خه‌ڵکی خه‌باتگێڕی مه‌هاباد یادی کۆماری کوردستانیان پیرۆز کرد.

 

رۆژی دووی رێبه‌ندان خه‌ڵکی به‌ئه‌مه‌گ و شۆڕشگێڕی شاری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بۆ رێزگرتن و نیشاندانی وه‌فاداری بۆ ساڵڕۆژی دووی رێبه‌ندان و ئامانجه‌کانی کۆماری کوردستان به‌ خوێندنه‌وه‌ی سروودی ئه‌ی‌ره‌قیب و ئه‌ی شه‌هیدان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی شاری مه‌هاباد و ده‌سته‌ ده‌سته‌ به‌ره‌و گلکۆی نه‌مران  پێشه‌وا و هاورێکانی وه‌رێ که‌وتن و خۆپیشاندانێکی که‌م وێنه‌یان سازکرد.له‌م خۆپێشاندانه‌دا به‌رێزان ئه‌حمه‌دی قازی و مریه‌می قازی و چه‌ند ژنی دیکه‌ په‌یام و شێعر و په‌خشانیان خوێنده‌وه‌.لاوه‌کانیش به‌ دروشمی بژی کوردوکوردستان و بژی کوردایه‌تی رێوره‌سمه‌که‌یان پتر رازاندبووه‌وه‌.تا گه‌یشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ رێوره‌سمه‌که‌ هێمنانه‌ به‌رێوه‌ چووه‌ و که‌س نه‌گیراوه‌.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌م رێوره‌سمه‌دا کۆمه‌ڵانی به‌ ئه‌مه‌گ و وه‌فاداری شه‌هیدان سه‌ردانی گڵکۆی مامۆستایان،هێمن،هه‌ژار و هونه‌رمه‌ند مه‌حه‌مه‌دی ماملێ‌یان کرد.

 

مه‌هاباد

موحسین ره‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووی سپای پاسدارانی ئێران حه‌وتووی پێشوو سه‌ردانی شاری مه‌هابادی کرد وبه‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی بیروڕای خه‌ڵکی مه‌هاباد چاوی به‌ گه‌وره‌‌پیاوان و شوڕای شار که‌وتووه‌،به‌ڵام به‌رپرسی شوڕای شار نه‌یویستووه‌ ناوبراو ببینێ‌،سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ناوبراو له‌کاتی فه‌رمانده‌ری سپای پاسداراندا به‌رپرسی زۆر جینایه‌تی رژێم‌ له‌ ناوچه‌دا بووه‌.له‌سه‌ر یه‌ک موحسین ره‌زایی له‌ مه‌هاباد به‌ هێند وه‌رنه‌گیراوه‌و دیداره‌کانی له‌ که‌ش وهه‌وایه‌کی سارددا به‌رێوه‌ چوون‌.مه‌به‌ستی سه‌ردانی ناوبراو هه‌ڵسه‌نگاندنی بیروڕای خه‌ڵکی کوردستان بووه‌ بۆ" هه‌لبژاردنی" سه‌رۆک کۆمار که‌ قه‌راره‌ له‌ بیست‌وحه‌وتی جۆزه‌ردانی ساڵی داهاتوو به‌رێوه‌ بچێ.به‌ڵام ئه‌وانه‌ی چاویان به‌ ناوبراو که‌وتووه‌،پێیان کوتووه‌ که‌ خاته‌می زۆر به‌ڵێنی دا به‌ خه‌ڵکی کوردستان  که‌چی له‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵدا ته‌نیا درۆی کرد و هیچی پێنه‌کرا. یه‌کێک له‌ به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ ره‌زایی کوتووه‌ هه‌ر که‌س ده‌یهه‌وێ ببێته‌ سه‌رکۆمارده‌بێ به‌ ئاشکرا به‌ڵێنی جێبه‌جێکردنی ئه‌سڵی پازده‌ی قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئێران بدات ده‌نا خه‌ڵکی کوردستان به‌شداری له‌ "هه‌ڵبژاردندا " ناکه‌ن.

ئێمه‌ش ده‌ست خۆشی له‌ خه‌ڵکی قاره‌مانی مه‌هاباد ده‌که‌ین بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوامێرانه‌یان و هه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌مان له‌ خه‌ڵکی شاری پێشه‌وا هه‌یه‌.

 

سه‌رچاوه ماڵپه‌ری کۆمیته‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران- سوئێد