Ö:: کورد له‌ دین‌و چیرۆک‌و ئه‌فسانه‌کاندا به‌شی1

نووسینی: عه‌بدوڵڵا ئیبراهیمی

کورد له‌ دین‌و چیرۆک‌و ئه‌فسانه‌کاندا.
به‌شی1

خوێنه‌رانی به‌ڕێز: ئه‌و بابه‌ته‌م بۆ زنجیره‌نووسینێکی مێژوویی ئاماده‌کردووه‌ که‌ پێشه‌کی‌یه‌که‌م له‌ژێر سه‌ردێڕی (لێکۆڵینه‌وه‌و ڕوونکردنه‌وه‌ی مێژوویی له‌سه‌ر کوردو کوردستان) بڵاو کرده‌وه‌ که‌ له‌ هێندێک له‌ سایته‌کان هه‌ر به‌ناوی مێژوو بڵاوبۆوه‌. له‌گه‌ڵ سپاس بۆ ئه‌و سایتانه‌ی بابه‌ته‌که‌یان بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌شی یێکه‌می بابه‌تی دووهه‌می زنجیره‌که‌تان ده‌خه‌مه‌ به‌رچاو. سپاسی ئه‌وکه‌سانه‌ش ده‌که‌م که‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردنی بابه‌ته‌که‌ یاریده‌م بده‌ن. ئه‌و بابه‌تانه‌م هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ گێڕانه‌وه‌ی بابه‌ته‌ کۆنه‌کان نیه‌، به‌ڵکوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم ڕاستکردنه‌وه‌ی شێوێندراوه‌کان‌و ئه‌و به‌راوه‌ژووکردنه‌وانه‌ن که‌ مێژوونووسان به‌ مه‌به‌ست یا بێ مه‌به‌ست‌و ته‌نیا به‌هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی له‌ مێژووی کۆنی گه‌له‌که‌ماندا پێکیان هێناوه‌. هێوادارم بتوانم به‌و سه‌رچاوه‌ که‌مانه‌ی له‌ بارودۆخی دووره‌وڵاتی‌و ده‌ست وێڕانه‌گه‌یشتن به‌ سه‌ررچاوه‌ی به‌س‌و باش بۆ ئه‌وکاره‌، له‌به‌رده‌ستم دان، خزمه‌تێکی شیاوم به‌مێژووی گه‌له‌که‌م کردبێ. هیوادارم ماندووتان نه‌کا‌و پشوو له‌سه‌ره‌خۆیی بیخوێننه‌وه‌، چونکه‌ له‌ نووسینه‌که‌مدا، زۆر جێگا هه‌ڵه‌ی مێژووییم به‌وبه‌ڵگانه‌ی که‌وتوونه‌ ده‌ستم، ڕاست کردوونه‌وه‌، جا با ئه‌و شێواندنه‌ له‌ ئه‌فسانه‌ مێژوویی‌یه‌کانی گه‌لی کوردیشدا هاتبێته‌ پێش. بۆ هه‌ر ڕێنوێنی‌و ڕه‌خنه‌یه‌کی به‌جێش ملم له‌مووی باریکتره‌!

به‌شی 1

بێگومان ئه‌فسانه‌و چیرۆکی کۆن ده‌توانن نوێنه‌ری هێندێک ڕووداوی ڕاسته‌قینه‌ بن که‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ که‌وتوونه‌ سه‌ر زارو زمانان، یا باشتر بڵێین له‌به‌ر که‌م بوونی باری خوێنده‌واری‌و به‌سێنه‌یی نه‌گونجانی نووسین، ڕووداوه‌کانی گرنگی په‌یوه‌ندیدار به‌ گه‌لان به‌شێوه‌ی چیرۆک‌و ئه‌فسانه‌ ده‌رهاتوون‌و سینگ به‌ سینگ گوتراونه‌وه‌و ئاوا بۆ زانینی داهاتووان ڕاگیراون. ئه‌و چیرۆکانه،‌ نه‌وه‌ به‌نه‌وه‌‌‌و زاربه‌زار شتیان پێوه‌ زیاد بووه‌. له‌وبواره‌دا خه‌ڵک حه‌زو ئاواته‌کانی خۆشیان تێکه‌ڵاو کردوون‌‌و قاره‌مانانی چیرۆکه‌کانیان به‌پێی ئه‌و حه‌زو ئاواتانه‌ داڕشتوونه‌وه‌‌‌و سیمای خۆشه‌ویستی‌و ناخۆشه‌ویستیی خۆیانیان به‌پێی ده‌وری چاک یا خراپی پاڵه‌وان له‌ داستانه‌که‌دا پێ‌‌به‌خشیون، به‌ڵام جه‌و‌هه‌رو چوارچێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌‌کان نه‌سڕاونه‌وه‌.  کورده‌کان هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ مێژووی خۆیان زاربه‌زار به‌ به‌یت گێڕاوه‌ته‌وه‌‌و بۆ داهاتووانیان پارستووه‌.

سرووده‌کانی زه‌رده‌شتیش به‌شێکن له‌و به‌یتانه‌ که‌ زۆر شتمان له‌سه‌ر ڕابردووی گه‌له‌که‌مان به‌هه‌موو باره‌کانیدا بۆ به‌یان ده‌که‌ن. ڕاسته‌ که‌ ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدوونی ئاوێستای سووتاند، به‌ڵام خۆ ده‌بوو لانی که‌م زانایانی ئایینی زار به‌زاریش بێ به‌یته‌کانی‌یان بۆ ئێمه‌ هێشتبێته‌وه‌. ئه‌دی ‌چۆنه‌ ئاوێستا به‌به‌یتیش بۆ ئێستا نه‌ماونه‌وه‌و له‌بیر براوه‌ته‌وه؟ بێگومان به‌شێک له‌و به‌یتانه‌ تا زه‌مانی ئه‌شکانی‌و ساسانی‌یان مابوونه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وان په‌شته‌کانیان له‌و به‌یتانه‌ڕا زیندوو کردوونه‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌وانیش به‌داخه‌وه‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستیان تێوه‌رداون‌و ته‌نانه‌ت زۆر له‌ ناوو شوێنه‌کانیشیان گۆڕیون، به‌ڵام ئاوا به‌ ده‌ست تێوه‌ردراوی‌و نیوه‌چڵیش ماکی شته‌کان هه‌ر مابوونه‌وه‌و ده‌کرا هێندێکی هه‌ر به‌ئێمه‌ بگات.

به‌ هاتنی دینی ئیسلام، ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستکاری کراوه‌ش نه‌مان‌و له‌بیربرانه‌وه‌، چونکه‌ له‌شکری ئیسلام پاش داگیرکردنی پێته‌ختی ساسانی‌یان هه‌موو کتێبه‌کانی سووتاندن. ئاوا ئه‌وه‌نده‌ی ساسانی‌و ئه‌شکانی‌یانیش به‌نووسراوه‌ - هه‌رچه‌نده‌ به‌ نیوه‌چڵی - ساغیان کردبۆوه‌، له‌ناوچوو. دوای په‌ره‌گرتنی ئیسلام، ته‌نانه‌ت گێڕانه‌وه‌‌که‌ش که‌وته‌ ژێر سانسۆڕێکی ئوولی، چونکه‌ کوتنه‌وه‌یان‌ به‌ کوفرو دژی یاسای ئیسلام زانراوه‌. ته‌نانه‌ت یه‌زیدی‌یه‌کانیش له‌ژێر گوشاری موسوڵمانان‌و زاڵبوونی ئیسلامدا تا ڕاده‌یه‌ک که‌وتنه‌ ژێر کارتێکردنی ئه‌و بۆچوونه‌. ئه‌وگوشاره‌ هه‌ر وه‌ها تاڕاده‌یه‌ک گۆڕانی له‌دینه‌که‌شیاندا پێکهێناو ئاوا گێڕانه‌وه‌ زاره‌کی‌یه‌کانیشی به‌بای فه‌رامۆشی ئه‌سپێردران.

کۆنترین باسی په‌یوه‌ندیدار له‌سه‌ر مێژووی کوردستان، له‌ ئاوێستادا هاتووه‌. پاشان به‌که‌لک وه‌رگرتن له‌ ناوه‌رۆکی ئه‌و کتێبه‌، زۆر بابه‌ت نووسراون که‌گرنگترینیان ئه‌و به‌شانه‌ی ئاوێستان که‌ له‌ سه‌رده‌می ساسانی‌یه‌کاندا ساغ کراونه‌وه‌و به‌ زمانی په‌هله‌وی نووسراونه‌وه‌. دوای ئیسلام چه‌ند که‌س ویستوویانه‌ بۆمێژووی ئێرانی کۆن شتێکی لێ ساغ که‌نه‌وه‌. به‌نێوبانگترین به‌رهه‌می ئه‌و تێکۆشانه‌، شانامه‌ی فیرده‌وسی‌یه‌ که‌ هه‌روه‌ک له‌ پێشه‌کیدا باس کرا، چونکه‌ زۆرتر به‌مه‌به‌ستی هاندانی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی فارس‌‌و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی زاڵی تورک‌و عه‌ره‌ب به‌سه‌ر ژینگه‌ی فارسه‌کاندا نووسراوه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌ ڕاستی‌یه‌کان وه‌دوور که‌وتۆته‌وه‌و گۆڕانکاریی زۆری له‌ ناو، ناوه‌رۆک‌و شوێن‌و ته‌نانه‌ت سه‌رده‌می ڕووداوه‌کاندا پێکهێناوه‌. ئه‌وه‌‌ش نرخه‌ مێژوویی‌یه‌که‌ی زۆر دێنێته‌ خوار. بۆیه‌ ناچارین ئه‌وبه‌شه‌ زۆرتر به‌وه‌ی ساغ که‌ینه‌وه که‌ ‌له‌ سه‌رچاوه‌ په‌هله‌وی‌یه‌کان‌و ئاوێستا وه‌ده‌ستمان که‌وتوون.   

 کۆنترین خوذاینامه‌‌ دوازده‌یه‌مین به‌شی ئاڤێستا بووه‌ که‌ له‌ سه‌ده‌ی سێهه‌می کۆچیش واته‌ له‌زه‌مانی ”آنزفرن بغ“ نووسه‌ری دین کورد دا هه‌بووه‌. له‌‌سه‌رده‌می ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدوونی‌دا کتێبه‌کانی ئێرانی‌یان‌و له‌وانه‌ش ئاوێستا له‌ کۆشکی شایانی هه‌خامه‌نشیدا ئاگریان تێبه‌ربووه‌. ئاوێستا‌ به‌ وته‌ی پوولین مێژوونووسی ڕۆمیی سه‌ده‌ی یه‌که‌می زایینی دوو میلیۆن شێعری تێدابوو و به‌ پێی سه‌رچاوه‌کانی په‌هله‌وی‌و عه‌ره‌بی دوازده‌هه‌زار جڵد بووه‌.

ئه‌شکانیان‌‌و ساسانیان له‌ هێندێک له‌ نووسراوه‌کانی به‌جێماوو له‌ زاری ئه‌فسانه‌و چیرۆکبێژان ڕا هێندێک کتێبیان به‌زمانی په‌هله‌وی نووسی. عه‌ره‌به‌کان که‌ هاتنه‌ ئێران‌و خه‌ڵکیان موسوڵمان کردن، ئه‌و کتێبانه‌یان به‌ کتێبی کافران دانان‌و سووتاندیانن. به‌خۆشێ‌یه‌وه‌ خوذای نامه‌ک له‌ به‌ڵای عه‌ره‌بان به‌دوور مابۆوه‌. له‌ ساڵی 346ی کۆچی، چه‌ند شاعیری به‌ناوبانگ‌و شاره‌زا له‌ حه‌ماسه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌فه‌رمانی سپاسالاری خوڕاسان (ئه‌بوومه‌نسووری کوڕی محه‌ممه‌دی کوڕی عه‌بدولڕه‌ززاقی تووسی)، خوذای نامه‌کیان  کرده‌فارسی‌و ئاگاداری‌یه‌کانی خۆشیان خسته‌ سه‌رو به‌ناوی شانامه‌ی ئه‌بوومه‌نسووری کتێبێکیان نووسی. چه‌ندساڵ دواتر فیرده‌وسی به‌که‌لک وه‌رگرتن له‌و کتێبه‌ بۆ هاندانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی‌یان چیرۆک‌‌و ئه‌فسانه‌کانی له‌گه‌ڵ خه‌یاڵاتی شاعیرانه‌ تێکه‌ڵ کردن‌و ناوی نا شانامه‌. ناوه‌کانی شانامه‌ هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئه‌سڵیان به‌ته‌واوی یێک ناگرنه‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی جێگای ڕووداوه‌کانیش به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ن.‌ ناوی پادشایانی ئاوێستاش له‌گه‌ڵ ئی پادشا‌کانی شانامه‌و خوذای‌نامه‌ک یێک ناگرنه‌وه‌. له‌ نووسراوه‌کانی ئاوێستا ڕا دیاره‌ که‌ ئه‌وان پادشایانی تایفه‌کانی ڕۆژئاوا‌و باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی ئاریاکانن‌. گۆڕه‌پانی زۆربه‌ی ڕووداوه‌کان ده‌وری گۆلی چیچێست (ورمێ)و گۆلی هوئسره‌وه (وان)، واته‌ له‌ ناوچه‌ی له‌دایکبوونی زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ری ئاریان بووه‌. فیرده‌وسی شوێنی پادشایه‌تیی که‌یانی‌یه‌کانی له‌ کوردستانه‌وه‌ له‌ به‌لخی (‌نیزیک خاپوور له‌ باکووری ڕۆژئاوای کوردستان) بۆ ئه‌فغانستان (باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران) گۆڕیوه‌و ته‌نانه‌ت باخته‌ریشی که‌ به‌واتای ڕۆژ ئاوایه‌، کردۆته‌ ڕۆژهه‌‌ڵاتی ئێران. ئه‌و گۆڕانکاری‌یه‌‌ بێگومان له‌ژێر کارتێکردنی دوو هۆکاردا پێکهاتووه‌. یێکێکیان له‌ گۆڕنکاری‌یه‌کانی پێشووڕا که‌ ڕابردووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می زیندووکردنه‌وه‌و ساغکردنه‌وه‌ی ئاوێستا واته‌ چاخی هه‌خامه‌نشی‌یان‌و دواتریش ئه‌شکانی‌یان‌و ساسانی‌یان. چه‌ندین سه‌ده‌ دواتر، دوکتۆر موحه‌ممه‌دی موعین له‌ فه‌رهه‌نگه‌که‌یدا هه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌ی دووپات ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێ: ” ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ ئاڤێستادا به‌ (ئه‌پاخته‌ر) هاتووه‌‌‌و له‌ په‌هله‌ویشدا هه‌ر وای پێوْتراوه‌‌و به ‌شوێنی ‌ئه‌هریمه‌نان‌ناسراوه‌. له‌فارسیدا به‌واتای ڕۆژهه‌ڵاتیش ده‌کار کراوه.“ ‌ ئه‌و ده‌کارکردنه‌‌ به‌ته‌واوی ناڕاسته‌، چونکه‌ ڕۆژئاوا سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی تاریکی‌‌یه‌که‌ زۆرتر له‌گه‌ڵ سروشتی ‌ئه‌هریمه‌ن ته‌بایه‌ نه‌ک ڕۆژهه‌ڵات که‌ دستپێکردنی ڕووناکی‌و ڕه‌وینه‌وه‌ی تاریکی‌یه‌. ئه‌وڕۆش له‌ فارسیدا باخته‌ر هه‌ر به‌‌واتای ڕۆژئاوا ده‌کار ده‌کرێ‌و پێچه‌وانه‌که‌شی خاوه‌ره‌ که‌ ده‌بێته‌ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌و بۆچوونه‌ی موعین‌و ... هه‌ر له‌و شێواندنه‌ی فیرده‌وسی‌‌و... ‌ڕا هاتووه‌. 

پڕۆفسۆر سپایزێر ده‌ڵێ: ”میتانی‌یه‌کان لکێکن له‌ سووبارۆیه‌کان... میتانی‌یه‌کان له‌ فه‌ڕاتی ناوه‌ندی، ده‌ڤه‌ری به‌لخ‌و خاپوور، نیشته‌جێ بوونه‌و ...“ که‌واته‌ دوو به‌لخمان هه‌نه‌: یێکێکیان له‌ ڕۆژئاوا (واته‌ باخته‌ر‌)ی بانووی ئێران‌و له‌ نیشتمانی یێکێک له‌ به‌ده‌دسته‌ڵات ترین تایفه‌ی کوردان هه‌ڵکه‌وتووه‌‌و ئه‌وی دیکه‌ش، که‌ ‌نازانین چۆن ناوی باخته‌ری که‌وتۆته‌سه‌ر، له‌ ڕۆژهه‌ڵات (واته‌ خاوه‌ر)ی باکووری ئێران‌‌و دوور له‌ وڵاتی پارسان هه‌ڵکه‌وتووه‌. ئه‌و به‌لخه‌ش‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی گه‌لی پارته‌، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک ماده‌کان، گه‌لێکی دیکه‌ی ئێرانی‌و جیا له‌ پارس‌و ته‌نانه‌ت له‌ زماندا زۆر له‌ ماده‌کان نیزیکتر بوون. وێده‌چێ ئه‌و ناوه‌ هه‌ڵه‌یه‌ به‌هۆی ناوی شاری (به‌لخ)ه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی سازکرابێ. نیشانه‌ی زۆر ئاشکرای ئه‌و جێگۆڕکێ‌یانه‌ به‌ چه‌ند شوێنی شانامه‌وه‌ دیارن که‌ نیشان ده‌ده‌ن فیرده‌وسی به‌مه‌به‌ست یا بێ مه‌به‌ست ئه‌وکاره‌ی کردووه‌، به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێن درۆزن فه‌رامۆشکاره‌، ئه‌ویش له‌ ڕیزکردنی ڕووداوه‌کاندا زۆر شتی کوتوون که‌ نیشان ده‌ده‌ن شوێنی ڕووداوه‌کان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ن که‌ له‌ شانامه‌دا هاتوون. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکوو که‌سایه‌تی‌یه‌کانیشی به‌بێ وه‌به‌رچاوگرتنی کاته‌ مێژوویی‌یه‌کان گۆڕیون‌و تێکه‌ڵی کردوون. مێژوونووسانی فارسیش‌و ئه‌و مێژوونووسه‌ ئوڕووپایی‌یانه‌ش که‌ بیستتنه‌کانیان زۆرتر له‌ زمانی فارسه‌کان (یا ڕه‌گه‌ز‌په‌رستانی پارس) ڕا بووه،‌ - که‌به‌ته‌واوی جێگای گومانن - به‌که‌لک وه‌رگرتن له‌ شانامه‌ بۆ شێواندنی مێژوو و کردنه‌وه‌ یێکی که‌یانی‌یان‌و هه‌خامه‌نشی‌یان هه‌وڵیان داوه‌.

 یێکێک له‌ دابه‌کانی کۆنی کوردان‌ ئه‌وه‌بووه‌ که‌ شه‌ڕوکێشه‌ی باب‌وباپیرانی خۆیان به‌شێوه‌ی چیرۆک‌و به‌یت گێڕاوه‌ته‌وه‌. گۆرانی (به‌یت‌و حه‌یران‌و لاوک‌و...) ی کوردی مێژوویه‌کی گێانداره.‌ ‌له‌ڕاستیدا کورده‌کان به‌ گۆرانی ‌ سه‌تا شێستی ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌. له‌زه‌مانی زۆر کۆندا که‌ سه‌واد نه‌بوو، ئه‌وان به‌سه‌رهاتی شاو پاڵه‌وانانی خۆیان ئاوا له‌ کۆڕو دانیشتنه‌کانی خۆیاندا ده‌گێڕایه‌وه‌‌و له‌ له‌بیرچوونه‌وه‌ ده‌یان پاراستن. هه‌رچه‌نده‌ به‌سه‌ردا ڕابووردنی زه‌مان زۆرله‌ ناوو شوێنه‌کانی گۆڕیون، به‌ڵام هێشتاش بۆ ساغکردنه‌وه‌ی مێژوو نرخی خۆیانیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌‌و پێدا چوونه‌وه‌یان پێویسته‌.

ئه‌وه‌ی له‌ ئاسه‌واری دۆزراوه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ پاشایه‌تی‌و ده‌سته‌ڵاتی ئێران له‌ سینگی کوردستان هه‌ڵقوڵاوه‌و  له‌کۆنه‌وه‌ ئه‌و کوێستانانه‌ نیشتمانی گووتی‌یه‌کان، کووسی‌یه‌کان، ماده‌کان‌، لووللووبی‌یه‌کان‌و میتانی‌یه‌کان‌و خالدی‌یه‌کان‌و... بوونه‌. مێژووی زاگرۆسیش له‌ گووتی‌یه‌کان‌ڕا ڕوون بۆته‌وه‌.‌

به‌گێڕانه‌وه‌ی ئاوێستا پێش که‌یوومه‌رس په‌یغه‌مبه‌ران هه‌بوون که‌ پێ‌یان کوتوون (مه‌هاباد) واته‌ گه‌وره‌ ئاباد. پاشایه‌تی‌و پێغه‌مبه‌رایه‌تی‌یان له‌ سه‌رده‌می ئازه‌رئاباد کۆتایی پێهاتووه‌. ئازه‌رئاباد ده‌ستی هه‌ڵگرت‌و خه‌ریکی عیباده‌ت بوو. فیتنه‌و سه‌ربزێوی له‌ناو خه‌ڵکدا سه‌ری هه‌ڵداو، دووره‌په‌رێزێکی پاکڕه‌وشت به‌ناوی جی ئه‌فرام هه‌بوو - جی ده‌ په‌هله‌ویدا واته‌ پاک - ئاقڵان‌و ڕیش چه‌رموگانی ئه‌وکاتی داوایان لێ‌کرد ببێته‌ سه‌رۆکی حکوومه‌ت‌و دینی مه‌هاباد زیندوو کاته‌وه‌. ئه‌و له‌پێشدا نه‌یسه‌لماند، پاشان جوبڕائیل دروودی خوای له‌سه‌ربێ سه‌رۆی بۆ هێنا، ئه‌وێش ملکه‌چ بوو. جی ئه‌فرام کوڕی ئازه‌رئاباد بووه‌. ئه‌و زنجیره‌ پاشایانه‌ی له‌ نه‌سلی وانن ناویان‌ ”جیان“ه‌.

ئاوێستا کیومه‌رس به”گیه‌مه‌رت“و یێکه‌م مرۆڤ ناو ده‌باو ده‌ڵێ پاش مردنی ”مشیاو مشیانه“ واته‌ ”ئاده‌م‌و هه‌وا“ له‌ تۆوی وی هاتنه‌ دی. له‌ په‌هله‌وی‌دا ”که‌یوومه‌رد“ه‌و مێژووی یه‌هوود به‌ئی‌ تۆره‌مه‌ی ”نووح“ی ده‌زانێ. زه‌ینه‌ته‌لته‌واریخ ده‌ڵێ کوڕی ”یه‌سان ئاجام“ی نه‌وه‌ی نووحه‌. به‌پێی ئه‌و مێژووانه‌ واده‌ر ده‌که‌وێ که‌ که‌یوومه‌رس‌و گه‌له‌که‌ی له‌ده‌وروبه‌ری وڵاتی نووح بوون‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌ومه‌ی له‌وێ نیشته‌جێ بوون له‌یه‌ک ڕه‌گه‌زبوونه‌.

به‌رده‌نووسێکی سۆممێری‌یه‌کان دیتراوه‌ته‌وه‌ که‌ باسی تۆفانی نووح ده‌کا. نووح به‌ ”زیوکیدو“ ناو ده‌باو به‌”پاتزی“ خۆی داده‌نێ. تۆفانی نووح له‌ وڵاتی گووتی‌یان هه‌ستاوه‌و کووسی‌یه‌کان به‌فه‌رماندارانی خۆیانیان ده‌کوت ”پاتزی“و شوێنی کۆنی گووتی‌یه‌کانیش ”زێی کۆیه“ بووه. به‌وه‌یڕا که‌ ئاشووری‌یه‌کان به‌وتایفه‌یان ده‌کوتن ”زیکرتوو“ که‌ له‌وێ ده‌ژیان. ناچه‌یه‌کیش له‌ وڵاتیی ماد له‌ شوێنی میانه‌ی ئێستا له‌ چاخه‌کۆنه‌کاندا پێی کوتراوه‌ زیکرتوو. که‌واته‌ ئه‌گه‌ر حه‌زره‌تی نووح ‌ ”زیوکیدو“ بێ پادشای گووتی بووه‌. ئاسووری‌یه‌کان له‌ نه‌ینه‌وا واته‌ نیشتمانی نووح وه‌دیار که‌وتوون له‌ کاتێکدا که‌ کووسی‌یه‌کان له‌ بابل حکوومه‌تیان هه‌بووه‌. ئه‌وکاته‌ی‌ کووسی‌یه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر بابل داگرت، به‌شێک له‌ بابلی‌یه‌کان که‌ سامی بوون بۆلای باکوور کۆچیان کردو له‌ ناوچه‌ی نه‌ینه‌وا دامه‌زران. به‌ پێی نووسراوه‌ی دوکتۆر ”ذ. بێهر‌ووز“ له‌ ژماره‌ 8ی گۆڤاری ئێران کووده‌، ئاسه‌واری کۆنی وه‌ده‌ستهاتوو له‌ ناوچه‌ی نه‌ینه‌واو ده‌وروبه‌ری ده‌یسه‌لمێنن که‌ خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی وێ له‌کۆنه‌وه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی سۆممێری‌و خه‌ڵکی بانووی ئێران بوون. ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ بۆماوه‌یه‌کی زۆر له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی (خوتی یا گووتی، میته‌نی یا میتانی، کاشی یا کووسی) دابوون‌و خه‌ڵکه‌که‌شی ”گووتی‌و میتا‌نی“ بوونه‌.

کتێبه‌ پیرۆزه‌کانیش له‌بابه‌ت تۆفانی نووح ده‌ڵێن که‌شتیی نووح به‌پێی فه‌رمانی قوڕئانی پیرۆز له‌ کێوی جوودی‌و به‌ گوته‌ی عیسایی‌یه‌کان له‌ کێوی ئارارات نیشتووه‌. هه‌ر به‌وهۆیه‌وه‌ هێندێکان جوودی‌و ئارارات به‌ یێک ده‌زانن، ته‌نانه‌ت قامووسی (کتێبی پیرۆز، له‌ نووسین‌و وه‌رگێڕانی ”مستر هاکس“ی ئامریکایی)ش ئه‌و هه‌ڵه‌‌یه‌ی دووپات کردۆته‌وه‌و ده‌نووسێ ”ئه‌وکێوه‌ به‌رزه‌ که‌ هه‌رمه‌نی‌یان به‌ میسیس، تورکان به‌ ئاگری تاغ، ئێرانی‌یان به‌ کێوی نووح‌و زۆربه‌ی‌ ئوڕووپایی‌یان به‌ ئارارات‌و عه‌ڕه‌بان به‌ جوودی ناوی ده‌به‌ن....“  که‌چی ئارارات که‌ له‌ سنووری ئێران‌و تورکیه‌و ئه‌رمه‌نستان‌‌و جوودی که‌ له‌ سنووری تورکیه‌و عێراق‌و له‌نیزیک سووریه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌و ‌زۆر لێک دوورن‌. هه‌رتک کێویش له‌ نیشتمانی دێرینی گووتی‌یه‌کان دان. ”ئیحسان نووری پاشا“ له‌سه‌ر ڕێگای کوێستانیی ئه‌رخ - شێرناخ، که‌ نیشتمانی کارداکانه‌و له‌ باکووری جوودی هه‌ڵکه‌وتووه‌ هێندێک ئاسه‌واری دیتوون که‌ ده‌کرێ به‌ به‌ڵگه‌ بۆ بوونی تۆفانیان بزانین. ئه‌و دانه‌وێڵانه‌ی که‌ به‌هۆی تۆفان له‌نێو ئاودا ماونه‌ته‌وه‌‌و پاش نیشتنه‌وه‌ی ئاوه‌که‌ له‌نێو قوڕدا به‌جێماون، بوونه‌ته‌ به‌ردو ئه‌وڕۆش به‌شێوه‌ی سنده‌ ماون که‌ ده‌کرێ چه‌شنی دانه‌وێڵه‌کانیشیان بناسینه‌وه‌. یا ڕه‌نگه‌ ئه‌و وێنانه‌ به‌به‌ردبووی داعبای وردیله‌ش بن که‌ له‌ قوڕدا ماونه‌وه‌و له‌وێنه‌ی دانه‌وێڵه‌ خۆ ده‌نوێنن.

