ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان.. رەزا شوان

alin.jpgلەگەڵ بوونی کورد دا، گـۆرانی کوریش هەبووە، گـۆرانی بووە بە بەشێک لە ژیانی کورد، بووە بە هۆکارێک بۆ گوزارشتکردن لە هەست و سۆز و لە خۆشەویستی و

لە لە خۆشییەکانی ناخی دەروونی.. ئێمەی کورد خاوەنی گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەندین لە گۆرانی فۆلکلۆری هەمەبابەتی رەسەن، کە مۆرك و تایبەتمەندی و رەنگ و بۆی کوردەوارییان پێوەیە دیارن و جیاوازیاشیان هەیە لەگەڵ گۆرانییەکانی گەلانی تر.. بە سەدان بەیت و بالۆرێ و گۆرانی فۆلکلۆری و میللی کوردیمان هەن، کە تا ئەمڕۆش چـێژ و خۆشییان کاڵنەبوونەتەوە.. داگیرکەرانی کوردستانیش نەیانتوانی ژینوسایدی گۆرانییە کوردییە رەسەنەکانمان بکەن، گەرچی بەشێکیان لێدزیوین و شیواندوویانن.
باسەکەمان دەربارەی گۆرانییە بۆ منداڵانە، ئەو گۆرانییانەی کە گۆرانبێژە گەورەکان بۆ منداڵانی دەیانڵێن.. یا بە دەنگی ناسکی خودی منداڵان بە تاک یا بە کۆمەڵ دەوترێن. گۆرانییەکانیش بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان پۆلێن دەکرێن.. پێویستە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆک و واتا و کێش و ئاواز و ترپەوە، لەگەڵ قۆناغەکانی توانای وەرگرتن و فێربوون و وتنەوەی منداڵاندا بگونجێن.
من لە کتێبەکەمدا (چاوپێخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان) کە لە ساڵی (٢٠١٥) لە لایەن (کۆمەڵەی رۆناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک) ەوە چاپکراوە. لە بەشێکی ئەم کتێبەمدا، باسمان لە سوودەکانی (لای لایـە) کردووە، کە لە لایەن دایکانەوە بۆ کۆرپە و ساوا جگەرگۆشەکانیان دەکرێ.
(لامارتین) دەڵێ:" جوانتـرین هۆنـراوە لە سەرانسەری جیهانـدا لای لایـەی دایکـانە"
لای لایە و لاواندنەوە بۆ منداڵانی کۆرپە و ساوا دەکرێن، کاتێک کە دایکان دەیانخەنە نێو لانک یا بێشکەوە یا جۆلانێ، لەگەڵ راژەنیندا، بە لای لایە و گۆرانی گونجاو، سۆز و خۆشەویستی و ئاهی ناخی دڵیان بۆ کۆرپەکانیان دەردەبڕن.. تا خەو بیانباتەوە.
