Ö:: " حاجى گوڵاوى کێیه‌ "

نووسینی: هێژا مه‌نگوڕ

" حاجى گوڵاوى کێیه‌ "
له‌ ماوه‌ى 27 ساڵ خه‌باتى پڕ له‌ شانازى نه‌ته‌وایه‌تى گه‌ڵى کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، به‌ دژى ره‌ژیمى کۆنه‌په‌ره‌ست و دژه‌ مرۆڤى کۆمارى ئسلامى دا، زۆر رۆڵه‌ى ئه‌مه‌کناس و قاره‌مان شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ له‌ گۆره‌پانى ئه‌و شۆرشه‌ دا حزووریان هه‌بوه‌، هێندێکیان سه‌ر به‌رزانه‌ گیانى پاکیان فیداى نیشتیمان کردو و هێندێکیشیان ئێستاش حزووریان هه‌یه‌! و به‌ ته‌وژم و گوڕى زیاتر له‌ رابردوو خه‌بات ده‌که‌ن. من وه‌ک خۆم دژى پێهه‌ڵاوتن و ته‌وسیف کردنم!! به‌ڵام چ قه‌یدى ئێمه‌ش وه‌کو نه‌ته‌وه‌کانى تر به‌ قاره‌مان و یه‌که‌ پیاوانى وڵات پارێزى خۆمان هه‌ڵ بڵێین و بۆ مێژوو ناویان تۆمار بکه‌ین. بێ گومان ئه‌و داستانه‌ حه‌ماسیانه‌ى که‌ بست به‌ بستى ئه‌و خاکه‌ و دوندى شاخه‌کان و به‌ر بێڵایى خانوبه‌ره‌ گڵه‌کان شاهیدیان بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ چوار چێوه‌ى ده‌قى ئه‌ده‌بى دا دارێژرین هیچیان له‌ داستانى قاره‌مانیه‌تى رۆسته‌م و چیگواره‌ که‌متر نیه‌.!! ئێمه‌ داستانه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانى سه‌ده‌ى هاوچه‌رخمان به‌ ناوى موقه‌دده‌سى پێشمه‌رگه‌ رازاوه‌ته‌وه‌. که‌واته‌ هه‌ر چه‌ند به‌و ناوه‌ هه‌ڵبڵێین هێشتا که‌مه‌!؟. زۆر له‌و که‌ڵه‌ پیاوانه‌ هه‌روا له‌ نێومان دا ماون و ئێستاش دڵیان بۆ ئازادى و سه‌ربه‌ستى وڵاته‌که‌یان لێده‌دات. ئه‌وان گه‌وره‌ن. ئه‌وان شایانى هه‌موو شتێکن. ئه‌وان شایانى ستایشن!. له‌وانه‌یه‌ تۆزێک ناشیرین بێ که‌ یه‌کێک هه‌ستێ خۆى باس له‌ قاره‌مانیه‌تى خۆى بکات و به‌ شان و پیلى خۆى هه‌ڵ بڵێت. به‌ڵام خۆ ئێمه‌ى خامه‌ به‌ ده‌ست ده‌توانین له‌ دووتوێى چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ک گۆشه‌یه‌ک له‌ داستانى بێ کۆتایى ژیانى شۆرشگێریان بنه‌خشێنین. مه‌سه‌لێک هه‌یه‌ ده‌ڵێن: ئێمه‌ ( زیندوو کوژى مردوو په‌ره‌ستین). راست وایه‌، زۆر له‌ خۆشه‌ویستان و نزیکانمان تا لێمان دوور نه‌که‌ونه‌وه‌ یا بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایمان لێ نه‌که‌ن به‌ شێوه‌ى پێویست قه‌دریان ناگرین.
