Ö:: به‌یاننامه

حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌

به‌یاننامه‌
دیسان توندوتیژی‌ و په‌لامار له‌ دژی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان
هێشتا برینداره‌كانی‌ زنجیره‌
په‌لاماره‌كانی‌ مانگ‌و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ دژی‌ تێكۆشه‌رانی‌ حیزبمان به‌ ته‌واوی‌ سڵامه‌تیی‌ خۆیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ جارێكی‌ دیكه‌ رێكخه‌ران‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌و جۆره‌ په‌لامارانه‌، ده‌ستیان كردۆته‌وه‌ به‌ توندوتیژی‌ نواندن‌و، به‌ رێكخستنی‌ هێرش‌و په‌لاماری‌ خوێناویی‌ نوێ‌، ده‌ستیان له‌ كۆمه‌ڵێكی‌ دیكه‌ له‌ تێكۆشه‌رانی‌ له‌مێژینه‌‌و به‌وه‌جی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان وه‌شاندوه‌.

له‌ رۆژانی‌ هه‌ینی‌‌و شه‌ممه‌ی‌ رابردوو (2‌و3ی‌ مارسی‌ 2007)دا كه‌مپه‌كانی‌ دیگه‌ڵه‌‌و جێژنیكان جارێكی‌ دیكه‌ شایه‌دی‌ شه‌ڕ پێ‌فرۆشتن‌و هێرش‌و په‌لاماری‌ رێكخراوی‌ ئه‌فرادی‌ سه‌ر به‌ لایه‌نی‌ كاك مسته‌فا هیجری‌ بۆ سه‌ر كادر ‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بوون. ئه‌مجاریش سیناریۆی‌ مانگ‌و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تر دا دووپات بۆوه‌‌و ئه‌فرادی‌ سه‌ر به‌ لایه‌نه‌ به‌ ئه‌مری‌ به‌ڕێوه‌به‌رانیان، به‌ چه‌قۆ‌و چه‌كی‌ ساردی‌ جۆراوجۆری‌ دیكه‌ به‌رده‌ركیان به‌ كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب گرت‌و، له‌به‌رچاوی‌ ماڵ‌‌و منداڵیان شه‌ڵاڵی‌ خوێنیان كردن. دیسانیش‌و خۆپاراستنی‌ حیزبی‌ ئێمه‌ له‌ پێكهێنانی‌ گرژی‌‌و رووداوی‌ نه‌خوازراو‌و دوژمن شادكه‌ر، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان‌و ئه‌فرادی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر، كه‌ڵكی‌ خراپی‌ لـێ‌وه‌رگیراو، له‌ ئاكامی‌ هێرشی‌ چه‌قۆكێش‌و گۆپاڵ‌ به‌ده‌ستانیان دا، چه‌ند كه‌س له‌ هاوڕێیانمان به‌ توندی‌ بریندار بوون‌و زیانێكی‌ زۆری‌ ماڵیشیان پێ‌گه‌یه‌ندرا. په‌لامارده‌ران ته‌نانه‌ت ره‌حمیان به‌ منداڵ‌‌و مێرمنداڵی‌ هاوڕێیانیشمان نه‌كردوه‌‌و به‌ توندی‌ لێیان داون.

هێندێك له‌ برینداره‌كانی‌ تازه‌ترین شاكاری‌ پاوانخوازانی‌ حیزبی‌ دیموكرات، له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ هه‌ولێر كه‌وتوون‌و سڵامه‌تییان زیانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پێ‌گه‌یشتوه‌.

ده‌بێ‌ بگوترێ‌ ئه‌مجاریش ئه‌گه‌ر هێزه‌ پێوه‌ندیداره‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (فه‌رمانده‌یی‌ سوپای‌ گه‌رمیان له‌ دێگه‌ڵه‌‌و هێزی‌ زێره‌ڤانی‌ له‌ جێژنیكان) خۆیان نه‌گه‌یاندبایه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كان‌و به‌ ته‌قه‌ی‌ هه‌وایی‌‌و به‌ هه‌ڕه‌شه‌، په‌لامارده‌رانیان دوور نه‌خستبایه‌وه‌، كاره‌ساتی‌ له‌وه‌ دڵته‌زێن تر ده‌خوڵقاو ئاكام‌و زیانه‌كانی‌ ئه‌م په‌لاماره‌ زۆر گه‌وره‌تر ده‌بوو.

