قوربانی‌یه‌کی‌تر

نووسینی : هه‌ژار

 

به‌ داخه‌وه‌ رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی ٢٦-١١-٢٠٠٤ له‌ شاری مه‌هاباد لاوێكی ته‌مه‌ن ١٨ ساڵه‌ بوو به‌ قوربانی ماده‌ سڕكه‌ره‌كان. ناو براو كوڕی قاسمی ئه‌حسه‌نی دانیشتووی شاری مه‌هاباد بوو كه‌ به‌ هۆی ته‌زریقی زۆر‌و بێ به‌رپرسایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی به‌رامبه‌ر به‌و گه‌نجانه‌، گیانی له‌ ده‌ست دا. كۆماری ئیسلامی ئێران بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی ماده‌ سڕكه‌ره‌كان له‌ شاره‌كانی كوردستان به‌ تایبه‌ت شاری مه‌هاباد بۆیه‌ هه‌فته‌یه‌ك ١ یا ٢ كه‌س له‌ لاوانی مه‌هاباد ده‌بنه‌ قوربانی مه‌وادی موخه‌دیر كه‌ تاوانبارانی رێژیم وه‌ك سیاسه‌تی دیاری كراو له‌ كوردستان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

له‌ سه‌ره‌تادا بیستنی ئه‌م هه‌واڵه‌ وه‌ك شتێكی ئاسایی دێته‌ به‌ر چاو به‌ڵام كاتێك ده‌چی‌یه‌ نێو بنج‌و بناوانی هه‌واڵه‌كه‌ ته‌زوو به‌ له‌شی هه‌موو ئینسانێكی به‌ هه‌ست‌و هه‌موو مرۆڤێكی كورددا دێ‌و ناتوانێ له‌ ئاست ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌ك نه‌یگرێ‌و ویژدانی نه‌هه‌ژێ.

 

به‌ڵێ له‌ شارێكی ١۵٠ هه‌زار كه‌سی وه‌ك مه‌هاباددا حه‌وتوویه‌ك ٢_٣ لاوی ته‌مه‌ن ١٨ساڵه‌ له‌ به‌ر چاوی باوك‌و دایك‌و ئازیزانیان گوڵی ته‌مه‌نیان هه‌ڵده‌وه‌رێ‌و ماڵئاوایی له‌ ژیان‌‌و هه‌موو ئاوات‌و ئاره‌زووه‌كانیان ده‌كه‌ن. ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی كه‌ ده‌بوو له‌پێناو به‌خته‌وه‌ری گه‌ل‌و نیشتمان‌و بۆ ئامانجێكی پیرۆز ته‌رخان بكرێ.

