لایه‌لایه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م. ( هاوارێک بۆ شارێک.)

 

ئه‌ورۆ نه‌بوو

دوێنێش نه‌بوو،

لام وڵاته‌ ساڵه‌هایه‌،

ده‌نگی زوڵاڵی لایلایه‌،

بۆ کۆرپه‌کان به‌ سۆزترین مۆسیقایه‌،

لایه‌ لایه‌ی هه‌ر دایکێک،

سه‌دان چیرۆک له‌ ناسۆر و،

ده‌رد و ژان و،

کۆست و برسیه‌تی تێدایه‌،

هۆ شاره‌که‌م،

دایکه‌ پڕ له‌ ئازاره‌که‌م،

گوێ ڕادێره‌ له‌و هه‌رایه‌

دایه‌ پیره‌ی نیشتمانمان،

چه‌ند به‌ سۆز

بۆ تۆی کۆرپه‌ ده‌کات لایه‌،

ئه‌ی خودایه‌،

تۆ پێتوایه‌ یاسای لایلایه‌ ئاوایه‌،

ژێر خانووی ڕماو،

کۆڵان و شه‌قام،

دووکان و بازار بێ، باوه‌شی دایه‌،

هاڕه‌ی فرۆکه‌ و ڕمبه‌ی بۆمبایه‌،

ده‌نگی لایلایه‌.

له‌ جیاتی بۆنی

مێخه‌ک به‌نده‌که‌ی سه‌ر سینگی دایک

بۆی گازی خه‌رده‌ڵ بێ له‌ گشت لایه،

به‌م لایه‌ لایه‌ کۆرپه‌ و داک بخه‌ون

هه‌تا هه‌تایه‌،

هه‌ر چه‌ند زۆر تاڵه‌

ئه‌م شێوه‌ لایلایه‌

به‌لام گه‌لی تۆ به‌وه‌ دڵنیایه‌،

بۆ دایکانی داهاتوو

دره‌نگ یا زوو

چیرۆکی شاری وا نوستوو،

وه‌ک ناکازاکی و هێرۆشیمایه‌

ده‌بێته‌ وانه‌ی دایکی، کۆرپه‌ی هه‌موو دنیایه‌،

ده‌چێته‌ گوێچکه‌ی گشت که‌سێ

چ مه‌زن و چ ساوایه‌.

ده‌سراز‌یه‌ی‌ ویژدان تووند ده‌کات،

له‌ سه‌ر سینگی، هه‌ر که‌سێکی

به‌ خه‌یاڵی خۆی پێی وایه‌،

له‌ بێشکه‌ی به‌شه‌ر دۆستی دایه‌.

 

ئه‌م چیرۆکه‌ ئێستا کۆن بوو،

مخابنا، که‌ وانه‌ بوو،

ویژدانی به‌شه‌ر دۆستی

هه‌ر ده‌سته‌ملان له‌ گه‌ڵ مه‌ستی،

گیرفان پڕ کردنه‌ مه‌به‌ستی،

دوور له‌ حه‌ق و، دوور له‌ ڕاستی،

له‌ خه‌وی ساخته‌گی دایه‌،

هیچ وانه‌بوو،

نه‌ک ئه‌و کۆرپه‌ییه‌ زل نه‌بوو

چاو لێ ده‌که‌م،

ناو بێشکه‌ کونه‌ مارێکه‌،

هه‌ر کامێک چه‌ند سه‌ری هه‌یه‌،

ئه‌وه‌ی له‌ ناو ئه‌و کونه‌ دایه‌.

ده‌لایلایه‌، ده‌لایلایه‌،

ئه‌و کۆرپه‌ی ئۆمێدم پێی بوو،

هه‌ر نه‌ماوه‌ له‌ هیچ لایه‌،

یا نه‌ماوه‌ له‌ هیچ لایه‌،

یا بووه‌ته‌ کۆڵه‌که و

له‌ ژێر قه‌ڵای زوڵم دایه‌.

 

 

زاهید شاعیری

سه‌رده‌شت

 

٠٧-٠٤-١٣٧٧‌