کێوی جوودی له‌ کوێستانه‌کانی شێرناخ، ئه‌رخ‌و گوویان له‌خوارتره‌و که‌وتۆته‌ ده‌شتایی. له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا له‌ کوێستانه‌کانی بۆتان، شه‌مزینان‌و ڕه‌واندزێ، واته‌ ئه‌و کوێستانه‌ به‌رزانه‌ی ده‌ڕواننه‌ سه‌ر ده‌شتی هه‌ولێرو جزیرێ‌و مووسڵ هێندێک زرێوار هه‌بن‌و‌ به‌ هۆی ئه‌رده‌هه‌ژ خاکی ئه‌و کوێستانانه‌ درزی تێکه‌وتبێ‌و ئاوی زرێواره‌کان له‌گه‌ڵ بارانی به‌خوڕه‌م هێرشی هێنابێته‌ ده‌شتایی‌یه‌که‌و خه‌ڵک‌و مه‌ڕوماڵاتی له‌ گه‌ڵ خۆی ڕادابێ‌و حه‌زره‌تی نووح که‌ خه‌ڵکی کوێستان‌و سه‌رۆکی خه‌ڵکه‌که‌بووه‌، هه‌ستی به‌ مه‌ترسی کردبێ‌و به‌و گه‌میه‌ی له‌ زرێباردا هه‌یبووه‌ خۆی‌و هه‌رچی له‌گه‌ڵی بووبن ده‌ربازی کردبن‌و گه‌میه‌که‌ی گه‌یشتبێته‌ ده‌شت‌و له‌ کێوی جوودی نیشتبێ‌.

له‌ ڕاستیدا چۆمی ڕه‌واندزێ پاش تێپه‌ڕین له‌ شارۆچکه‌ی ڕه‌واندزێ به‌ دۆڵێکی قووڵدا ده‌ڕوا که‌ دوولای دۆڵه‌که‌ بریتی‌یه‌ له‌ به‌ردی هه‌ڵبڕاو که‌ وادیاره‌ که‌ له‌ ئاکامی ڕووداوێکی زه‌مینی لێک جیابۆته‌وه‌و ڕێیه‌ک بۆ ئاو کراوه‌ته‌وه‌. به‌و پێ‌یه‌ بوونی که‌یوومه‌رس له‌ ڕه‌گه‌زی نووح به‌ڕاست ده‌رده‌چێ، چونکه‌ تۆفانی نووح له‌ وڵاتی گووتی‌یه‌کان ڕووی‌داوه‌.

”دائرىالمعارفی“ یه‌هوود له‌دایکبوونی ئیبڕاهیم (دخ) به‌ 1500 تا 2000ساڵ (پ.ز) ده‌نووسێ.

زنجیره‌ی‌ پێشدادیان

1- که‌یومه‌رس (gaya maratan)

یه‌که‌م پادشای ئه‌و زنجیره‌ پادشایانه‌ (که‌یوومه‌رس) بوو. ئه‌گه‌ر به‌ گوته‌ی ئاوێستا یه‌که‌م بوونه‌وه‌ری گاو مرۆڤ له‌ دوولای چۆمی ”ودائیت“ بخه‌ینه‌ به‌رچاو سه‌ره‌ڕای ئه‌فسانه‌ بوونیشی، به‌ربه‌ستێکی تێدا نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وناوه‌ به‌واتای گاو مه‌رد بسه‌لمێنین. ده‌ڵێن ئه‌و ماڵی خۆی له‌کێواندا سازکردبوو و جلکێکی له‌ پێستی پڵنگی له‌به‌ردا بوو. (ئه‌هریمه‌ن)ی دڵڕه‌ش کوڕه‌ دێوه‌که‌ی خۆی، به‌ له‌شکرێکی گرانه‌وه ‌بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی تانج‌و ته‌ختی ‌که‌یوومه‌رس، نارده‌ شه‌ڕی. (سیامه‌ک)ی کوڕی شا به‌دلێری ده‌گژ ئه‌و دێوه‌ ڕاچوو، به‌ڵام کوژرا. - له‌ ئاوێستادا سیامه‌ک به‌ کوڕی (مشیا)و نه‌وه‌ی (که‌یوومه‌رس) هاتووه‌ - (که‌یوومه‌رس) به‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ زۆر تێکچوو. ماوه‌یه‌ک له‌ ماته‌می کوڕه‌که‌یدا دانیشت‌و پاشان بڕیاری دا (هۆشه‌نگ)ی کوڕی (سیامه‌ک) بۆ تۆڵه‌ ئه‌ستاندنه‌وه‌ بنێرێته‌ شه‌ڕی دێوو ئه‌هریمه‌نه‌کان. هۆشه‌نگ قۆڵی له‌وکاره‌ هه‌ڵماڵی‌و به‌ له‌شکرێکی گه‌وره‌وه‌ چووه‌ شه‌ڕ. دێوه‌کان به‌پیسی شکان‌و هۆشه‌نگی جه‌نگاوه‌ر بکوژی باوکی دیته‌وه‌و کوشتی. له‌ ئاوێستادا چه‌ندجاران باسی که‌یوومه‌رس کراوه‌و به‌ یه‌که‌م شای جیهان‌و یه‌که‌م به‌شه‌ر ناوی براوه‌.

به‌ پێی ناوه‌رۆکی ئاویستا، که‌یوومه‌رس، یێکه‌م پادشای سه‌رزه‌مین‌و یێکه‌م که‌س بووه‌ که‌ گوێی دایه‌ گوفتارو ئامۆژگاریی ئه‌هوه‌را مه‌زداو بنه‌ماڵه‌ی پادشایانی ئاریا‌و ڕه‌گه‌زی ئاریا له‌وی پاشه‌که‌وت بوون. ئه‌و زین‌و لغاوو سواری‌و ڕستنی په‌شم‌و چنینی جلکی فێری خه‌ڵکی کرد. سی تا چل ساڵان پادشای سه‌ر زه‌مین بووه‌و ده‌ڵێن 1000 ساڵان ژیاوه‌. له‌ ئه‌فسانه‌کاندا زۆرجار ناوی قاره‌مانێک هه‌ر ته‌نیا ئی که‌سێک نیه‌. جاری وایه‌ له‌ ئه‌فسانه‌یه‌کدا ته‌مه‌نی پاشایه‌ک یا پاڵه‌وانێک ده‌یان هێنده‌ی ته‌مه‌نی مرۆڤێکی ئاسایی درێژ ده‌کرێته‌وه‌، که‌‌ زۆر ناسرووشتی‌یانه‌ دێته‌ به‌رچاو. به‌ڵام ئه‌و درێژ کردنه‌وه‌ له‌ ئه‌فسانه‌دا زۆر نائاساییش نیه‌.  کاتێک سه‌رده‌مێکی دوورودرێژی مێژوویی به‌هۆی تۆمارنه‌کرانی دروستی‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاربه‌زار گێڕدراوه‌ته‌وه‌، به‌ناوی که‌سێکی به‌ناوبانگی سه‌رده‌می خۆی بڵاو بۆته‌وه. ته‌مه‌نی سه‌رده‌مه‌که‌ش بۆته‌ ته‌مه‌نی که‌سایه‌تی‌یه‌که‌.  که‌ وابوو ناوی‌ ئه‌وکه‌سه‌ ده‌توانێ هێمایه‌ک بێ بۆ ده‌ورانێکی دورودرێژو به‌رده‌وامی نه‌گۆڕی خوازراو یا بێزراوی گه‌لێک. بۆ وێنه‌ هێندێ مێژوونووس 700ساڵ پاشایه‌تیی جه‌مشید به‌ نیشانه‌ی 725ساڵ ده‌سته‌ڵاتی گووتی‌یه‌کان به‌سه‌ر بابل‌دا (1896 – 1171 پ.ز) و 1000ساڵ ته‌مه‌نی زه‌ححاک به‌ نیشانه‌ی ده‌سته‌ڵاتی پڕ له‌خوێنڕێژی‌‌و وێرانکاریی ئاشووریه‌کان به‌سه‌ر وڵاتی کورداندا داده‌نێن.  دیاره‌ مێژووی جه‌مشیدو زه‌ححاک، که‌ له‌ ئاوێستا وه‌رگیراوه‌، زۆر له‌وه‌ کۆنتره‌و ناتوانێ ئی ئه‌‌و ‌ساڵانه‌ بێ‌و ئه‌و نموونه‌ ته‌نیا بۆ تێگه‌یشتنه‌و به‌س.

هۆشه‌نگ (هه‌ئۆشیه‌نگهه‌ – په‌ره‌زاته‌ haoshyngha - parazata)

ناوی ئه‌و پادشایه‌ به‌ هئووشه‌نگهه‌و نازناوی به‌ پێرێزات (Perezat) هاتووه‌. ‌هئووشه‌نگهه کوڕی سیامه‌ک، کوڕی مه‌شیا، کوڕی که‌یوومه‌رس‌و به‌ یه‌که‌مین پادشای سه‌رزه‌وی دانراوه‌. پێرێزات له‌ په‌هله‌ویدا‌ پشدات‌و له‌ زمانی ده‌ریدا پیشداده‌. پادشایانی پاش ئه‌وان پیشدادیانن.

پاش مردنی که‌یوومه‌رس، هۆشه‌نگ له‌جێگای له‌سه‌ر ته‌ختی دانیشت. ڕۆژێک له‌ ڕۆژان له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی خۆی به‌کێوێکدا ده‌ڕۆیی، چاوی به‌ مارێکی ڕه‌شی گه‌وره‌ی ترسناک که‌وت. خێرا به‌ردێکی تێگرت. ماره‌که‌ هه‌‌ڵات، به‌ڵام به‌رده‌که‌ وه‌ تاوێره‌ به‌ردێک که‌وت‌و برووسکه‌یه‌کی لێهه‌ستا که‌ هه‌مووی تووشی سه‌رسووڕمان کردن. ئاوا هۆشه‌نگ فێری کردنه‌وه‌ی ئاگر بوو و هه‌موو خه‌ڵکیشی فێر کرد. ئه‌وڕۆژه‌ پیرۆزه‌یان به‌ ڕۆژی جێژن داناو ناویان لێنا (سه‌ده‌). هۆشه‌نگ پاشان به‌یاریده‌ی ئاگر، ئاسنی له‌ به‌ردی ده‌رکێشاو ئاسنگه‌ریی کرده‌ پیشه‌‌و ده‌ستی کرد به‌ سازکردنی ته‌شوێ‌و مشارو ئامێری کار.

یه‌شتی پێنجه‌م ده‌ڵێ: هۆشه‌نگ له‌سه‌ر به‌رزایی کێوی هێرا (هێرا به‌رزه‌ئیتی hera berezaiti) قوربانیی بۆ خوای خاتوون (ئه‌رێدویسوور ئه‌ناهیتا aredvisur Anahita) کردووه‌و له‌به‌ری پاڕاوه‌ته‌وه‌: ”کامڕه‌واییم بده‌یه‌ ئه‌ی باشه‌که‌، ئه‌ی به‌تواناترین (ئه‌رێدویسوور) ناهید، که‌ من ببمه‌ گه‌وره‌ترین پادشای هه‌موو وڵاتان“. هۆشه‌نگ بکوژه‌که‌ی باوکی ده‌کوژێته‌وه‌و خۆی به‌ پادشای حه‌وت وڵات (قوڕنه)‌ ناوده‌با.

بێجگه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئاگرو ئاسن، زانین به‌شێوه‌ی وه‌ڕێ‌خستنی ئاوو هه‌ڵقه‌ندنی کارێز‌و پێشخستنی کشت‌وکاڵ‌و له‌هه‌موان گرنگتر دۆزینه‌وه‌ی ئاگرو هه‌روها که‌یی کردنی زۆر ئاژه‌ڵ‌و کار لێ‌کێشانیان، که‌لک وه‌رگرتن له‌ پێستیان،‌ سازکردن‌و خۆشکردنی چه‌رمیش به‌داهێنانه‌کانی ئه‌و ده‌زانن. هه‌روه‌ها باوکردنی خانووسازی‌و سازکردنی شار‌و داهێنانی زانستی ئه‌ستێره‌ناسی‌، سازکردنی شاره‌کانی دامغان‌و ئیسته‌خر به‌ کاری وی زانراون. ناوه‌ندی فه‌رمانڕه‌وایی هۆشه‌نگ ئیسته‌خر بووه‌‌و خه‌ڵک ئه‌وو (ویکه‌رت)ی برایان به‌ پێغه‌مبه‌ر ‌زانیون‌. چونکه‌ یه‌که‌مجار ئه‌و بوو که‌ دادی له‌ناو خه‌ڵکدا به‌ڕێوه‌برد، ناوی (پێشداد)ی که‌وته‌ سه‌ر. زۆربه‌ی مێژوونووسان پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی به‌ 40‌و ته‌مه‌نی به‌ 500 ساڵ ده‌زانن.

ته‌همووورس (ته‌خمه‌ ئه‌ورووپه‌ texma urrupa)

ناوی ئه‌و پادشایه‌ش له‌ ئاوێستادا ”ته‌خم ئوورووپ“و نازناوی ”ئه‌زینه‌وه‌نت“ه‌، که‌ پاشان بۆته‌ زیناوه‌ند واته‌ چه‌کدار. ”ته‌خم“ واته‌ به‌هێزو ”ئه‌زینه“ش ده‌بێ ئاسن بێ. کورده‌کان ئه‌وڕۆش ده‌ڵێن ”هه‌سن‌ (و ئاسن)“ که‌ ده‌گه‌ڵ ”ئه‌زن“ یێک شتن.

پاش مردنی (هۆشه‌نگ)، (ته‌هموورس)ی کوڕی بوو به‌ شا. ئه‌و ڕستنی په‌شمی فێری خه‌ڵکی کردو له‌ باڵندان بازو شه‌هێنی بۆڕاوێ‌و مریشک‌و که‌ڵه‌شێری بۆ که‌لک لێوه‌رگرتنی خه‌ڵکی ده‌سته‌مۆ کردن. پاش ته‌واو بوونی ئه‌وکارانه‌ ئه‌هریمه‌نی به‌ ئه‌فسوون خسته‌داوو گرتی. دێوه‌کان بۆ ڕزگارکردنی ئه‌هریمه‌ن، له‌شکرێکیان سازکردو هه‌ڵیان کوتا‌ سه‌ری. ته‌هموورس به‌ره‌نگاریان بۆوه‌و زۆری لێ کوشتن‌و زۆریشی گرتن. دێوه‌ گیراوه‌کان بۆگیانیان پاڕانه‌وه‌و په‌یمانیان دا هونه‌رێکی نوێ فێری مرۆڤ بکه‌ن. جا ته‌هموورس به‌خشینی‌و ئه‌وانیش نووسینیان فێرکرد تا فێری مرۆڤی بکات. 

له‌ ئاوێستای ئێستا له‌به‌رده‌ستدا هه‌ر چه‌ندجارێک ئاماژه‌ به‌ ته‌هموورس کراوه‌. له‌ به‌ندی دووهه‌می ئافه‌رینی زه‌رده‌شتی پێغه‌مبه‌ردا که‌ زه‌رده‌شت داوای سه‌رکه‌وتن بۆ که‌ی گه‌شتاسپ ده‌کا، ئاوا ده‌ڵێ: ”وه‌ک ته‌هموورسی ئه‌زینه‌وه‌نت چه‌کدار بی“

سه‌رچاوه‌ په‌هله‌وی‌یه‌کان نووسین‌و په‌یدابوونی خوێنده‌واری به‌کاری ته‌هموورس ده‌زانن، که‌دێوبه‌ندی پێ‌کوتراوه‌ چونکه‌ ده‌گه‌ڵ دێوان به‌شه‌ڕهاتووه‌و گرتوونی‌و ده‌ به‌ندی کردوون. ته‌هموورس خواپه‌رست‌و له‌سه‌ر دینی ئیدریس بوو و بوت په‌رستیی قه‌ده‌غه‌کرد. ڕۆژوو گرتن له‌ سه‌رده‌می ویدا بوو به‌ باو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا قاتی‌یه‌کی پیس که‌وته‌ نێو خه‌ڵک. ته‌هموورس بۆخاتری حاڵی فه‌قیرو هه‌تیوان ده‌ستووری دا ده‌وڵه‌مه‌ندان نانی شه‌وێ بخۆن‌و نانی ڕۆژێ‌یان بده‌نه‌ فه‌قیران. ماوه‌ی پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی به‌ 30 ساڵ ده‌زانن‌و ده‌ڵێن شاره‌کانی قه‌هه‌ندێز، مه‌رو، ئامول، ته‌به‌رستان، ساروویه‌و ئیسفه‌هانی سازکردووه‌.

جه‌مشید (ییمه‌ خه‌شه‌ئێته‌ yima khashaeta )

پاش مردنی (ته‌هموورس)، (جه‌مشید)ی کوڕی تانجی له‌سه‌رنا. ئه‌و تیخ‌و خۆدو زرێ‌و نێزه‌و ئامرازی دیکه‌ی شه‌ڕی له‌ ئاسن‌و جلکی نه‌رم‌و جوانی له‌ که‌تان‌و ئاوریشم سازکردن. فه‌رمانی دا دێوه‌کان ماڵ‌و گه‌رماو سازکه‌ن. ده‌ستی وه‌ میسک‌و کافوورو عوودو عه‌نبه‌ر ڕاگه‌یشت، تا مرۆڤ له‌بۆنی خۆشیان که‌لک وه‌رگرن‌و به‌ڕازی ده‌رمانی ده‌ردانی ‌زانی‌و خه‌ڵکی فێره‌ پزیشکی کردن، تا که‌س به‌ نه‌ساخی نه‌مرێ.

ناوی جه‌مشید له‌ ئاوێستادا به”یه‌م خشه‌ئیته‌“ هاتووه‌. بنه‌مای ناوه‌که‌ ”یه‌م“ه‌و ”خشه‌ئیته“ ده‌بێ ناوی بنه‌ماڵه‌ یا تایفه‌ بێ. کوڕی ”وی ونگهوت“ه‌، له‌ ئاسه‌واری سانسکریت به”یم وی وسنت“ هاتووه‌و به‌ نه‌مر ناسراوه‌. مێژوو ده‌نووسن جه‌مشید سنووری ده‌سته‌ڵاتی خۆی زۆر په‌ره‌ پێداوه‌و جیهانی گرتووه‌. سێسه‌ت ساڵ به‌سه‌ر پادشایه‌تیی جه‌مشیددا ڕابوورد، جا ئه‌وجار له‌خۆ بایی بوو‌ و له‌فه‌رمانی خوا لایداو خۆی به‌خواو ئافرانده‌ری هه‌موو بوونه‌وه‌ران داناو خوداش زه‌ححاکی به‌سه‌ردا زاڵ کردووه‌. ته‌مه‌نی جه‌مشید به‌ 700 ساڵ دانراوه‌. به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی په‌هله‌وی‌یه‌کانیش جه‌مشید 100 ساڵ له‌نه‌هێنیدا ماوه‌ته‌وه‌‌و 616 ساڵ پاشایه‌تیی کردووه‌.

خوداینامه‌ی په‌هله‌وی له‌مه‌ڕ نه‌ورۆز ده‌نووسێ: ”جه‌م فه‌رمانی دا ‌دێوان ته‌ختێکی سازکه‌ن. که‌ ته‌خته‌که‌ سازبوو له‌سه‌ری دانیشت‌و ئه‌وان خستیانه‌ سه‌ر شانیان‌و له‌ ده‌ماوه‌ندڕا بردیانه‌ بابل.“ به‌وپێ‌یه‌ ده‌رده‌که‌وێ پێته‌ختی جه‌مشید بابل بووه‌.

کتێبی ناوبراو ده‌لیلی هێناوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ: ”جه‌مشید له‌ ئه‌فسانه‌ کۆنه‌کانی ئێران ”یه‌ما“و له‌ ئی هیندی‌یه‌کان ”یاما“ی پێ‌کوتراوه‌. هه‌ردوولاش به‌ قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی ده‌زانن“ ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌مشید پادشایه‌تیی هه‌ردوولای هه‌بووه‌. ئه‌و ڕوانگه‌یه‌‌ ده‌گه‌ڵ به‌ربڵاویی سنووری ده‌سته‌ڵاتی جه‌مشید له‌و سه‌رده‌مه‌دا یه‌ک ده‌گریته‌وه‌. کتێبه‌ ئایینی‌یه‌کانی ”ووداو ئاوێستا“  گرنگی‌یه‌کی زۆریان داوه‌ به‌و پادشایه‌‌و پله‌ی نه‌مری‌یان پێداوه‌. له‌ ئاسه‌واری سانسکریت به‌یه‌که‌مین پادشای ئاریان ناسراوه‌.

میترا که‌ ناوی یه‌کێک له‌ خواکانی کاسی بوو، له‌ ئاوێستادا فریشته‌ی ڕووناکی‌یه‌و ناوی مێهر‌ له‌وی‌ڕا وه‌رگیراوه.‌

”هوم په‌شت“ی ئاوێستا له‌بابه‌ت ژیانی سه‌رده‌می جه‌مشید ده‌نووسێ: ”له‌ پادشایه‌تیی یه‌ما دنیا نه‌ زۆر سارد بوو نه‌ گه‌رم له‌نێو خه‌ڵکدا نه‌ پیری هه‌بوو نه‌ مه‌رگ‌و نه‌ ئێره‌یی‌و چاوچنۆکی که‌ ئافه‌ریده‌ی دێون. باوک‌و کوڕ که‌ پێکه‌وه‌ به‌ڕێدا ده‌ڕۆیشتن وه‌ک لاوی 15 ساڵان ده‌چوون‌و ئاوابوو ئاسایش‌و خۆشی له‌ کاتی پاشایه‌تیی یه‌ما.“ و هه‌روه‌ها کتێبی ”اوستا زمباد پشت“یش ده‌نووسێ: ”جه‌مشید ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ خۆشبه‌ختی ژیاو پاشایه‌تیی به‌سه‌ر حه‌وت وڵات‌و دێواندا کرد تا له‌ ڕاستی لای‌داو درۆی کرده‌ پیشه‌و نووری خوای لێ‌دوورکه‌وته‌وه، ‌بوو به‌ باڵنده‌و هه‌ڵفڕی‌و گه‌یشته‌ خۆرو جه‌مشید ئاواره‌و په‌رێشان بوو و سه‌ره‌نجام ئه‌ژی ده‌هاک گرتی‌و ئه‌سپیت یوره‌ که‌ برای جه‌مشید بوو کردی‌یه‌ دووله‌ت“.

‌ناوی جه‌مشید ده‌ ئه‌ده‌بیاتی سانسکریت دا هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ ”یه‌می“ وه‌ک یه‌که‌م جووتی مرۆڤ ناسراون. جه‌نگه‌ی پادشایه‌تیی جه‌مشید سه‌رده‌می زێڕینی مێژووی وڵاتی ئاریاکانه‌و ناوی جه‌مشید له‌ گاته‌کان‌و له‌یه‌شته‌کانی 5و 9و 13و 17و 19 دا ده‌که‌وێته‌ به‌رچاو. له‌ یه‌شتی 15 ده‌ڵێ: ”له‌کاتێکدا که‌ له‌ ترۆپکی ئه‌لبورزدا له‌سه‌ر ته‌ختی زێڕین دانیشتووه‌و پاڵی داوه‌ته‌ باڵنجی زێڕنیگار، ئیزه‌د (وه‌یوو vayu)ی هه‌واو با په‌سن ده‌دات‌و داوای لێده‌کا : ”ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌م بده‌یه‌ ئه‌ی زه‌بربه‌ده‌ست که له‌ناو له‌دایکبووانی مرۆڤدا به‌ڕێزترینیان بم، له‌نێو خه‌ڵکدا وه‌ک ڕۆژێ بم، که‌ له ‌پاشایه‌تیی ‌خۆمدا ئاژه‌ڵه‌به‌رزه‌‌و مرۆف ڕاوه‌ستاو که‌م، ئاوو گیایان والێ‌بکه‌م هه‌رگیز وشک نه‌بن‌و مرۆڤ خواردنی بێ‌زیان بخۆن.“ له‌ یه‌شتی 17شدا ئاوا هاتووه‌: ”جه‌مشید هه‌ر به‌و تایبه‌تمه‌ندی‌‌یه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌نیازه‌ ژینی خۆ‌ی خۆش‌و له‌ئاژاوه‌و زیان به‌دوور کات. ئه‌وجار ده‌چێته‌ سه‌ر کێوی هێرا (ئه‌لبورز)و په‌سنی (ئه‌شی وه‌نگووهی Ashi wanguhi) خوای سامان‌و دارایی ده‌کاو داوای لێده‌کا توانایی پێ‌بدرێ تا بۆ خه‌ڵک مێگه‌لی دابه‌سته‌ به‌رهه‌م بێنێ. داواده‌کا مردن نه‌مێنێ‌و ژیان هه‌میشه‌یی بێ‌و برسیایه‌تی‌و تینوایه‌تی نه‌بێ.“

له‌ کتێبی سێهه‌می دینکوردیشدا به‌جه‌مشید هه‌ڵاکوتراوه‌و له‌گه‌ڵ شا گه‌شتاسب هه‌ڵسه‌نگێندراوه‌. له‌ کتێبی حه‌وته‌می دینکورد دا باسی‌ هه‌نگاوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کانی جه‌مشید له‌مه‌ڕ دابه‌شکردنی خه‌ڵک به‌چوار چین؛ ئایینی‌یه‌کان، جه‌نگاوه‌ران، پیشه‌سازان، وه‌رزێڕان کراوه‌.

له‌ ئه‌ده‌بیاتی سانسکریتدا جه‌مشید یێکێک له‌ خوایانی گه‌لی هیندو ئوڕووپایی بووه‌ به‌ڵام پاش جیابوونه‌وه‌ی هیندی‌یان‌، له‌ ”ئاوێستا“و ”وێدا“ دا بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ر هێنراوه‌ته‌ گۆڕێ. مێژوونووسانیش له‌ نووسراوه‌کانی په‌هله‌وی یا وه‌رگێڕاوه‌کانی که‌لکیان وه‌رگرتووه‌. هێندێکان ده‌ڵێن جه‌مشید زانستی پزیشکیی داهێناوه‌و گه‌رماویش هه‌ر ئه‌و فیری خه‌ڵکیی کردووه‌. ئه‌و یه‌که‌م که‌س بووه‌ که‌ ڕێگاوبانی به‌ کێوو ده‌شتدا ڕاکێشاوه‌و شه‌رابی ترێ له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا سازکراوه‌. مێژوونووسان هێندێکیان پادشایه‌تیی جه‌مشید به‌ 700‌و هێندێکیش به‌ 612 ساڵ‌و گشتیان ته‌مه‌نی به‌ هه‌زارساڵ ده‌زانن.

