Ö:: پوخته‌یه‌ك له‌: وتووێژی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ به‌ناوبانگی‌ ئه‌مریكایی‌ جاناتان راندال‌و

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان‌وکورد

پوخته‌یه‌ك له‌: وتووێژی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ به‌ناوبانگی‌ ئه‌مریكایی‌ جاناتان راندال‌و خانمی‌ سیسیل ئه‌نتیۆن هه‌واڵنووسی‌ لۆمۆند له‌گه‌ڵ‌ عبدالله‌ حسن زاده‌
راندال: زۆر خۆشحاڵم كه‌ لێره‌ له‌لای‌ ئێوه‌م. ئه‌من پێشتر دۆستێكی‌ زۆر نزیكی‌ د.قاسملوو بووم. هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی‌ دوكتۆر تێرۆر بكرێ‌، له‌ فه‌رانسه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ئه‌و بووم‌و میوانی‌ بووم.
حسن زاده‌: ئه‌منیش به‌ سه‌ردانی‌ جه‌نابت زۆر خۆشحاڵم. بۆ منیش دیتنی‌ جاناتا راندال له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ دۆستێكی‌ نزیكی‌ د.قاسملوو بووه‌. جوانترین كه‌لیماتی‌ له‌ باره‌ی‌ د.قاسملووه‌وه‌ نووسیوه‌. به‌ تایبه‌تی‌ بۆیه‌ به‌و قسانه‌ خۆشحاڵم چونكه‌ شوجاعه‌ت‌و ئازایه‌تیی‌ جه‌نابت له‌ باسی‌ شه‌خسییه‌ته‌ كورده‌كان‌و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكایی‌¬یه‌كانیش دا پێم ده‌ڵێ‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ نووسیوته‌ له‌ ئیخلاسه‌وه‌ هاتوه‌.
راندال: ئه‌من هیوادارم تراژیدیایه‌كی‌ دیكه‌ له‌ به‌ینی‌ كورد‌و ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان دا به‌ڕێوه‌ نه‌بێ‌، به‌س دڵنیاش نیم كه‌ وانه‌بێ‌.
حسن زاده‌: به‌و قسه‌یه‌ش هه‌ر خۆشحاڵم. چونكه‌ ئه‌و نیگه‌رانی‌¬یه‌ له‌لای‌ منیش هه‌ر هه‌یه‌، جه‌نابت زۆر به‌ راشكاوی‌ هه‌ر له‌و كاته‌ دا زۆر ئازایانه‌ باسی‌ مه‌سه‌له‌كان ده‌كه‌ی‌. ره‌خنه‌ت له‌ رێبه‌رانی‌ كورد، له‌ رێبه‌رانی‌ ئه‌مریكا هه‌مووی‌ نیشانه‌ی‌ ئازایه‌تی‌‌و دڵسۆزی‌ بۆ مه‌سه‌له‌كانه‌.
راندال: مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌: ئه‌و كه‌سه‌ی‌ زۆرت خۆش ده‌وێ‌ ده‌بێ‌ زۆر به‌ راشكاوی‌ ره‌خنه‌ی‌ لێ‌ بگری‌.
حسن زاده‌: له‌ كوردییش دا شتێكی‌ زۆر جوان هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌: دۆست ئه‌وه‌یه‌ بت¬گریێنێ‌، دوژمن ئه‌وه‌یه‌بت¬خه‌نێنێ‌، یانی‌ دۆست ئه‌وه‌یه‌ ره‌خنه‌ت لێ‌ بگرێ‌ تا بت¬گریێێ‌ به‌ڵام دوژمن ئه‌وه‌یه‌ به‌ ناهه‌ق پێت هه‌ڵا بڵێ‌‌و بت¬خاته‌ پێكه‌نین.
راندال: پێت وایه‌ جۆرج بووش له‌گه‌ڵ‌ ئێران ده‌كه‌وێته‌ شه‌ڕه‌وه‌، یان ئه‌و قسانه‌ی‌ ئێستا ته‌نیا شه‌ڕی‌ ئه‌عسابن؟
حسن زاده‌: به‌داخه‌وه‌ نیشانه‌كان ئه‌وه‌ به‌ پیاوی‌ ده‌ڵێن كه‌ ئیحتیمالی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ زۆر دوور نیه‌. پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ مه‌نتیق بیر بكه‌ینه‌وه‌ سه‌رۆك بووش نابێ‌ شه‌ڕێكی‌ ئاوا ده‌ست پێ‌بكا، چونكه‌ راستی‌¬یه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌سه‌رۆك بووش‌و ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌مریكا‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ تا ئێستا مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌فغانستان‌و عێراقیان ته‌واو نه‌كردوه‌‌و به‌ده‌ستیانه‌وه‌ گرفتارن. له‌و حاڵه‌ دا كردنه‌وه‌ی‌ جه‌بهه‌یه‌كی‌ دیكه‌ مه‌نتیقی‌ نایه‌ته‌ به‌رچاو، به‌ڵام سه‌رڕه‌قی‌‌و كه‌لله‌شه‌قیی‌ رێبه‌رانی‌ ئێران به‌تایبه‌تی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد‌و له‌ عه‌ینی‌ حاڵ‌ دا ئه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌مریكا بۆته‌ شتێكی‌ حه‌یسییه‌تی‌، ئه‌و نیگه‌رانی‌¬یه‌ به‌ره‌به‌ره‌ زیاد ده‌كا كه‌ شه‌ڕێكی‌ وه‌كوو عێڕاق له‌ ئێرانیش روو بدا. كه‌ باسی‌ نیگه‌رانی‌ ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ پێمان ناخۆش بێ‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ برووخێ‌. له‌ ئێرانێش وه‌ك عێراقێ‌ رووخانی‌ دیكتاتۆری‌ خۆشه‌. به‌ڵام گرفتار بوون به‌و چاره‌نووسه‌وه‌ كه‌ ئێستا عێڕاق ـ به‌ خۆشی‌¬یه‌وه‌ كوردستانه‌كه‌ی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ‌ نیه‌ـ گرفتاری‌ بووه‌ پێم وایه‌ ئاره‌زووی‌ هیچ كه‌س نیه‌.
راندال: كه‌واته‌ پێت وایه‌ هه‌ر ئه‌و ئه‌مری‌ واقیعه‌ی‌ له‌ ئێران هه‌یه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا یان هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی‌ دیكه‌ په‌لاماری‌ ئێران بدا.
حسن زاده‌: ئه‌و ئه‌مری‌ واقیعه‌ی‌ له‌ ئێران هه‌یه‌ به‌ هیچ جۆر له‌ هیچ شتێك باشتر نیه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ ده‌بێ‌ رێگای‌ دیكه‌ بگیرێته‌ پێشێ‌.
