|
|
دوانیوه‌ڕۆیه‌و نزیکه‌ى سه‌عاتێک ـ یا زه‌نگێک ـ "له ده‌ست پێکردنى شیفتى دوانیوه‌ڕۆى مه‌دره‌سه"که‌مان! رابردوه. له پڕ "اسماعیل قویدر"ى معلم یا "سپاه دانش" له هاتنى میوانێکى شارى ئاگادار ده‌کرێ. خێرا ده‌چێته ده‌رو له‌گه‌ڵ میوانه‌که دێته‌ژوور. به‌و هه‌موو رێزه‌ى، ئه‌و له میوانه‌که‌ى ده‌گرێ و به‌کورته ناساندنێک، تێمان ده‌گه‌یه‌نێ ئه‌وه‌ى هاتوه بۆ سه‌ردانمان، به ته‌عبیرو عه‌قڵى ئه‌وکاتمان "گه‌وره‌ى سوپاهیانى دانیش"ه. یه‌که‌م جاره مه‌ئموورێکى ده‌وڵه‌تى ده‌بینین نه‌ک هه‌ر گرژ‌و مۆن و وشک و خوێنتاڵ نیه، به‌ڵکوو زۆریش سه‌رو رووخۆش و ده‌م به بزه‌یه له‌گه‌ڵمان. دواى چه‌ند پرسیارێک له مامۆستاکه‌مان، له‌وانه‌ى ـ له‌به‌ر وردى و چکۆڵه‌یى ـ له ریزى پێشه‌وه دانیشتووین، هێندێک پرسیار ده‌کا. پرسیاره‌کان زۆر هاسانن. هێشتا به‌ته‌واوى وه‌ڵام نه‌دراونه‌وه که میوانه‌که ره‌زامه‌ندیى خۆى ده‌رده‌بڕێ و ده‌ست له ساکه‌که‌ى راده‌کاو هه‌رکام له‌وانه‌ى پرسیارى لـێ کردوون، ده‌فته‌رو قه‌ڵه‌مێکیان ده‌داتێ. به‌داخه‌وه هیچى له‌من نه‌پرسییه‌وه تا وه‌ڵامى بده‌مه‌وه‌و له به‌رامبه‌ر دا خه‌ڵاتم بکا. له جێى خه‌ڵات شتێکى زۆر به‌نرخترى له لا به‌جێ هێشتبووم. خۆشه‌ویستییه‌کى ئه‌به‌دى! پاییز‌ى ساڵى وه‌جۆش هاتنى قازانى رق و تووڕه‌یى ده‌یان ساڵه‌ى گه‌لانى ئێران و، سه‌رڕێژکردنى نه‌فره‌ت و بێزاریى ئه‌وان به‌رامبه‌ر به رێژیمى پاشایه‌تییه. مامۆستایان، قوتابیان و به گشتى فه‌رهه‌نگییانى شارى شنۆش ده‌نگى خۆیان تێکه‌ڵ به ده‌نگى خه‌ڵکى هه‌موو شاره‌کانى کوردستان و سه‌رانسه‌رى ئێران کردوه‌و ده‌ستیان کردوه به پێشاندانى رق و بێزاریى خۆیان و به‌ربه‌ره‌کانى له‌گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه. له ریزى پێشه‌وه‌ى ئه‌وان دا که‌سایه‌تییه‌کى خۆشه‌ویستى هه‌موو خه‌ڵکى شار، به‌دى ده‌که‌م. له‌مێژه بۆم ده‌رکه‌وتوه ـ هه‌ر ئه‌من نا ـ ئه‌وه‌ى هه‌ڵسوکه‌وتى له‌گه‌ڵى بووبێ و هه‌ستى به‌و هه‌موو جوامێرى، خه‌ڵکدۆستى، میهره‌بانى و گه‌وره‌ییه‌ى کردبێ، خۆشى ده‌وێ و ئاماده‌یه به شوێن