|
|
به گوێره‌ی ئامار و لێکۆلینه‌وه‌کانی رێکخراوی جیهانی ته‌ندوروستی، له ساڵی 2002 دا له سه‌دا نه‌وه‌دی تووندوتیژی له کاتی شهر و له کاتی هێمنیدا، به‌ده‌ست پیاوان ئه‌نجام دراوه. سێ له چۆاری قوربانییه‌کانی ئه‌و تووندوتیژییه پیاوانن، به‌ڵام به‌و جیاوازییه که زۆربه‌ی ئه‌و پیاوانه له لایه‌ن پیاوێکی نه‌ناس له کاتی شه‌ڕ و له شه‌ڕی سه‌رشه‌قامه‌کاندا تووشی تووندوتیژی هاتوون. به‌ڵام به پێچه‌وانه، ژنه‌کان ده‌که‌ونه به‌ر ئامانجی تووندوتیژی پیاوانی ناسیاو و ئاشنای خۆیانه‌وه. به پێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، ساڵانه نیزیکه‌ی سێ میلیۆن و نیو کچ و ژن ده‌کووژرێن. ئامارتایا سێن وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبێل له ئابووردا، له کتێبی دۆخگۆڕیی ئازادی،[1] ئاماژه به‌وه ده‌کات که له ئه‌نجامی کوورتاژی کچان و کوشتنی منداڵانی ساوای کچ (خنکاندن، له‌برسان کوشتن و هتد) له ئاستی جیهانیدا ڕێژه‌ی ژنان له به‌راوه‌د له‌گه‌ڵ پیاواندا نزیک به سه‌د میلیۆن که‌متره. ئه‌و که‌مبوونه‌وه و دابه‌زینی ڕێژه‌یه، پێشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه که رێژه‌ی ئه‌و ژنان و کچانه‌ی که له ماوه‌ی ده ساڵدا ده‌کوژرێن، له ڕێژه‌ی کوژراوان و قوربانیانی دوو شه‌ری یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی زۆر زیاتره، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رنجێکی ئه‌تۆ به‌و پرسه گرینگه نێونه‌ته‌وه‌ییه نه‌دراوه و نادرێ. نموونه‌ی له‌و بابه‌تانه یه‌کجار زۆرن، به‌ڵام من مه‌به‌ستم له ئاماژه کردن به‌و ئامارانه، به‌ر له هه‌موو شت بهرجهستهکردنهوهو جه‌ختکردنه له سه‌ر دوو خاڵی گرینگ. یه‌که‌م: تووندوتیژی دژ به ژنان تایبه‌تمه‌ندی کولتور و وڵات، چین و تۆێژێکی تایبه‌ت یان خود باوه‌رێکی دینی تایبه‌ت نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه دیارده‌یه‌که که له هه‌موو جیهاندا نموونه‌ی هه‌یه. دووهه‌م: زۆربه‌ی ئه‌و تووندوتیژییه‌ی دژ به ژنان ئه‌نجام ده‌درێن، له "هه‌رێمی پیرۆزی" خێزاندا ڕوو ده‌ده‌ن. تووندوتیژی نێوان دوو و چه‌ند که‌سێک ده‌تۆانێ شێوه‌ی جۆراجۆر به‌خۆیه‌وه بگرێ، بۆ وێنه، تووندوتیژی نێوان پیاوان، تووندوتیژی ژن دژ به پیاو و، یاخود تووندوتیژی ژن دژ به ژن. به‌ڵام ئه‌و تووندوتیژییه‌ی من مه‌به‌ستمه و ته‌وه‌ری باسه‌که‌ی من پێکدێنێ، تووندوتیژی پیاوان دژ به ژنانه له چۆارچێوه‌ی بنه‌ماڵه و خێزان و کۆمه‌ڵگادا. هه‌ڵبه‌ت من لێره‌دا زیاتر جه‌خت ده‌که‌مه سه‌ر ئه‌و تووندوتیژییه‌ی له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه و خێزاندا ڕوو ده‌ده‌ن. دیاره من له ده‌ستپێکدا هه‌ول ده‌ده‌م پێناسه و تاریفێک له چه‌مکی تووندوتیژی ئاراسته بکه‌م و دواتر ڕۆشنایی بخه‌مه سه‌ر هه‌ندێ له ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌و دیارده‌یه له چوارچێوه‌ی خێزان و کۆمه‌ڵگادا. ده‌ستنیشانکردنی پێناسه‌یه‌ک له‌و ڕووه‌وه