راندال: له‌و راپۆرته‌ی‌ بیكه‌رـ هامیلتۆن كه‌ له‌و دوایی‌¬یانه‌ دا چاپ بوو پێشنیاری‌ ئه‌وه‌یان كردبوو  كه‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ‌ ئێران‌و توركیا گفتوگۆ بكا. ئێوه‌ دژی‌ ئه‌و پێشنیاره‌ن یان نا؟
حسن زاده‌: له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌سئوول نیه‌‌و به‌ هیچ جۆر جێی‌ باوه‌ڕ نیه‌، به‌ش به‌حاڵی‌ خۆم‌و هه‌روه‌ها به‌پێی‌ سیاسه‌تی‌ حیزبیش، دیالۆگ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ته‌ره‌فه‌كان به‌ شتێكی‌ مه‌نتیقی‌ ده‌زانم‌و به‌ باشترین رێگای‌ چاره‌سه‌ری‌ موشكیلاتی‌ ده‌زانم. پێم وایه‌ بۆ گۆڕینی‌ وه‌زع له‌ ئێرانێ‌ دا، بێجگه‌ له‌ دیالۆگ ره‌نگه‌ رێگای‌ دیكه‌ش هه‌بن. نه‌به‌ ته‌نیا دیالۆگ‌و نه‌ شه‌ڕ ره‌نگه‌ هیچیان كارساز نه‌بن. به‌ڵام رێگای‌ دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئێرانێ‌ مه‌جبوور به‌ گۆڕان بكرێ‌. وابیر ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌م عێڕاقی‌ سه‌دام حوسێن‌و هه‌م ئێرانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌ كۆمه‌گی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بوونه‌ ئه‌و خه‌ته‌ره‌، كه‌دوایه‌ فكریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌زۆر بیان¬رووخێنن.
راندال: ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕێكیش له‌ نێوان ئێران‌و ئه‌مریكا روو بدا، به‌و شێوه‌یه‌ نابێ‌ كه‌ وه‌كوو عێڕاق هێزی‌ زه‌مینی‌ بنێرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێران داگیر بكا. له‌وانه‌یه‌ شته‌كه‌ زیاتر به‌ شێوه‌ی‌ بۆمبارانی‌ هه‌وایی‌ بێ‌. به‌س له‌ هه‌مان كات دا ئه‌وه‌ ئێران ته‌حریك ده‌كا كه‌ هێندێك عكس  العملی‌ هه‌بێ‌.
حسن زاده‌: له‌واقیع دا خه‌ته‌ره‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌. چونكه‌ بۆمبارنی‌ ئێرانێ‌، ئه‌وه‌ڵه‌ن ئه‌و هه‌ده‌فه‌ ئه‌سڵییانه‌ ناپێكێ‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ به‌ ئیحتیمالی‌ زۆر ئێران خه‌ریكه‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌¬یان لێ‌ ساز ده‌كا هه‌تا ئێستا كه‌شف نه‌بوون. بۆمبارانی‌ نیرووگای‌ "بوشهر" ‌و "نه‌ته‌نز" ‌و ئه‌وانه‌ چاری‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناكا. له‌ پاشان ئه‌م رێژیمه‌ به‌ بۆمبارانی‌ فڵان مه‌ركه‌زی‌ نیزامی‌ یان فڵان مه‌ركه‌زی‌ ئه‌تۆمی‌ نارووخێ‌. رێژیمه‌كه‌ هه‌وا ده‌مێنێ‌ هارتر له‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، له‌ پاشانیش رێژیم ده‌ستی‌ به‌ ئه‌مریكا راناگا، ده‌ستی‌ به‌ ئورووپا راناگا. به‌ڵام خۆ ده‌ستی‌ به‌ دۆستانی‌ ئه‌مریكا‌و به‌ پایه‌گاكانی‌ ئه‌مریكا له‌ مه‌نته‌قه‌ دا راده‌گا. ئه‌و وه‌ختی‌ شه‌ڕێك ده‌ست پێ‌ده‌كرێ‌ كه‌ ره‌نگه‌ ده‌ست پێكردنی‌ هاسان بێ‌ به‌ڵام ته‌واو كردنی‌ زه‌حمه‌ت بێ‌.
راندال: ئه‌تۆ باسی‌ ئه‌وه‌ت كرد كه‌ له‌به‌ینی‌ شه‌ڕ‌و دیالۆگ دا رێگایه‌كی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ ئه‌و رێگایه‌ چیه‌؟
حسن زاده‌: وه‌كوو گوتم هه‌م ئێران، هه‌م عێراق به‌ كۆمه‌گی‌ فه‌ننی‌‌و ته‌كنیكی‌‌و چه‌كی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ بوونه‌ ئه‌م مه‌ترسی‌¬یه‌.بڕینی‌ ئه‌و كۆمه‌گانه‌ له‌ ته‌ڕه‌ف كۆمه‌ڵگای‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌¬یه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك یه‌كێك بی‌¬پچڕێ‌‌و ئه‌وی‌ دیكه‌ نا، ده‌توانێ‌ باشترین رێگا بێ‌ بۆ لاوازكردنی‌ رێژیمی‌ ئێران‌و له‌ نه‌تیجه‌دا بۆ رووخاندنی‌. له‌ پاشانیش هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێرانی‌. یه‌كێك له‌ ئیشكاله‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دوایانه‌ نه‌بێ‌ كه‌مێك گۆڕاوه‌ ــ باسی‌ ئێرانێی‌ كه‌ كردووه‌ گوتوویه‌تی‌ ئێران وڵاتێكه‌ ئه‌تۆم دروست ده‌كا، موخالیفی‌ سوڵحی‌ ئه‌عراب‌و ئیسرائیله‌، تێرۆریزم سادر ده‌كا. ئه‌وه‌ باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ ئێرانێ‌ زۆر مه‌فهووم نیه‌. ئه‌مریكا‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ نه‌هاتوون له‌ سه‌ر پێشێلكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ ئێرانێ‌ دا‌و له‌سه‌ر پێ‌شێل¬كردنی‌ ئازادی‌¬یه‌كان پێ‌ داگرن تا خه‌ڵكی‌ ئێران تێیان بگا‌و وه‌ری‌بگرێ‌.
راندال:ئه‌من تێ‌ ده‌گه‌م كه‌ بۆچوونی‌ جه‌نابت وایه‌ كه‌ ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان‌و غه‌ربییه‌كان به‌ گشتی‌ ده‌بێ‌ ئه‌و یارمه‌تی‌ یانه‌یان بۆ ئێران بپچرێنن.
