Ö:: هێمنتر له خه‌ونی دره‌ختان..

 نووسینی: که‌ریم تاقانه

ده‌رفه‌تم پێ بده سه‌عاتێک، نا، ته‌نیا ساتێک. لێ‌گه‌ڕێ با بۆ دوایین جار باش لێی بڕوانم. زه‌وی له سووڕانه‌وه‌ی ڕاگره! زه‌ریاکان ڕاوه‌ستێنه! به باڵنده‌ بڵێ له شه‌قه‌ی باڵ نه‌ده‌ن. به ئاده‌مزادان بڵێ چاو لێک نه‌نێن!.. بڵێ به په‌روانه شه‌م له یاد که‌ن..بڵێ به‌ بولبول چیدی نه‌خوێنن!..

ئه‌ی مه‌رگ!

ته‌نیا ساتێک، ته‌نیا به ئه‌ندازه‌ی کرانه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌ی عه‌شق، ته‌نیا هێنده‌ی ڕووانی ناوه‌که‌ی له‌ سه‌ر لێوم، ته‌نیا... ئاخر بۆچ ئه‌وه‌نده زوو هاتووی..؟ وام ده‌زانی ده‌توانم نه‌ک چه‌ند به‌هارێک، به‌ڵکوو سه‌دان به‌هاری دیکه زیندوو بم و شێعر بۆ گوڵه‌مێخه‌ک و شه‌وبۆ وه‌خوێنم، وام ده‌زانی ده‌توانم سه‌دان نامه‌‌ی دیکه بۆ چاوانی ئه‌و بنووسم.. وای بۆ ده‌چووم ده‌توانم له هه‌تاو سه‌رکه‌وم و به پێ‌پلیکانی شه‌ودا بێمه خوارێ.

بۆچ هاتووی...؟ هاتنێکی ناوه‌خت و له‌پڕ؟! لێ‌گه‌ڕێ با جارێکی دیکه بانگی بکه‌م، سڵاوی ‌بکه‌م، لێم گه‌ڕێ با جارێکی دیکه پێی بڵێم: "خۆشم ده‌وێی" و به‌ ده‌میه‌وه پێ‌بکه‌نم.

ئه‌ی مه‌رگ!

ده‌ تۆ ده‌رفه‌تم پێ بده با چه‌پکێ گۆڵی پێشکێش بکه‌م و دڵی خۆمی پیشان بده‌م.. لێ‌گه‌ڕێ ساتێک له دڵی وی دا بژیم!.. ئه‌من هێشتا په‌یم به گشت دڵسۆزی‌یه‌کانی ئه‌و نه‌بردووه. هێشتا به کۆڵانه دڵ‌هه‌ژێنه‌کان‌دا تێ‌نه‌په‌ڕیوم.. تا ئێستا به ده‌نگی ئه‌و سه‌رخۆش نه‌بووم.

ئه‌ی مه‌رگ!

لێ‌گه‌ڕێ با کراسێک له‌ هه‌ور له‌به‌ر که‌م و ببمه باران. لێ‌گه‌ڕێ له دوورگه‌یه‌کی دووره‌ده‌ست دا ناوی له‌سه‌ر به‌ردێکی گومناودا هه‌ڵکۆڵم. لێ‌گه‌ڕێ له‌گه‌ڵ ئاوه‌ سه‌رگه‌ردانه‌کان‌دا له‌ ته‌نیشتی ماڵه‌که‌ی گیان بسپێرم.

ئه‌ی مه‌رگ!

له سه‌رخۆ به!.. لێ‌گه‌ڕێ جارێکی دی له‌به‌ر ئاوێنه‌ دا سه‌یری شێعره‌کانم بکه‌م! لێ‌گه‌ڕێ عه‌تری ئه‌و جارێکی‌تر بۆ هه‌ناوم سه‌فه‌ر بکا.. ده لێ‌گه‌ڕێ با جارێکی دیکه له‌به‌رده‌می ڕاوه‌ستم‌و له پیاهه‌ڵدانی خۆرێک که له دڵی‌دا سه‌قامگیره، شێعر وه‌خوێنم!..

ده‌رفه‌تم پێ‌بده! ته‌نیا تا وه‌جووڵه‌که‌وتنی په‌رده‌کانی ژووره‌که‌و.. تا داگیرساندنی فانۆسێک که له به‌ر هه‌یوانی خه‌م دایه...

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.