گرینگه که هه‌ر نا له ئاستێکی گشتیدا ڕێگه له‌وه ده‌گرێ که هه‌ندێ لایه‌ن به بیانووی هه‌ڵکه‌وتی جۆغرافیی و شوناسی ئێتنیکییان ته‌فسیری ئاره‌زوومه‌ندانه له‌و چه‌مکه ئاراسته بکه‌ن یان خود خۆیان له‌و باسه به‌و بیانوویه بدزنه‌وه که ئه‌م دیارده‌یه پێوه‌ندی به‌وانه‌وه نییه. به‌گوێره‌ی پێناسه‌ی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، هه‌موو چه‌شنه ره‌فتارێکی تووند چ له بواری شه‌خسی و چ له بواری گشتیدا، که له سه‌ر بنه‌مای جنسی روو ده‌دا و ده‌بێته (یان له‌وانه‌یه ببێته) هۆی ئه‌زییه‌ت و ئازاری جنسی، روحی و یان فیزیکی و، به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ئازادی ژنان ( به زۆر و یان به دڵخۆاز)، به تووندوتیژی دژ به ژنان ناوزه‌د ده‌کرێت. مه‌به‌ست له بنه‌مای جنسی له‌م پێناسه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که ژنان به هۆی جنس و ژنبوونیان تووشی تووندوتیژی دێن. تووندوتیژی ته‌نیا له یه‌ک شێوه‌دا خۆی نانوێنێ و له ئاست و به شێوه‌ی جیاواز ئه‌نجام ده‌درێ و ڕوو ده‌دات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ڕوانگه‌یه‌کی باو له تووندوتیژی، ته‌نیا ئه‌و ره‌فتار و دیاردانه به تووندوتیژی ده‌زانێ که به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر جه‌سته و له‌شی ژن‌دا ئه‌نجام درابێت. واته تێگه‌یشتنێکی زاڵ و باو له تووندوتیژی، ته‌نیا یه‌ک شێوه‌ی ئه‌و دیارده‌یه، ئه‌ویش فۆرمی فیزیکی ئه‌و تووندوتیژییه ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش ته‌نانه‌ت ده‌وری له‌سه‌ر خودی ژنان و پێناسه‌کردنی ئه‌وانیش له تووندوتیژی هه‌یه، واته ژنان خۆشیان زۆر جاران ئه‌و ره‌فتارانه وه‌ک شێوه‌یه‌ک له تووندوتیژی نابینن و ناوی دیکه‌ی له‌سه‌ردا ده‌نێن. به هه‌مان شێوه، زۆر پیاو تووندوتیژی به‌کار دێنێت، به‌ڵام خۆی ئه‌و ره‌فتاره‌ی وه‌ک شێوه‌یه‌ک له تووندوتیژی نازانێ. له کاتێکدا له کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوادا زیاتر سه‌رنجی شێوه‌کانی فیزیکی و ده‌روونناسانه‌ی تووندوتیژی ده‌درێت و به‌مجۆره که‌متر سه‌رنجی تووندوتیژیی هێمایی و گووتاری ده‌کرێ، لای ئێمه ته‌نیا تووندوتیژی فیزیکی و ڕاسته‌وخۆ وه‌ک تووندوتیژی پێناسه ده‌کرێت. تووندوتیژی ده‌بێ وه‌ک ڕه‌وتێک ببیندرێت که دۆخێکی ده‌ستپێک، په‌ره‌سه‌ندن و کۆتایی هه‌یه. بهمچهشنه تووندوتیژی پله و چڕی جیاوازی هه‌یه و هه‌روه‌ها ده‌توانێ ئه‌نجامی پلان و گه‌ڵه‌ڵه یان خود به‌رته‌کێکی له‌پڕ و ناکاو بێت. به هه‌مان شێوه تووندوتیژی ده‌توانێ به شكڵێکی چالاک و ئاشکرا یان به‌شێوه‌یه‌کی خشکه‌یی و شاراوه ڕوو بدات. بۆیه‌ش کاتێ باسی تووندوتیژی ده‌کرێ، ده‌بێ ئه‌و دیارده‌یه هه‌م له ئاستی فیزیکی، ده‌روونناسانه و هه‌میش له ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، گووتاری، ساختاری و هێماییدا ببیندرێ. واته هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتارێک که به شێوه‌یه‌کی