Ö:: ڕده‌کردنه‌وه‌ی " تۆمه‌تنامه‌"که‌ی کاک ئێقباڵ سه‌فه‌ری,ئاکۆ ئه‌لیاسی

ئاکۆ ئه‌لیاسی

ئاکۆ ئه‌لیاسی
سویس، 2007.02.27

خوێنه‌ری هێژا!

به‌ڕێز کاک ئێقباڵی سه‌فه‌ری، به‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تێک له‌ ژێر سه‌ردێڕی: " ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خوێنه‌رێک بناسن" به‌ ڕێکه‌وتی 2007.02.25ی زایینی له‌ وێبلاگی" هه‌ڵوێستی ئێمه‌" و ڕۆژێک دواتر له‌ ماڵپه‌ڕی " گیاڕه‌نگ"، که‌ گۆیا من " ئاکۆ ئه‌لیاسی" به‌ ناوی خوازراوی " خوێنه‌رێک" وه‌ڵامم به‌ نووسراوه‌ی " دێمۆکراسی به‌شه‌رتی چه‌قۆ"ی ناوبراو داوه‌ته‌وه‌!

سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نم که‌ وه‌ڵامی " خوێنه‌رێک" به‌ نووسراوه‌ی کاک ئێقباڵی سه‌فه‌ری، نه‌ک ته‌نیا من نه‌م نووسیوه‌، به‌ڵکوو هیچ پێوه‌ندیه‌کی به‌ منیشه‌وه‌ نیه‌ و وا دیاره‌ که‌ کاک ئێقباڵ له‌سه‌ر کۆ کردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه‌ و ناڕاست زۆر به‌ به‌تاڵووکه‌یی، بڕیاری نووسینی بابه‌تی به‌ ناو" ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خوێنه‌رێک بناسن"ی داوه‌ و به‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی بۆ هه‌موو که‌س ده‌رده‌که‌وێت که‌ وشه‌ به‌وشه‌ و دێڕ به‌دێڕی ئه‌و نووسراوه‌یه‌، تۆمه‌ت و تاوانبارکردنی بێبه‌ڵگانه‌یه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا، دامرکاندنه‌وه‌ی که‌ف و کوڵی هه‌ڵچووی خۆی به‌ سه‌ر مندا هه‌ڵڕێژاوه‌. هه‌ست و ئیحساس جڵه‌وکێشی مه‌نتقی نووسراوه‌که‌یه‌تی و به‌ده‌ستی خاڵی و به‌بێ هێنانه‌وه‌ی چووکترین به‌ڵگه‌، به‌ته‌نیا ڕۆیشتۆته‌ دادگا و ده‌یهه‌وه‌ێ به‌زۆر حوکمێک به‌ قازی به‌سه‌ر تاوانباری به‌بێ به‌ڵگه‌ تۆمه‌تبارکراودا بسه‌پێنێ، که‌ ته‌نیا له‌ مه‌نتالیته‌ی خودی کاک ئێقباڵی سه‌فه‌ری ده‌وه‌شێته‌وه‌.

من نه‌ بابه‌تی " دێمۆکراسی به‌شه‌رتی چه‌قۆی" کاک ئێقباڵم خوێندۆته‌وه‌ و نه‌ وه‌ڵامی " خوێنه‌رێک" به‌ نووسراوه‌ی ناوبراو، به‌ڵکوو پاش تۆمه‌تبارکردنی به‌نده‌ له‌ لایه‌ن کاک ئێقباڵه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی داکۆکی کردن له‌ خۆم و هه‌روه‌ها ڕه‌دکردنه‌وه‌ و وه‌درۆ خستنه‌وه‌ی " تۆمه‌تنامه‌که‌"ی ئاغای سه‌فه‌ری، هه‌رسێ بابه‌ته‌که‌م خوێنده‌وه‌ به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌، ناوبراو هیچ سووژه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌ست نه‌که‌وتووه‌، تا وتاری دووهه‌می خۆی به‌دژی تێکۆشه‌رانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بنووسێت، به‌ڵکوو ئه‌و جار به‌بێ هیچ به‌ڵگیه‌یکی قاییم و به‌بێ پشت به‌ستن به‌ هیچ چه‌شنه‌ سه‌رچاوه‌ و دۆکۆمێنتێکی ئاماژه‌پێکراو، به‌ گۆتره‌کاری
خاوه‌نی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌" ئاکۆ ئه‌لیاسی"ی داوه‌ته‌ به‌رداسی بێڕۆحمی خۆی و زۆر بێبه‌زه‌یانه‌، له‌ ڕووی ده‌مارگرژی، هێرشی ناڕه‌وای کردوه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌ده‌ستی به‌تاڵ و خاڵی، که‌سێکی دیکه‌ تۆمه‌تبار بکات، ئه‌وا که‌سی یه‌که‌م، ده‌بێت به‌گوێره‌ی یاسا، تاوانی تۆمه‌تبارکردنه‌که‌ی ببژێرێت، جا نازانم، کاک ئێقباڵی به‌ڕێز بۆ ئه‌مه‌ چی پێیه‌ و چ به‌رسیڤێکی هه‌یه‌؟ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر به‌ڕێز سه‌فه‌ری، به‌ وته‌ی خۆی:
" به‌ڵگه‌ له‌وه‌ش ڕوون و ئاشکه‌راتر هه‌یه‌ تاوه‌ک نمونه‌ بۆتی بهێنمه‌وه‌"، با خاوه‌نی قسه‌ی خۆی بێ و به‌ڵگه‌کانی ڕۆکات، تا هه‌موو لا باره‌قه‌ڵڵای بۆ بڵێین!!

