Ö:: خویندنه‌وه‌یه‌کی نوێی نامه‌ی 87 خویندکار

نووسینی: برایم جەهانگیری

خویندنه‌وه‌یه‌کی نوێی نامه‌ی 87 خویندکار
چەند رۆژ لەمەو بەر نامەیەک لە ژێر ناوێ " نامه‌ی‌ 87 خوێندكاری‌ كورد له‌ زانكۆكانی‌ ئێران بۆ سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران " بلاو بۆوە و منیش وەک کەسێک لەو کۆمەلگا پر کێشەو هەرایەی کوردەواری دا چەند دێرێک بۆ چوونی خۆمم لەسەر نووسی و لەراستیش دا تەنیا بۆ ئەوەی کێشەکان جارێکی دیکە توند و تیژ نەبنەوە زۆر نەچوومە نێو قووڵایی بابەتەکەوە،هەر بۆیە
 زۆر بە کورتی چەند سەرەنجیکم لە سەر نووسی، کەچی بەرێزێک بە نێوی کامەران رەسوولی لە مالپەری حەمید و مالپەری پێشمەرگەکان دا لە ژێر ناوی "ولامێک بۆ برایم جەهانگیری" دا کۆمەلێ تانە و تەشەری لەپال یەک داناون و وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌و نووسینه‌ ترسێکی لێ نێشتبێ یان سڕێکی لێ ئاشکرا بووبێ هاواری لێ بلیند بووه و"‌ شه‌لم کوێرم‌ هێچ نابوێرم" چی له‌ دلی داهه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌من هه‌لی رشتووه‌. دیاره‌ هه‌ر ئه‌و نووسینه‌ منی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ که‌ هێندێ له‌ که‌مو کورتییه‌کانی دیکه‌ی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ باس بکه‌م و ئەمجار زیاتر لە سەر نامەی 87 خوێندکار برۆم و ئەو بەرێزەش دلنیا دەکەمەوە بە هیچ جۆرێ مه‌به‌ستم له‌و نووسینه‌ ولامی هیچ کام لە تانەو تەشەرەکانی ئه‌و نییە به‌ ته‌ما نیم ولامیشی بده‌مه‌وه‌.چوونکه‌ ئه‌ساسه‌ن من کێشه‌یه‌کم ده‌گه‌ل هیچ مرۆڤێکی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر له‌و باره‌وه‌ شتێک له‌ ئارا دا هه‌بێ ، ئه‌وا جیاوازی بیرو بۆچوونه‌ و به‌س.

روون و ئاشکرایه‌ که‌ لە نوسراوەکەی پێشووم دا من زۆر بە راشکاوی گوتوومە کە ئەو نامەیە شانۆ نامەیە و دەسکردە و کۆمەلی خوێندکاریش بە گشتی ناتوانێ له‌ لایه‌ن کۆمه‌لی خوێندکارییه‌وه‌ شتێکی لەم بابەتە بنووسێ،و لە راستی دا ئەگەر بە دیدێکی واقێعی و مه‌نتیقی بروانینە مەسەلەکه‌ دەکرا ئەگەر ئەو نامەیە لە لایەن ئەو 87 کەسە و لە لایەن کۆمەلی خوێندکارییەوە دەنووسراو دەنێردرا لانی کەم بکوترایە لە لایەن بەشیک لە کۆمەلی خوێندکاریەوە نووسراوه‌!چوونکە نەتەنیا87 کەس بەلکوو 870 کەسیش ناتوانێ لە لایەن کۆمەلی خوێندکارییەوە نامەیەکی لەم چەشنە بنووسێ و بە نوێنەرایەتی لە کۆمەلێ خوێندکارییەوە تەنیا کۆنگرەی 13 بە مەشروع بزانێ و پشت گیری لە رێبەرایەتی هەلبژیراوی کۆنگرەی 13بکا! ئایا لە کوردستان دا هەر تەنیا ئەو دووبالەی حیزبی دیمۆکرات هەن کە کۆمەلی خوێندکاری یەکیان بە شۆرشگێر و ئەوی دیکەیان بە ناشۆرشگێر بزانێ و بەم چەشنە باسێان بکەن: هێندێ‌ له‌ رێبه‌رانی‌ حیزب بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ فیكری‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ میكانیزمێكی‌ باشتر دابن، رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ دیارده‌ی‌ دزێو‌و ناشیرینی‌ وه‌ك (جه‌ناح ‌و جه‌ناح بازی‌، ناوچه‌گه‌رایی‌‌و ... له‌ نێو ریزه‌كانی‌ حیزب دا ته‌قویه‌ت ده‌كراو رێبه‌رانی‌ حیزب، دوژمنی‌ ئه‌سڵی‌و موبارزه‌ی‌ راسته‌قینه‌یان له‌بیر كردبوو تا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ ئیستڵاح (ناودارانی‌ حیزب) حیزبیان تووشی ئینشعابێكی‌ دی كرد. 

