Ö:: وه‌ڵامی‌ نامه‌یه‌ك

عبدالله حسن زاده

وه‌ڵامی‌ نامه‌یه‌ك
سه‌عات
11ی‌ پێش نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ سێ‌شه‌ممه‌ 24/11/85 به‌رامبه‌ر به‌ 13ی‌ فیوریه‌ی‌ 2007 نامه‌یه‌كیان بۆ هێنام كه‌ رۆژی‌ 10ی‌ فێوریه‌ به‌ پۆستی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ستی‌ كه‌سێك له‌ لایه‌نی‌ كاك مسته‌فا هیجری‌. هۆی‌ وه‌دره‌نگ كه‌وتنی‌ هه‌رچییه‌ك بێ‌ گرنگ نیه ‌‌و ئه‌مه‌ هه‌ر بۆیه‌ باس ده‌كه‌م تا وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی‌ به‌ دره‌نگ نه‌یه‌ته‌ به‌رچاو.

نامه‌كه‌ به‌ناوی ‌"87 كه‌س" ه‌وه‌ نووسراوه‌ كه‌ خۆیان به‌ كۆمه‌ڵگای‌ خوێندكاری‌ ده‌ناسێنن. ئه‌گه‌رچی‌ هه‌م ناوه‌كان ره‌نگه‌ وه‌رگیراو (مستعار) بن‌ و هه‌م له‌جێ‌دا به‌ دووری‌ نازانم كه‌ كه‌‌سێك یان چه‌ند  كه‌سی‌ دوور له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ خوێندكاری‌ نووسیبێتیان، به‌ڵام به‌ حورمه‌تی‌ خوێندكار ‌و ناوی‌ خوێندكار ئه‌من هه‌ر وا داده‌نێم كه‌ به‌ڕاستی‌ 87 خوێندكار نامه‌یان بۆ نووسیوم.

نامه‌كه‌ پاش باسێك له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی‌ كوردستان ‌و ئێران ‌و رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست ‌و به‌رنامه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ پێكهێنانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستی‌ گه‌وره‌ دێته‌ سه‌ر باسی‌ له‌تبوونی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران ‌و (به‌هه‌ق ) ناره‌زایی ‌‌و تووڕه‌یی‌ له‌و رووداوه‌ ده‌رده‌بڕێ‌. پاشانیش 12 پرسیار دێنێته‌ گۆڕێ ‌‌و داوای‌ "روونكردنه‌وه‌ی‌ شه‌فاف، مه‌نتیقی‌" له‌ من ده‌كا.

ئه‌گه‌رچی‌ له‌ باسی‌ له‌تبوونی‌ حیزب‌دا ‌ نامه‌كه‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ ئه‌و رووداوه‌ تاڵه‌ به‌ ته‌نیا ناخاته‌ ئه‌ستۆی‌ من ‌و هاوڕێیانم، به‌ڵام راوێژی‌ پرسیاره‌كان ده‌رده‌خا كه‌ ئه‌و نامه‌یه هه‌ر نه‌بێ‌ له‌ژێر ته‌ئسیری‌ ته‌بلیغاتی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ردا نووسراوه.

ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ نامه‌كه‌دا هاتوه‌ نه‌ داوای وڵامدانه‌وه‌ی كراوه ‌‌و نه‌ پێویستیشه‌ وه‌ڵامی‌ بدرێته‌وه‌، چونكه‌ شتێكی‌ تێدا نیه‌ كه‌ بیر‌وڕای‌ من ‌و نێوه‌رۆكی ئه‌و نامه‌یه له‌سه‌ری‌ جیاواز بێ‌. كه‌وایه‌ له‌و به‌شه‌ ده‌گه‌ڕێم ‌و هه‌روه‌ك له نامه‌که‌دا داوا كراوه  هه‌وڵ‌ ده‌ده‌م "روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ شه‌فاف‌ و مه‌نتیقی‌"ی پێشكێش بكه‌م.