مه‌سه‌له‌ی مه‌وادی موخه‌دیر له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا له‌ په‌نای دیارده‌ شوومه‌كانی وه‌ك ئێدز‌و... دیارده‌یه‌كی پڕ مه‌ترسی‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌ره‌ی ئاده‌میزاد ده‌كا. رۆژ نیه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ سه‌دان كه‌س به‌ هۆی نه‌خۆشی ئێدز یان مه‌وادی موخه‌دیر گیانیان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن. له‌ راستی‌دا بۆ زۆربه‌ی زۆری جیهان ئه‌مانه‌ی حه‌ز له‌ چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان‌و گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن‌و پێشكه‌وتن‌و گه‌شه‌ساندنی وڵاته‌كه‌یان به‌ لاوه‌ گرینگه‌و رێز له‌ نه‌وه‌ی لاو و گه‌نج كه‌ پایه‌دانه‌ری كۆمه‌ڵگای داهاتوون ده‌گرن. ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆته‌ كۆسپێكی گه‌وره‌و موشكیله‌یه‌كی مه‌زن. بۆیه‌ش له‌ بیری چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌دان‌و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشگیری ده‌كه‌ن‌و رێگاچاره‌ی گونجاو بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌ دژی مه‌وادی موخه‌دیر كه‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ژینۆسایده‌ ده‌دۆزنه‌وه‌. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی هێندێك حكوومه‌تی حاكم به‌ سه‌ر هێندێك وڵات كه‌ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ بوونی ئه‌م ژه‌هرانه‌دا ده‌دۆزنه‌وه‌و بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌ گه‌ڵ هه‌موو چه‌شنه‌ هه‌ستێكی ئازادیخوازی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئێعترازی، سه‌ركوتی بیرو ئه‌ندێشه‌ی نوێ به‌ هۆی ده‌زگا جاسووسی‌یه‌كان‌و نۆكه‌ره‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ر بڵاو له‌ شارو گونده‌كان‌دا خه‌ریكی په‌ره‌ پێدان به‌ ئێعتیادو مه‌وادن. ئه‌گه‌ر جارو بار له‌ راگه‌یینه‌ره‌ گشتی‌یه‌كانیشیان‌دا هێندێك به‌یت‌و بالۆره‌ به‌ ناوی به‌ربه‌ره‌كانی له‌ دژی مه‌وادی موخه‌دیر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نیا مه‌سره‌فی خاریجی هه‌یه‌‌و بۆ به‌ فریو بردنی بیروڕای گشتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌. نموونه‌ی هه‌ره‌به‌رچاوی ئه‌م جۆره‌ وڵاتانه‌ ئێرانه‌.

 

ئێران یه‌كێ له‌ رێگا سه‌ره‌كی‌یه‌كانی گوازتنه‌وه‌ی مه‌وادی موخه‌دیر له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ به‌ره‌و ئورووپایه‌. ئورووپایه‌كانیش ئه‌م راستی‌یه‌ ده‌زانن‌و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وه‌ێ پێشی ئه‌م مه‌واده‌ بگرن‌و ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌فغانستان ده‌نێوی نه‌هێنن حكوومه‌تی ئاخونده‌كان بۆ فریودانی ئورووپایی‌یه‌كان ستادێكی بۆ به‌ربه‌ره‌كانی دژی مه‌وادی موخه‌دێر دامه‌زراندووه‌ تا ئێستا ده‌یان كه‌سیشی لێ كوژراوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ شتێكی ره‌واڵه‌تی‌یه‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج بده‌ینه‌ هه‌واڵه‌كانی په‌یوه‌ندی‌دار به‌ به‌ربه‌ره‌كانی حكوومه‌تی ئاخونده‌كان له‌ دژی مه‌وادی موخه‌دێر به‌م ئاكامه‌ ده‌گه‌ێن كه‌ زۆربه‌ی ئه‌م تێك‌هه‌ڵچوونانه‌ له‌ ناوچه‌ی به‌لووچستان واته‌ ده‌روازه‌ی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌م مه‌واده‌یه‌. به‌ڵام كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و ئورووپا ده‌چێ هه‌ر له‌ به‌لووچستانه‌وه‌ تا سنووری توركیه‌ هه‌واڵی هیچ چه‌شنه‌ به‌ربه‌ره‌كانی‌و شه‌ڕو پێك‌دادانێك نابیسین!

 

