Ö:: دوو کورته‌ شێعر

نووسینی: ناسر عه‌زیزی

له بیرت ناکه‌م
له نێو دڵی
غوربه‌تدا
له باوه‌شی
خه‌م و خه‌فه‌تدا
ده‌که‌م یادت
قه‌ت ناچیت
له بیرما
بینایه‌کانم
له چاوه‌ڕوانی
نم نمه‌ی بارانی
خه‌م ئه‌رێژێ
مه‌له عشقم
له تاو تاسه‌ت
له ناخه‌وه
ژه‌هری غوربه‌ت
ئه‌چێژێ
نه ره‌نگ ماوه
نه ده‌نگ
سه‌رگه‌ردانم بێ ئامانج
گێژ و دڵ ته‌نگ
من له ده‌ست
خه‌م و غوربه‌ت و
دووری
تۆش له گه‌ڵ
دڕنده‌یی ژیان
ده‌نالێنین و ده‌گرین
وێڵین و سه‌رگه‌ردان
خنکاوین له نێو
گێژاوی خه‌یاڵ
ده‌نۆشین تامی
ژه‌هری ژینی تاڵ
تاژان، تاژان
تۆ نه‌مامی نه‌وبه‌رمی
به‌ندی هه‌رگیز نه‌پساوی
ریشه‌ی دڵمی
هه‌ر وه‌ک چۆن
ئه‌ستێره له‌ ئاسمان
گوڵ له نێو دڵی
خاک
هه‌یه و ده‌پشکوتێ
گوڵی خۆشه‌ویستی
من ۆ تۆش
رۆژ به رۆژ و
سات به سات
چرۆ ده‌کاو
ره‌نگی عشقێکی
پیرۆزی بێ کۆتای
له خۆ ده‌گرێ
ناتوانین یه‌ک
له بیر که‌ین
له نێو دڵدا
بۆ یه‌ک ده‌ژین ۆ ده‌مرین
بۆ یه‌ک ده‌ژین و ده‌مرین
نووسینی: ناسر عه‌زیزی
سوێید 07-02-18
ئه‌م به‌رهه‌مه بۆ هاورێیه‌کم نوسیوه


 وه‌ته‌ن
وه‌ته‌ن من شێت و شه‌یدای که‌ژ و کێو هه‌ردتم
عاشقی کانیاوو نه‌مامی و چیمه‌نی سه‌رسه‌وزتم
وه‌ته‌ن بێ گیانم بێ نه‌سیمی بایی شه‌ماڵت
ژینم پڕ ده‌ردو ژانه دوور له باوه‌شی گه‌رمت
وه‌ته‌ن تۆ بینایی چاومی، ئارامی گیانمی
قیبله‌ی عه‌شقی پیرۆزمی، رووناکی ژینمی
وه‌ته‌ن تۆی نیشتمانم، غوربه‌ته شاره‌که‌م
تۆی هه‌موو که‌س و کارم ئه‌ی خوێنی دڵه‌که‌م
وه‌ته‌ن قه‌ت له بیرت ناکه‌م هه‌تاکو ماوم
ده‌که‌م به قووربانت سه‌ر و ماڵ و گیانم
وه‌ته‌ن گه‌ر بمده‌نێ هه‌موو زێری دونیا
نایگۆڕمه‌وه به ساتێکی سه‌ر خاکتا
وه‌ته‌ن تۆ گۆشت کردم، فێرت کردم
دوژمن به‌زێن بم به چۆکدا نه‌یه‌م
سه‌ردانه نوێنم، به په‌ستی نه‌ژیم
بۆ ئازادی بمرم خوێنم برژێنم
مه‌ردایه‌تی نه‌فرۆشم به سه‌ربه‌رزی بژیم
گوڵی ئازادی بۆ گه‌ل به دیاری بێنم
وه‌ته‌ن سۆزی تۆ مه‌شخه‌ڵ و هانده‌ری خه‌باتمه
بست به بستی خاکت شوێن و جێگای حه‌ماسه‌مه
پشکوتنی هه‌ر گوڵێکت په‌یامی شه‌هیدمه
قه‌ت ناوه‌ستم تێده‌کۆشم ڕزگاریت ئاواتمه
نووسینی: ناسر عه‌زیزی
سوئێد 07-02-22

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.