حسن زاده‌: وا تێ‌ده‌گه‌م ئه‌وه‌ باشتره‌. دیاره‌ له‌ عیراقیش به‌باوه‌ڕی‌ من ئه‌مریكا هه‌ڵه‌ی‌ هه‌بوو. كه‌ هات گوتی‌ عێڕاق چه‌كی‌ ئه‌تۆمیی‌ هه‌یه‌، پێوه‌ندیی‌ به‌ قاعیده‌وه‌ هه‌یه‌، چه‌كی‌ شیمیایی‌ هه‌یه‌. نه‌هات بڵێ‌ سه‌دام حوسێن خه‌ڵكی‌ ده‌كوژێ‌، تا ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ شاهیدیی‌ بۆ بده‌ن، هات عیراقی‌ گرت، نه‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمیی‌ ده‌ست كه‌وت نه‌ ته‌نانه‌ت چه‌كی‌ شیمیایی‌ كه‌ زۆریشی‌ به‌كار هێنابوو، ده‌ست كه‌وت. نه‌ پێوه‌ندییشی‌ له‌گه‌ڵ‌ قاعیده‌ بۆ سوور بوو. له‌ ئاخیره‌كه‌ی‌ دا مه‌جبوور بوو بڵێ‌ مه‌علووماته‌كه‌م غه‌ڵه‌ت بووه‌. له‌ ئێرانێش ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌ بكا دیسان هه‌ڵه‌كه‌ی‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
راندال: ئه‌وه‌ راسته‌ به‌ڵام ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی‌ دروست نه‌كردبایه‌ هیچ كاتێك نه‌ی‌ ده‌توانی‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر عێڕاق. ته‌فسیری‌ جه‌نابت له‌مه‌ڕ هێرشی‌ ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌ی‌ ئێران له‌ هه‌ولێر چیه‌؟
حسن زاده‌: ئه‌من وه‌ختی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌م كرد، گوتم ئه‌گه‌ر زووتریش كرابا باشتر بوو، چونكه‌ ئه‌مریكا یان ده‌بێ‌ عێراقێ‌ بۆ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌جێ‌بهێڵێ‌ یان ده‌بێ‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ عێڕاق ده‌ر بكا. ئه‌وه‌ش دیاره‌ كه‌ ئه‌و شوێنه‌ كونسولگه‌ری‌ نه‌بوو، نوێنه‌رایه‌تیی‌ ئیتیلاعات له‌ هه‌ولێر بوو.
راندال: موشكیله‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و شته‌ له‌ كوردستان كرا، رێك له‌و كاته‌ دا كرا كه‌ بووش ستراتیژیی‌ خۆی‌ راگه‌یاند‌و هوشداری‌یه‌كی‌ زۆری‌ به‌ ئێران ‌و به‌ سووریه‌ دا كه‌ له‌مه‌ولا له‌گه‌ڵیان توند ده‌بێ‌. به‌س له‌ هه‌مان كات دا ئه‌م كاره‌ كێشه‌یه‌كی‌ زۆری‌ بۆ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم دروست كردوه‌ له‌ كوردستان. یانی‌ ئه‌مریكا هاتوه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ ئه‌وان له‌ ئێران بدا.
حسن زاده‌: ئه‌من له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌داخم كه‌ ئه‌و حه‌مله‌یه‌ له‌ناوچه‌ی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم كرا كه‌ دۆستی‌ واقعیی‌ ئه‌مریكا له‌ عێڕاق دا كورده‌كانن پێم وایه‌ ده‌بووایه‌ به‌ ئاگاداریی‌ كورده‌كان بێ‌. به‌ڵام وا دیاره‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ پێشتر دارێژرابوو، بۆیه‌ له‌وێ‌ جێ‌به‌جێ‌ كراو ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ڵین ته‌جره‌به‌ی‌ عه‌مه‌لیی‌ به‌رنامه‌ی‌ تازه‌ی‌ جۆرج بووش بوو كه‌ گوتی‌ ئێمه‌ شوێنه‌كانیان ده‌ناسین‌و له‌ به‌ینیان ده‌به‌ین. ده‌نا ئه‌منیش گوتم كه‌ ده‌بوو به‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم بێ‌. پاشانیش ده‌كرێ‌ ئه‌و گیر‌وگرفته‌ به‌وه‌ حه‌ل بكرێ‌ كه‌ ئه‌و بیان¬گرێ‌‌و حكوومه‌تی‌ هه‌رێمیش ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕێ‌. واته‌ هه‌ركه‌س كاری‌ خۆی‌ بكا.
راندال: ئه‌من له‌ بۆچوونه‌كه‌ی‌ جه‌نابت تێ‌ده‌گه‌م ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاو بێ‌ جعفر صحرارودی‌ شه‌وێك به‌ر له‌وه‌ میوانی‌ كاك مه‌سعوود بوو له‌ مه‌صیف، ئه‌مه‌ شتێكی‌ ناخۆش بوو چونكه‌ ئه‌و میوانی‌ كاك مه‌سعوود بوو  ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان ویستبوویان بیگرن.
حسن زاده‌: به‌داخه‌وه‌ نه‌گیراوه‌، ئه‌گه‌ر گیرابا بایی‌ ئه‌و پێ‌ ناخۆشبوونه‌ ده‌بوو.
راندال: ئه‌من‌و تۆ له‌وانه‌یه‌ وای‌ بۆ بچین به‌س نازانم كاك مه‌سعوود...
حسن زاده‌: ئاره‌زوو ده‌كه‌م ئه‌ویش هه‌روای‌ بۆ بچێ‌.
راندال: ئه‌و هێرشه‌ كه‌ كرا هه‌ده‌فی‌ صحرارودی‌ بوو.
حسن زده‌: ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌و هێرشه‌ زووتر رێك¬خرابوو، زووتر به‌رنامه‌ی‌ بۆ دارێژرابوو. چونكه‌ هاتنی‌ صحرارودی‌ دوو رۆژ پێشتر بوو. ئه‌و شناسایی‌‌و (استگلاع)ه‌ كه‌ بۆ ئه‌م كاره‌ كرابوو، پێم وایه‌ زووتر بوو.
سیسیل ئه‌نیون: جه‌نابت باسی‌ ئه‌وه‌ت كرد كه‌ ئه‌مریكا ده‌بووایه‌ زووتر عه‌مه‌لی‌ بكردایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێران، پێت وایه‌ ئه‌و نفووزه‌ی‌ كه‌ ئێستا ئێران له‌ عێڕاق هه‌یه‌تی‌ ئێستا چه‌نده‌، یانی‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ حكوومه‌تی‌ مه‌ركه‌زیی‌ عێڕاق هه‌یه‌تی‌. پێت وایه‌ ئێرانی‌¬یه‌كان چه‌ند نفووزیان زیاتره‌؟
حسن زاده‌: به‌داخه‌وه‌ ره‌نگه‌ ته‌نیا ئێران نه‌بێ‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ عێڕاقێ‌ دا ـ هه‌موو جارێ‌ كه‌ باسی‌ عێڕاق ده‌كه‌م حكوومه‌تی‌ كوردستانی‌ لێ‌ ده‌رداوێم ـ له‌ عێڕاقێ‌ دا ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌مووان پتر ده‌ستی‌ ده‌ڕوا تێرۆریسته‌كانن نه‌ده‌وڵه‌تی‌ عێڕاق‌و نه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا به‌و هه‌مووه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ خۆیه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وان چیان پێ‌ خۆش بێ‌ ده‌ی‌¬كه‌ن، له‌ حاڵێك دا ده‌وڵه‌تی‌ عێڕاق وانیه‌.