حكومه‌تی ئێران به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی تێك‌هه‌ڵچوونه‌كانی ناوچه‌ی به‌لووچستان ده‌یه‌وێ دوو نیشان بپێكێ: یه‌كه‌م ئه‌وه‌ بۆ مه‌سره‌فی خاریجی ژماره‌ی كوژراوه‌كانی خۆی زیاتر له‌وه‌ نیشان ده‌دا كه‌ هه‌یه‌‌و ده‌یه‌وی به‌ وڵاتانی‌تر بڵێ: كه‌ حكوومه‌تی ئێران له‌ به‌ربه‌ره‌كانی دژی مه‌وادی موخه‌دێردا شێلگیره‌و به‌م‌جۆره‌ سیمایه‌كی ئینسانی بنوێنێ‌و یارمه‌تی ماڵی زیاتر له‌ وڵاتانی ئورووپایی‌و دام‌و ده‌زگاكانی به‌ربه‌ره‌كانی دژی مه‌وادی موخه‌دێری ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ بیانووی خه‌بات دژی قاچاخچی‌یه‌كان وه‌ربگرێ. دووه‌م به‌ وه‌ڕێ خستنی ئه‌م شانۆیه‌و به‌ بیانووی ئه‌م به‌ربه‌ره‌كانی‌یه‌ درۆزنانه‌یه‌ هه‌موو چه‌شنه‌ حه‌ره‌كه‌تێكی ئێعترازی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی به‌لووچ كه‌ له‌ ئێمه‌ی كورد لێقه‌وماوترو بێ به‌ش‌ترن سه‌ركوت بكا. له‌ راستی‌دا رێژیم ده‌یه‌وێ له‌م چه‌كه‌ یان ئه‌م ئامرازه‌ فێڵاوی‌یه‌ بۆ داپۆشین‌و له‌ ته‌نگه‌ژه‌ خستنی مه‌سه‌له‌ سیاسی‌و نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی گه‌لی به‌لووچ كه‌ڵك وه‌ربگرێ. راسته‌ له‌ ئێران‌دا دیارده‌ی ئیعتیاد پێشینه‌یه‌كی دوورو درێژی هه‌یه‌‌و سیاسه‌تی وڵاتانی ئیستعماری بووه‌و له‌ سه‌رده‌مه‌كانی پێش ئێستادا له‌ لایه‌ن ئیستعمارچی‌یه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئامرازێكی سیاسی بۆ به‌ چۆك‌دا هێنانی گه‌لانی ئێران كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام له‌وه‌تی كۆماری ئیسلامی هاتووته‌ سه‌ر كار ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ ئانقه‌ست بۆ مه‌به‌ستی سیاسی‌ وه‌ك میراتێكی ئیستعماری بۆ ئاخونده‌كان به‌ جێ‌ماوه‌و كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن.

 

هه‌ر وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێكرد ته‌قه‌و لێكدانه‌كان له‌ دژی قاچاخ‌چی‌یه‌كان هه‌ر له‌ ناوچه‌ی بلووچستان روو ده‌دا. بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی‌و حه‌ق وایه‌ مرۆڤ له‌ خۆی پرسیار بكا: ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی ئاخوندی له‌ مانگ‌دا ده‌ست به‌ سه‌ر ده‌یان تون مه‌واد ده‌گرێ‌و سنووره‌كان به‌ توندی كونترۆڵ ده‌كرێن، ئه‌ی چۆنه‌ له‌ شارو گونده‌كانی ئێران به‌ گشتی‌و كوردستان به‌ تایبه‌تی ئه‌م مه‌وادانه‌ به‌ هاسانی‌و به‌ هه‌رزان‌و بۆ موعتاد كردنی خه‌ڵك له‌ سه‌ره‌تادا به‌ خۆڕایی ده‌ست ده‌كه‌ون؟ ئایا ئه‌مه‌ به‌م مانایه‌ نیه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌م مه‌واده‌ ده‌ست به‌ سه‌ردا گیراوانه‌ به‌ قیمه‌ته‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندی‌داره‌كانی سه‌ر به‌ ئاخونده‌كان‌و داروده‌سته‌كانیان به‌ نرخێكی هه‌رزان له‌ وڵات‌دا ده‌فرۆشرێ؟ به‌م جۆره‌ ئاخوندو ده‌ست‌و پێوه‌ندی‌یه‌كانیان هه‌م قازانجێكی زۆری مادی‌یان  ده‌ست ده‌كه‌وێ‌و هه‌م له‌ رێگای ئالووده‌ كردنی خه‌ڵكه‌وه‌ پێشی هه‌موو چه‌شنه‌ هۆش‌و بیرێكی پێشكه‌وتوانه‌ و هه‌موو فكرێكی ئازادیخوازانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ نێو توێژی لاودا كه‌ زۆرترین قوربانین ده‌گرن، به‌ چه‌شنێك كه‌ قوربانی‌یه‌كان له‌ مان‌و بوون‌و وجوودی خۆیان بێ خه‌به‌ر بن‌و ببنه‌ دڕكێك له‌ نێو كۆمه‌ڵ‌داو سه‌رباری خۆیان‌و بنه‌ماڵه‌كانیان.