کێن ئەوانەی جەناح و جەناح بازییان کردووە؟ ناوچەگەراییان دەحیزب دا پەرە پێداوە؟ئایا 87 کەس کۆمەلێ خوێندکاری بۆ بە راشکاوێ رەخنە ناگرێ ونالێ کێن ئەوانەی جەناح و جەناح بازییان کردووەو؟کێین ئەوانەی ناوچەگەراییان پەرە پیداوە و حیزبییان تووشی ئەم رۆژە کردووە؟ بەلام دەتوانێ بڵیێ :  تا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ ئیستڵاح (ناودارانی‌ حیزب) حیزبیان تووشی ئینشعابێكی‌ دی كرد؟کۆمەلێ خوێندکاری ناتوانێ و نابێ ئه‌و حه‌قه‌ به‌ خۆی بدا که‌ وا بە راشکاوی دیفاع لە لایەنێک بکاو لایەنەکەی دیکە وا پێناسە بکات! دیارە دەکرێ بەشیک لە کۆمەلی خوێندکاری راو بۆچوونی وابێ و دەگەل هاورێیانی به‌رێز کاک مستەفا هیجرێ و باقی دۆستانی دیکە دابێ وبە دلنیاییەوە هەر وایە و بەشیک لەو کۆمەلگایە دەگەل ئەو بەرێزانە دایە و ئه‌و کاره‌ش نه‌ تاوانه‌ و هیچ عه‌بێکی ‌هه‌یه‌  به‌لکوو مافی به‌ی ئه‌م لاو ئه‌ولای هه‌موو که‌سه‌ که‌ چۆن بیر بکاته‌وه‌ و له‌گه‌ل کام بیروکه‌و سیاسه‌ت دابێ،بەلام ئه‌م لایه‌نه‌ ناکرێ ناوی کۆمەلگای خوێندکاری بێ؟! دیارە ئەگەر ئەو نامەیە کە بەم شێوەیەی دیفاع لە  رێبەرایەتی کۆنگرەی 13 دەکات هەر بەم جۆرەش دیفاعی لە هاورێیانی ئیمە و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان واتە ئەو چەند نەفەرەی بە وتەی کۆمەلی خوێندکاری لە حیزب "دەرچوون" کردبایە من هەر ئەو بۆ چوونەم دەبوو کە ئێستا هەمە و تەواو دژی ئەو نامەیە دەبووم، ئەو کەسانەی دیفاع لە نامەیەکی لەم چەشنە دەکەن نە تەنیا هیچ خزمەتێک بە بزووتنەوەی خوێندکاری ناکەن بەلکوو بە دلنیاییەوە زەبری کارگەری لە جەستەی دەدەن.  ئێمە دەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە نە لە کوردستان دا و نە لە ناو بزووتنەوەی خوێندکاری دا تاکە مەیدان دار و تاکە سوار نین بەلکوو خەلکانی دیکەش هەن کە رەنگە هیچ کام لەم دوو بالەی حیزبییان هەرقەبوول نەبێ و ئەوانیش لەبەشیکی کۆمەلگای خویندکاری دا وه‌ک به‌شه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌لگای کورده‌واری خاوەن دەنگن ! کە وایە پرسیارێک لیرە دا دیتە ئاراوە کە چونە بە ناوێ کۆمەلی خوێندکارییەوە نامەیەکی لەم چەشنە دەنووسرێ و بۆ سەرکردایەتی حیزب دەنێردری کە بەتەواوی دیفاع لە لایەنێکی مەسەلەکە دەکات و ئەوی تریش بە تاوانبار و ناوچە گەراو .................. شتی لەم بابەتە تۆمەت بار دەکات.