به‌ڵام من رام وایه‌ که‌ به‌راستى ئه‌وه‌ى شایانى ستایش و رێز لێ گرتنه‌ ده‌بێ هه‌تا له‌ ژیان دایه‌ رێزى لێ بگیرێ .ده‌با ئه‌و تلمسه‌ بشکێنین و ئه‌و رۆڵه‌ نه‌به‌ز وخۆراگرانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران ودووژمنان دا زه‌ق بکه‌ینه‌وه‌. یه‌کێک له‌و شۆرشگێره‌ به‌ وه‌جانه‌ى که‌ ناوى بۆته‌ ره‌مزێک بۆ دۆست و دوژمن " حاجى گوڵاوى "یه‌. ناوبراو ساڵى (1333 )ى هه‌تاوى ( 2654)ى کوردى به‌رابه‌ر به‌ ( 1954)ى زایینى له‌ یه‌کێک له‌ گونده‌ قاره‌مان په‌روه‌ره‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانى ناوچه‌ى به‌رى نه‌ڵێن سه‌ر به‌ شارى پیرانشار به‌ ناوى ( هه‌نگه‌وێ ) له‌ دایک بوه‌. کاک حاجى له‌ گه‌ڵ بوژانه‌وه‌ى شۆرشى نوێى حیزبى دێموکراتى کوردستان له‌ ساڵى 79ى زایینى دا، ده‌ستى دایه‌ چه‌کى پڕ له‌ شانازى پێشمه‌رگایه‌تى و وێڕاى رۆڵه‌کانى دیموکرات بوێرانه‌ به‌ گژ شه‌مشه‌مه‌ کوێره‌کانى کۆمارى ئیسلامى داچۆوه‌. کاک حاجى هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى بوونى له‌ نێو ریزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ دا تواناى ده‌ست و تفه‌نگى که‌وته‌ سه‌ر زمانى دۆست و بێگانه‌ و هاوڕێیانى. من ئه‌و ده‌م که‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان بووم زۆر جار ناوم بیستبو و داستانى ئه‌و شۆرشگیره‌م ده‌بیست که‌ زار به‌ زار ده‌گوازرایه‌وه‌ ناو دڵى خه‌ڵک. یه‌کێک ده‌یوت، یادى به‌ خێر تا حاجى گوڵاوى له‌ مه‌نته‌قه‌ بوو عه‌جه‌‌م ده‌یوێرا له‌ کانیاوى کوردستان ئاو بخواته‌وه‌. یه‌کێکى‌تر ده‌یوت: هه‌ر که‌ هه‌واڵى بوونى حاجى گوڵاوى له‌ ناوچه‌ بڵاو بوبایه‌وه‌، ده‌ره‌جه‌داره‌کانى ره‌ژیم مره‌خه‌ستیان( ئیجازه‌) وه‌ر ده‌گرت و له‌ ناوچه‌ دوور ده‌که‌وتنه‌وه‌. ئه‌وه‌ىتریان ده‌یوت: له‌ نێو هێزه‌کانى ره‌ژیم دا شایعه‌ کرابوو که‌، حاجى گوڵاى 4 ده‌ستى هه‌یه‌.!!! ئه‌وانه‌ و سه‌دان داستانى تر...هتد.
