جیاوازیه‌کانی سووتان

 

نووسینی: محه‌ممه‌دی پووره‌ گوڵێ

 

ئێواره‌یه‌ک دڵی بوو به‌ گه‌ڵایه‌کی زه‌رد، هێدی هێدی که‌وته‌ خوار و لێوی سارد و بێ هه‌ستی نا به‌ لێوی خاکی سارد و سڕ و ماندوو. شه‌وانه‌ په‌نجه‌کانی ئاوێزانی ده‌ستی چرایه‌ک ده‌بوون و ده‌گه‌راو ئه‌یپرسی له‌ هه‌ر " با " یه‌ک که‌ ده‌هات و ده‌چوو. دڵ گه‌ر نه‌که‌وێته‌ خوار و له‌ توێی خاک دا نه‌بێ به‌ قه‌قنه‌س ئه‌ی له‌ به‌رۆکی کام به‌ردی بدا؟

هه‌مان ئێواره‌ دیتمه‌وه‌ ڕه‌ش‌پۆش و مات و چاو به‌ گریان و لێو به‌ بزه‌، مۆمێک له‌ نێو ده‌سته‌کانی دا سه‌مای ئه‌کرد، مۆم خه‌ریک بوو ده‌ستی ئه‌سووتاند، به‌ په‌له‌ فریای که‌وتم و فووم له‌ مۆمه‌که‌ی ناو ده‌ستی کرد. تووڕه‌ بوو، گریا و باوه‌شی دا له‌ به‌رد و خۆڵی به‌رده‌می هه‌ی کاڵ‌فام، مۆم ئه‌گه‌ر نه‌سووتێ بۆچی ئه‌بێ؟ بۆ ئه‌و مۆمه‌ت کوشت؟ ئه‌ی بۆ نه‌تهێشت ده‌ستم بسووتێنێ؟ په‌روانه‌ ئه‌گه‌ر باڵی نه‌وه‌رێ و نه‌ سووتێ چۆن ئه‌توانێ عاشق و شه‌یدا بێ؟ گریام، زۆر به‌ کوڵ گریام، ئه‌و کاته‌ خۆشترین ده‌نگ له‌ لام داته‌پینی هه‌ناوی خۆم بوو. بۆ تێ نه‌گه‌یشتم له‌ مانا ورده‌کانی ژیان، چۆن ئه‌بێ نه‌زانم که‌ مۆمێک بۆ سووتا، دوو باڵی په‌روانه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵوه‌رینه‌ و دڵێکیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ک شێته‌ " با " بێ و خۆی له‌ دار و به‌ردی هه‌موو شوێنێک بدا. بۆ ئه‌وه‌ی عاشق و ئه‌ویندار و شه‌یدا بێ.

ئه‌و ئێواره‌یه‌ی که‌ دڵی ئه‌و هه‌ڵوه‌ری منیش له‌ حیکمه‌تی سووتان و توانه‌وه‌ گه‌یشتم. منیش هه‌ستم کرد بۆچی گه‌وره‌ کچانی گه‌ڕه‌ک دیوانی شێعر و گۆرانیی ئه‌خوێننه‌وه‌؟ له‌وه‌ش گه‌یشتم شێته‌که‌ی ڕووحی کازیوه‌ ساڵح کێیه‌؟ عاشقه‌ یان بازرگانێکی دڵ ڕه‌قه‌؟

تا دڵێک هه‌ڵنه‌وره‌ێ نه‌ شێعر و نه‌ گۆرانی له‌ دایک نابن، تا دڵێک له‌ تۆێی خاک دا ئارام نه‌گرێ که‌س له‌ وێرده‌کانی ئه‌وین ناپرسێته‌وه‌.

چه‌ند شه‌و له‌مه‌وبه‌ر وه‌ک په‌یکه‌ر له‌ به‌ر ده‌رگا چاوه‌رێت بووم، هه‌رچی هات تێپه‌ری، نه‌ که‌س بۆنی تۆی پێ بوو، نه‌ که‌سیش ئه‌یزانی له‌ نیشان و ناوت. ویستم بێی و سروودێکم بۆ بخوێنی له‌ سه‌ر باڵی فریشته‌یه‌ک ڕامژێنی. ویستم بێی و من عاشق بکه‌ی. من یه‌که‌م نۆبه‌ره‌ی عه‌شق، ئه‌وینم بوو، هه‌ر بۆیه‌ش پێوانی سه‌خت‌ترین ڕێگا خۆشی‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو. به‌ هه‌موو ته‌عبیریک من چاوه‌ڕێت بووم، تۆش بڵێنت دامێ که‌ بێی. به‌ڵام من توامه‌وه‌ و هه‌ستم به‌ وه‌رینی دڵم کرد. که‌چی دوو باڵی تۆ له‌ په‌نای دڵی من فرین و ڕۆیشتی، چه‌نده‌ تاڵ بوو یه‌که‌م جار که‌ ویستم عاشق بم تۆ درۆیه‌کی گه‌وره‌ت کرد، هه‌ر بۆیه‌ دڵم هه‌ڵگرته‌وه‌ و هه‌موو مۆمه‌کانم کۆژانده‌وه‌. بڕیارم دا نه‌گریم و عاشق نه‌بم. ئێستاش دڵم ژیر نه‌بۆته‌وه‌، هه‌موو شه‌وێک وه‌ک مه‌حوی لای‌لایه‌ی بۆ ئه‌که‌م باسی مه‌حبووبه‌ و شه‌م و زینی بۆ ئه‌که‌م. هه‌رچی گۆرانیی بۆ ئه‌ڵێم به‌ڵام شه‌پۆلێک دێ و به‌ هاژه‌ی بێ به‌زه‌یی ڕابردوو ئه‌کا به‌ داستان و چیرۆک له‌ به‌ر ده‌می دا.

کێ ئه‌توانێ دڵێک چاک بکاته‌وه‌ نه‌فامێک به‌ به‌ردی درۆ وێرانی کرد بێ.

دڵم ئه‌ترسێ له‌ ترپه‌کانی ئه‌وین و له‌ گوڵجاری عه‌شقستان و دیوانستانی شێعر، ئێستاش ئه‌ڵێم هه‌رچی سووتا و هه‌رچی وه‌ری به‌شێک نییه‌ له‌ فه‌رمووده‌کانی عاشق بوون.

 

ashkan_1324@yahoo.com