دیارە بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی بەرێز کامەران رەسوولی من ماوەیەکی زۆر لە نزیکەوە دەگەل بزووتنەوە و کۆرو کۆمەلی خویندکاری و رووناکبیری لە کوردستان دا ئاشنا بووم و هەستاوم و دانێشتووم، هەر بۆیەش بە دلنیاییه‌وه‌ دەزانم که‌ ئەو نامەیە رەنگە بۆچوونی بەشیکی کۆمەلگای خوێندکاری دەگەل بێ بەلام ناتوانێ روانگەی گشتی کۆمەلی خویندکاری کوردستان بێ. ئەو قسەیە بەو مانایە نییە کە من باوەرم بە کۆمەلی خوێندکاری نەبێ و ئەوان بەکەم بگرم بەلکوو بە دلنیاییەوە بە هێز ترین جوولانەوەی ئەمرۆکە لە کوردستان دا جوولانەوەی خویندکاری و رووناکبیرییە، هه‌ر به‌و ده‌لیله‌ش من پێم سەیرە که‌ لە ناو 87 کەس خویندکاری ئاگای زانکۆ دا کەس ئەو  پرسیارانه‌ی لە بەرێز سکرتێری گشتی حیزب نەکردووە :

1- حیزبێ دێمۆکرات لە سەر کام ئەساس و بنچینەو لە سەر کام رێککەوتن بەیاننامەی هاوبەشی دەگەل" پان ایرانیست"_ە کان بڵاو کردەوە ؟ ئەگەر خوا خیر ونەزەری" پان ایرانیست"_ەکان له‌ژێر کارتێکردنی سه‌رکردایه‌تی حیزب گۆراوە و دانیان بە مافی گەلی کورد دا ناوە ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە وده‌بێ خەلکی کوردستان لێی ئاگادار بێت، ئەگەر نا چۆن و بە کام پێوەر و پێوانە دەگەل رەگەز پەرەستترین و قین لە دل ترین کەسانی بەرامبەر بە کوردو کوردستان بێ هیچ رێککەوتنێک بەیانی هاو بەش بلاو دەکرێتەوە؟

2-" نامەی نەزمی ئەفشار" ئەو ناوە بۆتە زاراوەیەکی ئاشنا و هەر کە باسی نەزمی بکەی راست مرۆڤ وەبیر ئەو کەسە دەکەوێ کە هەلبژاردنی سفەتی رەگەز پەرەست بۆ ئەو گەلێ کەم و بێ ناوەرۆکە، ئاغای نەزمی ئەفشار لەو نامەیە دا لە جەغزی رەگەز پەرەستی دەترازێ و دەبێتە فکرو فەلسەفەی داگیرکاری، دەبێتە هەوێنی بیرۆکەی داگیر کردنی کوردستان لەو ناو گەلی تورک دا،ئەو بیرۆکەیە چەندە بۆ ئێمە هەرەشەو گورەشەیە و خەتەرناکە دوو ئەوەندە بۆ برایانی تورک لە داهاتوو دا دەردسەر ساز دەبێ،بەلام نامەکەی بەرێز کاک مستەفا هیجری و لە راستی دا ولامە یەکجار سادەو ساکارەکەی بۆ ئاغای نه‌زمی ئه‌فشار، ناوبراوی وەها تۆندو تیژ کردووە کە لەم دواییانە داو لە وتو وێژ دەگەل رۆژنامە نووس خالید محەمەد زادە دا لە جاران زیاتر هێرش دەکاتە سەر سمکۆ و بارزانی و ئالا و نەخشەی کوردستان، و لە بەشێکی ولامی پرسیاری کاک خالید دا کە دەپرسێ زۆرێك له‌و ناوچانه‌ی‌ ئێوه‌ به‌ ئازه‌ربایجانی‌ ده‌ناسێنن له‌لای‌ كورده‌كان به‌ به‌شێكی‌ بێ‌ ئه‌ملاوئه‌ولای‌ كوردستان ده‌زانرێ‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌رنامه‌ی‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كاندا گونجێنراوه‌، ئێوه‌ رێبه‌رانی‌ سیاسی‌ ئازه‌ربایجان چ به‌رنامه‌ێكتان بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م واقعییه‌ته‌ جوغرافیایی‌ و مێژوویی‌ و مرۆیی‌یه‌ هه‌یه‌؟ دەلێ :