تا ئه‌و جێیه‌ی‌ ئاگام لێیه‌ ئه‌و نامه‌یه له ئینترنێتدا بڵاو نه‌بۆته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌زموونی‌ یه‌ك دوو ساڵی‌ رابردوو له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێیانی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر پێم ده‌ڵێ‌ كه‌ ناردنی‌ به‌ ئیمه‌یل سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت. جگه‌ له‌وه‌ش چونكه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ له نامه‌كه‌دا كراون ره‌نگه‌ بۆ كه‌سانی دیكه‌ش بێنه‌ پێشێ‌، به‌ دروستی‌ ده‌زانم وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆم بڵاو بكه‌مه‌وه. ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێكی‌ كورت به‌ پرسیاره‌كان یان بڵێین بۆچوونه‌کانی نێو ئه‌و نامه‌یه (ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌ نامه‌كه‌ راگوێزراون، هه‌موویان وه‌ك خۆیان نووسراونه‌وه‌‌و ده‌سكاری‌ نه‌كراون):

1 ـ نووسراوه "حیزبی‌ دێموكرات به‌سه‌ركار هاتنی‌ به‌ڕێزتان وه‌ك رێبه‌ری‌ حیزبی‌ دێموكرات رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ ره‌وتی‌ "افت"ی‌ سیاسیی‌ له‌به‌ر گرت...ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ ده‌ورانی‌ رێبه‌رایه‌تی‌ كردنی‌ به‌ڕێزتان له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ له‌بار‌و گونجاوتر بوو نیسبه‌ت به‌ رابردوو."

له‌پێش دا با بڵێم ئه‌من رێبه‌ری‌ حیزبی‌ دێموكرات نه‌بووم، به‌ڵكوو سكرتێر ‌و ئه‌ندامێكی‌ رێبه‌ری‌ بووم. له‌جێ‌دا له‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران دا ـ ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می‌ د.قاسملووی‌ زاناش دا ـ رێبه‌ریی‌ به‌كۆمه‌ڵ‌ هه‌بووه‌، نه‌ك تاكه‌كه‌سی‌، ئه‌گه‌ر ئێستا جۆرێكی‌ دیكه‌ بێ‌ قسه‌م نیه‌. به‌ڵام جێی‌ داخ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نووسه‌رانی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك هه‌موو قه‌ڵه‌م گێڕانی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌رمان قسه‌ ده‌كه‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ نموونه‌ نیشان بده‌ن ‌و ئیددیعا ده‌كه‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌لومه‌رجی‌ تێكۆشان له‌به‌رچاو بگرن ‌و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن هه‌موو به‌رپرسایه‌تی‌یه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ كه‌سێك بپه‌ستێون. ئاخر له‌خۆیان ناپرسن ئه‌دی‌ 30 تا 40 كه‌س ئه‌ندامی‌ ئه‌سڵی‌‌و جێگر ‌و موشاویری‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ونێوه‌ دا چ بوون ‌و رێبه‌رایه‌تیی‌ دڵخوازی‌ ئه‌م دۆستانه‌ كه‌ له‌و ده‌ ساڵه‌دا زۆربه‌ی‌ نزیك به‌ ته‌واویان له‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌دا بوون بۆچی‌ هه‌ڵه‌یه‌كیان راست نه‌كردۆته‌وه ‌‌و كه‌لێنێكیان پڕ نه‌كردۆته‌وه ‌‌و ته‌نانه‌ت گرێ‌ پووچكه‌یه‌كیشیان نه‌كردۆته‌وه‌؟

سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ ده‌ورانی‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ من به‌ له‌بارتر ‌و گونجاوتر له‌چاو رابردوو داده‌نێن ‌و ته‌نانه‌ت هه‌رچه‌ند نه‌یانگوتوه‌، له‌ ئێشتاشی‌ به‌ له‌بارتر ده‌زانن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانیش نه‌یانگوتوه‌ پێشتر زۆرجار گوتراوه ‌‌و نووسراوه‌. به‌ڵام بزانین به‌ڕاست وابوو؟ نزیك به‌ ده‌ ساڵ‌ ئه‌من له‌ پۆستی‌ سكرتێردا خزمه‌تم كردوه‌ به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ ناوچه‌ی‌ حه‌وانه‌وه ‌‌و تێكۆشانی‌ ئێمه‌ له‌ كوردستانی‌ عێڕاق له‌گه‌ڵ‌ دوو شه‌ڕ یان دوو حاڵه‌تی‌ شه‌ڕ ده‌سته‌‌ویه‌خه‌ بووه‌. له‌لایه‌ك بزووتنه‌وه‌ی‌ كورد‌ و خه‌ڵكی‌ ئه‌م به‌شه‌ی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ له‌شه‌ڕ یان له‌ حاڵه‌تی‌ شه‌ڕدا بوون ‌و له‌لایه‌كیش دوو حیزبی‌ سه‌ره‌كی ‌‌و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی‌ ئه‌م به‌شه‌ (پارتی‌‌و یه‌كیه‌تی‌) تووشی‌ شه‌ڕی‌ جێگای‌ داخی‌ نێوخۆیی‌ بوون. له‌ ئاكامی‌ ئه‌م وه‌زعه‌دا باشووری‌ كوردستان ببوو به‌ مه‌یدانی‌ ته‌راتێنی‌ تێرۆریسته‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی ‌‌و له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له سه‌ت تێكۆشه‌ری‌ دێموكرات به‌ده‌ستی‌ به‌كرێگیراوانی‌ رێژیم شه‌هید ‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆرتریش بریندار بوون. جێگای‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزبی‌ دێموكرات پێوه‌ندیی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ ئه‌و دوو شه‌ڕه‌ هه‌بووه ‌‌و جۆرێكیش باڵانسی‌ راگرت كه‌ هه‌م سه‌ربه‌خۆیی‌ حیزبه‌كه‌ بپارێزێ ‌‌و خه‌باتی خۆی درێژه پێ بدا و هه‌م پێوه‌ندی‌یه‌كانیشی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ك خۆی بهێڵێته‌وه‌. ره‌نگه‌ هه‌موو مرۆڤێكی‌ به‌ ئینساف قبوول بكا كه‌ پاراستنی‌ باڵانسێكی‌ ئاوا ناسك ژیری‌‌ و وشیاری‌یه‌كی‌ زۆری‌ ده‌وێ‌. دیاره‌ ئه‌من ئه‌وه‌ به‌ ده‌سكه‌وتی‌ خۆم به‌ ته‌نیا نازانم ‌و پێم وایه‌ به‌رهه‌می‌ هاوفكری ‌‌و به‌كارهێنانی‌ ئه‌قڵی‌ گشتی‌ (خرد جمعی‌)یه‌.

سه‌باره‌ت به‌و به‌ناو ئوفته‌ش كه له‌و نامه‌یه‌دا باس كراوه، وێڕای داننان به كه‌موكوڕییه‌کان و پێداگرتنه‌وه له‌سه‌ر رێبه‌ریی به كۆمه‌ڵ، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم كه درێژه‌دانی شێلگیرانه‌ی خه‌بات و تێكۆشان به باشترین شێوه‌ی مومكین و وه‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتن له زۆر بواردا كه له ریزكردنیان لێره‌دا خۆ ده‌بوێرم و په‌ڕاندنه‌وه‌ی حیزب له‌ یه‌کێك له ئه‌سته‌مترین قۆناغه‌کانی ڕا بۆ كه‌سی واقعبین جێگای حاشالێكردن ناهێڵنه‌وه.  

2 ـ له‌ خاڵی‌ دووه‌م دا باس له‌ "دوور خستنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌ كۆڕ‌وكۆمه‌ڵی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ یه‌ك له‌وان (ئه‌نته‌رناسیۆنالیستی‌ سۆسیالیست) " كراوه كه "كه‌ رێبه‌رانی‌ شه‌هیدمان زۆر هه‌وڵیان دابوو بوون به‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و رێكخراوه‌یه‌...". ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ رێبه‌رانی‌ شه‌هیدمان به‌تایبه‌تی‌ د. قاسملوو هه‌وڵی‌ زۆریان بۆ بوون به‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ داوه‌. به‌ڵام ئه‌و دۆستانه‌ ده‌بێ بزانن كه‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ سه‌رده‌می‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ من دا ‌و به‌ ئاماده‌یی‌ من له‌ ساڵۆنی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیۆیۆرك له‌ كۆنگره‌ی‌ بیسته‌می‌ ئه‌نته‌رناسیۆنالی‌ سوسیالیست دا بۆته‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و رێكخراوه ‌‌و هه‌ربۆخۆم سێ‌ جار له‌ كۆنگره ‌‌و كۆبوونه‌وه‌كانی‌ S.I دا له‌ رۆم ‌و بۆینیس ئایرێس ‌و پاریس وتارم خوێندۆته‌وه‌ كه‌ وتاری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئیتالیا ‌و كۆنگره‌ی‌ 21 له‌ فه‌ڕانسه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ له‌ ئارشیڤی‌ ئه‌نته‌ر ناسیۆنال‌دا راگیراون.

سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یان بردۆته‌ مێشكی‌ نووسه‌رانی ئه‌م نامه‌یه‌وه له‌ كۆنفرانسی‌ پێش كۆنگره‌ی‌  13‌ و  له‌ كۆنگره‌شدا ره‌خنه‌یان ئه‌وه‌ بوو كه‌ گۆیا چاره‌نووسی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌ كۆریدۆره‌كانی‌ ئه‌نته‌ر‌ناسیۆنالیستی‌ سوسیالیست دا دیاری‌ ده‌كرێ ‌‌و ئه‌من حیزبم كردۆته‌ پاشكۆی‌ ئه‌م رێكخراوه‌. به‌ڕاستی‌ جوانیان گوتوه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ له‌ قرژاڵیان پرسی‌ بۆ به‌ دوو سه‌ران ده‌ڕۆی‌ گوتی‌ هیچ له‌ جوانان عه‌یب نیه‌.
با ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه‌ پێوه‌ندی‌یه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ ده‌ورانی‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ من له‌ یه‌كێك له‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ پته‌وی ‌‌و گه‌شه‌سه‌ندندا بوون ‌و له‌و پێوه‌ندییه‌دا ته‌نیا ئاماژه‌ به‌و هه‌موو په‌یامه‌ كه‌ به‌ بۆنه‌ی‌ كۆنگره‌كان ‌و بۆنه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ بۆ حیزبی‌ دێموكرات هاتوون به‌سه. دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می‌ هه‌وڵ ‌‌و تێكۆشانی‌ پێوه‌ندی‌ له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ بووه‌ كه‌ جارێكی‌ دیكه‌ سوپاسیان ده‌كه‌م.

3 ـ باس له‌ "كه‌م ته‌رخه‌می‌‌و بی‌ ته‌وه‌جوهی‌ به‌ كادیر په‌روه‌ری ‌‌و راكیت بوون ‌و راوه‌ستانی‌ رێژه‌ی‌ بردنه‌سه‌ری‌ ئاگاهی‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبی‌" ده‌كرێ‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم كه‌ خۆزگه‌ یه‌كێك به‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ ئه‌و دۆستانه‌ ده‌هات ‌و ده‌ی‌ پرسی‌ له‌ ماوه‌ی‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ من‌دا چه‌ند ده‌وره‌ی‌ فێركردن ‌و په‌روه‌رده‌ كردنی‌ كادر ‌و پێشمه‌رگه‌ پێك هاتوون ‌و چه‌ند كه‌سیان تێدا به‌شدار بوون كه‌ بێگومان له‌ سه‌د ده‌وره‌ كه‌متر نیه ‌‌و ره‌نگه‌ دوو تا سێ‌ هه‌زار كه‌سیشیان تێدا به‌شدار بووبێ‌. به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ ئه‌و ده‌ورانه‌ش له‌سه‌ر ده‌می‌ د.قاسملووه‌وه‌ تا ئێستا نه‌گۆڕاوه‌ كه‌ به‌ باوه‌ڕی‌ من ئه‌وه‌ كه‌موكوڕی‌یه‌كی‌ حیزبی‌ دێموكڕاته ‌‌و ده‌بێ‌ قبووڵمان بێ‌. جیا له‌وه‌ش له‌ ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا چالاكیی هزریی حیزبی دێموكڕات ئه‌گه‌ر زۆر زیاتر نه‌بووبێ له كه‌میی نه‌داوه كه دیاره بۆخۆشم هه‌رگیز به كافییم نه‌زانیوه.

4 ـ قسه‌ له‌ "دوور خستنه‌وه‌ی‌ لاوان له‌ كاروبار‌ و پۆسته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ حیزب ‌و كه‌م بایه‌خی‌ به‌ لاوان..." كراوه‌. به‌ چاوخشاندنێك به‌ ئاكامی‌ كۆنگره‌كانی‌11،10و12دا ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ له‌ هه‌موو كۆنگره‌كان دا ژماره‌یه‌كی‌ نوێ‌ ئه‌ندام‌ و جێگر و موشاویر هاتوونه‌ته‌ نێو كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ زۆربه‌یان ( بگره‌ هه‌موویان ) له‌ لاوان بوون. سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ له‌ رۆژه‌كانی‌ پێش كۆنگره‌ی‌ ده‌یه‌م‌دا كاتێك پێشنیارم كرد چه‌ند كه‌س له‌ لاوه‌كان بخه‌ینه‌ لیستی‌ پێشنیاریی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌یه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ ئێستا باس له‌ "جوانگرایی‌" ده‌كه‌ن به‌ توندی‌ به‌رهه‌ڵستیان كرد، به‌و بیانووه‌ كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ زوویه‌، له‌ حاڵێكدا هه‌ر كامێكیان پازده‌ ساڵ‌ بوو له‌ كوورانی‌ خه‌بات دا بوون ‌و ئێستاش له‌ ریزی‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی‌ كادره‌ به‌وه‌جه‌كانی‌ حیزبدان. به‌ڵام ئه‌وده‌میش ‌و ئێستاش به‌ گوناحی‌! جیابیری‌ دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرا ‌و ده‌كرێ‌.