ئه‌فسانه‌یه‌کی کوردی ده‌ڵێ، خوای ”بڵ Bll“ یا خوای دۆڵی قووڵ، له‌ودیاری‌یانه‌ی به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ بۆ شا جه‌مشیدی که‌یانیی ناردن، یێکێکیان مه‌لێکی قسه‌که‌ر بوو به‌ناوی ”که‌رکووک Karkuk“و یێکێکیشیان گیای پیرۆزی ”که‌رکۆ Kerkow “بوو. جه‌مشیدیش بۆ ڕاگرتنیان کۆشکێکی باشی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌کی ئاگر‌ سازکردو ”شه‌ماڵ“ (خوای بای ئارامی به‌هاری)ی کرده‌ به‌رپرسی پاراستنیان. به‌ڵام بای ”زریان“ یا (بای خوای وێرانی یا سه‌ڕسه‌ڕ) که‌ دوژمنی ئه‌وان بوو، له‌ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تا هه‌ڵیان کوتێته‌سه‌رو کۆشکه‌که‌یان لێ خه‌راکا. ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ش وه‌ک ئه‌و ئه‌فسانه‌ ده‌چێ که‌ ده‌ڵێ خوا له‌سه‌ر سته‌مگه‌ری، فه‌ڕی که‌یانیی له‌ جه‌مشید وه‌رگرته‌وه‌و سپای زه‌ححاکی تازی به‌یاریده‌ی ده‌رکه‌وانی کۆشک، ته‌له‌سمی باڵنده‌ی قسه‌که‌رو گیای پیرۆزی دۆزی‌یه‌وه‌و کۆشکی جه‌مشیدی له‌ناوبردو باڵنده‌که‌ که‌وته‌ ده‌ستی فه‌رمانده‌ی زه‌ححاک‌و پاشان هه‌ر به‌وناوه‌ بانگ ده‌کرا. به‌ڵام ساڵی دواتر فه‌ره‌یدوون‌و کاوه‌ی ئاسنگه‌ر به‌یاریده‌ی بای شه‌ماڵ‌و فریشته‌گه‌لی ئیزه‌دی هێرشیان برده‌ سه‌ر زه‌ححاک‌و مه‌لی قسه‌که‌ری که‌رکووکیان ڕزگار کرد که‌ فه‌ڕڕی ئیزه‌دیی ئێرانی‌یان‌و به‌تایبه‌تی گه‌لی کوردی ئاریایی بوو. زه‌ححاکی له‌ کێوی ده‌ماوه‌نددا زیندانی کردو پاشانیش کاوه‌ سه‌ری بڕی. ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ له‌ به‌یته‌کانی هه‌ورامان‌و‌ هه‌ڵبه‌سته‌کانیدا هێشتاش ماوه‌. به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئاشوور وانیشان ده‌ده‌ن ناوی ئێستای که‌رکووک له‌وناو وه‌رگیراوه‌. وشه‌ی که‌رک له‌ په‌هله‌وی‌و کوردیی ئێستاشدا به‌واتای مه‌ل‌و کووک له‌ چاوگه‌ی کۆکی له‌کوردیدا به‌واتای قسه‌که‌ر یا وێژه‌ره‌.

زه‌ححاکی تازی (عه‌ره‌ب) (ئاژی ده‌هاکه‌Aji Dahaka )

مێژووه‌ کۆنه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ یێکده‌نگن که‌ زه‌ححاک ئێرانی نه‌بووه‌ به‌سه‌ر جه‌مشید دا زاڵبووه‌و ئێرانی داگیر کردووه‌و خستوویه‌ته‌ ژێرچۆکی خۆی. کتێبی ئیرانویچ ده‌ڵێ: ”زه‌ححاک عه‌ره‌ب‌و پادشای سووریه‌ بووه“‌. له‌ سانسکریت‌و وێداکانیشدا نیشانه‌ی ئاکاری ناله‌باری ئاژی ده‌هاک ده‌بیندرێن. ناوی ئاژی ده‌هاک له‌ دووبه‌شی ئاژی‌و ده‌هاک پێکهاتووه‌و هه‌رکام له‌و به‌شانه‌ له‌ ئاوێستادا به‌جیا هاتون. ئاژی به‌واتای مارو هه‌ژدیهایه‌. ده‌هاک (ئاک واته‌ ئاپۆڕه‌و که‌مونات). له‌ ئاوێستادا ئاوا ئاماژه‌ی پێ‌کراوه‌: ”یه‌که‌م وڵات که‌ سازم کرد، ئاریاویج بوو که‌ چۆمی (ڤه‌نگووهی داهیتی venguhi  dahiti)  به‌وێدا ده‌ڕوا، به‌ڵام ئه‌هریمه‌ن له‌وێ ئاژی (مار)ی ئافراند.“

فیرده‌وسی زه‌ححاک به‌ عه‌ره‌ب ده‌زانێ. ده‌ڵێن له‌کاتی بوونی جه‌مشید به‌ پادشا، فه‌رمانڕه‌وایه‌کی پارێزکارو ئاکارباش له‌ ”ده‌شتی سواران“ بوو، ناوی (مه‌رداس) بوو. مرۆیه‌کی به‌خشنده‌و دادگه‌ربوو و هه‌رگیز خوای له‌بیر نه‌ده‌کرد. مه‌رداس کوڕێکی هه‌بوو. ئه‌وکوڕه‌ له‌ چاکی‌و پاکیی باوکی هیچی پێ‌نه‌بڕابوو. کوڕێکی بێشه‌رم‌و ڕووهه‌ڵماڵاوو ناپاک بوو، که‌ له‌ ئازاری خه‌ڵک به‌ده‌ر بیری له‌هیچ نه‌ده‌کرده‌وه‌. هه‌موو که‌سوکاری لێی بێزار بوون‌و له‌ده‌ستی وه‌ئامان هاتبوون. هیچکه‌س خۆشی نه‌ده‌ویست. ئه‌وکوڕه‌ ناوی (زه‌ححاک) بوو و ئێرانی‌یان پێ‌یان ده‌کوت (بیوه‌رئه‌سپ) واته‌ خاوه‌نی ده‌هه‌زارئه‌سپ. چونکه‌ ده‌هه‌زار ئه‌سپی جوان‌و بێوێنه‌ی عه‌ره‌بیی له‌ ته‌ویله‌که‌یدا بوو. ئه‌و زۆری شانازی به‌وئه‌سپانه‌وه‌‌ ده‌کرد. سامانی بێئه‌ندازه‌ی باوکی به‌ری چاوی گرتبوو. خۆی له‌هه‌مووکه‌س به‌باشترده‌زانی‌و ئه‌وه‌نده‌ چاوی له‌دووی زێڕو گه‌نج بوو که‌ له‌دڵدا ئاواته‌خواز بوو هه‌رچی زووتر باوکی بمرێ تا جێی له‌سه‌رته‌ختی بگرێته‌وه‌. شه‌یتان چووه‌ بن کڵێشه‌یه‌وه‌و وای لێکرد باوکی ده‌رمانداوکاو ئاوا له‌ جێگای باوکی دانیشت. ئیبلیس ئه‌وجار بوو به‌ چێشتلێنه‌ری‌و وای خۆ لێ نیزیک کرده‌وه‌ که‌ شای گه‌نج ئیزنی دا شانه‌کانی ماچ کا. له‌جێی ماچه‌کانی دوو مار ڕوان‌و ئیبلیس ونبوو. ئه‌ومارانه‌ زۆر ئازاریان ده‌دا. ئه‌وجار ئیبلیس خۆی لێکرده‌ پزیشک‌و پێی کوت چاره‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووڕۆژێ مێشکی سه‌ری دوو گه‌نج ده‌رخوارد ماره‌کانی سه‌رشانی دا. جا هه‌موو ڕۆژێ به‌فه‌رمانی زه‌ححاک دوو گه‌نجیان سه‌رده‌بڕین‌و مێشکه‌کانیان ده‌رخواردی ماره‌کان ده‌دان.

له‌وکاته‌دا ئێرانی‌یان له‌ سته‌می جه‌مشیدشا وه‌زاڵه‌هاتبوون. ئه‌و زۆر له‌خۆبایی ببوو و خۆی له‌ هه‌مووکه‌س به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانی، ده‌یگوت هونه‌رو پیشه‌ی دنیا هه‌موو ئه‌من دامهێناون‌و خه‌ڵک خواردن‌و خه‌وو ئاسایشی له‌منه‌وه‌ هه‌یه‌. هیچکه‌س له‌ حاستی فه‌رمانیدا بۆی نه‌بوو بپرسێ بۆ. خه‌ڵک وه‌گیان هاتن‌و له‌هه‌موولایه‌که‌وه‌ له‌شکریان نارده‌ سه‌ر جه‌مشید. مه‌زنانی وڵات که‌وتنه‌ ڕاوێژو زانیان تا جه‌مشید له‌سه‌رکاره‌ شۆڕشی خه‌ڵک دانامرکێته‌وه‌، جا هاتنه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ که‌ شایه‌کی دیکه‌ له‌سه‌رته‌ختی دانێن، تا خه‌ڵکی به‌زه‌بری نێزه‌ ئارام کاته‌وه‌. ناوبانگی زه‌ححاکیان بیستبوو. پێیان وابوو هه‌ر ئه‌و ده‌ره‌قه‌تی ئه‌وخه‌ڵکه‌دێ، بۆیه‌ داوایان لێکرد یاریده‌یان بدا جه‌مشید بشکێنن. پاش هه‌زار ساڵی ژیانی جه‌مشید، سه‌رده‌می هه‌زارساڵه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ئاژی ده‌هاک یا زه‌ححاک هاته‌پێش. جه‌مشید له‌شه‌ڕ‌دا شکاو کوژرا. زه‌ححاک ته‌ختی شایه‌تیی ئێرانی داگیرکردو به‌ قڕکردنی خه‌ڵکێکی زۆر شۆڕشکه‌ی دامرکاندنه‌وه‌. ڕۆژگاری خه‌ڵک له‌ ئی سه‌رده‌می سته‌مکاریی جه‌مشیدیش تاڵتر بوو. درۆو ناپاکی‌و خراپه‌ جێگای ڕاستی‌و پاکێ‌و چاکه‌ی گرته‌وه‌. سه‌ربازانی شا خه‌ڵکیان ده‌کوشتن‌و تاڵانیان ده‌کردن. دوو برای گه‌نجی پاک به‌ناوی ئه‌رمایل‌و گه‌رمایل بڕیاریان دا لانی که‌م هێندێک له‌و گه‌نجانه‌ی ده‌بوونه‌ خۆراکی ماره‌کان زه‌ححاک ڕزگار که‌ن، بۆیه‌ به‌باشی فێری ئاشپه‌زی بوو‌ن‌و بوون به‌ ئاشپه‌زی زه‌ححاک. له‌ هه‌ردوولاو یێکیان ده‌کوشت‌و ئه‌وی دیکه‌یان به‌ره‌ڵڵا ده‌کردو مێشکی مه‌ڕێکیان له‌جێگای مێشکی وی ڕه‌گه‌ڵ‌ ئی لاوه‌ کوژراوه‌که‌ ده‌خست‌و ده‌رخواردی ماره‌کانیان ده‌دا. ئه‌وگه‌نجانه‌ش که‌ ڕزگار ده‌بوون ده‌چوونه‌ کێوان‌و خۆیان ده‌شارده‌وه‌. زه‌ححاک خه‌ونی دیت که‌ پاڵه‌وانێکی گه‌نج به‌ گورزێکی وه‌ک سه‌ره‌گا هێرشی کرده‌ سه‌رو کوشتی. له‌ حه‌جمه‌تان وه‌خه‌به‌رهات‌و خه‌و لێکده‌ره‌وه‌ی بانگ کردن. ئه‌وانیش پێ‌یان کوت: ”گه‌نجێک به‌ناوی فه‌ره‌یدوون، ئه‌تۆ له‌ ته‌ختی شایه‌تی ده‌کێشێته‌ خواره‌وه‌. ئه‌و هێشتا له‌دایک نه‌بووه‌، به‌ڵام که‌ له‌دایک ببێ ده‌بێته‌ پیاوێکی به‌هێزو پاڵه‌وان‌و ڕۆژێک گورزێکی له‌سه‌رت ده‌داو ده‌تکوژێ.“

زه‌ححاک لێی‌یان پرسی: ”ئه‌و چ دوژمنایه‌تی‌یه‌کی له‌گه‌ڵ مندا هه‌یه‌؟ “

خه‌ون لێکده‌ره‌وه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: ”باوکی وی ناوی ئابتینه‌و ئه‌و مانگایه‌ی شیری ده‌داتێ‌ ناوی بروومایه‌یه‌، ئه‌تۆ ده‌یانکوژی. ئه‌ویش تۆڵه‌ی وانت لێده‌کاته‌وه‌.“

 پیاوی زه‌ححاک چه‌ندساڵان به‌دوای ئابتیندا گه‌ڕان تا سه‌ری ببڕن به‌ڵام نه‌یاندۆزی‌یه‌وه‌. ژنی ئابتینیش کوڕێکی بوو. ناویان نا فه‌ره‌یدوون‌. ڕۆژێکی ئابتین خه‌ریکی کاری مه‌زرایه‌ بوو، سه‌ربازانی زه‌ححاک تووشی بوون‌و ناویان پرسی. ئه‌ویش که‌ ئاگای له‌هیچ نه‌بوو، خۆی پێ ناساندن. بێ‌سێ‌ودوو گرتیان‌و بردیانه‌ لای فه‌رمانده‌ی خۆیان. فه‌رمانده‌ که ‌له‌شایی‌یان پێی وه‌حه‌رزی نه‌ده‌که‌وت، لێی پرسی داخوا منداڵیشی هه‌یه‌؟ جوابی داوه‌ به‌ڵێ تازه‌ کوڕێکیان بووه‌و ناویان ناوه‌ فه‌ره‌یدوون. گونده‌یی‌یه‌کان فه‌رانه‌کی دایکی فه‌ره‌یدوونیان ئاگادار کرده‌وه‌ که‌، سه‌ربازه‌کان ئابتینیان کوشتوه‌‌و خه‌رێکن بێن کوڕه‌که‌شی بکوژن. فه‌ڕانه‌ک کوڕه‌که‌ی هه‌ڵگرت‌و به‌پێ‌یان هه‌ڵات تا گه‌یشته‌ ده‌شتێکی زۆرخۆش. له‌وێ مانگایه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگی دیت که‌ له‌جوانیدا وه‌ نێره‌تاوس ده‌چوو. له‌وکاته‌دا ده‌شته‌وان گه‌یشتێ‌و پرسی ئه‌تۆ کێی؟ فه‌رانه‌ک کوتی ژنێکی بێکه‌سی برسی‌و ئاواره‌و ماندووم‌و شووێنێکم بۆمانه‌وه‌ی خۆم‌و منداڵه‌که‌م‌و نانێکم بۆ تێربوونمان ده‌وێ. پیاوه‌ زگی به‌ ژنه‌که‌ سووتاو پێشی کوت ناوی مانگاکه‌ به‌رمایه‌یه‌. له‌سه‌رئه‌وه‌ پێکهاتن کابرا شیری به‌رمایه‌ بداته‌ فه‌ره‌یدوون‌و جێی حاوانه‌وه‌یان بداتێ‌و فه‌رانه‌کیش بچێته‌ گوندێکی نیزیک‌و کار بکاو هه‌قی ده‌شته‌وانه‌کا بدات. سێ‌ساڵان ده‌شته‌وانه‌که‌ شیری به‌رمایه‌ی دا به‌ فه‌ره‌یدوون. نێوبانگی ئه‌و مانگایه‌ له‌دونیادا ئاوازه‌ی دابۆوه‌. ئه‌وه‌ به‌گوێی زه‌ححاکیش گه‌یشته‌وه‌و سه‌ربازی بۆ کوشتنی فه‌ره‌یدوون‌و به‌رمایه‌ ناردن. فه‌رانه‌ک بیستی‌یه‌وه‌و ئه‌سپێکی له‌ده‌شته‌وان کڕی‌‌و فه‌ره‌یدوونی هه‌ڵگرت‌و به‌سواری هه‌ڵات. له‌ کێوی ئه‌لبورز چووه‌ سه‌رو له‌ده‌ماوه‌ند گه‌یشته‌ موغێکی پێر که‌ له‌ په‌رستگه‌یه‌ک بوو. به‌سه‌رهاتی خۆی بۆ گێڕاوه‌. پیره‌پیاو به‌ڵێنی پێدا په‌نایان بدات‌و ئاگای لێیان بێ، تا فه‌ره‌یدوون گه‌وره‌ ده‌بێ‌و تۆڵه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه‌. سه‌ربازانی زه‌ححاک چه‌ندی گه‌ڕان، فه‌ره‌یدوونیان نه‌دیته‌وه‌. فه‌ره‌یدوون بوو به‌ 16ساڵه‌و له‌وماوه‌یه‌دا باش فێری سواری‌و تیر هاویشتن‌ ببوو و به‌ڕۆژ له‌ جه‌نگه‌ڵدا ده‌چووه‌ ڕاوێ. ئه‌وجار دایکی چۆنیه‌تی کوژرانی ئابتین‌و به‌رمایه‌و هه‌ڵاتنی خۆی بۆ گێڕابۆوه‌‌و ئه‌و په‌یمانی دابوو تۆڵه‌یان بستێنێته‌وه‌.

کاوه‌ که‌ له‌گوندێکی لای ئیسفه‌هان خه‌ریکی ئاسنگه‌ری بوو، کوڕه‌که‌ی به‌ده‌ستی سه‌ربازانی زه‌ححاک ده‌گیرێ، تا مێشکی بده‌نه‌ماره‌کانی سه‌رشانی. کاوه‌ که‌ مرۆیه‌کی دلێرو به‌کاربوو، به‌ تووڕه‌یی له‌ زه‌ححاک وه‌ژوورده‌که‌وێ‌و داوای تاقه‌ کوڕه‌که‌ی لێده‌کاته‌وه‌. به‌ فه‌رمانی زه‌ححاک تۆمارێک نووسرابوو. له‌وتۆماره‌دا هاتبوو که‌ ئه‌و پادشایه‌کی دادگه‌ره‌و ده‌یاندا ‌هه‌مووکه‌س که‌ ئیمزای که‌ن. زه‌ححاک له‌و هه‌موو دلێری‌یه‌ی کاوه‌، سام ده‌یگرێ‌و فه‌رمان ده‌دا کوڕه‌که‌ی بده‌نه‌وه به‌مه‌رجێک کاوه‌ ئه‌و تۆماره‌ ئیمزا کات. به‌ڵام کاوه‌ تۆماره‌که‌ی دڕاندو خستیه‌ ژێر پێی‌و کوڕه‌که‌شی وه‌رگرته‌وه‌. دوای ئه‌و ڕووداوه‌، کاوه‌ خه‌ڵکی بۆ به‌ربه‌ره‌کانی هاندان‌و سه‌ره‌نجام له‌شکرێکیش بۆ فه‌ره‌یدوون سازکراو زه‌ححاک تێکشکاو فه‌ره‌یدوون بوو به‌ شا.” 

شانامه‌ ده‌نووسێ:

چنان بد که‌ هرشب دومرد جوان                          چه‌کهتر چه‌ از تخمة په‌هله‌وان

خورشگر ببردی بایوان شاه‌                                وزو ساختی راه‌ درمان شاه‌

بکشتی‌و مغزش برون آختی                                مر آن اژدهارا خورش ساختی

واته‌:

ئاوابوو هه‌رشه‌وێک دوو پێاوی ده‌ لاو                     بۆره‌پیاوبن یاکوو‌ کوڕی گه‌وره‌پیاو

چێشتلێنه‌ر ده‌ی‌بردنه‌ پێش باره‌گای شا                تا چاره‌ی ده‌ردی بۆ له‌مێشکیان سازکا

ده‌یکوشتن‌و مێشکه‌که‌ی ده‌هێنانه‌ده‌ر                     خواردنی لێ سازده‌کرد بۆ حه‌زیای به‌تفه‌ڕ

ئه‌رمایل‌و که‌رمایل ناوی دوو وه‌زیری شا بوون چاره‌یه‌کیان به‌ مێشکی دا هات. له‌و دوو لاوه‌ یێکێکیان ئازاد ده‌کرد‌و ده‌یان نارده‌ کێوو مێشکێ مه‌ڕێکیان له‌ جێگای مێشکی وی داده‌ناو به‌و لاوانه‌یان ده‌کوت:

نگر تا نباشی بآباد شهر                                   ترا در جهان کوه و دشت است بهر

از اینگونه‌ هر ماهیان سی جوان                          از ایشان همی یافتندی روان

چو گرد آمدندی از ایشان دویست                         برانسان که‌ نشناختندی کیست

خورشگر بدیشان بزی چندو میش                          بدادی‌و صحرا نهادیش پیش

کنون کرد از آن تخمه‌ دارد نژاد                          کز آباد ناید بدل برش یاد

بود خانهایشان سراسر پلاس                              ندارند دردل زیزدان هراس

واته‌:

وریا به‌ به‌ دوور بی له‌ شاری ئاوا                        به‌شت له‌دنیادا هه‌ر ده‌شته‌و سارا

له‌وچه‌شنه‌ هه‌رمانگێ سی لاوێ له‌وان                   ده‌ربازبوون له‌به‌ڵاو وه‌شاخ هه‌ڵگه‌ڕان

دووسه‌دیان که‌ ئاوا وه‌کۆ‌بوونه‌وه‌                          به‌جۆرێک که‌ هیچکه‌س نه‌یناسینه‌وه‌

چێشت لێنه‌ر دایه‌ وان چه‌ند مه‌ڕو بزن                 که‌ ڕێگای چۆل‌و ده‌شت بۆژین داگرن

کورده‌کان پێکهاتوون ئا له‌و نه‌ژاده‌                      ئاوه‌دانی‌و شاریان که‌متر له‌یاده‌

ماڵیان له‌ ڕه‌شماڵه‌و کوێنی له‌سه‌ره‌                     ترسی یه‌زدانیشیان له‌دڵ به‌ده‌ره‌

ته‌به‌ری له‌سه‌ر زه‌ححاک ده‌ڵێ: ”ئه‌و پادشایه‌کی سته‌مکار بوو و هه‌موو شایانی جیهانی کوشتن‌و خه‌ڵکی بۆ بوت په‌رستی بانگهێشت‌و له‌ ڕۆژگاری هیچ پادشایه‌ک به‌قه‌را سه‌رده‌می وی خوێن نه‌ڕژا. ده‌ڵێن دوو زوێڵه‌ گۆشتی له‌سه‌ر شانی ڕوابوون که ‌به‌ نیشانه‌ی جادووگه‌ربوونی خۆی ده‌زانین‌و خه‌ڵکی پێ ده‌ترساندن.  که‌ 800 ساڵ له‌ پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی تێپه‌ڕی، ئه‌و زوێڵه‌ گۆشتانه‌ برینداربوون‌و وه‌ژان که‌وتن‌و ئۆقره‌ی لێهه‌ڵگیرا، پیاوێکی به‌دئاکار پێی گوت چاره‌یان هه‌ر مێشکی سه‌ری مرۆڤه‌. به‌فه‌رمانی ئه‌و هه‌موو ڕۆژێک دوو لاویان ده‌کوشتن‌و مێشکیان له‌سه‌ر برینه‌کان داده‌نان. له‌گوندێکی ئیسفه‌هان پیاوێکی ئاسنگه‌ر به‌ناوی کاوه‌ ده‌ژیا. ئه‌و پیاوه‌ ئیسفه‌هانی‌یه‌ دوو کوڕی هه‌بوون که‌ هه‌رتک تازه‌ پێگه‌یشتبوون. پیاوی زه‌ححاک هه‌رتکی گرتن‌و بردنیه‌ لای زه‌ححاک. ئه‌ویش فه‌رمانی کوشتنی هه‌ردووکیانی دا.

”کاوه‌ که‌ به‌ کوژرانی دوو کوڕه‌کانیی زانی هاته‌ نێوشارو گوڕڕاندی‌‌و داوای یاریده‌ی کردو که‌وڵی ئاسنگه‌ری‌یه‌که‌ی خۆی وه‌ک ئاڵا به‌سه‌ر دارێکه‌وه‌ کردو هه‌رای کرد. خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتوو له‌ زه‌ححاک، له‌کاوه‌ کۆبوونه‌وه‌و ئاوا مه‌ردمێکی زۆر هاتنه‌ یاریده‌ی. کاوه‌ له‌ ئیسفه‌هان پیاوی زه‌ححاکی کوشتن‌و شاری گرت‌و له‌سه‌رته‌خت دانیشت‌و زێڕو زێوی خه‌زێنه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا به‌شیه‌وه‌و چه‌کی ئاماده‌کردو پاشان چووه‌ سه‌ر ئه‌هواز. له‌وێش پیاوی زه‌ححاکی کوشت‌و که‌سێکی له‌جێگای دانا. خه‌ڵکێکی زۆری دڵ پڕله‌قینی زه‌ححاک، له‌ شاره‌کان ڕا له‌ده‌وری کۆبوونه‌وه‌. له‌وکاته‌دا زه‌ححاک له‌ ده‌ماوه‌ند‌و ته‌به‌رستان بوو. هه‌رکه‌ پێی‌زانی له‌شکرێکی زۆری نارده‌ شه‌ڕی کاوه‌. ئه‌و له‌شکره‌ هه‌موو کوژران یا ڕایان کرد. له‌وکاته‌دا فه‌ره‌یدوون له‌ ترسی زه‌ححاک هه‌ڵاتبوو و ئه‌ویش به‌دوایه‌وه‌ بوو. تا فه‌ره‌یدوون گه‌یشته‌ ته‌به‌رستان‌و له‌وێ خۆی شارده‌وه‌. که‌ بیستی کاوه‌ هاتۆته‌ ڕه‌ی، به‌دزی خۆی گه‌یاندێ‌و ئاگاداری کرده‌وه‌ که‌ من یه‌کێکم له‌ کوڕانی جه‌مشیدو له‌سه‌ر دینی نووحم. له‌وکاته‌دا کاوه‌ فه‌ره‌یدوونی کرده‌ فه‌رمانده‌ی له‌شکرو بۆخۆی بوو به‌ سپاسالار. که‌ له‌شکری زه‌ححاک‌و فه‌ره‌یدوون گه‌یشتنه‌یێک‌و شه‌ڕ ده‌ستی پێکرد، له‌شکری زه‌ححاک خۆیان نه‌گرت‌و هه‌ڵاتن‌و بۆخۆشی که‌وته‌ ده‌ستی فه‌ره‌یدوون‌و له‌ ده‌ماوه‌ند خستیه‌ به‌ندیخانه‌و پاش ماوه‌یه‌ک کوشتی‌و ئێرانی‌یان له‌زیانی وی ڕزگار بوون.“ هه‌موو مێژوونووسان ماوه‌ی پادشایه‌تیی زه‌ححاک به‌ 1000ساڵ ده‌زانن.

فه‌ره‌یدوون (ثرائتئون thraetaona)

به‌پێی ئاماژه‌ی به‌نده‌هێش: که‌ کۆتایی به‌ هه‌زاره‌ی یه‌که‌مین هات، ئاژی‌ده‌هاک هاته‌ سه‌ر ده‌سته‌إت. له‌ سه‌رده‌می ویدا خراپی‌و پیسی‌و درۆ زاڵ‌‌بوو. ئه‌و چه‌رخه‌ش 1000 ساڵی کێشا.  له‌ کۆتایی ئه‌و هه‌زاره‌دا فه‌ره‌یتوون به‌سه‌ریدا سه‌رکه‌وت‌و خستیه‌ به‌ندیخانه‌ له‌ کێوی ده‌ماوه‌ند دا.

فیرده‌وسی له‌مه‌ڕ ڕه‌چه‌ڵه‌کی فه‌ره‌یدوون ده‌ڵێ:

تو بشناس که‌ ز مرز ایران زمین    یکی مردبود نام او آبتین

ز تخم کیان بوودو بیداربود                               خردمند گرد بی آزار بود

ز طهمورث کرد بودش نژاد                                 پدر بر پدر بر همه‌ داشت یاد

واته‌:

بیزانه‌ که‌ له‌سنووری ئێران زه‌مین                       مرۆیه‌ک هه‌بوو به‌ ناوی ئابه‌تین

له ‌تۆره‌مه‌ی که‌یان‌‌و زۆر وشیار بوو دلێر و به‌ئاوه‌ز و بێ‌ئازار بوو

ته‌هموورسی کورد حه‌سڵ‌و نه‌ژادی بوو                   باب‌و باپیرانی خۆی له‌یادی بوو

له‌ ئاوێستادا ناوی فه‌ره‌یدوون (ترائتوون)و له‌ وودا (ترائی تنه‌)یه‌و نووسراوه‌کانی په‌هله‌وی به‌ (فریتوون) یان نووسیوه‌. له‌ ئاوێستادا نیشتمانی (ترائتون) به‌ (وه‌ره‌ن) ده‌زانن‌و هێندێک مێژوونووسپێیان وایه‌ (وه‌ره‌ن) گیلانه‌.

