Ö:: گرێی ده‌روون

نووسینی:كه‌ریم تاقانه

گرێی ده‌روون
کازیوه‌ بوو... تازه‌
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی "الله اکبر"ی مه‌لا عه‌لـی خه‌ریک بوو له‌ گوێچکه‌مدا بڕه‌وێته‌وه و خه‌و بمباته‌وه،‌ شیرینی خێزانم به‌ چیقه‌ چیقه‌که‌ی خۆی له‌ خه‌وی کردم.
ـ پیاوه‌که، هه‌سته هه‌سته‌! سه‌یر سه‌یر، به‌و خوایه‌ هه‌ر ده‌ڵێی ڕۆژ تا ئێواره کۆڵکێشی ده‌کا! هه‌سته، ده‌ خێراکه!
به‌په‌له له‌ شوێنه‌که‌ی خۆم ڕاپه‌ڕیم و به سه‌رسووڕمانه‌وه‌ پرسیم:

ـ چییه؟ چ بووه؟!

ـ ئه‌وه‌ بۆ دنیاش ڕه‌و بکا، تۆ هه‌ر وه‌خه‌به‌ر نایه‌ی؟!
ـ ئاخر پێم بڵێ به‌م شه‌فه‌قه‌ شێت بووی؟ خه‌وت دیوه؟ چییه، چ خه‌به‌ره؟!
ـ باشه‌ تۆ گوێت به‌و زرموکوته‌ نه‌بوو؟!

ـ زرموکوتی چـی؟
ـ هی ده‌رگاکه.
-
نه‌وه‌ڵڵا.
-
ئه‌ی قوڕ به‌ سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی دڵی پێت خۆشه. ده‌ خێراکه... مام ڕه‌شه‌ی باوکی محه‌ برکی کردووه و هاتوون له‌گه‌ڵیان بچیه‌ نه‌خۆشخانه...
هه‌رکه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌م بیست، تا بڵێی یه‌ک و دوو خۆم پۆشته‌ کرده‌وه و به‌ ده‌موچاوی نه‌شۆراوه‌وه‌ خۆم گه‌یانده‌ ماڵی مام ڕه‌شه.
خۆر به‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌نه‌وزی ده‌دا.
مام ڕه‌شه‌ به بێهۆشی له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌‌ی ڕاکشابوو. محه‌ بۆ کڕینی هێندێ شتومه‌ک چووبووه‌ ده‌ره‌وه و ئه‌منیش به‌دیار مام ڕه‌شه‌وه‌ له‌په‌‌نای په‌‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌دا له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتبووم و سه‌یری ده‌ره‌وه‌م ده‌کرد که‌ له‌پڕ ژنه‌کاره‌که‌رێک هاته ژووره‌وه و ده‌ستی به‌ گسکدان و خاوێنکردنه‌وه‌ی ژووره‌که‌ کرد.
ئافره‌تێکی کورته‌باڵا و گۆشتن بوو. جلوبه‌رگێکی کۆنی له‌به‌ربوو که‌ له‌ هێندێ شوێنه‌وه‌ کون‌، کون ببۆوه و به ئاسانی له‌شی له‌و درزانه‌وه‌ ده‌بینرا. که‌ له‌و چرچولۆچه‌ وردانه‌ی ژێر چاو و لاملی ورد ده‌بوویه‌وه‌، به‌ مه‌زه‌نه‌ ده‌تگوت چل ساڵێکی تێپه‌ڕکردووه‌.
به‌ده‌م گسکدانه‌وه‌ چاوێکی لێکردم و گوتی:
-
نه‌خۆشه‌که‌تان چۆنه؟
ته‌نیا ددانه‌کانی پێشه‌وه و یه‌ک، دوانێکیشی له‌ملا و له‌ولاوه‌ مابوونه‌وه‌؛ به‌و حاڵه‌ش ئه‌گه‌ر بیویستبا ده‌یتوانی دڵی فره‌ که‌سێ بخاته‌ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه!