ئه‌ودا، به‌ده‌ستى به‌تاڵ به‌ڵام به مستى ئاسنین و ئیراده‌ى پۆڵایین، به خۆپێشاندان و دروشم‌دان، رووه‌و ده‌رکى گورهانى ژاندارمه‌ریى شار، هه‌نگاو بنێ و به ده‌نگى به‌رز، ویست و داخوازى چه‌ندین ساڵ سه‌رکوتکراو، له به‌رامبه‌ر بریقه‌ى سه‌رنێزه‌و لووله‌ى تفه‌نگ دا، دووپات بکاته‌وه. یه‌که‌م به‌هارى ئازادییه. ده‌سکه‌وتى ئێمه‌ى کورد له ئێران له‌و به‌هاره، شه‌ڕ پێفرۆشتنى نۆکه‌رانى رێژیمى دوێنآ و ده‌مڕاست و کاربه‌ده‌ستانى ده‌سه‌ڵاتى تازه له ورمێ و نه‌غه‌ده‌یه. میتینگى ئاشتیخوازانه‌ى حیزبى دێموکرات له نه‌غه‌ده که‌وتۆته به‌ر ده‌سڕێژى به‌کرێگراوانى کۆنه‌په‌رستى، تا شه‌ڕى براکوژى له نێو کورد و تورک دا ساز بێ و ئه‌وان له‌و نێوه‌دا "له ئاوى لێڵ ماسى بگرن". بۆ ماوه‌ى زیاتر له حه‌وتوویه‌ک په‌یتا په‌یتا ته‌رمى کوردانى به‌ناهه‌قکوژراو له نه‌غه‌ده‌و گونده‌کانى ده‌وروبه‌رىڕا، بۆ ناوچه‌ى شنۆیه ده‌هێنرێنه‌وه. به پێى حیساباتى خه‌ڵکى ئاسایى و ڤاهر بین، "حه‌جه‌م کوشتوویانن". زۆر که‌سى ساویلکه‌و ده‌مارگرژ، چاره‌ى کار له تۆڵه‌ستاندنه‌وه‌و "تۆڵه به تۆڵه"و تاڵانى ماڵى گونده تورک نشینه‌کان دا ده‌بینن. به‌ڵام کاک نه‌بى وه‌ک به‌رپرسى یه‌که‌مى حیزب له‌ناوچه‌ى شنۆ، به‌ئازایه‌تییه‌وه، له به‌رامبه‌ر ئیحساسات و بڕیارى چه‌وتى ئه‌و جۆره که‌سانه‌دا راوه‌ستاوه‌و ده‌ڵێ: ئه‌وانه‌ى ئه‌م جینایه‌تانه ده‌که‌ن و شه‌ڕمان پێ ده‌فرۆشن، تورکه‌کان نین ـ با به تورکییش قسه بکه‌ن ـ ئه‌وان دوژمنى هه‌ردوو لامانن. ئێمه براین و هاوده‌ردین. به‌مجۆره ناهێڵێ هیچ یه‌ک له‌و تورکانه‌ى له ناوچه‌ى شنۆیه ده‌ژین یا به سه‌ردان رێگایان ده‌که‌وێته ئه‌و ناوچه‌یه، که‌پۆى له خوێن بێ. به ته‌واوى بڕوام به قسه‌کانییه‌تى. له شار ڕا ده‌چمه‌وه دێ و له حاڵێک دا مێرمنداڵێکم و تازه خه‌تم داوه، داوایه‌کى له سه‌رى خۆم زلتر له‌گه‌ڵ که‌یخوداو پیاوماقووڵانى چه‌شمه‌گۆل دێنمه‌گۆڕێ: با ئه‌و ته‌راکتۆره‌ى چه‌ند لاوى ئاوایى له گوندى "کویلان" به‌تاڵان هێناویانه، ببه‌ینه‌وه به‌رده‌رکى ده‌فته‌رى حیزب له شنۆ و ته‌حویلى کاک نه‌بیى