جێگای‌ سه‌رنجه‌ كه‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران ‌و یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران هه‌ردووكیان له‌ ده‌ورانی‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ من دا چالاك كراونه‌وه‌، هه‌ردووكیان له‌و ده‌وره‌یه‌دا بوونه‌ خاوه‌نی‌ گۆڤارێك كه‌ رووی‌ هه‌بێ‌ بچێته‌ نێو گۆڤاره‌كان ‌و شیاوی‌ ئه‌و دوو یه‌كیه‌تی‌یه‌ بێ‌. ئێستاش ‌و له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی‌ دێموكراتیكی‌ ئه‌و دوو رێكخراوه‌ش‌دا زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ریی‌ هه‌ردووكیان له‌ دۆستان ‌و لایه‌نگرانی‌ ئێمه‌ن ‌و ته‌نانه‌ت له‌ رێبه‌ریی‌ ژنان‌دا ته‌نیا یه‌ك ئه‌ندامی‌ ئه‌سڵی‌ سه‌ر به‌لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ره‌.

5 ـ تۆمه‌تی‌ "بێ‌بایه‌خی‌ به‌و لاوانه‌ی‌ له‌ ئێران وه‌ هه‌ل دین وه‌ ئیستفاده‌ نه‌كردن له‌ خه‌لاقیه‌ت‌ و ئیستعدادی‌ ئه‌و لاوانه‌ی‌ كه‌ پسپوڕن له‌ بواره‌كانی‌ فێركردن دا ‌و گوشار خستنه‌ سه‌ریان ‌ووه‌ده‌رنانیان" له‌ ئێمه‌ ده‌ده‌ن. به‌راستی‌ ئه‌و دۆستانه‌ له‌ وه‌زعی‌ نێو حیزبی‌ دێموكرات بێ‌خه‌به‌رن. زه‌حمه‌تێكی‌ یه‌كجار زۆری‌ ویست تا لێم قبووڵ‌ كرا كه‌ ئه‌و لاوه‌ فه‌وقی دیپڵۆم و لیسانسانه‌ی‌ دێنه‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ ئه‌وه‌نده‌ حورمه‌تیان بۆ دابنرێ‌ كه‌ نه‌نێردرێنه‌ فێرگه ‌‌و له‌ ته‌نیشت پێشمه‌رگه‌ی‌ نه‌خوێنده‌وار ‌و كه‌م سه‌واد دانه‌نرێن ‌و ته‌نانه‌ت ئێشێلێكی‌ تایبه‌تی‌یان بۆ وه‌به‌رچاو بگیرێ ‌‌و له‌ شوێنه‌كانی‌ وه‌ك رادیۆ ‌و چاپه‌مه‌نی ‌‌و كاری‌ پسپۆڕی‌دا جێ‌بكرێنه‌وه‌. كه‌چی‌ ئێستا‌ وا نیشان ده‌درێ‌ كه‌ گۆیا له‌ ده‌ورانی‌ من‌دا بایه‌خ به‌و لاوانه‌ نه‌دراوه‌. دووباره‌ ده‌ڵێم خۆزگه‌ یه‌كێكیان ده‌هات تا زۆر شتی‌ بۆ روون ببایه‌وه‌.

6 ـ باس له‌ " كه‌متر یان ئه‌سڵه‌ن به‌ری‌ نه‌كردنی‌ لاوان بۆ درێژه‌ دان به‌ خوێندن به‌ دوای‌ شه‌هید بوونی‌ دوو رێبه‌ری گه‌وره‌مان " ده‌كرێ‌. ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌داخه‌وه چێو له تاریكی كوتانه. له‌ سه‌رده‌می‌ رێبه‌رانی‌ شه‌هیده‌وه‌ ده‌ره‌تانی‌ ناردنه‌ ده‌ری‌ لاوان بۆ خوێندن به‌ره‌ به‌ره‌ كه‌م بۆوه‌. له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵ‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ منیش‌دا چه‌ند ساڵ‌ هه‌ر ساڵه‌ی‌ دوو تا چوار  قوتابی‌ بۆ خوێندن ناردرانه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌ جارێك ئه‌و ده‌رگایه‌مان لێ‌ داخرا كه‌ هۆیه‌كه‌شی‌ لێره‌دا جێی‌ نیه‌‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم كه‌ نه‌ خه‌تای‌ منه ‌‌و نه‌ خه‌تای‌ حیزبی‌ دێموكڕات. وه‌ك ده‌بینین له‌ ده‌ورانی‌ ته‌ڵایی‌ دوای‌ كۆنگره‌ی‌ سێزده‌ش‌دا حیزب نه‌ی‌توانیوه‌ بوورسی‌ خوێندن وه‌رگرێ ‌‌و قوتابی‌ بنێرێته‌ ده‌ر.

