Ö:: حاجی له‌ق له‌قی سه‌ر مناره‌كه‌ ...!!!

نووسینی: خالید شه‌یدا

حاجی له‌ق له‌قی سه‌ر مناره‌كه‌ ...!!!
ئه‌و كاته‌ی هه‌ندێ چیرۆكی مناڵانم ده‌خوێنده‌وه‌، یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ چیرۆكی حاجی له‌ق له‌ق بوو ..، یه‌كسه‌ر حاجی له‌ق له‌قه‌كه‌ی هه‌ولێرم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی له‌ سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وتی خانه‌قا هێلانه‌ی خۆی چێكرد بوو، هه‌موو جارێ كه‌ ده‌چووم ڕۆژنامه‌یه‌ك بكرم له‌ مه‌كته‌به‌كه‌ی ته‌ئمین لای بازاری شێخه‌للا سه‌یری حاجی له‌ق له‌قه‌كه‌م ده‌كرد، كاتێ مه‌لای مزگه‌وت بانگی عه‌سرانی ده‌دا ئه‌ویش دنووكه‌كانی به‌ یكداده‌دا، یه‌كێك له‌ هاوڕیه‌كانم له‌گه‌ڵم دابوو ده‌گووت ده‌زانی حاجی له‌ق له‌ق بۆ دنووكه‌كانی لێك ده‌دا و ڕووی له ‌ئاسمان ده‌كات، منیش پێم ده‌ووت بۆ .... ئاده‌ی با بزانم، هاوڕیه‌كه‌شم ده‌یووت ئه‌وه‌ دوعا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تی ئه‌م شاره‌ له‌ نه‌هامه‌تی بپارێزرێ... ماشه‌للا حاجی له‌ق له‌قێكی عاقل بوو، هه‌موو جارێ له‌ شه‌قی باڵی ده‌دا و هه‌ڵده‌فڕێ به‌ سه‌ر پیره‌ شاره‌كه‌ی هه‌ولێردا ده‌گه‌را ،به‌ دێژایی ساڵیش هه‌ر له‌وێ جێنشین نه‌بوو به‌ڵكوو كوێستان و گه‌رمیانی ده‌كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌ی كه‌ تووشی گه‌لی كورد هاتبوو خوا ئه‌وانه‌ له‌ ناوبه‌رێ كه‌ چۆن هێلانه‌یان وێران كرد و له‌ شه‌ره‌ نه‌گریسه‌كه‌ی برا كوژی گولله‌ بارانیان كرد و خه‌ڵتانی خوێنیان كرد حاجی له‌ق له‌قیان شه‌هید كرد، به‌ ڕاستی تاوانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو له‌ حاجی له‌ق له‌قیان كرد، ئه‌و حاجی له‌ق له‌قه‌ بێتاوان و به‌سته‌زمانه‌یان كوشت، خۆ گوناهی بۆ كه‌س نه‌بوو، خۆ زیانیش به‌ كه‌س نه‌گه‌یاند بوو ،بۆ خۆی ماڵێكی له‌ سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وت چێكرد بوو دیمه‌نی شاره‌كه‌ی جوان كرد بوو خه‌ڵكی شاره‌كه‌ زۆر خۆشیان ده‌ویست، حه‌زم ده‌كرد ئه‌و ده‌می ڕێكخراوێكی داكۆكیكه‌ر له‌ مافی پاراستنی په‌له‌وه‌ر له‌ كوردستان هه‌بوایه‌ تاكوو بكوژانی شه‌هید حاجی له‌ق له‌قیان ڕووبه‌رووی دادگا كردبایه‌وه‌ و سزایان دابان، ئه‌وه‌ به‌ ڕاستی شتێكی زۆ پیرۆز بوو، به‌ڵام كه‌ی یاسا له‌ ووڵاتی ئێمه‌ هه‌بووه‌ و..!! ده‌بێت...!!؟ فه‌رموون سه‌یركه‌ن ڕۆژانه‌ به‌ سه‌ده‌ها مرۆڤی بێتاوان له‌ ناو ده‌چێ و ده‌كوژرێ هیچ حیسابێكیان بۆ ناكرێ تاوانبارانیش ڕووبه‌رووی دادگا ناكه‌نه‌وه‌ تاكوو به‌ سزای خۆیان بگه‌ن، جا كه‌ی له‌ ووڵاتی ئێمه‌ ڕێز له‌ مرۆڤ ده‌گیرێ هه‌تاكوو رێز له‌ په‌له‌وه‌ر و گیانه‌وه‌ر بگیرێ خۆزگه‌ له‌ ووڵاتی ئێمه‌ش دا ڕێكخراوێكی جیهانی دابنرابا و ده‌ست به‌كار با بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی گشت گیانه‌وه‌ر و په‌له‌وه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان له‌ مه‌ترسی بپارێزرێت .

07.03.06

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.