پیره‌دار

 

پێشکه‌شه‌ به‌ گیانی پاکی شه‌هیدی نه‌مر دوکتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو

 

هه‌ر چه‌ند ڕه‌شه‌با پێی وایه‌،

دار به‌ڕویی بناری چیایی له‌ ڕیشه‌وه‌ ده‌ر هێناوه‌،

خاک ئیتر بێ‌پارێزه‌ره‌

لێره‌وار پشتی شکاوه‌،

بوومه‌له‌رزه‌ دڵی خۆشه‌

به هۆی له‌رزه‌ی ڕه‌شه‌کووژی

کۆشکی ئاواتمان ڕماوه‌،

گێژه‌ڵۆکه‌ واده‌زانێ

سه‌ر له‌ ڕێبواران شێواوه‌

چڵپاوخۆران به‌ که‌یفن که‌

کاسه‌یان بۆ پڕ کراوه‌

به‌ڵام ئه‌من،

دڵنیام، دڵنیا

ڕیشه‌ی دار به‌ڕوه‌ به‌رزه‌کان

به‌ردی بناغه‌ی کۆشکه‌کان و

نه‌خشه‌ی ڕێبه‌ری ڕێبوارانیش

له‌ ناو ملوێنان سندووقی

دڵی کورد دا پارێزراوه‌،

ڕۆژێ دادێ

ئه‌و قفڵانه‌ی ده‌کرێنه‌وه‌،

 ڕێبوارانی گۆڕ غه‌ریبمان

بۆ قه‌ڵا ده‌گه‌رێنه‌وه‌

لق‌و پۆپی پیره‌داران

به‌سه‌رهاتی باوه‌ گه‌وره‌

وه‌کوو وانه‌ی خۆراگریی

بۆ نه‌مامان ده‌ڵێنه‌وه‌

فرمێسکی چاوی دایکانیش

به‌ یه‌کجاری ده‌سڕێنه‌وه‌،.

ده‌سڕێنه‌وه‌.

 

زاهید شاعیری- شڵماشی

پوشپه‌ری ساڵی١٣٧٠ی هه‌تاوی سه‌رده‌شت

 

shaheri2004@yahoo.com