 

ئه‌وه‌ی راست بێ ئێعتیاد‌و موعتاد بوون به‌ مه‌وادی موخه‌دیر ته‌نیا تایبه‌تی گه‌وره‌ ساڵان نیه‌. به‌ داخه‌وه‌ توێژی لاویش گیرۆده‌ی بووه‌و باڵی به‌ سه‌ر ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌كان‌و ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌ده‌و بارهێنان‌دا كه‌ ده‌بووو ده‌بێ مه‌كۆی په‌روه‌رده‌ كردنی نه‌سڵی گه‌نج‌و پایه‌دانه‌رانی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان بێ كشاندووه‌. بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م مادده‌ بێهۆش كه‌رانه‌ له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات‌و موعتاد بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ لاوان به‌ راستی زه‌نگێكی پڕمه‌ترسی‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌ شوێنه‌واری له‌ سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری‌و سیاسی كوردستانی رۆژهه‌ڵات داناوه‌و خه‌ریكه‌ به‌ره‌ی نوێ به‌ره‌و ته‌فرو توونا بوون‌و نابوودی ده‌با.

 

ره‌نگه‌ زۆر هۆ كار وه‌ك ناكۆكی‌یه‌كانی بنه‌ماڵه‌یی، بێكاری، ناهومێدی له‌ ژیان نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی روون بۆ توێژی لاو، مه‌سه‌له‌و كێشه‌ سیاسی‌یه‌كان، ئاڵۆزی‌یه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌كان‌و بێ داهاتوویی‌و نه‌بوونی ئاسۆیه‌كی روون‌و زۆر بابه‌تی دیكه‌ هۆكاری سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌ شوومه‌ بن. به‌ڵام حكوومه‌تێكی به‌رپرس حه‌ول ده‌دا هۆكاره‌كانی له‌ ناوبه‌رێ وه‌ك له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتووه‌ باوه‌و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی گونجاو بۆ ده‌رمان كردنی موعتاده‌كان‌و ته‌رح كردنی ئیعتیاد حه‌ول ده‌ده‌ن‌و ده‌یان ناوه‌ندو ده‌رمانخانه‌و نه‌خۆشخانه‌و دام‌و ده‌زگای تایبه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م نه‌خۆشی‌یه‌ ماڵ وێرانكه‌ریان كرۆته‌وه‌و بوودجه‌ی تایبه‌تی‌ ئیمكاناتێكی زۆریان بۆ ته‌رخان كردوون. به‌ڵام له‌ ئێرانی ئاخوندی‌دا به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی كوردستان‌دا به‌ پێچه‌وانه‌یه‌.

 

ئێمه‌ كاتێك قووڵایی كاره‌ساته‌كه‌ هه‌ست پێ ده‌كه‌ین، كاتێك ده‌بێ وه‌ك شێوه‌یه‌ك له‌ ژینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ له‌ لایه‌ن دوژمنانی گه‌لی كورده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ سه‌یر بكه‌ین  بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌م پیلانه‌ گڵاوه‌ له‌ لایه‌ن رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ به‌ هۆی ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانیانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رین‌و به‌ر بڵاو له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات ته‌نانه‌ت باشووریش به‌ڕێوه‌ ده‌چێ!

