په‌یماننامه‌ی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی‌ منداڵانه‌وه‌
وه‌رگێران له‌ فارسیه‌وه‌: قادر وریا
كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتیی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌بڕیاری‌ 44/25 له‌ 20/11/1989دا په‌سندی‌ كردوه‌ و به‌پێی‌ مادده‌ 45ی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ له‌ 2ی‌ ئه‌یلوولی‌ 1990-ه‌وه‌ كاری‌ پێده‌كرێ‌.

سه‌ره‌تا
به‌گوێره‌ی‌ رێوشوێنه‌ بنچینه‌ییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو نوێنه‌رانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئینسانیی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ په‌سند كراون، رێزدانان بۆ زاتی‌ مرۆڤ و به‌رانبه‌ریی‌ بێ‌ ئه‌ملا و ئه‌ولای‌ مرۆڤه‌كان له‌باره‌ی‌ مافه‌كانیانه‌وه‌، به‌دیهێنه‌ری‌ ئازادی‌، دادپه‌روه‌ری‌ و ئاشتی‌ له‌ جیهان دایه‌.

نه‌ته‌وه‌كانی‌ جیهان له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ بڕوا هه‌بوون به‌م ڕێز و حورمه‌ته‌ی‌ مرۆڤ، خوازیاری‌ به‌ختیاریی‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، باشتربوونی‌ هه‌لومه‌رجی‌ ژیان‌و ئازادیی‌ هه‌رچی‌ زیاتر دان.

به‌ قبوڵكردنی‌ به‌یاننامه‌ی‌ جیهانیی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ و وه‌ئه‌ستۆ گرتنی‌ به‌رپرسیاره‌تیی‌ ده‌ست راگه‌یشتنی‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ی‌ مرۆڤه‌كان به‌و مافانه‌ كه‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوون، بێ‌ وه‌به‌رچاوگرتنی‌ به‌ستراوه‌یی‌ ره‌گه‌زی‌، جینسی‌، ئایینی‌، كولتووری‌، ماڵی‌، نه‌ته‌وه‌یی‌ و هه‌رچه‌شنه‌ فه‌رقوجیاوازییه‌كی‌ دیكه‌، هه‌روه‌ها به‌ سه‌رنجدان به‌وه‌ كه‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ جاڕنامه‌ی‌ جیهانیی‌ مافی‌ مرۆڤدا له‌سه‌ر ره‌چاو كردنی‌ مافه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ منداڵان و پشتیوانی‌ له‌وان، پێی‌ داگرتوه‌، به‌ ئاگاداری‌ له‌وه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵگه‌ی‌ پێكهێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵ‌ و یه‌كه‌م شوێنی‌ په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵ‌ و یه‌كه‌م بنیاتنه‌ری‌ كه‌سێتیی‌ منداڵانه‌،

به‌ ئاگاداری‌ له‌وه‌ كه‌ منداڵان بۆ پشكووتن و گه‌شه‌كردنی‌ خۆیان پێویستیان به‌ هه‌بوونی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ رێز و خۆشه‌ویستی‌ و لێكتێگه‌یشتنی‌ تێدابێ‌،

به‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و راستییه‌ی‌ كه‌ منداڵ‌ ده‌بێ‌ بۆ داهاتووی‌ كۆمه‌ڵ‌ ئاماده‌ بكرێ‌ و به‌گوێره‌ی‌ رێوشوێن‌و بایه‌خه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، خاوه‌ن كه‌سێتی‌ و ئاشتیخواز په‌روه‌رده‌ بكرێ‌‌و، گیانی‌ هاوپێوه‌ندی‌ و لێكتێگه‌یشتنی‌ تێدا پێكبێ‌، هه‌روه‌ها به‌ سه‌رنجدان به‌ پێویستیی‌ پشتیوانیی‌ تایبه‌تی‌ له‌ منداڵان به‌ گوێره‌ی‌ په‌سندكراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ وێنه‌:

رێككه‌وتننامه‌ی‌ ساڵی‌ 1924ی‌ زایینیی‌ ژنێڤ له‌باره‌ی‌ منداڵانه‌وه‌، رێككه‌وتننامه‌ی‌ ره‌چاوكردنی‌ مافی‌ منداڵان په‌سندكراوی‌ 20ی‌ نوامبری‌ 1959ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، جاڕنامه‌ی‌ جیهانیی‌ مافی‌ مرۆڤ، په‌یمانی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ له‌باره‌ی‌ مافه‌ مه‌ده‌نی‌ و سیاسییه‌كان (به‌تایبه‌تی‌ مادده‌كانی‌ 23 و 24ی‌ ئه‌و په‌یمانه‌)، په‌یمانی‌ جیهانی‌ بۆ مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئابووری‌ و كولتوورییه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ مادده‌ی‌ 4)، به‌ڵگه‌نامه‌كان و پێڕه‌وی‌ نێوخۆی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی‌ به‌ قازانجی‌ منداڵان تێكۆشانیان هه‌یه‌،

به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ نێوه‌رۆكی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ مافی‌ منداڵ‌ كه‌ داوا ده‌كه‌ن: منداڵ‌ سه‌باره‌ت به‌ ناباڵغ بوونی‌ له‌باری‌ جه‌سته‌یی‌ و ره‌وانییه‌وه‌، پێویستیی‌ به‌ یارمه‌تی‌ و پشتیوانیی‌ تایبه‌تی‌ پێش و دوای‌ له‌ دایكبوون هه‌یه‌،

به‌ پێی‌ په‌سندكرا و و رێككه‌وتننامه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ منداڵان و به‌خشنامه‌كانی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی‌ دیاریكردنی‌ لانی‌ كه‌می‌ ته‌مه‌ن و مه‌رجه‌كانی‌ سزای‌ قانوونی‌ بۆ منداڵان‌و، پشتیوانی‌ له‌ ژنان و منداڵان له‌ كاتی‌ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونی‌ چه‌كدارانه‌دا،

له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ ئه‌و راستییه‌ كه‌ له‌ زۆر وڵاتی‌ دنیادا، منداڵان له‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ خراپ و ناله‌باردا ده‌ژین و پێویسته‌ هه‌نگاوی‌ خێرا و تایبه‌تی‌ له‌م باره‌وه‌ هه‌ڵبگیرێ‌،

هه‌روه‌ها به‌ تێگه‌یشتن له‌ گرنگی‌ و بایه‌خی‌ هاوكارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی‌ باشتر كردنی‌ هه‌لومه‌رجی‌ ژیانی‌ منداڵان له‌ هه‌موو جیهان و به‌ تایبه‌تی‌ له‌ وڵاتانی‌ له‌ حاڵی‌ گه‌شه‌كردندا، ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌ بۆ پاراستن و ره‌چاوكردنی‌ مافی‌ منداڵان په‌سند ده‌كرێ‌:

به‌شی‌ یه‌كه‌م
مادده‌ی‌ 1 (پێناسه‌)
به‌گوێره‌ی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌، منداڵ‌
مرۆڤێكه‌ كه‌ هێشتا ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵیی‌ ته‌واو نه‌كردووه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی‌ پێوه‌ندیداردا ته‌مه‌نێكی‌ زووتر وه‌ك ته‌مه‌نی‌ خۆناسین له‌باری‌ قانوونییه‌وه‌ دیاری‌ كرابێ‌. 

مادده‌ی‌ 2 ( قه‌ده‌غه‌بوونی‌ جیاوازیدانان)
1 ـ
ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌، ره‌چاوكردن‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ نێوه‌رۆكی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ر منداڵێكه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وان، به‌بێ‌ جیاوازیدانان‌و بێ‌ وه‌به‌رچاوگرتنی‌ هه‌رچه‌شنه‌ به‌ستراوه‌یی‌ و جیاوازی‌ له‌باری‌ ره‌گه‌زی‌، ره‌نگی‌ پێست، زایه‌ند، زمان، ئایین، به‌ستراوه‌یی‌ سیاسی‌، پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و قه‌ومی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌، راده‌ی‌ سه‌روه‌ت و سامان، نه‌قوستانی‌، چۆنیه‌تیی‌ سه‌رپه‌رستی‌ كران، دایك و باب و هه‌ر هه‌لومه‌رجێك كه‌ منداڵ‌ تێیدا ده‌ژی‌، ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
2 ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م
په‌یمانه‌، هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ پێویست ده‌نێن تا له‌وه‌ دڵنیا بن كه‌ هه‌ر منداڵێك له‌ هه‌ر جۆره‌ فه‌رقوجیاوازیدانانێك له‌ ئه‌مان دایه‌ و سه‌باره‌ت به‌ بیروڕا ده‌ربڕین‌و روانگه‌ و بۆچوون و تێكۆشانی‌ دایك و باب، سه‌رپه‌رست یان خزم و كه‌سه‌كانی‌، سزا نادرێ‌.

مادده‌ی‌ 3 (قازانجی‌ منداڵ)
1 ـ له‌ هه‌ڵگرتنی‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا كه‌ به‌ جۆرێك پێوه‌ندیی‌ به‌ منداڵه‌وه‌ هه‌یه‌، چ له‌ بواری‌ گشتی‌ و چ له‌ بواری‌ تایبه‌تی‌، ئیداری‌ و نائیداری‌ و هه‌ر به‌شێكی‌ دیكه‌دا، له‌به‌رچاوگرتنی‌ قازانج و دابینكردنی‌ سڵامه‌تیی‌ منداڵ‌ له‌ سه‌رووی‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كه‌وه‌یه‌.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانیانه‌ كه‌ وێڕای‌ ره‌چاوكردنی‌ مافی‌ دایك و باب یان سه‌رپه‌رست، پشتیوانی‌ له‌ منداڵان بكه‌ن و هه‌نگاوی‌ پێویست له‌باری‌ حوقووقی‌ و قانوونییه‌وه‌ هه‌ڵبگرن.
3
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ دڵنیایی‌ ده‌ده‌ن كه‌ ستاندارده‌ دیاریكراوه‌كان له‌باره‌ی‌ ژماره‌ و پسپۆریی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ ئۆرگان و دامه‌زراوه‌كانی‌ به‌رپرس پشتیوانی‌ له‌ منداڵ‌ و تێكنیكی‌ پێویست بۆ كاره‌كانیان دابین ده‌كه‌ن و له‌بواری‌ سڵامه‌تی‌ و له‌شساغیدا كۆنترۆڵی‌ پێویست هه‌یه‌. 

