Ö:: په‌یامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ به‌ بۆنه‌ی‌ 8ی‌ مارس رۆژی‌ جیهانیی‌ ژنانه‌وه

ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان

په‌یامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ به‌ بۆنه‌ی‌ 8ی‌ مارس رۆژی‌ جیهانیی‌ ژنانه‌وه
كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ سته‌م له‌ ژن ده‌كا، سته‌مێكی‌ گه‌وره‌تر له‌ به‌ره‌وپێشچوون‌و پێشكه‌وتنی‌ خۆی‌ ده‌كا
ژنان و پیاوانی‌
ئازادیخواز!
8
ی‌ مارس رۆژی‌ جیهانیی‌ ژن و رۆژی‌ رێزگرتن له‌ خه‌باتگێرانی‌ رێگای‌ یه‌كسانیی‌ ژن ‌و پیاو و، له‌ هه‌مان كاتیشدا لاپه‌ڕه‌یه‌‌كه‌ له‌ هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ له‌ خه‌باتی‌ نه‌پساوه‌ی‌ ژنان ‌و پیاوانی‌ یه‌كسانیخواز له‌ پێناو دروست كردنی‌ جیهانێك دا كه‌ له‌ودا جیاوازیدانانی‌ ره‌گه‌زی‌ كۆتایی‌ پێ هاتبێ‌.

هه‌روه‌ها ئه‌م رۆژه‌ رۆژی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ په‌یمانی‌ خه‌باتگێرانه‌و رۆژی‌ هاوخه‌باتیی‌ هه‌موو مرۆڤه‌ یه‌كسانیخوازه‌كانی‌ جیهان ‌و رۆژی‌ پێداچوونه‌وه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ ئه‌و خه‌باته‌ پێشكه‌وتنخوازانه‌و ئازادیخوازانه‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌مرۆكه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ وڵاتانی‌ گرتۆته‌وه‌.

كه‌ باس له‌ ژن و رۆژی‌ ژن ده‌كرێ‌، هاوكات چه‌مكه‌كانی‌ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زیی‌ ژنان و مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانیان له‌ زه‌ین دا وێنا ده‌گرن. لێره‌شه‌وه‌ هه‌زاران هه‌زار لاپه‌ڕه‌ له‌ مێژووی‌ چه‌وساوه‌یی‌ و مافخوراویی‌ ژنانی‌ سه‌ر تۆپی‌ زه‌ویمان به‌روودا ده‌كرێته‌وه‌. مێژوویه‌ك هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ باس له‌ مه‌ینه‌تییه‌كان‌و ئازاره‌كانی‌ ژن ده‌كا، پێمان ده‌ڵێ‌ كه‌ تاوه‌كوو دواكه‌وتوویی‌ و نه‌ریته‌ سواو و نامرۆڤانه‌ له‌ پانتایی‌ ئاوه‌زمه‌ندی‌‌و كولتووری‌ كۆمه‌ڵگه‌كان دا ئاماده‌ بن چه‌وسانه‌وه‌ی‌ مرۆڤ به‌ ده‌ستی‌ مرۆڤ له‌ هه‌موو شكڵه‌كانی‌دا و یه‌ك له‌وان چه‌وسانه‌وه‌ی‌ ژنان به‌ هۆی‌ پیاوانه‌وه‌ درێژه‌ی‌ ده‌بێ‌. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر مرۆڤێكی‌ ئازادیخواز و پێشكه‌وتنخواز ئه‌م راستییه‌ی‌ له‌ بیر بێ‌ كه‌ گۆڕانی‌ بارودۆخی‌ مافه‌كانی‌ ژنان و یه‌كسانیی‌ مرۆڤانه‌ی‌ مرۆڤ (پیاو‌و ژن) له‌ نیشانه‌ هه‌ره‌ به‌رچاوه‌كانی‌ پێشكه‌وتوویی‌ و گه‌شه‌ی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن. جگه‌ له‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ به‌ ناوی‌ پاراستنی‌ نه‌ریته‌ دێرین یان ئاینییه‌كان، جیاوازی‌ له‌ نێوان ژن و پیاودا داده‌نێ‌، هه‌م مافه‌ ره‌واكانی‌ نیوه‌ی‌ مرۆڤه‌كان پێشێل ده‌كا ‌و هه‌میش خۆی‌ له‌ توانایی‌ و وزه‌ و لێهاتووییه‌كانی‌ نیوه‌ی‌ حه‌شیمه‌ته‌كه‌ی‌ بێبه‌ش ده‌كا. بۆیه‌ ده‌كرێ‌ بڵێین سته‌م له‌ ژن سته‌م له‌ به‌ره‌وپێشچوونی‌ كۆمه‌ڵگه‌شه‌.
هه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه‌ راسته‌وخۆ و دوو لایه‌نه‌ی‌ نێوان پێشكه‌وتن و یه‌كسانیی‌ ره‌گه‌زیی‌ نێوان مرۆڤه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا وای‌ كردوه‌ له‌م وڵاتانه‌دا كه‌ له‌ ریزی‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتووی‌ جیهان دان زۆر له‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی‌ ژنان كۆتایی‌ پێ‌هاتوه‌. به‌ڵام له‌و لاشه‌وه‌ ده‌بینین ژنان له‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ رووبه‌ری‌ جیهان ( له‌ وڵاتانی‌ دواكه‌وتوودا) هه‌روا ده‌چه‌وسێنه‌وه‌ و وه‌ك مرۆڤی‌ پله‌ 2و 3 و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك وڵات وه‌ك كۆیله‌ش چاویان لێ ده‌كرێ‌ و بازرگانییان پێوه‌ ده‌كرێ‌.

