Ö:: په‌یامی یه‌كیه‌تی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بێ بۆنه‌ی 8ی مارس، ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان

كۆمیته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

په‌یامی یه‌كیه‌تی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بێ بۆنه‌ی 8ی مارس، ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان
ژنانی‌ خه‌باتگێر‌و مافخوازی‌ جیهان!
ژنانی‌ تێكۆشه‌ر‌و ئازادیخوازی‌ كوردستان!
به‌ بۆنه‌ی‌ 8ی‌ مارس رۆژی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ ژن یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له ‌لایه‌ن گشت ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی‌ ئه‌م رۆژه‌ مێژووویی‌یه‌ له‌ سه‌رجه‌م ژنان له‌ جیهان‌و ئێران به‌ تایبه‌ت ژنانی‌ كوردستان ده‌كا.
8
ی‌ مارس رۆژێكی‌ پرشنگداره‌ له‌ مێژوویی‌ بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازی‌یه‌كانی‌ ژنان له‌ جیهان دا، 8ی‌ مارس رۆژی‌ هاوپه‌یوه‌ندی‌ ‌و هاوخه‌باتی‌‌و رۆژی‌ له‌ گۆڕنانی‌ بێ‌عه‌داڵه‌تی‌‌و وه‌ستان له‌ به‌رامبه‌ر شه‌مشه‌ممه‌ كوێره‌كانی‌ ناموو به‌ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی‌ ژنانه‌، ئه‌م رۆژه‌ رۆژی‌ گرێ‌دانی‌ ئیراده‌‌و توانا‌و یه‌ك ده‌نگی‌‌و یه‌ك ریزی‌ بۆ پچرانی‌ زنجیری‌ دیلی‌‌و هه‌ڵ‌ كردنی‌ شنه‌بای‌ ئازادی‌‌و ساڕێژ كردنی‌ مافه‌كانی‌ ژنان له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهانه‌.

ژنانی‌ خاوه‌ن بیر‌وباوه‌ڕ!
ساڵی‌ 1907 له‌ مێژوویی‌ خه‌باتی‌ ژنان دا شوێنیَِكی‌ تایبه‌ت‌و مه‌زنی‌ هه‌یه‌ له‌و رۆژه‌دا بوو كه‌ ژنانی‌ كارگه‌ی‌ جل‌و به‌رگی‌ شاری‌ نیۆیۆركی‌ ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی‌ باشتر كردنی‌ بارودۆخی‌ كاركردن‌و حه‌ق ده‌ست‌و به‌ ره‌سمی‌ ناسینی‌ مافه‌كانیان له‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ رێ‌پێوانیان وه‌ڕێ‌ خست كه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ كه‌وتنه‌به‌ر په‌لاماری‌ پۆلیس‌و چه‌ندین كه‌سیان لێ‌ كوژران‌و چه‌ندین كه‌سیشیان لێ‌ بریندار‌و به‌دیل گیران، به‌ڵام ژنان كۆڵیان نه‌داوه‌ هه‌موو ساڵێك به‌ داخوازی‌ نوێ‌تره‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ مه‌یدان‌و سوورتر‌و به‌رده‌وام تر له‌ جاران له‌ سه‌ر ویست‌و داخوازی‌یه‌كانیان پێیان داده‌گرت.