مادده‌ی‌ 4 (ئه‌ركی‌ ده‌وڵه‌تان)

ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ هه‌نگاوی‌ پێویست و گونجاوی‌ قانوونی‌، ئیداری‌ و هتد.. هه‌ڵده‌گرن تا مافه‌ قه‌بوڵكراوه‌كانی‌ نێو ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن. ده‌وڵه‌تان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ نێوه‌رۆكی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌ سه‌رنجدان به‌ مافه‌كان و هه‌لومه‌رجی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، سیاسی‌ و كولتووری‌ هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی‌ له‌ ده‌ستیان دێ‌ له‌ هه‌موو ئیمكانات و سه‌رچاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ خۆیان و ئه‌گه‌ر پێویست بوو له‌ سه‌رچاوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.

 

مادده‌ی‌ 5 (مافی‌ دایك و باب)
ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌، بایه‌خی‌ پێویست به‌ ئه‌رك، مافه‌كان‌و به‌رپرسایه‌تیی‌ دایك و بابه‌كان و سه‌رپه‌رستیی‌ قانوونیی‌ منداڵان ده‌ده‌ن تا به‌رانبه‌ر به‌ منداڵ‌ و ئه‌و مافانه‌ی‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ پێی‌ دراون، كه‌مته‌رخه‌می‌ نه‌كرابێ‌. 

مادده‌ی‌ 6 (مافی‌ ژیان)
هه‌ر منداڵێك مافی‌ ژیانی‌ هه‌یه‌‌و ئه‌وه‌ مافێكی‌ زگماكیی‌ ئه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمانه‌وه‌ به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسرێ‌. 

مادده‌ی‌ 7 (مافه‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ له‌دایكبوون)
1
ـ هه‌ر منداڵێك له‌كاتی‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ مافی‌ هه‌بوونی‌ ناوێكی‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ‌ له‌ ده‌فته‌ره‌كانی‌ پێوه‌ندیداردا تۆمار بكرێ‌. هه‌روه‌ها هه‌بوونی‌ ده‌وڵه‌تنامه‌"تابعیت" مافی‌ خۆیه‌تی‌ و ئه‌گه‌ر بگونجێ‌ ده‌بێ‌ دایك و بابی‌ خۆی‌ بناسێ‌ و به‌هۆی‌ ئه‌وانه‌وه‌ سه‌رپه‌رستی‌ بكرێ‌.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌، ئه‌و مافانه‌ی‌ له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا هاتوون، له‌ حوقووق‌و قانوونه‌ نێوخۆییه‌كانی‌ خۆیان و ئه‌ركه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیاندا ده‌گونجێنن و به‌تایبه‌تی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ هاوولاَتێیان نییه‌، ده‌سته‌به‌ریان ده‌كه‌ن و به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن. 

مادده‌ی‌ 8 (پاراستنی‌ پێناسه‌ی‌ شه‌خسی)
1
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌رعۆده‌ن كه‌ مافه‌كانی‌ منداڵ‌ ره‌چاو بكه‌ن و پێناسه‌ی‌ فه‌ردی‌، هاووڵاتێتی‌، ناو و پێوه‌ندییه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ ناسراوه‌كانی‌ به‌گوێره‌ی‌ قانوون بپارێزن.
2
ـ هه‌ركات هه‌موو یان به‌شێك له‌ پێناسه‌ی‌ شه‌خسیی‌ منداڵ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناقانوونی‌ خه‌وشدار بوو، ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ په‌له‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م خه‌ساره‌، هه‌نگاو ده‌نێن. 

مادده‌ی‌ 9 (جودایی‌ له‌ دایك و باوك)
1 ـ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌یان مۆر كردووه‌، دڵنیایی‌ ده‌ده‌ن كه‌ منداڵ‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ویستی‌ دایك و باوكی‌، له‌وان جیا ناكرێته‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی‌ قانوون بسه‌لمێندرێ‌ كه‌ جیابوونه‌وه‌كه‌ پێویست و به‌ قازانجی‌ منداڵه‌كه‌یه‌. بۆ وێنه‌ كاتێك منداڵ‌ كه‌ڵكی‌ خراپی‌ لـێوه‌رده‌گیرێ‌، یان به‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه‌ ره‌فتاری‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ‌، یان دایك و باوك لێكجیابوونه‌ته‌وه‌ و به‌ جیا ده‌ژین ده‌بێ‌ وه‌زعی‌ مانه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كه‌ روون بكرێته‌وه‌.
2
ـ له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ به‌ندی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م مادده‌یه‌دا، ده‌بێ‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ پێوه‌ندیی‌ به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ بڕیارداندا به‌شدار بكرێن.
3
ـ ده‌وڵه‌تان ئه‌مه‌یان له‌ بیره‌ كه‌ مافی‌ منداڵ‌ له‌ بواری‌ پێوه‌ندیی‌ شه‌خسی‌ و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ دایك و باوكدا، ده‌بێ‌ ئه‌وكاته‌ش كه‌ له‌وان جیاكراوه‌ته‌وه‌، دابین ببێ‌. ته‌نیا ئه‌و كاتانه‌ نه‌بێ‌ كه‌ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ منداڵ‌ له‌ ناته‌بایی‌ دایه‌.
4
ـ هه‌ركات جودایی‌ له‌ ئاكامی‌ بڕیار و هه‌نگاوی‌ ده‌وڵه‌تدابوو، وه‌ك زیندانی‌ كردن، دوورخستنه‌وه‌ و مه‌رگی‌ دایك وباوك یان هه‌ردووكیان، یان مردنی‌ منداڵ‌ (مردن به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێ‌، گرنك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مردووه‌كه‌ له‌وكاته‌دا له‌ به‌ندی‌ ده‌وڵه‌تدا بووه‌)، ده‌وڵه‌تێك كه‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ی‌ مۆر كردووه‌ له‌سه‌ریه‌تی‌ له‌سه‌ر ویستی‌ دایك و باب یان منداڵ‌ یان سه‌رپه‌رسته‌ قانوونییه‌كه‌ی‌، زانیاریی‌ پێویستیان له‌باره‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ پێ‌ بدا كه‌ دیار نییه‌. ته‌نیا ئه‌و كاته‌ نه‌بێ‌ كه‌ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ به‌ قازانجی‌ منداڵه‌كه‌ نه‌بێ‌ و زیانی‌ پێ‌ بگه‌یه‌نێ‌. ده‌وڵه‌ته‌كان دڵنیایی‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ داخوازی‌ له‌م چه‌شنه‌ دێننه‌ گۆڕێ‌، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ مه‌ترسییان بۆ پێك نایێ‌.

مادده‌ی‌ 10 (پێكگه‌یاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه)
1
ـ به‌ شوێن مادده‌ی‌ 9، به‌ندی‌ 1، كه‌ له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا هاتووه‌، هه‌ركات منداڵ‌ یان دایك و بابی‌ داوای‌ چوونه‌ده‌ر له‌ وڵات یان چوونه‌ نێو وڵاتێكی‌ دیكه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ خۆیان بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئینسانی‌ و خێرا ئه‌م كاره‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ راده‌په‌ڕێنرێ‌ و، به‌ هێنانه‌گۆڕێی‌ داخوازێكی‌ له‌م چه‌شنه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك بۆ داواكار و خزم و كه‌سه‌كانی‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پێكنایێ‌.
2
ـ منداڵێك كه‌ دایك و بابی‌ له‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ جیاوازدا ده‌ژین، مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردووی‌ ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ شه‌خسی‌، رێكو پێك و راسته‌وخۆ پێوه‌ندیی‌ هه‌بێ‌، مه‌گه‌ر له‌ كاتی‌ هه‌بوونی‌ هه‌لومه‌رجی‌ تایبه‌تیدا، بۆ وێنه‌ سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی‌ ئه‌منییه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، نه‌زم و ئه‌خلاقی‌ گشتی‌، زیان گه‌یشتن به‌ ئازادی‌ و مافه‌كانی‌ كه‌سانی‌ دیكه‌، یان پێشێلكرانی‌ ئه‌م مافانه‌ی‌ له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا هاتوون.

مادده‌ی‌ 11 (منداڵ‌ رفاندن)
1
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ خه‌بات له‌گه‌ڵ‌ راگوێزتنی‌ ناقانوونیی‌ منداڵان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات و راگرتنیان له‌وێ‌، هه‌نگاوی‌ پێویست هه‌ڵده‌گرن.
2
ـ ده‌وڵه‌تان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، رێككه‌وتننامه‌كانی‌ یه‌كتر له‌و باره‌وه‌، یان رێككه‌وتننامه‌كانی‌ دوو لایه‌نه‌ و چه‌ند لایه‌نه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌سند ده‌كه‌ن.

مادده‌ی‌ 12 (ئازادیی‌ بیروڕا)
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ ئیمزا ده‌كه‌ن مافی‌ منداڵێك كه‌ توانایی‌ دروست كردنی‌ بیر‌وڕای‌ شه‌خسیی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسن. منداڵ‌ له‌ هه‌موو بوارێكی‌ پێوه‌ندیدار به‌ خۆیدا، ئازادیی‌ بیر‌وڕا ده‌ربڕین‌و هێنانه‌ گۆڕی‌ بۆچوونی‌ شه‌خسیی‌ خۆی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ته‌مه‌ن‌و هه‌ڵدانی‌ ویدا گونجاو بێ‌، هه‌یه‌.

مادده‌ی‌ 13 (ئازادیی‌ وه‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری)
1
ـ منداڵ‌ مافی‌ ئازادیی‌ بیروڕا ده‌ربڕینی‌ هه‌یه‌و ئه‌م مافه‌ پێوه‌ندیی‌ به‌ ئازادیی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیارییه‌وه‌ هه‌یه‌. منداڵ‌ ده‌بێ‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌ربه‌سته‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان بترسێ‌، زانیاری‌‌و بیروڕا جۆراوجۆره‌كانی‌ خۆی‌ به‌ قسه‌كردن، نووسین یان به‌ هۆی‌ چاپكردن، به‌كاری‌ هونه‌ری‌ و به‌ هه‌ر رێگا و ئامرازێكی‌ دڵخوازی‌ دیكه‌ی‌ خۆیدا، ده‌رببڕێ‌ و بیدا به‌ كه‌سانی‌ دیكه‌.
2
ـ به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئه‌م مافه‌ ده‌كرێ‌ به‌ هۆی‌ هێندێك قانوونی‌ دیكه‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ سنووردار بكرێ‌:
ئه‌لف- سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی‌ مافه‌كان و ناوبانگی‌ كه‌سێكی‌ دی‌،
ب-  سه‌باره‌ت به‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، نه‌زمی‌ گشتی‌، ئه‌خلاق و پاكیی‌ گشتی‌ وسڵامه‌تیی‌ كۆمه‌ڵ‌.

