‌ته‌که‌یان په‌راوێز ده‌کرێن و هیچ حسابێکیان بۆ ناکرێ، که‌چی به‌ چه‌پڵه‌ ڕێزان پێشوازی له‌ فایلدارو نیشتمان فرۆش ده‌کرێ، بڕواناکه‌م ئه‌م هاوکێشه‌ سه‌قه‌ته‌ له‌ نیشتمانێکی تری سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌دا‌ هه‌بێ. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بووینایه‌‌ ڕۆژمان نه‌ده‌بوو به‌م تاریکستانه‌ی که‌ تیایداین‌. گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستی جیهانین چ له‌قه‌باره‌و چ له‌ خۆبه‌خت کردنه‌کانی زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌ک ماڵ وێرانیش. ده‌ووڵه‌مه‌ندترین خاک و ئاومان هه‌یه‌ چ له‌به‌روبوومی کشتووکاڵی و گه‌شت و گوزارو کانزاکان و نه‌وت و .. هتد. که‌چی خه‌ڵکی خێرخوا خێرمان پێ ده‌کات چونکه‌ زۆربه‌مان هه‌ژارو نه‌بووین، به‌ڵام به‌روبوومی ئابووری که‌ هی خه‌ڵکه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و پارت و مه‌لاو مشه‌خۆرو شێخ و ماستاوچی یه‌ .!. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ غه‌درو زووڵمدا گه‌وره‌ بووین زۆر حه‌زمان له‌ چه‌پۆکه‌ له‌ منداڵی یه‌وه‌ به‌سه‌قه‌تی گه‌وره‌بووین حه‌زمان لێ یه‌ هه‌ر که‌سی دووه‌م و ژێر ده‌ست بین و زیاتر خزمه‌تی بێگانه‌ بکه‌ین وه‌ک له‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی خۆمان.!. ئه‌وه‌ی ئه‌ڵێ وانی یه‌ ته‌ماشای ژماره‌ی فایلداره‌کان بکات و ده‌ست پیسی بێ فایله‌کانیش ببینێ که‌چۆن میلله‌تێکی تێکۆشه‌رو بێ که‌سی وه‌کو کوردیان خستۆته‌ تاریکستانه‌وه‌و ووڵاتی جوانی کوردستانیان کردووه‌ به‌ هاوڕێی ئه‌فغانستان و سۆماڵ و ئه‌سیوبیا، تازه‌ به‌ تازه‌ش خه‌ڵکی هان ده‌ده‌ن کلتوری سه‌قه‌تی سه‌ده‌یه‌ک له‌وه‌و پێش بهێڵنه‌وه‌ که‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌ .. هه‌ر بینینی ئه‌م وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌موو پیرۆزی یه‌کی مرۆڤ ناهێڵێ و به‌ڕاستی ئه‌م کاره‌ کاری بوونه‌وه‌رانی جه‌نگه‌ڵیش نی یه‌ ..‌ له‌باتی نان و ئازادی بۆ مرۆڤی هیلاک و برسی و به‌دبه‌خت دابین بکه‌ن خه‌ڵکی به‌کاری نامرۆڤانه‌وه‌ سه‌رگه‌رم ده‌که‌ن، زۆر به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم دنیای سیکۆلارو زانست و مرۆڤ دۆستان گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌رووی ئاسمان که‌چی ئێمه‌ له‌ دووای دواوه‌ی کاروانه‌که‌ین و ئه‌وه‌ حاڵمانه. هه‌رجارێکیش که‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ببین به‌ ده‌ووڵه‌ت یان نیمچه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی خۆیی بێ یه‌ک و دوو تێکمان داووه‌و دووبه‌ره‌کی و سێ به‌ره‌کی شایه‌تی ئه‌م بارو گوزه‌رانه‌ی کوردانه‌و لاپه‌ڕه‌کانی مێژووش بۆ داماوی گه‌لی سته‌م دیده‌ی کورد خۆیان ده‌دوێن پێویست به‌به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌و شایه‌تحاڵی ناکه‌ن. به‌ڵگه‌کانیش ئاشکران و ده‌زانین که‌ کلکمان به‌ده‌ست کێوه‌یه‌ یان بێجگه‌ له‌دووژمنی خۆمان به‌ ده‌ستی کێی تره‌وه‌یه‌ و ‌ناتوانین خۆمان به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی خۆمان بکه‌ین بۆیه‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵه‌ی به‌ناو ئازادی باشووری کوردستان باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌و لاوازی یه‌.‌ هه‌موو کورد چاوه‌ڕێی باشوور بوو که‌ ده‌روازه‌یه‌کی ژیان و هه‌ناسه‌ بێت بۆ به‌شه‌ له‌تکراوو زووڵم لێکراوه‌که‌ی به‌شه‌کانی تری کوردستان، به‌ڵام نه‌ نان و نه‌ ئازادی و نه‌ په‌روه‌رده‌و نه‌ ژیان بوونی هه‌یه‌‌ له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا.‌ ته‌نها بۆ کۆمه‌ڵێک که‌ نزیکن له‌خۆیانه‌وه‌ هه‌موو شتێک هه‌یه‌، ئه‌وانی تر چاویان زه‌قه‌ی یه‌ت و بێ به‌رین له‌هه‌موو مافێک . به‌ڕێوه‌بردنی ووڵات و بنچینه‌ی میری و ده‌ووڵه‌ت پێویستی به‌ خه‌ڵکانی خوێنده‌وارو ڕابووردو باش و ده‌ست پاک هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌ ئازیزه‌که‌ی باشوور هه‌تا ئێستا که‌ سه‌رده‌می گلۆبالیزم و زانستی ئاسمانه‌ که‌چی به‌داخه‌وه‌ له‌م نیشتمانه‌ به‌خت ڕه‌ش و نه‌گبه‌ته‌دا ئاغاو سه‌رمایه‌دارو شێخ و مه‌لاو دزو درۆزن ڕۆڵیان هه‌یه‌و ده‌یبه‌ن به‌ڕێووه‌. بۆیه‌ ماوه‌ی 16 ساڵ که‌ماوه‌یه‌کی زۆره‌‌ ژیان و بنچینه‌ی ده‌ووڵه‌تی پێ داده‌مه‌زرێ به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌یتوانیوه‌ که‌مترین ماف و ژیان بۆ خه‌ڵکی دابین بکات له‌و ماوه‌و‌ ته‌مه‌نه‌دا. هه‌موو ڕۆژێک درۆی نوێ یان بۆ ده‌که‌ن بۆ نمونه‌ عومه‌ر فه‌تاح هه‌موو ساڵێک ئه‌ڵێ: ساڵێکی تر کاره‌باکه‌تان بۆ چاک ده‌که‌ین.!. ته‌نها بێ ئاگاو نه‌فام و ساویلکه‌ باوه‌ڕیان پێ ده‌کات ده‌نا خه‌ڵکی ووشیار و گه‌نج و چه‌وساوه‌ی ئه‌م سیستمه‌ سه‌قه‌ته‌ هه‌موو کۆچ ده‌که‌ن به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات‌ . به‌ڕاستی له‌و کێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ کێشه‌ترو ترسناکتر ئه‌م سیستمی کۆیلایه‌تی یه‌یه‌ که‌ له‌کوردستاندا هه‌یه‌ و مرۆڤی کوردی زۆر بێ کێش و بچووک کردۆته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش بۆته‌ پشت و په‌نا بۆی.. له‌م سه‌رده‌مه‌دا که‌‌ مرۆڤی خاوه‌ن سه‌رمایه‌و بیری درۆ بۆته‌ خوداوه‌ند، مرۆڤی هه‌ژارو ساده‌ش بۆته‌ کۆیله‌ .. مرۆڤی ساده‌و ساکارو بێ که‌س ده‌بێ سوجده‌ به‌رێ ده‌نا هه‌م له‌م دنیا برسی و ڕووت و قووت ده‌بێ هه‌م له‌و دنیاش به‌ئاگری خودای ڕاسته‌قینه‌ ده‌سووتێنرێ . له‌م کاری سوکایه‌تی و سوجده‌ بردنه‌ به‌ناوی شێخایه‌تی و بنه‌ماڵه‌و ئه‌و بیروهۆشه‌ ڕزیوه‌ی که‌ته‌نها له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ دوواکه‌وتووه‌کاندا هه‌یه‌ ئابڕووی گه‌وره‌یی مرۆڤی پێ ده‌چێ و