خه‌لیل میرعه‌زیزی          به‌روار  ٠٢-١١-٢٠٠٤    بروكسل

 

دڵدارى

مامۆستاى مه‌كته‌ب پرسیارى كرد

دڵداره‌كه‌ى تۆ كێ‌یه‌

هه‌ندێک راوه‌ستام

ترسام راستیه‌كه‌ى بڵێم

چاوه‌م خسته‌ ناو هاوڕێکانم  

له‌یلام بینى

ووتم

له‌یلا

هه‌موو سه‌یرى له‌یلایان كرد

مه‌جنوون به‌ حاڵێکی  زاره‌وه‌ هه‌ستا و 

ووتى ئه‌وه‌ عه‌شقى منه‌

چاوێکی ترم روانى

شیرینم بینى

ووتم

شیرین

فه‌رهاد وا له‌ پشت كورسیه‌كه‌ى هه‌ستا

خه‌ریك بوو كورسیه‌كه‌ى بشکێنێت

ووتى

ناوى شیرین

نه‌ك له‌ سه‌ر بێستووون

له‌ دڵی من هه‌ڵکه‌‌نراوه‌

ووتم

زین

مه‌م خه‌ریك بوو ببێ به‌ گوله ‌‌و بروا به‌ ناو چاوانم

ووتم

ببووره‌

من هه‌ڵه‌‌ بووم

له‌ جێی خۆما ووشك وه‌ستام

كه‌چی بڵێم

بیرم كه‌وته‌وه‌ كه‌ باوكم ووتى

ڕزگاری له‌ راستیدایه‌

ووڵاته‌كه‌م

كوردستانم

نه‌خشه‌ى سوور و سپی و زه‌ردى تۆم ده‌رهێنا

ووتم

ئه‌وه‌ دڵداره‌‌كه‌ى منه‌

من له‌ گه‌ڵ كوردستانم دڵدارم

 

.................................................................................................................................

 

خۆشه‌ویستى

له‌ و ڕۆژه‌وه‌

باوه‌شى گه‌رمى دایكم

له‌ هه‌موو ساردیکانى ژیان

په‌ناى من بوو

خۆشه‌ویستى دایكم

لاپه‌ره‌یه‌کی ژیانمی گرته‌ به‌ر

***

كه‌ گه‌وره‌ بووم

چاوى جوانى کیژى هاوسێمانم بینى

خۆشه‌ویستى ئه‌ویش

لاپه‌ره‌یه‌کی ژیانمی گرته‌ به‌ر

به‌ڵام

وڵاته‌كه‌م كوردستانم

كه‌ زانیم

من ڕۆڵه‌ی داوێنی چیاکانی بێستوون و شاهۆ و ئاراراتم

خۆشه‌ویستى تۆ

هه‌موو لاپه‌ره‌كانى ژیانمى گرته‌‌ به‌ر

 

ناسنامه        ١٢-١١-٢٠٠٤      بروكسل

شه‌وێک

به‌هۆى دووریت ره‌نجام و

شێعره‌کانم كه‌ كرد بووم به‌ پاسه‌وانى سنووره‌كانت

كۆم كرده‌وه‌

وویستم برۆم بۆ وڵاتێکی تر

ده‌ستم برد بۆ ناسنامه‌

ناوت بكوژێنمه‌‌وه‌

ناسنامه‌ تووایه‌وه‌

كه‌ دیم

بێ ناوى كوردستانم

منیش ئه‌توێمه‌وه‌         

 

خه‌لیل میرعزیزی    بروكسل