مادده‌ی‌ 14 (ئازادیی‌ مه‌زهه‌ب، ویژدان و بیروڕا)
1
ـ ده‌وڵه‌تان گرنگی‌ به‌ مافی‌ منداڵ‌ له‌ بواری‌ ئازادیی‌ بیروڕا، ویژدان و مه‌زهه‌ب ده‌ده‌ن.
2
ـ ده‌وڵه‌تان بۆ ئه‌وه‌ی‌ دایك و باب یان سه‌رپه‌رستی‌ منداڵ‌ بتوانن نه‌خشی‌ رێنوێن و رێنیشانده‌ری‌ خۆیان له‌ قۆناغه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی‌ ته‌مه‌نی‌ منداڵدا به‌ باشی‌ به‌ڕێوه‌به‌رن گرنگی‌ به‌مافه‌كان و ئه‌ركه‌كانیان ده‌ده‌ن.
3
ـ ئازادیی‌ مه‌زهه‌ب و جیهانبینی‌ ته‌نیا له‌ هه‌لومه‌رجی‌ قانوونیی‌ دیاریكراودا ده‌كرێ‌ به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌، ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، راگرتنی‌ نه‌زمی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، پاراستنی‌ سڵامه‌تی‌ و خاوێنیی‌ گشتی‌، یان كاتێك كه‌ ئه‌و ئازادییه‌ له‌گه‌ڵ‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و ئازادیی‌ كه‌سێكی‌ دیكه‌ له‌ ناته‌باییدا بن.

مادده‌ی‌ 15 (ئازادیی‌ پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌ن‌و گروپ)
1
ـ ده‌وڵه‌تان مافی‌ منداڵان له‌باره‌ی‌ به‌شداری‌ له‌ كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌ره‌سمی‌ ده‌ناسن.
2
ـ به‌ڕێوه‌بردن‌و ڕه‌چاوكردنی‌ ئه‌و مافه‌ نابێ‌ ببێته‌ هۆی‌ تێكدانی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نه‌زمی‌ گشتی‌‌و، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌خلاقی‌ گشتی‌‌و ئازادییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان‌و ئازادیی‌ كه‌سانی‌ دیكه‌دا، نابێ‌ له‌ دژایه‌تی‌ دابێ‌.

مادده‌ی‌ 16 (پاراستنی‌ هه‌رێمی‌ شه‌خسی)
1
ـ هه‌رێمی‌ شه‌خسی‌‌و تایبه‌تیی‌ هیچ منداڵێك نابێ‌ بكه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستدرێژی‌. ئه‌و هه‌رێمه‌ كه‌ هه‌موو بوار‌و لایه‌نه‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ ژیانی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌، خانووبه‌ره‌، ئابڕوو و نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی‌ شه‌خسی‌ ده‌گرێته‌وه‌، نابێ‌ به‌ ئه‌نقه‌ست‌و به‌ شێوه‌ی‌ ناقانوونی‌ ده‌ستدرێژیی‌ بكرێته‌ سه‌ر.
2
ـ هه‌بوونی‌ پشتیوانیی‌ قانوونی‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌دا، مافی‌ هه‌ر منداڵێكه‌.

مادده‌ی‌ 17 (كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یه‌نی‌ گشتی‌)
ده‌وڵه‌تان به‌ ئاگاداری‌ له‌ نه‌خشی‌ گرنگی‌ ئامرازه‌كانی‌ پێوه‌ندیی‌ گشتی‌، وه‌بیر دێننه‌وه‌ كه‌ منداڵ‌ ده‌بێ‌ ده‌ستی‌ به‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نێونه‌ته‌وه‌یی‌ به‌ره‌وژووربردنی‌ زانیاری‌ و ئاگایی‌، به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ كه‌ بۆ سڵامه‌تیی‌ جه‌سته‌یی‌ و ده‌روونیی‌ ئه‌و به‌ قازانجن، رابگا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ ده‌بێ‌:
ئه‌لف- ئامرازه‌كانی‌ پێوه‌ندیی‌ گشتی‌ هان بده‌ن هه‌تا زانیاری‌، لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كولتووریی‌ هه‌بێ‌ و له‌گه‌ڵ‌ نێوه‌رۆكی‌ مادده‌ی‌ 29دا بێته‌وه‌.
ب- خوازیاری‌ هاوكاریی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ بواری‌ به‌رهه‌مهێنان، گۆڕینه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ سه‌رچاوه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نێونه‌ته‌وه‌ییدا بن.
پ- پشتیوانی‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ منداڵان بكه‌ن و په‌ره‌ی‌ پێ‌ بده‌ن.
ت- ئامرازه‌كانی‌ پێوه‌ندیی‌ گشتی‌ هان بده‌ن تا وه‌ڵامده‌ری‌ پێویستییه‌كانی‌ بواری‌ زمان و قسه‌كردنی‌ ئه‌و منداڵانه‌ بن كه‌ سه‌ر به‌ كه‌مایه‌تییه‌ كولتووری‌ و قه‌ومییه‌كانن.
ج- ئه‌و قانوونانه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن كه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ ئاگاداری‌ له‌ منداڵان له‌ به‌رانبه‌ر زیانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندندا دانراون و واده‌كه‌ن مادده‌كانی‌ 13 و 18 به‌ڕێوه‌بچن.

مادده‌ی‌ 18 (به‌خێو كردنی‌ منداڵ‌ به‌ هۆی‌ دایك و بابیه‌وه)
1
ـ ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ پێ‌ داده‌گرن كه‌ دایك و باوك هه‌ردوو وێكڕا به‌رپرسی‌ په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌كردنی‌ منداڵن.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئه‌و مافانه‌ی‌ لێره‌دا هاتوون پشتگیریی‌ دایك و بابان ده‌كه‌ن له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانیان له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌كردنی‌ منداڵدا.
3
ـ ده‌وڵه‌تان هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ پێویست هه‌ڵده‌گرن تا ئیمكاناتی‌ گونجاو بۆ چاوه‌دێری‌ و ئاگالـێبوونی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ كه‌ دایك و بابیان كار ده‌كه‌ن، دابین بكه‌ن.

مادده‌ی‌ 19 (پشتیوانی‌ له‌منداڵان له‌به‌رانبه‌ر كه‌ڵك لـێوه‌رگرتنیان بۆ مه‌به‌ستی‌ خراپ)
1
ـ ده‌وڵه‌تان پشت ئه‌ستوور به‌ هه‌موو ئیمكاناتێكی‌ قانوونی‌، ئیداری‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فێركردن، له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره‌ ره‌فتارێكی‌ كه‌مته‌رخه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ‌ منداڵان و له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر چه‌شنه‌ ده‌ستدرێژیی‌ جه‌سته‌یی‌ وده‌ره‌وونی‌ و كه‌ڵك لێوه‌رگرتنیان بۆ مه‌به‌ستی‌ جینسی‌، پشتیوانییان لـێده‌كه‌ن.
2
ـ هه‌نگاوی‌ پشتگیرانه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كان وێرای‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و رێگا چاره‌ و به‌رنامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ ده‌بن كه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ منداڵان و پێشگیری‌ له‌واندا، كاریگه‌رن. هه‌روه‌ها پێڕاگه‌یشتن و ده‌وا و ده‌رمانی‌ منداڵێك كه‌ به‌ هۆی‌ ئه‌م تاوانانه‌وه‌ زیانی‌ پێ‌گه‌یشتوه‌ و ، یارمه‌تی‌ به‌ دایك و باب و سه‌رپه‌رسته‌كه‌ی‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و تاوانانه‌ی‌ له‌ به‌ندی‌ 1ی‌ ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتوون، له‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانه‌.

مادده‌ی‌ 20 (پشتیوانی‌ له‌ منداڵ‌ له‌ قۆناغی‌ جودایی‌ له‌ دایك و باوكدا)
1
ـ منداڵێك كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ كاتی‌ یان بۆ هه‌میشه‌ له‌ باوه‌شی‌ بنه‌ماڵه‌ بێبه‌شكراوه‌، یان بۆ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ ده‌بێ‌ له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ جیا بكرێته‌وه‌، مافی‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ یارمه‌تی‌ و پشتیوانییه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و مافانه‌ی‌ بڕوایان پێیان هه‌یه‌ و به‌پێی‌ قانوونه‌كانی‌ وڵاتی‌ خۆیان، به‌ شێوه‌ی‌ جۆراوجۆر یارمه‌تیی‌ منداڵی‌ له‌و چه‌شنه‌ ده‌كه‌ن.
3
ـ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی‌ سه‌رپه‌رستی‌ و به‌ منداڵی‌ خۆ قه‌بوڵكردنی‌ منداڵی‌ ئه‌وتۆ له‌ لایه‌ن كه‌سانی‌ خاوه‌ن سه‌لاحییه‌ت، جۆرێكه‌ له‌ سه‌رپه‌رستی‌ و ئاگالـێبوونی‌ منداڵ‌. له‌م باره‌وه‌ ده‌بێ‌ سه‌رنج بدرێته‌ ریشه‌ و پێداویستییه‌ كولتووری‌، ئایینی‌ و قه‌ومییه‌كانی‌ منداڵ‌ و، پێویسته‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردنی‌ به‌رده‌وامی‌ بۆ دابین بكرێ‌.

مادده‌ی‌ 21 (ده‌سته‌به‌ره‌ قانوونییه‌كانی‌ وه‌رگرتنی‌ كه‌سێك به‌ منداڵ‌)
ئه‌و تاقمه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان كه‌ سیستمی‌ سه‌رپه‌رستی‌ و به‌ منداڵی‌ خۆقه‌بوڵكردنیان به‌ڕه‌سمی‌ ناسیووه‌ یان به‌ ره‌وای‌ ده‌زانن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا، قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ منداڵ‌ و ئاسووده‌یی‌ ئه‌و دابین ده‌كرێ‌.
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌:
ئه‌لف- به‌رعۆده‌ ده‌بن كه‌ كاروباری‌ پێوه‌ندیدار به‌ "قبوڵكردنی‌ كه‌سێك وه‌ك منداڵی‌ خۆ" ته‌نیا له‌لایه‌ن به‌رپرسان و ئۆرگانه‌ دیاریكراو و رێگا پێدراوه‌كان جێبه‌جێ‌ ده‌كرێن و له‌ چوارچێوه‌ی‌ "حقوق جاری‌" و قانوونه‌ نێوخۆییه‌كاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چن و كۆنترۆل ده‌كرێن.
ب- جۆر و شێوه‌ی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ به‌ "منداڵی‌ خۆ قبوڵكردن" به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسن و ئیمكاناتی‌ دیاریكراو بۆ ئه‌و منداڵانه‌ش كه‌ له‌ نێوخۆی‌ وڵاتدا له‌و باره‌وه‌ بێبه‌شن، دابین ده‌كه‌ن.
پ- به‌رعۆده‌ ده‌بن كه‌ منداڵ‌ له‌ كاتی‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ئیمكاناتی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ قبوڵكران وه‌ك منداڵی‌ كه‌سێكی‌ دیكه‌، هه‌روا له‌ ژێر پشتیوانیی‌ بێ‌ ئه‌ملاوئه‌ولای‌ ده‌وڵه‌تی‌ و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بێ‌.
ت- هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ گونجاو هه‌ڵده‌گرن تا "به‌ منداڵی‌ خۆ قبوڵكردنی‌ منداڵێك له‌ ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌ییدا" بۆ قازانجی‌ دارایی‌ نه‌بێ‌.
ج- له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، خوازیاری‌ مۆركردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ دوو یان چه‌ند لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ دیكه‌دا بن تا له‌ ئاكامه‌ باش و سه‌ركه‌وتووه‌كانی‌ "وه‌ك منداڵی‌ خۆ قه‌بوڵكردن" له‌ ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌ییدا، دڵنیایی‌ وه‌ده‌ست بێنن.

