شاری‌ سه‌رده‌شت، یاد‌و بیره‌وه‌ریی‌ ٢ی‌ رێبه‌ندان،

ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستانی‌ به‌رز راگرت

 

به ‌پێی‌ هه‌واڵـێ‌ كه‌ له‌ شاری‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌، ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ تێكۆشه‌ری‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ بۆنه‌ی‌ ساڵیادی‌ ٢ی‌ رێبه‌ندان، ۵٩ هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستانه‌وه‌، له‌ رێگای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ تراكت ‌و رۆژنامه ‌‌و وێنه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ رێبه‌ری‌ حیزب‌و گه‌ل، قازی‌، قاسملوو‌و شه‌ره‌فكه‌ندی‌‌و به‌ نووسینی‌ دروشمی‌ شۆڕشگێڕانه‌‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌، یاد‌و بیره‌وه‌ریی‌ ئه‌و رۆژه‌ مه‌زنه‌یان به‌رز راگرت‌و په‌یمانی‌ وه‌فادارییان بۆ حیزبی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ كۆماری‌ كوردستان نوێ‌ كرده‌وه‌. ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو كاری‌ ته‌بلیغییان لـێ‌كرا، بریتی‌ بوون له‌: گه‌ڕه‌كی‌ فه‌رهه‌نگییان، مه‌یدانی‌ وه‌حده‌ت، ده‌ورووبه‌ری‌ فه‌رمانداری‌، ده‌ورووبه‌ری‌ قوتابخانه‌ی‌ مه‌نوچێهری‌، گه‌ڕه‌كی‌ گرده‌سوور‌و دۆڵتانچك، ده‌ورووبه‌ری‌ مزگه‌وتی‌ سوور، گه‌ڕه‌كی‌ سه‌رچاوێ‌، ده‌ورووبه‌ری‌ بیمارستان، ده‌ورووبه‌ری‌ مزگه‌وته‌كانی‌ شێخ مه‌ولانه‌‌و قیبله‌.

 

هه‌ندێ‌ له‌ دروشمه‌كان بریتی‌ بوون له‌:

 

ـ پێشمه‌رگه‌ چقڵـی‌ چاوی‌ رێژیمی‌ ئاخوندی‌یه‌

ـ زانستگا مه‌كۆی‌ ئازادیخوازانه‌

ـ سڵاو له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، پشتیوانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكرات

 

سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ری کوردستان مێدیا

به‌شی هه‌واڵ