Ö:: ئه‌حمه‌د ... کتێبخانه‌ی ته‌ئمیم

نووسینی: فــه‌هـــد گــــرده‌وانــی

ئه‌حمه‌د ... کتێبخانه‌ی ته‌ئمیم
خه‌ڵکی هه‌ولێر به‌ گشتی و خوێنده‌وارانی به‌ تایبه‌تی، قه‌رزداری برایانی [کتێبخانه‌ی ته‌ئمیم]ن. برایان {جومعه، ئه‌حمه‌د، ئازاد، موزه‌فه‌ر، موخلیس، ئه‌وانه‌ی تر گه‌لێک بچوک بوون و جار جاره‌ ده‌هاتنه‌ کتێبخانه‌ و ئێستاکه‌ ناویانم له ‌بیر نه‌ماوه‌} خاوه‌نی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌ بوون. برایانی خاوه‌نی کتێبخانه‌ی ته‌ئمیم، له‌ ده‌ڤه‌ری [بادینان]ه‌وه‌، هاتبوونه‌ پیره‌ هه‌ولێرێ بۆ کاروئیش کردن. ئه‌و کاته‌ له‌ گه‌ڕه‌کی [گلکه‌ند]ی ده‌ژیان و له‌به‌رده‌م یانه‌ی [نادی] فه‌رمانبه‌ران له‌ نزیک بانقی رافیدین، دوکانێکیان له‌ داری دروست کرد و رۆژنامه‌ و گۆڤار و کتێب و که‌ل‌وپه‌لی قوتابخانه ‌[قه‌ڵه‌م {پێنووس} و ده‌فته‌ر {په‌ڕاو} و قه‌ڵه‌متراش و که‌ل‌وپه‌لی وانه‌ی ئه‌ندازه‌ و راسته‌ و ره‌شکه‌ره‌وه‌ و ... هتد] ده‌فرۆشت، دوایی مه‌کینه‌یه‌کیشیان هێناو هه‌ویه [ناسنامه‌]‌یان که‌پس ده‌کرد. پاشان که‌ کاروباریان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ رۆیشت و خه‌ڵکی به‌ گشتی رویان تێکردن، ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ نووسه‌ران درێژ کرد و له‌ سه‌ر ئه‌رکی خۆیان، به‌رهه‌میان بۆ چاپ ده‌کردن و په‌خش و بڵاویان ده‌کرده‌وه‌. نزیکه‌ی مانگێک له‌مه‌وبه‌ر، هه‌واڵی کۆچی دوایی ئه‌حمه‌دیان پێڕاگه‌یاندم. گوایه‌ به‌ نه‌خۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووه‌. له‌ دڵه‌وه‌ ناره‌حه‌ت بووم، حه‌زم نه‌ده‌کرد باوه‌ڕ به‌خۆم بکه‌م و هه‌واڵه‌که‌ به‌ راستی دابنێم. هه‌تا له‌گه‌ڵ ئیسماعیل به‌رزنجی قسه‌م کرد و خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆمان هه‌ڵڕشت و گه‌لێک یادگاری شیرین و تاڵی ئه‌و زه‌مانه‌ و برایانی کتێبخانه‌ به‌ گشتی و هاوڕێم ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تی مان باس کرد. سه‌رده‌می دڕه‌نده‌یی رژێمی به‌عسی فاشی تاقه‌ ئه‌درێسی من بۆ ره‌وانه‌کردنی نامه‌ بۆ هاوڕێ یان و جارجاره‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ئه‌و کتێبخانه‌یه‌ بوو، هه‌تا تێکدرا و یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش نه‌ما. له‌ناو ئه‌و یادگاریانه‌ باسی ئه‌و وێنه‌ یه‌ جوانه‌ی ئه‌حمه‌دم کرد که‌ چۆن له‌لام پارێزرا وه‌ و به‌ناز و جوان له‌ ئه‌لبوومی وێنه‌کان پاراستوومه‌ و به‌ین نابه‌ین بۆ یادکردنه‌وه‌ی دۆستان و براده‌رانم ده‌یانهێنمه‌ گۆ و له‌گه‌ڵیان ده‌دوێم.له‌و کاته‌دا ئیسماعیل داوای لێکردم بۆی بنێرم بۆ ئه‌وه‌ی له‌لای بمێنیته‌وه‌ ،به‌ڵام گووتم سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری پرسه‌ی ئه‌حمه‌دم کردبێ و وه‌کو وه‌فاداری یه‌کیش ئه‌وا نووسینێک ده‌نووسم و پاشان وێنه‌که‌ش بڵاوده‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵکو برایانی ئازیزم جومعه ‌وئازاد و موزه‌فه‌ر و موخلیس و ئه‌وانه‌ی تر لێم رازی ببن و بزانن که‌ قه‌ت و قه‌ت ئه‌و وه‌فاداری یه‌یان بۆ ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی کوردی و زحمه‌تیان بۆ پیرۆزی ووشه‌ی کوردی له‌بیر هاوڕێ یان و دۆستانیان نه‌چۆته‌وه‌. هه‌زار چه‌پکه‌ گوڵیش بۆ سه‌رگۆڕی ئه‌حمه‌دی برا.

نووسینی: فــه‌هـــد گــــرده‌وانــی 4/3/2007 ستۆکهۆڵم

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.