مادده‌ی 22 ( مافه‌كانی‌ په‌نابه‌ری)
1 ـ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌
ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌یان مۆر كردووه‌، به‌ هه‌ڵگرتنی‌ هه‌نگاوی‌ گونجاو، مافه‌كانی‌ منداڵێك كه‌ له‌ روانگه‌ی‌ قانوونی‌ نێوخۆیی‌ یان نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر ناسراوه‌، ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن. ئه‌م مافانه‌، یارمه‌تییه‌ ئینسانییه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌دیهاتنی‌ هه‌موو مافێكی‌ گونجاو له‌و په‌یماننامه‌یه‌ و په‌یماننامه‌ ناوچه‌یی‌ و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ دابینكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و مافی‌ منداڵدا- بێ‌ وه‌به‌رچاگرتنی‌ ئه‌وه‌ كه‌ منداڵ‌ ته‌نیا یان له‌گه‌ڵ‌ دایك‌و باب‌و كه‌سێكی‌ دیكه‌دا ده‌ژی‌ـ ده‌گرێته‌وه‌.
2
ـ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌یان مۆركردووه‌ هه‌موو هه‌وڵی‌ خۆیان ده‌ده‌ن تا له‌ رێگای‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یان دامه‌زراوه‌كانی‌ سه‌ر به‌و رێكخراوه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌ هاوكاریی‌ رێكخراوه‌ به‌رپرسه‌كانی‌ ناوچه‌یی‌ و بان- ناوچه‌یی‌ كه‌ له‌ بواری‌ پشتیوانی‌ له‌ منداڵ‌ له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا هاوكارییان هه‌یه‌، ئاگایان له‌ منداڵی‌ په‌نابه‌ر بێ‌و، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیی‌ ده‌ده‌ن تا دایك‌و باب‌و كه‌س‌وكاری‌ خۆی‌ بدۆزێته‌وه‌ و یه‌كبگرنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وانی‌ نه‌دۆزییه‌وه‌، قانوونی‌ پێوه‌ندیدار به‌ بێبه‌شبوونی‌ كاتی‌ یان هه‌میشه‌یی‌ له‌ ئامێزی‌ بنه‌ماڵه‌، وه‌ك منداڵانی‌ دیكه‌ ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه‌ (مادده‌ی‌ 20، به‌ندی‌ 1).

مادده‌ی‌ 23 (مافی‌ منداڵانی‌ نه‌قوستان)
1
ـ ده‌وڵه‌تان راده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئه‌گه‌ر منداڵێك له‌باری‌ جه‌سته‌یی‌ و مێشكه‌وه‌ نه‌قوستان بوو، با نه‌قوستانیش بێ‌، ده‌بێ‌ ژیانێكی‌ شیاوی‌ مرۆڤی‌ هه‌بێ‌، ژیانێك كه‌ ئابڕووی‌ ئه‌و بپارێزێ‌ و رێگای‌ به‌شداریی‌ چالاكانه‌ و سه‌ربه‌خۆی‌ له‌ ژیانی‌ به‌كۆمه‌ڵدا بۆ هاسان بكا.
2
ـ ده‌وڵه‌تان راده‌گه‌یه‌نن كه‌ منداڵی‌ نه‌قوستان مافی‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ پشتیوانیی‌ تایبه‌تیی‌ ده‌وڵه‌تیی‌ هه‌یه‌ و ده‌بێ‌ تا ئه‌و جێگایه‌ی‌ ده‌گونجێ‌ بۆ ئه‌و منداڵه‌، دایك و باب یان سه‌رپه‌رسته‌كه‌ی‌، ئیمكاناتی‌ پێویست دابین بكه‌ن.
3
ـ به‌ سه‌رنجدان به‌ پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ منداڵی‌ نه‌قوستان، یارمه‌تی‌ و پشتگیرییه‌كانی‌ گونجاو له‌ به‌ندی‌ 2ی‌ ئه‌م مادده‌یه‌دا ـ ئه‌گه‌ر ده‌ست بده‌ن ـ ده‌بێ‌ به‌ جۆرێك رێكبخرێن كه‌ وه‌زعی‌ ماڵیی‌ دایك ‌و بابیان سه‌رپه‌رستی‌ منداڵ‌، له‌به‌رچاو بگیرێ‌‌و خزمه‌ته‌ پێشكێش كراوه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ‌و پشكووتن ‌و گه‌شه‌كردنی‌ هه‌رچی‌ زیاتری‌ منداڵ‌ بێ‌.
4
ـ ده‌وڵه‌تان، پشت قایم به‌ هاوكاریی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌، خوازیاری‌ ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا و ئه‌زموونه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ ئیداری‌، ته‌كنیكی‌، پزیشكی‌ ‌و په‌روه‌رده‌یی‌ له‌ بواری‌ منداڵانی‌ نه‌قوستاندان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ تایبه‌تی‌ وڵاتانی‌ له‌ حاڵی‌ گه‌شه‌كردندا به‌ هۆی‌ ئاشنابوون له‌گه‌ڵ‌ ئیمكانات و پێشكه‌وتنه‌ پێویسته‌كان، بتوانن یارمه‌تیی‌ و خزمه‌تێكی‌ زیاتر و كاریگه‌رتر به‌و تاقمه‌ له‌ منداڵان بكه‌ن.

 مادده‌ی‌ 24 (چاوه‌دێرییه‌ پزیشكییه‌كان)
1 ـ ده‌وڵه‌تان، مافی‌ منداڵ‌ له‌باره‌ی‌ سڵامه‌تی‌ ‌و كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئیمكاناتێك بۆ پاراستنی‌ سڵامه‌تیی‌ خۆیان، چابوونه‌وه‌ و ده‌رمانی‌ نه‌خۆشی‌ به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسن ‌و، به‌رعۆده‌ ده‌بن كه‌ هیچ منداڵێك له‌و مافه‌ بێبه‌ش نابن.
2
ـ ده‌وڵه‌تان بۆ دابینكردنی‌ ئه‌م مافه‌ی‌ منداڵ‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌بارانه‌ هه‌ڵده‌گرن:
ئه‌لف- رێژه‌ی‌ مردنی‌ ساوایان ‌و منداڵان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.
ب- له‌ ئاستی‌ سه‌رانسه‌ریدا خزمه‌تی‌ ده‌رمانی‌ بۆ منداڵ‌ رێكده‌خه‌ن ‌و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ له‌شساغی‌ دابین ده‌كه‌ن. ده‌وڵه‌تان سه‌رنج ده‌ده‌نه‌ سڵامه‌تیی‌ دایك، پێش ‌و دوای‌ له‌ دایكبوونی‌ منداڵ‌ و له‌گه‌ڵ‌ نه‌خۆشییه‌كان، كه‌می‌ و خراپیی‌ خواردن به‌ربه‌ره‌كانی‌ ده‌كه‌ن ‌و له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئیمكاناتی‌ دابینكردنی‌ خوارده‌مه‌نی‌ و ئاوی‌ خاوێن بۆ خواردنه‌وه‌ و هه‌لومه‌رجی‌ پاراستنی‌ ژینگه‌ پێكدێنن.
پ- بایه‌خ به‌ فێركردنی‌ هه‌موو خه‌ڵك ‌و به‌ تایبه‌تی‌ منداڵان و دایك ‌و بابیان ده‌ده‌ن‌و، هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن تا هاونیشتمانان فێری‌ رێوشوێنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ له‌شساغی‌ ‌و ژیانێكی‌ باشتر بن. ئه‌وان بۆ وێنه‌ قازانجه‌كانی‌ شیری‌ دایك، ره‌چاوكردنی‌ پاكوخاوێنیی‌ شه‌خسی‌‌و خاوێن راگرتنی‌ ژینگه‌ و چۆنیه‌تیی‌ پێشگیری‌ له‌ رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان فێر ده‌بن و به‌ كرده‌وه‌ش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ پشتیوانییان لـێده‌كرێ‌.
ت- ناوه‌نده‌كانی‌ راوێژ كردن له‌گه‌ڵ‌ دایك ‌و بابه‌كان‌و رێنوێنی‌ كردنیان له‌ بواری‌ كۆنترۆڵی‌ سكوزادا پێكدێنن.
3
ـ ده‌وڵه‌تان به‌ مه‌به‌ستی‌ خه‌بات له‌گه‌ڵ‌ بیروبۆچوونی‌ خوڕافی‌ ‌و ئه‌و عاده‌تانه‌ی‌ بۆ سڵامه‌تیی‌ منداڵان زیانیان هه‌یه‌، هه‌نگاوی‌ گونجاو و پێویست ده‌نێن.
4
ـ ده‌وڵه‌تان به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن كه‌ پشتیوانی‌ له‌ هاوكارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكه‌ن ‌و بۆ به‌هێزكردنیان تێبكۆشن تا نێوه‌رۆكی‌ ئه‌م مادده‌یه‌ بێ‌ كه‌م‌وكوڕی‌ بێته‌دی‌ و، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌بێ‌ پێویستییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ له‌ حاڵی‌ گه‌شه‌كردندا سه‌رنجێكی‌ تایبه‌تیان پێ‌ بدرێ‌.

 مادده‌ی‌ 25 (كۆنترۆل و پێرٍاگه‌یشتنی‌ رێكوپێكی‌ شوێنی‌ راگرتنی‌ منداڵ)
منداڵێك كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ كاروباره‌كه‌یه‌وه‌ بۆ حه‌وانه‌وه‌ و ئاگالـێبوون ‌و په‌رستاری‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشیی‌ جه‌سته‌یی‌ و ده‌روونی‌ ده‌خه‌وێنرێ‌، ده‌بێ‌ هه‌موو كاروبارێكی‌ پێوه‌ندیدار به‌و، به‌ قازانجی‌ وی‌ بخرێته‌ ژێر چاوه‌دێری‌ و پێڕاگه‌یشتنی‌ رێكوپێك. ئه‌م مافه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمانه‌وه‌ به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسرێ‌.