 ........ وڵامی‌ بوێرانه‌ و سادقانه‌ی‌ جه‌نابی‌ مسته‌فا هیجری‌، سكرتێری‌ به‌رێزی‌ حیزبی‌ دیمۆكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ نامه‌كه‌ی‌ من، ره‌نگه‌ ته‌نیا به‌ڵگه‌ی‌ دیپلۆماتیك و لۆژیكی‌ له‌ لایه‌ن حیزبێكی‌ فه‌رمی‌ كوردستان له‌م سه‌رده‌مانه‌ی‌ دواییدا بێ‌. ده‌ره‌نجام وه‌رگرتن و هه‌ڵێنجانێك كه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجان له‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ تێكه‌ڵ به‌ پارادۆكسه‌ی‌ كه‌ رێبه‌رانی‌ كورد ده‌یكه‌ن (واتا هه‌ڵسوكه‌وتی‌ شیاو و دیپلۆماتیك له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و وڵاتانی‌ ده‌وری‌ جیهان و، هه‌ڵس‌وكه‌وتی‌ دوژمنانه‌ و زێده‌خوازییانه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجان و نه‌ته‌وه‌كانی‌ ده‌ورووبه‌ر) ئه‌مه‌یه‌ كه‌ كورده‌كان دیپلۆماسی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئامریكا و ئۆرووپا و هتد،  ده‌یانهه‌وێ‌ له‌ راستای‌ هه‌مان هه‌ڵسوكه‌وتی‌ دوژمنانه‌ و زێده‌خوازانه‌ دژی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجان به‌ كار بێنن و ئه‌گینا چ ده‌لیلێكی‌ هه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجان له‌ سه‌ره‌تایی‌ ترین مافه‌ مرۆییه‌كانی‌ خۆی‌ بێبه‌ش و هاوده‌ردی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجانه‌، به‌ جێگه‌ی‌ یه‌كیه‌تیی‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجان، نه‌خشه‌ی‌ ده‌ستكردی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌، له‌ خاكی‌ مێژوویی‌ ئه‌وان دا و، له‌ دژی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانی‌ سازكردوه‌ و چاره‌نووسی‌ خۆی‌ له‌ چاره‌نووسی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ئازه‌ربایجان جوێ‌ ده‌كاته‌وه‌.