لەم نووسینەماندا، بە کورتی باس لە سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان و قۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتی دەکەین.. بە تایبەتیش قوناغی باخچەی منداڵان، کە بە قۆناغی زووی منداڵیش ناودەبرێت، لە چەند باسێکی پەروەردەیی تریشدا، باسمان لە گرنگی و لە هەستیاری ئەم قۆناغە لە ژیانی مرۆڤ کردووە.. یەکەمین خشتی بناغـەی کەسایەتی هەر کەسێک لەم قۆناغەدا دادەنرێت، لێرەوە پێشبینی ئەوەی لێدەکەین کە لە داهاتوودا دەبێتە چ کەسایەتییەک.. هەر لەم قۆناغەدا چەمکە بنەڕەتییەکان لای منداڵان جێگیردەبن، کە لە ئایندەدا دەتوانن زیاتر و زیاتر پەرەیان پێبدەن.. لەم قۆناغەدا زمان زۆر بە خێرایی گەشەدەکات، چونکە زمان لە پێویستی و پێداویستییەکانی پەیوەندیکردن و دەربڕین و گوزارشتکردنە.. پێویستە ئەم هەلە لە بەرژەوەندی منداڵاندا بقۆزرێتەوە، تا منداڵان بتوانن رادەیەکی زۆری وشە و دەستەواژە و رستە و چەمکەکان وەربگرن و فێربن، گەنجینەی زمان و زانست و زانیاری گشتیشیان دەوڵەمەند بکەن.. هەر لەم قۆناغەدا،هۆش بە ئەوپەڕی خێراییەوە گەشەدەکات.. لە لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکیدا، ئەوە دەرکەوتووە، کە رێژەی زۆری گەشەکردنی هۆشی منداڵان تا تەمەنی چوار ساڵی دروست دەبێت.. ساڵانی پێش قوتابخانەش بە (تەمەنی یـاری) ناسراوە، چونکە منداڵان رۆژانە کاتێکی زۆریان بە یاریکردن و خۆشی بەسەردەبەن.. بە (تەمەنی دۆزینەوە)ش ناودەبرێت، منداڵان لەم تەمەنەدا، دەیانەوێت شتی تازە و زیاتر بزانن و بدۆزنەوە، لە سروشتی ژینگە و دەوروبەریان دەگەن، رۆڵ و پێگەی خۆیان لە نێو خەڵکیدا دەزانن، تا بۆیان بکرێت دەیانەوێت زیاتر بزانن، شت تاقیبکەنەوە و، شتی تازە بدۆزنەوە.
چەمکی گۆرانی منداڵان:
تا ئێستا گەلێ پێناسە و راڤەی جیاواز، بۆ چەمکی گـۆرانی منـداڵان کراون، وەکو:
گۆرانی منداڵان، بریتییە لەو پارچە هۆنراوە سوک و ئاسانانە، لە فۆرم و ناوەڕۆک و واتادا، کە لەسەر کێشێکی سووکی تایبەتی دەهـۆنرێنەوە، دەگونجێن کە منداڵان بە تاک یا بە کۆمەڵ بە گۆرانی و ئاوازەوە بیان چڕن.
(ئەحمەد نەجیب) ش دەڵێ:"هۆنـراوە لە شێوەی، گۆرانی، سروود، ئۆپەرێت، نمایش، شانۆشیعردا خۆی بە جیهانی منداڵان ئاشنادەکات"
لە پێناسەیەکی تردا: گۆرانی منداڵان بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی ئەدەبی شیرین و بڵاو، ئاوازەکانیان منداڵان دەوروژێنن و دەیاهێننە جۆش خرۆش.
خۆشەویستی و ئارەزووی منداڵان بۆ گۆرانی، حەزێکی سروشتییە، گۆرانی هۆکارێکی ئاسانە بۆ شیرین کردنی فێربوون لە قۆناغی باخچـەی منداڵاندا.. ئەوان لە بنەڕەتدا، لە رێی وشە و رستە دووبارەکردنەوەوە، فێری زمـان دەبن.. بۆ نموونە، ئەم کۆپلەیە:
هــەر دەرنــایە....هــەر دەرنــایە
قاچمــان تەزی....بووک دەرنـایە
هــەر دەرنــایە....هـــەر دەرنـایە
دەستمان تەزی....بووک دەرنایە
هــەر دەرنــایە....هــەر دەرنــایە
گۆرانی ئەو چالاکییەیە، کە منداڵان بە هەموو هەستێکیانەوە، بە شێوەیەکی نەستی تیدا نوقـم دەبن.. بە ئازادیش گوزارشت لە هەستەکانیان دەکەن.. ئەم هەست و نەستەش ئارمییەکی قووڵی دەروونییان پێدەبەخشێت.. منداڵان حەز لە گۆرانی رتم خێرا دەکەن و، حەزیان بە رتمی خاو نییە.