کتێبه‌کانی کۆن مازه‌نده‌ران به‌ شوێنی دێوانی سه‌ربزێو نیشان ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت (مینورک خرت) به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێ که‌ ”فه‌ره‌یدوون پاش گرتنی زه‌ححاک له‌دێوه‌کانی مازه‌نده‌رانی داوه‌و له‌ وڵاتی (خنیرس) ده‌ری کردوون. له ‌کوردستانی به‌رده‌ستی تورکیه،‌ ئه‌وڕۆ قه‌ڵایه‌کی کۆن هه‌یه‌ به‌ناوی (خنس) له‌ نیزیک مووش - ناوه‌ندی مووشکیان - له‌ به‌شی ڕۆژئاوای گۆلی هئو سره‌وه‌ - گۆلی وان - هه‌ڵکه‌وتوووه‌. ئایا ناکرێ ئه‌وناوه‌ له‌ (خنیرس) ڕا هاتبێ‌و ئه‌ویش نه‌ک له‌ لای ده‌ریای خه‌زه‌ر به‌ڵکوو له‌ لای گۆلی وان بووبێ؟

له‌ ئاوێستادا درۆپه‌رستانی وه‌ره‌ن که‌ وڵاتی ده‌یله‌می گیلانه‌ له‌گه‌ڵ دێوه‌کانی (واته‌ چه‌ندخوا په‌رستانی مازه‌نده‌ران) وێکڕاهاتوون. له‌ ئاوێستاڕا وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ له‌و وڵاته‌ هێندێک له‌سه‌ر دینی پێشوو ماونه‌ته‌وه‌‌و له‌سه‌ر دینی زه‌رده‌شتی نه‌بوون. ئاسته‌مه‌ بڵێین که‌ زه‌رده‌شت؛  فه‌ره‌یدوونی به‌ یێکێک له درۆپه‌رستانی وه‌ره‌ن‌و هاوئوولی چه‌ندخوا په‌رستانی مازه‌نده‌ران زانیبێ. له‌قه‌دیمدا به‌ کۆشکی زستانیی پادشایانی ئازه‌ربایجانیان ده‌کوت ”ورا“ که‌ وه‌”وه‌ره‌ن“ ده‌چێ که‌ له‌گه‌ڵ شوێنی ده‌سته‌ڵاتی ئیره‌جی کوڕی فه‌ره‌یدوون نیزیکن.

فه‌ره‌یدوون به‌ده‌ستی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر هاته‌ سه‌ر کار. ئه‌ویش فه‌رمانڕه‌وایی وڵاتی ئیسفه‌هانی پێ ئه‌سپاردو کاوه‌ تا مرد له‌وێ فه‌رمانڕه‌وایی کرد. فه‌ره‌یدوون له‌ ساڵی په‌نجایه‌می فه‌رمانڕه‌وایی خۆیدا کچێکی زه‌ححاکی هێناو له‌و ژنه‌ دوو کوڕی به‌ناوی (سه‌رم یا سه‌لم)‌و (توور)و له‌ ژنێکی دیکه‌ی به‌ناوی (ئێراندوخت) که‌ له‌ڕه‌گه‌زی ئێرانی بوو، کوڕێکی به‌ ناوی ئیره‌ج بوو. به‌ گوته‌ی زۆربه‌ی مێژوونووسان فه‌ره‌یدوون پێنسه‌ت ساڵ ژیاو له‌وماوه‌یدا سێسه‌ت ساڵ پادشایه‌تیی کرد. ئه‌و وإته‌که‌ی خۆی به‌سه‌ر سێ کوڕه‌که‌یدا دابه‌ش کرد ئه‌وبه‌شه‌ی به‌ سه‌لم بڕا ناوی (سه‌لمان‌)و ئی توور ناوی (توووران)‌‌و ئی ئیره‌ج ناوی ئێران (ئه‌ئیریه‌ن- وه‌ئێیجه‌ Airyan – vaedja) ی له‌سه‌ر دانرا. ئیره‌ج له‌گه‌ڵ باوکی له‌ ئێران مایه‌وه‌. سه‌لم‌و توور ئێره‌یی‌یان به‌ ئیره‌ج بردو له‌شکریان کێشا سه‌ری. ئیره‌ج ئیجازه‌ی له‌ باوکی وه‌رگرت به‌ته‌نێ بچێته‌ سه‌ردانی براکانی‌و ئه‌وکاره‌شی کرد به‌ڵام ئه‌وان ناجوامێرانه‌ سه‌ریان بڕی‌و بۆ فه‌ره‌یدوونیان نارده‌وه‌.

شانامه‌ ده‌نووسێ:  فه‌ره‌یدوون وڵاته‌که‌ی له‌نێوان سێ‌کوڕه‌که‌یدا دابه‌ش کرد. ڕۆژهه‌ڵاتی دایه‌ توور، ڕۆژئاوای دایه‌ سه‌لم، ئێرانی که‌ که‌وتبووه‌ نێوه‌ڕاستێ دابه‌ ئیره‌ج‌. سه‌لم‌و توور ئێره‌یی‌یان پێ‌برد، هاتنه‌ سه‌ر ئیره‌ج‌و کوشتیان. 

ناوی سه‌لم له‌ ئاوێستادا”سئیریم“ه.‌ ڕۆژهه‌ڵاتناس”مارکوارت“ ئه‌و ناوه‌ به‌ ئی قه‌ومی ”سه‌رمه‌ت“ ده‌زانێ که‌ ئاریایی بوون‌و له‌ نێوان چۆمی ڤۆلگا‌و ده‌ریاچه‌ی ئۆرال دا ژیاون. ئه‌وان کۆچه‌ربوون‌و گوێ‌یان نه‌داوه‌ته‌ کاری کشت‌وکاڵ‌و ئاگایان له‌ شارستانییه‌ت‌و ژیانی شاره‌یی‌یانه‌ نه‌بووه‌. هێندێک له‌ مێژوونووسانی ئێران‌و ڕۆم ماده‌کان به‌خزمی سه‌رمه‌ته‌کان داده‌نێن.

لێکۆڵه‌ره‌وان تووریش به‌ سه‌کایی ده‌زانن که‌ سنووریان له‌ ڕۆژئاواڕا ده‌ریای مازه‌نده‌ران‌و له‌ باشووریش‌ ڕا ئه‌فغانستان‌و ئێرانی ئێستا بووه‌.

به‌قسه‌ی موغان فه‌ره‌یدوون ئاگرپه‌رست‌و به‌ ئی هیندووان بوت په‌رست بووه‌. به‌ڵام هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کۆکن که‌ ئه‌و دادگه‌ر بوو و زانایانی خۆش ده‌ویست‌و ڕێزی لێ‌ده‌نان. یه‌که‌م پادشا بوو که‌ به‌زانستی ئه‌ستێره‌ناسیی زانی. ئه‌و هه‌روه‌ها ئاگاداری زانستی پزیشکی بوو و تریاکی وه‌ده‌ست هێنا. یه‌که‌م که‌س بوو که‌ سواری فیل بوو و ئوسته‌رلاب له‌ داهێنانه‌کانی وی‌یه‌. فه‌ره‌یدوون ماوه‌یه‌ک پاش مردنی ئیره‌ج، پادشایه‌تیی داده‌ستی مه‌نووچێهرو بۆخۆی خه‌ریکی نوێژکردن بوو.

مه‌نووچێهر (مه‌نووش چێترا Manush – Chithra)

کتێبی ئاوێستا له‌بڕگه‌ی 23 ”به‌نده‌هێش“ ده‌نوووسێ:  سه‌رم‌و تووره‌ج ئیره‌جیان کوشت‌و کوڕانی ”هووبه‌خته‌‌‌کان“یان بڵاوه‌پێکرد. ناوچه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ باکووری کێوی جوودی هه‌ڵکه‌وتووه‌ به‌ناوی‌ ”بوختان، بوهتان، بۆتان“ دوورنیه‌ که‌ هووبه‌خته‌کان بووبێ ورده‌ورده‌ له‌ زاراوه‌ی ئه‌وڕۆدا بووبێته‌ ”بوختان، بوهتان یا بۆتان“و ‌درێژه‌ی ناوچه‌ی ئارتساری‌یه‌.

له‌ فه‌روه‌ردین په‌شت ناوی ئه‌و پادشایه‌ به‌ “مه‌نووش چێثر” و کوڕو یا یێکێک له‌ نه‌وه‌ونه‌تیژه‌کانی ئه‌ئیری ”ئیره‌ج“ هاتووه‌. ناوی بنه‌ماڵه‌که‌شی له‌ ئاوێستادا به‌ ئه‌ئیر یاوه‌ هاتووه‌ که‌ واته‌ یاریده‌ده‌ری ئێرانی‌یه‌کان. ”چث، چت، شت“ به‌مانای شا بووه‌، ئه‌گه‌ر ”چث، چت، شت“ی پاشکۆی لێکه‌ینه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ”مه‌نووش“ (ئێستاش له‌ زاراوه‌ی تارانیدا به‌ مه‌نووچێهر ده‌ڵێن مه‌نووش).

له‌ ئاوێستادا جارێک ناوی مه‌نووچێهر هاتووه‌. ئه‌ویش له‌وکاته‌دایه‌ که‌ یادێک له‌ ئیره‌ج (ئه‌ئیری) کراوه‌ته‌وه‌. له‌ فه‌سڵی سی‌وچواری به‌نده‌هێش، ڕه‌چه‌ڵه‌کی زه‌رده‌شت به‌ چارده‌ پشت ده‌‌چێته‌وه‌ سه‌ر مه‌نووچێهر. له‌ فه‌سڵی سی‌وسێی به‌نده‌هێشدا ئاوا باسی شه‌ڕه‌کانی ئێرانی‌یان‌و ئه‌فراسیاب کراوه‌، که‌ ئه‌و مه‌نووچێهری له‌ شه‌ڕێکدا ناچار به‌ پاشه‌کشه‌ کردووه‌و نه‌وزه‌ری کوڕی مه‌نووچێهر له‌وشه‌ڕه‌دا کوژراوه‌. به‌ڵام پاشان پێکهاتوون‌و مه‌نووچێهر ئێرانشار (وڵاتی ئێران)ی له‌ ئه‌فراسیاب وه‌رگرتۆته‌وه‌. ناوه‌ندی ده‌سته‌ڵاتی مه‌نووچێهر تا بابل (به‌غدای ئه‌وڕۆ)، ئه‌هواز – کوێستان‌ (ئه‌نزان)و به‌سره‌بووه‌و پادشایانی عه‌ره‌ب‌و له‌وانه‌ ئی شام‌و یه‌مه‌ن له‌ژێر  فه‌رمانیدا بوون. ئاوا سنووری ده‌سته‌ڵاتی تا شام‌و یه‌مه‌ن چووبوو، به‌ڵام فیرعه‌ونانی میسر سه‌ریان بۆ دانه‌نواندو بۆخۆیان سه‌ربه‌خۆبوون.

ئه‌و یێکه‌م که‌س بوو خه‌نده‌کی له‌ده‌وری  شار لێداو له‌هه‌ر شارێک ئامێری شه‌ڕی پاشه‌که‌وت کردو ڕه‌عیه‌ته‌کانی کرده‌ به‌رپرسیاری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شارودێ. (حارس کوڕی ئه‌بی شه‌دداد)ی حاکمی یه‌مه‌ن، که‌ شه‌ڕێ زۆری کردووه‌و تاڵان‌و سه‌رکه‌وتنی زۆری به‌ده‌ستهێناون‌و پادشایه‌تیی ئه‌نبارو مووسڵ تا هیندووستانی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌و ئازه‌ربایجانیش به‌ ناوچه‌ی ده‌سته‌ڵاتی وی حیساب ده‌کرا، له‌ژێر فه‌رمانی مه‌نووچێهردا بووه‌. مه‌نووچێهر له‌ سه‌ره‌تای پادشایه‌تی‌یه‌که‌یدا له‌شکری کێشا سه‌ر وڵاتی سه‌لم‌و توورو هه‌ردووکی کوشتن. ئه‌و پادشایه‌‌کی زۆر دادگه‌ربوو.

ماوه‌ی ته‌مه‌نی مه‌نووچێهر 160 ساڵ‌و پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی 120 ساڵ بووه‌. سه‌رداران‌و پاڵه‌وانانی یاریده‌ده‌ری مه‌نووچێهر سام‌و زاڵ بوون. مه‌نووچێهر له‌ دوایی‌یه‌کانی پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی گرفتاری هێرشی په‌یتاپه‌یتای په‌شه‌نگی کوڕی توور‌و ئه‌فراسیابی کوڕه‌زای توور ده‌بێ‌و له‌ ناوچه‌ی خوارووی ده‌ریای خه‌زه‌ر، شه‌ڕێکی زور له‌گه‌ڵ توورانی‌یه‌کان ده‌کاو سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێکدێن که‌ سوڵح بکه‌ن‌و ”ئاره‌شی که‌وانگه‌ری ڕازی“ که‌ تێرهاوێژێکی زۆر به‌هێزبووه‌، داده‌نرێ بۆ ئه‌وه‌ی تیرێک باوێ له‌ هه‌رکوێ تیره‌که‌ وه‌حه‌رزی که‌وت ئه‌وێ سنووری ئێران‌و تووران بێ. ئاره‌ش هه‌مووهێزی له‌شی ده‌خاته‌ ناو که‌وانه‌که‌ی‌و تیره‌که‌ داوێ، تیره‌که‌ له‌ که‌ناری چۆمی ئاراز ده‌که‌وی‌و بۆخۆشی گیانی ده‌رده‌چێ، به‌ڵام به‌و فیداکاری‌یه‌ سنووری ئێران زۆر په‌ره‌ پێده‌دا.

(ئه‌فراسیاب) که‌ له‌ ئاوێستادا پێی کوتراوه‌ فره‌نگره‌سیه‌ن (Frangsyan)، شای تووران، گه‌وره‌ترین پاڵه‌وان، و دوژمنی ئێرانی‌یان بووه‌. ناوی له‌ په‌هله‌ویدا بۆته‌ فراسیاک‌و فراسیاب. له‌شانامه‌دا بۆته‌ ئه‌فراسیاب. ناوی کچێکیشی (ڤیسپانفریه‌ Vispanfrya) بوو که‌دای به‌ سیاوه‌شی شازاده‌ی ئێرانی. ئه‌وناوه‌ش له‌ شانامه‌دا به‌ فه‌ره‌نگیس هاتووه‌.

ڕه‌وانگه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وان له‌ به‌شی ئێرانیه‌کاندا ڕووی ده‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئێرانه‌‌و سه‌رنجیان نه‌داوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌که‌‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ دیاریکردنی نه‌ته‌وه‌کانی تێوه‌گلاو ده‌ شه‌ڕه‌کان‌‌و شوێنی ڕووداوه‌کاندا تووشی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ کردووه‌. بۆ وێنه‌ ئه‌فراسیاب که‌ پادشای تووران بووه‌ به‌پێی ڕوونکردنه‌وه‌ی ئاوێستا شوێنی تێکۆشانی له‌ده‌وری گۆلی چیچێست - ورمێ - بووه‌. له‌ کتێبی حه‌وته‌می ”دینکورد“ - زه‌رده‌شت نامه‌ - دا له‌ بابه‌تی ژماره‌ 39 ده‌ڵێ فه‌ڕ به‌ که‌یخه‌سره‌و کوڕی سیاوه‌ش گه‌یشت له‌ تیشکه‌که‌ی ڕا به‌سه‌ر ئه‌فراسیابی جادووگه‌ری توورانیی به‌دکاردا زاڵ بوو شکستی داو بوتخانه‌ی که‌نار ده‌ریاچه‌ی چیچێست - ره‌زائییه‌ی که‌ شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی درۆی سامناک بوو ویران کرد. هه‌ر چیرۆکی ئاره‌شیش که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باس کرا ڕووی ده‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌و وه‌ک ده‌بینین تیره‌که‌ی له‌ لێواری چۆمی ئاراز ده‌نیشێ‌و ئه‌وێ ده‌بێته‌سنووری ئێران‌و تووران. ئه‌گه‌ر خوێنه‌رانی به‌ڕێز له‌ نه‌خشه‌ی ئێران وردبنه‌وه‌، باش تێده‌گه‌ن که‌‌ ئاراز له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ زۆر دووره‌و که‌وتۆته‌ باکووری ڕۆژئاوای.

م.ا.دیاکۆنۆف ده‌ڵی: له‌ ئاوێستادا فه‌ره‌یدوون سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی (ثره‌ئی ته‌ئوونه‌ Thraitauna) که‌یخه‌سره‌وی پارێزه‌ری زه‌رده‌شت سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی (نه‌ئووته‌ره‌ Nautara) ناسراوه‌. مامۆستای به‌ڕێز پوور داود له‌ کتێبی ”ادبیات مزدیسنا پشتها“دا ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌یه‌و ده‌نووسێ:  توورانی‌یه‌کان له‌ ڕه‌گه‌زی ئێرانی بوون‌و تورکه‌کان که‌ له‌ڕه‌گه‌زی مه‌غوولن به‌هه‌ڵه‌ به‌ توورانی ناو ده‌برێن. به‌ڵام له‌بابه‌ت سه‌لم‌و تووری‌ (خوذای نامه‌کی په‌هله‌وی‌و شانامه): ده‌بێ بڵێین که‌ ئه‌وانه‌ که‌سانی مێژوویین که‌ په‌یوه‌ندی‌یه‌کیان به‌ (سئریم و توور)ی ئاوێستاوه‌ نیه‌.“ ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ڕاستی‌یه‌ که‌ چیرۆکه‌کانی ئاوێستا له‌ خودای نامه‌ک‌ی په‌هله‌وی‌و شانامه‌ی فیرده‌وسیدا چه‌ندیان ده‌ست تێوه‌ردراوه‌و چه‌ند لێک دوورن. 

نه‌وزه‌ر (نه‌ئوته‌ره‌ Naotara)

 له‌ ئابان یه‌شتدا هاتووه‌ که‌ نه‌وزه‌ر قوربانیی بۆ ئه‌ناهیتا داوه‌و داوای سه‌رکه‌وتنی لێکردووه‌. له‌ ئاماژه‌ی یه‌شتی پێنجه‌م ڕا ده‌رده‌که‌وێ، که‌ی‌گه‌شتاسب له‌ بنه‌ماڵه‌ی نه‌وزه‌ره‌. مامۆستا پوورداوود له‌ جڵدی دووهه‌می یه‌شته‌کاندا له‌باره‌ی بنه‌ماڵه‌ی نه‌وزه‌ری‌یان ئاوا ڕاده‌رده‌بڕێ: به‌پێی ناوه‌رۆکی به‌نده‌هێش، که‌یقوباد سه‌ر زنجیره‌ی که‌یانی‌یان کوڕی په‌یمانیی زابی کوڕی ته‌هماسب بووه‌و چونکه‌ زاب له‌ بنه‌ماڵه‌ی نه‌وزه‌ری کوڕی مه‌نووچێهره‌، که‌یانی‌یان له‌ بنه‌ماڵه‌ی نه‌وزه‌ر هاتوونه‌حیساب. له‌ ئابان یه‌شت، فه‌قه‌ره‌ی 91یش، گه‌شتاسب له‌ نه‌وزه‌ری‌یان ئه‌ژمێردراوه‌. له‌ شانامه‌دا ناوی نه‌وزه‌ر تێکه‌ڵاوی ڕووداوی پاڵه‌وانیی زۆۆر بووه‌. له‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، شه‌ڕه‌کانی په‌یتاپه‌یتای ئێرانی‌یان‌و توورانی‌یانه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌فراسیاب، که‌ سه‌ره‌نجام به‌ مردنی نه‌وزه‌ر پاڵه‌وانه‌تی له‌ مه‌یدان ده‌رده‌چێ. خولی پاڵه‌وانه‌تی که‌ له‌ سه‌رده‌می مه‌نووچێهر ڕا ده‌ستی پێکردبوو له‌ سه‌رده‌می نه‌وزه‌ر گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی‌و هێنده‌ی پێنه‌چوو که‌ نه‌وزه‌ر له‌ داب‌و نه‌ریتی باب‌و باپیری خۆی لایداو ده‌ستی کرد به‌ کۆکردنه‌وه‌ی سامان. مه‌زنان له‌ده‌وری بڵاوه‌یان کردو ئه‌ویش له‌ خه‌ڵکی بوو به‌ بێگانه‌. که‌ سامی پاڵه‌وان به‌وه‌ی زانی هیممه‌تی کردو دیسان نه‌وزه‌ری هێنایه‌وه‌ سه‌ر ڕێگای ڕاست‌و ڕێ‌و ڕه‌سمی پێشوو. په‌شه‌نگ (کوڕی زاشمی کوڕی تووری کوڕی فه‌ره‌یدوون‌و باوکی ئه‌فراسیاب) که‌ ئه‌وکاتی پادشای تووران بوو به‌ ئاگاداربوونه‌وه‌ له‌ مردنی مه‌نووچێهر ته‌مای کۆنی واته‌ بیری داگیرکردنی ئێرانی له‌ ده‌رووندا بزووته‌وه‌، جا دووکوڕی خۆی، ئه‌فراسیاب‌و ئه‌گریره‌سی به‌ له‌شکرێکی گرانه‌وه‌ نارده‌ شه‌ڕی نه‌وزه‌ر. سێ شه‌ڕ له‌نێوان ئه‌فراسیاب‌و نه‌وزه‌ر ڕوویانداو سه‌ره‌نجام نه‌وزه‌ر به‌ده‌ستی ئه‌فراسیاب کوژرا. ئه‌فراسیاب به‌بۆنه‌ی کوژرانی باپیری به‌ده‌ستی مونووچێهر، قینێکی دێرینی له‌وی‌و نه‌وزه‌ر له‌دڵدابوو. بارودۆخی ئێران په‌شێویی تێکه‌وت‌و ئه‌فراسیاب بۆ دوازده‌ساڵان تانج‌و ته‌ختی وێی به‌ده‌سته‌وه‌گرت. سه‌ره‌نجام ئێرانی‌یان دیسان هێزیان گرته‌وه‌و زاڵی پاڵه‌وان، تانج‌و ته‌ختی ئێرانی وه‌رگرته‌وه‌و ”زوو“ی له‌سه‌رته‌خت دانا. نه‌وزه‌ر به‌ وته‌ی زۆر مێژوونووس، 55ساڵ ژیاوه‌. مێژوونووسانی ئیسلامی زۆر به‌که‌می باسی نه‌وزه‌ریان کردووه‌. له‌کاتی له‌شکر کێشانی ئه‌فراسیاب‌و کوژرانی نه‌وزه‌ر سامی نه‌ریمان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه‌.

زاب یا زوو (ئووزه‌وهUzava ‌)

پاش کوژرانی‌ نه‌وزه‌ر ئه‌فراسیاب داگیرکارانه‌ دوازده‌ساڵان له‌سه‌ر ته‌ختی شایه‌تیی ئێران دانیشت. سه‌ره‌نجام پاڵه‌وانانی ئێرانزه‌مین که‌وتنه‌ گه‌نگه‌شه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی پادشایه‌ک تا له‌سه‌رته‌ختی دانێن. بۆ ئه‌وکاره‌ دووکوڕی نه‌وزه‌ر واته‌ تووس‌و گوسته‌همیان بۆ ئه‌وکاره‌ به‌ شیاو نه‌ده‌‌زانی، (زاب یا زوو)ی کوڕی ته‌هماسبیان هه‌ڵبژارد. زاب کوڕی ته‌هماسبی کوڕی مه‌نووچێهره‌. له‌ نامه‌کانی په‌هله‌ویدا ناوی به‌ (هووزووب Huzub)و له‌ شانامه‌دا زوو یا زاب نووسراوه‌. له‌ ئاوێستادا ته‌نیا جارێک له‌ یه‌شتی سێزده‌هه‌م ناوی ته‌هماسب‌و زاب هاتووه‌و ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ سڵاو ده‌نێردرێت بۆ کۆمه‌ڵێک له‌ پیاوچاکان‌و پادشایان ده‌ڵێ: ”ڕه‌وانی دین پاکی ئووزوو (زاب) له‌ بنه‌ماڵه‌ی تووماسب (ته‌هماسب) په‌سن ده‌که‌ین“

زاب له‌ پادشایانی پله‌ دووی پێشدادی‌یه‌. ئه‌و 5 ساڵان له‌ ئێرانێ پادشایه‌تیی کرد. شانامه‌و به‌ندهێش له‌سه‌ر 5ساڵ ماوه‌ی پادشایه‌تیی زاب کۆکن. له‌ فه‌سڵی سی‌وچواری به‌ندی شه‌شه‌می به‌نده‌هێش عینوانی په‌هله‌ویی (هووزووپ ته‌هماسبیان) واته‌ (هووزووپ کوڕی ته‌هماسپ)ی بۆدانراوه‌. ئه‌و به‌یاریده‌ی پاڵه‌وانه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌فراسیاب به‌شه‌ڕهات. له‌ئاکامی شه‌ڕی په‌یتاپه‌یتا، ئیشکه‌ساڵی په‌یدابوو جا هه‌ردووک لا پاش پێنج مانگان شه‌ڕیان ڕاگرت‌و  توورانی‌یان چوونه‌وه‌ دیوی سنووری خۆیان‌.

گه‌رشاسپ یا (کێرێساسپه‌ Keresaspa)

”زوو“ دوای پێنج ساڵ پادشایه‌تی مردو ”گه‌رشاسب“ی کوڕی له‌سه‌ر ته‌ختی دانیشت. شانامه‌ باسی دوو گه‌رشاسپان ده‌کا: یێکێکیان گه‌رشاسپی پاڵه‌وان که‌ له‌ چیرۆکی ئازایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی ئێراندا له‌گه‌ڵ هێنانی ناوی یه‌که‌م پاڵه‌وانه‌کانی شانامه‌ که‌ له‌ سپای مه‌نووچێهردا بوون، وه‌ک گه‌رشاسبی جیهانپاڵه‌وانی سپای مه‌نووچێهرو فه‌ره‌یدوون ده‌ناسێنێ. گه‌رشاسپی دووهه‌م گه‌نجوه‌رشایه‌ که‌ له‌ شانامه‌دا کوڕی زوو یا زابه‌که‌ پاش باوکی بۆماوه‌ی نۆساڵان پاشایه‌تیی کرد. له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا توورانی‌یان،  که‌ ئێرانیان به‌ لاواز هاته‌ به‌رچاو، دیسان هێرشیان کرده‌وه‌و له‌و‌جه‌نگه‌شدا بوو که‌ گه‌رشاسپ شا کوڕی زوو مردو وێڕانه‌گه‌یشت به‌ربه‌ره‌کانی بکا.

