Ö:: پانۆڕاما زنجیره‌ی هه‌شته‌م ـ پیشکه‌شه‌ به‌ رۆژی ژنان{ئافره‌تان}

نووسینی: فـه‌هـد گـرده‌وانـی

پانۆڕاما زنجیره‌ی هه‌شته‌م ـ پیشکه‌شه‌ به‌ رۆژی ژنان{ئافره‌تان}
هه‌ر
جاره‌ی ده‌ینووسێت
یه‌که‌م... گیسک{کاریله‌} و کاوڕ{به‌رخ} رووحی مامجه‌لالیان له‌مردن رزگار کرد... ده‌ڵێن که‌ عوده‌ی کوڕی سه‌دامی حوجه‌ی که‌وته‌ نه‌خۆشخانه‌، خه‌ڵکی عێراق به‌ گشتی و جاش و موسته‌شار و به‌عسییه‌کانی کوردی به‌ تایبه‌تی، کاوڕ و گیسکیان ده‌کرده‌ خێر، بۆ ئه‌وه‌ی عوده‌ی له‌ مردن رزگار بێت. کۆنه‌ جاش و کۆنه‌ موسته‌شار و کۆنه‌ به‌عسی یه‌کانیش یه‌که‌م که‌س بوون که‌ گیسک و کاوڕ یان کرده‌ خێر بۆ مام جه‌لال. له‌ ژێر کلکی مه‌ڕ و بزن کۆنه‌ جاشه‌یه‌تی و کۆنه‌ به‌عسیاتی خۆیان شارده‌وه‌ ،یان ده‌یانه‌وێت بیشارنه‌وه‌. ئه‌ی نازانن ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی ده‌بێ مامجه‌لال بچیته‌ قه‌بری[گۆڕی]خۆی و له‌و دنیایه‌ش به‌ په‌ری یه‌کان شادبێته‌وه‌ و تێر له‌ ئاوی به‌هه‌شت بخواته‌وه‌.ئه‌ی موسڵمان نابێ هه‌ر هه‌موویان سه‌ریان به‌ به‌ردی ئه‌لحه‌د بکه‌وێت .چۆن ده‌بێت پێش له‌مردن بگیرێت.له‌ کوردستانی لای سلێمانی، ئه‌و هه‌موو مه‌لایه‌ چۆن نوێژ ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری خوا و بڕیاری عیزرائیل و بڕیاری ته‌واو بوونی حه‌یاتی مام جه‌لال هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌.مامجه‌لال خۆی به‌ سه‌رۆکی هه‌موو عێراق ده‌ژمێری، که‌چی له‌ نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا و له‌ به‌سرا خه‌ڵکی نوێژی چاکبونه‌وه‌یان بۆ نه‌کرد.سه‌یری هه‌ردوو ڕاگه‌یاندنی ئیماراتی سلێمانی ئیماراتی هه‌ولێر بکه‌ چه‌ند جیاوازه‌ .له‌ لاپه‌ڕه‌کانی [کوردستانی نوێ] ی یه‌کێتی هه‌ر باس باسی سه‌ڕ بڕینی گیسک و کاوڕ و مه‌ڕ و بزن و به‌رخ و کاریله‌یه‌، بۆ چاک بوونه‌وه‌ی مامجه‌لال . له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی [خه‌بات]ی پارتیش هه‌ر باسکردنی زیاره‌تی مه‌زاری نه‌مران [مه‌لامسته‌فا و ئیدریس]ه‌، به‌بۆنه‌ی یادی کۆچی دواییان. باسی نه‌خۆشی و سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ بۆ مامجه‌لال بڵاوناکاته‌وه‌ و کوردستانی نوێش باسی زیاره‌تی مه‌زاری نه‌مران نانوسێت. ئه‌و هه‌موو گۆشته‌ به‌سه‌ر فه‌قیر و هه‌ژارانی کوردستان دابه‌ش ده‌کرێت یان ده‌بیته‌ تکه‌وکه‌بابی دانیشتنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و بۆن و به‌رامیشی ده‌بێته‌ خۆراکی منداڵانی هه‌ژار. ئه‌و هه‌موو کاوڕوگیسکه‌ په‌روه‌رده‌ بکرابانه‌ بۆ زیاتر به‌رهه‌م هێنانی بناغه‌ی ئابووری کوردستان باشتر نه‌بوو له‌وه‌ی ببێته‌ رێکڵامێکی فشه‌کرا و چاولێکراو. مام جه‌لال ئه‌گه‌ر له‌ دڵی میلله‌تدا بژی و خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی بێت به‌ دوعاکردن و نوێژ کردن و سه‌ربڕینی به‌رخ و کاریله‌ خۆشه‌ویست نابێت.