شاعیری ناسراوی سوری (سلێمان ئەلعیسا) لە کێبەکەیدا (دیـوانی منـداڵان) دەڵێ:
"لە منداڵان بگەڕێن، با سروود بچڕن، گۆرانی بڵێن، بە نرخترین دیاری کە پێشکەشیان بکەن، ئەو وشە جوانـانەن کە دەیانخـەنە سەر لێوەکـانیان.. بۆ ئەوەی کە زمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە نیشتمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە خەڵکی و گـوڵ و بەهـار و ژیانیان خۆشبوێ.. پێویستە فێری سـروودی خۆشیان بکەین.. هۆنـراوەی جوانیان بۆ بنووسین"
زۆر جاریش ئەم جووتە وشانە پێکەوە دێن و دەبنە پێویستی و بە تەواوکەری یەکتری: (سروود و گۆرانی، هۆنراوە و گۆرانی، سروود و موزیک، گۆرانی و موزیک، گۆرانی و هەڵپەڕکێ، گورانی و چەپڵە، هۆنراوە و ئاواز، گۆرانی و ئاواز).
سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک گۆرانی فۆلکلۆری رەسەنمان بۆ منداڵانی کورمان هەن، وەکو (هەیاران و مەیاران، بووکە بە بارانە، هەلوور بەلوور، حل حلی و بل بلی، حێلانێ، هۆ رێوی رێوی، هەتەرێ و مەتەرێ.. نەورۆزە وەرنە دەرێ، پام سۆ دەستم سۆ.. شەکری عەمارانم سۆ، حاجی لەقلەق مار هات، چەندین گۆرانی فۆلکلۆری تریش، کە منداڵان بە کۆمەڵ لەگەڵ یاریکردن دا، دەیان ڵێنەوە.
کۆمەڵێک شاعیری ناسراویشمان، هۆنراوەی شیرین و ناسکیان بو منداڵان نووسیون، هۆنراوەکانیان لە لایەن هۆنەرمەندانی ئاوازدانەرەوە، کراون بە گۆرانی بۆ منداڵان، لەو شاعیرانەش (زێوەر، فایق بێکەس، گۆران، عەلی عەبدوڵڵا شەونم، کاکەی فەللاح، هەژار موکریانی، فەرەیدوون عەلی ئەمین، لەتیف هەڵمەت، دایکی سۆلاڤ، كازم کۆیی، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، سەلاح نیساری، رۆستەم باجەلان، سەبری بۆتانی، سیمین چایچی، علیڕەزا محەمەدیان، جگەرسۆز پێندڕۆیی، ئەمین گەردیگلانی، عوسمان هەورامی، عەبدولڕەحمان فەهیمی،... هتد)
لە راستیشدا، تا ئێستا گۆرانبێژێ چ پیاو چ ئافرەتمان نییە، کە بە تایبەتی لە بواری گۆرانی منداڵاندا کاربکەن.. تەنها گۆرانیبێژ مامۆستا (سەلاح محەمەد کۆیی) نەبێت، کە لە لای منداڵان بە (مام عـەوڵا) ناسراوە.. کە نزیکەی دە کلیپی تۆمارکراوی بۆ منداڵان هەیە لەوانەش (هەلوور بەلوور) و(دێوەرە) و (بووکانە) و ( ئەم مەشـکێ.. نە دۆی دەخورێ و نەکەشکێ) و (پۆلیسی هاتوچۆ) کە بە زۆری لە کەناڵەکانی پێلیستانک و کوردماکس پەپوولە و زارۆک دا نمایش دەکرێن.. هەر لەم کەناڵانەشدا، کۆمەڵێک منداڵانی چاوگەشی بەهرەمەند، چەندین گۆرانی خۆشیان تۆمارکردوون.. ئەم منداڵانە و ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەش کە رایانهێناون شایانی ئافەرین و دەستخۆشین.

ناشبی رۆڵی گەورە و بەرچاوی هونەرمەند کاک (فوئـاد مەولانەیی) لە یاد بکەین، کە وەرچەرخانێکی بە گۆرانی کوردی منداڵان کرد، چەندین ئاوازی بۆ هەڵبەستی منداڵان دانا و ئامادەی کردن و منداڵانی بەهرەمەندی راهێنان.. ئەو گۆرانییانە بە دەنگی منداڵانی شاری سلێمانی بۆ کەناڵی کوردسات تۆمارکران و نمایش دەکران.. هیوای ئەوەم دەخواست کە کاک فوئاد لەم خزمەتە پیرۆزەیدا بەردووام بوایە.. بەڵام ئەویش ئەو چالاکییانەی نەمان و.. هۆکاری وازهێنانیشی لای خۆیەتی.