له‌کوردستاندا زۆر گرنگی پێ ده‌درێ و له‌لای ووڵاتانی پێشکه‌وتوش جێی شه‌رم و نه‌نگی یه‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی بێ توانای کوردی له‌ باشوور گرنگی به‌ ته‌کیه‌و شێخایه‌تی و بنه‌ماڵه‌و جیاوازی مرۆڤه‌کان ده‌کات و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی پارێزگاریشی لێ ده‌کات.! . به‌ڕیشی کێ ڕه‌وایه‌ مرۆڤ سووجده‌ بۆ مرۆڤ به‌رێ، ته‌نانه‌ت له‌ئاینه‌ ئاسمانی یه‌کانیشدا قه‌ده‌غه‌و حه‌رام کراوه‌، سه‌رچاوه‌ی ئاینه‌کان و‌ ویژدان و ڕۆشنبیری مرۆڤیش ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌و به‌کاری قێزه‌ون ناوی ده‌بات. مرۆڤی ژیری کورد به‌وه‌ سه‌ری ئاوساوه‌ که‌ئه‌و پارتانه‌ی ئیدعای مه‌ده‌نی یه‌ت ده‌که‌ن خۆیان هانده‌رن بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی بیرو چینایه‌تی . ئه‌وه‌نی یه‌ یه‌کێتی له‌باتی ژیان و کاره‌باو قوتابخانه‌، ته‌کیه‌ی درۆی به‌بڕی چه‌ند ملیۆن دۆلار کردۆته‌وه‌ له‌ناوچه‌ی سه‌ر سنوری چۆمان، که‌چی قوتابیانی کانی سپیلکه‌ له‌ناو کێڵگه‌ی مریشکدا ( دواجن ) وانه‌و زانست فێر ده‌بن و قوتابخانه‌یان نی یه‌..!. ئه‌مه‌ جێی سه‌رئاوسان نییه‌ له‌م ناچه‌و له‌م چه‌رخه‌دا .؟.         

زۆر کارێکی سته‌م و سه‌خت‌ و باوه‌ڕ پێ نه‌کراوه‌ له‌م سه‌رده‌می جیهانگیری و پێشکه‌وتنی زانسته‌ مرۆیی و دنیای پێشکه‌وتووی سیکۆلاره‌‌دا که‌ چه‌وسانه‌وه‌و کۆیلایه‌تی ببینرێ و بوونی هه‌بێت، ئه‌تووانم بڵێم تاوانێکی گه‌وره‌شه‌ له‌ ڕووی که‌سایه‌تی یه‌وه‌ که‌ مرۆڤ سووجده‌ بۆ مرۆڤ به‌رێت. به‌ڕای من کۆیلایه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ کارو پیشه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکه‌ که‌ هیچ که‌متر نی یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی له‌ناو چوو، که‌چی هه‌روا زوو فلیم و چیرۆکی سه‌دامیان له‌بیرچوو .!. ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی فریای خۆی بکه‌وێت ... .  

لێپرسراوێتی و کاری ده‌ووڵه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانی له‌ باری ژیان و فه‌رهه‌نگ و گوزه‌رانه‌وه‌ . ده‌با چیتر خه‌ڵک و جیهان ده‌سه‌ڵاتی شه‌لله‌لی کوردی ڕسوانه‌کات و نه‌مانخه‌نه‌ ڕیزی میلله‌ته‌ هه‌ره‌ دوواکه‌وتووه‌کانی دنیاوه‌، ده‌با به‌س بێت درۆو خه‌ڵه‌تاندن و کۆیلایه‌تی به‌ناوی ئاینه‌وه‌.. ده‌با گرنگی به‌گه‌نج بده‌ین و سه‌یری زانست و دنیای سیکۆلاری ئه‌مڕۆ بکه‌ین و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی دابین بکه‌ین بۆ خه‌ڵک. خۆتان باش ده‌زانن که‌ چی بچێنی ئه‌و ئه‌دوریته‌وه‌، جا ئیتر بۆ چاکه‌ ناچێنن..؟. خوێنه‌ری به‌ڕیز خۆت بڕیار بده‌ ئه‌وه‌ی له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌یبینی چه‌ند نمره‌ی شه‌رمی بۆ داده‌نێی .؟.

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.