مامجه‌لال خودی خۆی باوه‌ڕی به‌و هه‌موو دوعاونوێژوخیره‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاک ببێته‌وه‌. مام جه‌لال ته‌مه‌ن بۆ خۆی ده‌باته‌وه‌، گه‌یشته‌ حه‌فتاو ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌. له‌ کوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌مه‌نی پیاو ده‌گمه‌نه‌ ده‌گاته‌ حه‌فتا و ئه‌وه‌نده‌.به‌ڵام خۆشی نامه‌ی مامجه‌لال له‌وه‌ دیاره‌ که‌ به‌بۆنه‌ی یادی راپه‌ڕین ئاراسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان کردووه‌ و ده‌ڵێت [ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان به‌ باشترین ته‌ندروستی] مامه‌ش هێشتا چاوی له‌و کورسی یه‌ ،ئه‌ی بۆچی من باسی ئه‌و حوسنی موباره‌که‌م کرد که‌ به‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی نووساوه‌.برایانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان با له‌ ئێستاوه‌ یه‌کێک ده‌ستنیشان بکه‌ن بۆ جێگرتنه‌وه‌‌ی مام جه‌لال.خه‌ڵکێکی زۆر له‌ ئه‌وانه‌ی دوێنێ حه‌زیان نه‌ده‌کرد [مه‌لامسته‌فابارزانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د]یش بمرن و بچنه‌ به‌هه‌شتی خودای ،به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ سه‌ر و بڕیاری خودای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی بۆ نه‌بوو. جائه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆش بۆ مامجه‌لال و بۆ ئه‌وانه‌ی تر هه‌ر خێر و نوێژ بکه‌ن ئه‌و رۆژه‌ دادێ که‌ بچنه‌ سه‌ر گۆڕه‌که‌ و تاجه‌ گوڵینه‌ی بخه‌نه‌ سه‌ر. با ئه‌و زیاده‌ مه‌سروفه‌ له‌ شتی تر خه‌رج بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌خته‌وه‌ر تر بێت .هیوادارم مام جه‌لال به‌ پێوه‌ ماڵئاوایی له‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان بکات و به‌ ده‌ست نه‌خۆشی یه‌وه‌ ره‌زیل نه‌بێت .دوو رۆژنامه‌نووسی به‌ده‌ست و قه‌ڵه‌م با دوا کاته‌کانی مام جه‌لال تۆمار بکات و چاوپێکه‌وتنی نه‌ترسانه‌ وبوێرانه‌ی له‌گه‌ڵ بکات، نه‌بادا خوا له‌ پڕ مام جه‌لالمان لێبستێنێته‌وه‌ و هه‌موو نهێنی یه‌کان له‌گه‌ڵ خۆی بۆ په‌ریان بباته‌وه‌.بیره‌وه‌ری مامجه‌لال بۆ گه‌لی کورد گه‌لێک پێویسته‌.گه‌لێک کاره‌سات و رووداووی شاردراوه‌ و نهێنی هه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌ لای مام جه‌لال پارێزراوه‌. مامجه‌لایش هه‌نووکه‌ ده‌توانی خزمه‌تی یه‌کبوونی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بکات و جێگری خۆی بۆ ئه‌ندامانی یه‌کێتی ده‌ستنیشان بکات و بیچه‌سپێنی، ئه‌گه‌رنا له‌پاش مردنی، سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشیمانی بۆ جێگای مامجه‌لال ده‌که‌ونه‌ ناو یه‌کتر و دیسان ته‌که‌تول و لێک دابڕان رووده‌دات و یه‌کێتی لاواز ده‌کات.