مخهرهب که‌ڵک له هێز وه‌رده‌گرێ به مه‌به‌ستی ئازارپێگه‌یاندن، سووککردن یان پاسیڤکردنی که‌سێکی دیکه، وه‌ک تووندوتیژی پێناسه ده‌کرێت. شێوه جۆراوجۆره‌کانی تووندوتیژی تووندوتیژی فیزیکی: شێوه‌یه‌ک له تووندوتیژی پێکدێنێ که ڕاسته‌وخۆیه، ده‌دیترێ و ئاراسته‌ی سه‌ره‌کی له‌ش و جه‌سته‌ی ژنه. بۆ وێنه شه‌ق و زلله، گاز گرتن، هه‌ولدان بۆ خنکاندن، ئه‌وک گرتن، به دار و دیوار دادان و به‌کار هێنانی که‌ره‌سه و چه‌ک. ئه‌نجامی ئه‌م چه‌شنه تووندوتیژییه به پێی چڕی و تووندی کرده‌وه‌که، ده‌توانێ له شین بوونه‌وه‌ی ده‌وری چاوه‌وه تا بریندارکردن و کوشتن بگرێته‌وه. تووندوتیژی جنسی: ئه‌و تووندوتیژییه هه‌موو چه‌شنه ڕه‌فتارێک ده‌گرێته‌وه که به مه‌به‌ستی جنسی و له دژی ویستی خودی ژنه‌که‌دا ئه‌نجام ده‌درێ و ده‌توانێ له کهڵهگایهتیکردن، خۆنزیککردنه‌وه‌ی به ئه‌نقه‌ست و ده‌ستدرێژی جنسیدا ده‌رکه‌وێ. هۆکارێکی ئه‌و تووندوتیژییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که پیاو ژن ته‌نیا وه‌ک بابه‌ت و ئۆبژه‌یه‌کی جنسی چاو لێده‌کات و خۆی به خاوه‌ن و خودانی له‌شی ژن ده‌زانێ. هه‌ر بۆیه‌ش خولیا و هه‌وه‌سی ژنان وه‌ک هێمایه‌ک بۆ بێ ئه‌خلاقی و سووکی ژن ده‌بیندرێ، له حاڵیکدا هه‌مان ره‌فتار لای پیاو، نیشانه‌ی نێرێتی و پیاوه‌تی ئه‌وانه. تووندوتیژی روحی: مه‌به‌ست له‌م چه‌شنه تووندوتیژییه، نادیارکردن و خستنهپهراوێژی ژنانه. هه‌موو چه‌شنه ده‌ستیکه‌م گرتن، سووکایه‌تی پێکردن، تاکخستنهوه، گاڵته‌پێکردن، ترساندن و هه‌ره‌شه کردن له ژان ده‌که‌وێته ئه‌و خانه‌یه‌وه. تووندوتیژی ساختاری: مه‌به‌ست له‌و تووندوتیژییه، به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئیمکانات و بواری کار وچالاکی ژنانه. واته بۆ وێنه ئه‌و نۆڕمانه‌ی که کاری ژنان له زۆر بواراندا به‌رته‌سک ده‌که‌نه‌وه و ڕۆڵی ژنان به کاری ماڵ و منداڵداری سنووردار ده‌که‌ن. هه‌موو چه‌شنه ڕه‌فتارێک که به شێوه‌یه‌کی ناپیویست ئیمکانات و ئاستی چۆنایه‌تی ژیانی ژن به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه، ده‌که‌وێته خانه‌ی تووندوتیژی ساختارییه‌وه. به‌و مانایه هه‌موو چه‌شنه نکۆڵییه‌ک له‌و ماف و ئیمکاناته‌ی که پیاوان ته‌نیا به هه‌قی خۆیان ده‌زانن و ژنان له‌وان بێبه‌ری ده‌که‌ن، شێوه‌یه‌که له تووندوتیژی ساختاری. تووندوتیژی گووتاری یان پێرفۆرماتیڤ: مه‌به‌ست له‌و چه‌شنه تووندوتیژییه، ئه‌و ڕوانگه وتێگه‌یشتنه باوانه‌یه که له زمان و له زانیاری‌دا، واته له وێنه، ژێست، فیلم، ده‌ق و نوکته‌دا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. تووندوتیژی ڕوحی ده‌کرێ به‌شێک له‌و تووندوتیژی گوتاری بێت. به‌ڵام کارکردی سه‌ره‌کی ئه‌و تووندوتیژییه به‌رهه‌مهێناوه‌ی پێناسه‌یه‌که که به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌سه‌پێندرێ. بۆ وێنه ناوزه‌دکردنی ژن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ترسنۆک، ئیحساساتی، بێعاقڵ و هتد.
