Ö:: كۆڕیادێك له‌ بیره‌وه‌ریی‌ 3ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 77ی‌ خه‌ڵكی‌ سنه‌‌و یه‌كساڵه‌ی‌ كوشتاری‌ خه‌ڵكی‌ ماكۆدا

 

كۆڕیادێك له‌ بیره‌وه‌ریی‌ 3ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 77ی‌ خه‌ڵكی‌ سنه‌‌و یه‌كساڵه‌ی‌ كوشتاری‌ خه‌ڵكی‌ ماكۆدا
به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌رزڕاگرتنی‌ یاد‌وبیره‌وه‌ریی ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕینی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ كۆتایی‌ رێبه‌ندان‌و سه‌ره‌تای‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 1377‌و بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ ساڵی‌پاری‌ شاری‌ ماكۆ، رۆژی‌ چوارشه‌مه‌ 2ی‌ ره‌شه‌مه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سالۆنه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆڕیادێك به‌ڕێوه‌ چوو.

ئه‌م كۆڕیاده‌ كه‌ به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌‌و زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ڕێبه‌ریی‌ حیزب‌و ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب تێی‌دا به‌شدار بوون كاتژمێر 10ی‌ به‌یانیی‌ رۆژی‌ 2ی‌ ڕه‌شه‌مه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ سروودی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ "ئه‌ی‌ ڕه‌قیب" ‌و راگرتنی‌ ساتێك بێ‌ده‌نگی‌ بۆ رێزگرتن له‌ گیانی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان ده‌ستی‌پێ‌كرد.

 سه‌ره‌تا به‌ڕێز حه‌سه‌ن قادرزاده‌ ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، په‌یامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ی‌ خوێنده‌وه‌. پاشان كاك مسته‌فا مه‌عرووفی‌ وتارێكی‌ له‌ژێر ناوی‌ له‌ "بیره‌وه‌ریی‌ دوو رووداوی‌ تاڵدا" پێشكه‌ش به‌ به‌شداران كرد. مه‌عرووفی‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا وێڕای‌ ئاماژه‌ به‌ پێكهاته‌ی‌ حه‌ره‌كه‌ته‌ جه‌ماوه‌ری‌یه‌كانی‌ ئه‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی‌ كوردستان‌و به‌تایبه‌ت حه‌ره‌كه‌ته‌ ئیعترازی‌یه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ دوو شاری‌ سنه‌‌و ماكۆ، گشتگیر بوونی‌ ئه‌م جۆره‌ حه‌ره‌كه‌تانه‌ی‌ به‌سته‌وه‌ به‌به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ شعووری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.

 له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆریاده‌كه‌دا په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، له‌لایه‌ن كاك ڕه‌حمان سه‌لیمی‌ سكرتێری‌ ئه‌م  یه‌كیه‌تی‌یه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌.

" ئه‌و بنه‌ما فكری‌یانه‌ی‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ توندوتیژی‌ له‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێراندا" سه‌ردێڕی‌ بابه‌تێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆڕیاده‌كه‌ بوو كه‌ له‌لایه‌ن كاك ره‌سووڵ سوڵتانی‌یه‌وه‌، خوێندرایه‌وه‌. سوڵتانی‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا وێڕای‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ زانستیانه‌ی‌ بیری‌ ته‌نیاخۆبینین‌و هه‌وڵدان بۆ حه‌زفی‌ دژه‌به‌ران له‌لایه‌ن سیستمی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌‌و ئیدئولۆژیی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌یه‌وه‌، باسی‌ له‌و بنه‌ما فیكرییانه‌ی‌ سیستمی‌ سیاسی‌‌و به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ رێژیم كرد كه‌ كاره‌ساتگه‌لێكی‌ وه‌ك رووداوی‌ 3ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 77ی‌ سنه‌‌و 84ی‌ مه‌هاباد‌و ماكۆ ده‌خوڵقێنن.

له‌ بڕگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ به‌رنامه‌كه‌دا خاتوو نه‌سرین حه‌داد، ئه‌ندامی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، په‌یامی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ی‌ خوێنده‌وه‌.

ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ درووستبوونی‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ گشتگیری‌ وه‌ك حه‌ره‌كه‌ته‌ ئیعترازی‌یه‌كانی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵانه‌ی‌ دوایی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان نێوه‌رۆكی‌ باسێك بوون كه‌ دوایین بڕگه‌ی‌ كۆڕیادی‌ 3ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 77ی‌ سنه‌‌و 27ی‌ رێبه‌ندانی‌ 84ی‌ ماكۆی‌ له‌خۆده‌گرت‌و له‌لایه‌ن كاك رامبود لوتفپووری‌یه‌وه‌ باسی‌ له‌سه‌ر كرا.

لوتفپووری‌ له‌سه‌ره‌تای‌ باسه‌كه‌یدا پێناسه‌یه‌كی‌ له‌ راپه‌ڕین‌و جه‌ماوه‌ری‌ بوونی‌ حه‌ره‌كه‌ته‌كانی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ شاره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان خسته‌ڕوو‌و تیشكی‌ خسته‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ وه‌ها راپه‌ڕین‌و بزووتنه‌وه‌یی‌كی‌ گشتگیر دروست ده‌كه‌ن.

رامبود لوتفپووری‌ له‌ دواین به‌شی‌ قسه‌كانیدا باسێكی‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی‌ حیزبه‌ كوردی‌یه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌م شێوه‌ خه‌باتانه‌دا كرد‌و پێی‌وابوو كه‌ هێز‌و لایه‌نه‌ سیاسی‌یه‌كان وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه‌ رێبه‌رایه‌تیی‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌ نوێیانه‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌ن.

دوای‌ كۆتایی‌ باسه‌كه‌ هه‌ردوو به‌ڕێزان مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌‌و كاك فه‌تاح كاویان راوبۆچوونی‌ خۆیان سه‌باره‌ت به‌ باسه‌كه‌ی‌ كاك رامبۆد پێشكه‌ش كرد.

شایانی‌ ئاماژه‌ پێ‌كرانه‌ كه‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی‌ دوو زاراوه‌ی‌ "رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان" ‌و "كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات" چه‌ند تێبینی‌یه‌كی‌ باس كرد‌و گوتی‌ به‌كارهێنانی‌ "كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات" له‌جێی‌ خۆیدا نیه‌‌و ته‌عبیر له‌و واقیعه‌ جوغرافیایی‌یه‌ی‌ كوردستان ناكات كه‌ پێمان وایه‌ كوردستان واحدێكی‌ یه‌كپارچه‌ی‌ سیاسی‌ ـ جوغرافیای‌یه‌. له‌جێی‌ خۆیدا دروست ئه‌وه‌یه‌ "ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان" له‌ نووسین‌و قسه‌كانماندا به‌كاربێنین.

ئه‌م كۆڕیاده‌ ماوه‌ی‌ 2 كاتژمێری‌ خایاند‌و كاتژمێر 12ی‌ نیوه‌ڕۆ كۆتایی‌ به‌ كاره‌كانی‌ هێنا.








 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.