Ö:: ئۆجه‌لان و ده‌وڵه‌تی تورکیا

نووسینی: عه‌لی که‌رکوکی

‌‌‌دوای ئاشکرا کردنی هه‌واڵی ژه‌هراوی کردنی سه‌رۆک ئۆجه‌لان، له ‌لایه‌ن پارێزه‌ره‌کانی ئۆجه‌لان و پزیشکێکه‌وه‌، له‌ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا که‌ له‌ ئیتاڵیا به‌سترا، ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وت، که‌ ماوه‌یه‌که‌ ڕژێمی تورکیا به‌ ڕه‌فتاری شۆفینیزمی و ده‌سه‌ڵاتی دکتاتۆرییه‌تانه‌ی خۆی، هه‌وڵ ده‌دات بۆ له‌ناو بردنی سه‌رۆک ئۆجه‌لان، ئه‌مه‌ش له ‌ڕێگه‌ی ژه‌هراوی کردنی ئه‌و خواردنه‌ی که‌ ده‌یدرێتێ .

ئاشکرا کردنی ئه‌م ڕوداوه‌ش له ‌تا‌قیگاکانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، که‌ له‌ سه‌ر هه‌ندێک له‌ مووی له‌شی سه‌رۆک ئۆجه‌لان شیکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه که‌وا دوو جۆر ماده‌ی ژه‌هراوی ( کڕۆن ) و ( سترۆنسیۆم ) تێکه‌ڵ به‌و خواردنه‌ ده‌کرێت که‌ ده‌یدرێتێ، ئه‌م دوو جۆره‌ ماده‌یه‌ش ده‌بنه‌ هۆی په‌ک که‌وتنی گورچیله ‌و له‌ کار خستنی جگه‌ر و لاواز کرد ئێسکه‌کانی له‌ش و نه‌هێشتنی به‌رگری له‌ له‌ش، وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤ توشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بێت.

وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رکه‌وتووه‌ که‌وا ئه‌م دوو جۆره‌ ماده‌یه‌ به‌ ڕێژه‌ی زۆر که‌م ده‌درێته‌ سه‌رۆک ئۆجه‌لان، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هۆی کوشتنی یه‌کسه‌ری و، تا که‌سیش ڕژێمی تورکیا به‌م کاره‌ تاوانبار نه‌کات.

به‌ڵام، ڕژێمی تورکیا با باش ئه‌وه‌ بزانێت که‌ جیهان به‌ گشتی و ئێمه‌ی کورد به‌تایبه‌تی، چاک ئه‌وه‌ ده‌زانین که‌ ڕژێمه‌ شۆفینیزمه‌که‌ی ته‌نها کار بۆ له ‌ناو بردنی کورد و خواسته‌ پیرۆزه‌کانی میلله‌تی کورد ده‌کات، نه‌ک له‌ باکوری کوردستان، به‌ڵکو له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی به‌ ناهه‌ق دابه‌ش کراوو هه‌ر سووچێکی ئه‌م جیهانه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت کوردێکیشی تێدا بێت.

با باشیش ئه‌وه‌ بزانێت، که‌ به‌ له‌ ناو بردنی سه‌رۆک ئۆجه‌لان، تورکیا به‌ره‌و قه‌یرانێکی سه‌خت و دژوار ده‌چێت، له‌ کۆتاییشدا هه‌ر دوو گه‌لی کورد و تورک باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن.

جا لێره‌دا ڕوو ده‌که‌مه‌ ڕووی هه‌موو کوردێکی به‌شه‌ره‌ف و خاوه‌ن هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و، هه‌موو پارت و لایه‌نه سیاسی‌یه‌کانی کوردستان و هه‌موو دام و ده‌زگا مرۆیه‌کانی کوردستان و جیهان، دژایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م کاره‌ نا مرۆڤایه‌تی‌یانه‌ی ڕژێمی تورکیا ده‌رببڕن.

با هه‌موو پێکه‌وه‌ بچینه‌ سه‌ر جاده ‌و به‌رده‌م باره‌گاکانی مافی مرۆڤ، ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆمان دژ به‌م کاره‌ چه‌په‌ڵه‌ ده‌رببڕین و به‌ شۆفینی یه‌ تورکه‌کان بڵێین ئێمه‌ی کورد، یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین و به‌ له‌ ناو بردنی سه‌رۆک ئۆجه‌لان ناتوانیت هه‌ڵمه‌تی ڕه‌وای خواسته‌کانی میلله‌ته‌که‌مان له‌نگ بکه‌یت.
داواش له‌ گه‌لی تورک بکه‌ین، پێ‌یان بڵێین ئه‌وانیش وه‌ک و ئێمه‌ دژایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م جۆره سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌ی جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی تورک به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کورد بکه‌ن.
چونکه‌ میلله‌تی کورد له‌داوا کرنی مافه‌ ڕه‌واکانی خۆی، به‌ولاوه زیاتر نایه‌وێت دژایه‌تی هیچ میلله‌تێکی تر بکات.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.