پێشنیار كردنی‌ 8ی‌ مارس له‌ دووهه‌مین كۆنگره‌ی‌ نێونه‌ته‌وه‌ی‌ ژنان له‌ لایه‌ن خاتوو "كلارا زتكین" ژنه‌ سوسیالیستی‌ ئه‌ڵمانی‌یه‌وه‌ كراو ساڵێك له‌ دوایی‌ ئه‌و پێشنیاره‌ له‌ لایه‌ن ئینترناسیونالی‌ دووهه‌م به‌ره‌سمی‌ رۆژی‌ 8ی‌ مارس وه‌ك رۆژی‌ ژن له‌ جیهان دیاری‌ كرا هه‌ربۆیه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ گۆێ‌ زه‌وی‌ له‌م رۆژه‌دا ژنان به‌ پێكهێنانی‌ كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌‌و سیمیناری‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌سه‌له‌كانی‌ ژنان وه‌ڕێخست‌و رێ‌پێوانی‌ یادی‌ ئه‌م رۆژه‌ به‌رز ‌و پیرۆز راده‌گرن ‌و یادی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ خۆشییه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌كانی‌ ژنان له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌مرۆدا رێكخراوتر‌و یه‌كگرتووترن‌و زیاتر له‌ جاران هه‌نگاوی‌ مه‌سبه‌ت‌و بوێریان هاویشتوه‌‌و ده‌هاوێن‌و زۆر ده‌سكه‌وتی‌ به‌ نرخیان وه‌ده‌ست هێناوه‌ به‌ڵام مخابن سه‌ره‌ڕایی‌ زۆری‌ هه‌وڵه‌كان كێشه‌ی‌ ژنان له‌ جیهان دا به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی‌ ماوه‌ته‌وه ‌‌و رۆژ نی‌یه‌ له‌ گۆشه‌‌و كه‌ناری‌ ئه‌م جیهانه‌ توند‌وتیژی‌ رووحی‌‌و جه‌سته‌یی‌ دژ به‌ ژنان نه‌كرێ‌‌و به‌ خراپترین شێوه‌ مامڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كرێ‌، كه‌ ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی‌ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ‌‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ لایه‌نگری‌ بۆ هه‌ڵوێسته‌ كرد‌و چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌. دیاره‌ ئه‌و توند‌وتیژییانه‌ له‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتووش دا خۆ ده‌نوێنن، به‌ڵام یاسا‌و حكومه‌ت‌و بنیات‌و دامه‌زراوه‌كان له‌و وڵاتانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ وڵاتانی‌ دوواكه‌وتوو حكووم ده‌كرێ‌ به‌ڵام له‌ وڵاتانی‌ دواكه‌وتوو بۆته‌ عورفێك‌و ئاسایی‌یه‌. له‌ وڵاتی‌ دیكتاتۆر لێ‌دراوی‌ ئێرانی‌ ئه‌مرۆش دا ژنان وه‌ك باقی‌ توێژه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌ له‌ سه‌ره‌تایی‌ترین مافی‌ ئینسانی‌ خۆیان بێ‌به‌ش كراون‌و له‌ ژێر سێبه‌ری‌ نیزامی‌ ویلایه‌تی‌ فقیه دا تووشی‌ چه‌ندین نه‌هامه‌تی‌ وه‌ك سه‌نگسار، حیجابی‌ زۆره‌ملی‌، مامڵه‌كردن به‌ ژنان‌و كچانی‌ كه‌م ته‌مه‌ن، موعتاد كردنی‌ مرۆڤ به‌ مادده‌ بێهۆشكه‌ره‌كان، چه‌وسانه‌وه‌ له‌ ژێر یاسای‌ دژه‌ ژن به‌ند به‌ به‌ندی‌ دژی‌ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی‌ مرۆڤ به‌گشتی‌‌و ژنان به‌ تایبه‌تی‌‌و بگره‌ سه‌دان نه‌هامه‌تی‌تر كه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێ‌‌وشوێنی‌ جۆرا‌وجۆر هه‌وڵی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ زیاتر ژنان بۆ كونجی‌ ماڵ‌‌و دوور خستنه‌وه‌یان له‌ كاروباره‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و فه‌رهه‌نگی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌كان بۆ سه‌پاندنی‌ پۆشینی‌ جل‌و به‌رگی‌ تایبه‌تیی‌تر له‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا به‌ زۆر به‌سه‌ریان دا سپێندراوه‌ كه‌ ئازاد بوونی‌ له‌به‌ر كردنی‌ جل‌و به‌رگ سه‌ره‌تایی‌ترین مافی‌ هه‌ر مرۆڤێكه‌، به‌ڵام به‌ خۆشییه‌وه‌ ژنانی‌ ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو زه‌بر‌وزه‌نگ‌و زوڵمه‌ی‌ كه‌ لێیان ده‌كرێ‌ بێ‌ده‌نگ نه‌بوون‌و به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بۆیان لوابێ‌ له‌ مه‌یدان دابوون‌و له‌ خۆبردوویان له‌ خۆیان نیشان داوه‌‌و داخوازی‌یه‌ ئینسانیی‌كانی‌ خۆیان هێناوه‌ته‌ گۆڕێ‌‌و به‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌ به‌رامبه‌ر كۆنه‌په‌ره‌ستی‌‌و له‌ روویی‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حاكم به‌ چۆك دانه‌هاتوون خۆ راگربوون، به‌ تایبه‌ت ژنانی‌ ماندوویی‌ نه‌ناسی‌ كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێزی‌ هه‌ر پێشه‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ ئازادی‌ خوازی‌یه‌كان دابوون،‌و له‌ دووبه‌ره‌دا خه‌باتیان كردوه‌ له‌به‌ره‌یه‌ك بۆ دیفاع له‌ موجوودیه‌تیی‌ گه‌ل‌و له‌ به‌ره‌یه‌كی‌ دیكه‌ بۆ داكۆكی‌ كردن له‌ مافه‌ ره‌وا و به‌رحه‌قه‌كانی‌ خۆیان.

هه‌ر بۆیه‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران وێڕای‌ پیرۆزبایی‌ ئه‌م رۆژه‌ مێژوویی‌یه‌ په‌یمان‌و به‌ڵین له‌گه‌ڵ‌ ژنانی‌ كوردستان‌و جیهان نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ داكۆكی‌ كردن له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ مافی‌ ره‌وا‌و به‌حه‌قی‌ ژنان هه‌وڵ‌ ده‌دا‌و خه‌باتی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌باتی‌ سه‌رجه‌م ژنان له‌ جیهان گرێ‌ ده‌دا‌و پشتیوانی‌ له‌ خه‌بات‌ و داخوازی‌یه‌كانی‌ بۆ وه‌دی‌هێنانی‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ ژنان له‌ جیهان به‌ تایبه‌ت له‌ ئێران‌و كوردستان ده‌كا.

پیرۆزبێ‌ 8ی‌ مارس رۆژی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ ژنانی‌ جیهان.

یه‌كگرتووبێ‌ خه‌باتی‌ ژنانی‌ جیهان بۆ داكۆكی‌كردن له‌ مافه‌ ره‌وا به‌رحه‌قه‌كانیان.

كۆمیته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

8ی‌ مارس 2007

17ی‌ ره‌شه‌ممه‌ی‌ 1385

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.