راندال: كه‌ وایه‌ پێت وایه‌ به‌ مقایسه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكوومه‌تی‌ مه‌ركه‌زیی‌ عێڕاق، حكوومه‌تی‌ هه‌رێم زیاتر توانیویه‌تی‌ كۆنترۆڵی‌ وه‌زعه‌كه‌ بكات؟
حسن زاده‌: ته‌نیا پێ‌وابوون نیه‌، به‌ڵكوو راستی‌یه‌.
راندال: پار هێندێك ته‌زاهوڕات‌و خۆپێشاندان له‌ شاره‌ كورده‌كانی‌ ئێران كرا، ئێستا پاش چه‌ند مانگ تۆ ئاكام‌و ته‌ئسیری‌ ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ چۆن ده‌بینی‌؟
حسن زاده‌: ئه‌و خۆپێشاندانه‌ ده‌توانم بڵێم له‌ كاتی‌ خۆشی‌ دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فایده‌ی‌ هه‌بوو كه‌ نیشان بدا ئه‌و میلله‌ته‌ داخوازی‌ له‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌‌و ئه‌و میلله‌ته‌ زیندوویه‌، سه‌ركوت نه‌كراوه‌. ئه‌گینا نه‌ ئێران هه‌مووی‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ رزگار ده‌كرێ‌‌و نه‌ كوردستان ده‌توانێ‌ به‌و حه‌ره‌كه‌ته‌ یان به‌ حه‌ره‌كه‌تێكی‌ دیكه‌ له‌ ئێرانێ‌ جوداوه‌ بێ‌. كه‌وابێ‌ ته‌ئسیری‌ یه‌ك لاكه‌ره‌وه‌ی‌ نابێ‌.
راندال: ئه‌گه‌ر ئێستا سه‌یرێكی‌ دواوه‌ بكه‌ین‌و سه‌یرێكی‌ ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ بكه‌ین، چۆن ده‌ستی‌ پێ‌ كرد؟ شتێكی‌ له‌ خۆوه‌ بوو، له‌ نێو خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ‌كرا یان شتێكی‌ رێك خراو بوو؟
حسن زاده‌: له‌ راستی‌ دا ده‌سپێك‌و ئیدامه‌كه‌ی‌ فه‌رقی‌ هه‌یه‌. ده‌سپێكه‌كه‌ی‌ به‌هانه‌یه‌ك بوو كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئاماده‌یه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ستی‌ پێ‌كردوه‌، به‌ڵام دواتر حیزبه‌ سیاسی‌¬یه‌كان هیدایه‌تیان كرد.
راندال: بۆچی‌ هه‌ر له‌و كاته‌ دا خه‌ڵك ئاوا تووڕه‌ بوون له‌ رێژیم؟
حسن زاده‌: ئه‌وه‌ رووداوێك بوو كه‌ له‌ مه‌هابادێ‌ رووی‌ دا. لاوێكیان به‌ ناوی‌ (شوانه‌ سه‌ید قادر) به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر دڕندانه‌ كوشت، ئه‌وه‌ بوو به‌ هۆی‌ لێدرانی‌ ستارته‌كه‌، له‌ پاشانیش ساڵڕۆژی‌ شه‌هید بوونی‌ د.قاسملووی‌ به‌سه‌ردا هات، ئه‌وه‌ش بوو به‌ به‌هانه‌یه‌ك كه‌ هه‌م له‌ مه‌هاباد ‌و هه‌م له‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ حه‌ره‌كه‌ته‌ ئیعتیرازی‌¬یه‌كه‌ وه‌ڕێ‌ بكه‌وێ‌. ئه‌وه‌ زۆر شاری‌ گرته‌وه‌ وه‌ك مه‌هاباد ، بۆكان، سه‌قز، شنۆ، سه‌رده‌شت...
راندال: گوتت حیزبه‌ كوردی‌یه‌كان به‌شدار بوون، هه‌ر ئێوه‌ بوون یان ئه‌وانی‌ دیكه‌ش به‌شدار بوون؟ هاوكاری‌ له‌ هیدایه‌ت كردنی‌ دا هه‌بوو؟
حسن زاده‌: هاوكاری‌ نه‌بوو. به‌ڵام ته‌قریبه‌ن هه‌موویان،  دیاره‌ به‌شی‌ زۆری‌ هی‌ حیزبی‌ دیموكرات بوو، چونكه‌ له‌ نێو خه‌ڵك نفووزی‌ زیاتره‌.
راندال: جه‌نابت گوتت كه‌ ئه‌و هێرشه‌ی‌ له‌ هه‌ولێر كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی‌ ئێرانی‌¬یه‌كان له‌ هه‌ولێر، پێشتر به‌رنامه‌ی‌ بۆ دانرابوو.
حسن زاده‌: وا فكر ده‌كه‌مه‌وه‌، خۆ من ئاگام لێی‌ نیه‌.
راندال: پێت وایه‌ رێكه‌وت بوو كه‌ صحرارودی‌ رێی‌ كه‌وته‌ ئه‌وێ‌؟
حسن زاده‌: ئه‌و كه‌ هاتۆته‌ ئه‌وێ‌ رێكه‌وت نیه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌ هاتوه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌وێ‌ ده‌كا، ئه‌وه‌ شتێكی‌ سه‌یر نیه‌.
پێم وایه‌ ئه‌وه‌یان كه‌ سه‌حراروودی‌ له‌وێ‌ بووه‌، زیاتر رێكه‌وته‌ تا ئه‌وه‌ی‌ له‌ پێش¬دا به‌رنامه‌ی‌ بۆ داڕێژرابێ‌. ئێستێ‌ پێم بڵێ‌ جعفر صحرارودی‌ له‌وێ‌یه‌ یان له‌وێ‌ نیه‌؟
وه‌گێڕ: له‌ هه‌ولێر؟
حسن زاده‌: نا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ گیراوه‌ یان نه‌گیراوه‌؟
راندال: ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌وانه‌ هیچ بیرێكیان له‌ وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ سه‌حراروودی‌ له‌ وێ‌ بێ‌.
حسن زاده‌: یه‌كێك به‌ منی‌ گوت كه‌ سه‌حراروودی‌ له‌ سه‌د میتریی‌ ئه‌و جێگایه‌ بووه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وان جێی‌ دیكه‌یان هه‌بێ‌، گوتی‌ له‌ سه‌د میتریی‌ ئه‌و جێگایه‌ بووه‌ كه‌ ئێرانی‌¬یه‌كانی‌ لێ‌¬گیراون.
راندال: شه‌وی‌ پێشتر میوانی‌ كاك مه‌سعوود بووه‌، پێم وایه‌ شه‌وێ‌ له‌وێ‌ مابێته‌وه‌ له‌ صلاح الدین.