مادده‌ی‌ 26 (بیمه‌و خزمه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان)
1
ـ ده‌وڵه‌تان مافی‌ منداڵان له‌باره‌ی‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ بیمه‌و خزمه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌سمی‌ ده‌ناسن‌و هه‌نگاوی‌ پێویست بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ مافه‌ باوه‌كان‌و قانوونه‌ نێوخۆییه‌كانیاندا، هه‌ڵده‌گرن.
 ـ له‌ پێشكێشكردنی‌ ئه‌و خزمه‌تانه‌و یارمه‌تیدانی‌ منداڵدا، ده‌بێ‌ هه‌لومه‌رجی‌ گشتی‌ و ئابووریی‌ منداڵ‌و دایك‌و باب یان سه‌رپه‌رسته‌ قانوونییه‌كه‌ی‌ له‌به‌رچاو بگیرێ‌.

 مادده‌ی‌ 27 (ستانداردو ئاستی‌ ژیان)
1 ـ ده‌وڵه‌تان مافی‌ منداڵ‌ له‌باره‌ی‌ هه‌بوونی‌ ئاستێك له‌ ژیان كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌لومه‌رجی‌ ژیان‌و گه‌شه‌ی‌ رووحی‌، جه‌سته‌یی‌، قه‌ومی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ ئه‌ودا بگونجێ‌، به‌ره‌سمی‌ ده‌ناسن.
2
ـ دابینكردنی‌ هه‌لومه‌رجی‌ دڵخواز بۆ منداڵ‌، به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی‌ دایك‌و باب یان سه‌رپه‌رسته‌كه‌یه‌تی‌.
3
ـ ده‌وڵه‌تان به‌ گوێره‌ی‌ ئیمكانات‌و قانوونه‌ نێوخۆییه‌كانیان، هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن تا یارمه‌تیی‌ پێویست به‌ دایك‌و باب یان سه‌رپه‌رستی‌ قانوونیی‌ منداڵ‌ بكه‌ن‌و ئه‌گه‌ر پێویست بوو، خواردن، خانووبه‌ره‌و جلوبه‌رگیان بۆ دابین ده‌كه‌ن.
4
ـ ده‌وڵه‌تان بۆ دابین كردنی‌ داخوازه‌ ماڵییه‌كانی‌ منداڵ‌ له‌ دایك‌و باب یان سه‌رپه‌رسته‌كه‌ی‌ له‌ نێوخۆ یان ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، هه‌نگاوی‌ پێویست هه‌ڵده‌گرن.

مادده‌ی‌ 28 (مافی‌ په‌روه‌رده‌‌و فێربوون)
1
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان مافی‌ په‌روه‌رده‌‌و فێربوون بۆ منداڵان به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسن‌و به‌تایبه‌تی‌ بۆ وه‌دیهاتنی‌:
ئه‌لف ـ خوێندنی‌ قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ هه‌مووان ده‌كه‌نه‌ زۆری‌‌و خۆڕایی‌.
ب- قوتابخانه‌ی‌ جۆراوجۆری‌ فێركردن‌و حیرفه‌یی‌ پێكدێنن‌و به‌ هه‌رزان یان به‌ خۆڕایی‌ ده‌ینێنه‌ خزمه‌ت كه‌سانی‌ ده‌ستكورت‌و كه‌مداهات.
پ- رێگای‌ چوون بۆ خوێندنگه‌ به‌رزه‌كان بۆ هه‌مووان ته‌خت ده‌كه‌ن‌و پشتیوانیی‌ لـێده‌كه‌ن.
ت- راوێژكاری‌ له‌باره‌ی‌ كار‌و پیشه‌وه‌ بۆ هه‌موو منداڵان دابین‌و كارهاسانیی‌ بۆ ده‌كه‌ن.
ج- بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ده‌ست له‌ خوێندن هه‌ڵده‌گرن، تێده‌كۆشن‌و هه‌نگاوی‌ گونجاو به‌ مه‌به‌ستی‌ چوونی‌ به‌رده‌وام‌و ڕێك‌وپێكی‌ منداڵان بۆ قوتابخانه‌ ده‌هاوێژن.
2
ـ ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان هه‌وڵی‌ خۆیان ده‌ده‌ن تا ڕه‌وتی‌ په‌روه‌رده‌‌و فێركردن له‌ قوتابخانه‌كان، له‌گه‌ڵ‌ رێزو حورمه‌تی‌ ئینسانیدا، بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ‌ نێوه‌رۆكی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا بگونجێ‌.
3
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان پێشوازی‌ له‌ هاوكارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌و فێركردندا ده‌كه‌ن‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌ر خاشه‌بڕكردنی‌ نه‌خوێنده‌واری‌‌و په‌ره‌پێدانی‌ زانست‌و تێكنیك پێ‌داده‌گرن‌و له‌م باره‌وه‌ پێویستییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ له‌ حاڵی‌ گه‌شه‌كردندا، سه‌رنجی‌ زیاتریان ده‌درێتێ‌.

مادده‌ی‌ 29 ( مادده‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان)
1 ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌
ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ دیسه‌لمێنن كه‌ په‌روه‌رده‌كردن‌و ڕاهێنان ده‌بێ‌:
ئه‌لف ـ كه‌سایه‌تی‌، ئیستیعداد‌و تواناییه‌ ڕه‌وانی‌‌و جه‌سته‌ییه‌كانی‌ منداڵ‌ به‌هێز بكا‌و بیان پشكوێنێ‌.
ب- هه‌ستی‌ ڕێزدانان‌و بایه‌خدان به‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ په‌سندكراوی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ منداڵاندا پێكبێنێ‌.
پ- سه‌رنجی‌ منداڵ‌ بۆ لای‌ پێناسه‌ی‌ كولتووری‌، زمان‌و بایه‌خه‌ میللییه‌كانی‌ نیشتمانی‌ باب‌و باپیرانی‌ ڕابكێشێ‌‌و ڕێزنان له‌ كولتووری‌ سه‌رزه‌وییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ تێدا به‌هێز بكا.
ت- منداڵ‌ بۆ ژیان له‌ كۆمه‌ڵێكی‌ ئازاددا له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ لێكتێگه‌یشتن، ئازادی‌، حه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ بیروڕای‌ جیاواز‌و جیابیران، به‌رابه‌ریی‌ مافه‌كانی‌ ژن‌و پیاو و دۆستایه‌تیی‌ نێوان گه‌لان‌و نه‌ته‌وه‌‌و ئایینه‌ جۆراوجۆره‌كان ئاماده‌ بكا.
ج- هۆگری‌‌و سه‌رنجی‌ منداڵ‌ بۆ لای‌ ژینگه‌‌و سروشت ڕابكێشێ‌.
2
ـ ئه‌م مادده‌یه‌‌و مادده‌ی‌ 28 نابێ‌ به‌جۆرێك لێكبدرێنه‌وه‌ كه‌ ببنه‌ هۆی‌ پێشێلكردن‌و زه‌وتكردنی‌ ئازادیی‌ كه‌سێكی‌ حه‌قیقی‌‌و یان كه‌سێكی‌ حوقووقیی‌ دیكه‌. له‌ دروستكردنی‌ قوتابخانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ فێركردنیشدا به‌ سه‌رنجدان به‌ به‌ندی‌ 1، ده‌بێ‌ لانی‌كه‌می‌ ستاندارده‌ دیاریكراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌، هه‌بن.

مادده‌ی‌ 30 (پشتیوانی‌ له‌ كه‌مایه‌تییه‌كان)
منداڵانی‌ سه‌ر به‌ كه‌مایه‌تییه‌ ئایینی‌، قه‌ومی‌ و زمانییه‌كان له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ ئه‌م كه‌مایه‌تییانه‌ هه‌ن، مافی‌ ئه‌مه‌یان هه‌یه‌ وێڕای‌ ناسیاوانی‌ دیكه‌یان به‌ كۆمه‌ڵ یان به‌ شێوه‌ی‌ تاقه‌ كه‌سی‌، كه‌ڵك له‌ زمان‌و كولتوور‌و ئایینی‌ خۆیان وه‌ربگرن.

مادده‌ی‌ 31 (مافی‌ یاریكردن‌و كاتی‌ حه‌سانه‌وه‌)
1
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان مافی‌ منداڵان له‌باره‌ی‌ یاریكردن‌و هه‌بوونی‌ سه‌رگه‌رمی‌‌و كاتی‌ حه‌سانه‌وه‌ به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسن. منداڵ ده‌توانێ‌ ئازادانه‌‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چالاكانه‌ له‌ كار‌وباری‌ كولتووری‌‌و هونه‌ریی‌ گونجاو له‌گه‌ڵ‌ ته‌مه‌نی‌ خۆیدا، به‌شدار بێ‌.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان سه‌رنج ده‌ده‌نه‌ مافی‌ منداڵ‌ له‌باره‌ی‌ تێكۆشانی‌ كولتووری‌‌و هونه‌رییه‌وه‌‌و، به‌كار‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ خۆیان، پشتیوانیی‌ لـێده‌كه‌ن‌و پێویستییه‌كانی‌ تێكۆشانی‌ كولتووری‌‌و هونه‌ری‌‌و كاتی‌ حه‌سانه‌وه‌‌و سه‌رگه‌رمكردنی‌ منداڵ‌، دابین ده‌كه‌ن.

مادده‌ی‌ 32 (قه‌ده‌غه‌ بوونی‌ چه‌وساندنه‌وه)
1 ـ ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌م مافه‌ به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ناسن كه‌ منداڵ‌ له‌باری‌ ئابوورییه‌وه‌ نابێ‌ بچه‌وسێته‌وه‌‌و، نابێ‌ كارێكی‌ پێ‌بكرێ‌ كه‌ بۆ سڵامه‌تیی‌ له‌ش‌و گیانی‌‌و بۆ هه‌ڵدان‌و گه‌شه‌كردنی‌ ئه‌و، زیانی‌ هه‌یه‌.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ر كردن‌و جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مافه‌، له‌ ئیمكاناتی‌ جۆراوجۆری‌ قانوونی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئیداری‌‌و فێركردن كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌‌و بۆ هاوهه‌نگاوی‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌یماننامه‌‌و رێككه‌وتننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ دیكه‌دا، وێڕای‌ دیاریكردنی‌ ته‌مه‌نی‌ كار كردن‌و ماوه‌‌و هه‌لومه‌رجی‌ كاری‌ منداڵ‌، سزای‌ جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ‌ گه‌مارۆی‌ ئابووری‌ بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ له‌و باره‌وه‌ خه‌تاكارن، دیاری‌ ده‌كه‌ن.