7 ـ گۆیا له‌ ده‌ورانی‌ به‌رپرسایه‌تیم‌دا هیچ  سیمینار ‌و كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانیم نه‌گرتوه‌‌ و ئێستا له‌به‌رده‌م مێدیاكان و له‌ كاناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌یه‌كان ‌و رادیۆكان‌دا كۆنفڕانسی رۆژنامه‌وانی و وتووێژ ده‌كه‌م. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ عاده‌تێكی‌ خراپ بێ‌، به‌ڵام دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه‌ هه‌رگیز بۆخۆم ده‌ست پێشخه‌ر نه‌بووم بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگایه‌كی‌ ته‌بلیغاتی‌ قسه‌ بكه‌م. به‌و حاڵه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و وتووێژه‌ رادیۆیی ‌‌و ته‌له‌ڤزیۆنی ‌‌و رۆژنامه‌یی‌‌یانه‌ كه‌ له‌ ده‌ورانی‌ سكرتێریم دا كردوومن ‌و به‌شێكیان له‌ رادیۆ ‌و چاپه‌مه‌نیی‌ حیزبیش‌دا دووباره‌ كراونه‌وه‌، خۆ له‌ سه‌د وتووێژ بده‌ن. ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ له‌تبوونیش كردوومن هیچ تاوانێكیان تێدا نیه ‌‌و جگه‌ له‌ یه‌ك جاریش هه‌موویان له‌سه‌ر داخوازی‌ ده‌زگا ته‌بلیغاتی‌یه‌كان بوون.

8 ـ باسی‌ "كه‌وتنی‌ فاسیله‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆر خیزب ‌و كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك به‌ گشتی‌ وه‌ رووناكبێران ـ خوێندكاران ـ تێكۆشه‌رانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ ـ كه‌سایه‌تیه‌ خۆش ناو‌ و نیشتمان په‌روه‌ره‌كان" ده‌كه‌ن. ئه‌و قسه‌یه‌ ناته‌بایی‌ له‌گه‌ڵ‌ واقعیه‌ت ‌و ته‌نانه‌ت قسه‌ی‌ خۆشیان هه‌یه‌ كه‌ حیزبی‌ دێموكرات به‌ حیزبی‌ خۆشه‌ویستی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌زانن.‌ ڕاستی‌یه‌که‌ی ئه‌وه‌یه كه هیچ كاتێك ئه‌و فاسیله‌یه‌ نه‌بووه ‌‌و نیه‌. هه‌ر ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆر له‌ بژارده‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌ و یه‌ك له‌وان خوێندكاران ‌و ماموستایان پێوندیی‌ نزیكیان له‌گه‌ڵ‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان هه‌یه‌‌و سیاسه‌ته‌كانی ‌‌و رێبازه‌كه‌ی‌ په‌سند ده‌كه‌ن. به‌ڵام گوومانی تێدا نییه كه پێوه‌ندیی حیزب به كۆمه‌ڵگاوه‌ شتێكه كه هه‌میشه پێویستی به نوێ كردنه‌وه و قووڵ كردنه‌وه هه‌یه و قه‌ت نابێ به كافی دابنرێ.‌

9 ـ یه‌كی‌ دیكه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كان "له‌نێو بردن‌و لاوازكردنی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ حیزب‌و به‌ستنه‌وه‌ی‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ به‌رته‌سك‌و سنووردار دا وه‌ مل¬كه‌ج كردن بۆ زۆر گوشار یان گیر‌وگرفت كه‌ هێندێ‌ لایه‌ن بۆ حیزبیان دروست كرد به‌ به‌رنامه‌ی‌ دارێژراوه‌ له‌ ده‌ ساڵی‌ رابووردووه‌"یه‌. نووسه‌ر یا نووسه‌رانی نامه‌كه‌ گله‌یی‌یان لێ ناكرێ، چونكه‌ ئاگایان له‌ راستی‌یه‌كان نیه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م ئیددیعایه‌یان له‌لای‌ ئه‌م عه‌زیزانه‌ كردوه ‌‌و بڕوایه‌كی‌ وا ناڕاستیان له‌ مێشكیاندا پێك هێناون، ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن با ئه‌و "هێندێ‌ لایه‌ن"ه‌ كه‌ گیر‌وگرفتیان بۆ حیزب دروست كردوه‌ ناو به‌رن تا به‌روونی‌ جوابیان بدرێته‌وه‌، ئه‌گینا بوختان كردن ‌و قسه‌ هه‌ڵبه‌ستن ره‌نگه‌ ئاسان بێ‌، به‌ڵام سروشتی‌ مرۆڤی‌ شۆرشگێر نیه‌.