حسن زاده‌: خه‌به‌ر نیگارێكی‌ ئه‌مریكایی‌ بوو كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ به‌من گوت، گوتی‌ سه‌حراروودی‌ له‌ سه‌د میتریی‌ ئه‌و شوێنه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ لێ‌¬گیراون. جا له‌ رووی‌ چیه‌وه‌ ده‌ڵێ‌، نازانم . ده‌نا ئه‌وه‌ی‌ ده‌زانم رۆژی‌ پێش¬دا چاوی‌ به‌ كاك مه‌سعوود كه‌وتوه‌‌و رۆژی‌ پێشتریش چاوی‌ به‌ مام جه‌لال كه‌وتوه‌.
راندال: پێوه‌ندیی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمه‌ڵه‌ چۆنه‌ ئه‌م رۆژانه‌؟
حسن زاده‌: له‌ سه‌ر یه‌ك دۆستانه‌یه‌، كۆمه‌ڵه‌ دوون، له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردووكیان هه‌ر پێوه‌ندی‌¬یه‌كانمان دۆستانه‌یه‌.
سیسیل: ئایا ئێوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ ئه‌مریكا لێره‌ بووه‌، هیچ موحاوه‌له‌یه‌كتان كردوه‌ كه‌ چاوتان پێیان بكه‌وێت‌و بۆچوون‌و روانگه‌ی‌ خۆتانیان پێ‌بگه‌یه‌نن؟
حسن زاده‌: ئێمه‌ نه‌ك هه‌ر لێره‌ زیاتر له‌ واشینگتۆن هه‌وڵمان داوه‌ پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان هه‌بێ‌. له‌ ساڵی‌ 1995ه‌وه‌ ئێمه‌ نه‌وعێك پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان هه‌بووه‌.
سیسیل: پێت وایه‌ ئێستا ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ له‌ روانگه‌ی‌ كوردی‌ ئێران، وه‌زعیه‌ته‌كه‌‌و ده‌رباره‌ی‌ روانگه‌ی‌ ئێوه‌ بۆ داهاتووی‌ مه‌سه‌له‌كان؟
حسن زاده‌: پێم وایه‌ زۆر ئاسانه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ روانگه‌ی‌ ئێمه‌ حاڵی‌ بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ت به‌وان دیكته‌ ده‌كا، روانگه‌ی‌ ئێمه‌ نیه‌، روانگه‌ی‌ خۆیانه‌.
راندال: ئایا هیچ شتێك له‌ ئارادا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان بیانه‌وێ‌ ئێوه‌ به‌كار بێنن بۆ رووخاندنی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، چونكه‌ راپۆرت هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ ته‌مای‌ هه‌ندێ‌ پێوه‌ندیی‌ له‌و جۆره‌یان له‌گه‌ڵ‌ موجاهیدینی‌ خه‌ڵك هه‌یه‌، له‌ كاتێك دا به‌باوه‌ڕی‌ من موجاهیدینی‌ خه‌ڵك رێكخراوێكی‌ بێ‌ئیعتیبارن.
حسن زاده‌: به‌ڵێ‌ موجاهیدینی‌ خه‌ڵك ئه‌وان به‌ تێرۆریستیان ناسیون، له‌مێژه‌، به‌ڵام له‌ عه‌ینی‌ حاڵ‌دا پێوه‌ندی‌¬یان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌. حیزبی‌ دێموكرات به‌ حیزبێكی‌ به‌ پره‌نسیپ ناسراوه‌. كه‌وابێ‌ بۆ ده‌بێ‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبی‌ دێموكرات پێوه‌ندی‌¬یان نه‌بێ‌؟ ئه‌من پێم وایه‌ له‌سه‌ریه‌ك هه‌روه‌ختێك ئه‌مریكا یا هێزێكی‌ دیكه‌ بی‌¬هه‌وێ‌ له‌ ئێرانێ‌ دا گۆڕانێك پێك بێنێ‌، كورده‌كان فاكته‌رێكن كه‌ نابێ‌ له‌ بیر بچنه‌وه‌. پاش كورده‌كانیش ئه‌و میلله‌تانه‌ی‌ ئێرانێ‌ كه‌ به‌ میلله‌تی‌ زۆرلێكراو حیسابن وه‌كوو ئازه‌ری‌¬یه‌كان، به‌لووچه‌كان، توركه‌كان، عه‌ره‌به‌كان، ئه‌وانیش فاكته‌رێكن كه‌ ده‌بێ‌ حیسابیان بۆ بكرێ‌.
سیسیل: پێت وایه‌ كه‌ ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ پێویست‌و جیددی‌یه‌ بایه‌خ به‌ ئێوه‌ یان به‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ ناده‌ن؟
حسن زاده‌: پێم وایه‌ هه‌تا ئێستێ‌ ئه‌و بایه‌خه‌ نه‌دراوه‌ به‌ ده‌لیلی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان تا ئێره‌ یا لانی‌¬كه‌م تا ئه‌و به‌ینانه‌، به‌رنامه‌یه‌كی‌ جیددی‌¬یان له‌ دژی‌ ئێران به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بووه‌. پێم خۆشه‌ ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه‌ قه‌ت حه‌ز ناكه‌م ئه‌و شته‌ ببیسم كه‌ ئێمه‌ به‌كار دێنن، یانی‌ وه‌كوو ئامرازێك به‌كارمان دێنن. پێمان خۆشه‌ وه‌كوو دوو دۆست، دوو كه‌س یان وه‌ك دوو لایه‌ن كه‌ قازانجیان پێكه‌وه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، پێوه‌ندیمان هه‌بێ‌ نه‌ك ئه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئامراز بین به‌ ده‌ستی‌ ئه‌وانه‌وه‌.
راندال: ئه‌و شتێكی‌ زۆر ئاقڵانه‌یه‌، ده‌بێ‌ هه‌روا بێ‌.
راندال: به‌س هێندێك قسه‌وباس هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان پژاك به‌كار دێنن. ته‌حریكی‌ ده‌كه‌ن له‌ دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، كه‌وێ‌ ناچێ‌ ئه‌مه‌ شتێكی‌ زۆر ئاقڵانه‌ بێ‌ چونكه‌ ته‌سه‌وری‌ گشتی‌ وایه‌ كه‌ پژاك به‌ نه‌وعێك پێوه‌ندیی‌ به‌ p.k.kوه‌ هه‌یه‌‌و توركه‌كان له‌وه‌ زۆر دڵگران ده‌بن، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان ده‌ڵێن . p.k.kحیزبێكی‌ تێرۆریسته‌‌و پێ‌یان قبووڵ‌ نیه‌ كه‌ ئه‌مریكا یارمه‌تیی‌ پژاك ده‌دا له‌ دژی‌ ئێران، له‌ كاتێك دا كه‌ توركیا دژی‌ هه‌ردوو حیزبه‌كه‌یه‌، قبووڵ‌ ناكا كه‌ ئه‌مریكا یارمه‌تی‌ به‌و دوو حیزبانه‌ بدا.
حسن زاده‌: نازانم یارمه‌تی‌ ده‌كا یان نا.