بده‌ینه‌وه. به بیستنى ناوى کاک نه‌بى، بێ دوودڵى به قسه‌م ده‌که‌ن. چه‌ند رۆژێک دواتر ته‌راکتۆره‌که ده‌گاته‌وه ده‌ستى خاوه‌نى. ئێستا ئیدى خه‌ریکین پێ ده‌نێینه دووهه‌م به‌هارى ئازادى. کاک نه‌بى له ده‌بیرستانى "پێشه‌وا" مامۆستاى ده‌رسى ده‌روونزانى (روانشناسى)مانه‌و له ده‌ره‌وه‌ى قوتابخانه‌ش له قوتابخانه‌ى راسته‌قینه‌ى پێشه‌وادا، به‌رپرسى حیزبیمان. ئه‌گه‌ر له قوتابخانه‌و له‌سه‌ر کلاسى ده‌رس، قوتابیانى کاک نه‌بى هه‌ست به شه‌خسییه‌ت ده‌که‌ن و مامۆستاکه‌یان وه‌ک هاوڕێیه‌کى سه‌میمى به ئه‌زموون دێته به‌رچاو و حه‌ز ده‌که‌ن هه‌موو سه‌عاته‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌رسیان هه‌بێ، له ده‌ره‌وه‌ى مه‌دره‌سه‌ش بوونى کاک نه‌بى له بنکه‌کانى کۆمیته‌ى شارستان و یه‌کیه‌تیى لاوان‌دا، هانده‌رمانه تا پێمان له‌و بنکانه نه‌بڕین. به پێشنیار‌و پشتگیریى ئه‌و، هه‌موو دوانیوه‌ڕۆیانى رۆژانى سێ‌شه‌مه، له بنکه‌ى یه‌کیه‌تیى لاوان کۆڕى شێعرخوێندنه‌وه‌مان هه‌یه. به هاندانى کاک نه‌بى له‌گه‌ڵ سه‌دان کوڕ دا، به ده‌یان کچیش له شار‌و دێ روویان کردۆته ریزه‌کانى یه‌کیه‌تیى لاوان. خۆشه‌ویستى، خۆمانه‌بوون و رێنوێنییه‌کانى کاک نه‌بى، جێ‌به‌جێکردنى ئه‌رکه‌کانى یه‌کیه‌تیى لاوانى وه‌ک ده‌رس خوێندن له لا شیرین کردووین. له‌گه‌ڵ خۆى دا، له‌م دێ بۆ ئه‌و دێ و له‌م مزگه‌وت بۆ ئه‌و مزگه‌وت ده‌مانبا، ترسمان له میکرۆفۆن ده‌شکێنێ، لاوان و مێرمنداڵان بانگ ده‌کا تا له‌گه‌ڵ گوێگرتن له وته‌ى جوان و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ى ئه‌ودا، جه‌ورى بیستنى شێعرى کرچ و کاڵى ئێمه‌ش بکێشن. له یه‌کێک له‌و سه‌فه‌رانه‌مان بۆ دێى "قه‌ڵاتان" دایه که پرسیارمان لـێ‌ده‌کا: کێ خه‌تى خۆشه؟ منى پێ ده‌ناسێنن. دوو ده‌فته‌رم ده‌داته ده‌ست. ده‌ڵێ له مێژه خه‌ریکم فارسى و کوردیى چوارینه‌کانى خه‌ییام له په‌نا یه‌ک دانێم. ئه‌وه به ژماره ده‌ست نیشانم کردوون، بۆم پاکنووس بکه‌وه. ده‌ڵێم:"به چاوان" و هیچ به‌لامه‌وه گرنگ نیه که تاقیکاریى کۆتایى ساڵیش خه‌ریکن نزیک ده‌بنه‌وه.