ـ ئه‌وه‌یه‌ ده‌یبینی.
پاش ساتێ بێده‌نگی له‌ حاڵێکدا زۆر به‌ئارامی خه‌ریک بوو ژێر قه‌ره‌وێڵه‌‌که‌ی مام ڕه‌شه‌ی پاک ده‌کرده‌وه و سینگ و نێوان مه‌مکه‌ بڵه‌کانیم لێوه‌ دیار بوون، گوتی:
ـ من لێره‌م، هه‌رچیتان پێویست بوو له‌خزمه‌تدام!
-
باشه‌، مه‌منوون!
ـ به‌ڵام تۆیش چاوت له‌ منه‌وه‌ بێ!
-
منیش له‌خزمه‌تدام!
که‌ ویستی له‌ ژووره‌که‌ش بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، لایه‌کی لێکردمه‌وه و به‌هێمنی گوتی:
-
ئه‌من ناوم ئایشه‌یه. ئه‌مشه‌و لێره‌ ده‌بم. چیتان پێویست بوو، بانگم بکه‌ن!
فره‌ شتم له‌ ڕوومه‌تی ئایشه‌دا خوێنده‌وه و گه‌لێ پرسیاری جۆراوجۆرم لا دروست بوون. (... ئه‌مه‌، ئه‌م ژنه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ته‌ڕ و ڕووته‌ڕ بوو؟ باشه‌ جله‌کانی بۆ وه‌ها بوون؟ له‌وانه‌یه‌ پاره‌ی نه‌بێ هی تازه‌ بکڕێ. له‌وانه‌شه‌ هه‌ر خۆی پێی خۆش بێ به‌و شێوه‌یه‌ دڵی خه‌ڵک بۆلای خۆی ڕابکێشێ. نا، نا باوه‌ڕ ناکه‌م. به‌ڵام خۆ ئه‌و خۆی گوتی ئه‌مشه‌و لێره‌ ده‌بم و ... تۆ بڵێی... ئه‌م ئافره‌ته‌... له‌شفرۆشی بکا؟! نا! کوڕه‌ ئه‌مه‌ بوختانه‌ من ده‌یکه‌م. ئه‌مه‌یه‌ ده‌ڵێن: نیوه‌ی دنیا به‌ بوختان ده‌سووتێ. به‌ڵام لێی نێزیک ببمه‌وه‌ چاکه‌. ئا، هه‌ر چۆن بێ، لێی نێزیک ده‌بمه‌وه‌ تا بزانم...)
محه‌ له‌م کاته‌دا هاته‌ ژووره‌وه و هه‌ودای بیر و خه‌یاڵی بڕیـم...
سه‌عاته‌ دیوارییه‌که‌ی ژووره‌که‌مان له‌ چواری به‌ره‌به‌یان نێزیک ده‌بۆوه. پرخه‌ی محه‌ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی ئه‌ولای مام ڕه‌شه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ گوێ. ئه‌منیش به‌دیار هاتنه‌خواره‌ی دڵۆپه‌، دڵۆپی ئه‌و ئاوموغه‌زییانه‌ که‌ بۆ شوشتنی گورچیله‌کانی مام ڕه‌شه‌ په‌‌یتا، په‌‌یتا هه‌ڵده‌وه‌سران، خه‌وه‌نووچکه‌ ده‌یبردمه‌وه. له‌پڕ ئایشه‌ هاته‌ ژووره‌وه و خه‌وه‌نووچکه‌که‌ی له‌ کۆڵ کردمه‌وه‌.
ـ هیچتان پێویست نییه؟
ئه‌من بڕیارم دابوو ته‌می گومانه‌کانم بڕه‌وێنمه‌وه‌، بۆیه‌ له‌م هه‌له‌ که‌ڵکم وه‌رگرت و ده‌سبه‌جێ گوتم:
ـ فه‌رموو دانیشه!
ئایشه‌ وه‌ک چاوه‌ڕێی ئه‌م "فه‌رموو"ه‌ی منی کردبێ، له‌ خوار قاچی مام ڕه‌شه‌وه‌ دانیشت، گوتی:
ـ باشه‌ ئه‌م مامه‌ پیره‌ چییه‌تی؟
ـ دوکتۆر ده‌ڵێ گورچیله‌ی هه‌وی کردووه و خوێنیشی دابه‌زیوه.

