Ö:: ئه‌و منداڵه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌قه‌ت دروست ده‌کات

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

جوانترین و نازدارترین و شیرینترین ناز.. نازی منداڵی یه‌ و کاریگه‌ری به‌سه‌ر گه‌وره‌یی یه‌وه‌ ده‌مێنێ زانست و په‌روه‌رده‌ کردنێکی هه‌ره‌ مۆدێرنی دایک و باوکانه‌ بۆ منداڵه‌کانیان که‌ به‌گه‌وره‌بوونێکی سروشتیانه‌ داده‌نرێت و هێمنی و ژیری منداڵانی پێوه‌ دیارو به‌نده‌.
چی له‌ دنیای ئه‌وه‌ خۆشتره که‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌مه‌نه‌کاندا به‌خته‌وه‌ری یه‌کانی ژیان هاوه‌ڵت بن و هه‌ر کاره‌و حه‌زو ئاره‌زویه‌ک که‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ندا ده‌گونجێ ببێت.. ده‌سه‌ڵاتیش وه‌کو باوکێک ده‌ستت بگرێ تا حاڵی ده‌بیت له‌ ژیان و ده‌که‌ویته‌ سه‌رپێی خۆت وه‌کو زۆربه‌ی ووڵاته‌ ڕۆژئاوایی یه‌کان . به‌ڵام له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نه‌ک باوک به‌ڵکو باوه‌پیاره‌ش نابینین به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ گرنگه‌ که‌ مرۆڤ چاوه‌ڕێی کێ بکات که‌ کارێکی مرۆیی بکات له‌م ناوچه‌یه‌؟. یان ئه‌وه‌تا ده‌ستی لێ بشۆین و بڵێین هه‌رگیز خه‌ونه‌ ئاده‌می یه‌کان نایه‌نه‌ دی له‌م ئه‌ستێره‌ شه‌ق و شڕو بێ یاسایه‌ی له‌م  ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌دا. ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر خه‌می خۆیه‌تی و زۆربه‌ی ووڵاته‌ کۆماری یه‌کان وه‌ک و سیستمی پاشایه‌تی دووای نه‌مانی سه‌رکرده‌و مردنیان کورسی یه‌که‌یان بۆ کوڕه‌کانیان داده‌نێن و به‌جێدێڵن، گرنگ خۆیان و سوچه‌رو ده‌وروبه‌ریان و ماستاوچی یه‌کانیان سه‌لامه‌ت بن ئیدی گه‌وره‌و منداڵی خه‌ڵکی با ئاو بیبات. ‌گرنگ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی ده‌سه‌ڵات سه‌لامه‌ت بێت ئیدی هه‌ژارانی ووڵات چۆن ده‌مرن با بمرن..!. ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ ئه‌خوات له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا بۆیه‌ هه‌تا ئێستاش که‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌ سیستمی هه‌ڵبژاردن له‌م ناوچه‌یه‌ بوونی نی یه‌، ته‌نها هێزو سه‌رمایه‌ سه‌رچاوه‌ی   به‌ڕێوه‌بردنه‌و هه‌تا ئێستاش به‌ ووڵاتانی شێخ و هۆزو ده‌ره‌به‌گ و مه‌لاو ته‌کیه‌و... هتد ناوده‌برێت. جا چۆن مافی منداڵ یان ئافره‌تان یان مرۆڤ بوونی ده‌بێت له‌ناو ئه‌و هه‌موو ناحاڵی یه‌دا.؟. که‌ زیاتر له‌ چوار سه‌ده‌یه‌ ئه‌م مۆدێلی مشه‌خۆری یه‌ باوی نه‌ماوه‌ له‌ نێوه‌ندی ووڵات و میلله‌ته‌ پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان. دێینه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ بنچینه‌یی یه‌که‌ که‌ مه‌به‌ستمانه‌ باسی لێوه‌ بکه‌ین و شتێکیش بده‌ین به‌گوێی ده‌سه‌ڵاتدا : 