مادده‌ی‌ 33 (پشتیوانی‌ له‌ به‌رانبه‌ر مه‌واددی‌ سڕكه‌ردا)
ده‌وڵه‌ته‌كان شانبه‌شانی‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ئیمكاناتی‌ قانوونی‌، ئیداری‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و فێركردن، هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ پێویست به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتیوانی‌ له‌ منداڵ‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ماددانه‌دا كه‌ به‌ گوێره‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بنه‌ هۆی‌ ئیعتیاد، هه‌ڵده‌گرن‌و به‌دژی‌ به‌كارهێنانی‌ ناقانوونیی‌ منداڵان له‌ به‌رهه‌مهێنان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ ماددانه‌دا، ده‌وه‌ستن.

مادده‌ی‌ 34 (پشتیوانی‌ له‌ به‌رانبه‌ر كه‌ڵكی‌ خراپ وه‌رگرتن بۆ مه‌به‌ستی‌ جینسی)
ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌‌و كه‌ڵكی‌ خراپ وه‌رگرتنی‌ جینسیدا، پشتیوانی‌ له‌ منداڵان بكه‌ن. ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌م له‌ ئاستی‌ نێوخۆیی‌‌و هه‌م له‌ ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌دا هێندێك هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی‌:
ئه‌لف- منداڵان نه‌كێشرێنه‌ نێو پێوه‌ندیی‌ جینسیی‌ ناقانوونی‌‌و زۆره‌ملییه‌وه‌.
ب- منداڵان له‌ بواری‌ له‌شفرۆشیدا كه‌ڵكیان لـێوه‌رنه‌گیرێ‌.
پ-  منداڵان بۆ پۆرنۆگرافی‌‌و نمایشه‌ سێكسییه‌كان به‌كار نه‌هێنرێن.

مادده‌ی‌ 35 (كڕین‌و فرۆشتنی‌ مرۆڤ)
ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئیمكاناتی‌ نێوخۆیی‌‌و ده‌ره‌وه‌، ناوچه‌یی‌‌و سه‌رووی‌ ناوچه‌یی‌ دزین‌و كڕین‌و فرۆشتنی‌ منداڵان به‌ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێ‌، پێشی‌ پێ‌ ده‌گرن. 

مادده‌ی‌ 36 (پشتیوانی‌ له‌ به‌رانبه‌ر جۆره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ چه‌وساندنه‌وه‌دا)
ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌، له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ زیانی‌ بۆ منداڵان هه‌بێ‌، پشتیوانییان لـێده‌كه‌ن.

 مادده‌ی‌ 37 (قه‌ده‌غه‌ بوونی‌ ئه‌شكه‌نجه‌‌و پێویستیی‌ ده‌سته‌به‌ری‌ قانوونی‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سزا)
ده‌وڵه‌ته‌كان به‌رعۆده‌ ده‌بن كه‌:
ئه‌لف - هیچ منداڵێك ئه‌شكه‌نجه‌ نه‌درێ‌‌و ڕه‌فتاری‌ نامرۆیی‌‌و پڕ له‌ سووكایه‌تیی‌ له‌گه‌ڵدا نه‌كرێ‌. به‌ڕێوه‌بردنی‌ سزای‌ ئیعدام‌و زیندانی‌ درێژخایه‌ن له‌ دژی‌ منداڵان به‌ر له‌ ته‌واوكردنی‌ ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵی‌، قه‌ده‌غه‌یه‌.
ب - ده‌ستبه‌سه‌ركردن‌و زیندانیكردنی‌ ناقانوونی‌‌و به‌ گوێره‌ی‌ بڕیاری‌ شه‌خسی‌، قه‌ده‌غه‌یه‌. حوكمی‌ زیندانیكردنی‌ منداڵ‌ ده‌بێ‌ به‌ گوێره‌ی‌ قانوون‌و وه‌ك دوا رێگا، ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كورت، بێ‌.
پ- هه‌ر منداڵێك كه‌ ده‌خرێته‌ زیندان، ده‌بێ‌ ڕه‌فتارێكی‌ مرۆیی‌‌و دوور له‌ سووكایه‌تی‌‌و گونجاو له‌گه‌ڵ‌ ته‌مه‌نی‌ خۆیدا له‌گه‌ڵ‌ بكرێ‌. ئه‌و جۆره‌ منداڵانه‌ ده‌بێ‌ له‌ زینداندا له‌ گه‌وره‌كان جوێ‌ بكرێنه‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌و جوێكردنه‌وه‌یه‌ به‌ قازانجیان نه‌بێ‌. هه‌ر منداڵێك له‌ هه‌لومه‌رجی‌ ده‌گمه‌ن‌و نائاساییدا نه‌بێ‌، مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ چاوی‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ بكه‌وێ‌، یان به‌ هۆی‌ نامه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان له‌ پێوه‌ندی‌ دابێ‌.
ت- هه‌ر منداڵێكی‌ زیندانی‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ خۆی‌، مافی‌ گرتنی‌ پارێزه‌ری‌ هه‌یه‌‌و ده‌بێ‌ له‌ دادگایه‌كی‌ قانوونیدا كه‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت، حیزب، تاقم یان ئایینێكی‌ تایبه‌تی‌ نه‌بێ‌، دادگایی‌ بكرێ‌. منداڵ‌ ئه‌و مافه‌ی‌ هه‌یه‌ سكاڵای‌ خۆی‌ له‌باره‌ی‌ حوكمێك كه‌ بۆیان بڕیوه‌ته‌وه‌ به‌رێته‌ لای‌ ناوه‌نده‌ قانوونییه‌ خاوه‌ن سه‌لاحییه‌ته‌كان‌و مافی‌ خۆیه‌تی‌ كه‌ خێرا به‌ داواكه‌ی‌ ڕابگه‌ن.

مادده‌ی‌ 38 (پشتیوانی‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ربازی‌‌و چوونه‌ شه‌ڕدا)
1
ـ ئه‌ركی‌ قانوونیی‌ سه‌رشانی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هه‌لومه‌رجی‌ شه‌ڕیشدا، قانوونه‌ ئینسانییه‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ منداڵان به‌ڕێوه‌ به‌رن‌و چاوه‌دێری‌ به‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئه‌و قانوونانه‌دا بكه‌ن.
2
ـ ده‌وڵه‌ته‌كان به‌رعۆده‌ ده‌بن كه‌ هیچ منداڵێك پێش ته‌واوكردنی‌ ته‌مه‌نی‌ 15 ساڵی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕ نه‌كرێن‌و بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م به‌رپرسیاره‌تییه‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ پێویست هه‌ڵده‌گرن.
3
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌، كه‌سانێك كه‌ هێشتا ته‌مه‌نی‌ 15 ساڵییان ته‌واو نه‌كردووه‌، نانێرنه‌ شه‌ڕ‌و له‌ هه‌لومه‌رجی‌ نائاساییدا ته‌نیا له‌ كه‌سانی‌ سه‌رووی‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
4
ـ  ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ له‌ كاتی‌ شه‌ڕدا، هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ پێویست به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتیوانی‌ له‌و منداڵانه‌ی‌ شه‌ڕ زیانی‌ پیًگه‌یاندوون، هه‌ڵده‌گرن.

مادده‌ی‌ 39 (په‌روه‌رده‌كردنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ منداڵانی‌ زیان پێگه‌یشتوو)
به‌ مه‌به‌ستی‌ سڵامه‌تیی‌ ده‌روونی‌، جه‌سته‌یی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ منداڵێك كه‌ بووه‌ به‌ قوربانیی‌ جۆرێك له‌ به‌دره‌فتاری‌، ئه‌شكه‌نجه‌، چه‌وساندنه‌وه‌‌و هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی‌ دژی‌ ئینسانی‌، ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ پێویست هه‌ڵده‌گرن.
بنیاتنانه‌وه‌ی‌ جه‌سته‌یی‌ و ده‌روونی‌ ده‌بێ‌ له‌ جێگایه‌كی‌ له‌بار‌و له‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ گونجاودا، سڵامه‌تی‌‌و حورمه‌تی‌ منداڵ دابین بكا.