شه‌پۆلی‌ تازه‌ی‌ توندوتیژی‌ نواندن‌و تاوانخوڵقێنی‌ راست به‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كاك مسته‌فا هیجری‌ له‌ سه‌فه‌ری‌ دوو حه‌وتوویی‌ ئه‌م دوایی‌یه‌ی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، ده‌ستی‌ پێ‌كردوه‌! ئایا ئه‌مه‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ رێنوێنی‌‌و ئامۆژگارییه‌ نوێیه‌كانی‌ ئه‌ندازیاری‌ پرۆژه‌ی‌ یه‌كده‌ستكردنی‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌یه‌ یا به‌رهه‌می‌ تووڕه‌یی‌‌و نیگه‌رانی‌ له‌ كار‌و تێكۆشان‌و نفووزی‌ رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ ئه‌ستێنی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات؟ هۆی‌ هاوكات بوونی‌ ئه‌م دوو رووداوه‌ هه‌ر شتێك بێ‌، ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌، بێ‌بناخه‌یی‌ ئه‌و دروشمانه‌یان ده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ له‌ به‌یاننامه‌‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ره‌سمی‌دا له‌ باره‌ی‌ پێویستیی‌ ره‌فتار‌و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ "متمدنانه‌" هێناویاننه‌ گۆڕێ‌. چونكه‌ به‌ كرده‌وه‌ له‌ وه‌ڕێخستنی‌ ته‌بلیغاتی‌ ژاراوی‌‌و پڕ له‌ درۆ‌و بوختان له‌ دژی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و، سازماندانی‌ ئه‌فرادی‌ خۆیان بۆ په‌لامار بردنه‌سه‌ر تێكۆشه‌رانی‌ حیزبی‌ ئێمه‌‌و لێدانیان به‌ قه‌ستی‌ كوشتن، درێغیان نه‌كردوه‌. ئه‌م راستی‌یه‌ش به‌ خۆشی‌یه‌وه‌ بۆ به‌شێكی‌ زۆر له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و چاوه‌دێرانی‌ سیاسی‌ روون بۆته‌وه‌.

له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ شه‌پۆلی‌ تازه‌ی‌ توندوتیژی‌‌و په‌لاماری‌ لایه‌نی‌ پاوانخوازدا، وێرای‌ مه‌حكوومكردنی‌ ئه‌م زنجیره‌ كرده‌وه‌ تاوانبارانه‌یان سه‌رنجی‌ بیروڕای‌ گشتیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، راگه‌یه‌نه‌ گشتی‌یه‌كان‌و رێكخراوه‌ سیاسی‌یه‌كان، ناوه‌ند‌ و ده‌زگا مه‌ده‌نی‌یه‌كان ‌و له‌ سه‌رووی‌ هه‌مووانه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و دام‌وده‌زگا به‌رپرس ‌و پێوه‌ندیداره‌كان بۆ لای‌ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ راده‌كێشین:

 1ـ گیان‌و ژیان‌و گوزه‌رانی‌ سه‌دان بنه‌ماڵه‌‌و كادر‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ مه‌ترسیی‌ په‌لاماری‌ چه‌كدارانه‌ی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر دایه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگاكانی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك به‌رپرسی‌ پاراستنی‌ ئه‌منییه‌تی‌ گیانی‌‌و ماڵیی‌ هاونیشتمانان به‌ جیددی‌ پێش به‌ توندوتیژی‌‌و كرده‌وه‌ی‌ نامه‌سئوولانه‌ی‌ ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ نه‌گرن مه‌ترسیی‌ روودانی‌ كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گیانی‌ تێكۆشه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردی‌ رۆژهه‌ڵات ده‌كا. رووداوێكی‌ له‌و بابه‌ته‌ش نه‌ دڵخوازی‌ هیچ دڵسۆزێكه‌‌و نه‌ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی‌ ئاسانه‌.

 2ـ داوا ده‌كه‌ین هه‌تا رووداوی‌ تاڵتر نه‌قه‌وماوه‌ به‌ زووترین كات بنكه‌‌و باره‌گاكان‌و كه‌مپی‌ بنه‌ماڵه‌كانی‌ هه‌ر دوو لا لێك جیا بكرێته‌وه‌‌و ئه‌موال‌و دارایی‌ حیزب به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو لا دابه‌ش بكرێ‌‌ و رێوشوێنی‌ پێویست بۆ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌‌و پاراستنی‌ هێمنی‌‌و ئاسایشی‌ هه‌ر دوو لا دیاری‌ بكرێ‌.

حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان
ده‌فته‌ری‌
سیاسی‌

3/3/2007

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.