ئه‌و منداڵه‌ی سبه‌ینێ ده‌بێته‌ به‌رهه‌ڵستکار ژینی ئه‌مڕۆی جیهانێکی تاڵ و تفت و ساردو سڕی‌ بێ سه‌رپه‌رشت و بێ به‌رنامه‌یه‌ ڕێی برسێتی پیاده‌ ده‌کاو که‌س گوێ له‌خه‌مه‌کانی ناگرێ و سکێ تێرو سه‌د سک برسی عه‌وداڵی باوه‌شی نازێکی گه‌رمی باوکه‌ یان تینووی بیابانێک له‌هه‌ست و سۆزی دایکایه‌تی یه‌. ئه‌و منداڵه‌ی وێڵی خۆشی ته‌مه‌نی خۆیه‌تی و په‌ی پێنابات مێژویه‌ک له‌تاڵی ژیان ئه‌نوسێته‌وه‌ هه‌رگیز هه‌ستی به‌خته‌وه‌ری و تامی ژیان ناکات که‌ چی یه‌‌..! . هه‌ندێ سیستمی سروشت و ژیان هه‌یه‌ ئازارمان ده‌دات بۆ نمونه‌: به‌ملیۆنه‌ها منداڵی برسی هه‌یه‌ له‌ جیهانداو جێ و ڕێی نووستنیشیان نی یه‌ که‌ ژیان به‌و خۆشی و شیرینی یه‌وه‌ بۆته‌ زه‌هری تاڵ لێیان و ناڕه‌حه‌تی بوون و ( وجود )  سه‌خڵه‌تی ده‌روونیش هه‌ر له‌منداڵی یه‌وه‌ یه‌خه‌ی گرتوون بۆ دروست بوونی مرۆڤێکی نائاسایی.. که‌چی منداڵیش هه‌یه‌ له‌ تێریدا شه‌ق له‌ نان هه‌ڵ ده‌دات ( له‌ ووڵاته‌ خواپێداوه‌کانی که‌ ده‌سه‌ڵات ڕۆڵی باوک ده‌بینێت تیایدا یان ده‌سه‌ڵاتی یاسایه‌).! . دنیایه‌کی سه‌یره‌ ئه‌وه‌ی که‌ تێروته‌سه‌لیشه‌‌ ناڕه‌حه‌ته‌و گله‌یی له‌ بوون و له‌ دایک بوونی خۆی ده‌کات .. ئه‌ی ئه‌و منداڵه‌ هه‌ژارانه‌ی که‌ بێ نه‌واو بێ به‌شن له‌ هه‌موو سۆزێکی مرۆیی بێجگه‌ له‌وه‌ی شه‌وان به‌برسێتی له‌ دوکان و سه‌رجاده‌کان ده‌خه‌و‌ن سه‌رماو گه‌رما هه‌میشه‌ بێزاریان ده‌کات .. ئه‌ی ئه‌وان بڵێن چی.؟. ئه‌و منداڵه‌ی که‌هه‌میشه‌ دووره‌ له‌ سۆزو نرخاندن و ڕێزلێ گرتن به ژیانی ‌منداڵیشی هه‌رگه‌وره‌یه‌ و بێ به‌شه‌ له‌و ژیانه‌ سروشتی یه‌ی که‌ مافی ئاده‌میزاده‌ به‌ڵام مخابن بۆ ئه‌و نی یه‌.. ئه‌و منداڵه‌ چێژی منداڵی نابێ و پله‌ به‌ پله‌ی ته‌مه‌ن سروشتیانه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌کرێ به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نی ئه‌وا ئه‌و منداڵه‌ بێ به‌ش ده‌ژی له‌مافه‌ سروشتی یه‌کانی خۆی ده‌ره‌نجام بێ ڕه‌حم و دڵ ڕه‌ق ده‌بێ وپێکه‌نینه‌ بێ گوناهه‌کانی ده‌بێته‌ گریان و ناسۆرو دنیای ڕۆح پاکی و به‌رائه‌تی نامێنێ وپێستی نا‌سک و په‌مه‌یی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی ده‌بێته‌ تابلۆیه‌کی ئاڵۆسکاوی دورگه‌یه‌کی وێران و جه‌نگه‌ڵێکی ترسناک و له‌دووایشدا ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ پیاو کوژه‌کانی ووڵات . کێ له‌ئێمه‌ قوڕگ و چاوی پڕ نابێت له‌گریان و هه‌ستێکی جوان توڕه‌ی ناکات که‌کاتێک منداڵێکی هه‌ژار ده‌بینێت له‌سه‌رجاده‌ به‌دیار ئامێری کێشانه‌که‌یه‌وه‌ هاوار ده‌کات: کێشانه‌‌ به‌دینارێک ..! له‌ڕولاوازو شه‌که‌ت کاتێک سه‌یری منداڵی خواپیاوه‌کان ده‌کات کۆڵێ به‌زه‌یی به‌خۆیدا دێته‌وه‌ ئه‌م منداڵه‌ هێدی هێدی له‌ته‌مه‌نێکی که‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توڕه‌بون و ڕق و که‌م و کوڕی و برسێتی و سه‌رماوسۆڵه‌ و گه‌رمای تیشکی به‌تینی هه‌تاودا گه‌وره‌ده‌بێت و ده‌بێته‌ هاوڕێی به‌فرو بارانی ‌زستان و میوانی هه‌میشه‌یی هه‌تاوو گه‌رما به‌هاوین و چه‌رمه‌سه‌ری دنیایه‌کی گه‌وره‌ ده‌بێته‌ هاوه‌ڵی له‌ته‌مه‌نێکی که‌م و بچووکی منداڵیدا. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵات توشی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری یه‌کان که‌متر بکاته‌وه‌و ووڵات پێش بکه‌وێت ده‌بێت گرنگی به‌منداڵ بدات و نه‌هێڵێ هه‌تا ته‌مه‌نێکی دیاریکراو که‌ 18 ساڵه‌ کاری سه‌ر جاده‌ بکه‌ن. ئه‌رکی ژیاندنی منداڵ هه‌تا ته‌مه‌نی 18 ساڵی له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات و ده‌ووڵه‌ته‌.. ده‌بێت منداڵ ته‌نها قوتابخانه‌ بخوێنێ له‌و ته‌مه‌نه‌دا چونکه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ زانستی یه‌کان و ده‌روونی یه‌کان ده‌ریان خستووه‌ که‌ زۆر خراپه‌ بۆ که‌سایه‌تی منداڵ که‌ له‌ منداڵی یه‌وه‌ کار بکات و فێری پاره‌ په‌یدا کردن ببێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ دوواڕۆژدا ئه‌و منداڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت له‌ باری پاره‌و ماڵ و سه‌روه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ژار ده‌بێت له‌ باری زانست و ڕۆشنبیری و سۆزو هه‌ستی مرۆیی یه‌وه‌.دوای هه‌موو ووتارێک دێڕێک بۆ ده‌سه‌ڵات..( ده‌سه‌ڵاتی خراپ و تاک ڕه‌وو کۆنه‌په‌رست گرنگی به‌ مرۆڤی گه‌وره‌ی بێ لایه‌ن ‌نادات .. ئیدی چۆن بیر له‌ مافی منداڵ و ئافره‌تان ده‌کاته‌وه‌ ).

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.