راندال: جه‌نابت خه‌ریكه‌ زۆر دیپلۆماتیك ره‌فتار ده‌كه‌ی‌. حسن زاده‌: نا به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌من پێم خۆشه‌ له‌ دیالۆگ دا زۆر سه‌ریح بم‌و له‌جێ‌ دا دیپلۆماسیم زۆر پێ‌ خۆش نیه‌، ره‌نگه‌ عه‌یبی‌ كاری‌ من ئه‌وه‌ بێ‌‌و ئه‌گه‌ر دیپلۆماسیم به‌كار هێنابا وام نه‌ده‌گوت.
راندال: من ئینسانێكی‌ به‌ ته‌مه‌نم ته‌جروبه‌یه‌كم هه‌یه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌‌و پێم وایه‌ به‌راستی‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ ئه‌مریكا ده‌یان كا زۆریان ئاقڵانه‌ نین.
حسن زاده‌: به‌ڵێ‌، ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی‌ له‌ عیراق زۆری‌ هه‌ڵه‌ كردوه‌. ئه‌مریكایی‌یه‌كان بۆخۆشیان ئێستا پێی‌ لێ‌¬ده‌نێن.
راندال: دوای‌ نه‌مانی‌ جورج بووش له‌ ئه‌مریكا‌و كاتێك كه‌ ره‌ئیس جمهورێكی‌ تازه‌ دێت ئیحتمالی‌ ئه‌وه‌ ناده‌ی‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و سه‌ركۆماره‌ی‌ دێ‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق بكێشێته‌وه‌ یان ژماره‌ی‌ هێزه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش روو بدا، پێت وایه‌ ئه‌وه‌ چۆن ته‌ئسیر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پێگه‌ی‌ كورد ده‌كا؟
حسن زاده‌: پێم وایه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بێ‌ ئه‌من له‌ مسته‌ر راندال بكه‌م چونكه‌ ئه‌و شاره‌زای‌ ئه‌مریكا‌و سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكایه‌. نه‌ئه‌من. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ‌ ره‌ئیی‌ خۆم ده‌ڵێم: پێم وایه‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ دوو حیزبی‌ هه‌یه‌‌و دوو سیاسه‌تی‌ هه‌یه‌، له‌ ستراتیژیی‌ گشتی دا ئه‌و دوو حیزبه‌ ناتوانن ئه‌وه‌نده‌ فه‌رقیان هه‌بێ‌. پاشان پێم وایه‌ ئه‌مریكا مه‌حكوومه‌ به‌وه‌ی‌ له‌ عیراقێ‌ سه‌ركه‌وێ‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ عیراقێ‌ بشكێ‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌راست ده‌شكێ‌. بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌مریكا ده‌بێ‌ دیسان حازر بێ‌ نرخی‌ زیاتر بدا بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ عیراقێ‌. نرخی‌ زۆری‌ داوه‌. واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه‌ پێش¬بینیی‌ نه‌كردبوو.
راندال: ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ جه‌نابت راسته‌‌و لێره‌ له‌ زۆر كه‌سی‌ ده‌بیسین. به‌ڵام راستی‌¬یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ حاشای‌ لێ‌ ناكرێ‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت زلهێزه‌كانیش شه‌ڕه‌كان ده‌دۆڕێنن.
حسن زاده‌: ئه‌وه‌ راسته‌. هه‌ر ئه‌مریكا بۆخۆی‌ وێتنامی‌ دۆڕاند‌و ته‌نانه‌ت سۆمالیشی‌ دۆڕاند. به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی‌ عێڕاق به‌ باوه‌ڕی‌ من زۆر گرنگتره‌ ته‌نانه‌ت له‌ وێتنامیش.
راندال: ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ جه‌نابت راسته‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر درێژه‌ی‌ كێشاوه‌، هیچ ئاسۆیه‌كی‌ روونیش دیار نیه‌ كه‌ی‌ ته‌واو ده‌بێ‌. له‌ هه‌مان كات دا بووش پشتگیریی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكای‌ له‌ده‌ست داوه‌، پشتگیریی‌ خه‌ڵكی‌ عێڕاقیشی‌ له‌ده‌ست داوه‌. له‌وه‌ش خراپتر خه‌ریكه‌ پشتگیریی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆشی‌ له‌ده‌ست بدا. له‌ هه‌مان كات دا حافیزه‌ی‌ ئه‌مریكایی‌¬یه‌كان حافیزه‌یه‌كی‌ كورتبینانه‌یه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئێستا ده‌بینن، ئه‌وه‌نده‌ رابردوو نه‌بینن.
حسن زاده‌: ئه‌من زۆر جارم گوتوه‌ سه‌رۆك بووش ده‌ رۆژ دوای‌ رووخانی‌ سه‌دامی‌ گوتی‌ شه‌ڕ له‌ عێڕاقێ‌ ته‌واو بوو. به‌ڵام ئه‌گه‌رئێستا لێی‌ بپرسن شه‌ڕ كه‌نگێ‌ ته‌واو ده‌بێ‌، ره‌نگه‌ بڵێ‌ خوا ده‌زانێ‌.
راندال: بۆچوونه‌كان له‌ نێو خۆی‌ ئه‌مریكا زۆر فه‌رقی‌ هه‌یه‌، ئێستا خه‌ڵك زۆر به‌ جیددی‌ ده‌یانه‌وێ‌ ئه‌مریكا له‌ عێڕاق بێته‌ ده‌رێ‌. به‌س ده‌بێ‌ ئه‌و واقیعه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه‌ له‌ ئه‌مریكا هه‌ر دوو ساڵ‌ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ كۆنگره‌ ده‌كرێ‌، هه‌ر شه‌ش ساڵ‌ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌نا ده‌كرێ‌ ، هه‌ر چوار ساڵ‌ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌ركۆمار ده‌كرێ‌‌و زۆر ئیحتیمالی‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ ئه‌مریكا دا ئه‌و كه‌سه‌ بتوانێ‌ ببێ‌ به‌ سه‌ركۆمار كه‌ پلاتفۆرمی‌ ئه‌سڵیی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ بێ‌ له‌ عێڕاق بێته‌ ده‌رێ‌. هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ شتێكی‌ مه‌نتیقی‌ نیه‌ ‌و زۆر خه‌ڵكیشی‌ له‌گه‌ڵ‌ نیه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌و شته‌ له‌نه‌كاو روو بدا.
حسن زاده‌: به‌هه‌ر سووڕه‌ت پێش¬بینی‌ ناكرێ‌ به‌ڵام راستی‌¬یه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ شكانی‌ ئه‌مریكا له‌ عێڕاق كاره‌ساتێكی‌ زۆری‌ به‌دواوه‌ ده‌بێ‌. هه‌م بۆ ئه‌مریكا‌و سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا‌و هه‌م بۆ مه‌نته‌قه‌كه‌. ئێستا نه‌خشه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌مریكا چی‌ لێ‌ دێ‌؟ ئه‌مریكا له‌وه‌ دا بشكێ‌ له‌ راستی‌ دا ته‌واوی‌ به‌رنامه‌كانی‌ تێك ده‌چنه‌وه‌. كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بێ‌ به‌ نیسبه‌ت حه‌ره‌كه‌تی‌ دیموكراتیزاسیۆن له‌و مه‌نته‌قه‌یه‌ دا.