نێوه‌ڕۆکی نووسراوه‌که‌ی کاک ئێقباڵی سه‌فه‌ری، هه‌ڵگری زۆر شته‌ و بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ دێڕ به‌دێڕی وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ نه‌ کاری منه‌ و نه‌ کاتی ئه‌وه‌شم هه‌یه، به‌ڵام لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم که‌ ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ دوو خاڵی شاکاره‌که‌ی به‌ڕێز سه‌فه‌ری بکه‌م:

1. کاک ئێقباڵی سه‌فه‌ری، به‌نده‌ به‌ " مه‌داحی ئه‌رباب" ده‌شوپێنێ! نازانم مه‌به‌ستی کاک ئێقباڵ له‌و " ئه‌ربابانه‌" کێن؟ ئایا ئه‌و ئه‌ربابانه‌، هه‌ر هه‌مان ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ نین که‌ کاک ئێقباڵی به‌ڕێز ساڵانێکی دوور و درێژ هه‌ر له‌ په‌نا ئه‌وان و له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا، له‌ پێناوی ڕزگاری و ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌ی، پێکه‌وه‌ به‌ دژی دوژمنانی داگیرکه‌ر خه‌باتیان کردوه‌؟ نازانم، ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ له‌ که‌یه‌وه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌رباب، که‌ ئێمه‌ مانان خه‌به‌رمان نیه‌؟ ئایا به‌ڕێز سه‌فه‌ری له‌ که‌یه‌وه‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتووه‌ که‌ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆته‌ مه‌جلیسی ئه‌ربابان؟ باشه‌ ناوبراو، بۆ ئیجازه‌ی به‌ خۆی داوه‌ که‌ ئه‌و هه‌مووساڵه‌ له‌ ژیانی خۆی له‌ خزمه‌تی ئه‌ربابان به‌رێته‌سه‌ر؟
2. ئه‌گه‌ر شاعێرێک، نووسه‌رێک، هوونه‌رمه‌ندێک، باسی فرمێسک و خوێنی میلله‌تێک بکا و بۆ گه‌وره‌پیاوانی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌رهه‌م بخولقێنێ و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌رجه‌سته‌ بکاته‌وه‌ و باسی بێبه‌شی و مه‌ینه‌تباری نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات، ئایا به‌ڕاستی ئه‌مه‌ له‌ ڕووانگه‌ی کاک ئێقباڵه‌وه‌، به‌ مه‌دداح سه‌را لێک ده‌درێته‌وه‌؟ پاشان، من وه‌ک شاعێرێک، به‌ مافی خۆمی ده‌زانم، که‌ هه‌ڵوێستی خۆمم هه‌بێت، جا چه‌وتی و ناڕاستیی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌، داهاتوو دیاریی ده‌کات، نه‌ک جه‌نابت! ئه‌گه‌ر به‌رسیڤی به‌ڕێزیان " ئه‌رێ" بێت، ئه‌وه‌ من هیچ شتێکی دیکه‌م بۆ گوتن نیه‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت ته‌وسیه‌ به‌ به‌ڕێزیان ده‌که‌م که‌ پچێک زه‌حمه‌ت وه‌به‌رخۆی بدات و بچێت مێژووی ئه‌ده‌بی به‌رگری نه‌ته‌وه‌ ڕزگاربووه‌کانی دیکه‌ بخوێنێته‌وه‌، با ئه‌و کات له‌ خۆڕا شت نه‌ڵێت!
دڵنیام که‌ به‌ڕێز سه‌فه‌ری هه‌روه‌ک چۆن یه‌که‌م بابه‌تی خۆی واتا" دێمۆکراسی به‌ شه‌رتی چه‌قۆ"ی له‌ ڕووی هه‌ست و سۆزه‌وه نووسیبوو، ئه م‌جاریش دیسانه‌وه‌ هه‌ر تووشی هه‌ڵه‌ بۆته‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ بۆ بابه‌ته‌که‌ ڕۆیشتووه‌.
له‌ بیرتانه‌، ماوه‌یه‌ک پێش، نامه‌ی 87 خوێنه‌ر ئاراسته‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی پێشووی دابڕاو له‌م حیزبه‌دا کرابوو، که‌ له‌ یه‌که‌م دژکرده‌‌وه‌دا، به‌ چاوی شکه‌وه‌ له‌ نامه‌که‌تان ڕووانی و به‌ گومانه‌وه‌ وه‌ڵامتان دایه‌وه‌ و بگره‌ هه‌تا پێتان وابوو که‌ ئه‌و نامه‌یه‌ ده‌ستکرده‌، تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئه‌ندامێکی به‌ڕێزی حیزب به‌ ناوی " کامران ڕه‌سووڵی" نێوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ و نووسه‌رانی ئه‌و نامه‌یه‌ی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ پشت ڕاست کرده‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا، ڕیسه‌که‌تان لێ ببووه‌وه‌ به‌ خوری؟ هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، هیوادارم که‌ نووسه‌ری نووسراوه‌ی:" وه‌ڵامێک به‌ کاک ئیقباڵی سه‌فه‌ری" بێته‌ وه‌ڵام و به‌ نووسینی ڕوون کردنه‌وه‌یه‌ک، "تۆمه‌تنامه‌که‌ت" به‌تاڵ بکاته‌وه‌ و ئیمان به‌ هه‌ڵه‌یی به‌هه‌ڵه‌داچوونی خۆت دابێنێ.

سه‌رچاوه‌:
http://www.peshmergekan.com/index.php?start_from=30&ucat=&archive=&subaction=&id=&

http://pdk-iran-85.blogfa.com/post-259.aspx

دێموکراسی به‌ شه‌رتی چه‌قو!!.
www.giareng.com

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.