10 ـ باس له‌ "دروست كردن ‌و پێكه‌وه‌نانی‌ ده‌سته‌به‌ندی‌ ـ جه‌ناح¬بازی‌ ـ ناوچه‌گه‌رایی‌...له‌نێوبردنی‌ روحی‌ برایه‌تی‌ له‌ نێو كادر ‌و پێشمه‌رگه‌..." ده‌كرێ‌. ئه‌وانه‌ی‌ له‌ بنكه‌كانی‌ حیزب ده‌ژین زۆر جاریان لێ‌ بیستووم ‌و ئێستاش بۆ هه‌مووانی‌ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بیری‌ ناوچه‌گه‌ری‌ هیچ ناوێكم نیه‌ جگه‌ له‌ خیانه‌ت ‌و نه‌فرین بۆ هه‌ر كه‌س ده‌نێرم كه‌ باوه‌ڕی‌ پێ‌ هه‌بێ‌ یان به‌ كرده‌وه‌ ره‌چاوی‌ بكا. ته‌واوی‌ هه‌وڵی‌ منیش بۆ له‌نێو بردن ‌و نه‌هێشتنی‌ ده‌سته‌به‌ندی ‌‌و جه‌ناحبازی‌ بووه‌. له‌ كۆنگره‌ی‌ 12 دا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ من بڕیارێك په‌سند كرا كه‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ده‌سته‌به‌ندی ‌‌و یارگیری‌یه‌كی‌ نهێنی‌ به ‌تاوان تا سنووری‌ خیانه‌ت ده‌ناسێ‌. ئه‌م بڕیاره‌ به‌ تێكڕای‌ ده‌نگ په‌سند كرا. دوایه‌ش له‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ دا گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ تێكڕای‌ ده‌نگ په‌سند كرا كه‌ ده‌ی‌ توانی‌ پێشی‌ ده‌سته‌به‌ندی‌‌و جه‌ناحبازی‌ بگرێ‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ئێستا ئه‌و تۆمه‌ته‌ ده‌ده‌نه‌ پاڵ‌ ئێمه‌، هه‌ردووكی‌ ئه‌و بڕیارانه‌یان خسته‌ ژێر پێ‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ 13 دا حیزب یه‌كده‌ست بكه‌ن‌و ئه‌و په‌نده‌ به‌سه‌ر حیزبی‌ دێموكرات بێنن كه‌ هێنایان.

پاشان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانین كێیه‌ رووحی‌ برایه‌تی‌ له‌نێو كادر ‌و پێشمه‌رگه‌دا له‌نێو ده‌با وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌ به‌سه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌دا باسی‌ ته‌بایی ‌‌و پێكه‌وه‌ كاركردن به‌ بڕیاری‌ زۆرایه‌تی‌یه‌ك كه‌ ئێستا حیزبی‌ تووشی‌ له‌تبوون كردوه‌ له‌ راپۆرتی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ لابرا.