له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست، كه‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌ دواكه‌وتووه‌كانی‌ جیهانه‌، ژنان له‌ بارودۆخێكی‌ زۆر نایه‌كسان دا ده‌ژین و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاوانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ سته‌می‌ چه‌ند قاتیان لێ‌ ده‌كرێ‌. رێژیمه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ و ئه‌و یاسایانه‌ی‌ ئه‌و سیستمانه‌ پێره‌وی‌ لێ‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ بازنه‌ی‌ ئازادییه‌كانی‌ هه‌موو تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌و پێیه‌ كه‌ له‌ نه‌ریت و به‌ها كولتووری‌ و ئایینییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، ژن له‌به‌ر ژن بوونه‌كه‌ی‌ به‌ چه‌ند قات ده‌چه‌وسێته‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌دا، كه‌ كوردستانیش به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتی‌دا دابه‌ش كراوه‌، به‌ هۆی‌ ئه‌و داب و نه‌ریت و بایه‌خه‌ كولتووری‌ و ئایینییانه‌ی‌ ئێستاش به‌ هۆی‌ دواكه‌وتوویی‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ بره‌و نه‌كه‌وتوون ژنان له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ش دا له‌لایه‌ن ره‌گه‌زی‌ نێرینه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنه‌وه‌.
له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان و وڵاتی‌ ئێرانیش دا ژنان نه‌ك هه‌ر نه‌یان توانیوه‌ به‌شێك له‌ مافه‌كانیان له‌ نێویاسا جۆراوجۆره‌كان دا بچه‌سپێنن، به‌ڵكوو به‌شێك له‌و مافانه‌شیان لێ‌ زه‌وت كراوه‌ كه‌ 30 ساڵ له‌وه‌ پێش له‌ رێژیمی‌ پاشایه‌تی‌دا هه‌یانبوو. نزیكه‌ی‌ 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئاكامی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران دا سیستم و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ مه‌زهه‌بی‌ و ئایدیۆلۆژیك باڵی‌ به‌سه‌ر ئێران دا كێشا كه‌ سته‌م له‌ ژن و لایه‌نگرانی‌ بیر‌وباوه‌ڕه‌ جیاوازه‌كان و هه‌ڵاواردنیان ، یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ بوو. به‌ گشتی‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌م رێژیمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ له‌ ژێرپێنانی‌ ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك و به‌تایبه‌ت ژنان ده‌ستی‌ پێ كرد و ژنان له‌ سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتداریی‌ ئه‌و رێژیمه‌دا له‌ یه‌كێك له‌ تاڵترین بارودۆخه‌كان دا ژیاون. ئه‌م رێژیمه‌ دواكه‌وتووه‌ سه‌ده‌ نێوه‌راستییه‌ ته‌نانه‌ت به‌ هۆی‌ كونترۆڵ‌ كردنی‌ سیستمی‌ په‌روه‌رده‌ هه‌وڵی‌ داوه‌ كولتووری‌ خۆبه‌كه‌ زانی‌ له‌ نێو ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ژنانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێران دا بڵاو بكاته‌وه‌. له‌م نێوه‌دا ئه‌گه‌ر ژنانی‌ كوردو نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئێران بخه‌ینه‌ به‌ر باس و ئاوڕێك له‌ بارودۆخیان بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ ژنانی‌ سه‌ر به‌و نه‌ته‌وانه‌ وێڕای‌ پیاوه‌كان له‌ ژێر سته‌می‌ نه‌ته‌وه‌ییش دان.