ئه‌سه‌دیی تووسی له‌ گه‌رشاسبنامه‌ی خۆیدا قسه‌کانی ئاوێستاو ئاسه‌واره‌ ئه‌ه‌بی‌یه‌کانی سه‌ده‌کانی یه‌که‌می ئیسلامی گێڕاوه‌ته‌وه. به‌پێی ناوه‌رۆکی کتێبی به‌نده‌هێش، باسی ڕه‌گه‌زی گه‌رشاسب ئاوا هاتووه‌: ”(گه‌رشاسب)‌و (ئه‌رووخه‌ش) دوو برابوون له‌ کوڕانی (ئه‌سره‌ت)ی کوڕی (سام)ی کوڕی (تووره‌گ)ی کوڕی (سپانیاسپ)ی کوڕی (دوورشاسپ)ی کوڕی (تووگ)ی کوڕی (فه‌ره‌یدوون)“. ئه‌و ڕه‌گه‌زنامه‌ له‌ گه‌رشاسبنامه‌دا ئاوایه‌: ”(گه‌رشاسب)‌و (گووره‌نک) دوو برا بوونه‌ له‌ کوڕانی (ئه‌سره‌ت)ی کوڕی (شه‌م)ی کوڕی (تووره‌گ)ی کوڕی (شیده‌سپ)ی کوڕی (تووری) کوڕی (جه‌مشید)“. به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسراوه‌کانی دوو کتێبی ناوبراوو سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هێندێک گۆڕانی که‌می پێکهاتوو له‌ئاکامی تێپه‌ڕینی ماوه‌دا چاو بپۆشین، تێده‌گه‌ین که‌ له‌ بابه‌ته‌گشتی‌یه‌که‌دا جیاوازی‌یه‌ک نیه‌. هه‌روه‌ها له‌ کتێبی پیرۆزی زه‌رده‌شتی‌یاندا له‌مه‌ڕ شه‌ڕه‌کانی گه‌رشاسب له‌گه‌ڵ دێوو دڕندان هێندێک گێڕانه‌وه‌ هه‌ن، که‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ گه‌رشاسبنامه‌دا کۆکن. له‌ کتێبه‌ ئوولی‌یه‌کانی کۆندا گه‌رشاسب پاڵه‌وانێکی له‌ شکان نه‌هاتووی زیندووی هه‌رهه‌و له‌یارانی به‌ڵێن دراوی زه‌رده‌شته‌‌و هه‌ر به‌ به‌قای ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌سه‌دیی تووسی، گه‌رشاسب به‌ مرۆڤێکی بێ‌که‌موکووڕی ده‌ناسێنێ که‌‌: ”له‌ شه‌ڕی ئاسته‌مدا سه‌رشۆڕ نابێ‌و دانامێنێ، به‌سه‌ر به‌ورو شێرو هه‌ژدیهادا سه‌ر ده‌که‌وێ‌و هونه‌رو به‌جه‌رگی ده‌نوێنێ“. به‌بڕوای خاوه‌نی تاریخی موعجه‌م”گه‌رشاسب پاش مردنی زابی باوکی بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ له‌سه‌ر ته‌ختی شایی دانیشت.“ حه‌مدوڵڵا موسته‌وفی ده‌ڵێ: ”گه‌رشاسب شه‌ش ساڵان ئاڵای پادشایه‌تیی هه‌ڵدا“ و له‌ مه‌فاتیح‌العلووم وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ ”زاب‌و گه‌رشاسب پێکه‌وه‌ جیهانیان به‌ڕێوه‌ بردووه“  

که‌یانی‌یان

پێش ئه‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر باسی پادشایانی که‌یانی، پێویسته‌ هێندێک خاڵ ڕوون کرێنه‌وه‌ تا ئێمه‌ش وه‌ک ڕابردووان له‌سه‌ر تێکه‌ڵکردنی که‌سایه‌یی ئه‌وان له‌گه‌ڵ مادو هه‌خامه‌نشی‌یان نه‌بین. زۆران ویستوویانه‌ که‌یقوباد بکه‌نه‌ دیاکۆ، تا که‌یخه‌سره‌وێ بۆ کردنی به‌ کوورۆشی هه‌خامه‌نشی خۆش که‌ن. له‌ سه‌ر ڕه‌دکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌مێژوویی‌یه‌ یاباشتربڵێم ئه‌و مێژوو شێواندنه‌، ‌له‌ پێشه‌کیدا هێندێک باسی کراوه‌. لێره‌دا هێندێکی دیکه‌شی ده‌خه‌ینه‌سه‌ر تا کورده‌ کوته‌نی ده‌ستی خاترجه‌می وه‌بن سه‌رمان بده‌ین‌و چیدی به‌خۆڕایی هه‌ڵوه‌دای داتاشینی ناو‌و نه‌ته‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌و پادشایانه‌ نه‌بین.

له‌ بڕگه‌ی مینووخورد بابه‌ته‌کانی ژماره‌ (59 - 63): ”به‌هره‌ی (که‌یخه‌سره‌و) ئه‌وه‌ بوو که‌ (ئه‌فراسیاب)ی کوشت‌و له‌ که‌ناری زرێواری (چیچێست) بوتخانه‌ی وێران کرد“و له‌ (ادبیات مزدیسنا پشتها) نووسراوه‌: ”(که‌یخه‌سره‌و) ماوه‌یه‌ک پاش گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ (ئازه‌رگه‌شه‌سپ) له‌شکرێکی سازداو به‌سه‌ردارێتیی (تووس) بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی سیاوه‌شی باوکی ناردیه‌ تووران. له‌ به‌ر سه‌ره‌ڕۆیی (تووس)، (فروود)ی برای (که‌یخه‌سره‌و - کوڕی سیاوه‌ش‌و جه‌ریره‌) کوژرا. ئێرانی‌یان ڕووی سه‌رکه‌وتنیان نه‌دیت‌و گه‌ڕانه‌وه.‌ (که‌یخه‌سره‌و) جاری دووهه‌م (تووس)ی نارده‌ شه‌ڕی (ئه‌فراسیاب). پاش چه‌ندشه‌ڕو پێکدادانێک، سه‌ره‌نجام (ئه‌فراسیاب) هه‌ڵات‌و له‌پێشدا له‌ ئه‌شکه‌وتێکی نیزێک (به‌رده‌عه‌) خۆی شارده‌وه‌ پاشان له‌لایه‌ن (هووم)ی دیندار که‌ هه‌ر له‌و کوێستانه‌دا گۆشه‌گیر بوو ‌ناسرا‌وه‌و ‌گیرا. ئه‌وجاریش هه‌ڵات‌و به‌ گۆلی چیچێست ‌دا چووه‌ خوارێ‌و خۆی حه‌شاردا‌، له‌وێشیان ده‌رێناوه‌‌و کوشتیان‌.“

ئه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێ که‌ ناوه‌ندی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌فراسیابی ئاوێستا له‌ نیزیک گۆلی چیچێست - ئوروومییه‌ - بووه‌ نه‌ک‌ له‌ توورانی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای خه‌زه‌ر!.

”پرسک“ له‌ جڵدی یه‌که‌می کتێبی خۆی ساڵی له‌دایکبوونی زه‌رده‌شت به‌ 599و داوای پێغه‌مبه‌رایه‌تیه‌که‌ی به‌ ساڵی 559ی پێش زایین ده‌نووسێ. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی زۆر پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داده‌گرن که‌ په‌یدابوونی زه‌رده‌شت بخه‌نه‌ کۆتایی‌یه‌کانی فه‌رمانڕه‌وایی ماده‌کان یا سه‌ره‌تای  هاتنه‌سه‌رکاری هه‌خامه‌نشی‌یان، مێژوونووسان یا ڕۆژهه‌ڵاتناسانی دوای ئیسلام‌و زۆربه‌یان ئی ئه‌و یێک دوسه‌ده‌ی دوایین. به‌ڵام ئه‌و مێژوونووس‌و زانایانه‌ی کۆن که‌ له‌به‌شی زه‌رده‌شتدا باسیان ده‌که‌ین‌و له‌سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشیناندا ژیاون، په‌یدابوونی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ به‌ ئی شه‌شهه‌زارساڵ پێش هه‌خامه‌نشی‌یان ده‌زانن.

هێندێک لێکۆڵه‌ره‌وه‌ش دانیان به‌وه‌دا هێناوه‌ که‌ ئه‌و ڕوانگه‌ی په‌یدابوونی زه‌رده‌شت به‌ سه‌ده‌ی پێنجه‌م ده‌زانێ له‌گه‌ڵ ڕاستیدا ناگونجێ.

ئه‌فلاتوون که‌ له‌ 429 تا 347ی پێش زایین ژیاوه‌ زه‌رده‌شت به‌ دامه‌زرێنه‌ری دینی موغ ده‌زانێ‌و شاگردانی ده‌ڵێن 6000ساڵ پێش مردنی مامۆستاکه‌یان هاتووه‌. ”هۆرمۆدێرhormoder“ ده‌ڵێ: 5000 ساڵ پێش شه‌ڕی یۆنان‌و تێریاس واته‌ 6100 ساڵ(پ.ز).

ئاغای پوورداوودیش که‌ له‌ ئاوێسادا زۆر شاره‌زایه‌، له‌سه‌ر ئه‌وبڕوایه‌یه‌ که‌ ناوی پادشایانی ئاوێستا وه‌ک که‌یقوباد، که‌یخه‌سره‌و، لوهراسب، گه‌شتاسب په‌یوه‌ندی‌یه‌کیان به‌ دیاکۆ‌و کوورۆش‌و...ه‌وه‌ نیه‌.

دیاکۆنۆف له‌ لاپه‌ڕه‌ی 53ی کتێبی (تاریخ ماد) ده‌ڵێ: ”ئه‌و باودۆخه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌‌یه‌ی له‌ ئاوێستا (به‌تایبه‌تی له‌ گاته‌کان)دا شی کراوه‌ته‌وه‌ ئی زۆر کۆنتر له‌ سه‌رده‌می ماده‌کانیشه‌. له‌ ئاوێستادا هێشتا مه‌فره‌ق‌و ئاسن لێک ناکرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئاوێستا له‌ وڵاتی به‌رده‌ستی ماده‌کان نووسراباش، هه‌رچۆنێک بێ نه‌ده‌شیا پاش سه‌ده‌ی هه‌شت‌و نۆی به‌ر له‌زایین نووسرابێ. ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ ئایینی‌یه‌کانی ئێرانی – له‌ سه‌ده‌ی چواره‌می پێش زایین - یێک ده‌گرێته‌وه‌ که‌ زه‌رده‌شتیان به‌ ئی سه‌رده‌مێکی زۆر کۆن ده‌زانی که‌ له‌بیریش چۆته‌وه‌.“و له‌ لاپه‌ڕه‌ی دوایی ده‌ڵێ: ”له‌لایه‌کی دیکه‌ڕا ده‌بێ دان به‌وه‌ دانێین که‌ له‌ ئاوێستادا ڕاسته‌وخۆ نه‌کوتراوه‌ که‌ (شا ویشتاسپ)ی پشتیوانی زه‌رده‌شت له‌ باخته‌ر (به‌لخ) بووه‌و مه‌وعیزه‌کانی زه‌رده‌شتیش له‌ ڕۆژهه‌ڵات (باخته‌ر) بووه‌. وشه‌ی باخته‌ریش له‌ ئاوێستادا نیه‌و ته‌نیا جارێ ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ (وه‌دیدوودات)دا هاتووه‌، که‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی حکوومه‌تی پارته‌کاندا نووسراوه‌.“ 

کردنی (باختی Bakhti) به‌ به‌لخ به‌داخه‌وه‌ زانایه‌کی وه‌ک دیاکۆنۆفیشی تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ کردووه‌، که‌ باخته‌ریشی پێ بکه‌ن به‌ ڕۆژهه‌ڵات. بێجگه‌ له‌وه‌ش وه‌ک دوکتۆر موعین ده‌ڵێ ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ ئاڤێستادا به‌ (ئه‌پاخته‌ر) هاتووه‌‌‌و له‌ په‌هله‌ویشدا هه‌ر وای پێوْتراوه‌‌و به ‌شوێنی‌ئه‌هریمه‌نان‌ناسراوه، وێده‌چێ ئه‌و ئه‌پاخته‌ره‌ی دوکتۆر موعینیش له‌ ئاوێستای ئه‌شکانی‌یه‌کاندا وا هاتبێ ده‌نا له‌ ئاوێستای کۆندا به‌ باختی هاتووه، نه‌ک باخته‌ر یا ئه‌پاخته‌ر‌‌. بێگومان سروشتی شوێنی ئه‌هریمه‌نان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا که‌ سه‌ره‌تای تاریکی‌یه‌ یێک ده‌گرنه‌وه‌و به‌و پێ‌یه‌ باخته‌ر واته‌ ڕۆژئاوا‌و خاوه‌ر که‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌ زۆرتر له‌گه‌ڵ سروشتی ئه‌هوه‌رامه‌زدا یێک ده‌گرێته‌وه‌ که‌ سه‌ره‌تای وه‌دیار که‌وتنی خۆرو ڕووناکی‌یه‌‌و پێی کوتراه‌ خاوه‌ر‌. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌شکانی‌یاندا پێکهاتووه‌ که‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی ئاوێستادا تێکۆشاون قاره‌مانانی ئاوێستا بکه‌نه‌ ئی ناوچه‌ی پارته‌کان که‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران بووه‌.

به‌پێی ناوه‌رۆکی ئاوێستا زه‌رده‌شت له‌سه‌رده‌می گه‌شتاسب ئیددیعای په‌یغه‌مبه‌رایه‌تیی کردووه‌. ئه‌و گه‌شتاسبه‌ی باوکی داریووش بووه‌ پاش پاشایه‌تیی ماده‌کان به‌سه‌رۆکایه‌تی گه‌یشتووه‌. ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شت له‌سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشی‌یان زیندووبا گومانی تێدا نه‌بوو که‌ باسی شایانی مادو هه‌خامه‌نشیشی ده‌کرد، که‌چی هیچ ناوێکی لێ نه‌هێناون. پاشکۆی (ئه‌سپ)، نیشانی ده‌دا (گه‌شتاسپ) ناوێکی مادی‌یه‌‌و‌‌ ته‌نیا ناوی باوکی داریووش گه‌شتاسب نه‌بووه. زۆر پێش هه‌خامه‌نشیان له‌نێو مه‌زنانی مادو ته‌نانه‌ت پارسه‌کانیشدا گه‌شتاسپ ناو هه‌بوونه‌. بۆ وێنه‌ تیکلات پۆلیسێر پادشای ئاسوور له‌ به‌رده‌نووسێکی‌دا باسی ویشتاسپ (گه‌شتاسپی) کردووه‌ که‌ سه‌رۆکی هۆزی که‌مووخ یا که‌مووک بووه‌. قه‌ڵایه‌کی کۆن له‌ کوردستانی تورکیه‌ هه‌یه‌ ناوی (که‌ماخ)ه‌، که‌ وێده‌چێ شوێنی حاوانه‌وه‌ی هۆزی ناوبراو بووبێ. به‌وپێودانه‌ ده‌کرێ بڵێین زه‌رده‌شت پێش ده‌سته‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ماده‌کان بۆته‌ پێغه‌مبه‌رو کۆچی دوایی کردووه‌. که‌وابوو بوونی ناوی گه‌شتاسب له‌شانامه‌دا هیچ په‌یوه‌ندی‌یه‌کی به‌ باوکی داریووشه‌وه‌ نیه‌. هیچکام له‌ پادشایانی هه‌خامه‌نشیش باسی له‌دایکبوونی زه‌رده‌شتیان له‌ به‌رده‌نووسه‌کانیادا نه‌هێناوه‌. ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شت له‌ سه‌رده‌می باوکی داریووش بووبا به‌ پێغه‌مبه‌رو باوکیشی پشتیوانیی لێ‌کردبا،سروشتی ‌بوو ئه‌و به‌ شانازی‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌نووسه‌کانی خۆیدا باسی کردبا. به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ئه‌و به‌ڵکوو هیچکام له‌ پاشایانی هه‌خامه‌نشی باسی بوونی زه‌رده‌شتیان له‌سه‌رده‌می خۆ یا بابیاندا نه‌کردووه‌. ئاشکرایه‌ په‌یدابوونی زه‌رده‌شت که‌ ئه‌وهه‌موو خه‌ڵکه‌ی وه‌دووی که‌وتبوون ئه‌وه‌نده‌ ڕووداوێکی که‌م‌و بێ‌نرخ نه‌بوو که‌ باسی نه‌که‌ن. ئایا جێگای سه‌رسووڕمان نیه‌ که‌ شایانی هه‌خامه‌نشی هێنده‌ ناوی ئه‌هوه‌را مه‌زدا بێنن به‌ڵام باسی پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی نه‌که‌ن؟ که‌وابوو زه‌رده‌شت زۆر پێش وان له‌دایک بووه‌و ناش گونجێ مه‌به‌ستی له‌ باسی شایه‌کانی نێو ئاوێستا پێش واده‌ شایانی هه‌خامه‌نشی بێ که‌ زۆر دوای زه‌رده‌شت له‌دایک بوون. له‌ ئاوێستادا ناوی پێته‌ختی هه‌خامه‌نشیه‌کان‌و زۆر شاری به‌نێوبانگی سه‌رده‌مه‌که‌یانیش نه‌هاتووه‌ تا هێندێک له‌ به‌سه‌رهاتی زه‌رده‌شت‌و پێغه‌مبه‌رایه‌تی‌و شوێنی له‌دایکبوونی ڕوون کاته‌وه.‌ ‌‌ شاره‌کانی سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشی‌یان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی دنیای کۆن دیارن، به‌ڵام ئی ئاوێستا به‌ته‌واوی ڕوون نین‌و بوونه‌ته‌ مایه‌ی زۆر پرسیار، ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شت ئی سه‌رده‌می کوورۆش با (به‌و حیسابه‌ که‌ زۆر حه‌ول دراوه‌ که‌یخه‌سره‌و بکه‌نه‌ کوورۆش‌و هه‌خامه‌نشی بکه‌نه‌ که‌یانی) ده‌بوو ناوی شوێنه‌کانیش وه‌ک ناوه‌کانی سه‌رده‌می  بنه‌ماڵه‌ی وی ڕوون‌و ناسراوو له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی دنیا دیاربان. دیاکۆنۆف له‌لاپه‌ڕه‌ی 177ی مێژووی ماد دا ده‌ڵێ: له‌وانه‌یه‌ (دێ – قه‌ڵا)، شوێنی دانیشتنی ئه‌و ورده‌ فه‌رمانڕه‌وایانه‌ بووبێ که‌ له‌سه‌رچاوه‌ ئاشووری‌یه‌کاندا باسیان کراووه‌و ئاوێستاش پێی کوتوون ”ساسته‌ر Sastar“، به‌ڵام له‌ سه‌رچاوه‌کانی پارسیی کۆندا ناوی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وانه‌ نه‌هاتووه‌. ئه‌وه‌‌‌ش نیشان ده‌دا که پارسه‌کان زۆر دوای ”ساسته‌ره‌کان“ واته‌ پاش‌ سه‌رده‌می ئاوێستاو زه‌رده‌شت هاتوونه‌ته‌ سه‌ر کار.

فارسه‌کان هه‌میشه‌تێکۆشاون مێژووی مادو هه‌موو باسه‌کانی په‌یوه‌دیدار به‌ کورد بشێوێنن، ئه‌وه‌ ئه‌رکێکی شۆڤێنیستی بووه‌ که‌ له‌ دامه‌زرانه‌وه‌ی وڵاتی نوێی پارس (Persia) که‌ دوایه‌ به‌فیتی ئینگلیس‌و بۆ شێواندنی مێژوو ناویان لێ‌نا (ئێران)، له‌سه‌رشانی مێژوونووسانی ده‌مارگرژ قورسایی کردووه‌. هه‌مه‌دان که‌ پێته‌ختی ماده‌کان بووه‌ تیگلات پۆلیسێری یه‌که‌م له‌ 1100ی(پ.ز) به‌ناوی ”ئه‌مه‌دانه“  باسی کردووه. له‌ ئاوێستادا ناوێک له‌وه‌ش نیه‌.  له‌ زامباد په‌شت بابه‌تی 9 سه‌ره‌تا سڵاو ناردراوه‌ بۆ‌ ”هئوسره‌وه“ - که‌یخه‌سره‌و - پاشان زرێواری هئۆسره‌و. له‌ بڕگه‌ی 22ی (به‌نده‌هێش) بابه‌تی 8 دا هاتووه‌ ”زرێواری هئۆسره‌و له‌ په‌نجا فه‌رسه‌نگیی گۆلی چیچێست هه‌ڵکه‌وتووه.‌ که‌یخه‌سره‌و له‌که‌ناری ئه‌و زرێواره‌ سه‌ت ئه‌سپ، هه‌زار گاوو ده‌هه‌زار مه‌ڕی بۆ (ناهید)ی فریشته‌ی ئاو کردۆته‌ه‌ قوربانی‌و نیازی لێ خواستووه‌. وێده‌چێ که‌ ناوه‌ندی هئوسره‌وه‌ی زه‌رده‌شت له‌ نیزیکه‌کانی گۆلی ورمێ‌و وان بێ‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌کی به‌ کوورۆشی هه‌خامه‌نشی‌یه‌وه‌ نیه‌. له‌ کتێبی ”ادبیات مزدیسنا پشتها“دا نووسراوه‌ ”له‌ سه‌رده‌می نووسرانی ئاوێستا هێشتا دانیشتوانی (ئێران) به‌ (ئاریا) ناونه‌ده‌بران پووڵ‌و سکه‌ باو نه‌بووه‌، سه‌ودا به‌ شت ده‌کرا، ده‌وره‌ی زه‌رد (برنج) بووه‌، خه‌به‌رێک له‌ ئاسن نه‌بووه“.‌ ته‌نیا ئه‌گه‌ر ناوی ته‌هموورس که‌ له‌ ئاوێستادا به‌ زینه‌وه‌نت واتا ”چه‌کدار“ بخه‌ینه‌ به‌رچاو، و کورده‌کان که‌ به‌ ئاسن ده‌ڵێن ”ئاسن، ئه‌سین، هه‌سین“ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌زن هه‌ڵی سه‌نگێنین ده‌کرێ بڵێین ئاسنیان ناسیوه‌ ئه‌وه‌ی جێی خۆی بێ لێکۆڵینه‌وه‌و وردبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێ ئه‌وه‌یه‌ باسێکی له‌ ده‌وڵه‌ته‌کانی ئاسوور، کلده‌، سوومێر، خالدی، نایری، سووباری‌و... نه‌کردووه‌ ته‌نیا که‌یوومه‌رسی به‌ ”گئوومه‌رت“ ناو بردووه‌و له‌ کتێبی خۆیدا ناوی گئووتم، گئووتمه‌و گووشی هێناوه‌. که‌ ده‌کرێ به‌ گووتی‌و کووسی‌یان بزانین‌. هه‌مووی ئه‌و نیشانانه‌ به‌لگه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ زه‌رده‌شت نه‌ک هه‌ر ئی سه‌رده‌می کوورۆش نه‌بووه‌، به‌ڵکوو زۆر پێش ده‌سته‌ڵاتی ئاشووری‌یانیش بووه‌و به‌و پێ‌یه‌ شه‌ش هه‌زارساڵ پێش زایین بۆ سه‌رده‌می زه‌رده‌شت له‌ هه‌موو ئه‌و ڕوانگانه‌ له‌ڕاستی نیزیکتره‌ که‌ بۆ گرێدانی گه‌شتاسپ له‌ کوورۆش ویستوویانه‌ بی‌خه‌نه‌ چاخی هه‌خامه‌نشی‌یه‌کان. زه‌رده‌شت هه‌روه‌ها ناوێکی له‌ یاران‌و هاوسه‌فه‌ران‌و بنه‌ماڵه‌ی خۆی“ مێدیوو مانگهه‌ سپتیم“ی دێنێ که‌ پاشان مێدیوومانگهه‌ بوووه‌ به‌ مێدیووماه‌. له‌سه‌رده‌می ساسانی‌یان به‌ وشه‌ی مادیان ده‌کوت ماه‌.  له‌ڕاستیدا مانگهه‌ به‌واتای ”ماه“‌ بووه‌ که‌ کورده‌کان ئه‌وڕۆش پێی‌ده‌ڵێن مانگ. له‌ ئاوێستادا ئاماژه‌ به‌ شارێک به‌ناوی ”بووری“ کراوه‌ که‌ به‌ ”بابل“ی ده‌زانن. به‌پێی ئه‌و ناوانه‌ پادشایانی باسکراو له‌ ئاوێستادا زۆر پێش ماده‌کان بوونه‌و گۆڕه‌پانی تێکۆشانیشیان له‌ باکووری ڕۆژئاوای گۆلی ورمێ، شوێنی لێ په‌یدابوونی زه‌رده‌شت بووه‌. له‌ ئاوێستادا دێو، له‌ناوبه‌ری دینی یێک خواپه‌رستی به‌ (مێرشئه‌ئۆن Mercheon) ناو براوه‌ کورده‌کان سه‌رۆکی ئوولیی ئاسووری‌یان به‌”مه‌رشه‌مۆن“ ناو ده‌به‌ن که‌ ده‌بێ هه‌ر ئه‌و مێرشه‌ئۆنه‌ بێ. ده‌بێ بگوترێ ئاسووری‌یه‌کان که‌ له‌ سنووره‌کانی حێلی زه‌رده‌شت بوونه‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئوولیی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یان نه‌سه‌لماندووه‌و گه‌وره‌ترین سه‌رۆکی ئوولیی ئه‌وان مێرشه‌یۆن بووه‌ پاشان ئه‌و نازناوه‌ بۆته‌ گشتی.

هێندێکان ئیددیعا ده‌که‌ن زه‌رده‌شت خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌، که‌چی ”یه‌سنا“ 46 بابه‌تی یێک‌و دوو ده‌ڵێ: ”بۆ کام خاک هه‌ڵێم، بۆکوێ په‌نابه‌رم، پێشه‌وایان‌و نه‌جیبان خۆم لێ ده‌کێشنه‌وه‌و له‌ جووتیارانیش ڕازی نیم‌و نه‌ له‌ فه‌رمانڕه‌وایانی شار که‌ لایه‌نگری درۆن. چۆن ده‌توانم ڕازیت که‌م ئه‌ی مه‌زدا من ده‌زانم که‌ بۆچی هیچ کارێکم بۆ ناچێته‌پێش چونکه‌ گه‌له‌و مێگه‌لم که‌من‌و کرێکارم زۆرنین“

زه‌رده‌شت به‌هۆی نه‌چووونه‌پێشی ڕاسپارده‌که‌ی له‌ نیشتمانی خۆیداو ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ڕاونرانی له‌لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندکه‌س له‌ هاوڕێیانی به‌هۆیه‌ک له‌ ئاوه‌دانی لای‌داوه‌و به‌کوێره‌ڕێدا خۆی گه‌ویاندۆته‌ گه‌شتاسپ‌. (ادبیات مزدیسنا پشتها) ده‌ڵێ ئه‌و ناوه‌ له‌خودی گاته‌کاندا (ویشتاسپ)ه‌. 

له‌سه‌ر شوێنی پادشایه‌تی‌و پێته‌ختی که‌یانی‌یانیش شێواندن‌و تێکدانی به‌رچاو هه‌یه‌. به‌لخ یا باخته‌ر له‌ ئاوێستادا به‌ باختی(Bakhti) هاتووه‌. له‌ ئاوێستادا کاتێک ئه‌هوه‌را مه‌زدا باسی ئافراندنی جیهان ده‌کا ده‌ڵێ: ”من ئاهوه‌را مه‌ز‌دا چواره‌مین وڵاتێک که‌ سازم کرد، به‌لخی جوانه‌ به‌ ئاڵا شه‌کاوه‌کانیه‌وه‌“. وه‌ک ده‌بینین ئاوێستا به‌ڕوونی باسی وڵات ده‌کا نه‌ک شار. ئه‌وانه‌ی ویستوویانه‌ ئه‌و به‌لخه‌ بکه‌نه‌ شاری به‌لخی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ ناچاری بیانوویه‌کیشیان بۆ داتاشیوه‌و ده‌ڵێن جاری واهه‌بووه‌ که‌ شارێکیش له‌به‌ر گرنگی به‌ وڵات ناوی هاتووه‌، که‌ بیانوویه‌کی زۆر نابه‌جێ‌یه‌و ناتوانێ ڕاستی له‌ مرۆی وردبین بشارێته‌وه‌.  زۆرکه‌سیش له‌سه‌ر باخته‌رو به‌لخ تووشی هه‌ڵه‌ بوون، چونکه‌ نه‌یانزانیوه‌ به‌لخێکیش له‌لای ڕۆژئاوایکوردستان هه‌یه‌. ئه‌و ناوه‌ به‌ یۆنانی به‌ باکتریان (Baktrian) هاتووه. له‌سه‌رده‌می پادشایه‌تیی (که‌ی گه‌شتاسب)ی که‌یانی ناوبانگێکی زۆرتری هه‌بووه‌. ئه‌و شوێنه‌ شوێنی وه‌دیارکه‌وتنی زه‌رده‌شت‌و ناوه‌ندی ته‌بلیغاتیه‌تی.