به‌راستى که‌ مرۆڤ له‌ ئه‌و داستانانه‌ له‌زارى پیره‌ دایک و باوکان ده‌بیسیت که‌ به‌ چ حه‌ماسه‌ و جورئه‌تێک ده‌یگێرنه‌وه‌ وره‌ى به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ست ده‌کات که‌ قسه‌ى پێیه‌ بۆ کردن له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنان و داگیرکه‌ران دا. من پێش ئه‌وه‌ى کاک حاجى ببینم، زۆر شتى ترم له‌ سه‌ر ئه‌و بیستوه‌ که‌ هێند زۆرن ده‌توانرێن هه‌وێنى رۆمانه‌کان بن.!! خه‌ڵکى ناوچه‌ى مه‌نگورایه‌تى به‌رده‌وام باس له‌ پیاوه‌تى و غیره‌ت و مێهره‌بانى بێ‌وێنه‌ى ئه‌و رۆڵه‌ نه‌به‌زه‌ ده‌که‌ن. حاجى گوڵاوى دار و پچکى کوردستان نه‌ماوه‌ که‌ له‌ گه‌ڵ هاورێیانى به‌ سه‌رى نه‌که‌نه‌وه‌ و حه‌ماسه‌ى تێدا نه‌خوڵقێنن. ناوبراو له‌ ماوه‌ى پێشمه‌رگایه‌تى دا ئه‌وه‌نده‌ بیر تیژ و ده‌ست و برد و کارا بوو که‌ تا پڵه‌ى فه‌رمانده‌ هێزى سه‌رکه‌وت. ئه‌و شۆرشگێره‌ جیا له‌ ناوبانگى بوێرانه‌ و له‌ خۆبردوویى له‌ مه‌یدانى خه‌بات دا، خاوه‌نى ده‌نگێکى هونه‌رى تایبه‌تیشه‌ که‌ ده‌نگى حه‌یرانه‌کانى حاجى گوڵاوى هه‌رده‌م له‌ بن رسته‌کانى ره‌شماڵان دا ساتێک حه‌سانه‌وه‌ى بۆ هاورێیان و شه‌نگه‌ بێریان به‌ دیارى هێناوه‌. ده‌نگى قاسپه‌ى خاسه‌ که‌و له‌ گه‌ڵ شنه‌ى فێنکى سه‌ر ڕۆنو و بۆنى سوێسنه‌ و هه‌ڵاڵى کوێستانه‌کانى بنارى قه‌ندیل و شه‌رگه‌ و هه‌وار باسک و مێرگژان و کانیه‌ زه‌رد و سێکۆ و سپى سه‌نگ، تێکه‌ڵ له‌ گه‌ڵ نه‌واى حه‌یرانى حاجى گوڵاوى چۆته‌ ناو دڵان و بۆته‌ ره‌مزێک بۆ به‌رز بونه‌وه‌ى وره‌ى خه‌ڵکى ناوچه‌ و هه‌ر ئه‌وش بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ قه‌ت شۆرش له‌ نێو دڵى خه‌ڵکى ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌ره‌و کزى ناروا تا وه‌دى هاتنى خه‌ونه‌کان. پاش راگرتنى خه‌باتى چه‌کدارى به‌ هۆى گۆرانى بارودۆخى ناوچه‌ و باشوورى کوردستان، حاجى گوڵاوى که‌ ده‌ستى به‌" ماشه‌ى تفه‌نگ چه‌کاندن" به‌ره‌و رووى دوژمنان را هاتبوون نه‌یتوانى ته‌حه‌مولى بارودۆخه‌ بکات وناچار رووى کرده‌ هه‌نده‌ران هه‌ر وه‌ک زۆر له‌ هه‌واڵانى ترى. ئه‌م ساڵ(2007) له‌ گه‌رانه‌وه‌ى بۆ کوردستاندا چاوم پێى که‌وت و چه‌ند ساتێک به‌ یه‌که‌و دانیشتین و له‌ نزیکه‌وه‌ حاجى گوڵاوى ناو داستانه‌کانم دیت.!! له‌ پێش هه‌موو شتێک دا وتى: دروست یه‌ک رۆژ دواى گه‌رانه‌وه‌م بۆ کوردستان به‌داخه‌وه‌ حیزب دووله‌ت بوو که‌ به‌راستى دڵى هه‌ژاندم و تا راده‌یه‌ک سه‌فه‌ره‌که‌ى لێ ناخۆش کردم. له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا ناوبراو زۆر باسى له‌ گرینگى