قه‌ده‌ر واى خواست به‌هارى 1366، جارێکى دیکه ببینه‌وه به هاوکار. ئه‌و که له چه‌ند ساڵى هه‌وه‌ڵى دواى سه‌رکه‌وتنى شۆرشى گه‌لانى ئێران دا، له شنۆ، نه‌غه‌ده، پیرانشار‌و شیمالى کوردستان ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیى حیزبیى به‌ڕێوه بردبوون، له ساڵه‌کانى 63و 64و 65یش دا، له ناوچه‌کانى جنووبى کوردستان ـ له سه‌قزه‌وه تا هه‌ورامان ـ هه‌موو تواناى خۆى بۆ خزمه‌ت به حیزب و گه‌له‌که‌ى ته‌رخان کرد. به‌هارى 66 له فێرگه‌ى سیاسى ـ نیزامیى حیزب تێکۆشانى خۆى درێژه پێ دا. وێڕاى مامۆستایه‌تى له فێرگه‌دا، ئالقه‌ى پێوه‌ندیى نێوان یه‌کیه‌تیى لاوان و فێرگه‌ش بوو و له هیچ رێنوێنى، ئامۆژگارى و هاوکارییه‌کى ئێمه‌ى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى یه‌کیه‌تیى لاوان درێغى نه‌ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌و کارانه‌شى دا خه‌ریکى دوا ده‌ستێوه‌ردانى وه‌رگێڕاوى "ئه‌خلاقى شۆرشگێرانه"ى هوشى مین بوو که له‌مێژ بوو کردبووى به کوردى. ئه‌و، بۆخۆى نموونه‌یه‌کى زۆر زیندووى ئه‌خلاقى شۆرشگێرانه بوو که‌چى له کتێبان دا بۆى ده‌گه‌ڕا! دوانیوه‌ڕۆى 10ى به‌فرانبارى 1366ى هه‌تاوییه‌و له گۆڕایىیه‌کى نێوان "بۆڵێ"و "ئه‌ستێرۆکان" ، له نزیک بنکه‌کانى فێرگه‌و یه‌کیه‌تیى لاوان ـ ره‌شبه‌ڵه‌کى تێکۆشه‌رانى دێموکرات گیراوه. ده‌نگدانه‌وه‌ى گۆرانى و مۆسیقاى کوردى و هه‌راو زه‌ناى به‌شداران و بینه‌رانى شایى، ئارامیى چیا‌و به‌نده‌ن و لێڕه‌وارى سپى‌پۆشى ئه‌و ناوه‌ى، شێواندوه. زه‌ماوه‌نده. کچ و کوڕێکى پێشمه‌رگه ژیانى هاوبه‌ش پێک دێنن. کاک نه‌بى که له‌مێژ ساڵه له جگه‌رگۆشه‌کانى دووره‌و هه‌ر به خه‌یاڵ، خه‌یاڵ خانم و منداڵه‌کانى ده‌بینێ، لێره بووه به چه‌ترى سه‌رى ئه‌وانه‌ى له رۆژى زه‌ماوه‌ندیان دا، سێبه‌رى باوکیان به‌سه‌ر خۆیانه‌وه نابینن... ئێستا ئیدى کاک نه‌بى بۆ ئێمه هه‌ر مامۆستاکه‌ى جاران و به‌رپرس و هاوڕێى حیزبى و دۆست نیه، باوکیشه! کۆتایى‌یه‌کانى هاوینى 1375ى هه‌تاوییه. "مامۆستا" خه‌ریکه بۆ سه‌فه‌رى ئورووپا خۆى ئاماده ده‌کا. زه‌حمه‌تى بردنى نامه‌یه‌کى ده‌ده‌مه‌به‌ر. بیستوومه کاک نه‌بى نه‌خۆشه‌و له نه‌خۆشخانه‌یه‌کى کۆپێنهاک خستوویانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا که هومێدى به درێژه‌ى ژیان نیه، وره‌یه‌کى به‌رزى هه‌یه‌و به‌رده‌وێم به‌رپرسانى حیزبى له‌م لاو له‌و لا هان ده‌دا بۆ سوور بوون له‌سه‌ر هه‌وڵه پیرۆزه‌کانیان به مه‌به‌ستى یه‌کخستنه‌وه‌ى ریزه‌کانى حیزب و کۆتایى هێنان به‌و جودایى‌یه تاڵه‌ى نزیکه‌ى ده ساڵه ئه‌و و من و زۆرى دیکه‌ى به‌و هه‌موو رابردووه هاوبه‌شه‌وه، لێک دابڕیون. دوو مانگ دواتر "مامۆستا" ده‌گه‌ڕێته‌وه. وه‌ڵامى نامه‌که‌مى پێ نیه. نازانم نامه‌که‌م گه‌یشتۆته جێ یا نا. به‌ڵام ده‌زانم ئه‌گه‌ر پێشى گه‌یشتبێ، نه‌خۆشییه‌که‌ى بڕستى لـێ بڕیوه‌و واى کردوه وه‌ڵامى نامه‌ى بۆ نه‌نووسرێته‌وه... ماوه‌یه‌ک به‌سه‌ر ده‌چێ. هه‌واڵى تاڵى مه‌رگى پێم ده‌گا و "دیدار به قیامه‌ت" ده‌بین. دوو ساڵ دواتر له نۆروێژم. من له‌مبه‌رو دایه خه‌یاڵ له‌وبه‌رى ده‌ریاى شیمال. له پشت هێڵى ته‌له‌فوون گوێم له ده‌نگییه‌تى. دڵنیام ده‌کا که کاتى خۆى نامه‌که‌م به کاک نه‌بى گه‌یشتوه‌و به نێوه‌رۆکى نووسراوه‌ى دوور له ریاى قوتابیه ئه‌مه‌گناسه‌که‌ى گه‌شاوه‌ته‌وه. به‌ڵام سه‌د حه‌یف و مخابن، نه‌خۆشى‌یه‌که‌ى رێگاى نه‌دا... ئه‌و ده‌نگم ده‌بیسێ و ره‌نگم نابینێ، تا بزانێ له‌گه‌ڵ ئه‌م قسانه‌ى دا، چ ئاورێک به‌ربۆته هه‌ناوم و چۆن ئه‌م شێعره له دڵى خۆم دا دووپات ده‌که‌مه‌وه: له‌م ده‌ردى هیجره‌ته، له‌م سۆزى غوربه‌ته دڵ وه‌خته بێ به ئاو و به چاوما بکا عوبوور چه‌ند رۆژ دواتر له سوئێد له ماڵى مامۆستا عاشق، له‌گه‌ڵ وه‌رد دانه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌کانى ساڵانى تێکۆشان له ناوچه‌ى نه‌غه‌ده، یادى کاک نه‌بى ده‌که‌ینه‌وه. په‌خشانێک و شێعرێکى خۆیم بۆ ده‌خوێنێته‌وه که دوو ساڵ پێشتر بۆ مه‌رگى ئه‌و، نووسیونى. وه‌ک دیارییه‌کى به نرخ هه‌ڵیان ده‌گرم و له‌گه‌ڵ خۆم دا ده‌یانهێنمه‌وه بۆ کوردستان تا "کوردستان" له‌ده‌رفه‌تێکى گونجاو‌دا، بڵاویان بکاته‌وه‌و ئۆگران و خۆشه‌ویستانى دیکه‌ى کاک نه‌بییش، وه‌ک من چێژى لـآوه‌ربگرن.
کۆچی
بێ‌واده *خێزانی کاک نه‌بی ناوی خه‌یاڵه. که‌وابوو شێعره‌که دوومانای هه‌یه. ئه‌م وێنه‌یه له ماڵپه‌ری پێشمه‌رگه‌کان وه‌رگیراوه |
| سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
|
|
© www.giareng.com |