 

به‌ داخێكی گرانه‌وه‌ ده‌بێ بگوترێ دیارده‌ی ئیعتیاد رایه‌ڵ‌و پۆی كۆمه‌لی كورده‌واری له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات داگرتووه‌. ئه‌گه‌ر هه‌روا بڕوا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌و قه‌ره‌بوو نه‌كراو بین. پێویسته‌ ئه‌م راستی‌یه‌ بزانین كه‌ ژماره‌ی موعتادان‌ له‌ شارو گونده‌كانی ئێران به‌ره‌و زیاد بوون‌و هه‌ر وه‌ك كوترا به‌ داخه‌وه‌ قوتابخانه‌‌و ناوه‌نده‌ ئامووزشی‌یه‌كانیشی گرتووته‌وه‌. رێژه‌ی ئه‌م گیروده‌و موعتادانه‌ له‌ كوردستان له‌ چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران به‌ره‌و ژووره‌و رۆژ له‌ گه‌ڵ رۆژ له‌ زیاد بوون‌دایه‌. ئه‌م ده‌رمانه‌ ماڵ وێرانكه‌ره‌و ژیان سووتێنه‌ره‌ له‌ لایه‌ن كۆماری دژی گه‌لی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌. به‌ هۆی ژماره‌یه‌ك مرۆڤی بێ ویژدان‌و قازانج په‌رست‌و هه‌لپه‌رست كه‌ وه‌ك گیاكه‌ڵه‌ كه‌وتوونه‌ نه‌مامی ژیانی لاوان‌و گه‌نجانی كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ئاماژه‌ به‌م راستی‌یه‌ بكه‌ین كه‌ شارێكی وه‌ك مه‌هاباد كه‌ له‌ سه‌رده‌می شادا ژماره‌ی موعتاده‌كان كه‌ له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ست تێ‌نه‌ده‌په‌ڕی ئێستا زیاتر له‌ 5هه‌زار لاوی ئه‌م شاره‌ گیرۆده‌ی مه‌وادی موخه‌دیر بوون‌و مۆمی ته‌مه‌نیان به‌ره‌و كوژانه‌وه‌ ده‌چێ. شارێك كه‌ هه‌میشه‌ چ له‌ سه‌ر ده‌می ره‌زاخان‌و حه‌مه‌ره‌زاداو چ له‌ سه‌رده‌می كۆماری ئیسلامی‌دا مه‌كۆی شۆڕشگێڕی‌و قاره‌مانه‌تی بووه‌و لاوه‌كانی له‌ پێناو وه‌دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی گه‌لی كورد چ له‌ زیندان‌و چ له‌ سه‌نگه‌ری شه‌ره‌ف‌و به‌رگری‌دا گیانیان به‌خشیوه‌. ئایا شارێك كه‌ شانازی به‌ كۆماره‌ ساواكه‌ی ده‌كا. شارێك كه‌ عه‌زیزی یوسفی،سه‌دیق ئه‌نجیری، سوله‌یمانی موعینی‌و دوكتۆر سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی‌و... سه‌دان رۆڵه‌ی له‌ خۆ بوردووی له‌ ئامێزی خۆی‌دا په‌روه‌رده‌ كردووه‌و جێگای فه‌خرو شانازی مێژووی كوردو كوردستان بوون ئێستا ده‌بێ ئاوا زه‌لیلانه‌ له‌ ئاست پیلانه‌ گڵاوه‌كانی دوژمن‌و نۆكه‌رانی‌دا به‌ چۆك‌دا بێ!؟

 

