Ö:: شانۆنامه‌ی ده‌رگا له‌ شاری هانۆڤه‌ر نمایش كرا....!!!

ئاماده‌کردنی: خالید شه‌یدا

ئه‌م شانۆیه‌ له‌ نووسینی یوسف سائیغه‌ و له‌ لایه‌ن ڕێزدار جه‌مال غه‌مبار ئه‌رکى وه‌رگیرانى له‌ ئه‌ستۆ گرتوه‌ و له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ وه‌رگێراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی ،چوار ئه‌كته‌ر له‌ نواندنی شانۆكه‌ به‌شداریان كردبوو ،ئه‌ویش ئافره‌تێك و سێ پیاو، شه‌ماڵی عه‌به‌ ڕه‌ش ،خاتوو شادان فواد ، سیروان جه‌مال ، سۆران ئیسماعیل ،وه‌ له‌ لایه‌ن كامه‌ران ڕه‌ووف ده‌رهێنرا بوو وه‌ ئه‌م شانۆیه‌ له‌ شاری هانۆڤه‌ر نمایش كرا بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌ به‌رواری ١٠-١١ /٠٢/٢٠٠٧ ،ناوه‌رۆكی شانۆیه‌كه‌ بریتی بوو (له‌ ووڵات و زه‌مه‌نێكی نادیار پیاوێك دژی ئه‌و یاسایه‌ ده‌وه‌ستێت كه‌ ئیجباری زیندوان ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ مردوواندا به‌ زیندوێتی بنێژرێن. ئه‌وه‌ په‌یمانی خۆشه‌ویستی ئه‌ ووڵاته‌یه‌ و ناكرێت سه‌رپێچی تێدا بكرێت. ئایا به‌ چ هێز و توانایه‌ك ده‌توانین دژی ئه‌و یاسایه‌ بوه‌ستین....؟؟

شانۆیه‌كه له‌ دوو دیمه‌ن پێكهاتبوو ،دیمه‌نی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ دادگایه‌ك دادگایی پیاوێكیان ده‌كرد كه‌ توومه‌ت باریان كرد بوو به‌ كوشتنی ژنه‌كه‌ی ده‌یانووست پێش ناشتنی ژنه‌كه‌ی ڕازی بكه‌ن به‌ زیندوی چاو له‌گه‌ڵ مردوه‌كان زینده‌ به‌ چالی بكه‌ن ،ئه‌ویش به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ڕازی نه‌بوو دژایه‌تی ده‌كردن و به‌رپه‌چی دادگایی ده‌دایه‌وه‌، دیمه‌نی دووم بریتی بوو له‌ گۆرستانێكی تاریك كه‌ كه‌سی شانۆیه‌كه‌ هاتبوو بۆ سه‌رگۆری ژنه‌كه‌ی هه‌ر له‌وێدا كه‌سێكی هاوتای خۆی دۆزیه‌وه‌ كه‌ ژنێك بوو ئه‌ویش هاوسه‌ره‌كه‌ی مرد بوو هاتبوو بۆ سه‌ردانی، ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ كه‌ له‌ گۆرستان بوون به‌ ڕێكه‌وت یه‌كتریان بینی، به‌ڵام له‌به‌ر تاریكی گۆرستانه‌كه‌ ئافره‌ته‌كه‌ ده‌ترسا و زه‌نده‌قی چوو بوو، هه‌ر دوو كه‌سایه‌تیه‌كه‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ی ‌كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان مێرد و ژنه‌كه‌ی مرد بوو له‌ ژیان بێزار بوون چاوه‌رێ مه‌رگیان ده‌كرد، جا له‌ كۆتایی هێدی هێدی ژنه‌كه‌ی ئارام بۆوه‌ و ترسی له‌ لای نه‌ما هه‌ر دووكیان لێكتر نزیك بوونه‌وه‌ باسی هه‌ست و نه‌ستی خۆیان بۆ یه‌كتر ده‌گێرایه‌وه‌ و وه‌ چاوه‌رێ ئه‌و ده‌رگا داخراوه‌یان ده‌كرد كه‌ له‌سه‌ریان داخراوه‌ بكرێته‌وه‌ .

