|
|
به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده، له‌لایه‌ن کارگێڕانی گۆڤاری ڕێژوانه‌وه به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنتان ده‌که‌ین بۆ وڵاتی سوئێد، هیوادارین سه‌فه‌رێکی خۆشتان هه‌بێ. زۆر سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان له‌م گفتوگۆیه دا، ڕێگه بده به‌م پرسیاره ده‌ست پێبكه‌ین. ڕێژوان: بێگومان له سیاسه‌ت دا، وه‌ڵامێكی ته‌واو، واتا 100% بۆ ڕووداوه‌كان نیه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌زموون و پێشبینی كردن ده‌توانرێ بگه‌ینه وه‌ڵامێك كه تا ڕاده‌یه‌ك له ئه‌نجامی كۆتایی كێشه‌كان تێبگه‌ین. كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشنیاری وڵاتانی ئورووپایی بۆ گفتۆكردن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و به‌رده‌وام له ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌كانی دا ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌سبه‌رداری، پڕۆژه ئه‌تۆمی‌یه‌كه‌ی نابێ، ئێوه پێتان وایه له كۆتاییدا ئه‌م كێشه‌یه به گفتوگۆ چاره‌سه‌رده‌بێ یان هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هێزی سه‌ربازی؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: به باوه‌ڕی من کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی هه‌ل و مه‌رجه‌که‌یان باش هه‌ڵ سه‌نگاندوه بۆ ئه‌وه‌ی به هێندێ چاووڕاوی بێ بناخه سه‌ری لایه‌نگرانی خۆیان گه‌رم بکه‌ن و وابنوێنن که ڕێژیمه‌که‌یان ده‌توانێ به‌رامبه‌ر به گه‌وره‌ترین هێزه سه‌ربازی‌یه‌کانی جیهان ڕاوه‌ستێ و ته‌نانه‌ت به‌چۆکیشیان دا بێنێ. ئه‌وان ده‌زانن ئه‌مریکا وه‌ک گه‌وره‌ترین بڕیارده‌ری سیاسه‌تی جیهانی ئێستا له‌هه‌ل و مه‌رجێکی‌وادا نیه که حه‌زبکا جه‌بهه‌یه‌کی تازه بۆ به‌شه‌ڕدانی هێزه سه‌ربازی‌یه‌کانی بکاته‌وه چونکه له‌لایه‌ک له ئه‌فغانستان و عێراق نه‌ی توانیوه وه‌زعه‌که به‌لایه‌کدا بخا و به‌تایبه‌تی له عێراق له‌گه‌ڵ دوژمنێکی نادیار و به‌هێز و بێ‌به‌زه‌یی به‌ره‌وڕوویه و له لایه‌کی دیکه‌ش له‌ژێر ته‌وژمی بیروڕای گشتیی جیهانی و ناڕه‌زایه‌تیی نێوخۆیی دایه. هه‌ربۆیه‌ش به‌که‌یفی خۆیان مانۆڕده‌ده‌ن و دروشمی قه‌به و بریقه‌دار به‌رز ده‌که‌نه‌وه، ئه‌گینا تاقیکردنه‌وه نیشانی داوه که ئه‌مانه هه‌تا سه‌ر درێژه به‌م به‌ره‌نگاری‌یه ناده‌ن و هه‌رکات دیتیان کارگه‌یوه‌ته جێگایه‌کی ناسک و چاره‌نووس‌ساز ته‌سلیم ده‌بن و خۆیان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌پارێزن. ئه‌گه‌ر ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی به‌رامبه‌ر به هێزێکی بچووکی ناوچه‌یی پاشه‌کشه‌ی کورد و به قه‌ولی خۆی پیاڵه‌ی پڕ له‌ژاری هه‌ڵقووڕاند، ئاشکرایه که جێ‌نشینه‌کانی زۆر به ئاسانی با ده‌ده‌نه‌وه و مه‌رجه‌کانی ئه‌مریکا و ئورووپا قبووڵ ده‌که‌ن. به‌تایبه‌تی که ئه‌زموونی عیراقیشیان له‌به‌رچاوه و ده‌زانن که هێزه‌کانیان ته‌نیا به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی ئێران و له‌سه‌رکوتی ئازادیخوازان دا کارلێهاتوون، ئه‌گینا له‌به‌رامبه‌ر هێزی بێ ژماری هاوپه‌یمانان دا کارێکیان له‌ده‌ست نایه. به‌وپێ‌یه دووپات بوونه‌وه‌ی سیناریۆی ئه‌فغانستان و عیراق له ئێران، لانی‌که‌م له داهاتووی نزیکدا