Ö:: خاکه‌لیوه‌، ئه‌وماڵپه‌ره‌ی یاده‌کان زیندوو راده‌گرێ

نووسینی: سوله‌یمان نه‌ڵۆسی

ئه‌گه‌ر له‌ شاخ ، له‌کاتی وچان و پشوودان و حه‌سانه‌وه‌دا به‌ کۆنه‌ تایپێک کاتی خۆی به‌ نووسینی بابه‌ت و ژیاننامه‌ی شه‌هیدانه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌برد؛ ئێستاش له‌ تاراوگه‌ به‌هه‌ستێکی گه‌رمتر له‌ پێشوو وێڕای هه‌موو سه‌ختی‌یه‌کانی ژیانی ئاواره‌یی، هه‌روا به‌ دڵسۆزی‌یه‌وه ئه‌م کاره‌ پیرۆزه‌ که‌ هه‌ر له‌زوووه‌ وه‌ به‌ ئه‌رکی خۆی زانیوه‌، سه‌ره‌تا له‌ رێگای ماڵپه‌ری شنۆوێب و ئێستاش له‌ رێگای ماڵپه‌ره‌ جوانه‌که‌ی خاکه‌ لێوه‌ وه‌ درێژه‌ ده‌دات.‌ چ ئه‌وکاته‌ی له‌مه‌یدانی خه‌باتی به‌ کرده‌وه‌ و چه‌کداری دا و چ ئێستاش له‌ هه‌نده‌ران و دوور له‌ خاکی نیشتیمان قه‌ت بۆ ساته‌وه‌ختێکیش ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌ یاد نه‌کردووه‌ که‌ له‌ ڕێگای ئامانجه‌ به‌رزو پیرۆزه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دا گیانی خۆیان به‌خت کردووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ کوردستان به‌ له‌مه‌ترسی خستنی گیانی سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی ده‌کردو دڵی ده‌دانه‌وه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ گوێی بۆ رازو نیازه‌کانی ئه‌وان راده‌گرت و .... سه‌ره‌نجام هه‌ستی به‌ ئێش و ئازاره‌کانی ئه‌وان ده‌کرد؛ ئێستاش له‌ ئاواره‌یی دا، ئه‌وکاتانه‌ی که‌ بۆ چان و پشوودان پێویستن؛ ته‌رخانی هه‌روا زیندوو راگرتنی یادی شه‌هیدان و بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌وال رووداوه‌کانی رۆژ کردووه‌.

ئه‌گه‌ر که‌سێک بۆخۆی راسته‌وخۆ له‌کاروباری رۆژنامه‌گه‌ری یان به‌ڕیوه‌بردنی ماڵپه‌ڕێکی زیندوو دا کاری نه‌کردبێ، ره‌نگه‌ نه‌زانێ که‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌م کاره‌ چه‌ندی وه‌خت و ماندوویی ده‌وێ. هه‌ر له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ئه‌گه‌ر که‌مێک له‌ ماڵپه‌ری خاکه‌لێوه‌ ورد بینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی به‌راورد بکه‌ین که‌ له‌لایه‌ن حیزب و رێکخراوه‌کانه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چن، ره‌نگه‌ ئه‌وکات هه‌ست به‌ جیاوازی‌یه‌ک بکه‌ین که‌ ئه‌ویش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ له‌ خۆبردویی و ماندوویی نه‌ناسی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری خاکه‌لێوه‌.

ره‌نگه‌ دوان له‌سه‌ر کارو تێکۆشانی که‌سیک بۆ من کاریکی گران بێت، به‌ڵام هه‌رکات هه‌ستم به‌ گرینگی و به‌بایه‌خ بوونی کاری که‌سێک کردووه‌، هه‌میشه‌ وه‌ک تاکێکی کۆمه‌ڵ به‌ئه‌رکی خۆم زانیوه‌ که‌ له‌ هه‌ر رێگایه‌که‌وه‌ بۆم کرابی هه‌ستی خۆم به‌رامبه‌ر به‌کاره‌که‌ی ده‌ربڕیوه‌ و ماندونه‌بوونی و ده‌ستخۆشیم لێکردووه‌.

وه‌رن با ده‌رگای دڵ و هه‌ست و خۆشه‌ویستی مان به‌رانبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ واڵا بکه‌ین که‌ به‌ بێ وه‌به‌ر چاو گرتنی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی کاتی خۆیان گیانی خۆیان فیدای گه‌ل و خاک و وڵات ده‌که‌ن.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.