راندال: ئێوه‌ وه‌ك كورد ده‌بێ‌ ئه‌و راستی‌¬یه‌تان له‌به‌ر چاو بێ‌ كه‌ ئێستا له‌ ئه‌مریكا هیچ كه‌سێك باس له‌ نه‌خشه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستی‌ گه‌وره‌ ناكا‌و شته‌كه‌ به‌یه‌كجاری‌ له‌بیر چۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ هی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو كه‌ بووش مه‌غروور بوو ‌و ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ تازه‌ وه‌ده‌ست هێنابوون. ئێستا له‌ ئه‌مریكا روانگه‌ی‌ گشتی‌ له‌ نێو سیاسه‌تمه‌داره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن بتوانن اتحادێك له‌ نێوان ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بی‌¬یه‌ سوننی‌¬یه‌كان دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ له‌ نفووزی‌ شیعه‌ له‌ عێڕاق بگرن. بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێشتر دوای‌ شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌مریكا ده‌ی‌¬گوت ده‌بێ‌ دێموكراسی‌ ده‌ست پێ‌بكا لێره‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ فشاریان له‌سه‌ر سعوودیه‌ داده‌نا. به‌ڵام ئێستا به‌ته‌واوی‌ گۆڕاوه‌، خواخوایانه‌ ئه‌وان ببن به‌ هاوپه‌یمانیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێش به‌ ئێران‌و شیعه‌كان بگرن.
حسن زاده‌: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكایی‌یه‌كان لێره‌ نه‌بن، ئه‌وانیش ناتوانن پێش به‌ نفووزی‌ ئێران بگرن.
راندال: په‌نجا ساڵ‌ به‌رله‌ ئێستا فه‌رانسه‌ییه‌كان‌و بریتانیاییه‌كان، رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستیان كۆنتڕۆڵ‌ ده‌كرد، به‌ڵام له‌ كاتی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ كاناڵی‌ سویزه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وان كۆتایی‌ پێ‌ هات‌و ئه‌مریكا هاته‌ جێگایان. ئێستاش پاش په‌نجا ساڵ‌ له‌و رووداوه‌، له‌وانه‌یه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ عێڕاقیش كۆتایی‌ ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست بێ‌.
حسن زاده‌: هه‌ر بۆیه‌ له‌ پێش دا گوتم ده‌بێ‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ تۆ بكه‌م. به‌ڵام دیسان به‌ش¬به‌حاڵی‌ خۆم ئاره‌زووی‌ ئه‌وه‌ ناكه‌م كه‌ ئه‌مریكا دوچاری‌ شكستێكی‌ ئاوا گه‌وره‌ ببێ‌ چونكه‌ عه‌رزم كردی‌ تراژیدیی‌ تێدا ده‌بینم بۆ گه‌لانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست.
رانداڵ‌: پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا گوێی‌ له‌ راسپارده‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ بیكه‌ر‌و هاملتۆن بگرتایه‌‌و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئێران‌و سوریای‌ ده‌ست پێ‌بكردایه‌، له‌وانه‌بوو رێگه‌ی‌ له‌و تراژیدیا گه‌وره‌یه‌ بگرتایه‌.
حسن زاده‌ : ئه‌من له‌ پێشه‌وه‌  عه‌رزم كردی‌ كه‌ پێم وایه‌ رێگاحه‌ل بۆ هه‌موو مه‌سه‌له‌كان پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ‌ دیالۆگ بێ‌. پێم وایه‌ نه‌ سووریه‌، حه‌تتا نه‌ ئێران، ـ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ گه‌وره‌تره‌ ـ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ نین. نه‌ بۆ ئه‌مریكا‌و نه‌ بۆ ئورووپا‌و ته‌نانه‌ت نه‌بۆ ئیسرائیلیش، به‌ڵام ئاڵۆزتركردنی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌توانێ‌ فاجعه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك به‌بار بێنێ‌. كه‌چی‌ حه‌ره‌كه‌تی‌ ئیداره‌ی‌ بووش ئێستا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێ‌ كه‌ قه‌زیه‌كه‌ گه‌وره‌تر بكا. هه‌ر هێنانی‌ بیست‌ویه‌ك هه‌زار‌و پێنسه‌د سه‌ربازی‌ زیادی‌ بۆ عێراق‌و ئه‌و كاردروستایی‌¬یانه‌ كه‌ ئێستا ده‌یان بینین وانیشان ده‌ده‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌رنامه‌ی‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێرانیش هه‌بێ‌.
راندال: ئه‌منیش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دام كه‌ ره‌نگه‌ وه‌ك جه‌نابت گوتت ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بچن كه‌ ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ گه‌وره‌تر بێ‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ حه‌تمه‌ن به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌و گیروگرفته‌ چاره‌سه‌ر بكا. بووش شه‌ڕێكی‌ ده‌ست پێ‌كردوه‌ كه‌ ئێستا خۆشی‌ نازانێ‌ چۆن ته‌واوی‌ بكا، ئه‌گه‌ر ئیحتیمالی‌ ئه‌وه‌ هه‌بووایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران‌و سووریه‌ قسه‌ی‌ بكردایه‌ ره‌نگ بوو بتوانێ‌ تۆزێ‌ مه‌سه‌له‌كان خاوتر بكاته‌وه‌‌و باشتر كۆنترۆڵی‌ بكات. له‌وانه‌یه‌ له‌ روانگه‌ی‌ ئێوه‌وه‌ وه‌كوو حیزبێكی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ ئێران، ئه‌وه‌ بۆخۆی‌ جۆره‌ به‌ڕه‌سمی‌ ناسینێكی‌ ئێران بێ‌ كه‌ دوای‌ بیست‌وهه‌شت ساڵ‌ ئه‌مریكا ده‌چێ‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران دا گفتۆگۆ ده‌كا. به‌ڵام له‌لایه‌نه‌ عه‌مه‌لی‌یه‌كه‌شه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی‌ كۆتایی‌¬هێنان به‌ مه‌سه‌له‌كان، هه‌رچه‌نده‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ چاوی‌ ئێوه‌ ببێته‌ هۆی‌ به‌ هێزكردنی‌ ئێران.