هه‌بوونى شۆرشگێرى راسته‌قینه‌ له‌ ناو دڵى میلله‌ت دا بۆکردم و چه‌ندین بیره‌وه‌رى سه‌رده‌مى خه‌باتى چه‌کدارى بۆ گێرامه‌وه‌ که‌ به‌ راستى مچورک به‌ له‌ش دادێنێ که‌ باس له‌ خۆى وهاورێیانى ئه‌و سه‌رده‌مى ده‌کات. کاک حاجى له‌ قسه‌کانى دا زۆر باسى له‌ شێوه‌ى هه‌ڵس‌وکه‌وتى شۆرشگێر له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکدا بۆ کردم و وتى: شۆرشگێر ده‌بێ خۆى به‌ خزمه‌تکارى خه‌ڵک بزانێ. ده‌بێ شۆرشگێر به‌نه‌رم ونیانى و له‌ رووى عه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌ له ‌گه‌ڵ خه‌ڵک دا هه‌لس‌وکه‌وت بکات. ئه‌و وتى: بیره‌وه‌رى تاڵ و شیرینم زۆرن که‌ له‌ گه‌ڵ هاورێیان له‌ ناوچه‌ دا ته‌جروبه‌مان کردوون و باسى له‌ شه‌هید بوونى هاورێیانى ده‌کرد له‌ به‌ر چاوى خۆى که‌ شه‌هید بوونى هاورێ ئه‌حمه‌د زه‌ینى به‌ یه‌کێک له‌ تاڵترین بیره‌وه‌ریه‌کانى وه‌سف کرد. کاک حاجى ده‌ڵى: ئه‌شکه‌وت و نوا و دۆڵى ناوچه‌کانى به‌ری‌مێرگان و نه‌ڵێن و ده‌شتى لاجان و مامه‌شایه‌تى و سوێسنایه‌تى و برادۆست و له‌ندى شێخان و سامره‌ند نه‌ماون که‌ نه‌یگه‌ڕێم، له‌ گه‌ڵ هاورێیانم پێ له‌ سه‌رپشتى دایکى نیشتیمان دانه‌نێین. ئێمه‌ که‌ له‌ ماڵێک وه‌ژوور ده‌که‌وتین و ده‌مانویست بۆ چه‌ند ساتێک له‌وێ بحه‌سێینه‌وه‌، ده‌مان دیت که‌ چۆن پێشوازیمان لێ ده‌که‌ن و پێمان راده‌گه‌ن و به‌ دیتنى پێشمه‌رگه‌ خه‌ڵک چاو و دڵى روون ده‌بۆوه‌ هه‌ستمان به‌ گه‌وره‌یى ده‌کرد و به‌ وره‌ى به‌رزتر له‌ جاران خۆمان ساز ده‌کرد بۆ به‌ گژدا چوونه‌وه‌ى دوژمنان. ئه‌و وشه‌ى پیرۆزى پێشمه‌رگه‌ى به‌رز نرخاند و وتى: هه‌ر چه‌ند باس له‌ گه‌وره‌یى ومه‌زنى پێشمه‌رگه‌ بکه‌ى هێشتا که‌مه‌ چۆن پێشمه‌رگه‌ تاقیکرنه‌وه‌ى خۆى داوه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌رچووه‌ و بۆته‌ پشت و په‌ناى خه‌ڵکى کوردستان. ناو براو هیواى خواست که‌ رۆژێک له‌ رۆژان هیوا و ئاواتى بێته‌ دى، وێراى هیوا و ئاواتى هه‌موو رۆڵه‌ شۆرشگێره‌کانى کوردستان. شایانى باسه‌ که‌ کاک حاجى په‌نابه‌رى سیاسى له‌ وڵاتى ئه‌مریکایه‌ و ئێستا به‌رپرسى کۆمیته‌ى حیزبه‌ له‌ شارى " نه‌شویل، ئیاله‌تى ته‌نسى". ئاخیر وته‌ى به‌رێز حاجى گوڵاوى له‌و چاو پێکه‌وتنه‌ دا ئه‌وه‌ بوو که‌ وتى: ئه‌گه‌ر رۆژێک له‌ رۆژان کوردستان( رۆژهه‌ڵات) ئازاد بێ، من وه‌کو جاران بگره‌ به‌ وره‌ى به‌رزتریش هه‌ر له‌ گۆره‌پانى شۆرش دام و هه‌موو ئامریکام به‌ مۆر و قه‌باڵه‌وه‌ بده‌نێ به‌ ئازادى کوردستانى ناده‌م.

Heja_mangor@yahoo.com

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.