لێره‌دا زمان ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕێ، چونکو زمان ته‌نیا
ئاوێنه‌ی واقعییه‌ت نییه، به‌ڵکو ئهمرازێکه که واقعییه‌تی پێ ساز ده‌بێت.
بۆ
وێنه
کاتێ ئێمه هه‌ندێ زاراوه و وشه به مه‌به‌ستی سووکایه‌تیکردن به که‌سێک
به‌کار دێنین، که له بنه‌ڕه‌تدا، وه‌ک تایبه‌تمه‌ندی ژنانه ناسراون، وه‌ک
ژنانی
و
ترسنۆک و هتد، نه‌ته‌نیا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه به‌سه‌ر ژناندا دهسهپینین،
به‌ڵکو ئێمه ئه‌وانه وه‌ک به‌شێک له پێناسه‌ی ژن به‌رهه‌م دێنینه‌وه. له‌و
چه‌شنه تووندوتیژییه‌دا، دامه‌زراوه و نیهاده‌کان ده‌ورێکی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن،
بۆ
وێنه
قوتابخانه، حیزبه‌کان، ده‌وڵه‌ت، مزگه‌وت، زانست و هتد.
هه‌ر وه‌ک گووتم هه‌مووی ئه‌و چه‌شنه تووندوتیژییانه ده‌توانن هه‌م له ئاستی تاکه‌که‌سی، هه‌می له ئاستی خێزان و بنه‌ماڵه و هه‌میش له ئاستی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگادا ڕوو بده‌ن. له مهر پرسی تووندوتیژی، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆر کراوه. ئه‌و لێکۆلینه‌وانه له رۆانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵیان داوه هۆیه‌کانی ئه‌و دیارده‌یه و هه‌روه‌ها ئه‌و پیاوانه‌ی که تووندوتیژی به‌کار دێنن و ئه‌و ژنانه‌ی تووشی تووندوتیژی دێن، پیناسه بکرێن. من لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به دو روانگه‌ی باو ده‌که‌م، واته ڕوانگه‌ی سایکۆلۆژی تاکه‌که‌س و رۆانگه‌ی فمینیستی. رۆانگه‌ی سایکۆلۆژی تاکه‌که‌س من لێره‌دا باسی یه‌کێ له‌و ڕوانگانه ده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌و ڕوانگانه که هه‌موویان ده‌که‌ونه خانه‌ی شیکردنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژیانه‌ی تووندوتیژی، له زۆر ڕووه‌وه وێکچووییان هه‌یه و بنه‌ماکانیان هاوبه‌شه. له‌م رۆانگهوه سه‌رچاوه‌ی تووندوتیژی له‌بنه‌ماڵه‌دا ده‌گه‌ریته‌وه سه‌ر که‌سایه‌تی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که. یه‌کێ له‌و که‌سانه‌ی که لێکۆڵینه‌وه‌ی کردووه له‌سه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ی که له خێزاندا زهروزهنگ به‌کار دێنن، ڵۆری شوڵتسه. به پێی لێکۆلینه‌وه‌ی شوڵتس، ئه‌و پیاوانه‌ی که له ژنه‌کانیان ده‌دن یان ده‌یانکووژن، که‌سانێکن که له قۆناغی منداڵێتیدا له ژێر چاوه‌دێری دایکێکی تووڕه و زاڵ په‌روه‌رده بوون. ئه‌وانه خۆیان به ژیرده‌سته ده‌بینن و له هه‌مان کاتیش‌دا خۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ئهگریسیڤی دایکیان پێناسه ده‌که‌ن. ئه‌و پیاوانه له ده‌ورانی لاوی‌دا ناتۆانن به شێوه‌یه‌کی ئاسایی تووڕه‌یی و ڕقی خۆیان ده‌رببرن. ئه‌و گروپه له پیاوان، له‌هه‌مان کاتدا که مرۆڤێکی پاسیڤ و ژێرده‌ستن، کۆنترۆلێکی به‌هێزیان به‌ر سه‌ر ئه‌و ههستهیاندا هه‌یه. له ژیانی بنه‌ماڵه‌ییدا، ئه‌و پیاوانه