11 ـ خۆش ئه‌وه‌یه‌ باسی‌ ته‌حه‌ممول نه‌كردنی‌ "پره‌نسیپ"ه‌كانی‌ دێموكراسی‌ وه‌ك هه‌ڵبژاردن ‌و... پێشێل كردنی‌ به‌رنامه ‌‌و ئه‌ساسنامه‌ی‌ حیزب" ده‌كرێ‌. ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌شێكه‌ له‌و پڕ‌وپاگه‌نده‌یه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ری‌ ئێمه‌ بڵاوی‌ ده‌كاته‌وه‌. كارم به‌وه‌ نیه‌ كه‌ لێره‌دا وه‌ك زۆر جێی‌ دیكه‌ سنووری‌ به‌رنامه ‌‌و ئه‌ساسنامه‌ تێكه‌ڵ‌ ده‌كرێ‌. به‌ڵام ئه‌و دۆستانه‌ با له‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌زای‌ نێو حیزبی‌ دێموكرات بپرسن كه‌ له‌نێو ئه‌و حیزبه‌ دا پاش د.قاسملوو كێ‌ شاره‌زای‌ ئه‌ساسنامه‌ بووه‌‌ و ته‌نانه‌ت به‌ باوكی‌ ئه‌ساسنامه‌ ناسراوه ‌‌و كێیه‌ هه‌میشه‌ دیفاعی‌ له‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ دێموكراسی‌ كردوه‌؟ باوه‌ڕ بكه‌ن مه‌سه‌له‌ هیچ كام له‌وانه‌ نین. نه‌ دێموكراسی‌ ته‌حه‌ممول نه‌كراوه‌ نه‌ ئه‌ساسنامه‌ پێشێل كراوه‌. ته‌نیا به‌ربه‌ره‌كانی‌ له‌ دژی‌ هه‌وڵی‌ یه‌كده‌ست كردن ‌و "تك صدایی‌"‌ و حه‌زفی‌ "دگر اندیشان" كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ق، به‌ڵكوو ئه‌ركی‌ هه‌موو مرۆڤێكی‌ دێموكرات ‌و شۆرشگێر ‌و ئازادیخوازه‌.

12 ـ له‌باره‌ی‌ هۆیه‌كانی‌ وه‌زعی‌ جێگای‌ داخی‌ داسه‌پاوه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم كه‌ ئێمه‌ له‌ حیزب جوێ‌ نه‌بووینه‌وه ‌‌و نابینه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ حیزب به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ویستی‌ ئێمه‌ نزیك به‌ سێ‌ ساڵ‌ پێش ئێستا به‌كرده‌وه‌ له‌ت كرا و ئێمه‌ش پاش دوو ساڵ‌‌ و نیو هه‌وڵی‌ وه‌سه‌ریه‌ك خستنه‌وه‌ی‌، به ‌ناچار چووینه‌ ژێر باری‌ ئه‌و له‌تكرانه ‌و قبووڵمان كرد. بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ گۆیا كۆپیمان له‌ به‌رنامه‌‌و ئه‌ساسنامه‌ی‌ حیزب هه‌ڵ گرتوه‌، ده‌بێ‌ بڵێم له‌ پێشدا كۆپی‌ هه‌ڵگرتن له‌ به‌رنامه‌ و ئه‌ساسنامه‌ی‌ حیزب عه‌یب نیه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌ندامی‌ حیزبین ‌و به‌رنامه‌‌و ئه‌ساسنامه‌ش ده‌ جار شه‌قڵی‌ من ‌و هاورێیانمی‌ پێوه‌یه‌ جارێك شه‌قڵی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر. پاشانیش زۆر له‌و شتانه‌ی‌ له‌ "هێڵه‌ گشتی‌یه‌كانی‌ رێبازی‌ ئێمه‌" دا هاتوون له‌ به‌رنامه ‌‌و ئه‌ساسنامه‌دا جێیان نیه‌، به‌ڵام له‌ رێبازی‌ حیزبی‌ دێموكڕات بێگانه‌ نین. ئه‌وه‌شی‌ لێ‌ زیاد ده‌كه‌م كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و ئه‌سڵانه‌ پێشتریش له‌ نێو حیزب دا جێگای‌ پشتیوانیی‌ ئێمه‌‌ و ته‌نانه‌ت داخوازی‌ ئێمه‌ بوون ‌و له‌لایه‌ن هاورێیانی‌ پێشوومانه‌وه‌ پێشیان پێ‌گیراوه‌.

هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی‌ باس كرا زۆریش كورت نه‌بوو، به‌ڵام شتێكی‌ زۆر زۆر كه‌م له‌وه‌ی‌ هه‌یه ‌‌و بۆ باس ده‌بێ‌ لێره‌دا ئاماژه‌ی‌ پێ‌دراوه‌. بۆ جاری‌ سێیه‌م ده‌ڵێم به‌ ئاواتم ئه‌و دۆسته‌ خوێندكارانه‌ ـ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی‌ هه‌ن ـ چه‌ند كه‌سیان بێنه‌ ئێره هه‌تا به باوه‌شی ئاوه‌ڵا‌وه وه‌ریان بگرین ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ وه‌ڵام وه‌ربگرنه‌وه. چونكه‌ دڵنیام به‌ده‌ركه‌وتنی‌ راستی‌یه‌كان نه‌زه‌ر ‌و قه‌زاوه‌تیان ده‌گۆڕێ‌.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.