حسن زاده‌ : بمان هه‌وێ‌ نه‌مان هه‌وێ‌ ئێران واقعیه‌تێكه‌. كه‌س ناتوانێ‌ ئینكاری‌ بكا، به‌ڕه‌سمی‌ ناسراوه‌‌و ده‌وڵه‌تێكه‌ هه‌یه‌‌و یه‌كێكیش له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌و مه‌نته‌قه‌یه‌یه‌ٍٍٍٍٍٍٍٍٍ. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ش دا پێم وایه‌ هه‌رچه‌ند به‌ ڕه‌سمی‌ ئێعلان نه‌كراوه‌، ئاڵته‌رناتیڤی‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئێرانێ‌ هه‌تا ئێستا له‌ ئاژه‌ندای‌ ئه‌مریكا نه‌چۆته‌ ده‌رێ‌. پێم وایه‌ ئێستاش له‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌مریكا دا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران وتووێژ بكا. وانیه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ته‌واوی‌ وه‌لا نابێ‌. ره‌نگه‌ وتووێژێكی‌ ئابڕوومه‌ندانه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێرانێ‌ یان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ل سووریه‌ش رێگایه‌كی‌ باشتر له‌ له‌شكركێشی‌ بێ‌. ئابڕوومه‌ندانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ عه‌ینی‌ حاڵ‌ دا كه‌ ته‌زمین ده‌ده‌ن به‌ ئێران كه‌ رێژیمه‌كه‌ نه‌ڕووخێنن، هێندێك ته‌زمیناتیش له‌باره‌ی‌ دیموكراسی‌‌و حقووقی‌ ئینسانی‌‌و ته‌جاوزنه‌كردن بۆ دراوسێكان له‌ ئێران وه‌ربگرن.
راندال: له‌ ئه‌مریكاش شتێكی‌ وا هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن شته‌كه‌ زیاتر پێوه‌ندیی‌ به‌‌و شه‌ڕه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ به‌غدا قه‌راره‌ بیكه‌ن، ئه‌م پلانه‌ ئه‌منی‌¬یه‌ تازه‌یه‌، ده‌ڵێن كه‌ ئه‌گه‌ر بووش له‌و پلانه‌ سه‌ركه‌وێ‌‌و ئه‌مریكا بیباته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ بووش ده‌توانێ‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ به‌هێزتره‌وه‌ قسه‌ بكا‌و بڵێ‌ باشه‌ ئێستا ئه‌من ده‌توانم له‌گه‌ڵ‌ ئێرانیش هێندێك قسه‌ بكه‌م. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و بدۆڕێ‌، ئه‌وكاته‌ ناچار ده‌بێ‌ جۆرێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران دا قسه‌ بكا. بۆیه‌ شته‌كان زیاتر پێوه‌ندی‌¬یان به‌وه‌وه‌هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م بڕوا ناكه‌م بووش ئه‌وه‌نده‌ زیره‌ك بێ‌ له‌و شتانه‌ تێ‌ بگا.
حسن زاده‌: ئه‌من ناڵێم زۆر زیره‌ك نیه‌، به‌ڵام به‌ش به‌حاڵی‌ خۆم زۆر ئومێدم به‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی‌ تازه‌شیان نیه‌. چونكه‌ ته‌جروبه‌ی‌ چه‌ند ساڵ‌ نیشانی‌ داوه‌ نه‌خشه‌كانیان زۆر عه‌مه‌لی‌ نین. هه‌تا نه‌خشه‌یه‌ك داده‌ڕێژن، ته‌ماشا ده‌كه‌ی‌ جم‌وجۆڵی‌ تێرۆریسته‌كان‌و موخالیفانی‌ سه‌قامگیربوونی‌ وه‌زعه‌كه‌ زیاتر ده‌بێ‌.
راندال: له‌ كوردستان چی‌؟
حسن زاده‌: پێم وایه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تا ئێستاش ئه‌مریكا نفووزی‌ خۆی‌ هه‌ر پاراستوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ گله‌یی‌¬یان لێی‌ هه‌یه‌.
راندال: یانی‌ خه‌ڵكیش هه‌ستی‌ باشه‌ به‌رامبه‌ریان؟
حسن زاده‌: به‌ڵێ‌ پێم وایه‌.
راندال: ئێستا با ئه‌‌و سیناریۆ ره‌شه‌ له‌به‌ر چاو بگرین كه‌ ئه‌مریكا چۆ ده‌رێ‌، ئه‌گه‌ر وادابنێی‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ عێڕاق رۆیشته‌ده‌ر، پێت وایه‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ه‌توانێ‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ تا ئێستا وه‌ده‌ستی‌ هێناون‌و ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌كه‌ هه‌یه‌تی‌ بپارێزێ‌، یان وه‌زعه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ تێك ده‌چێ‌ كه‌ له‌لایه‌ك ئێران‌و له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ توركیا ‌و له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ هه‌ر وڵاتێك بۆخۆی‌ دێته‌ ژووره‌وه‌...
حسن زاده‌: پێش¬بینی‌¬یه‌كی‌ زۆر تاڵه‌، له‌و حاڵه‌دا حكوومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ وه‌زعێكی‌ دژوار به‌ره‌وڕوو ده‌بێ‌. چونكه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئیختیلافاتێك كه‌ پێكه‌وه‌یان هه‌یه‌، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد‌و به‌رامبه‌ر به‌ كوردستان هه‌موویان موتته‌فیقن. له‌ حاڵێك دا بۆ حكوومه‌تی‌ كوردی‌ به‌ربه‌ره‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێكیشیان هه‌ر زه‌حمه‌ته‌. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا لێره‌ بڕوا كاره‌سات ده‌قه‌ومێ‌.
راندال: ئه‌منیش هه‌ر بۆچوونی‌ تۆم هه‌یه‌.
ئێمه‌ وامان بیستوه‌ كه‌ له‌تبوونێك له‌م دوایی‌¬یانه‌ دا له‌ له‌ نێو حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران رووی‌ داوه‌. پێت وایه‌ بتوانن به‌سه‌ر ئه‌و ئیختیلافاته‌ دا زاڵ‌ بن؟
حسن زاده‌: پێم ناخۆشه‌ قسه‌كه‌م درێژ ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌ڵام مه‌سه‌لێك دێنمه‌وه‌، ده‌ڵێن كابرا گوتی‌ ژن بۆ كوڕه‌كه‌م دێنم، گوتیان كێی‌ بۆ دێنی‌؟ گوتی‌ كچی‌ پاشای‌ بۆ دێنم، گوتیان جا شتی‌ وا مومكینه‌؟ گوتی‌ به‌ڵێ‌. نیوه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ حه‌لله‌، ئه‌من‌و كوڕه‌كه‌م رازیین، هه‌ر ماوه‌ پاشاو كچه‌كه‌ رازی‌ بن. ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێوه‌ندیی‌ به‌ منه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ من بایه‌ ئه‌و له‌تبوونه‌ هه‌ر نه‌ده‌بوو. ئێستاش هه‌ر ئاره‌زوو ده‌كه‌م ئه‌و له‌تبوونه‌ ته‌واو بێ‌.
راندال: ئه‌وه‌ كه‌ی‌ بوو؟
حسن زاده‌: رۆژی‌ 6ی‌ دیسامبری‌ 2006
راندال: ئه‌وه‌ كه‌ باسی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ت كرد كێ‌ پاشایه‌‌و كێ‌ پیاوه‌كه‌یه‌؟
حسن زاده‌: ئه‌من پیاوه‌كه‌م.
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.