پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممۆ، رێکه‌وتی ٠٨-٠١-٢٠٠۵ ی زایینی، کۆمیته‌ی یه‌کێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ شاری درامن، رێوڕه‌سمێکی به‌ بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی زایینی و به‌ مه‌به‌ستی پێک‌هێنانی دیدارێک له‌ نێوان دۆستان و لایه‌نگرانی یه‌کێتی‌یه‌که‌ و سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، له‌ ناوچه‌کانی بوسکه‌روود، پێک‌ هێنا.                                

سه‌ره‌تای به‌رنامه‌که‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان کاک هیوا ئیبراهیمی ، به‌رپرسی کۆمیته‌ ناوچه‌ی درامن و گه‌رمیان یارحوسه‌ینی به‌رپرسی به‌شی په‌روه‌رده‌و فێرکردنی کۆمیته‌ ناوچه‌ی درامن، کرایه‌وه‌ و پاش پارچه‌ هه‌ڵبه‌ستێک که‌ له‌ لایه‌ن کاک هیوا ئیبراهیمییه‌وه‌ پێشکه‌س کرا، داوا کرا له‌ کۆڕی سروودی کۆمیته‌ ناوچه‌ی درامن که‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ' ئه‌ی ره‌قیب' پێشکه‌ش بکه‌ن. پاشان خوله‌کێک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدان، راگه‌یه‌ندرا. پاشان داوا کرا له‌ به‌ڕێز مه‌نسوور عه‌زیزی، به‌رپرسی گشتی یه‌کێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ وڵاتی نورویژ، که‌ په‌یڤێک پێشکه‌ش بکات.                                                        

هاوڕێ مه‌نسوور عه‌زیزی، له‌ په‌یڤێکدا ئاماژه‌ی دا به‌ ساڵی نوێی زایینی و ئه‌رکه‌ نوێ‌کانی یه‌کێتی لاوان له‌ وڵاتی نورویژ هه‌روه‌ها له‌ مه‌ڕ چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌ کردنی لاوان له‌ لایه‌ن باوکان و دایکانیانه‌وه‌ و چۆنیه‌تی هه‌وڵدان بۆ پێگه‌یاندنیان، بۆ ئاماده‌ بووان دوا و له‌ هه‌مان کاتدا به‌ڵێنی دا که‌ یه‌کێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ وڵاتی نورویژ، خاوه‌ن به‌رنامه‌ و پلانی نوێیه‌ و ئه‌و یه‌کێتی‌یه‌، تا ئه‌و جێیه‌ی که‌ بۆی بلوێ، له‌ هه‌وڵدا ده‌بێ بۆ هاوکاری و هاوهه‌نگاوی له‌ گه‌ڵ لاواندا له‌ ولاتی نورویژ و له‌و پێناوه‌شدا له‌ هیچ شتێک درێغی ناکات.                        

پاشان داوا کرا له‌ کاک مه‌جید یارحوسێنی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب له‌ شاری درامن که‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ درامن، هه‌ندێک بۆ به‌شدار بووان بدوێت. کاک مه‌جید یارحوسێنی وێرای ئه‌وه‌ی که‌ پێی داگرت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ‌لاوان دوارۆژ سازانی وڵاتن و ده‌بێ زیاتر و زیاتریش له‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌  گرنگییان پێ بدرێت، ئاماده‌یی خۆی و کۆمیته‌ی حیزبی بۆ هه‌ر شێوه‌ هاوکارییه‌ک ده‌ربڕی و هیوای خواست که‌ لاوان هه‌رده‌م سه‌رکه‌وتوو بن له‌ به‌ جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیاندا.                                                                   

نۆره‌ گه‌یشته‌ به‌رێوه‌بردنی به‌رنامه‌ی کێبه‌رکێ که‌ له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی یه‌کێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه‌ له‌ درامن ئاماده‌ کرابوو. له‌و کێبه‌رکێیه‌ که‌ نزیک به‌ کاتژمێرێکی خایاند، دوو گروپی چوار که‌سی له‌ لاوان رووبه‌ڕووی یه‌ک بوونه‌وه‌ و له‌ ئاکامدا گرۆپی " ب" توانی سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بێنێت و خاڵی زیاتر وه‌رگرێت. پاش به‌رنامه‌ی کێبه‌رکێ، چه‌ند خوله‌کێک پشوو راگه‌یه‌ندرا و له‌ کاتی پشوودا، کۆمیته‌ی یه‌کێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ درامن ، به‌ شیرینی، پێشوازییان له‌ میوانان کرد. پاشان نۆره‌ گه‌یشته‌ به‌شی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و له‌م به‌شه‌شدا به‌شدار بووان به‌شداری کۆڕی گه‌رمی هه‌ڵپه‌ڕکێ بوون و بۆ ماوه‌ی چه‌ند کاتژمێر به‌رنامه‌که‌ درێژه‌ی هه‌بوو. پاش به‌شی هه‌لپه‌ڕکی نۆره‌ گه‌یشته‌ قسه‌ی خۆش و گۆرانی گووتن له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌شدار بووانه‌ی که‌ خاوه‌ن ده‌نگی خۆش بوون. جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ که‌ کۆمیته‌ی یه‌کێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ فریدریکستاد ، به‌شداری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بوون.

به‌رنامه‌که‌ کاتژمێر ١٨ ده‌ستی پێکرد و کاتژمێر ٢٣ به‌ره‌و کۆتایی رۆیشت.

 

کۆمیته‌ی یه‌کێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ شاری درامن

رێکه‌وتی ٠٩-٠١-٢٠٠۵ ی زایینی