سپایزێر ده‌ڵێ به‌لخ له‌نیزیک خاپووره‌‌و به‌شێک بووه‌ له‌ نیشتمانی میتانی‌یه‌کان، که‌ گه‌لێکی به‌هێزی کورد بوون. کتێبی (تاریخ تطبیقی باستانی ایران له‌لاپه‌ڕه‌ی 64یدا له‌زمانی که‌تزیاسه‌وه‌ ده‌ڵێ: ”... ئارباکس (شای ماد) که‌ ناهومێد ببوو، تا بیستی له‌ (باخته‌ر) ڕا له‌شکرێک دێته‌ یاریده‌ی پادشای ئاشوور، چووه‌ لای سپای باخته‌رو هانیدان له‌دژی ئاشوور هه‌ستنه‌وه‌و یاریده‌ی وی بده‌ن. ئه‌وان که‌ به‌ بیستنی هه‌واڵی ئازادی له‌ بن نیری ئاشوور، زۆر شادبوون‌و هاتنه‌ یاریده‌ی ئارباکس...“ ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دا که‌ وڵاتێک به‌ناوی باخته‌ر له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئاشووردا هه‌بووه‌ که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ سته‌می ئه‌و داگیرکه‌رانه‌ وه‌زاڵه‌ هاتوون. به‌سه‌رنج دان به‌وه‌ی که‌ به‌لخی لای ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران، زۆر له‌ نه‌ینه‌وا دوور بووه‌و له‌شکره‌که‌شی نه‌یده‌توانی له‌کاتی ئه‌وشه‌ڕه‌دا بگاته‌ لای نه‌ینه‌وا – مه‌گه‌ر وڵاتی ماد داگیر بکا – هیچ گومان له‌وه‌یدا نامێنێ که‌ ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وباخته‌ره‌ی لای ڕۆژئاوای کوردستانه‌ که‌ سپایزێر باسی ده‌کا. ئه‌وه‌ نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستی‌یه‌یه‌ که‌ پادشاکانی که‌یانی له‌ باخته‌ره‌که‌ی ڕۆژئاوای کوردستان بوونه‌ نه‌ک به‌لخی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران.

که‌یقوباد (که‌وی که‌واته ‌Kavi kavata )

ناوی ئه‌و پادشایه‌ له‌ ئاوێستادا که‌واته‌. ‌پێشگری (که‌ی) که‌ (له‌ که‌وی Kavi)ی ئاوێستا وه‌رگیراوه‌، له‌ په‌هله‌ویدا به‌‌(گه‌وره‌، به‌هێز، زۆردار) ده‌ڵێن، هه‌روه‌ک له‌پێشه‌کیشدا گوتمان: له‌کوردیشدا ئه‌وڕۆ به‌ گه‌وره‌ی خۆیان ده‌ڵێن (کا، کاک). وشه‌ی (که‌وی) هێشتاش له‌ناو هۆزه‌کانی (بۆیرئه‌حمه‌دی)‌و (مه‌مه‌سه‌نی)دا به‌واتای دلێرو قاره‌مان‌و فه‌رمانڕه‌وا باوه‌.

بڕوای زه‌رده‌شتی‌یان وایه‌ که‌ مه‌هاباد زه‌رده‌شتی یه‌که‌م، هۆشه‌نگ که‌ ئاگری دیته‌وه‌ زه‌رده‌شتی دووهه‌م‌و زه‌رده‌شتی ئاخیر که‌ به‌ زه‌رده‌شتی سێهه‌م ناسراوه‌ ناوی ئیبڕاهیم بووه‌.

که‌یقوباد له‌تۆره‌مه‌ی نه‌وزه‌ری کوڕی مه‌نووچێهره‌. ئه‌و یه‌که‌م شابوو که‌ دوای له‌ناوچوونی زنجیره‌ی پێشدادی‌یان، به‌ یاریده‌ی زاڵ‌و ڕۆسته‌م له‌سه‌ر ته‌ختی شایه‌تی دانیشت. کتێبی (داستان رستم، نگارش سیروس جمالی) که‌ له‌ شانامه‌ی وه‌رگرتووه‌، باسی هاتنه‌ سه‌ر ته‌ختی که‌یقوباد ده‌کا که‌ کورته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌: (پاش ئه‌وه‌ی ڕۆسته‌م ده‌ستی وه‌ ڕه‌خش ڕاگه‌یشت، ئێرانی‌یان ئاماده‌ی شه‌ڕی ئه‌فراسیاب بوون. ئه‌فراسیابیش له‌شکری خۆی ده‌نگداو هاتنه‌ مێرگی پڕ له‌ئاوو قامیشی ”خوارری“. – به‌و نیشانانه‌ وێده‌چێ خوارری هه‌ر شامی لایمه‌هابادو میاندواوب بێ که‌ له‌ باشووری گۆلی (چیچێست) ورمێ‌یه‌و گۆڕه‌پانی دوایین شه‌ڕی ئه‌فراسیاب‌و ئێرانی‌یانیش هه‌ر له‌و ئاقاره‌ بووه - دووله‌شکر له‌ دوو فرسه‌خیی یێکتر ئۆردوویان دامه‌زراند.

زاڵ کوتی: ”ته‌ختی شایی به‌تاڵ‌و له‌شکرمان بێ سه‌روه‌ره‌. ده‌بێ که‌سێک له‌ تۆوی که‌یان بۆ پادشایه‌تی هه‌ڵبژێرین، ئه‌ویش گه‌نجێکه‌ له‌ تۆره‌مه‌ی فه‌ره‌یدوون که‌ دادگه‌رو به‌ شکۆیه‌. ناوی که‌یقوباده‌و موئبێد نیشانه‌که‌ی داوینێ“

 پاشان ڕووی ده‌ ڕۆسته‌م کردو کوتی: ”له‌شکرێک هه‌‌ڵگره‌و کووپالی به‌ره‌و بچووه‌ کێوی ئه‌لبورزو که‌یقوباد بدۆزه‌وه‌و ئافه‌رینی پێ‌بڵێ‌و بڵێ له‌شکر تۆیان بۆ پادشایه‌تی هه‌ڵبژاردووه‌و.“

 ڕۆسته‌م به‌ته‌نێ بۆلای که‌یقوباد وه‌ڕێکه‌وت. مایلێکی مابوو بگاته‌ ئه‌لبورز، دیتی گه‌نجێکی زۆرجوان له‌ژێر سێبه‌ری داراندا له‌سه‌رته‌ختێک‌ له‌دم ئاوێ دانیشتووه‌و پاڵه‌وانان له‌لای ته‌خته‌که‌ی ڕاوه‌ستاون.  سڵاوی لێکردن، وه‌ڵامیان دایه‌وه‌و فه‌رموویان کرد.

ڕۆسته‌م وه‌ڵامی دانه‌وه: ” کاتی دانیشتنم نیه‌و بۆ کارێکی گه‌وره‌ ده‌چمه‌ ئه‌لبورز. ناتوانم وه‌دره‌نگی که‌وم.“

پاڵه‌وانان پرسیان: ”له‌ ئه‌لبورز له‌کێ ده‌گه‌ڕێی؟ “

ڕۆسته‌م کوتی: ”له‌ پادشایه‌کی پاک ده‌گه‌ڕێم که‌ له‌تۆره‌مه‌ی فه‌ره‌یدوونه‌.“

فه‌رمانده‌ری پاڵه‌وانه‌کان کوتی: ”ئه‌من پێی ده‌زانم ئه‌گه‌ر فه‌رمۆی گه‌وره‌مان که‌ی تاوێک له‌لامان دانیشی، پێت ده‌ڵێم له‌کوێ‌یه‌.“

ڕۆسته‌م وه‌ک بای له‌ڕه‌خشی هاته‌خوارو چوو له‌بن سێبه‌ری داره‌که‌ له‌ لای ته‌ختی‌ زێڕینی گه‌نجه‌که‌ی دانیشت. گه‌نجه‌که‌ به‌ده‌ستێکی ده‌ستی ڕۆسته‌می گرت‌و به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی جامێکی شه‌رابی دایێ‌و لێی پرسی: ”له‌قوبادت ده‌پرسی، ئه‌وناوه‌ت له‌کێ بیستووه‌؟“

ڕۆسته‌م له‌وه‌ڵامدا کوتی: ”مه‌زنانی ئێران ئه‌ویان به‌ پادشا هه‌ڵبژاردووه‌، زاڵی باوکم ناردوومی بیبینمه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆمدا بی‌به‌م“

به‌و‌ گوته‌ی ڕۆسته‌می خه‌نده‌ که‌وته‌ سه‌ر زاری گه‌نجه‌که‌و کوتی: ”ئه‌من که‌یقوبادم!“

ڕۆسته‌م که‌ ئه‌وه‌ی بیست له‌ ته‌خت هاته‌خوارو سه‌ری دانواندو کوتی: ”ئه‌ی پادشای پادشایان‌و په‌نای دلێران، ته‌ختی ئێرانت پیرۆزبێ. فه‌رمانم ده‌یه‌ تا وڵامی جه‌نگاوه‌رانت پێڕابگه‌یێنم“

که‌یقوباد به‌بیستنی وڵامه‌که‌ له‌گه‌ڵ ڕۆستم بۆلای (خوارری) وه‌ڕێکه‌وت. (قه‌لوون) سه‌رداری ئه‌فراسیاب، ڕێگای پێگرتن. که‌یقوباد ویستی بچێته‌ شه‌ر، که‌ ڕۆسته‌م هه‌ڵیکوتایه‌ سه‌ریان‌و قه‌لوون‌و زۆری دیکه‌ی لێ کوشتن‌و ئه‌وی دیکه‌ هه‌ڵاتن. که‌یقوباد گه‌یشته‌ سپای ئێران‌و مه‌زنانی وڵات له‌سه‌ر ته‌ختی شایی‌یان دانا. سه‌ره‌نجام له‌شکری ئه‌فراسیاب تێک شکان‌و هه‌ڵاتن.) ‌

له‌ ئاوێستادا ته‌نیا دووجاران به‌ ناوی(  (kavataو نازناوی( Kavi) باسی که‌ی قوباد کراوه‌. له‌ زمانی په‌هله‌ویشدا گۆڕانێکی ئه‌وتۆ له‌و ناوه‌دا پێک نه‌هاتووه‌و به ‌kavat)) تۆمار کراوه‌و هه‌ر له‌و وشه‌ی‌ڕا زاراوه‌ی فارسی‌و تازیی قوباد په‌یدابووه‌. یه‌که‌م یادی قوباد له‌ یه‌شتی سێزده‌هه‌مدا ده‌که‌وێته‌ به‌رچاو. له‌و سه‌رچاوه‌یدا پاش باسی پادشایانی پێشدادی، ناوی وی له‌ سه‌رووی پادشایانی که‌یانیدا دێ‌و ڕه‌وانه‌که‌ی په‌سن ده‌کرێ. دووهه‌مین شوێن که‌ ناوی (که‌یقوباد)ی تێدا ده‌بینین، یه‌شتی نۆزده‌هه‌م یا که‌یان یه‌شت یا زامیاد یه‌شته‌ که‌ له‌ودا باسی که‌ڤی که‌ڤات ده‌کرێ. به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی به‌نده‌هێش که‌ڤات منداڵێک بوو که ده‌ سندووقێکیان نابوو و به‌ئاوێیاندا هێشتبوو‌، ئووزوو (زاب – زوو) دیتی‌یه‌وه‌و کردیه‌ کوڕی خۆی‌و ناوی نا (که‌واز kavaz).

له‌ فه‌سڵی سی‌و یێکه‌می به‌نده‌هێش ڕه‌گه‌زنامه‌ی که‌یانی‌یان ئاوایه‌: ”که‌ی که‌ڤاز کوڕێکی هه‌بوو به‌ناوی که‌ی ئه‌پیوه‌. له‌ که‌ی ئه‌پیوه‌ چوار منداڵ به‌و ناوانه‌: (که‌ی ئووس Kaius) که‌ هه‌ر که‌یکاووسه‌که‌ی شانامه‌یه‌، (که‌ی ئاره‌ش Kai arash)، (که‌ی پی سین Kai pi sin)و (که‌ی پیره‌ش  .(Kai pirashله‌ که‌ی ئووس. سیاوه‌ش بوو و له‌ سیاوه‌شیش که‌یخه‌سره‌و، به‌ڵام پادشاو ناودارانی دیکه‌ی که‌یانی له‌ پشتی که‌ی پی سینن. له‌ که‌ی پی سین، مه‌نووش (Manush) له‌ مه‌نووش، ئووزان (Uzan) یا ئووز (Uz)و له‌ ئووز، که‌ی لوهراسپ (ئه‌ئورڤه‌ت ئه‌سپا Aurvat aspa واته‌ خاوه‌نی ئه‌سپی توندو خێرا) بوو، که‌ باناوبانگترین کوڕه‌کانی ویشتاسب‌و ژه‌ریر بوون. له‌ که‌ی ویشتاسب دوو کوڕ به‌ناوی سپه‌ندیاز (Spandyaz یا ئیسفه‌ندیاری شانامه‌)و پیش یۆته‌ن (Pishyotan یا په‌شووته‌نی شانامه‌) هاتنه‌ دنیا. که‌ له‌ مێژووی دینیدا زۆر به‌رچاون. ئه‌سفه‌ندیار کوڕانی وه‌ک وه‌همه‌ن (به‌همه‌نی شانامه‌)و ئازۆرته‌رسه‌ (Azortarsah)و مێهر ته‌رسه‌ی هێنایه‌ دنیا که‌ ناوبانگێکی وایان نیه‌.“  که‌چی ئاوێستادا دووجاران ناوی دێنێ‌و ده‌ڵێ که‌ی کاووس کوڕی که‌ی ئه‌پیوه‌ بووه‌. پاش ئه‌وه‌ی که‌ی‌قوباد به‌فه‌رمی له‌سه‌ر ته‌ختی ئێران داده‌نیشێ، پاڵه‌وانان هانی ده‌ده‌ن بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توورانی‌یان. له‌ شه‌ڕێکی ئاسته‌مدا پاڵه‌وانانی ئێران ته‌نگ به‌ توورانی‌یه‌کان هه‌ڵده‌چنن‌. ڕۆسته‌م له‌ شه‌ڕێکی ئاسته‌مدا ئیسفه‌ندیار ڕاوده‌نێ. (ئه‌و ئیسفه‌ندیاره‌مان‌ که‌ له‌ نیزیکانی په‌شه‌نگی باوکی ئه‌فراسیاب بووه،‌ نابێ له‌گه‌ڵ ئیسفه‌ندیاری کوڕی گه‌شتاسب لێ بگۆڕێ). په‌شه‌نگی باوکی ئه‌فراسیاب‌و سه‌رکرده‌ی توورانی‌یان به‌ناچاری داوای ئاشتیی کردو به‌ڵێنی دا بگه‌ڕێته‌وه‌ خاکی خۆی. که‌یقوباد ئه‌وه‌ی په‌سند کرد، به‌ڵام ڕۆسته‌م‌و پاڵه‌وانان نه‌یان سه‌لماند‌و ویستیان شه‌ڕ تا کۆتایی هێنان به‌ کاری ئه‌فراسیاب درێژه‌ پێ‌بده‌ن. به‌ڵام که‌یقوباد به‌دانی خه‌ڵات ڕازیی کردن‌و ئاشتی به‌رقه‌راربوو. پاشان که‌یقوباد گه‌ڕاه‌وه‌ ئیسته‌خر. ماوه‌ی ته‌مه‌نی که‌یقوباد سه‌ت ساڵ‌و پادشایی‌یه‌که‌ی هه‌شتا ساڵه‌. 

که‌یکاووس (که‌ڤی ئووسه‌ن Kaviusan)

ئه‌و ناوه‌ له‌ ئاوێستادا به‌ (که‌ڤی ئووسذه‌ن Kaviusazan)یش هاتووه‌و ئه‌و شێوه‌یه‌ بێجگه‌ له‌ یه‌شتی پێنجه‌م‌و چارده‌هه‌م له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌دا تۆمارکراوه‌. که‌یکاووس دووهه‌مین پادشای که‌یانی‌و به‌ناوبانگترینیان بووه‌.

ئه‌وێستاو مێژووه‌کانی دیکه‌ی په‌هله‌وی زۆرتر له‌ که‌یقوباد ، باسی وی ده‌که‌ن. له‌ نامه‌کانی په‌هله‌ویدا گێڕانه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر هه‌ن. ناوی له‌ شانامه‌و سه‌رچاوه‌ ئیسلامی‌یه‌کاندا زۆر تێکه‌ڵاوی ئه‌فسانه‌ بووه‌.

کاووس که‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشت، له‌دانیشتنێکی خۆشیدا ئاوازێکی له‌سه‌ر په‌سنی مازه‌نده‌ران، له‌ شه‌یارێک بیست.  ئه‌و ئاوازه‌ وای که‌ڵکه‌ڵه‌ی  گرتنی مازه‌نده‌ران خسته‌سه‌ری که‌ هه‌رچه‌نده‌ زاڵ‌و مه‌زنانی وڵات کردیان‌و کراندیان نه‌یانتوانی له‌و بیره‌ پاشگه‌زی که‌نه‌وه‌. له‌شکری کێشایه‌ سه‌ر مازه‌نده‌ران‌و پادشای ئه‌و وڵاته‌ به‌یاریده‌ی دێوی سپی شاو له‌شکره‌که‌ی به‌ ئه‌فسوون گرتن‌و کوێری کردن. زاڵ ڕۆسته‌می ڕاسپارد بچێت‌و ڕزگاریان کات. ڕۆسته‌م پاش تێپه‌ڕین به‌ حه‌وت خوانه‌ به‌ ناوبانگه‌که‌یدا – که‌ ئێستاش بۆته‌ مه‌سه‌ل بۆ ئاسته‌م بوونی کارێک – و کوشتنی دێوی سپی‌و شای مازه‌نده‌ران، ئه‌و وڵاته‌ی گرت‌و کاووس‌و له‌شکره‌که‌ی چاکردنه‌وه‌‌و ڕزگاری کردن.

له‌ ئاوێساتادا سه‌ره‌تا له‌ یه‌شتی پێنجه‌مدا تووشی ناوی کاووس ده‌بین، که‌قوربانی ده‌داته‌ (ئه‌رێدویسووره‌ ئه‌ناهیتا (aredvisura anahita )و ئاره‌زوو ده‌کا که‌ به‌سه‌ر هه‌موو وڵاتاندا زاڵ‌و به‌سه‌ر جادووگه‌ران‌و ئه‌میرانی دژکاریدا سه‌رکه‌وتووبێ‌و ئه‌و ویست‌و ئاواته‌شی دێته‌دی. له‌ یه‌شتی سێزده‌هه‌میشدا له‌ باسی په‌سنی ڕه‌وانی که‌یانی‌یاندا، پاش که‌یقوبادو که‌ی ئه‌پیوه‌ (Apiveh) هاتووه‌. سڵاو ده‌نێرێ بۆ ڕه‌وانی که‌ڤی ئوسده‌ن. له‌ یه‌شتی چوارده‌هه‌مدا له‌و جێ‌یه‌ی باسی سه‌رکه‌وتن‌و ده‌سته‌ڵات‌و هێز دێته‌گۆڕێ، باسی که‌ڤی ئوسذه‌ن که‌یکاووس ده‌کرێ‌ که‌ ویستیاری هێزێکی ئاوایه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن. دوایین باسی که‌یکاووس له‌ ئاوێستادا له‌ به‌ندی دووهه‌می (ئافه‌رین پێغه‌مبه‌ر زه‌رده‌شت) دایه‌ که‌ زه‌رده‌شت ئاره‌زوو ده‌کا ویشتاسب (که‌ی گه‌شتاسب) وه‌ک کاووس به‌هێزو ده‌سته‌ڵات بێ. به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی دینکورد له‌ (سووتگه‌رێ نۆسۆ‌کێ Sutgare Nosoke) واته‌ به‌شی یه‌که‌می ئاوێستای ساسانیدا به‌درێژی باسی که‌ی ئووس (Kai us) کراوه‌.

به‌پێی هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌ی‌، کاووس یێکێکه‌ له‌ چوار کوڕی که‌ی ئه‌پیوه‌‌ی (کوڕی که‌یقوباد)و گه‌وره‌ترینیانه‌. کاووس خاوه‌نی وه‌ها پله‌و گرنگی‌یه‌که‌ که‌ که‌یانی‌یه‌کانی دیکه‌ پێی نه‌گه‌یشتوون. ئه‌و به‌ زاکوونه‌وه‌ حه‌وت قوڕنه‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌با. به‌سه‌ر دێوان‌و ئه‌میرانی سه‌ربزێودا زاڵ ده‌بێ، به‌بێ‌ئه‌ملاو ئه‌ولا فه‌رمانه‌کانی جێبه‌جێ ده‌کرێن‌و حه‌وت کۆشکان له‌سه‌ر به‌رزایی کێوی ئه‌لبورز ساز ده‌کا، به‌پێی زۆر گێڕانه‌وان، یێک له‌زێڕ، دوو له‌ زێو، دوو له‌ پۆڵاو دوو له‌ بلوور. کاووس دێوانی مازه‌نده‌رانی که‌ خه‌ریکی ئاژاوه‌و سه‌ربزێوی‌و خراکردنی دنیابوون له‌و کۆشکانه‌دا زیندانی ده‌کردن‌و کاری لێ ده‌کێشان. هێرۆدۆتیش باسی ئه‌و حه‌وت کۆشکه‌ی کردوه‌و ده‌ڵێ: ئه‌و ده‌ستی کرد به‌ سازکردنی قه‌ڵایه‌ک له‌ ناو‌ چه‌ند حه‌وشی له‌ناو یه‌کدا بوو. ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و قه‌ڵایه‌یه‌ که‌ ئه‌وڕۆ ئۆکباتانی پێده‌کوترێ. له‌هه‌رحاڵدا حه‌وت حه‌ساره‌که‌ هه‌ن‌و کۆشک‌و گه‌نجینه‌کانی شای ده‌ دوایین حه‌وشدان. درێژترینی ئه‌و کۆشکانه‌ به‌قه‌را حه‌ساری ئاتێنه‌. ڕه‌نگی حه‌ساره‌کانیش به‌ته‌رتیب سپی، ڕه‌ش، ئه‌رخه‌وانی، شین، سوور، نارنجی، زێوین‌و زێڕینه‌. هێندێک له‌ مێژوونووسان پێیان وایه‌ ئه‌و حه‌وشانه‌ دیۆکۆسی پادشای ماد سازی کردوون، به‌ڵام زۆربه‌یان پێیان وایه‌ ئه‌و چاکی کردوونه‌‌ته‌‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌یان زۆرتر وه‌ڕاستی ده‌چێ، چونکه‌ هه‌مه‌دان پێش ماده‌کان هه‌بووه‌. له‌ فه‌سڵی سی‌وسێهه‌می (به‌نده‌هێش)یش باسی کۆشکی که‌ی ئووس، وه‌ک چه‌ند ماڵی یێک له‌ناویێکدا، کراوه‌: یه‌که‌میان زێڕین، که‌ شوێنی لێ مانه‌وه‌ی بوو، دووی دیکه‌یان له‌ بلوور که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئه‌سبه‌ تایبه‌تی‌یه‌کانی، دوو مالێ له‌پۆڵا که‌ مێگه‌ل‌و گاگه‌لی تێدا ده‌حاوانه‌وه‌‌. وه‌ک له‌نامه‌ په‌هله‌وی‌یه‌کان ده‌رده‌که‌وێ، که‌یکاووس وه‌ک جه‌مشید نه‌مر بوو، به‌ڵام له‌به‌ر کوشتنی گای پیرۆزی مه‌رزیاب‌و هه‌ڵه‌ی دیکه‌ نه‌مریی لێئه‌ستێندرایه‌وه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ریگ وێدا (یێکێک له‌ چوار کتێبه‌کانی وێدا) تووشی ‌ناوی ئووسه‌نه‌سکاڤیا (usanas kavya) له‌ شاکانی پێشدادی ده‌بین (که‌ چه‌ند که‌سیان له‌ ریگ وێدادا باس کراون)، که‌ وه‌بیرخه‌ره‌وه‌ی شێوه‌گوتنی ئاوێستایی کاووسه‌. له‌مه‌ڕ کاووس له‌ نێوان ناوه‌رۆکی به‌نده‌هێش‌و شانامه‌دا هاوسه‌نگی‌و نیزیکایه‌تی هه‌یه‌. به‌پێی ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌ی ماوه‌ی پادشایه‌تیی وی یێکسه‌ت‌و په‌نجا ساڵ بووه‌. که‌هاته‌ سه‌ر ته‌خت، ێکێک له‌ روود لێده‌رانی زمانلووسی مازه‌نده‌رانی هاته‌ ده‌رگای‌و سروودێکی خۆشی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی بۆ لێدا، وه‌ها که‌ بیری هێرش کردنه‌ سه‌ر مازه‌نده‌رانی که‌وته‌سه‌ری. پاڵه‌وانان‌و مه‌زنانی ئێران ده‌یانزانی هێزو وزه‌یه‌کی زۆر ده‌ مازه‌نده‌راندایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕه‌دا کۆک نه‌بوون. ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بناخه‌ی وه‌بیریان خسته‌وه‌ که‌ شه‌ڕی مازه‌نده‌ران به‌رهه‌مێکی بێجگه‌ له‌ شکست‌و له‌ناوچوون نابێ‌. به‌ڵام کاووس ڕوانگه‌ی وان ناسه‌لمێنێ‌و که‌سێک ده‌نێرێته‌ لای زاڵ. زاڵ بێوچان ده‌چێته‌ ده‌رگای کاووس‌و پاش پێزانین به‌ مه‌به‌ستی ئه‌و، هه‌ر وه‌ک مه‌زنانی دیکه‌ داوای لێده‌کا خۆ له‌وکاره‌ی نه‌داو پێی ده‌ڵێ پادشای وه‌ک جه‌م‌و فه‌ره‌یدوون‌و مه‌نووچێهرو که‌ی قوباد، ته‌نانه‌ت بیرۆکه‌ی ئه‌وکاره‌شیان به‌مێشکیدا نه‌هاتووه‌. کاووس له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:

و لیکن مرا از فریدون و جم                                فزونست مردی‌ و فرّ و درم

همان از منوچهر و از کیقوباد                             که‌ مازندران را نکردند یاد

سپاه‌و دل‌و گنجم افزونتراست                             جهان زیر شمشیر تیز اندراست

واته‌:

به‌ڵام خۆ ئه‌من له‌ فه‌ره‌یدوون‌و جه‌م                     زۆرترم له ‌لایه‌ پیاوه‌تی‌و دره‌م

له‌ مه‌نووچێهریش‌و له‌ که‌یقوبادیش                      که‌ مازه‌نده‌رانیان نه‌هاته‌یادیش

گه‌نجم زۆرتره‌‌و له‌شکرو بوێری‌                            کێ له‌وجیهانه‌ به‌شیرم ده‌وێری

به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی شانامه‌، ئه‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌و له‌خۆبایی بوونه بێجێیه‌‌ی که‌یکاووس بو وی‌و پاڵه‌وانه‌کانی ئاکامێکی زۆر ناخۆشی لێکه‌وته‌وه‌. کاووس به‌ له‌شکری خۆی هه‌ڵده‌کوتێته‌ سه‌ر مازه‌نده‌ران که‌ نیشتمانی دێوانه‌. ئه‌وانیش ئاریایی بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاریایی‌یه‌کانی دیکه‌ نه‌ده‌گونجان چونکه‌ نه‌ده‌چوونه‌ ژێر باری چاکسازی‌یه‌کانی ئوولیی ئێرانی‌یه‌کان‌و له‌سه‌ر ئوولی پێشووی خۆ واته‌ په‌رستینی خوداکانی خۆیان، واته‌ دێواکان (Deva) بوون. سپای ئێران ده‌ست ده‌که‌ن به‌ تاڵان‌و کوشتار. کاتێک ئه‌رژه‌نگی شای مازه‌نده‌ران ئاگاداری ڕووداوه‌که‌ ده‌بێ، (گزیر)ی که‌ یێکێک له‌ مه‌زنانی وڵات ده‌بێ، بۆ داوای یاریده‌ ده‌نێرێته‌ لای دێوی سپی. دێوی سپی یێکێک ده‌بێ له‌ ئه‌میره‌ مه‌زنه‌کانی تایفه‌ ئاریایی‌یه‌کانی مازه‌نده‌ران ‌و خاوه‌نی له‌شکرێکی وا گران‌و به‌سام که‌ هه‌رکه‌ چاوی که‌یکاووس به‌ پێشه‌نگه‌که‌یان ده‌که‌وێ، کۆتایی کاری لێ ڕوون ده‌بێته‌وه‌و په‌ژاره‌و په‌شیمانی دایده‌گرێ. به‌ڵام په‌‌ژاره‌ که‌لکی نابێ‌و دێوی سپی به‌هێزی جادوو، که‌یکاووس‌و له‌شکره‌که‌ی کوێرده‌کاو هه‌موویان ده‌گرێ‌و به‌ ئه‌رژه‌نگی شای مازه‌نده‌رانیان ده‌سپێرێ. ڕۆسته‌م ئاگاداری ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌بێته‌وه‌و پاش تێپه‌ڕین له‌ حه‌وت خوان، به‌سه‌رکه‌وتنه‌وه‌ ئه‌رژه‌نگ شای ده‌گرێ‌و ده‌یکوژێ. پاشان دێوی سپیش ده‌گرێ‌و ده‌یکوژێ‌و به‌ دڵی ئه‌و دێوه‌ جادوویه‌که‌ی پووچ ده‌کاته‌وه‌و کاووس‌و له‌شکره‌که‌ی ڕزگار ده‌کاو ده‌یانگه‌ڕێنه‌ته‌وه‌ ئێران.