دووه‌م...رۆژی ژن...رۆژی به‌خته‌وه‌ری ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ که‌ له‌ باوه‌شی گه‌رمیدا، مرۆڤی به‌نرخی وه‌کو کارل مارکس، محه‌مه‌دی په‌یامنێری ئیسلام، گاندی هیندیستان ،یوسف سه‌لمان[ فه‌هد]ی عێراق و...هتد په‌روه‌رده‌ کردووه‌. هه‌ر له‌و باوه‌شه‌ گه‌رمه‌شدا، هیتله‌ر و فرانکۆ و سه‌دام حوسێن و عیدی ئه‌مین په‌روه‌رده‌ بووه‌. ئه‌و باوه‌شه‌ گه‌رمه‌ جه‌رگی سووتاوه‌ و رۆڵه‌که‌ی ئه‌نفاڵ کراوه‌ و پارچه‌ جه‌رگه‌که‌ی به‌ گازی ژه‌هراوی خنکێنراوه‌. ئه‌و ره‌وشته‌‌ ده‌بێ چاره‌سه‌ربکرێت که‌ ده‌بێته هۆی سوتاندن و کوشتنی ژن.‌ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌هه‌ر باروزروفێیک بژیت هه‌ر پیرۆزه‌ چونکه‌ ژنه‌ ژن. ده‌بێ له‌ ئێستاوه‌ خوێندکار و قوتابی تێکه‌ڵاوی یه‌کتر بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی شان به‌شانی یه‌کتر بۆ یه‌کسانی پیاو وژن هه‌وڵبده‌ن و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن. چه‌پکه‌ گوڵێکی جوان بۆ رۆژی ژن،بۆ دایکی خۆشه‌ویستم و  دایکانی خۆشه‌ویست، بۆ هه‌مووتان.