مادده‌ی‌ 40 (بنیاتنانه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ منداڵانی‌ تاوانبار)
1
ـ ده‌وڵه‌تان یارمه‌تیی‌ هه‌ر منداڵێك ده‌كه‌ن كه‌ به‌ دوای‌ ماوه‌یه‌ك گیران یان تاوانباركردندا زیانی‌ پێ‌گه‌یشتووه‌ و هه‌نگاوی‌ پێویست بۆ ده‌رمان و چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌ڵده‌گرن، به‌ جۆرێك كه‌ حورمه‌تی‌ نه‌شكابێ‌و رێزدانان بۆ مافی‌ مرۆڤ ‌و توانایی‌ ئه‌و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ نه‌خشێكی‌ باش له‌ كۆمه‌ڵدا به‌ سه‌رنجدان به‌ ته‌مه‌نی‌، له‌ودا به‌هێز بكرێ‌
2 ـ هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ‌ په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ دیكه‌دا، ده‌وڵه‌تان به‌رعۆده‌ ده‌بن كه‌ هیچ منداڵێك سه‌باره‌ت به‌ كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانیدا به‌ گوێره‌ی‌ قانوون "تاوان" نه‌بووه‌، سزا نادرێن‌و، هه‌ر منداڵێك كه‌ به‌ جۆرێك له‌ به‌رانبه‌ر قانووندا به‌ تاوانبار ناسراوه‌ و تاوانی‌ ده‌درێته‌ پاڵ‌و سزای‌ ده‌درێ‌، لانیكه‌م ئه‌و مافانه‌ی‌ هه‌ن:
ئه‌لف- تا ئه‌و كاته‌ی‌ تاوانه‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ قانوونی‌ له‌سه‌ر جێ‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، بێ‌تاوانه‌.
ب- دایك‌و باب یان سه‌رپه‌رستی‌ منداڵه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌ تاوانه‌كه‌ ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ و، ده‌توانن له‌ ئامرازی‌ حوقووقی‌ و گرتنی‌ پارێزه‌ر بۆ داكۆكی‌ له‌ منداڵه‌كه‌، كه‌ڵك وه‌ربگرن.
پ- دادگا یان هه‌ر دامه‌زراوێكی‌ حوقووقیی‌ پێوه‌ندیدار، ده‌بێ‌ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌ تاوانی منداڵه‌كه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن‌و هه‌لومه‌رجی‌ منداڵه‌كه‌ رێگا بداو قازانج‌و ئاسووده‌یی‌ ئه‌و زیانیان پێ‌ نه‌گا، دایك‌و باب یان سه‌رپه‌رستی‌ ئه‌ویش له‌ دادگادا به‌شدار ده‌بن.
ت- منداڵ‌ نابێ‌ ناچار بكرێ‌ كه‌ شایه‌دی‌ بدا یان خۆی‌ به‌ تاوانبار بزانێ‌و یان له‌ رێگای‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ شاهیدان، شوێنیان له‌سه‌ر دابنێ‌.
ج- هه‌ركات بڕیاری‌ دادگای‌ سه‌ره‌تایی‌ بریتی‌ بوو له‌ تاوانباركردن‌و سزادانی‌ منداڵ‌، ده‌بێ‌ دادگا یان ناوه‌ندێكی‌ سه‌رووتر كه‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت، حیزب، تاقم‌و ئایینێك نین‌و به‌ ته‌واوی‌ نه‌به‌ستراوه‌ن، چاو به‌و حوكمه‌دا بخشێننه‌وه‌ و به‌ سكاڵای‌ پێوه‌ندیدار به‌ حوكمه‌كه‌ رابگه‌ن.
چ- ئه‌گه‌ر منداڵ‌ زمانی‌ (لێكۆله‌ر) نازانێ‌، ده‌بێ‌ بێ‌ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ كرێی‌ لـێبكه‌ن وه‌رگێڕی‌ بۆ بگرن.
ح- هیچكات نابێ‌ هه‌رێمی‌ تایبه‌تیی‌ منداڵ‌‌و كه‌سایه‌تیی‌ ئه‌و زیانیان پێبگا.
3
ـ ده‌وڵه‌تان هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئیمكاناتێكی‌ جۆراوجۆر ره‌وتی‌ كاری‌ دادگا باشتر بكه‌ن‌و، له‌و جۆره‌ ناوه‌ندانه‌دا هاوكاریی‌ منداڵان بكه‌ن. به‌تایبه‌تی‌:
ئه‌لف- دیاریكردنی‌ لانیكه‌می‌ ته‌مه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر منداڵێك تاوانێكی‌ ئه‌نجامدا، بتوانن وه‌ك تاوانباری‌ بناسن.
ب- هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری‌ گیروگرفته‌كان بێ‌ئه‌وه‌ی‌ كار بكێشێته‌ دادگا، به‌ڵام به‌ پێداگرتن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و قانوونه‌ مه‌ده‌نییه‌كان.
4
ـ بۆ دڵنیایی‌ له‌ سڵامه‌تیی‌ ره‌وتی‌ حوقووقی‌ و بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ سته‌مێك له‌ منداڵ‌ نه‌كرێ‌، ده‌بێ‌ زنجیره‌یه‌ك كارهاسانی‌، له‌ پێشه‌وه‌ یان هه‌ر له‌كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌دا، بكرێن. بۆ وێنه‌: دیاریكردنی‌ سه‌رپه‌رست، دابینكردنی‌ چاوه‌دێری‌ و راوێژی‌ پێویست، ده‌سته‌به‌ركردنی‌ ئازادیی‌ مه‌رجدارو چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ پێوه‌ندیدار به‌ سه‌رپه‌رست، په‌روه‌رده‌و فێركردن و زۆر خاڵی‌ ده‌روونناسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ دیكه‌.

مادده‌ی‌ 41 (له‌ پێشه‌وه‌بوونی‌ هێندێك وڵاتی‌ دنیا له‌باری‌ حوقووقییه‌وه‌)
ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ هیچ ناته‌باییه‌كی‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ‌ مافه‌كانی‌ منداڵان له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ له‌م باره‌وه‌ پێشكه‌وتووترن‌و، له‌ رێگای‌ وه‌دیهاتن‌و به‌ڕێوه‌چوونی‌ باشتری‌ مافه‌كانی‌ منداڵاندا نابێ‌ به‌ كۆسپ، به‌ مه‌رجێك كه‌ ئه‌و مافانه‌ بۆ منداڵان گونجاوتر بن:
ئه‌لف- به‌شێك بن له‌ قانوونه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌.
ب- به‌شێك بن له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و مه‌ده‌نییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌.

به‌شی‌ دووهه‌م
مادده‌ی‌ 42 (ناساندنی‌ رێككه‌وتننامه)
ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆیان ده‌زانن كه‌ نیوه‌رۆك‌و په‌سندكراوه‌كانی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ له‌ رێگای‌ جۆراوجۆره‌وه‌ به‌ ئاگاداریی‌ گه‌وره‌كان‌و هه‌روه‌ها منداڵان بگه‌یه‌نن تا ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ ئاشنا بن.

مادده‌ی‌ 43 (كۆمیسیۆنی‌ مافی‌ منداڵان)
1 ـ كۆمیسیۆنی‌ مافی‌ منداڵان، بۆ چاوه‌دێری‌ به‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی‌ ئه‌و كاروبارانه‌دا كه‌ حكومه‌تانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان به‌رعۆده‌ بوون به‌ڕێوه‌ به‌رن، پێكدێ‌. ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ ئه‌م ئه‌رك‌و به‌رپرسایه‌تییانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌رشان:
2
ـ كۆمیسیۆن له‌ 10 كه‌س كه‌ له‌ باری‌ ئه‌خلاق‌و شاره‌زایی‌ له‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌، پسپۆڕی‌ پایه‌به‌رزن، پێكدێ‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌‌و له‌ نێو دانیشتووانی‌ ئه‌وان هه‌ڵده‌بژێردرێن. له‌ پێكهاته‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و كۆمیسیۆنه‌دا سه‌رنج ده‌درێته‌ به‌ربڵاویی‌ جۆگرافیایی‌‌و سیسته‌می‌ حوقووقیی‌ وڵاتان.
3
ـ ئه‌ندامانی‌ كۆمیسیۆن به‌ شێوه‌ی‌ نهێنی‌‌و له‌ نێو لیستی‌ پێشنیازكراوی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان هه‌ڵده‌بژی‍َردرێن. هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌توانێ‌ یه‌كێك له‌ هاونیشتمانانی‌ خۆی‌ پێشنیار بكا.
4
ـ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ كۆمیسیۆن لانی‌ زۆر 6 مانگ پاش په‌سند كرانی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌‌و هه‌ڵبژاردنی‌ دواتر، هه‌ر دوو ساڵ‌ جارێك ده‌كرێ‌. سكرتێری‌ گشتیی‌ به‌ نووسراوه‌‌و لانی‌ زۆر 4 مانگ پێش (هه‌ڵبژاردن) داوا له‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان ده‌كا كه‌ پێشنیازه‌كانی‌ خۆیان له‌ ماوه‌ی‌ دوو مانگدا پێشكێش بكه‌ن. سكرتێری‌ گشتی‌ به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و پێشنیازانه‌، هه‌موو ناوه‌كان به‌ پێی‌ ته‌رتیبی‌ پیته‌كانی‌ ئه‌لف و بێ‌‌و روونكردنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ پێشنیازده‌ر، ریز ده‌كا‌و به‌ ئاگاداریی‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تانیان ده‌گه‌یه‌نێ‌.
5
ـ كۆبوونه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ لایه‌ن سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نرێ‌‌و پێكدێ‌، كاتێك سه‌لاحییه‌تی‌ بڕیاردانی‌ هه‌یه‌ كه‌ دوو له‌ سێی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان تێیدا به‌شداربن. كه‌سانی‌ پێشنیازكراو بۆ لیسته‌كه‌ ئه‌گه‌ر زۆرایه‌تیی‌ ره‌های‌ ده‌نگی‌ به‌شداران وه‌ده‌ست بێنن، وه‌ك نوێنه‌ر‌و پسپۆڕی‌ ئه‌ندامی‌ كۆمیسیۆن ده‌ناسرێن.
6
ـ ئه‌ندامانی‌ كۆمیسیۆن بۆ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن‌و ئه‌گه‌ر جارێكی‌ دیكه‌ پێشنیاز بكرێنه‌وه‌، ده‌توانن سه‌ر له‌ نوێ‌ هه‌ڵببژێردرێنه‌وه‌. ماوه‌ی‌ ئه‌ندامه‌تیی‌ 5 كه‌س له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمیسیۆن كه‌ جاری‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژێردراون، پاش دوو ساڵ‌ ته‌واو ده‌بێ‌. ناوی‌ ئه‌و پێنج كه‌سه‌ به‌هۆی‌ قوڕعه‌ (پشك لێ هاوێشتن) دیاری‌ ده‌كرێ‌‌و ده‌ستبه‌جێ‌ به‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردندا راده‌گه‌یه‌ندرێ‌.
7
ـ هه‌ر كات ئه‌ندامێكی‌ كۆمیسیۆن بمرێ‌ یان ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك به‌هه‌ر هۆیه‌ك نه‌یتوانی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ بكا، ده‌وڵه‌تێك كه‌ ئه‌وی‌ پێشنیار كردووه‌، له‌ نێو دانیشتووانی‌ خۆیدا، پسپۆرێك ده‌ناسێنێ‌ كه‌ به‌ ره‌زامه‌ندیی‌ كۆمیسیۆن، هه‌تا ته‌واوبوونی‌ پاشماوه‌ی‌ دیاریكراو، ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ كۆمیسیۆن.
8
ـ كۆمیسیۆن رێوشوێن‌و به‌رنامه‌ بۆ كار‌و تێكۆشانی‌ خۆی‌ داده‌نێ‌.
9
ـ كۆمیسیۆن ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خۆی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ‌ دیاری‌ ده‌كا.
10
ـ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ كۆمیسیۆن ساڵێ‌ جارێك له‌ بنكه‌ی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یان هه‌ر شوێنێكی‌ له‌باری‌ دیكه‌ كه‌ كۆمیسیۆن دیاریی‌ بكا پێكدێ‌. ماوه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دیاری‌ ده‌كرێ‌.
11
ـ جێگا‌و شوێن‌و ئه‌و هێزه‌ ئینسانییه‌ی‌ كه‌ كۆمیسیۆن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ پێویستی‌ ده‌بن، له‌ لایه‌ن سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دابین ده‌كرێن.
12
ـ ئه‌ندامانی‌ كۆمیسیۆن به‌ ره‌زامه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتیی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ مووچه‌یه‌كیان بۆ ده‌بڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ سندووقی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و به‌ گوێره‌ی‌ ریوشوێنه‌كانی‌ ئه‌و، دابین ده‌كرێ‌.