خوێنه‌ری به‌ڕێز: كاتێك له‌ قووڵایی كاره‌ساته‌كه‌ ده‌گه‌ین كه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ گیرۆده‌ بوون به‌ دارووی موخه‌در هه‌ر تایبه‌تی مه‌هاباد نیه‌، هه‌ر له‌ ماكۆوه‌ بگره‌ تا ورمێ‌و شنۆو نه‌غه‌ده‌و پیرانشارو سه‌قزو بۆكان‌و سنه‌و كرماشان‌و ئیلامی گرتووه‌ته‌وه‌و سه‌دان به‌رانبه‌ر له‌ گازه‌ ژه‌هراوی‌یه‌كه‌ی سه‌دام پڕمه‌ترسی‌ترو جه‌نایه‌ت بارتره‌. خه‌ریكه‌ بنه‌مای بنه‌ماڵه‌كان هه‌ڵدوه‌شێ. خه‌ریكه‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واری نه‌خۆش ده‌كه‌وێ. خه‌ریكه‌ له‌ كوردستان نه‌وه‌یه‌كی نه‌خۆش، ناهۆمێد، بێ ئاسۆ، بێ به‌رنامه‌ پێك دێ.

 

به‌ بێگومان هه‌ر كه‌سێك توزقاڵێك له‌ كرده‌وه‌ی جینایه‌تكارانه‌ی ئاخونده‌كان ورد بێته‌وه‌ زۆر به‌ هاسانی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ كه‌ بۆچی حكوومه‌تی ئاخونده‌كان ئاوا به‌ چڕی‌و پڕی خه‌ریكی لێك هه‌ڵته‌كانی ئه‌وه‌ی داهاتووی كوردستانه‌ بۆ روون ده‌بێته‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی راستی بێ گه‌لی كورد گه‌لێكی خه‌باتگێڕ‌و شۆڕشگێڕه‌، خه‌باتێكی ره‌واو عادڵانه‌ بۆ دابین كردنی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئارادایه‌. كۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ڕاگه‌یاندنی جیهاد سیاسه‌تی شووینیستانه‌و دژی گه‌لی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ كورد ده‌ربڕی. بۆیه‌ ده‌كرێ ئامانجی رێژیم له‌ یه‌ك دێڕدا كورت بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: مه‌به‌ستی رێژیم له‌ ئه‌نجام دانی ئه‌م جینایه‌ته‌ سه‌رباقی هه‌موو جینایه‌ته‌كانی دیكه‌ی له‌ كوردستان‌دا دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ گه‌لی كورد، كوشتنی بیری ئازادی‌و كوردایه‌تی، خنكاندنی ده‌نگی ئیعتراز‌و پێشگیری له‌ په‌ره‌ ئه‌ستاندنی زیاتری خه‌باتی گه‌لی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان، كوشتن‌و بێ خاسیه‌ت كردنی به‌ره‌ی لاوو گه‌نج كه‌ تواناو وزه‌ی خه‌باتیان هه‌یه‌.

 

ملكه‌چ كردن له‌ به‌رانبه‌ر رێژیم‌دا له‌ یاد بردنه‌وه‌ی هوویه‌تی ئینسانه‌كان‌ و سه‌ره‌نجام كرانه‌وه‌ی سه‌نگه‌رێكی دیكه‌ له‌ لایه‌ن رێژیمی كۆنه‌په‌رستان بۆ خه‌بات دژی ماف ‌و ئازادی‌یه‌كانی گه‌لی كورد. ته‌نانه‌ت لاقی له‌ به‌ڕه‌ی خۆی پتر راكێشاوه‌و په‌لی هاویشتووته‌ كوردستانی باشووریش‌و به‌ هۆی تۆڕ‌و رایه‌ڵكه‌ی جاسووسی‌و سیخوڕو نۆكه‌ره‌كانی‌و ئه‌م ناوه‌ندانه‌ی كه‌ به‌ ناوی قه‌رارگاو كونسولگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر‌و سوله‌یمانی هه‌یه‌، رۆژ نیه‌ بۆ ئالووده‌ كردنی لاوان‌و گه‌نجانی ئه‌م به‌شه‌ش له‌ سنووره‌كانی مه‌ریوان‌و بانه‌ ماده‌ی ژه‌هراوی وارید نه‌كا. وه‌ك دوژمنێكی سوێندخۆر به‌ هه‌موو هێزو توانایه‌وه‌ خه‌ریكی  له‌ به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانی باروودۆخی كوردستانی باشووره‌ كه‌ پاش ده‌یان ساڵ ره‌نج‌و ئازارو ماڵ وێرانی توانیویانه‌ نیمچه‌ ئازادی‌یه‌ك بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن. به‌ڵێ سوله‌یمانی‌و هه‌ولێرێك كه‌ پێش راپه‌ڕین ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌ست نه‌ده‌دیت موعتاد بێ ئێستا له‌ مه‌حفه‌لی خۆیان‌دا تریاك كێشان خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌كی باو.

 

باشه‌ له‌ هه‌ل‌و مه‌رجێكی ئه‌وتۆدا كه‌ ژینۆسایدو نه‌سڵ كوژی‌یه‌كی دیكه‌ به‌ڵام به‌ فورم‌و شێوازێكی‌تر له‌ لایه‌ن كار به‌ده‌ستانی ئێرانه‌وه‌ له‌ دژی گه‌لی كورد وه‌ڕێ خراوه‌. ئه‌ركی ئێمه‌ی كورد به‌ گشتی چیه‌؟

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك هه‌ر تاكێكی كورد خه‌بات له‌ دژی ئه‌م دیارده‌ ره‌شه‌ به‌ خه‌باتێكی پیرۆز بزانێ. گه‌لی كورد پێویسته‌ وشیار بێته‌وه‌و هه‌ست به‌م مه‌ترسی‌یه‌ گه‌وره‌یه‌ بكا كه‌ نه‌وه‌ی نوێی كوردستان خه‌ریكه‌ به‌ره‌و نه‌مان‌و ته‌فروتوونا بوون ده‌چێ. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌موو دام‌و ده‌زگاكانی حكوومه‌تی‌و به‌ تایبه‌تی راگه‌یێنه‌ره‌ گشتی‌یه‌كانی كورد چ له‌ رادێوو ته‌له‌ڤزیون‌و چ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانه‌ كه‌ لاوان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌و رێنوێنیان بكه‌ن‌و په‌رده‌ له‌ سه‌ر پیلانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لا بده‌ن. چ ده‌بوو كاناڵه‌ كوردی‌یه‌كان به‌ جێگای ئه‌وه‌ رۆژێ به‌ ده‌یان گۆرانی بێ نێوه‌رۆك‌و به‌ دوور له‌ هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی  بڵاو بكه‌نه‌وه‌و به‌ تایبه‌تی به‌ ته‌بلیغاتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ بینه‌رانیان وه‌ره‌ز بكه‌ن‌و به‌ ده‌یان به‌رنامه‌ی بێ نێوه‌رۆك كه‌ ته‌نیا بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی كاتی به‌رنامه‌كان‌و كوشتنی كاتی بینه‌ران بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، ئاوڕێك له‌م ده‌رده‌ش بده‌نه‌وه‌و به‌رنامه‌گه‌لێك له‌ باره‌ی ئیعتیاد، هۆیه‌كانی، شێوه‌ی به‌ربه‌ره‌كانی‌و ده‌رمان‌و چاره‌ سه‌ری ئه‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌‌و په‌روه‌رده‌ی لاوان له‌ سه‌ر باندی جینایه‌تكارانی ئه‌م مادده‌یه‌و ناساندنی عامیلانی ئه‌م ده‌رده‌ پڕ مه‌ترسی‌یه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌. خه‌باتێكی پیرۆز‌و هه‌موو لایه‌نه‌‌و گشتی‌و هێرشێكی ته‌بلیغاتی به‌رین ده‌ست پێ بكه‌ن‌و ماكه‌ی ئه‌م فه‌ساده‌و پیلانه‌ گڵاوه‌كانی‌و ئامانجه‌كانی بۆ خه‌ڵك ده‌ربخه‌ن.