 سێیه‌م... ڕاپه‌ڕین... ئه‌گه‌ر رانیه‌ دایکی راپه‌ڕین بێت ،ئه‌وا پیره‌ هه‌ولێر داپیره‌ی راپه‌ڕینه‌. به‌ر له‌وه‌ی له‌ شاره‌کان خۆپیشاندان بکرێت، له‌لای شێخه‌ڵلا گه‌نجولاوی هه‌ولێر بۆ ترس شکاندن خۆپیشاندانیان ده‌ست پێکرد. ئه‌و کاته‌ هێشتان بۆنی راپه‌ڕین کوردستانی داگیرنه‌کردبوو. شازده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان به‌ر له‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئێران و له‌شاخ بگاته‌وه‌ ناو شار راپه‌رین و داموده‌زگای رژێمی فاشی عێراقیان داگیر کرد و ده‌زگای ئاسایس و ئیستخباراتی به‌عسیان رووخاند و سووتاند.خه‌ڵکی هه‌ر به‌ رووحیه‌تی راپه‌رین به‌شداری یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنیان کرد و په‌رله‌مانی کوردستانیان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ردوو زلهێز هه‌تا توانایان هه‌بوو راپه‌رینیان سه‌ربڕی و خه‌ڵکیان دووچاری ئه‌و باروزروفه‌ ناهه‌مواره‌کرد و کوردستانیان دووچاری شه‌ڕێکی خوێناوی کرد که‌ هاوخه‌باتی راپه‌رینیان له‌یه‌کتر کرده‌ دوژمن و کوردستانیان کرده‌ دوو پارچه‌.مێژووی  راپه‌ڕین ئه‌گه‌رچی تازه‌یه‌ و ماوه‌ی روداوه‌که‌ کورته‌ و نوێیه‌، ده‌بینین هه‌ر قه‌ڵه‌م و حیزبه‌ی به‌جۆرێک باسی لێوه‌ده‌کات که‌خۆی ده‌کاته‌ تاقه‌پاڵه‌وان و ئه‌وانه‌ی تر ده‌کاته‌ پاشکۆ.مێژووی ڕاپه‌ڕین به‌و هه‌موو شایه‌دی زیندووه‌، جارجاره‌ ده‌شێوێندرێ. ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌ ته‌مه‌نیان 14ساڵ و 15 ساڵ و 16 ساڵان بوو ، هه‌نووکه‌ 30 ساڵ و 31 ساڵ و 32 ساڵانن. ئه‌وانه‌ پێویسته‌ یادگاری رۆژه‌کانی راپه‌ڕین تۆمار بکه‌ن و بیره‌وه‌ری خۆیان بۆمان بنووسنه‌وه‌ هه‌تا بزانین ئه‌و رۆژانه‌ له‌چ بارو زروفێک دا بوون و چۆن رژانه‌‌ سه‌ر شه‌قام و کۆڵانه‌کان و توانیان رژێم هه‌ره‌سان بکه‌ن و پیاوانی رژێم بخه‌نه‌ سه‌رچۆک. ئه‌و مامۆستایانه‌ی ئه‌و کاته له‌ راپه‌ڕین دابوون،‌ ته‌مه‌نیان 20 ساڵ و 25 ساڵ و 30 ساڵان بوون، هه‌نووکه‌ 36 ساڵ و 41 ساڵ و 46 ساڵان و ده‌توانن ئه‌و مێژووه‌ بۆ کورد به‌ چاکی تۆمار بکه‌ن و راستیه‌کانی شاردراوه‌ بخه‌نه‌ به‌رچاوی ئه‌و خه‌ڵکه‌ تامه‌زرۆیه‌.ئه‌وانه‌ یادگاری ئه‌و رۆژانه‌یان له‌بیر ماوه‌ و ته‌رمی شه‌هیدانیشیان هێشتان له‌به‌رچاوانه‌، با باسی ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی ئه‌و خه‌ڵکه‌مان بۆ بکه‌ن که‌ پاڵه‌وانه‌ ده‌وری سه‌ره‌کیان بینی له‌ ڕاپه‌ڕین. سه‌رفرازه‌ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی کوردستانیان له‌ راپه‌ڕین رزگارکرد .

چواره‌م... ماڵئاوایی نه‌دیم داگدیڤیرین... به‌رێوه‌به‌ر و لێپرسراوی په‌رتوکخانه‌ی ستۆکهۆڵم به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ به‌ مانگێک کۆچی دوایی کرد.ئه‌و خه‌مخۆری کتابی کوردی یه‌ تووشی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ کوشنده‌یه‌ هات که‌ نه‌یتوانی خۆی به‌رامبه‌ری رابگرێت.نه‌دیم له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێد[دیاربکه‌ر] له‌ [بیسمیل] له‌ساڵی 1953 له‌دایک بووه‌.له‌ 2/3/2007 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سۆدری ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد. وه‌کو مامۆستا کاری ده‌کرد.له‌ نێوان 1977ـــ1980 شیعر و په‌خشانی له‌ رۆژنامه‌کانی تورکیا بڵاوده‌کرده‌وه‌. له‌ ساڵی 1983 له‌ ستۆکهۆڵم نیشته‌جێ بووه‌. دادگای فاشی تورکیا 10 ساڵ زیندانی بڕیبۆوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر و په‌خشانی له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کان خوێندبۆ وه‌. ساڵی 1989 دیوانی شیعری بڵاوکرده‌وه‌ .کتابخانه‌ی کوردی له‌ سوێد دامه‌زراند، ساڵی 1997 له ‌لایه‌ن وه‌زیری رۆشنبیری سویدی[ماریتا ئولڤسکوگ] کرایه‌وه‌. نزیکه‌ی 8000 کتابی جۆراوجۆری کۆکردبۆوه‌. به‌رهه‌مه‌کانی [ئامێدم ئامێد شیعر 1989] و [مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ په‌ڕله‌مانی سویدی 1979 ــ 2001 به‌رگی یه‌که‌م 2001 ] و [مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ په‌ڕله‌مانی سویدی 1979 ــ 2001 به‌رگی دووه‌م 2002] و [وه‌رگێڕانی کتابی منداڵان بابی ئۆباری چی گووت بۆ تورکی ساڵی 1990]. ته‌رمه‌ پیرۆزه‌که‌ی ده‌به‌نه‌وه‌ دیاربه‌کر و له‌ کوردستانی تورکیا به‌ خاکی ده‌سپێرن.