مادده‌ی‌ 44 (راپۆرت دان‌و راپۆرت وه‌رگرتن)
1
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانیانه‌ كه‌ راپۆرتی‌ تێكۆشانی‌ خۆیان‌و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌دیهێنانی‌ نیوه‌رۆكی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌‌و جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ هه‌ڵیان گرتوون، به‌م پێیه‌ ئاماده‌‌و پێشكێشی‌ بكه‌ن:
ئه‌لف- دوو ساڵ‌ دوای‌ په‌سندكردنی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌ندام وه‌رده‌گیرێ‌.
ب- پاشان هه‌ر پێنج ساڵ‌ جارێك.
2
ـ له‌ راپۆرته‌كاندا ئه‌و گیروگرفته‌ سه‌ره‌كییانه‌ی‌ كه‌ كۆسپی‌ سه‌ر رێگای‌ جێبه‌جێكردنی‌ راسپارده‌كان بوون، ناو ده‌به‌ن‌و چۆنیه‌تیی‌ جێبه‌جێكردن‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ راسپارده‌كان به‌ روونی‌‌و به‌ ته‌واوی‌ راده‌گه‌یه‌نن.
3
ـ نیوه‌رۆكی‌ ئه‌و راپۆرته‌ ده‌وڵه‌تییانه‌ی‌ پێشكێش كۆمیسیۆن ده‌كرێن نابێ‌ له‌ راپۆرته‌كانی‌ دواتردا كه‌ به‌ گوێره‌ی‌ به‌ندی‌ (ب)ی‌ خاڵی‌ (1)ی‌ ئه‌م مادده‌یه‌ ده‌درێن به‌ كۆمیسیۆن، دووپات ببنه‌وه‌.
4
ـ كۆمیسیۆن ده‌توانێ‌ له‌ باره‌ی‌ چونیه‌تیی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ پێوه‌ندیداره‌كان بكا.
5
ـ كۆمیسیۆن راپۆرتی‌ تێكۆشانی‌ ئابووری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ خۆی‌ هه‌ر دوو ساڵ‌ جارێك پێشكێشی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ ده‌كا.
6
ـ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م په‌یمانه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ داویانن به‌ كۆمیسیۆن، له‌ وڵاتی‌ خۆیاندا بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌‌و به‌ ئاگاداریی‌ خه‌ڵكیان ده‌گه‌یه‌نن.

مادده‌ی‌ 45 (ئه‌ركی‌ ئۆرگانه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان)
بۆ به‌ره‌وپێشبردن‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ لێبڕاوانه‌ی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌‌و په‌ره‌پێدانی‌ هاوكارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌م پێوه‌ندییه‌دا:
ئه‌لف- "كارگه‌ی‌ یارمه‌تیی‌ منداڵان"‌و رێكخراو‌و دامه‌زراوه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌وبوارانه‌دا كه‌ پێوه‌ندییان به‌ ئه‌ركه‌كانیان‌و كاره‌كانیانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، نوێنه‌ری‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانن.
كۆمیسیۆن ئه‌گه‌ر به‌ پێویست بزانێ‌ ده‌توانێ‌ ئه‌و ئۆرگانه‌ تایبه‌تیانه‌ی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاری‌ له‌ بواره‌ پێوه‌ندیداره‌كاندا‌، بانگهێشتن بكا‌و یارمه‌تییان لێ بخوازێ‌.
ب- كۆمیسیۆنی‌ مافی‌ منداڵان ئه‌گه‌ر پێویست بوو پێوه‌ندی‌ به‌ ئۆرگانه‌كانی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ده‌گرێ‌‌و له‌گه‌ڵ‌ هێنانه‌گۆڕێی‌ داوای‌ خۆی‌ به‌ نووسراوه‌‌و پێشكێشكردنی‌ راپۆرتی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ بۆ كاری‌ خۆی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ دان، له‌ باری‌ تێكنیكی‌‌و پسپۆرییه‌وه‌ یارمه‌تیی‌ فكری‌ له‌و ئۆرگانانه‌ ده‌خوازێ‌.
ج- كۆمیسیۆن ده‌توانێ‌ به‌مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێكردنی‌ نێوه‌رۆكی‌ مادده‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ مافی‌ منداڵانه‌وه‌ له‌ رێگای‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتییه‌وه‌، پرسیار‌و وڵامه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ سكرتێری‌ گشتی بێنێته‌ گۆڕێ‌.
د- كۆمیسیۆن ده‌توانێ‌ به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ به‌ پێی‌ مادده‌كانی‌ 44، 45 به‌ده‌ستی‌ هێناون، پێشنیار‌و راسپارده‌ی‌ پێویست بدا به‌ ده‌وڵه‌تی‌ پێوه‌ندیدار‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتییان لێ‌ ئاگادار بكا.

به‌شی‌ سێهه‌م
مادده‌ی‌ 46 (ئیمزاكان)
ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ بۆ ئیمزاكردن
ده‌درێ‌ به‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان.

مادده‌ی‌ 47 (په‌سند كردن به‌ڕه‌سمی)
ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌
ده‌خرێته‌ به‌ر ده‌ستی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌سپێردرێ‌.

مادده‌ی‌ 48 (قه‌بوڵكردنی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌)
ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ قه‌بوڵكردن ده‌خرێته‌ ئیختیار هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ په‌سندكردنی‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌، به‌ تۆماركراوی‌‌و له‌ ژێر ناوی‌ "به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ قه‌بوڵكردن" له‌لای‌ سكرتێری‌ گشتییه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

مادده‌ی‌ 49 (ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردن)
1
ـ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ راست سی‌ رۆژ دوای‌ وه‌رگیرانی‌ بیسته‌مین "به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ قه‌بوڵكردن" له‌ لایه‌ن سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، به‌ڕێوه‌ ده‌برێ‌.
2
ـ هه‌ر كات ده‌وڵه‌تێك پاش وه‌رگیرانی‌ بیسته‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ قه‌بوڵكردن، ره‌گه‌ڵ‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ كه‌وت‌و ئیمزای‌ كرد، سی‌ رۆژ دوای‌ په‌یوه‌ستبوون‌و مۆركردنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ قه‌بوڵكردن، ده‌بێ‌ ده‌ست بكا به‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و جێبه‌جێكردنی‌.
(روونكردنه‌وه‌: ئیعتیبار په‌یدا كردن‌و به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌م په‌سند كراوه‌یه‌ له‌ رۆژی‌ 2ی‌ سپتامبری‌ 1990 ه‌وه‌یه‌. وه‌ڕگێڕ)

مادده‌ی‌ 50 (ئاڵوگۆڕه‌كان)
1 ـ هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م
په‌یمانه‌ ده‌توانێ‌ پێشنیازی‌ ئاڵوگۆڕێك له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا بدا به‌ سكرتێری‌ گشتی‌. سكرتێری‌ گشتی‌ ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ پێیگه‌یشتووه‌، به‌ ئاگاداریی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ په‌یمان ده‌گه‌یه‌نێ‌‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ بیرورایان ده‌پرسێ‌. ئه‌گه‌ر چوار مانگ پاش هاتنه‌گۆڕی‌ پێشنیازێك، لانی‌ كه‌م سێیه‌كی‌ ده‌وڵه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ‌ پێشنیازه‌كه‌دا بوون، سكرتێری‌ گشتی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ گشتی‌ بۆ هێنانه‌ گۆڕێی‌ پێشنیازه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نێ‌. هه‌ر ئاڵوگۆڕێك كه‌ له‌ لایه‌ن زۆرایه‌تیی‌ به‌شدارانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ قه‌بوڵ بكرێ‌، بۆ په‌سندكران به‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێ‌.
2
ـ ئالوگۆڕی‌ قه‌بوڵكراو له‌ په‌یماننامه‌دا، پاش په‌سندكران له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌و ره‌زامه‌ندیی‌ دوو له‌ سێی‌ زۆرایه‌تیی‌ ده‌وڵه‌ته‌كان، به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌.
3
ـ ئاڵوگۆڕێك كه‌ ئیعتیباری‌ په‌یدا كردووه‌‌و كاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هاتووه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ قه‌بوڵیان كردووه‌، لێپرسینه‌وه‌ی‌ قانوونیی‌ به‌دواوه‌یه‌.

مادده‌ی‌ 51 (شه‌رت‌و مه‌رج)
1 ـ سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ پێداگرتنه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نێ‌: هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له‌ كاتی‌ په‌یوه‌ستبوون به‌م په‌یماننامه‌یه‌دا مه‌رج دابنێ‌، به‌ باوه‌شی‌ ئاوه‌ڵاوه‌ وه‌رده‌گیرێ‌‌و مه‌رجه‌كه‌ به‌ ئاگاداریی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ دیكه‌ راده‌گه‌یه‌نرێ‌.
2
ـ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئامانج‌و مه‌به‌سته‌كانی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا له‌ ناته‌بایی‌ دابن، قه‌بوڵ‌ ناكرێن.
3
ـ مه‌رجه‌كان ده‌توانن به‌هۆی‌ نووسراوه‌یه‌كی‌ كورت بۆ سكرتێری‌ گشتیی‌ كه‌ رێكه‌وتی‌ نووسینه‌كه‌ی‌ تێدا گونجابێ‌، وه‌ربگیرێنه‌وه‌.
سكرتێری‌ گشتی‌، ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ دیكه‌ له‌و نووسراوه‌، ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.

مادده‌ی‌ 52 (ده‌ست كێشانه‌وه)
ده‌وڵه‌تێك ده‌توانێ‌ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ ئه‌ندامه‌تی‌‌و قه‌بوڵكردنی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌هۆی‌ نامه‌وه‌ به‌ ئاگاداریی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ رابگه‌یه‌نێ‌. ساڵێك دوای‌ وه‌رگیرانی‌ نامه‌كه‌ له‌ لایه‌ن سكرتێری‌ گشتییه‌وه‌، ده‌ست كێشانه‌وه‌كه‌ لایه‌نی‌ قانوونی‌ په‌یدا ده‌كا.

مادده‌ی‌ 53 (راگرتن)
سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك ڕاگر‌و پارێزه‌ری‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ دیاری‌ ده‌كرێ‌.

مادده‌ی‌ 54 (ئه‌مانه‌ت)
(ده‌قی‌ سه‌ره‌كیی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ كه‌ به‌ زمانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌، چینی‌، ئینگلیزی‌، فه‌رانسه‌یی‌، رووسی‌‌و ئیسپانیاییه‌‌و، هه‌موویان وه‌ك یه‌ك جێگای‌ بڕوان، وه‌ك ئه‌مانه‌ت له‌ لای‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دانراوه‌).

 ده‌قی‌ فارسیی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ ـ كه‌ دوكتور "ا. ا ‌بشار" وه‌ری‌ گێڕاوه‌ته‌ سه‌رزمانی‌ فارسی‌ ـ له‌ سایتی‌ ئینتێرنێتی‌ "ایران امروز" وه‌رگیراوه.

له‌ وه‌رگێڕانی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ بۆ سه‌ر زمانی‌ كوردی‌دا، له‌و جێیانه‌ی‌ مادده‌كان به‌سه‌ر پیته‌كاندا دابه‌ش ده‌بن، پیته‌كان به‌ ته‌رتیبی‌ ئه‌لفوبێی‌ كوردی‌ دانراون.

 

ده‌سپێک