 

ئه‌ركی رۆژنامه‌نووسان‌و رووناكبیرانی به‌رپرس قورس‌و گرانتره‌. له‌ رێگای راپۆرت نووسینی‌ جۆراوجۆر به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی گونجاو قۆڵیان بۆ خه‌باتێكی پیرۆز كه‌ به‌ داهاتووی وڵاته‌كه‌یان به‌نده‌ هه‌ڵماڵن‌و ئامانجه‌كانی دوژمن بۆ نه‌وه‌ی لاو روون بكه‌نه‌وه‌.

 

مامۆستایانی ئایینی پێویسته‌ به‌ چاوێكی راسته‌قینه‌ سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌ن، خه‌بات له‌ دژی ئیعتیادو مه‌وادی موخه‌دیرو عامیلانی ئه‌م ژه‌هره‌و روون كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تی توێژی لاو له‌ گه‌ڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلام نه‌ك ناته‌با نیه‌، به‌ڵكوو زۆریش ته‌بان‌و ئه‌ركی ئایینی‌و ئیسلامی‌و ئینسانی‌یه‌‌و جێی خۆیه‌تی مینبه‌ری هه‌موو مزگه‌وته‌كانی كوردستان ببێته‌ سه‌نگه‌ری دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ ئیعتیاد‌و مه‌وادی موخه‌دیر‌و ئاشكرا كردنی رووی دزێوی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ پشت ئه‌م جینایه‌ته‌ سامناكه‌ن.

مامۆستایانی قوتابخانه‌كان به‌ گشتی كه‌ دانه‌ری به‌ردی بناخه‌ی كۆمه‌ڵی داهاتووی كوردستانن‌و رۆژ نیه‌ له‌ گه‌ڵ توێژی لاوی وڵاته‌كه‌مان له‌ پێوه‌ندی‌دا نه‌بن ئه‌ركی سه‌ر شانیانه‌ قوتابی‌یه‌كان رێنوێنی بكه‌ن‌و شاهیدی په‌ڕپه‌ڕ بوونی گوڵی ته‌مه‌ن‌و هیوای قوتابی‌یه‌كانیان نه‌بن.

 

گرینگ‌تر له‌ هه‌مووی ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌یان پێكرا ئه‌وه‌یه‌ بێ سڵمینه‌وه‌ ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی سات‌و سه‌ودا به‌ ژیانی ئینسانه‌كان ده‌كه‌ن‌و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌ هێنانی ئه‌م مادده‌یه‌و كڕین‌و فرۆشتنیان‌دا ده‌ستیان هه‌یه‌ ئاشكرا بكرین‌و وه‌ك جاش‌و خائین‌و نۆكه‌ری بێگانه‌، وه‌ك دوژمن به‌ ئازادی‌و مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد‌و دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی كورد حیسابیان  بۆ بكرێ.‌و له‌ نێو كۆمه‌ڵ‌و خۆیان‌دا تڕۆیان بكه‌ن‌و روو ره‌شی دنیاو قه‌یامه‌تیان بكه‌ن.

 

وه‌رن با له‌م سه‌نگه‌ره‌ش‌دا به‌ یه‌كیه‌تی ‌و یه‌كگرتوویی خه‌باتی خۆمان بۆ نه‌سڵێكی ساغ‌ و بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ كوردستانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆ درێژه‌ پێ بده‌ین. بێگومان كاتێك كۆمه‌ڵێكی ئاسووده‌و كوردستانێكی ئاوه‌دانمان ده‌بێ كه‌ نه‌سڵێكی بێ گرێ‌و گۆڵ‌و گریمانه‌ی ده‌روون‌و خاوه‌ن ده‌روونێكی ساغ ‌و بێ خه‌وشمان هه‌بێ. به‌م هیوایه‌.