ئا لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەو کۆمەلە 87 کەسییە بۆ یەکیان ولامی ئەو پرسیارەی بە شێوەی شەفاف! لە کاک مستەفا نەویستەوە؟ ئایا من هەقم نییە بلێم ئەگەر ئەوە نامەی کۆمەلی خوێندکاری کوردستان بێ کارەساتە؟ ئایا کاک کامران رەسوولی لەجیاتی دەگەل من هاو بیرورا بێ تەنیا بەو دەلیلە کە بەرێزیان نامەکەی گەیاندۆتە دەست رێبەری حیزبی دێمۆکرات دەبێ چاو لە کەمو کوورییەکانی نامەکە بپۆشی و هەر بە چەپلەو ئافەرین جارێکی دیکەش و کارەساتێکی دیکه‌ تووشی جوولانەوەی رزگاریخوازی کوردستان بکەن؟ ئەگەرچی ئەو هەقی خۆیەتی نەک لە راست ئەو نامەیە بەلکوو لە راست زۆر شتی دیکەش چاو بقوچینێ، بەلام نابێ ئەو داوایە لە من بکات کە منیش وەک ئەو لەراست نا حەقییەکان بێدەنگ بم یان هەر هەمان بۆچوونم هەبێ کە ئەو لە سەر ناوەرۆکی نامەکەی "87 که‌س کۆمه‌لی خوێندکاری" هەیەتی؟ ئایا تا ئێستا بیر لەو قسەیەی نەزمی ئەفشار کراوەتەوە کە چۆن نامەی سکرتیری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە دەولامی نامەیەکی ئاقای نەزمی ئەفشار داو لە کاتی خۆی دا نووسراوە دەکاتە یەکەم بەلگەی دیپلۆماتیک کە لە لایەن حیزبێکی رەسمی کوردستانی و سەبارەت بە خاکی کوردستان سنووری جوغرافییایی کوردستان بۆ ئەو ناردراوە؟ ئایا سبەی رۆژێ  ولە کاتی سەر هەلدانی کێشەکان دەگەل کەسانی وەک ئاغای نەزمی ئەفشار سەبارەت بە خاکی کوردستان من دەبێ شەرم دامبگرێ یان ئەو کەسانەی لەراست ئەو هەلەو هەلە کارییانە بێدەنگی هەلدەبژیرن و لەوەش بەو لاوەتر دەیان هەوێ خەلکانی دیکەش لە راست ئەو مەسەلەیە بیدەنگ بکەن!

3 ـ بۆچی ئەو دۆستە خۆشەویستانە ئەو پرسیارەیان لە سەرکردایەتی حیزب بە گشتی نەکرد کە لەدوای کۆنگرەی 13، لە سەر نووسین و رەخنە گرتن لە تێکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستان سەبارەت بە قەبوول نەکردنی ئالو گۆر لە ناو حیزب داو هاو کات هێنانە گۆری پێشنیاری عەمەلی و بە کەلک، لەجیاتی بە خۆداچوونەوە و قەبوولی رەخنەکان، دەستیان کرد بە هەلپەساردن و گوشار خستنە سەر قەلەم بەدەستان و رووناکبیرانی ناو حیزب، دەستیان کرد بە پاکتاو کردن و تەسفییەی خەلکانی جودا بیر؟ ئایا کۆمەلی خوێندکاری خۆی یەکێک لە شێلگیرترین خوازیارانی رێفۆرم و گۆران نین و هەردەم لە سەفی پێشەوەی پاریزاران و داکۆکی کارانی ئازادی رادەربرین و ئازادی قەلەم نەبوون؟ ئەگەر وایە کە من گومانم لە پوزیتیف بوونی ولامی ئەم پرسیارە دا نییە، بۆ کەسێ ئەو پرسیارانەی ئاراستەی رێبەری حیزب نەکرد کە بەکام یاسای دیمۆکراتیک و بەکام پیوەری ئازادیخوازانە دەستتان کردووە بە دەرکردن و هەلپەساردن وتەسفییە کردن؟ بۆ کەسێک لەو 87 کەسە ئەو پرسیارەی لە رێبەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان نەکردکە بەکام هەق حیزبیان کردۆتە ملکی تایبەتی و بە کەیفی خۆیان و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و بۆ پاکانه‌ حه‌سێوی شه‌خسی وەک ئەبزار کەلکی لێوەر دەگرن؟

پاشان ئەوەی کە لای من سەبارەت بەو نامەیە گومانی ئەوەی دروست کردووە کەلە لایەن خویندکارانەوە نووسرابێت ئەوەیە کە ئەدەبیاتی ئەو نامەیە هەمان ئەدەبیاتی و تەبلیغاتی ماوەی رابردووی لایەنی بەرێز کاک مستەفا هیجری‌یە، تەنانەت کۆتایی نامەکەش دیسان چەند پاتە بوونەوەی ئەو وشه‌ سواو و بێکه‌لکانه‌ن که‌ ته‌نیا له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و هاورێیانه‌ دا نه‌بێ له‌ هیج کۆرو کۆمه‌ل و هێزێکی سیاسی کوردستانی و ئێرانی نابیندرێ.