کاووس پاش ئه‌وشه‌ڕه‌ چه‌ند شه‌ی دیکه‌ ده‌کاو هێندێک له‌ شایان دێنه‌ به‌رفه‌رمانی، به‌ڵام شاکانی به‌ربه‌ر، میسر‌و هاماوه‌ران ده‌ست وێک ده‌ده‌ن‌و ده‌گه‌ڵی به‌شه‌ڕدێن. سه‌ره‌نجام  هه‌رسێکیان ده‌شکێن‌و پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن. کاووس سوودابه‌ی کچی شای هاماوه‌ران دێنێ. شای هاماوه‌ران به‌تۆڵه‌ی شکسته‌که‌ی، بۆ گرتنی کاووس‌و پاڵه‌وانانی ئێرانی‌و گێڕانه‌وه‌ی کچه‌که‌ی پیلانێک داده‌ڕێژێ‌و پاش ئاماده‌کاری، بانگهێشتنیان ده‌کاته‌ کۆشکی خۆی. سوودابه‌ داوا له‌ کاووس ده‌کا نه‌چێ، به‌ڵام کاووس چوون به‌ باش ده‌زانێ‌و به‌پێی خۆی ده‌که‌وێته‌ داوه‌که‌:  کاووس‌و پاڵه‌وانه‌کانی ده‌گیرێن‌و به‌ندده‌کرێن. که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، تورک‌و عه‌ره‌ب هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئێران، سه‌ره‌تا عه‌ره‌بان له‌ ده‌شتی نێزه‌وه‌ران (عه‌ره‌بستان) هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئێران‌و ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گرن. ئه‌فراسیابی توورانی به‌ پێزانینی ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ شه‌ڕێکی سێ‌مانگه‌ عه‌ره‌به‌کان ده‌رده‌کاو بۆخۆی دوازده‌ساڵان به‌وپه‌ڕی سته‌مکاری‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر ئێراندا پادشایه‌تی ده‌کا. دووباره‌ شای هاماوه‌ران له‌گه‌ڵ شای به‌ربه‌رستان‌و میسر پێکدێ‌و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ڕۆسته‌م‌و سپای ئێران، به‌ڵام له‌ئاکامدا ئێرانی‌یه‌کان به‌سه‌ر ئه‌و دوژمنانه‌دا زاڵ ده‌بن‌و کاووس‌و سوودابه‌و پاڵه‌وانه‌کان ڕزگار ده‌که‌ن‌و ده‌یان گه‌ڕێننه‌وه‌ ئێران. ئه‌جار ئه‌فراسیابیش ده‌شکێنن‌و به‌ره‌و تووران ڕاوی ده‌نێن. به‌قسه‌ی زۆر له‌ مێژوونووسان پێته‌ختی که‌یکاووس به‌لخ، ته‌مه‌نی یێکسه‌ت‌و حه‌فتاو پێنج ساڵ‌و پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی یێکسه‌ت‌و په‌نجا ساڵ بووه‌.

سیاووش (که‌ڤی سیاوه‌رشه‌ن Kavi - syavarshan)

سیاووش کوڕی که‌یکاووسه‌‌ به‌ په‌هله‌وی سیاووخش (=Sya vukhsh خاوه‌نی ئه‌سپی ڕه‌ش) یا سیاووش ناوده‌برێ. ئاوێستا بێجگه‌ له‌ ناوو ئاماژه‌یه‌کی زۆر کورت، چی وا ناداته‌ده‌ست‌. له‌ نامه‌کانی په‌هله‌ویدا زۆرتر باسی ده‌کرێ به‌ڵام بابه‌ته‌که‌یان له‌سه‌ر خۆی نیه‌ به‌ڵکوو‌ له‌ باسی که‌نگه‌ دێژ (له‌ ئاوێستادا kanga) یا شارێکدایه‌ که‌ به‌ده‌ستی وی دروست کراوه‌. له‌ ئاوێستادا له‌ یه‌که‌م شوێن که‌ باسی سیاووش کرابێ یه‌شتی سێزده‌هه‌مه. ‌له‌و سه‌رچاوه‌یدا باسی هه‌شت (که‌ڤی) که‌ زنجیره‌ پادشایانی که‌یانی پێکدێنن، کراوه‌و سڵاو بۆ ڕه‌وانه‌که‌یان ناردراوه‌. نه‌ که‌ڤی (‌ که‌ی)‌و نه‌ خۆسره‌و واتای شا ناده‌نه‌وه.‌ فارسان به‌ شایان مانا کردوونه‌وه‌، چونکه‌ ”که‌ی“ ‌پێش ناوی کیانی‌یان‌و خه‌سره‌و پێش ناوی ساسانی‌یان بووه‌. که‌ی (کا یا کاک) له‌کوردیدا به‌مانای مه‌زنه‌‌و پێشگرێکه‌ بۆ ناوی گه‌وران، خۆسره‌و (له‌کوردیدا خه‌سره‌و) به‌واتای که‌سێکه‌ که‌ باش‌و جوان‌و خێرا به‌ڕێدا ده‌ڕوا (واته‌ چابووک‌و توندوتۆڵ)‌و ئه‌وێش هه‌ر پێشگرێک بووه‌ بۆ ناوی پادشایانی ساسانی که‌ به‌پێی چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی کوردبوون‌و زمانه‌که‌یان کوردی بووه. به‌داخه‌وه‌ چونکه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئیسلام زمانی کوردی زمانی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی نه‌بووه‌و خزمه‌تی نه‌کراوه‌ یا باشتر بڵێین بێ پشتیوان‌ بووه‌و ته‌نانه‌ت به‌ربه‌ست‌و حه‌ولی تواندنه‌وه‌ی داگیرکه‌رانی کوردستانیشی له‌سه‌ر بووه‌، لێکۆڵه‌ره‌وانی مێژوویی ئاگاداری نه‌بوون بۆیه‌ له‌ ماناکردنه‌وه‌ی زۆر وشه‌ی ئاڤێستاو په‌هله‌ویشدا تووشی هه‌ڵه‌ بوون. ژێرنووسی لاپه‌ڕه‌ی 49ی مێژووی ده‌هه‌زار ساڵه‌ ده‌ڵێ هه‌ئووسره‌وه‌ له‌  وشه‌ی ئاوێستایی دا واته‌ خۆش ناو، خاوه‌نی ناوو ناوبانگ‌و نیشانه‌ی دروستی‌و ڕاستی یه‌. ئاواش‌ ده‌توانین خه‌سره‌و به‌ خۆشڕه‌فتار ماناکه‌ینه‌وه‌. ‌ سیاووش حه‌وته‌مین شای که‌یانی‌یه‌، واته‌ ناوی که‌یخه‌سره‌و دوای ‌وی هاتووه‌. له‌ یه‌شتی نۆهه‌م‌و حه‌ڤده‌هه‌مدا ئاماژه‌ کراوه‌ به‌ کوژرانی‌و ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ چه‌ند شوێنی ئه‌و دوو یه‌شته‌دا دووپات بۆته‌وه‌. له‌ نامه‌کانی په‌هله‌ویدا ته‌نیا له‌ به‌نده‌هێشدایه‌ که‌ ده‌توانین پوخته‌یه‌ک له‌ چیرۆکی سیاوه‌ش ببینینه‌وه‌. گه‌وره‌ترین‌و دیارترین کاری په‌یوه‌ندی دراو به‌ سیاووش سازکردنی که‌نگ دێژه‌. به‌پێی ئاوستاو نامه‌کانی په‌هله‌وی، سیاووش یێکێکه‌ له‌ هه‌شت پادشاکانی که‌یانی که‌ پاش که‌یکاووس ‌و پێش که‌یخه‌سره‌و له‌ ئێران پادشایه‌تیی کردووه‌و له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گه‌لانی توورانیدا کوژراوه‌. به‌ڵام فیرده‌وسی ئه‌وی به‌ شا دانه‌ناوه‌.

وه‌ک شانامه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌دایکبوونی سیاووش ئاوایه‌: ڕۆژێک تووس‌و گووده‌رزو گیو - پاڵه‌وانانی ئێرانی - له‌ ڕاوگه‌یه‌کدا له‌ نیزیک تووران تووشی کیژێکی جوان ده‌بن‌و چونکه‌ هه‌رسێکیان داوای خاوه‌نه‌تیی کیژه‌که‌ ده‌که‌ن،  بڕیارده‌ده‌ن بچنه‌ پێته‌خت‌و  پرس به‌ ‌کاووس بکه‌ن. شا به‌دیتنی کچه‌که‌ دڵی ده‌که‌وێته‌سه‌ری‌و له‌خۆی ماره‌ ده‌کا. پاش نۆمانگان کوڕێکی ده‌بێ، ناوی ده‌نێن سیاووش. سیاووش ده‌ده‌نه‌ ده‌ستی ڕۆسته‌م تا بیحاملێنێ. رۆسته‌م ده‌یباته‌ زابولستان‌و زۆری خۆ بۆ حاملاندنی ماندو ده‌کا. سیاووش پاش وه‌رگرتنی په‌روه‌ده‌ی به‌س، داوا ده‌کا بیبه‌نه‌وه‌ لای دایک‌و بابی خۆی. ڕۆسته‌م ده‌یباته‌وه‌ پێته‌خت‌و له‌وێ کاووس زۆری ده‌لاوێنێته‌وه‌. له‌وکاته‌دا دایکی سیاووش مرد‌و وه‌ک باسمان کرد کاووس کچی پادشای هاماورانی هێنابوو.

سوودابه‌ به‌دیتنی سیاووش دڵی ده‌دۆڕێنێ‌و هه‌وای ئه‌ڤیداریی سیاووش ده‌که‌وێته‌سه‌ری. ڕۆژێکیان په‌یامێکی بۆ ده‌نێرێ، به‌ڵام ئه‌و به‌ڕووتاڵی په‌یکه‌که‌ به‌ڕێده‌کاته‌وه‌و سوودابه‌ش بۆ گه‌یشتن به‌مه‌به‌ستی خۆی‌و ڕاکێشانی سیاووش بۆنێو حه‌ره‌م ده‌ست ده‌کا به‌ فێڵبازی. به‌کاووس ده‌ڵێ جێی خۆیه‌تی سیاووش جارجاره‌ بێته‌ حه‌ره‌م‌و سه‌ری خۆشکانی‌و زڕدایکی بدات. شازاده‌ که‌ ئاگاداری مه‌به‌ستی سوودابه‌بوو، پێی‌وابوو باوکی ده‌یه‌وێ تاقیی کاته‌وه‌، بۆیه‌ پێی‌ده‌ڵێ که‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕو نێو خه‌ڵکی بۆوی پێویستن تا شتێکیان تێدا فێربێ‌و له‌حه‌ره‌مدا کارێکی له‌ده‌ست نایه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ‌فه‌رمانی باوکی جێبه‌جێ ده‌کاو ده‌چێته‌ حه‌ڕه‌م. سوودابه‌ هه‌ر که‌ ده‌یبینێ ده‌ست ده‌کا به‌ نواندنی ئه‌ڤین‌و ماچماچێنی پێده‌کا. سیاووش که‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌زانێ گوێێ ناداتێ‌و له‌ دیداری دواتر هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێده‌کاو له‌حه‌ره‌م دێته‌ده‌رێ، به‌ڵام سوودابه‌ی سه‌ودایی ده‌ست ده‌داته‌ فێڵێکی تازه؛ ده‌ست ده‌کا به‌ گریان‌و نه‌دیمه‌کانی بانگ ده‌کاو ده‌ڵێ سیاووش هێرشی کردۆته‌سه‌ری‌و نیازی خراپی ده‌گه‌ڵی هه‌بووه. ‌هه‌واڵ ده‌گاته‌وه‌ که‌یکاووس، به‌ڵام هه‌ر له‌زمانی سوودابه‌ ده‌بیسێ‌و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌کوڕی خۆی هه‌یه‌و له‌ کاری سوودابه‌ش به‌گومانه‌ به‌ڵام له‌به‌ر زمانی خه‌ڵکی شارو پیلانه‌کانی سوودابه‌ دیسان سێبه‌ری به‌دگومانی ده‌که‌وێته‌ سه‌ردڵی پادشا. سیاووش بۆ سه‌لماندنی پاکیی خۆی پێشنیار ده‌کا تا به‌ تێپه‌ڕین به‌ناو ئاگری ڤه‌ره‌نگهه‌ (Varangha) تاقی بکرێته‌وه‌‌و یا وه‌ک په‌هله‌وی ده‌ڵێن (Var)ی له‌سه‌ر تاقی بکرێته‌وه‌. تاقیکردنه‌وه‌که‌‌ ئاوا به‌ڕێوه‌ ده‌چوو که‌ کۆگای ئێزنگیان ئاگر تێبه‌رده‌داو تاوان وه‌پاڵ نراو به‌نێو ئاگره‌که‌دا ده‌ڕۆیی‌و ئه‌گه‌ر زیانێکی پێ‌‌نه‌گه‌یشتبا بێتاوانی‌یه‌که‌ی ده‌سه‌لمێندرا. ئاگرێکی گه‌وره‌ ده‌کرێته‌وه‌. سیاوه‌ش به‌سواری ئه‌سپێکی ڕه‌ش‌و ‌جلکی سپی له‌به‌ر، دێته‌لای باوکی‌و ده‌چێته‌ ناو ئاگرو بێ زیان دێته‌وه‌ ده‌رێ. شادمانیی خه‌ڵک له‌ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ره‌. جێژنێک ده‌گیرێ. که‌یکاووس شه‌رم‌و ناڕه‌حه‌تی دایده‌گرێ‌و ڕای مه‌زنان ده‌پرسێ‌و هه‌موو پێ‌یان وایه‌ سوودابه‌ ده‌بێ بکوژرێ، به‌ڵام سیاوه‌ش داوا له‌بابی ده‌کا سوودابه‌ نه‌کوژێ. پاش ماوه‌یه‌ک توورانی‌یان له‌ سنووری ئێران ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ئاماده‌یی شه‌ڕی‌و که‌یکاووس سیاووش ده‌کاته‌ به‌رپرسی شه‌ڕو ڕۆسته‌میشی له‌گه‌ڵدا ده‌نێری. له‌وکاته‌دا که‌ دوو له‌شکر ده‌که‌ونه‌ به‌ره‌وڕووی یێکتری‌و ئاماده‌ی شه‌ڕ ده‌بن ئه‌فراسیاب شه‌وێکیان له‌خه‌ودا ده‌بینێ که‌ ئێرانی‌یان به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بن‌و به‌ده‌ستی به‌ستراو ده‌یبه‌نه‌ لای که‌یکاووس‌و ده‌یانه‌وێ دووله‌تی بکه‌ن. ئه‌ستێره‌ناسان‌و خه‌و لێکده‌ره‌وان پێی ده‌ڵێن نابێ ده‌ستپێکه‌ری شه‌ڕ بی‌و مه‌سڵه‌حه‌ت له‌ئاشتی‌و سازاندا ده‌بینن. سیاوه‌ش دوای ڕاوێژ ئاشتی په‌سند ده‌کا. ڕۆسته‌م ڕا ده‌سپێردرێ بچیته‌ لای که‌یکاووس، تا په‌یمانی ئاشتیی پێ نیشان بدات. کاووس که‌ ئاگاداری پرسه‌که‌ ده‌بێ به‌گژ ڕۆسته‌مدا ده‌چێ‌و داوای لێده‌کا بگه‌ڕێته‌وه‌و هه‌موو بارمته‌کانی توورانی بکوژێ‌و دیاری‌یه‌کانیان ئاگر تێبه‌ربداو ده‌گه‌ڵ توورانی‌یان به‌شه‌ڕ بێ. سیاوه‌ش جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی باوکی‌ به‌دوور له‌ ئاوه‌ز ده‌زانێ‌و ئه‌سپاردنی سپاش به‌ توور به‌ئاقڵانه‌ نازانێ‌و جا ده‌گه‌ڵ دوو له‌ پاڵه‌وانان‌و هاوڕێیانی ده‌که‌وێته‌ ڕاوێژو پاش ڕازی کردنیان بڕیار ده‌دات په‌نابه‌رێ بۆ ئه‌فراسیاب. یێکێک له‌و دوو پاڵه‌وانه‌ که‌ ناوی زه‌نگه‌یه‌ به‌قاسیدی ده‌چێته‌ لای ئه‌فراسیاب‌و بۆی ڕوون ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بۆ سیاووش به‌چه‌ندی ته‌واو بووه‌‌و ئێستا داواده‌کات بێته‌ تووران‌و له‌خزمه‌تی ویدابێ. ئه‌فراسیاب به‌ نووسراوه‌ داوای شازاده‌ی دڵشکاو په‌سندده‌کا‌. سیاووش له‌شکر به‌ بارام ده‌سپێرێ‌و له‌گه‌ڵ ئه‌فراسیابدا ده‌چێته‌ تووران. پاش ماوه‌یه‌ک پیران وه‌یسه‌ی سه‌رداری ئه‌فراسیاب کچی خۆی ده‌داتێ‌و ئه‌فراسیابیش  فه‌ره‌نگیسی کچی خۆی ده‌داتێ (ته‌به‌ری ناوی ئه‌و کچه‌ی به‌ وه‌سفا فه‌رید هێناوه‌.) ئه‌فراسیاب هه‌روه‌ها وڵاته‌که‌ی خواره‌زمیش به‌زاوای خۆی ده‌سپێرێ‌ تا ئه‌وێش له‌وێ فه‌رمانڕه‌وایی بکاو سازکردنی که‌نگدێژ دوای ئه‌و زه‌ماوه‌ندانه‌ ده‌بێ. سیاووش پاشان شارێکی دیکه‌ سازده‌کا که‌ ناوی ده‌نێن سیاووشگه‌رد واته‌ شاری سیاوه‌ش. سیاوه‌ش له‌جه‌ریره‌ی کچی پیران وه‌یسه‌ کوڕێک ده‌بێ ناوی ده‌نێن فروود. فه‌ره‌نگیسیش منداڵێکی لێ وه‌زگی ده‌که‌وێ. له‌وکاته‌دا گه‌رسیووزی برای ئه‌فراسیاب ئێره‌یی به‌ سیاووش ده‌باو له‌لای برای خۆی خراپه‌ی ده‌ڵێ‌و واده‌نوێنێ که‌ سیاووش به‌نیازه‌ بیکوژێ. له‌ نێوان ئه‌فراسیاب‌و سیاووشدا شه‌ڕێک هه‌ڵدایسێ که‌ سیاووش ده‌گیرێ‌و ده‌کوژرێ. فه‌ره‌نگیسیش ده‌خرێته‌ به‌ندیخانه‌. گه‌یشتنی هه‌واڵی کوژرانی سیاووش به‌ ئێران ده‌بێته‌ هۆی زنجیره‌ شه‌ڕێکی دوورو درێژ که‌ به‌ تۆڵه‌ی سیاووش ده‌ست پێده‌کا.

که‌یخه‌سره‌و (که‌وی هه‌ئوسره‌وه‌ Kavihausravah)

یه‌شتی پێنجه‌م ده‌ڵێ: که‌ که‌یخه‌سره‌و پاڵه‌وانی بێهاوتای ئاریا. له‌نیزیک گۆلی چئچێست بۆ ئه‌رێدڤیسووره‌ ئه‌ناهیتا قوربانی ده‌کاو داوای لێده‌کا فه‌ڕی بداتێ کامڕه‌وای کاو به‌سه‌ر جادووگه‌ران‌و ئه‌میرانی سته‌مکاردا سه‌ری که‌وێنێ. له‌ یه‌شتی نۆزده‌هه‌میشدا باسی که‌یخه‌سره‌و کراوه‌ که‌ ئه‌و باسه‌ زانیاریی به‌نرخی تێدان که‌ له‌ شانامه‌شدا ده‌که‌ونه‌ به‌رچاو. له‌ یه‌شتی پازده‌هه‌م‌و سێزده‌هه‌م‌دا ئاگاداری به‌شێک له‌ پاڵه‌وانه‌تی‌یه‌کانی که‌یخه‌سره‌و ده‌بین. به‌پێی سه‌رچاوه‌کانی ناوبراو ئه‌ئوورڤه‌ساره‌ (Aurvasara) که‌ یێکێکه‌ له‌ ئه‌میرانی دژو ڕه‌قیبی که‌یخه‌سره‌وه‌و له‌ لێڕه‌واری سپی‌یه‌، له‌ سه‌ره‌تاو نێوه‌ڕاست‌و کۆتایی جه‌نگه‌ڵه‌که‌ خوای ڤه‌یوو (veyu) - ئیزه‌دی با - په‌سن ده‌کا داوا ده‌کا که‌ که‌یخه‌سره‌و، ئه‌و سه‌قامگیرکه‌ره‌ی وڵاتی ئاریاکان، به‌سه‌ریدا زاڵ نه‌بێ‌و نه‌توانێ له‌ده‌ستی هه‌ڵێ. به‌پێی نامه‌کانی په‌هله‌وی، که‌یخه‌سره‌وی کوڕی سیاووش، به‌رهه‌می زه‌ماوه‌نده‌که‌ی له‌گه‌ڵ ڤیسپان فریه‌ (Vispanfrya) ”فه‌ره‌نگیس“ ی کچی ئه‌فراسیاب بووه‌و له‌ تووران گه‌وره‌بووه‌. به‌ڵام که‌یخه‌سره‌و وه‌ک که‌یکاووس پادشای حه‌وت قوڕنه‌ نیه‌ به‌ڵکوو هه‌ر پادشای خوونی ره‌سه‌. (خوونی ره‌س یا خوونیره‌ث یێکێکه‌ له‌ حه‌وت قوڕنه‌ی جیهان، که‌ هه‌ر وڵاته‌کانی ناوه‌ندیی ئێرانی ده‌گرته‌وه‌ که‌ له‌ شه‌ش قوڕنه‌که‌ی دیکه‌ به‌رهه‌مدارترو ده‌وڵه‌مه‌ندتر بووه‌و خه‌ڵکه‌که‌شی وریاتر له‌ خه‌ڵکانی دیکه‌ بوون. ئه‌وه‌ش دیسان نیشانه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ که‌ ده‌یسه‌لمێنێ که‌یخه‌سره‌و له‌ سه‌ردزمینی ماد بووه‌ نه‌ک له‌ ڕۆژهه‌إتی ئێران. هه‌موو مێژوونووسان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن که‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا پڕ پیت‌و به‌ره‌که‌ت ترین به‌شی وڵاتی ئاریاکان، مادی بچووک بووه‌.‌ ناوی حه‌وت قوڕنه‌ له‌ ئاوێستا، سانسکریت، یۆنانی‌و ریگ وێداشدا هاتووه‌و به‌هێندێ جیاوازیی که‌م له‌ کتێبه‌ کۆنه‌کانی دیکه‌شدا هاتووه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ په‌هله‌وی‌‌یه‌کان که‌یخه‌سره‌و بێجگه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ زۆرو نه‌مری‌و پێغه‌مبه‌رایه‌تی یا پارێزکاری‌و پیرۆزی، دوو کاری گرنگی دیکه‌شی ئه‌نجام داون: 1- وێران کردنی بوتخانه‌ی چه‌ندخواپه‌رستانان له‌ که‌ناری گۆلی چئچێست 2- کوشتنی ئه‌فراسیاب، ئه‌و تاوانباره‌ توورانی‌یه‌و دوژمنی بێ‌ئامانی ئێرانی‌یان، ئه‌ویش هه‌ر له‌لێواری گۆلی چیچێست!