من ته‌نیا له‌ ڕووی ده‌قی شانۆیه‌كه‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی بچكۆلانه‌م هه‌یه‌ ،هه‌ر چه‌ند من ده‌قی شانۆكه‌م نه‌خوێندۆته‌وه‌, چونكه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌ ده‌ستم نه‌كه‌وت، ته‌نیا وه‌كوو بینه‌رێك مێوانی شانۆیه‌كه‌ بوو ،من ئه‌وه‌ی بزانم ده‌قی شانۆیه‌كه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن جه‌مال غه‌مبار وه‌رگیراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی به‌ شێوه‌ی كوردیه‌كی ستاندار به‌ڵام له‌ ناو شانۆیه‌كه‌ ڕه‌چاوی زاراوه‌ی كوردی ستاندار نه‌كرا به‌ڵكوو زۆربه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان په‌نایان برد بوو بۆ زاراوه‌ی ناو خۆی شاری سوله‌یمانی . هیوادارم ئه‌م ڕه‌خنه‌ بچكۆله‌م ببێته‌ ئاسۆی به‌ره‌وپێش چوونتان له‌ بزاڤی هونه‌ری كوردیتان دا . ‌

به‌راستی شانۆیه‌كه‌ ده‌ورێكی سه‌ركه‌وتوانه‌ی به‌ خۆ‌یه‌وه‌ بینی و ئه‌كته‌ره‌كان زۆر خۆیان هیلاك و ماندو كرد بوو بۆیه‌ ڕۆلێكی زۆر جوانیان هه‌بوو مافێكی ته‌واویان دابووه‌ شانۆیه‌كه‌له‌ ڕووی شێوازی شانۆیی وه‌ به‌ شێوه‌یكی زۆر جوان به‌رێوه‌ چوو ، خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ره‌وه‌ندی كوردی له‌ هه‌موو شوێنكی جیا جیا بووبونه‌ مێوانی شانۆگه‌ریه‌كه‌.

به‌ڕێز(شه‌ماڵی عه‌به‌ ڕه‌ش) له‌ حه‌فتاکانه‌وه‌ کاری شانۆیی ده‌کات و جێگایه‌کی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ڕه‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی ئه‌و بواره‌ و له‌ساڵی 1993دا هاتۆته‌ هۆڵه‌نداو له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی و جگه‌رگۆشه‌کانیدا هه‌ر له‌وێ ده‌ژین و ئێستا سه‌رۆکی تیپێکی هونه‌رییه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تری وه‌ک(کامه‌ران ڕه‌ئوف و سیروان جه‌مال و شادان و سۆران ئیسماعیل و شۆڕش و کچه‌کانی شنۆ و شایی) دا کار ده‌کات،ئه‌م به‌ڕێزه‌ و خێزانه‌که‌ی شادان خان و کچه‌که‌ی شایی و کوڕه‌که‌ی شارۆ خێزانێكی زۆر به‌خته‌وه‌ر و ئاسووده‌ن هه‌موو كاتێ له خزمه‌ت كردن دا بۆ به‌ره‌و پێش چوونی بزاڤی هونه‌ری كوردی . ‌

خاتوو (شادان) خانی خێزانی کاکه‌ شه‌ماڵه‌ و کچی هونه‌رمه‌ندی ناسراو (فوئادی حه‌مه‌ئه‌مین ئاغا)که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ئافره‌ته‌ به‌توایانه‌ی کورد و هه‌میشه‌ شانبه‌شانی هاوسه‌ره‌که‌ی ڕۆڵێکی به‌رچاوی گێڕاوه‌ له‌به‌ره‌وپێشبردنی شانۆ و سینه‌مای کوردیه‌، ئه‌م ژنه‌ کورده‌ عیشق و خۆشه‌ویستی ی شانۆ و سینه‌ما وای لێکردووه‌ که‌له‌ تاراوگه‌شدا له‌ کۆشش نه‌وه‌ستێت و به‌رده‌وامی به‌ کاره‌که‌ی بدات، ،هه‌رچه‌نده‌ کاری هونه‌ری بۆ ئافره‌تێكی خاوه‌نی ماڵ و خێزان له‌ تاراوگه ‌دا سه‌خته‌ و له‌ کوردستان ئاسانتره‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌و ئافره‌ته‌ هه‌ر له‌ خزمه‌تی بزاڤی هونه‌ر و شانۆی كوردی دایه‌ جاری وا هه‌یه‌ ته‌نها بۆ پرۆڤه‌ له‌ شارێکه‌وه‌ بۆ شارێکی تر و له‌ووڵاتێکه‌وه‌ بۆ ووڵاتێکی تر ده‌چێت و هه‌رگیز کۆڵی ناده‌وه‌ .‌ئاواته‌ خوازین بزاڤی هونه‌ری كوردی به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ هه‌ر به‌ره‌ و پێش بچێت له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.

هانۆڤه‌ر ...07.02.11

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.