|
|
ئەمن نازانم به چ زمانێك سوپاسی ئەو هەمووه موحیببەت و خۆشەویستەی ئێوە كە بەرامبەر به ئاغای رەحمەتی تان كردووە بكەم. هەروەها سوپاس و رێزێكی زۆر بۆ ئەو سایت و راگەیەنه گشتیانە كە زەحمەتیان كێشاوه و یادیان كردۆتەوە به تایبەت بەرپرسی سایتی گیارەنگ كاك حەمە رەسووڵی كەریمی. كاتی خۆی جار و بار گلەیی و گازندەی ئەوەم له رەحمەتی ئەوەبوو كە زۆربەی كات و وەختەكانی له خزمەت خەڵك و حیزبەكەی دابوو، كەمتر لەگەڵ ئێمە بوو. كە دەهاتیشەوە ماڵێ دایمە تەلەیفوونی به گوێیەوه بوو. بەڵام له كاتی نەخۆشیەكەی و لەسەر جێ كەوتنی و لە ئاخریش دا ماڵئاوایی یەكجاری، بۆم دەركەوت زەحمەتەكانی بەفیڕۆ نەچووه و دۆست و رەفیقەكانی تا ئێستاش هەر وەفادار ماونەوە. دۆست و برادەرە خۆشەویستەكانی كاك نەبی دەزانن پەخشان و بیرەوەریەكانی ئێوه، كە لە دوێنێوه بۆم دەخوێننەوه، لەلایەك دڵخۆش بەوەی كه له بیر نەكراوەو لە لایەكی دیكەش نارەحەتی و گریان كە من هاوسەرێكی ئاوا خەڵك خۆشەویست و گەورەم لەدەست دا. من بەخاتری ئاغای قادری و منداڵەكان كە دەستی ئاواڵا بێ بۆ خەبات و حیزبایەتی كردن، چوومەوه ژێر دەستی دوژمنی كاك نەبی له شاری شنۆ. هەر رۆژە بۆمن بە دەساڵ دەرۆیشت. تەنها شتێك كه پێی دەژیام سەربەرزی و پێشمەرگە بوونی كاك نەبی بوو. زۆر به حسرەتەوە بووم رۆژێك بەسەربەستی و دوور لە ترس و خۆف لەگەڵ ئاغای قادری له كوردستانی ئازاد بەیەكەوە باقی ژیانمان تێپەڕ بكەین. بەڵام مخابن ئەو خەونەمان نەهاتەدی و لە دانمارك گیرساینەوه. سەرەڕای ئەوەی كار و باری حیزبیشی هەر لە دەرەوە پێ سپێردرابوو، بەڵام مەرگ مەودای نەدا ئاوات و ئامانجەكانی كاك نەبی و من بێته دی. ئێوه نازانن كە رەحمەتی لەسەر جێگا بوو چەندە دڵخۆش دەبوو كە كەسێك لە ئێوەی بەڕێز تەلەیفوونتان بۆ دەكرد. جاری واهەبوو لەبەر ئێش و ئازاری لەشی حەجمینی نەبوو. نە بەشێلان و نە بە زیادكردنی دەرمانی ژان شكاندن (مۆرفین) چارەسەری نەبوو. بەڵام كه دۆست و هاوڕێیەك لەوكاتەدا سەردانیان دەكرد، ژان و ئێشی بەدەنی هێدی دەبۆوە و دەگەشایەوە. رەحمەتی كردەوەو رەفتاری زۆر جوانی هەبوو كه ئێوەی بەڕێزیش ئیشارەتتان بە هێندێكی كردوه، بەڵام بۆمن زۆر جێگای پرسیار بوو كه تا مردیش من نەم زانی ئەو كابرایە رقی له كێیه و كێ دەبووغزێنێ. زۆر به شەڕ و نێوان ناخۆشی حیزبەكان و ته نانەت به خزمان و دۆست و برادەرەكانیش ناڕەحەت دەبوو. هەر بۆیە من عازاب دەكێشم كه ئێستا له دەیەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی ئاغای رەحمەتی، حیزبەكەی ئەو تووشی دووبەرەكی بووه. هومێدم وایە دوژمن زەفەرتان پێنەبا و هەر پاڵپشت و برای یەكتر بن و دوژمن كوێر كەن و دڵی ئێمەو رووحی كاك نەبیش شاد بكەن. دووباره سڵاو و رێز بۆ هەموو لایەك و بۆ ئەو كەسانەش كە لە سایت و جێگای دیكەش بە نووسین یادی رەحمەتی دەكەنەوه. له خودای گەورە دەپاڕێمەوه میللەتی كورد سەركەوێ و كوردستانیش ئازاد بێ لە دەستی داگیركەران و سەفا و سێبووریش به ئێمە بدا. رووحی نەبیش شادبێ. خەیاڵ قادری كۆپێنهاك 2006/12/03 |
| سهرهوه. | دهسپێک. |
|
|
|
© www.giareng.com |