لە سلێمانی و لە هەولێر و دهۆک ساڵانە فێستیڤاڵی منداڵان بۆ گورانی و هەڵپەڕکی و شانۆگەری پێشکەش دەکرێن، هیوادارم سەرپەرشتیارانی ئەم فێستیڤاڵانە زیاتر خۆیان ماندووبکەن و جوانتر ئەم فێستیڤاڵانە بە باتی گۆرانی منداڵان بڕازێننەوە و زۆرترین منداڵان چ وەکو تاک یا کۆرس بەشدارییان تێدابکەن، تا چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکانیان لە ئاستی گرنگی و پێویستییەکانی ئەم سەردەمەدابن.
سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان:
گۆرانی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە فێرکردن و لە رۆشنبیری کردن و لە بە کۆمەڵایەتی کردنی منداڵان، گۆرانی هەست و ویژدان دەبزوێنێ و دەدوێنێ، لە سایەی گۆرانیدا گەلێ سوود و ئامانجی پەروەردەیی و زمان و کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی منداڵان دێنەدی.. گرنگترین سوودەکانی گۆرانیش بۆ منداڵان ئەمانەن:
١ـ گۆرانی ئاسوودەیی دەروونی و چێژی هونەری و ئەدەبی بە منداڵان دەبەخشێت و، خۆشی و شادی دەخاتە دڵیانەوە.. لەسەر بە جوانی گوێگرتنیش رایان دەهێنێت.
٢ـ گۆرانی بوارێکی گرنگ و باشە بۆ ئەوەی کە منداڵانی بەهرەمەند و هونەرپەروەر ، بەهـرە هونەرییە خەپەکراوەکانیان ئاشکرابکەن و بە ئاوازەوە دەنگیان دەربڕن.
٣ـ سامانێکی زمانی و هۆشی بە منداڵان دەبەخشێت، دەشتوانن باشتر گوزارشت بکەن.
٤ـ گۆرانی یارمەتی منـداڵان دەدات، کە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان شیرینتربن، شانازیش بە فۆلکۆر و ئەدەبی گەلەکەیانەوە بکەن.
٥ـ گۆرانی کە جوولە و ترپەی تێدایە، چالاکی منداڵان چالاکتر دەکات و، لە بێزاربوون و وەرستبوون و بێمەیلی دووریان دەخاتەوە.
٦ـ گۆرانی هۆکارێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو قوتابییانەی کە شەرم دەکەن و گۆشەگیر و دوورەپەرێز و نائارام و راڕا و کەمدوون و کەمتێکەڵن.
٧ـ گۆرانی هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی رەفتاری جـوان و دروست و بەهـای بەرز.
٨ـ گۆرانی کە زانست و زانیاری لەخۆگرتوون، بە سەرچاوەیەک دادەنرێت کە منداڵان لێوەی فێری ئەو زانست و زانیارییانە دەبن کە لە دووتوێیاندان.
٩ـ منداڵان فێری ئەوەدەبن، کە بە تەواوێ و بە رەوانی وشە و رستەکان دەربڕن.
١٠ـ لە دووتوێی هەندێ گۆرانیدا بۆ منداڵان، رێنمایی باشیان لەخۆگرتوون، وەکو:
پێبەندنبوون بە رێنماییەکانی ترافیک، ژینگەپاڕێزی، رێزگـرتن، هاوکاری کردن، هەروەزی کردن، چاکەخوازی، خوشکایەتی و برایەتی، کۆششکردن، ريزگرتن لە یاسا، ئازایی، ئازادیخوازی، دیموکراتیخوازی، دادپەروەری، یەکسانی، ئاشتیخوازی،... هتد.
رەزا شوان