ده‌عوه‌تی‌ شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ له‌و كادیر‌و پێشمه‌رگانه‌ كه‌ ده‌رچوون، تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نێو حیزب (ئه‌وانه‌ی‌ نه‌گڕێنه‌وه‌ كه‌ تووشی‌ بێ‌حورمه‌تی‌ یان سووكایه‌تی‌ ‌و به‌ حیزب و رێبه‌رایه‌تیی‌ گه‌لی‌ كورد بوون).

ئەوە دە حالیک دایە کە حیزبێ دیمۆکراتی کوردستان واتە ئەو کادرو پێشمەرگانەی کە بە قەولی 87 کەس  "دەرچوون" ماوەی چەند مانگە زۆر بە جیدی هەموو هەولی خۆیان خستۆتە کار بۆ بووژاندنەوەو رێکخستنی تەشکیلاتەکانی حیزبی و لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی ولاتیش تێکۆشانی گەلێ بەرچاویان هەیە،حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بێ ئەوەی خۆی بە کێشە لاوەکییەکانەوە خەرێک بکات زۆر بە جیددی دە هەولی خۆ ئامادەکردن دایە بۆ بەرەنگار بوونەوە دەگەل دوژمنانی گەلی کوردستان دا. بەلام هەر بۆ ئاگاداری بەرێز کامران رەسوولی دەبێ بلێم کە دنیاکە ئیستا وای بەسەر هاتووە کە هەرکەس 2 دێری  سەبارەت بە مەسەلە سیاسییەکان نووسی با خۆشی نەلێ کێیەو سەر بە کام پارت و لایەنی سیاسییە زۆر بە هاسانی دەر دەکەوی کە لایەنگری لە کێ دەکات ودەگەل کام بیرو بۆچوونە، لەلای ئیمەش هەر وایە ئەوانەی بە ئەدەبیاتی لایەنی بەرامبەر دەنووسن و شت بلاو دەکەنەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە دەگەل ئەو هاورێیانەن، ئەگەر بە ئەدەبیاتی ئێمەش قسە بکەن ئەوا دەگەل ئێمەن. من تەنیا یەک نموونەی بچووک دێنمەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرێزە بزانێ ئیدی ئەمرۆکە خەلک لەوە وشیارترە کە نەزانێ ئەوەی بە حیزب دەلی لەت بووە دەگەل کێیەو ئەوەی دەلێ چەند کەسێک چوون دەگەڵ کێ؟ دیارە وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد دیفاع کردن لە هەرلایەن و حێزبێکی سیاسی هەقی بێ ئەم لاو ئەو لای هەر مرۆڤێکە و کەس ناتوانێ ئەم هەقە لە کەس زەوت بکات، بەلام خۆزگە ئەم دیفاع کردنە بێ پەردە و بێ شانۆگەری با. هیوا دارم ئەوانەی کە باس لە چونییەتی ره‌خنه‌ گرتن و زانستی ره‌خنه‌گرتن دەکەن و خەلکی نەسیحەت دەکەن برێک لە شیوەی ئەدەبیات ودیالۆگی بەسیجییەکان مەوودا بگرن و بە هێمنی و بێ دروشم دان بکەونە گفتگۆیەکی سالم و شارستانییەوە،لەجیاتی ئەو رستە تەشەر ئامێزەی ئادام ئیسمیت کە ئەساسەن بۆ باسیکی رەوانناسانە بە کار هاتووە ئەو رستەی ڤۆلدیر وەبیر خۆیان بێننەوە کە دەلێ:"من ئامادەم گیانیشم  بخەمە مەترسییەوە تەنیا بۆ ئەوەی تۆ بتوانی باوەرەکەی خۆت کە دژی باوەرەکەی منە دەر ببری".

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.