به‌دوور ده‌زانم. به‌وحاڵه‌ش پێم‌وانیه فشاری ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌سه‌ر ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی به قبووڵکردنی پێشنیاری وڵاتانی ئورووپایی کۆتایی پێ‌دێ. چونکه دنیا تێ‌گه‌یشتوه که ڕیژیمی ئێستای ئێران ناتوانێ واز له ئاژاوه‌گێڕی و یاغیگه‌ری بێنێ و به‌رنامه‌کانی بۆ ده‌ست ڕاگه‌یشتن به چه‌کی ئه‌تۆمییش به‌نهێنی درێژه پێ‌ده‌دا. ڕێژوان: ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان، به‌شێوه‌كی زۆر له ڕووداوه‌كانی پێش لێدانی عێراق، ده‌چێ. ئاگاداركردنه‌وه‌كان، مۆڵه‌ت پێدان، داوای هاوكاری كردن و ... هتد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كاره‌كانی ئه‌مریكاییه‌كان، چ له عێراق و چ له ئه‌فغانستان، نه‌گه‌یشتوونه ئه‌نجامی كۆتایی خۆیان، به‌ڕێزت پێتوایه كه ئه‌مریكاییه‌كان هێزوتوانای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕێكی دیكه‌یان، هه‌یه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ڕای گشتی پشتیوانی ئه‌مریكاییه‌كان ده‌كا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جیاوازییه‌كان له نێوان ئێران، ئه‌فغانستان و عێراق دا، چین؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: ئه‌وه ڕاسته که ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان که‌م و زۆر وێکچونێکیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی پێش په‌لاماری نیزامی بۆ سه‌ر عیراق هه‌یه. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هێندێ فاکته‌ر هه‌ن که هێرشی نیزامی بۆسه‌ر ئێران له کورت خایه‌ن دا دوور ده‌خه‌نه‌وه. وه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا گوتم ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی درێژخایه‌ن و پشووبڕ له عێراق و ئه‌فغانستان به‌ره‌وڕوون و به قازانجیان نیه جه‌بهه‌یه‌کی تازه‌ش بکه‌نه‌وه. جگه‌له‌وه له عێراق ده‌کرێ بڵێین هه‌موو هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن لایه‌نگری هێرش بۆسه‌ر ڕێژیمی صدام حسین بوون، که‌چی له ئێران زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری هێزه‌کان دژی په‌لامارێکی له‌و بابه‌ته بۆسه‌ر ئێرانن. له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌رچه‌ند کۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌ی خۆی ده‌ست له کاروباری زۆر وڵاتی دوور و نزیکی جیهان وه‌رده‌دا، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی وڵاتێکی داگیر نه‌کردوه تا یه‌کده‌نگی‌یه‌کی جیهانی له دژی خۆی بوروژێنێ و هێرشێکی نیزامی بۆسه‌ر خۆی پاساو بدا. بێگومان ناڕه‌زایه‌تیی بیروڕای گشتیی خه‌ڵکی ئه‌مریکا و تاڕاده‌یه‌کی که‌متر وڵاتانی دیکه‌ی به‌شداری شه‌ڕیش کۆسپێکی دیکه‌ی سه‌ر ڕێگای په‌لاماری نیزامیی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی بۆسه‌ر ئێرانه. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی توانای نیزامیی ئه‌مریکاوه سه‌یری مه‌سه‌له‌که بکه‌ین. پێم وایه دووهێرشی گه‌وره‌ی ئه‌مریکا بۆسه‌ر ئه‌فغانستان و عێراق ته‌نیا به‌شێکی بچووک له توانای سه‌ربازی و جبه‌خانه‌ی ئه ده‌وڵه‌ته‌یان لێ‌خه‌رج کراوه که له‌مێژه قه‌ره‌بوو بۆته‌وه و ئه‌م به‌شه‌ی بۆ زلهێزێکی وا کارێکی نیه. به‌تایبه‌تیی پێم وایه سه‌ره‌رای هه‌مووی ئه‌و چاووڕاوانه ڕووخانی کۆماری ئیسلامی له حاڵه‌تی په‌لامارێکی به‌رینی نیزامیی دا که‌متر له ڕێژیمی تاڵیبانی ئه‌فغانستان و به‌عسی عێراق وه‌خت ده‌با. به‌ڵام تاقیکردنه‌وه بۆهه‌مووانی ده‌رخستوه که ڕووخاندنی ڕێژیمێک ئه‌ویش بۆ هێزێکی به توانای وه‌ک ئه‌مریکا زۆر ئاسانتره له سه‌قام گیرکردنی ڕێژیمێکی دیکه. ڕێژوان: ئه‌مریكاییه‌كان، بێگومان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانیان له‌م ناوچه‌یه دان و ڕۆڵی كاریگه‌ریان له گۆڕانكارییه‌كان دا هه‌یه، ئایا هاوپه‌یمانی و هه‌وكاریكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی جوڵانه‌وه‌ی كوردی دایه یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: ئه‌مه به‌ته‌واوی ڕاسته که ئه‌مریکا له‌به‌رچاوی کاڵی کورد و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی زۆرلێکراوی دیکه نه‌هاتۆته ئه‌م ناوچه‌یه و به‌دوای قازانجی ستراتیژیی خۆی‌دا عه‌وداڵه. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێ که ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا ئه‌مریکا به‌هه‌موو توانایه‌وه پشتی ڕێژیمه زۆرداره‌کانی ناوچه‌ی ده‌گرت و ئه‌وانی له‌سه‌رپێ ڕاده‌گرت و هه‌ربۆیه‌ش هێزه کوردستانی‌یه‌کان دروشمی دژی ئه‌مریکایان ده‌دا، ئێستا ده‌یه‌وێ ڕێژیمه‌کانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا، بڕووخێنێ یان بگۆڕێ. ئه‌من باسی هاوکاریی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ناکه‌م، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی کورد بۆده‌بێ له‌هه‌ل و مه‌رجی ئێستادا ئالای به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌رز بکاته‌وه؟ ئه‌و ده‌ڵه‌تانه‌ی کوردستانیان له نێو خۆیان دا دابه‌ش کردوه، چ ماف و ئازادیه‌کیان بۆ کورد دابین کردوه که به په‌لاماری ئه‌مریکا و ڕووخانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌ده‌ستی بچێ؟ بۆ نموونه دیفاع له کۆماری ئیسلامی بۆ دیفاع له کورد یان ته‌نانه‌ت بۆ دیفاع له ئێرانیشه؟ جارێکیان له دانیشتنێکی دۆستانه‌دا دۆستێکی دژی هاتنی ئه‌مریکا بۆ ناوچه گوتی: دێمۆکراسی به مووشه‌کی کرووز و فڕۆکه‌ی فانتۆم دابین ناکرێ و نانێردرێته وڵاتان. له وه‌ڵامدا گوتم به‌ته‌واوی ڕاسته، به‌ڵام له‌بیرت نه‌چێ که دیکتاتۆری به مووشه‌کی کڕووز و فڕۆکه‌ی فاتۆم ده‌ڕووخێ. که‌وایه به باوه‌ڕی من بزووتنه‌وه‌ی کورد نه‌ک هه‌رنابێ له‌کاتی په‌لاماری ئه‌مریکا بۆسه‌ر ڕێژیمێکی وه‌ک کۆماری ئیسلامی دا به‌دژی ئه‌مریکا بچێته سه‌نگه‌ره‌وه، به‌ڵکوو ده‌بێ هه‌وڵ بدا چه‌ندی بکرێ له‌هه‌ل و مه‌رجێکی وا به‌قازانجی دابین کردنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان که‌ڵک وه‌ربگرێ. ڕێژوان: له ئێران دا، چاوه‌ڕوانیی گۆڕانكاری یان لانی كه‌م پێشبینی گۆڕانكاری، ده‌كرێ. ئێوه به‌پێی ئه‌زموونی كار كردن و زانیاریتان له هه‌لومه‌رجی سیاسیی ئێران و كوردستان، پێتان وایه هێزه سیاسی‌یه كوردییه‌كان ئاماده‌ی پێكهاتنی گۆڕانكارین له ئێران دا، وه ده‌توانن چ ڕۆڵێكیان هه‌بێ؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: رووداوه‌کانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی به تایبه‌تی دوا هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌لانی ئێران و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی یان خستۆته قۆناخێکی تازه‌وه. ئه‌م قۆناخه ده‌کرێ به قۆناخی ڕه‌وینه‌وه‌ی گومانه‌کان له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی و قۆڵه جۆراوجۆره‌کانی و قۆناخی یه‌کده‌ست بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌واو ته‌مابڕاویی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌به‌ناو ڕیفۆرمخوازانی نێو تاقمی فه‌رمانره‌وا دابنرێ. به‌و پێیه، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که ئێران ده‌که‌وێته به‌ر په‌لاماری سه‌ربازیی بێگانه یان نا، ئاڵوگۆڕ به‌ڕێوه‌یه و ناش توانێ به‌ڕێوه‌نه‌بێ هه‌رچه‌ندیش ئه‌و ئاڵوگۆڕه خێرا نه‌یه‌ته به‌رچاو. چونکه نه‌ڕێژیم ده‌توانێ تاسه‌ر به‌م جۆره حکوومه‌ت بکا و نه خه‌ڵکیش تاسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌ینه‌ته ده‌رده‌به‌ن. به‌ڵام داخوا هێزه سیاسی‌یه‌کانی کورد بۆ ئاڵوگۆڕێکی له‌و بابه‌ته ئاماده‌ن یان نا؟ وه‌ڵامی من ئه‌مه‌یه: له‌سه‌ریه‌ک پێم وایه وشیاریی سیاسی له کوردستان له هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێران زیاتره و له باری ڕێکخراویشه‌وه وه‌زعی کورد له هی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له‌پێشتره. هه‌ربۆیه ئاماده‌یی بۆ ئاڵوگۆڕیش له کوردستان پتره تا ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران. به‌وحاڵه واقیع بینانه ده‌ڵێم هێزه سیاسی‌یه‌کانی کوردستان ئاماده‌یی ته‌واو و پێویستیان بۆ ئاڵ‌وگۆڕی چاوه‌ڕوانکراو نیه. چونکه ئه‌وان هه‌قیان نیه هه‌ر به ئاماده‌بوون بۆ ئاڵ‌وگۆره‌کان ڕازی بن، به‌ڵکوو ده‌بێ له‌هه‌وڵی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕدا بن و ئه‌و ئاڵوگۆڕه خێراتر بکه‌ن. جا پێم‌وایه به‌داخه‌وه هێزه کوردستانی‌یه‌کان ئاماده‌یی ته‌واویان بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌رکه‌کانی قۆناخێکی وا نیه و پێویسته هه‌وڵێکی زیاتر له‌م بواره‌دا بخه‌نه کار. پێمان خۆش بێ یان ناخۆش، حیزب و ڕێکخراوه کوردی‌یه‌کان نه‌ک هه‌ر هاوکاریی پێویستیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر نیه، به‌ڵکوو له‌باری پێوه‌ندی‌یه ته‌شکیلاتی‌یه نێوخۆیی‌یه‌کانیشه‌وه له وه‌زعێکی دڵخوازدا نین. ڕێژوان: فیدڕاڵیزم، كه ئێستا دروشمی زۆربه‌ی هێزه كوردی‌یه‌كانه، زۆر ناڕوونه، نه له‌باری یاساییه‌وه نه له پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت دا، هه‌تا ئێستا پێناسه نه‌كراوه، به‌ڕێزتان پێتان وایه كه ئاماده‌بوونێكی ته‌واو بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌م دروشمه له گۆڕێ دا‌بوو؟ یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان چاولێكه‌ری و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی هه‌لومه‌رجی باشوور بوو؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: ئه‌وه‌ندی پێوه‌ندیی به حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه هه‌یه، فیدرالیزم زۆر له‌مێژه وه‌ک باشترین ڕێگا بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران چاوی لێ کراوه. ئه‌وه‌ش که تا دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر نه‌بۆته دروشمی ستراتیژیی حیزب هۆیه‌که‌ی به موناسیب نه‌زانینی هه‌ل و مه‌رجی خه‌بات بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌م دروشمه بووه. که‌وابێ ئه‌گه‌ریش له هه‌لگرتنی فیدرالیزم وه‌ک دروشمی ستراتیژی شوێنه‌وارێکی هه‌ل و مه‌رجی باشووری کوردستان یان بیروڕای گشتیی خه‌ڵکی پێوه دیاربێ، له باوه‌ڕ پێ‌بووندا شوێنه‌واری که‌سی به‌سه‌ره‌وه نیه و حیزبی خۆمان پێش ئه‌وانی دیکه ناسیویه‌تی و ته‌نانه‌ت داواشی کردوه (وه‌ک له په‌یامی هاوینی 1358 ی دوکتور قاسملوو بۆ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی دا هاتوه). له‌باره‌ی ڕوونی و ناڕوونی و پێناسه کردنیشه‌وه له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وه‌ی که له به‌رنامه‌ی حیزب دا هاتوه، وه‌ک دیاری کردنی دروشمه‌که له‌باری سیاسی‌یه‌وه ته‌واوه. به‌رنامه‌ی حیزب قانوونی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ دانانێ. له‌بیرمان نه‌چێ ئێمه فیدرالیزم بۆ ئێران داوا ده‌که‌ین نه‌ک بۆ کوردستان. له عێراقیش ئه‌وه ده‌وله‌تی مه‌رکه‌زی‌یه که بۆته فیدراڵی و کوردستان هه‌رێمێکی ئۆتۆنۆم له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته فیدراڵه‌دایه. دیاریکردنی ورد و ڕوونی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمه ئۆتۆنۆمه‌کان له ئێرانیش دا کاری شاره‌زایان و کارناسانی بواری حقوقی، ئابووری، جوغرافیایی و مێژوویی و فه‌رهه‌نگیی سه‌ربه نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کانی ئێرانه که له هه‌ل و مه‌رجی موناسیبی خۆی‌دا گه‌ڵاڵه‌ی بکه‌ن و بۆ په‌سه‌ند کردن بیخه‌نه به‌رچاوی پارلمانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ. دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه که نابێ ئێستا له‌سه‌ری بنووسرێ یان پێشنیاری بۆ بکرێ. هه‌روه‌ک به‌خۆشییه‌وه تا ئێستا چه‌ند هه‌وڵێکی به‌سودیش له‌و بواره‌دا دراون. ڕێژوان: له‌م دواییانه‌دا، زۆر باس له پێكهێنانی به‌ره‌یه‌ك ده‌كرێ. دیاره كه زیاتر جۆش و خرۆشی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی‌یه بۆ یه‌كگرتنی هیزه سیاسی‌یه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڵام له كرده‌وه دا گرفت و كێشه‌ی گه‌وره، هه‌ن بۆ پێكهێنانی به‌ره. به‌ڕێزت پێت وایه كه له كاتی ئێستا دا، پێكهێنانی به‌ره بۆته پێویستییه‌ك و له هه‌مان كات دا هیزه سیاسی‌یه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، ئاماده‌یی ته‌واویان هه‌یه بۆ پێكهێنانی به‌ره؟ سه‌رئه‌نجام ئێوه پێكهێنانی به‌ره، یان شێوه‌یه‌ك هاوكاریكردن له نێوان هیزه سیاسیی‌یه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات دا، چۆن هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنن؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: ئه‌من بیروبۆچوونی خۆم له‌باره‌ی به‌ره‌وه له وتووێژێک دا که له‌گه‌ڵ گۆڤاری "تیشک" کردبووم ده‌ربڕیوه و ئه‌م وتووێژه بێجگه‌له‌وه‌ی چاپ کراوه له هێندی سایتی ئه‌نته‌رنێتیشدا هه‌یه و که‌سێک پێ‌ی خۆش‌بێ نه‌زه‌ری من بزانێ ده‌توانێ سه‌ری سایتی حیزبی دێموکرات بدا و بی‌خوێنێته‌وه. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتووێژه ئێره بچرکێنن) که‌وایه لێره‌دا هه‌رئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که هێزه سیاسی‌یه‌کانی کوردستانی ئێران پێویسته زیاتر له‌سه‌ر گه‌یشتن به نوخته نه‌زه‌ری هاوبه‌ش و پێکهێنانی هاوپه‌یمانی‌یه‌ک کاربکه‌ن. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌کاره نه‌کرێ، سبه‌ینێ دره‌نگ ده‌بێ. ڕێژوان: كوردبوون یان ئێرانی بوون؟ ئێران وه‌ڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یه و له‌لایه‌ن فارسه‌كانه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرێ، به شێوه‌ی سیاسی و یاسایی ئێرانی بوون واتا فارس بوون. جوڵانه‌وه‌ی كورده‌كان به‌تایبه‌ت له‌م سه‌ده‌یه و سه‌ده‌ی ڕابردوو دا خه‌باتێكی نه‌ته‌وه‌یی بووه، واتا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌یه‌كی سیاسی و یاسایی كوردی له‌و هه‌رێمه‌ی كوردستان دا كه به ئێرانه‌وه لكێنراوه. به‌ڕێزت پێت دروسته كوردێك بڵێ ئێرانیم یان بڵێ كوردی ئێرانم یان كوردی كوردستانی ئێرانم، به‌گشتی ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه؟ مامۆستا حه‌سه‌نزاده: ساڵی 1993 ڕۆژنامه‌نووسێکی فه‌ڕانسه‌یی لێ‌ی پرسیم: ئه‌تۆ له‌پێشدا کوردی یان ئێرانی؟ له وه‌ڵام دا گوتم: ئه‌مه هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ک حه‌ل ناکا. ئه‌من هه‌ر له‌وکاته‌دا که کوردم ئێرانیم و هه‌رله‌وکاته‌دا که ئێرانیم کوردم. ئه‌وانه‌ی شاره‌زای ئه‌ده‌بیاتی حیزبی دیموکرات و نووسینه‌کانی منن ده‌زانن که تا ئێستا چه‌ند جار به ڕاشکاوی و بێ پێچ و په‌نا گوتوومه کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و کوردستانیش یه‌ک وڵاته، که‌وایه کورد هه‌قی هه‌یه وڵاتی یه‌کپارچه و سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ. بۆیه هه‌ق به‌که‌س ناده‌م خۆی له من به‌کوردتر یان کوردستانی‌تر بزانێ. به‌ڵام هه‌ق و ئاره‌زوو شتێکه و واقیعییه‌ت شتێکی دیکه‌یه. یه‌ک نه‌ته‌وه بوونی کورد و یه‌ک وڵات بوونی کوردستان هیچ له‌و واقیعییه‌ته ناگۆڕێ که ئێستا وڵاتێک به ناوی "کوردستان " له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی جیهان نیه و له به‌رامبه‌ردا "تورکیه"، "ئێران"، "عێراق" و "سوریه" هه‌ن که کورد و کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراون. به‌و پێیه هیچ به نادروستی نازانم که کوردێک بڵی کوردی تورکیه یان کوردی ئێران، یان کوردی عێراق یا سوریه‌م یان ته‌نانه‌ت بڵێ ئێرانیم یان عێراقیم. چونکه له پاسپۆرتی هیچ کوردێک دا – به‌داخه‌وه - ته‌نانه‌ت هی کوردی عێراقیش نه‌نووسراوه "کوردستانی" و به‌وه‌ش که‌س له کوردایه‌تی نه‌شۆراوه. هه‌روه‌ک له پاسپۆرتی هیچ عه‌ره‌بێکیش دا که 22 ده‌وڵه‌تیان هه‌یه نه‌نووسراوه عه‌ره‌ب یان عه‌ره‌بی، به‌ڵکوو نووسراوه میسری، لوبنانی، کووه‌یتی و هتد. به‌وه‌ش ئه‌وان له عه‌ره‌ب نه‌شۆراون. ڕێژوان: به‌شێك له ڕۆشنبیرانی فارس كه خۆیان به دۆستی كورد یان لایه‌نگری مافی مرۆڤ ده‌زانن، كاتێك باس له كێشه‌ی كورد و مافی كورده‌كان له خاكی خۆیان دا واتا كوردستان دا ده‌كرێ، به جۆرێك هه‌ستی ناسیونالیزمی پانئێرانیستی‌یان ده‌جوڵێ و له مافی هاو‌ڵاتی له ئێرانی گه‌وره‌یان، زیاتر پێ ڕه‌وا نابینن. ئایا له ڕاستیدا ڕۆشنبیرانی فارس دۆستی كوردن؟ لێره‌دا ئه‌ركی ڕۆشنبیرانی سیاسیی كورد چیه؟ هه‌ڵوێستی هێزه سیاسییه‌كان ده‌بێ چۆن بێ؟ لانی كه‌م پێویست نیه بڵاوكراوه‌یه‌ك بڵاوبكه‌نه‌وه و وه‌ڵامێكیان هه‌بێ! مامۆستا حه‌سه‌نزاده: ئه‌و بۆچوونه‌ی فارسی زمانه‌کان به‌داخه‌وه جگه‌له‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه، بۆسه‌رده‌می ئێستا که‌مێکیش شووره‌یی‌یه. تائێستا کورد له ئێران دا داوای جیابوونه‌وه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌کردوه - که هه‌قی خۆشیه‌تی – به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که فارسی زمانه‌کان هه‌قیان هه‌یه حاشا له پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد یان گه‌لانی دیکه‌ی "غیر فارس" ی ئێران بکه‌ن. ئێران وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه‌یه، که‌وایه یه‌کێک فارسه و ئێرانی‌یه، یه‌کێک کورده و ئێرانی‌یه، یه‌کێک تورکه و ئێرانی‌یه و هتد ... ئه‌رکی ڕووناکبیرانی گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ئێران له‌و پیوه‌ندی‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که چه‌ندی بکرێ زیاتر له‌سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی زه‌ینی فارسی زمانه‌کان و تێگه‌یاندنیان له حه‌قیقه‌تی فره نه‌ته‌وه بوونی ئێران کار بکه‌ن. ئه‌وه‌ی دڵسۆزی ئێران بێ ناتوانێ حاشا له بوونی گه‌لانی جۆراوجۆر له‌م وڵاته‌دا بکا و یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێرانیش ئه‌گه‌ر تا ئێستا به‌زه‌بری قورقوشم و بارووت پارێزراوه له دنیای پێشکه‌وتوودا ته‌نیا به دیموکراسی و به ڕه‌سمی ناسینی بوون و مافه‌کانی یه‌کتر ده‌پاریزرێ، نه‌ک به زه‌بر و زه‌نگ و کوشت و کوشتار.
ڕێژوان:
ئه‌گه‌ر ده‌کرێ سه‌باره‌ت به هه‌ریه‌ک له‌م ناوانه قسه‌مان بۆ بکه‌ن، قه‌وم،
میلله‌ت و نه‌ته‌وه. ئایا کورده‌کان له ئێران‌دا نه‌ته‌وه‌ن؟ جیاوازیی
نێوان نه‌ته‌وه و قه‌وم چی‌یه؟ له سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب دا دێڕێکمان هه‌یه
ئاوا نووسراوه که‌وایه قه‌وم به مانای نه‌ته‌وه هاتوه و هه‌ربۆیه‌ش له سروودی "ئه‌ی ڕه‌قیب" دا گوتراوه "قه‌ومی کورد زمان" یان 'قه‌ومی کورد هه‌ستایه سه‌رپێ". به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی به زمانی فارسی دا وشه‌ی "قوم" بۆ قۆناخێک پێش دروست بوونی نه‌ته‌وه به‌کار ده‌برێ، یان بڵێین به‌کار براوه به‌هه‌رحاڵ، پێم‌وایه گیروگرفتی گه‌وره ئه‌وه نیه که له ئێران دا به به کورد و ئازه‌ری و ئه‌وانی دیکه ده‌گوترێ قه‌وم. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی ئه‌و گه‌لانه به ڕه‌سمی نه‌ناسراون و سه‌رزه‌مینه‌کانیان به‌ڕه‌سمی دانی پێدا نه‌نراوه. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک گیروگرفتی نێوه‌رۆک چاره‌سه‌ربکرێ گیروگرفتی ناوه‌که نابێته کۆسپ. ڕێژوان: سوپاس و ڕێز، بۆ ئێوه و سوپاس له‌وه‌ی که وه‌ختی پڕ بایه‌خی خۆتان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانمان ته‌رخان کرد. هیوای ته‌ندروستیت بۆ ده‌خوازین، له كۆتاییدا ئه‌گه‌ر شتێكتان هه‌یه، تكایه بفه‌رموون. مامۆستا حه‌سه‌نزاده: سوپاس بۆ ئێوه‌ش. سه‌رچاوه: ماڵپه‌ری ڕێژوان |
| سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
|
|
© www.giareng.com |