ـ  ئێ...؟
ـ جا بۆیه‌ ده‌بێ یه‌ک، دوو ڕۆژێ بمێنێته‌وه.
ئایشه‌ هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گوتی:
ـ خوا شفای بدا!
هه‌ردووکمان چه‌ند چرکه‌یه‌ک بێده‌نگ بووین. له‌ ئاکامدا من بێده‌نگییه‌که‌م شکاند.
ـ ده‌کرێ چه‌ند پرسیارێکت لێ بکه‌م؟
به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ئه‌م پرسیاره‌م لـێکرد.
ئایشه‌ سه‌یرێکی کردم. سه‌یرکردنه‌که‌ی مانادار بوو. پاشان گوتی:
ـ بۆ نا؟
ـ  ویستم بزانم له‌مێژه‌ لێره‌ کار ده‌که‌ی؟
ـ حه‌وت ساڵ ده‌بێ.
به سه‌رسووڕمانه‌وه‌ گوتم:
ـ حه‌وت سـاڵ؟!
ـ به‌ڵێ.
ـ  گشت شه‌وێ لێره‌ ده‌مێنیه‌وه؟
ـ  نا. شه‌وێ لێره‌م و شه‌وێکیش له‌ ماڵم.
ـ  ئه‌ی مانگی چه‌ندت پێده‌ده‌ن؟
ـ  زۆر نییه‌. وه‌ک هه‌ر مووچه‌خۆرێکی دیکه‌.
جارێکی دیکه‌ش بێده‌نگ بووینه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م بێده‌نگییه‌ش کاتیی بوو. هێزێ له‌ ناخه‌وه‌ پاڵی پێوه‌ ده‌نام تا زیاتر ئه‌م ژنه‌ بدوێنم.
ـ مناڵت هه‌یه؟
بێ پێچوپه‌نا وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌.
ـ سێ کچ و کوڕێک.
ـ به‌ڵام پێم وا نییه‌ لێره‌ مانگانه‌ی مووچه‌خۆرێ به‌شی گوزه‌رانی بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بکا؟!
خۆزگه‌ لاڵ بام و ئه‌م قسه‌یه‌م نه‌کردبا. ئه‌م قسه‌یه‌ زیاتر ده‌رگای ده‌روونی ئایشه‌ی به‌ ڕوودا ئاوه‌ڵا کردم. ئایشه‌ به‌رۆکی کراسه‌که‌ی نه‌ختێ ڕاکێشایه‌ سه‌ره‌وه و هه‌ناسه‌یه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵکێشا. پاشان گوتی:
ـ ئه‌من چاره‌ڕه‌شییم زۆر دیتووه، تاڵی و سوێریم فره‌ چه‌شتووه. مانگانه‌که‌م به‌ش بکا و نه‌کا، تازه‌ ناچارم. بژی و مه‌مر گوزه‌ران ده‌که‌ین. ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش دێنه‌ ئێره‌، که‌م و زۆر یارمه‌تیم ده‌ده‌ن. من ئێستا به‌م ژیانه‌ خۆشبینم.
ئایشه‌ نه‌ختێ بێده‌نگ بوو. ده‌ستێکی به‌ نێو قژه‌ بۆیاخکراوه‌که‌یدا کرد و پاشان درێژه‌ی دا:
ـ پاره‌که‌ که‌وتبووینه‌سه‌ر ساجی عه‌لـی. نه‌داری خراپ ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبووین. ته‌نانه‌ت مشتێک ئاردمان له‌ ماڵدا نه‌بوو کولێره‌یه‌کی لێ دروست بکه‌م و ده‌رخواردی منداڵه‌کانی بده‌م. تمه‌نێکیشمان شک نه‌ده‌برد بیده‌ین به‌ ده‌رمان خۆمانی پێ بکوژین. له‌ ئاکامدا ناچار بووم...، به‌ڵێ ناچار بووم هه‌ر له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا که‌ ئێستاش کاری تێدا ده‌که‌م گورچیله‌یه‌کی خۆم بفرۆشم! له‌پێناوی په‌روه‌رده‌کردن و پێگه‌یاندنی منداڵه‌کانمدا.
ئایشه‌ بێده‌نگ بۆوه‌. یه‌ک، دوو دڵۆپ فرمێسک خه‌ریک بوون به‌سه‌ر گۆنای گۆشتنیدا سه‌ره‌وخوار ببنه‌وه، به‌ڵام خێرا به سه‌ر په‌نجه‌ی لایبردن. کزه‌ له‌ جه‌رگمه‌وه‌ هه‌ستا. (ئای له‌م ژنه‌ داوێنپاک و شیرپاکه! له‌م دایکه‌ دڵگه‌وره‌یه! ده‌ تۆ بزانه‌ ئه‌من چۆن چۆنی له باره‌یه‌وه‌ بیرم ده‌کرده‌وه. تف له‌ خۆم! تف له‌ بیر و بۆچوونم! چۆن دادوه‌رێکم؟! نه‌گه‌یشتمه‌ بنار، ده‌رێم لێداکه‌ند. وه‌ی شه‌رمه‌زار خۆم)...
له ‌سه‌رخۆ لێم پرسی:
ـ ئـه‌ی مێرده‌که‌ت؟
ئایشه‌ هه‌ستی به‌ نیگه‌رانیم کردبوو.
ـ مێــرده‌که‌م...
محه‌ به‌ده‌م کۆکه کۆک و قرخه قرخه‌وه‌ خه‌به‌ری بۆوه‌. به‌ هه‌ستانی محه‌ ئایشه‌ بێ ئه‌وه‌ی قسه‌که‌ی ته‌واو بکا، ژووره‌که‌ی به‌جێهێشت.
ـ باشه‌ کوڕه‌که‌ت ئاوه‌زی کارکردنی هه‌یه؟
ـ گه‌وره‌ی گشتیانه.
ـ ئێ له‌سه‌ر کارێ دایمه‌زرێنه‌، با...
قسه‌که‌ی پێبڕیم.
ـ کوڕه‌که‌شم ده‌مێکه‌ دوای هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و که‌وتووه!
له‌م کاته‌دا محه‌ له‌گه‌ڵ دوکتۆرێ هاته‌ ژووره‌وه و باسه‌که‌یان پێبڕین.
ـ  ئێستا حاڵی زۆر چاکه و ده‌توانن ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی بیبه‌نه‌وه‌.
دوکتۆره‌که‌ پاش فه‌حسکردنی مام ڕه‌شه‌ ئه‌مه‌ی پێگوتین.
محه‌ به‌ باوکی گوت:
ـ بابه‌، شوکور حاڵت فره‌ چاکه و دوکتۆره‌که‌ ده‌ڵێ ده‌توانین هه‌ر ئێستا یان سبه‌ینێ بچینه‌وه.
مام ڕه‌شه‌ پاڕایه‌وه‌:
ـ نا نا، کوڕم. مه‌ردی خوا بن هه‌ر ئێستا بمبه‌نه‌وه. ئه‌م دوو ڕۆژه‌م به‌ دوو ساڵ لێچووه.
دوکتۆره‌که و ئایشه‌ پێکه‌وه‌ ژووره‌که‌یان به‌جێهێشت به‌ڵام ئایشه‌ له‌ده‌م ده‌رگاکه‌دا ڕاوه‌ستا، لایه‌کی لێکردمه‌وه و له‌سه‌رخۆ گوتی:
ـ به‌و هیوایه‌ ئێستا لێم تێگه‌‌یشتبی!
محه‌ به سه‌رسووڕمانه‌وه‌ گوتی:
ـ ئـه‌رێ ئـه‌وه‌ ئـه‌و ئـافره‌ته‌ مه‌به‌سـتی چ بوو؟!
2007.02.24

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.