که‌ خه‌به‌ری مردنی سیاووش ده‌گاته‌ ڕۆسته‌می، ده‌ست ده‌کا به‌گریان‌و سیستان له‌ ماته‌می شازاده‌ی گه‌نجدا ئازیه‌تدار ده‌بێ. هه‌رکه‌ حه‌وتوویه‌ک له‌ ماته‌م تێده‌په‌ڕێ ڕۆسته‌م به‌له‌شکرێکی زۆره‌وه‌ بۆ خوێن ئه‌ستاندنه‌وه‌ی سیاووش ده‌چێته‌ لای کاووس شاو زۆر قه‌ڵس ده‌بێ‌و له‌پێش چاوی کاووس ده‌چێته‌ حه‌ره‌م‌و سوودابه‌ی له‌ سه‌ر ته‌خت ڕاده‌کێشێته‌ خوارو به‌خه‌نجه‌ری خۆی ده‌یکوژێ‌و به‌له‌شکره‌که‌یه‌وه‌ به‌ره‌و وڵاتی تووران وه‌ڕێ‌ده‌که‌وێ. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ (فه‌رامه‌رزی) کوڕی ڕۆسته‌م ده‌ست به‌شه‌ڕی ده‌کا. (سووره- له‌ کوردیی ئه‌وڕۆشدا به‌ مرۆڤی سوورکاره‌ ده‌ڵێن سووره‌‌)ی کوڕی ئه‌فراسیاب دێته‌ شه‌ڕی ڕۆسته‌م‌و ده‌کوژرێ. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ فه‌رامه‌رز ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ پاڵه‌وانانی توورانی له‌شه‌ڕدا ده‌کوژێ. سه‌ره‌نجام ئه‌فراسیاب له‌شکرێکی زۆر سازده‌کاو دێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ. له‌و شه‌ڕه‌دا (پیلسۆم)ی پاڵه‌وانی به‌ناوبانگی تووران به‌ده‌ستی ڕۆسته‌م ده‌کوژرێ، له‌شکری تووران تێکده‌شکێ‌و ئه‌فراسیاب هه‌ڵدێ‌و فه‌رمان ده‌داته‌ پیران که‌ خه‌سره‌و بکوژێ. پیران پێشنیار ده‌دا به‌ ئه‌فراسیاب که‌ له‌ کوشتنی خه‌سره‌و په‌له‌ نه‌کاو بینێرێته‌ خوته‌ن تا که‌س پێ‌نه‌زانێ‌و ئه‌وکاره‌ سه‌رده‌گرێ. ڕۆسته‌م به‌سه‌رکه‌وتوویی ده‌چێته‌ نێو خاکی تووران‌و حه‌وت ساڵان له‌وێ پادشایه‌تی ده‌کاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێران. که‌یخه‌سره‌و بێده‌نگوناو له‌ خوته‌ن ده‌ژی‌و له‌ ئێران که‌س ناوی نابا. سه‌ره‌نجام گووده‌رز ده‌خه‌وێی دێ‌و گیوی کوڕی به‌داویدا ده‌نێرێ. گیو حه‌وت ساڵان له‌ وڵاتی تووراندا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێ تا ده‌یبینێته‌وه‌و پاش گێره‌کێشه‌ی زۆر ده‌یهێنێته‌وه‌ ئێران‌و هه‌رتک له‌لایه‌ن شاوه‌ ڕێزی زۆریان لێده‌گیرێ. بێگومان که‌یکاووس به‌ته‌مایه‌ که‌یخه‌سره‌و بکاته‌ جێنشینی خۆی، به‌ڵام تووس پێی‌خۆشه‌ فه‌ریبورزی کوڕی که‌یکاووس له‌جێگای باوکی له‌سه‌ر ته‌خت دانیشێ. جا بڕیار ده‌ده‌ن هه‌رکام له‌ودوانه‌ قه‌ڵای به‌همه‌ن بگرێ ببێته‌ جێنشینی که‌یکاووس. قه‌ڵای به‌همه‌ن قه‌ڵایه‌کی ئه‌فسووناوی‌و زۆر قایم‌و خاوه‌نی برج‌و حه‌ساری خۆڕاگر‌و شوێنی بت په‌رستان بووه‌و خه‌ڵکی ئاسایی ده‌ستیان وێڕا نه‌گه‌یشتووه‌. فه‌ریبورز سه‌ره‌ڕای یاریده‌ی تووس‌و پاڵه‌وانای دیکه‌ قه‌ڵاکه‌ی پێ‌ناگیرێ‌و به‌هه‌ناسه‌ساردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام که‌یخه‌سره‌و مه‌ردانه‌ ده‌چێته‌پێش‌و قه‌ڵاکه‌ ده‌گرێ. کاووس شا ئه‌وی له‌سه‌ر ته‌ختی داده‌نێ‌و بۆخۆی له‌ پادشایه‌تی ده‌کشێته‌وه‌.

که‌یخه‌سره‌و سوێندێ ده‌خوا تۆڵه‌ی سیاووشی له‌ ئه‌فراسیاب بکاته‌وه‌‌و بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و سوێنده‌ی له‌شکرێکی گه‌وره‌ ده‌نێرێته‌ سه‌ر تووران. پیاوێکی پارێزکارو شه‌ڕکه‌ر به‌ناوی هوم، ئه‌فراسیابی ده‌گرێ‌و ده‌یداته‌ ده‌ستی که‌یخه‌سره‌و. سه‌ره‌نجام که‌یخه‌سره‌و به‌ئاواتی خۆی ده‌گاو ئه‌فراسیاب‌و گه‌رسیووز ده‌کوژێ. پاش گرتنی خاکی تووران‌و کوشتنی هه‌موو پاڵه‌وانه‌کانی لوهراسبی ده‌کاته‌ جێنشینی خۆی‌و له‌ ڕۆژێکی کڕێوه‌دا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران ونده‌بێ‌و ئیدی که‌س نایبینێته‌وه‌. حه‌مدوڵڵا موسته‌وفی به‌ که‌لک وه‌رگرتن له‌ شانامه‌ ماوه‌ی پادشایه‌تیی که‌یخه‌سره‌و به‌ شێست ساڵ ده‌زانێ. فروودی برای که‌یخه‌سره‌و که‌ له‌ (جه‌ریره‌)ی کچی پیران وه‌یسه‌یه‌ ده‌بێته‌ یێکێک له‌ پاڵه‌وانه‌ ئازاکانی له‌شکری تووران‌و بۆخۆی‌و دایکی له‌و شه‌ڕه‌یدا به‌کوشت ده‌چێ، که‌ ئه‌فراسیاب‌و گه‌رسیووزی ی تێدا گێران‌و کوژران.

لوهراسب (ئه‌ئوورڤه‌ت ئه‌سپه- Aspa Aurvet )

له‌باری مێژووییدا نێوانێک هه‌یه‌ له‌ که‌یخه‌سره‌وڕا تا لوهراسب که‌ سه‌ره‌ڕای خۆ ماندووکردنی په‌هله‌وی نووسان پڕ نه‌کراوه‌ته‌وه‌. خۆماندووکردنی شانامه‌ وێژانیش ئه‌و نێوانه‌ی به‌ڕوونی بۆ پڕ نه‌بۆته‌وه‌، له‌ یه‌شتی پێنجه‌مدا جارێک باسی که‌ڤی لوهراسب ده‌کرێ. زه‌رده‌شت په‌سنی ئیزه‌دی ئاناهیتا ده‌کاو داوای لێده‌کا ئه‌وی (زه‌رده‌شت) سه‌رکه‌وێنی تا که‌ڤی ویشتاسپی کوڕی دلێری ئه‌ئوورڤه‌ت ئه‌سپه بێنێته‌ سه‌ر دینی باش‌و له‌وکاره‌دا سه‌رده‌که‌وێ. له‌ ئاوێستادا نیشانه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ لوهراسپ نیه‌. وێده‌چێ ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی له‌سه‌ر لوهراسب له‌ نامه‌کانی ‌په‌هله‌وی‌و  گێڕانه‌وه‌ی مێژوونووسانی ئیسلامی‌و شانامه‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌شێک بێ له‌و وێنانه‌ی دوایی که‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و نێوانه‌ ساز کراون.

له‌ نامه‌کانی په‌هله‌وی ڕه‌چه‌ڵه‌کی لوهراسبیان ئاوا هێناوه‌؛ لوهراسب، کوڕی ئووز (uz)، کوڕی مه‌نووش، کوڕی که‌ی پی‌سین، برای که‌ی ئووس (که‌یکاووس). به‌ڵام له‌ دینکورددا به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ به‌شیکی ونبووی ئاوێستا ئاوا هاتووه‌ که لوهراسب پێش گه‌شتاسب پادشا بووه‌و پیاوێکی به‌پارێزو ئاکارباش‌و دیندار بووه‌. به‌کورتی شانامه‌  ده‌ڵێ؛ که‌یخه‌سره‌و ده‌ستی له‌ پادشایه‌تی کێشاوه‌ لوهراسبی بانگ کردو له‌جێی خۆی دانا، ئه‌و یێکێک له‌ مه‌زنزادان بوو که‌ سه‌رنجی که‌یخه‌سره‌وی ڕاکێشابوو. که‌س پێی وانه‌بوو ده‌بێته‌ شای ئێران. هه‌ربۆیه‌ مه‌زنانی وڵات دژی پادشایه‌تیی ئه‌وی ‌بوون. زاڵ به‌گومانه‌وه‌ باسی ناوو ڕه‌چه‌ڵه‌ک‌و هونه‌ره‌که‌ی ده‌کات به‌ڵام که‌یخه‌سره‌و زاڵ دڵنیا ده‌کاته‌وه‌ که‌ لوهراسب له‌ ڕه‌گه‌زی که‌یان‌و له‌ پشتی که‌یقوبادو نه‌تیجه‌ی هۆشه‌نگه‌و له‌ هونه‌ری شه‌ڕو وڵاتداریدا ده‌ستی باڵای هه‌یه‌. که‌ هه‌واڵی ونبوونی که‌یخه‌سره‌و بڵاوده‌بێته‌وه‌ لوهراسب به‌فه‌رمی له‌سه‌ر ته‌ختی داده‌نیشێ‌و ئه‌جار له‌ هیندو چین‌و ڕۆم ڕا هونه‌رمه‌ندو کرێکارانی لێزان دێنێته‌ به‌لخ‌و پیشه‌و زانست‌و هونه‌ری گه‌لانی دیکه‌ له‌ئێراندا بڕه‌و پێده‌دا. پاشان تانج‌و ته‌ختی شایی به‌ گه‌شتاسب ‌ده‌سپێرێ‌و بۆخۆی خه‌ریکی نوێژان ده‌بێ. شانامه‌و زۆربه‌ی مێژوونووسان ماوه‌ی پادشایی لوهراسب به‌ سه‌ت‌وبیست ساڵ داده‌نێن.

سی‌ ساڵ له‌ ده‌ست پێکردنی دووره‌په‌رێزیی لوهراسب له‌ نه‌وبه‌هاری به‌لخ تێده‌په‌ڕێ. ‌گه‌شتاسب به‌بۆنه‌یه‌ک له‌ پێته‌خت دوور ده‌که‌وێته‌. ئه‌رجاسب خاوه‌نی خه‌یوونان ئه‌و دووری‌یه‌ به‌هه‌ل ده‌زانێ‌و له‌ناکاوڕا به‌له‌شکرێکی زۆره‌وه‌ هه‌ڵده‌کوتێته‌ سه‌ر ئێران‌و ده‌ست ده‌که‌ن به‌شه‌ڕ. لوهراسب که‌ له‌ ئازایه‌تی‌وشه‌ڕکه‌ریدا به‌ناوبانگه‌ وه‌خۆده‌که‌وێ‌و سه‌ره‌ڕای پیری ته‌نگ به‌ توورانی‌یان هه‌ڵده‌چنێ. (‌هه‌ره‌م)ی سپاسالاری تووران که‌ ده‌بینێ هیچکام له‌ پاڵه‌وانانی وڵاته‌که‌ی به‌ته‌نێ به‌لوهراسب ناوێرن، فه‌رمان ده‌دا هه‌موو پێکه‌وه‌ له‌ناکاو هێرشی بکه‌نه‌ سه‌رێ. شه‌ڕکه‌رانی تووران به‌گه‌یشتنی ئه‌و فه‌رمانه‌ لوهراسپی ده‌نێو خۆیان ده‌گرن‌و به‌ تێره‌بارانی توندو خێرا ده‌یکوژن.

 

گه‌شتاسب (که‌ڤی ویشتاسپه‌ Kavi Vishtaspa )

له‌ ئاوێستاداو به‌تایبه‌تی له‌ گاته‌کاندا باسی گه‌شتاسب کراوه‌که‌ پادشای ناوچه‌ی باخته‌ری ئێرانه‌. زه‌رتۆشت له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا ده‌بێته‌ پێغه‌مبه‌ر. ئه‌وو وه‌زیره‌ زانایه‌که‌ی، جامسپ، دێنه‌ سه‌ر ئایینی زه‌رده‌شت‌و ده‌بنه‌ لایه‌نگری توندوتیژی. له‌ بنه‌ماڵه‌ی گه‌شتاسب، وه‌ک ئیسفه‌ندیارو په‌شووته‌ن‌و زه‌ریری کوڕیشی له‌ لایه‌نگرانی به‌سۆزی زه‌ردۆشت بوون. هه‌ر بۆیه‌ باسی وی له‌ ئاوێستاو سه‌رچاوه‌ په‌هله‌وی‌یه‌کان، شانامه‌و مێژووه‌ ئیسلامی‌یه‌کاندا له‌شایه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و زنجیره‌ زیاتر کراوه‌. ناوی ئه‌و پادشایه‌ له‌ په‌هله‌ویدا به‌ که‌ی وێشتاسپه‌ (Kai Veshtaspa) هاتووه‌.

سه‌عالیبی له‌ کتێبی ”غرر اخبارالملوک‌الفرس و سیرهم وه‌رگێڕاوی Zotenberg، بۆ زمانی فه‌ڕانسه، لاپه‌ڕه‌ی 224،‌ ده‌ڵێ: ”زه‌رتۆشت کتێبێکی بۆ گه‌شتاسپ هێناو کوتی له‌خواوه‌ بۆی سه‌رۆ کراوه‌. ئه‌و کتێبه‌یان له‌سه‌ر  ده‌هه‌زار پێسته‌گا هه‌ڵقه‌ندو به‌توێژێکی ناسکی زێڕ خه‌ته‌کانیان پڕ کرده‌وه‌. گه‌شتاسپ کتێبه‌که‌ی بۆ پار‌استن له‌ قه‌ڵای ئیسته‌خر داناو به‌ مۆئبیدان مۆئبیدی ئه‌سپاردو  فێرکردنه‌که‌شی به‌ خه‌ڵکی ئاسایی ڕێنه‌دا.“

کتێبی (تاریخ بلعمی به‌ تصحیح ملک‌اشعراء بهار) له‌ لاپه‌ڕه‌ی 657ی ده‌نووسێ: ”گه‌شتاسپ فه‌رمانی دا دوازده‌هه‌زار گایان که‌وڵ کردن‌و که‌وڵه‌کانیان خۆش کردن‌و نووسه‌رانی دانان‌، تا ئه‌وه‌ی زه‌رده‌شت ده‌یکوت له‌ حاسمان ڕا بۆی به‌ سه‌رۆ هاتووه‌، تۆماری که‌ن‌و به‌ئاوی زێڕ له‌سه‌ر ئه‌و پێته‌گایانه‌ نووسیانه‌وه‌‌و کردیه‌ په‌ڕپه‌ڕو کتێبی لێ سازکردن‌‌و قسه‌کانی وی‌یان له‌و هه‌موو که‌وڵانه‌ به‌ ئاوی زێڕ نووسین. هه‌مووی فیری خه‌ڵک کردن‌و خه‌ڵکیشی بۆ فێربوونی هاندان‌و له‌و قسانه‌ ئه‌وڕۆ ‌هێندێک له‌ده‌ست موغاندا ماون‌و ده‌یخوێننه‌وه‌و ده‌یزانن.“ 

له‌ یه‌که‌مین به‌شی گاتاکاندا ده‌خوێننه‌وه‌ که‌ زه‌رده‌شت داوا ده‌کات که‌ نیازی وی (زه‌رده‌شت)و ویشتاسب – به‌بێ هه‌بوونی پێشناوی که‌ڤی – به‌جێ بگا. به‌ڵام له‌ جاره‌کانی دیکه‌دا زه‌رده‌شت پێش‌ناوی که‌ڤیی لێ زیاد ده‌کاو ئه‌وه‌ نیشانه‌ی وه‌یه‌ که‌ ویشتاسب هاتۆته‌ سه‌ر ئوولی یێکخوا په‌رستی بۆته‌ یاریده‌ده‌ری ئه‌و ئاینه‌. ویشتاسب سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی پله‌ی پادشایه‌تی، هه‌روه‌ک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی که هاتوونه‌ سه‌ر ئاینی یێکخواپه‌رستی‌، دینی باشی په‌سند ده‌کاو چونکه‌ ئه‌وکاره‌ی به‌پێی بنه‌ماکانی ئامۆژگاری‌یه‌کانی مه‌زدایی له‌ڕووی ویست‌و پێخۆشبوونه‌وه‌ ده‌کا. هاوڕێ له‌گه‌ڵ زه‌رده‌شت له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یدا تێده‌کۆشێ. له‌ یه‌سنادا چه‌ندجاران باسی کراوه‌ که‌ هه‌مووی له‌سه‌ر ئیمانی وی‌یه‌. ویشتاسب بۆ په‌ره‌پێدانی دینی تازه‌ تێده‌کۆشێ، قوربانی ده‌کا بۆ ئیزه‌دی ئه‌ناهیتاو ئاره‌زوو ده‌کا به‌سه‌ر دوژمنانی سه‌رسه‌ختی خۆی تژیونت‌و ئه‌رجاسب‌و په‌شه‌ندا سه‌رکه‌وێ‌و له‌وبواره‌شدا سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست دێنێ. به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی یه‌شتی نۆهه‌م، له‌حاست چۆمی دائی‌تیا (Daitya) قوربانی پێشکێشی ئیزه‌دی (ده‌رواسپه‌ Dervaspa)، ئیزه‌دی پشتیوا‌ن‌و پارێزگاری ئاژه‌ڵان، ده‌کاو داواکاره‌ به‌سه‌ر (ئه‌شته‌ئه‌ورڤه‌نت Asta Aurvant) و (ده‌رشی نیک Darshinik)دا‌ که‌ له‌ دیویسنان‌و درۆپه‌رستانن سه‌رکه‌وێ. دیویسنانی دیکه‌ وه‌ک (سپین ج ئوورووشک)‌و( ئه‌رجه‌ت ئه‌سپ)ی له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا له‌هه‌ردی داو دوو خاتوونی ئێرانی (دوو کچی خۆی ”هوما“و ”بێك ئافه‌رید“  که‌ پاش کوژرانی لوهراسب به‌دیلی که‌وتبوونه‌ ده‌ستی ئه‌رجاسب) و له‌ وڵاتی (خیه‌ئۆنان Khyaona) ڕاگیرابوون، ڕزگار کاو وڵاتی خیۆنی‌یه‌کان ویرانکاو هه‌زارکه‌سیان لێ بکوژێ‌و ئیزه‌دی ده‌روو ئه‌سپیش سه‌رکه‌وتووی کا. (خیه‌ئۆنان یا هیه‌ئۆنان hyaona) ده‌سته‌یه‌ک له‌ توورانی‌یان بوون که‌ باکووری ڕۆژئاوای ئێران نیشته‌جێ بوون‌. له‌ سه‌رده‌می ویشتاسب دا ئێرانی‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وتاقمه‌دا شه‌ڕی زۆریان کردن. که‌ به‌ شه‌ڕی ئایینی به‌ناوبانگن. شانامه‌ش وشه‌ی خیۆنی به‌کار هێناوه‌. له‌ یه‌شته‌کاندا ئه‌رجاسب به‌ خیه‌ ئه‌نی ناو براوه‌و بێگومان تایفه‌که‌شی خیۆنی بوون. له‌ یه‌شتی نۆزده‌هه‌می نامه‌کانی په‌هله‌وی هه‌مووی ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی شه‌ڕی ڕکه‌به‌ریی ئایینی‌، که‌ویشتاسب‌و ئه‌سفه‌ندیارو پاڵه‌وانه‌کانی دی که‌‌ له‌گه‌ڵیان له‌شه‌ڕدابوون، به‌ خیۆن ناو براون. له‌ گێڕانه‌وه‌کانی ده‌ری‌و ساسانی‌ هێندێک تایفه‌ی زه‌ردپێستی باکوور به‌خیۆن ناوده‌برێن. مێژوونووسی ڕۆمی، (ئه‌میانووس مارسێلی نووس Amianus Marsellinus)، باسی خیۆنان‌و شایه‌که‌یان گروومباتێس ده‌کا که‌ له‌گه‌ڵ شاپووری دووهه‌م شه‌ڕی زۆریان بووه‌.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ گێڕانه‌وه‌کانی په‌هله‌وی، به‌پێی ڕوونکردنه‌وه‌ی دینکورد، یێکێک له‌ به‌شه‌کانی ونبووی ئاوێستا که‌ به‌ (ویشتاسب ساست – نه‌سک vishtasb sast - nask)ناو ده‌برێ، به‌سه‌رهاتی ئه‌و پادشایه‌و خووخده‌ی تێدا نووسراوه‌. بێگومان چوونی ویشتاسب بۆسه‌ردینی زه‌رده‌شت بۆ دینداران‌و پێشه‌وایانی دینباشان بابه‌تێکی زۆر سه‌رنج ڕاکێش‌و پڕله‌ شانازی بووه‌. له‌ سێ ئاورگه‌ی به‌ناوبانگی ئێران، دوویان په‌یوه‌ندی‌یان هه‌یه‌ به‌ ویشتاسب، یه‌که‌میان ئاورگای شاهه‌نشاهی یا (ئاتو‌رگوشه‌سب)ه‌ که‌ ‌که‌ که‌یخه‌سره‌و له‌سه‌ر کێوی (ئه‌سه‌نوه‌ند Asanvand)ی سازکردووه‌. دوو ئاورگه‌که‌ی دیکه‌ بریتین له‌ (ئاتوور فه‌ربه‌غ Atur farbagh) یا ئاگری مۆئبێدان‌و (ئاتوور به‌رزین مه‌هرAtur barzin mahr)که‌ له‌نێو ساسانی‌یاندا ناوبانگی زۆریان هه‌بوو. ئه‌و دووئاورگه‌ی دوایی، ویشتاسب سازی کردوون. به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی به‌نده‌هێشی ئێرانی‌و هیندی، جه‌مشید (ئاتوورفه‌ربه‌غ)ی له‌سه‌ر یێکێک له‌ کێوه‌کانی خواره‌زم سازکرد، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ویشتاسبدا به‌فه‌رمانی وی ئه‌و ئاورگه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر کێوی ڕۆشن (Roshn) هه‌ڵکه‌وتوو له‌ کابول ساز کراه‌وه‌و ئاگری تێدا کرایه‌وه‌و ئه‌و بینایه‌ هێشتاش له‌وێ ماوه‌.

له‌ ئاوێستادا باسی کوڕانی زۆری ویشتاسپ کراوه‌و دوو له‌وان ئیسفه‌ندیارو په‌شووته‌ن به‌تایبه‌تی جێگه‌ی ئیحتوبارو سه‌رنجن. هه‌روه‌ها له‌و سه‌رچاوانه‌دا (ناویدو)و هۆمای کچی یا هوما‌و ئه‌ریذ که‌نا (بێك ئافه‌ریدی شانامه‌) ناو براون. به‌ گێڕانه‌وه‌ی ئاوێستا، (هووتاسا ‌Hutasa)ی هاوسه‌ر‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ی نه‌وذه‌ره‌. ئاوێستا باسی گه‌وره‌یی‌و پیاو چاکی‌و دلێری‌و جوامێریی ناوبراو ده‌کا.

زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ری ئێرانی له‌ سیهه‌مین ساڵی پادشایه‌تی‌ گه‌شتاسپ، له‌ ئازه‌ربایجان ڕا دێته‌ لای‌و دینی خۆی ڕاده‌گه‌یێنێ‌و ئاوێستای پێشان ده‌دا که‌ له‌سه‌ر پێستی گا نووسراوه‌‌و شا به‌ ڕاوێژی جاماسبی وه‌زیری زانای، پاش چه‌ند تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک، دێته‌ سه‌ر دینه‌که‌ی. به‌ وته‌ی مێژوونووسانی جێ‌باوه‌ڕ - که‌ ناویان له‌به‌سه‌رهاتی زه‌رده‌شتدا دێت، ئه‌و ڕووداوه‌ 6500 ساڵ پێش زایین بووه‌.

 

ئیسفه‌ندیار (سپێنتۆداته‌ Spentodata)

له‌ ئاوێستادا له‌دووجاران زیاتر ناوی ئه‌و پاڵه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌ نه‌هاتووه‌و هیچکامیشیان ئاماژه‌یه‌کیان به‌ به‌سه‌رهاته‌کانی دوایی ئه‌وی نه‌کردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، یێکێک بووه‌ له‌ پاڵه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌کانی ئێران‌و له‌ قاره‌مانانی شه‌ڕی ئایینی بووه‌ که‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی دینی باش (دین بهی) ڕوویان داوه‌. له‌ سه‌رچاوه‌کانی باسکراوی ئاوێستادا نازناوی ته‌خمه‌ (Takhma) واته‌ دلێری دراوه‌تێ‌و هه‌رچه‌نده‌ له‌ گێڕانه‌وه‌کانی دینیی په‌هله‌ویدا به‌سه‌رهاتێکی نووسراوو به‌رچاوی له‌سه‌ر نیه‌.

ئیسفه‌ندیار چوار کوڕی هه‌بوون: (وۆهوومه‌نه‌ Vohumanah ی‌ ئاوێستاو به‌همنی ‌شانامه‌و وه‌همه‌نی په‌هله‌وی)، دووهه‌میان (مێهرنووشه‌) که‌ گۆڕاوی (مێهر ته‌رسه)‌یه‌و سێهه‌میشیان (نووش ئاذه‌ره)‌ که‌ گۆڕاوی (ئاذه‌رته‌رسه)‌یه‌. شانامه‌ ناوی کوڕی چواره‌می ته‌نیا جارێک‌و ئه‌ویش به‌ (ئاذه‌ر ئه‌فرووز تووس) هێناوه‌و ئیدی باسی نه‌کردۆته‌وه‌. ئیسفه‌ندیار وه‌ک شانامه‌ده‌ڵێ - که‌ وه‌ک پێشتر له‌ پێشه‌کیدا باسم کرد زۆر به‌که‌می جێگای باوه‌ڕه‌ - به‌ده‌ستی ڕۆسته‌م ده‌کوژرێ‌و ئاذه‌رته‌رسه‌‌و مێهرته‌رسه‌ش به‌ده‌ستی زوراره‌ی برای ڕۆسته‌م‌و فه‌رامه‌رزی کوڕی ڕۆسته‌م به‌کوشت ده‌چن‌و پاشان گه‌شتاسب به‌مردنی کوڕه‌که‌ی په‌ژاره ‌دایده‌گرێ‌و ده‌ست له‌ پادشایه‌تی ده‌کێشێته‌وه‌و به‌همه‌ن له‌جێی خۆی داده‌نێ.

له‌نامه‌کانی په‌هله‌ویدا وه‌همه‌نی کوڕی ئه‌سفه‌ندیار خاوه‌نی گه‌وره‌یی‌و گرنگیی ئوولی‌یه‌و به‌نووسراوه‌ی دینکورد، وه‌همه‌نی کوڕی ئه‌سفه‌ندیار یێکێک بووه‌ له‌ خوتا (پادشا)یانی ئێران‌و شایه‌کی دیندار، تێکۆشه‌رو پڕکارو له‌ مه‌زداپه‌رستانی خاوه‌ن بڕوا بووه‌. یان‌و که‌یانی‌یانله‌ به‌همه‌ن یه‌شتدا به‌همه‌ن به‌ئه‌رده‌شیر ناوبراوه‌. به‌ وته‌ی شانامه‌، به‌همه‌ن ڕۆسته‌م‌و فه‌رامه‌رزی کوڕی ڕۆسته‌م‌و زۆر له‌ پاڵه‌وه‌انانی زابولستان ده‌کوژێ‌و زۆران به‌دیل ده‌گرێ‌و پاشانیش پادشایه‌تی ده‌دا به‌ هومای کچی‌که‌ زگی ده‌بێ‌و وه‌سیه‌تێ ده‌کا پادشایه‌تی‌یه‌که‌ ببێته‌ ئی ئه‌وکوڕه‌ی که‌ له‌وکچه‌ی ده‌بێ‌.

به‌قسه‌ی هێندێک له‌مێژوونووسان پێته‌ختی به‌همه‌ن شاری به‌لخ، ته‌مه‌نی سه‌ت‌ودوازده ‌ساڵ‌و ماوه‌ی پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی هه‌شتاساڵ بووه‌. ئه‌و له‌ئاخروئۆخری پادشایه‌تی‌یه‌که‌ی به‌ختوننه‌سری ڕاسپارد شاری به‌یتولموقه‌دده‌س بگرێ. ئه‌ویش شاره‌که‌ی گرت‌و به‌فه‌رمانی وی وێرانیان کردو پڕیان کرد له‌ خیزوڕه‌ڵم. دانیالی نه‌بی له‌کاتی پادشایه‌تیی به‌همه‌ندا بوو به‌ پێغه‌مبه‌ر.

عه‌بدوڵڵا ئیبراهیمی

05.02.2007

ئه‌وسترالیا

تێبینی

ده‌توانن به‌م ئێمایله په‌یوه‌ندیم په‌وه‌ بکه‌ن

abdollah_e@hotmail.com

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.