ئه‌مڕۆ جه‌ژنه‌ و جه‌ژنی کوردانه‌

 

سه‌ردار پشده‌ری

ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵه‌ و

ماڵمان له‌ شارۆچکه‌ی دوکانه‌،

قوتابیم و

دانیشتبووم له‌ ژووری قوتابخانه‌

 

مامۆستا هاته‌ ژوور

ووتی مناڵینه‌ هه‌ڵپه‌رن

ئه‌مڕۆ جه‌ژنه‌ و جه‌ژنی کوردانه‌

 

ووتم مامۆستا، جه‌ژنی چی؟

خۆ نه‌ ڕه‌مه‌زانه‌ و نه‌ قوربانه‌؟

 

ووتی ئه‌وانه‌ جه‌ژنی عه‌ره‌بن و

جه‌ژنی کوردان دووی ڕێبه‌ندانه‌

 

پرسیم دووی ڕێبه‌ندان چیه‌؟

ووتی ڕۆژی به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاڵای کوردستانه‌

 

هاتمه‌وه‌ ماڵ و

پرسیم بابه‌ بۆ دووی ڕێبه‌ندان جه‌ژنی کوردانه‌؟

 

ووتی ڕۆڵه‌، برینم مه‌کولێنه‌وه‌،

بابه‌شت شۆڕشگێرێکی ٢٠ ساڵ بوو ئه‌و زه‌مانه‌.

 

ئێواره‌ بوو

له‌ بناری بوڵفه‌ت پۆزی بێ عه‌جه‌میم لێده‌دا

تۆڵه‌ی باپیره‌م و سه‌عیدی مه‌ڵکه‌ریم له‌ که‌لله‌دا

 

دیتم ده‌رکه‌وتن

پۆله‌ سوارێکی ڕه‌نگ شۆڕشگێرانه‌

سه‌ڵاویان کرد و ووتیان، ئه‌وه‌ ڕێگای بێورانه‌؟

 

ووتم من بێوره‌یم و

میوانداریش پیشه‌ی باب و باپیرانمانه.‌

 

پرسیم ئێوه‌ کێن؟

ده‌زانن که‌ بێوران مه‌ڵبه‌ندی شۆڕشگێرانه‌؟

 

ووتی من سه‌دری قازیم و

ئه‌وه‌ش زێڕۆ به‌گی هه‌رکی قاره‌مانه‌

 

وێکرا ڕۆیشتینه‌وه‌ ناو دێ و

شه‌و ده‌ستکرا به‌ باسی زروف و زه‌مانه‌

 

سه‌دری قازی ده‌یگووت، په‌یامی قازیم پێیه‌ و

کات کاتی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی کوردستانه.‌

 

ڕۆڵه‌ هه‌ر له‌وێوه‌ بابه‌ت

بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ی کۆمار، به‌ بێ داوا و بڕو به‌هانه‌

 

هه‌وای شۆڕشگێری زۆر خۆشه‌ و

ئێستاش خۆشی ئه‌و سه‌رده‌مم له‌ به‌رچاوانه‌.

 

له‌ سابڵاغ ناردیان به‌ دوامدا

ووتیان وه‌ره‌ ئاهه‌نگی دووی ڕێبه‌ندانه‌

نه‌وه‌ی هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی بناری بوڵفه‌ت

سبه‌ینێ جه‌ژنی ئعلانی ده‌وڵه‌تی کوردستانه

 

ووتم باشه‌ و

دیاری ئێمه‌ش داره‌که‌ی په‌رچه‌مه‌ و

سپی‌دارێکی باڵا به‌رزی باغه‌‌که‌ی بێورانه.

 

که‌ ده‌چم و ده‌بینم،

شایی و هه‌ڵپه‌رکێ‌یه‌ له‌ چوارچرا

شاباشیش بۆ ئاڵا، ده‌وڵه‌تی کوردستانه‌

 

خه‌و نه‌مابوو و

هه‌وای سه‌ربه‌خۆیش ئاڵکۆڵی شۆڕشگێرانه.

 

دونیا ڕووناک بوو،

خه‌ڵک سه‌رگه‌رمی ڕازاندنه‌وه‌ی مه‌یدانه‌

داری ئاڵا،

بوو به‌ به‌رده‌ ڕه‌شی مه‌ککه‌ و

خه‌ڵک سه‌رگه‌رمی ده‌ست پێداهێنانه‌

 

توێکڵی ئه‌و داره‌،

ده‌رمانی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی و چاک بوونه‌وه‌ی کوێرانه.‌

 

له‌ خۆشیدا دڵم ده‌کوڵێ و

له‌ولاشه‌وه‌ چاوم پڕ له‌ گریانه‌

 

ده‌یان که‌س بێهۆش بوون و

به‌ هه‌زاران ده‌ستیش داری ئاڵا به‌ره‌و به‌رز کرانه‌

 

شێعری لاوکی لاوک بێژانیش

وزه‌ی شۆڕشگێری و بزوێنه‌ری هه‌ستی هه‌مووانه.‌

 

له‌ ناکاو ده‌رکه‌وتن

دوو خوێن شیرنی ڕه‌شتاڵه‌ی ڕه‌نگ پیاوانه‌

 

بوو به‌ هاتوو و هاوار

بۆ پێشه‌وه‌ قازی و بارزانی به‌ خێر بێن بۆ سه‌ر ئه‌و چاوانه‌

 

ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ و پارێزه‌ر

ئێوه‌ش وه‌ک شێر داڕێژن مێژوو بۆ زه‌مانه‌.

 

به‌رز کرایه‌وه‌ ئاڵا

کۆمار کۆماری کوردستانه‌ و به‌شی هه‌مووانه‌

قازی فه‌رمووی با مێژوو شاهید بێ و

بناغه‌ی کۆشکی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دووی ڕێبه‌ندانه‌.

 

ڕۆڵه‌ باوکیشت وه‌ک هه‌زاران نیشتمان‌په‌روه‌ری دیکه‌

ده‌ربه‌ده‌ری به‌شداری هه‌ڵکرانی ئاڵا و

پاراستنی دووی ڕێبه‌ندانه‌.

 

سه‌ردار پشده‌ری

 

له‌نده‌ن ٢٢-٠١-٢٠٠٠ ی زائینی

 

ماڵپه‌ری سه‌ردار پشده‌ری

 

ماڵپه‌ری گیاره‌نگ