Ö:: کۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ ....

حیزبی دێموکراتی کوردستان- ئێران کۆمیته‌ی سوئێد

کۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ شاری وێسترۆسی سوئێد بۆ به‌رێز کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان
کاتژمێر 2 ی پاش نیوه‌رۆی رۆژی شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 17/02/2007  کۆمیته‌ی سوئێد کۆبوونه‌وه‌یه‌کی بۆ به‌شێک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دانیشتووی سوئێد، له‌ شاری وێسترۆس پێک هێنا. کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب له‌ لایه‌ن کاک عومه‌ر گه‌ردی  ده‌ستی پێکرد، پاشان بۆ رێزگرتن له‌گیانی پاکی شه‌هیدان یه‌ک ده‌قیقه‌ بێده‌نگی راگه‌یه‌ندرا.

 دواتر به‌رێز کاک خالید گه‌ردی به‌رپرسی کۆمیته‌ی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای به‌خێر هێنانی به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌، چه‌ند سرنج و تێبینی یه‌کی له‌سه‌ر له‌ت بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خسته‌روو. کاک خالید له‌به‌شیک له‌ قسه‌کانی دا ئاماژه‌ی به‌و‌ نیگه‌رانی و په‌شێویانه‌ کرد که‌ له‌ ئاکامی ئه‌و له‌ت بوونه‌ داسه‌پاوه‌دا ته‌میان خستبووه‌ سه‌ر شه‌قامی کوردی به‌ گشتی و ئه‌ندامانی حیزب به‌ تایبه‌تی. ناوبراو وتی به‌ڵام ئێمه‌ چ له‌ ڕاده‌ی رێبه‌ری و چ له‌ناو ئه‌ندامانی حیزبدا هه‌وڵماندا به هه‌ست کردن به‌‌ به‌رپرسایه‌تی کارێک بکه‌ین که‌ له‌ توند و تیژی له‌ هه‌موو شکڵێکیدا دووری بکه‌ین و له‌داوی بیری شه‌ڕ و تۆڵه‌یه‌ک‌ نه‌که‌وین که‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر بۆ ئێمه‌ی دانابۆوه‌. ئێمه‌ هه‌وڵماندا که‌ ئه‌و له‌ت بوونه‌ به‌ که‌مترین هه‌زینه‌  به‌سه‌ر کۆی ئه‌ندامانی حیزبدا بشکێته‌وه.‌

 پاشان نۆره‌ گه‌یشته‌ کاک حه‌سه‌نی ره‌ستگار ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پێشکه‌شکردنی وته‌کانی. کاک حه‌سه‌ن وێرای به‌خێر هێنانی به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌، باسێکی تێروو ته‌سه‌لی له‌سه‌ر هه‌لوومه‌رجی سیاسی ئێستای جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوین کرد و له‌ ژێر تیشک و کاریگه‌ری ئه‌و لێکدانه‌وه‌یدا وه‌زعییه‌تی گه‌لی کوردی له‌ هه‌موو به‌شه‌کاندا شی کرده‌وه‌. ناوبراو له‌ سه‌ر ئه‌و بڕۆایه‌ بوو که‌ کورد توانیویه‌تی له‌ ماوه‌ی ئه‌و ده‌پازده‌ ساڵه‌ی ڕابردوودا به‌ خوێندنه‌وه‌ی ورد و ده‌قیق و خۆ ته‌تبیق دان له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی زل هێزه‌کانی دونیا خه‌باتی کورد به‌ره‌و پێش به‌رێ و ئاوا درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی ژیرانه‌ی خۆی بدا که‌ ئاسۆی ڕ‌زگاری کورد ڕوون و هیوا به‌خش بێ.  هه‌روه‌ها کاک حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌ چه‌ندلایه‌نێک له‌ گرفته‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد که‌ له‌ به‌شێک له‌ پرسیاری به‌شداران دا داوای روونکردنه‌وه‌ی لێکرابوو.