پێنجه‌م...مقتدی سه‌در... ئه‌و هه‌موو مریده‌ی مقتدی چۆن داوا ناکه‌ن مقتدی له‌ چله‌ی شینی حوسێندا وتاریان بۆ بخوێنیته‌وه‌ و به‌شداریان بکات له‌ که‌ربه‌لای پیرۆز.ئه‌ی ئه‌و له‌شکری مه‌هدی یه‌ی ده‌بابه‌ی قووت ده‌دا بۆ وه‌کو بڵقی سه‌رئاوی لێهات و که‌ربه‌لای له‌ له‌شکری ئه‌مریکی پاک نه‌کرده‌وه‌ و له‌ چله‌ی حوسێندا گه‌ره‌کی سه‌دری رزگار نه‌کرد. ئه‌و پێشڕه‌وه‌ له‌کامه‌ دارستان و ئه‌شکه‌وت خۆی حه‌شار داوه‌ و که‌ی ئیمام مه‌هدی به‌هانای دێت و عێراق له‌ داگیرکه‌ران پاک بکاته‌وه‌. ئێران ده‌مێکه‌ له‌ رێگای مقتدی و مالکی و حه‌کیم ده‌ست له‌ کاروباری عێراق وه‌رده‌دات و ده‌یه‌وێت باڵی شیعه‌ له‌ عێراقی تازه‌دا بچه‌سپێنی .ئه‌و خه‌ونه‌ی ئێران به‌و عێراقه‌ جێبه‌جێ نابێت و سونه‌ش له‌ رێگای وڵاتانی عاره‌بی بێده‌نگ نابن و ده‌ست له‌ عێراق ناکێشنه‌وه‌.به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی پێویستی به‌ حکومه‌تێکی عیلمانی یه‌ نه‌ک ئایینی.

شه‌شه‌م...تورکیا...له‌و ماوه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ قه‌شمه‌ری و گاڵته‌ به‌ ئه‌تاتورک [مسته‌فا که‌مال]له‌ سایتی [یوتوپ] کراوه‌ تورکیا هاکی کردووه‌. له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر کاره‌با هه‌بێت و هه‌موو که‌س بتوانی بچێته‌ سه‌ر سایته‌کان و بابه‌ته‌کان بخوێنیته‌وه‌، سه‌رکرده‌کان دڵه‌له‌رزه‌ ده‌گرن و ناتوانن درۆی شاخدار به‌رامبه‌ر کورد بکه‌ن.کاره‌با له‌ کوردستان نی یه‌، خه‌ریکی پیلانی دانانی هێڵی ئاسنین له‌ نێوان شاره‌کانی کوردستان .

 حه‌فته‌م...یانه‌سیب...ئه‌و 370 میلیون دۆلاری ئه‌مریکی ئه‌گه‌ر کوردێکی لای خۆمان بۆی ده‌ربچێت ده‌بێ ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ درێژ نه‌کات و کاره‌بای بۆ دابین نه‌کات .یا ئه‌ویش هه‌ر له‌ خۆشی تاقه‌ شه‌خسی ده‌مێنیته‌وه‌ و بیر له‌ میلله‌ت ناکاته‌وه‌.                

نووسینی: فـه‌هـد گـرده‌وانـی 9/3/2007 ستۆکهۆڵم‌
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.