به‌ڵام سه‌ره‌رای‌ ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ش كه‌ ژنانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ تێدان، خه‌باتی‌ ژنان له‌ چوارچێوه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌گه‌لی‌ جۆراوجۆردا درێژه‌ی‌ هه‌یه‌. له‌م نێوه‌دا ژنانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان و ئێرانیش نه‌ك هه‌ر به‌ باڵاده‌ست بوونی‌ رێژیمی‌ سه‌ده‌ نێوه‌راستییه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌ چۆك دا نه‌هاتوون، به‌ڵكوو به‌ شێوازی‌ جۆراوجۆر درێژه‌یان به‌ خه‌بات داوه‌. ژنان جگه‌ له‌مه‌ش به‌ به‌شداری‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌ سیستمێكی‌ سیاسی‌ له‌ وڵات دا جێگیر بێ‌ كه‌ رێز له‌ ماف و ئازادییه‌كانیان بگرێ‌ و ته‌نانه‌ت بۆ زاڵبوون به‌ سه‌ر داب و نه‌ریته‌ كۆنه‌په‌رستانه‌كانیش دا، كه‌ رێگرن له‌ به‌رده‌م ژنان دا، یارمه‌تییان بكا. دیاره‌ له‌م نێوه‌ش دا ژنانی‌ كورد به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ هه‌ست به‌ سته‌م و چه‌وساوه‌یی‌ چه‌ند قات ده‌كه‌ن هه‌م له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ژنان و هه‌م له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ سیاسیی‌ كوردستان دا به‌شدارن‌و بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی‌ مافی‌ یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوان و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانیان خه‌بات ده‌كه‌ن.

ژنانی‌ چه‌وساوه‌ی‌ كوردستان
حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستان وه‌ك ئاڵاهه‌ڵگری‌ خه‌باتی‌
نه‌ته‌وایه‌تی‌ و ئازادیخوازی‌ له ماوه‌ی‌ خه‌باتی‌ 61 ساڵه‌ی‌ خۆی‌ دا به‌ چاوی‌ رێزه‌وه‌ له‌ ژن و مافی‌ ژنی‌ روانیوه‌و له‌ به‌رنامه‌و بنه‌ما فكری‌ و سیاسییه‌كانی‌ دا گرینگیی‌ تایبه‌تیی‌ به‌ نه‌خشی‌ ژن و ئازادییه‌كانی‌ ژن له‌كۆمه‌ڵگادا داوه‌. ئه‌مرۆكه‌ش كه‌ باس له‌ پێویستیی‌ ریفۆرم له‌ هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ و چالاكییه‌ رێكخراوه‌یی‌یه‌كان دا ده‌كا ده‌روه‌سته‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ گرینگیی‌ پترو  بنه‌ڕه‌تیتر  به‌ نه‌خش‌و كاریگه‌ریی‌ ژنان له‌ ریزه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌ ریزه‌كانی‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی‌ رێبه‌ریی‌ خۆیدا بدا. بۆیه‌ به‌ دڵنیایی‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستان له‌مه‌و دوا پشتیوانی‌ و پشتگیریی‌ زیاتر له‌ خه‌باتی‌ ژنان له‌ پێناو دابین كردنی‌ یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاودا ده‌كا. چونكه‌ پیێ وایه‌ ئه‌گه‌رچی‌ دابین كردنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان  تاڕاده‌یه‌ك ده‌توانێ‌ یارمه‌تی‌ به‌ دابین بوونی‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ ژنان بكا، به‌ڵام گرینگی‌ نه‌دان و كه‌مته‌رخه‌می‌ سه‌باره‌ت به‌م لایه‌نه‌ گرینگه‌ی‌ خه‌بات زیانی‌ قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌و پێشكه‌وتنی‌ كوردستان ده‌گه‌یه‌نێ‌.
به‌ بڕوای‌ حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستان خه‌بات بۆ دابین كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ له‌ودا ژنان و پیاوان وه‌ك مرۆڤی‌ یه‌كسان چاو لێ‌بكرێن، به‌شێكی‌ جیاوازو دابڕاو‌ له‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ نیه‌. بۆیه‌ له‌م بۆنه‌ مه‌زنه‌دا، وێڕای‌ نوێ‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌یمانی‌ خه‌باتكارانه‌ له‌ پێناوی‌ دابین كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ به‌خته‌وه‌ر و خۆشگوزه‌ران و پێشكه‌وتوو، خۆی‌ به‌ هاوخه‌باتی‌ ستراتیژیی‌ هه‌موو تێكۆشه‌رانی‌ بواری‌ یه‌كسانیی نێوان مرۆڤه‌كان و به‌تایبه‌ت نێوان ژن و پیاو ده‌زانێ‌.

سڵاو له‌ 8ی‌ مارس رۆژی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ ژنان.
سه‌ركه‌وتوو بێ‌ خه‌باتی‌ یه‌كسانیخوازنه‌ی‌ ژنان له‌ كوردستان‌و ئێران‌و سه‌رانسه‌ری‌ جیهان.
بژی‌ ئازادی‌‌و یه‌كسانی‌‌و نه‌مان بۆ زۆرداری‌‌و جیاوازیدانان.
ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌
حیزبی‌
دیموكراتی‌ كوردستان

16/12/1385

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.