 کاک حه‌سه‌ن له‌وڵامی پرسیاری هاورێیه‌ک سه‌باره‌ت به‌ یارسانیه‌و رۆانگه‌ی حیزب له‌سه‌ر پێک هاتنی حیزبی یارسانیه‌کان وتی:  ئێمه‌ یارسانه‌کان به‌ کورد ده‌زانین و ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ هاوکاریه‌کین که‌ له‌ئێمه‌ی داوا بکه‌ن. هه‌روه‌ها وتی که‌ حیزبی ئێمه‌ حیزبیکی لاییکه‌ به‌و مانایه‌ که‌ تاکی کورد به‌ هه‌ر بیروو بۆچوونێک و ئایینێکه‌وه‌ که‌ هه‌یه‌تی ده‌تۆانێ‌ له‌ ناو  ریزه‌کانی حیزبی دێموکڕاتدا  جێ بگرێ. وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو‌ یارسانیه‌کان حیزبی تایبه‌ت به‌ خۆیان پێک بێنن به‌ مه‌رجێک که‌ پرینسیپه‌کانی د‌ێموکڕاسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ به‌رنامه‌یان دابێ  به‌ره‌یان له‌ گه‌ڵ پێک دێنین. و‌ه‌ هه‌روه‌هاگوتی که‌ ئێمه‌ به‌ چاوی ڕێزه‌وه‌ سه‌یری خوشک و برا یارسانه‌‌کانمان ده‌که‌ین.

 هاورێیه‌ک پرسیاری کرد که‌ داخوا خه‌بات و تێکۆشانی کورده‌ په‌نابه‌ره‌کانی دانیشتووی ئۆردووگای رۆمادی و باقی ئوردوگاکان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ کاک حه‌سه‌ن وتی: کورده‌کانی دانیشتووی ئۆردووگای رۆمادی که‌ ئێستا په‌ریوه‌ی زۆر شوێنی دونیا بوونه‌ به‌ ماندووتر و زوڵم لێکراوتر له‌خۆمان ده‌زانین و ئێمه‌ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان ئه‌وان و خۆماندا نابینین و ئاماده‌ین‌ که‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هاوکارییه‌کی که‌ له ده‌ستمان بێ ‌ پێشکه‌شیان ‌بکه‌ین. حیزبی دێموکڕات حیزبی خۆیانه‌، دیاره‌ ئێستا به‌شێکی به‌رچاو له‌و کورده‌ زحمه‌تکێشانه‌ له‌ نیو ریزه‌کانی حیزب دا فه‌عالییه‌ت ده‌که‌ن.

سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری‌ گۆڕینی ناوی حیزب که‌ پرسیاری یه‌کێک له‌ به‌شداران بوو کاک حه‌سه‌ن وتی: ئێمه‌ به‌ نیازنین ناوی خۆمان بگۆرین. ئێمه‌ به‌ پێی ڕابردوو  خه‌باتێک که‌ بۆ ئه‌و حیزبه‌ کردوومانه‌ و هه‌روه‌ها شه‌رعییه‌تێک که‌ له‌ کۆنگره‌ی 13 دا وه‌رمان گرتووه‌ خۆمان به‌ خاوه‌نی ئه‌سڵی ناو و مێژووی پر له‌ هه‌وراز و نشێوی حیزب ده‌زانین.  ناوی حیزبی دێموکرات هی هه‌ردولامانه‌و هه‌دوولامان له‌ ڕابردووی حیزبی دیموکرات شه‌ریکین، هه‌م ئیمه‌، هه‌م هاوسه‌نگه‌رانی پیشوومان. بۆیه‌ حازرنین به‌ناوێکی دیکه‌ جیا له‌ حیزبی  دێموکراتی کوردستان خه‌بات بکه‌ین، ئه‌و حه‌قه‌ش به‌ حه‌قێکی ته‌بیعی خۆمان ده‌زانین.
دوای پرسیارو وه‌ڵام له‌ که‌شوو هه‌وایه‌کی ته‌واو دۆستانه‌ دا کاتژمێر 7 ی ئێواره‌ به‌سه‌رکه‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ هات. خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌قی قسه‌کانی به‌رێز کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان که‌ له‌و کۆبوونه‌وه‌دا کراون، له‌ داهاتوو یه‌کی نزیکدا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- ئێران کۆمیته‌ی سوئێد

20/02/2007

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.