Ö:: نه‌ورۆزانه‌

نووسینی: حه‌سه‌ن حاته‌می

نه‌ورۆزانه‌
هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک  هێمایه‌کی بۆ نوێ بوونه‌ی سه‌ری ساڵی خۆی هه‌یه‌ . جا ئه‌و هێمایه‌ هه‌رچی بێ. ئێمه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زن له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، دابه‌ش کراو ،ماف پێ شێل کراو، و له‌ هه‌موو دنیا دا په‌ره‌وازه‌ کراوین.

ئه‌و هێمایه‌ی هه‌موو سه‌ری ساڵان ، هیوای ژیانی و به‌رناوین  و ئومیدی دوا رۆژی نوێی پێداوین؛ نه‌ورۆز یا رۆژی نوێ بووه‌.

نه‌ورۆزی  کورده‌واری، له‌ گه‌ڵ سروشت و جوانی، سوزی دڵ لاوێنی شنه‌بای به‌هاری، له‌ گه‌ڵ هه‌ستانی زه‌وی له‌ خه‌وی زستانی، له‌ گه‌ڵ ده‌شت و ده‌رو دۆڵی ره‌نگاوره‌نگ ئاوێزان بووه‌ هه‌واڵ و مزگێنی نه‌مانی سه‌رما و سؤڵ و سه‌خڵه‌ت و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ژیانێکی نوێ له‌ ته‌مه‌نێکی یه‌کساڵ به‌ سه‌رچوو نیشان ده‌دا.

ئه‌مه‌گدارانی ئه‌ورۆز!

دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌مان زۆریان هه‌وڵدا، ئه‌و رۆژه‌مان لێ بستینن یان ده‌ستی به‌سه‌رداگرن و لێمان چه‌واشه‌ که‌ن. به‌ڵام به‌ هه‌وڵی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌مان، و وه‌چه‌ به‌ وه‌چه‌(نه‌سل به‌ نه‌سل)ی گه‌له‌که‌مان،ئه‌و داب و نه‌ریته‌ جوانه‌یان پاراست و به‌ هه‌ڵکردنی ئاور ورووناکایی که‌ نیشانه‌ی گه‌رما به‌خشین و رووناهی به‌ژنیه‌- له‌ ئاخرین چوارشه‌ممۆی ساڵ به‌پیشوازی نه‌وڕۆزی دێرێن چوون؛ هه‌تا کاتی  نه‌ورۆز ئاوری گه‌وره‌تر هه‌ڵ که‌ن  و شادی پتر بگرن.

ئه‌مڕۆ به‌ خؤشی یه‌وه‌، ئه‌و دابه‌ جوان و نه‌ نێوه‌ڕۆکه‌ی کورد، ریشه‌ی له‌ دڵی به‌ میلیون کوردی نه‌ته‌وه‌ پارێز و ئاشق به‌ ئازادی گه‌له‌که‌ی داکوتاوه‌، که‌ چرۆی سه‌ربه‌ستی گه‌له‌که‌مانی لێ شین ده‌بی.

نه‌ورۆزی  ئه‌م ساڵمان  15 ساڵه‌ له‌ باشووری کوردستان، به‌ دوور له‌ چاو و ژێر رکێفی دیکتاتۆران، به‌ ئازادی و به‌ شانازی یه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێ. به‌تایبه‌تی ئه‌مساڵ سه‌رقافڵه‌ی سه‌ره‌ڕۆیان، سه‌ددامی کورد کوژ و ئازادی خنکێن و رێژیمه‌ نگریسه‌که‌ی له‌ نێو چووه‌ و دار و ده‌سته‌ به‌د ناوه‌که‌ی، که‌ هه‌زاران کوردی به‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و له‌ ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ زیندانه‌کانی و به‌ دوور خستنه‌وه‌ له‌ زیده‌ و نیشتمان قڕ کرد؛ له‌ ژێردادگایی و لێکوڵینه‌وه‌دان.

ئه‌و دیمه‌نه‌ سه‌ربه‌ستانه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی باشووری کوردستان- هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه‌، ته‌واوی خاکی باشووری کوردستانی نه‌گرتۆته‌وه‌ و که‌م و کووڕیشی هه‌یه‌. به‌‌ڵام ده‌توانێ وه‌ک دیمه‌نێکی سه‌رکه‌وتوو، هه‌موو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان دا بگرێ؛ به‌و مه‌رجه‌ی یه‌کگرتوویی، هاوخه‌باتی، هاودڵی و هاوکاریه‌کی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ و چڕ و پڕ له‌ نێوان هێزه‌ کوردستانی و که‌سایه‌تی یه‌ تێکۆشه‌ره‌کان- به‌ هه‌موو جیاوازیه‌کانی بیرو بۆ چوونیان- به‌پێی هه‌ل و مه‌رجی هه‌ر ناوچه‌یه‌کی کوردی تێدا ده‌ژی پێک بێ.

ئێمه‌ پیویسته‌ به‌ کرده‌وه‌ نیشان بده‌ین که‌: "کوردستان یه‌ک وڵات و کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌، دا به‌ش کراون."
به‌به‌رگی سه‌وز رازاوه‌ قه‌د و لاپاڵ و شێو و دوڵ  
چرۆی ده‌رکردوه‌ دار و ملی دا یه‌کتر گیا و گوڵ
به‌سه‌ر به‌فری که‌وی داکرد شه‌ماڵی خاکه‌لێوه‌خۆڵ
ره‌فیقان رۆژی کوردانه‌ به‌هاره‌ جێژنی نه‌ورۆزه‌
به‌ دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و رۆژه‌ دا من جێژنه‌ پیرۆزه‌

"مامۆستا هێمن"

به‌ هیوایه‌ی ساڵی داهاتوو، بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان، ساڵێکی پڕ ده‌سکه‌وت بێ.

نه‌ورۆزی ساڵی 2707 تان پیرۆز بێ.

حه‌سه‌ن حاته‌می- کانادا
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.