ژنه‌کانیان وه‌ک دایکیان پێناسه ده‌که‌ن و به‌رده‌وام له ناو خۆیاندا له گه‌ڵ دوو هه‌ستی جیاوازدا تووشی ململانین. له لایه‌که‌وه هه‌ستی دوژمنایه‌تی له گه‌ڵ ژنه‌کانیان و له لایه‌کی دیکه‌وه‌ش، هه‌ستی وابه‌سته‌یی به وان. ئه‌گه‌ر نیازی وابه‌سته‌گی ئه‌وان له لایه‌ن ژنه‌کانیان به جۆرێ بکه‌وێته مه‌ته‌رسییه‌وه، ده‌توانێ ئه‌نجامی مه‌ترسیداری لێبکه‌وێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر پیاوه‌که پێی وابێ ژنه‌که‌ی ئیتر چاوه‌دێری ناکات و له‌وباوه‌ڕه‌دا بێت که ژنه‌که‌ی دڵی به پیاوێکی دیکه‌وه هه‌یه یان به‌ته‌مای جیابوونه‌وه‌یه، ئه‌وسا ئه‌و پیاوه به شێوه‌یه‌کی تووند هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات و کۆنترۆڵی خۆی ده‌دۆڕێنێ. دیاره من لێره‌دا ئاماژه‌م ته‌نیا به یه‌کێ له‌و ڕوانگانه کرد که له‌ودا ژن له دواین لێکدانه‌وه‌دا خۆی ده‌بێته هۆکاری توووندتیژی، به‌ڵام بۆچوونی هاوێنه‌ی دیکه‌ش زۆرن که هه‌مان ئه‌نجام وه‌رده‌گرن. ئه‌و ڕوانگانه که له ئاستێک‌دا خۆی ڕوانگهگهکێکی لیبرالیین که له‌ودا مرۆڤه‌کان ته‌نیا وه‌ک تاک ده‌بیندرێن و ده‌وری ساختاره‌کانی کۆمه‌ڵگا و نۆڕمه زاڵه‌کان پشت گوێ ده‌خرێ. ئه‌و ڕوانگانه به بڕوای من له بنه‌ڕه‌تدا ڕوانگه‌یه‌کی دژی ژنانه‌ن. ئه‌نجامی ئه‌و چه‌شنه لێکدانه‌وانه، له ڕاستیدا ئه‌وه‌یه که ئه‌وه ژنان خۆیانن که به‌رپرسی ئه‌و تووندوتیژییهن که له‌دژیان ئه‌نجام ده‌درێت و، پیاوان له‌و خوێنده‌وه‌یه‌دا ده‌بنه قوربانی. هه‌وه‌ها ئه‌و ڕوانگه‌یه زۆر جاران تووندوتیژی وه‌ک ئه‌نجامێکی گرفتی ڕوحی، به‌کار هێنانی ماده‌سرکه‌ره‌کان و ئالکؤل و یان نه‌بوونی کۆنترۆل به سهرههلسوکهتدا ده‌بینێ و ئاوڕ له‌و هۆکاره ساختاری و له بنه‌ما پیاوسالارانهکهی کۆمه‌ڵگا ناداته‌وه. ئێمه ده‌توانین بپرسین که ئه‌گه‌ر تووندوتیژی ئه‌نجامی ئه‌لکۆڵ و ناره‌حه‌تی ڕوحییه، بۆ ئه‌و تووندوتیژییه هه‌ر ڕووی له‌و ژنانه‌یه که نزیکی ئه‌و پیاوانه‌ن؟ با ئه‌وه‌ش بڵێم که هه‌ندێ له فێمینیسته لێبراڵه‌کان خۆیان ده‌که‌ونه ئه‌و خانه‌یه‌وه و شیکردنه‌وه‌کانی ئه‌وان ئه‌گه‌رچی جیاوازی هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و نموونه شێکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌وانیش چاو له فاکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تی و ساختارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌قوچێنن و نایه‌کسانی و تووندوتیژی ته‌نیا وه‌ک ئه‌نجامی ره‌فتاری تاک ده‌بینن و چاره‌سه‌ره‌کانیشیان بۆ ئه‌و تووندوتیژییه هه‌ر ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ی رێفۆرم و ئاڵوگۆڕێکی یاسایی و حقوقییه‌وه. رۆانگه‌ی فمینیستی کاتێ باسی ڕوانگه‌ی فێمینیستی ده‌که‌م، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که ته‌نیا یه‌ک ڕوانگه هه‌یه، به‌ڵکو فێمینیسته‌کانیش به گوێره‌ی ڕوانینی معریفهناسانهی خۆیان بۆچوونی جیاوازیان له سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه هه‌یه، به‌ڵام لێره‌دا به‌هۆی که‌می کات، هه‌ولم داوه هه‌ندێ لایه‌نی هاوبه‌شی ئه‌و ڕوانگانه تێکبخهمهوه و هه‌ندێ ئه‌نجامی لێبگرم. دیاره ئه‌وه هه‌ندێ ساده‌کردنه‌وه‌ی به‌دواوه ده‌بێت که من ناتوانم خۆی لێ بوێرم. به گشتی له رۆانگهیهکی فێمینیستیه‌وه ناکری تووندوتیژی پیاوان به‌رانبه‌ر به ژنان ته‌نیا وه‌ک ره‌فتارێکی شه‌خسی و تاکه‌که‌سی ببیندرێ، به‌ڵکو ئه‌وه ده‌بێ وه‌ک هێما و نیشانه‌یه‌کی کولتورێکی پیاوسالارانه لێکبدرێته‌وه که به سه‌ر کۆمه‌ڵگادا زاڵه. واتا ڕیشه‌ی تووندوتیژی له ساختاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دایه و ئه‌و ژنانه‌ی تووشی تووندوتیژی دێن، ته‌نیا نین و له‌و ئاسته‌دا له‌گه‌ڵ ژنانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگادا ته‌جرووبه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه. هه‌وڵی فمینیسته‌کان ئه‌وه بووه که ئه‌و ژنه‌ی که تووشی تووندوتیژی ده‌بێ، وه‌ک قوربانی چاو لێبکردرێ و ئه پیاوه‌ی تووندوتیژی به‌کار دێنێ، وه‌ک تاوانبار. دیتنی تووندوتیژی له رۆانگه‌ی قۆربانی ـ تاوانبار یارمه‌تی ده‌دا که چڕی و ته‌رکیز بخرێته سه‌ر چه‌مکه‌کانی وه‌ک ده‌سه‌ڵات و بێدهسهلاتی، بالاده‌ستی و ژیرده‌ستی و کۆنترۆل. به‌م شێوه‌یه بارێکی قورس له چه‌ند ڕووه‌وه له سه‌ر شانی ژنان ههڵدهگرترێ. یه‌که‌م، بۆ هه‌لسوکه‌وتی تووندوتیژانه‌ی پیاوان تاریفێک یا خۆد پێناسه‌یه‌ک ده‌دۆزێته‌وه و دووه‌م، له‌و تاریفه‌دا ئه‌وه پیاوانن که به‌رپرسی ئه‌و تووندوتیژییهن، نه‌ک ژنان. بۆ وێنه ته‌جرووبه‌ی فێمینیسته‌کانی نۆروێژ به روونی نیشان ده‌دا هه‌وڵدان بۆ ناساندنی پرۆسه‌ی تووندوتیژی وه‌ک کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، رێگا بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌کان له‌بارتر ده‌کات. یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ی فێمینیسته‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن و به یه‌کێ له سه‌رچاوه گرینگه‌کانی پێشێلکردنی مافی ژن له کۆمه‌ڵگادا، داده‌نێن، ئیزدیواجی نهریتته که ده‌توانێ شه‌رعییه‌ت به هه‌لسوکه‌وتی تووندوتیژانه‌ی پیاوان بدات. ئه‌وه‌ش به نۆره‌ی خۆی، شه‌رعییه‌ت ده‌دا به باڵاده‌ستی پیاو و بنده‌ستی ژنان له هه‌موو بواره‌کاندا. له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا مه‌سه‌له‌ی تووندوتیژی دژ به ژنان وه‌ک کێشه‌یه‌کی تاکه‌که‌سی یان بنه‌ماڵه‌یی ده‌بیندرێ، نه‌ک کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌وش دیاره تا ڕاده‌یه‌ک پێوه‌ندی به ئاستی پێشکه‌وتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و یاسایی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌یه‌ک له بواری پریڤات و شه‌خسییه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ بۆاریکی گشتی (public) و ببێته کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستی به ره‌وتێکی تایبه‌تی هه‌یه. هیچ کێشه‌یه‌ک یه‌کشه‌وه ساز نابێت و نادۆزرێته‌وه و، یهکشهوهش چاره‌سه‌ره‌کانی بۆ نادۆرێنهوه. ئێمه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بێ سه‌رنجی چه‌ند فاکتۆرێک بده‌ین. ئه‌و کێشه‌یه به‌ر له هه‌موو شت ده‌بێ زه‌ق کرێته‌وه و پێناسه بکرێت و، سرووشتێکی هاوبه‌شانه‌ی پێبدرێ. له‌و ڕه‌وته‌دا کۆمه‌ڵه ده‌نگێک پیویسته که ده‌بێ هاوبه‌ش و هاوده‌نگ کێشه‌که هه‌ڵسه‌نگێنن و بیخه‌نه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. له ئه‌نجامدا، هه‌ر یه‌ک له‌و ده‌نگانه، له بوارێکی تایبه‌تیدا پێشنێار بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌که ئاراسته بکه‌ن و به‌و هیوایه‌ی که کێشه‌که به یه‌کجاری چاره‌سه‌ر بکرێت. بۆ نموونه له وڵاتی سوێد، کۆمه‌ڵه ده‌نگێک هه‌یه که به‌رده‌وام کێشه‌ی تووندوتیژی دژ به ژنان ده‌خاته به‌ر باس. کاتێک ژنێک تووشی تووندوتیژی ده‌بێت، کۆمه‌لێک نیهادی ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی به‌رپرسن له‌و بواره‌دا و هه‌ر یه‌که به‌شێک له‌و ئه‌رکانه‌یان به ئه‌ستۆوه‌یه، له‌وان بۆ وێنه به‌شی ته‌ندوروستی، پۆڵیس، سوسیال، ماڵی ژنان و هتد. دیارده‌ی تووندوتیژیی ئه‌نجامگه‌لێکی فره گرانی له ئاستی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌یه‌کی عهقلانیشهوه، ئه‌و ڕێکخراوانه ناجارن چاره‌ی جیاواز بۆ ئه‌و دیارده‌یه بدۆزنه‌وه. له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری که‌م وا هه‌یه که ئه‌و ژنه‌ی تووشی تووندوتیژی هاتووه له لایه‌ن پێکهاته کۆمه‌لایه‌تی یا خۆد سیستمی یاسایی، پۆلیس، سیستمی ته‌ندرووستیه‌وه داکۆکی و به‌رگرێ لێبکرێت، په‌نای پێ بدرێت و مافی بپارێزرێت. به پێچه‌وانه له‌و سیستمانه‌دا، ژنان که خۆیان قوربانی تووندوتیژی پیاوانن، وه‌ک تاوانبار له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. ئه‌وه له خۆیدا پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی پرسی تووندوتیژی دژ به ژنان ببێته پرسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌وتێکی پێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌ره‌که. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ده‌کرێ هه‌ر له چۆارچێوه‌ی وه‌زعی ئهورۆکهشدا، کۆمه‌ڵیک بنه‌ما و پێگه دابرێژرێ و له‌ر سه‌ر به‌ستێنی ئه‌م پێگانه سنوورێک بۆ تووندوتیژی دیاری بکرێ. بۆ وێنه هێندێگ بنه‌مای یاسایی دابرێژرێ که به روونی تووندوتیژی دژ به ژن بخاته خانه‌ی تاوان و سزای بۆ دیار بکات. پێگه‌یه‌کی دیکه ده‌توانێ له قاودان و ریسواکردنی ئه‌و دیارده‌یه له ڕێگه‌ی روونکردنه‌وه و وشیارکردنه‌وه‌ی بیروڕای گشتی بێت. نموونه‌یه‌کی دیکه ده‌توانێ گۆشکردنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بێت بۆ به‌رگری له مافی ژن و فشارهێنان بۆ پێکهاته ده‌وڵه‌تییه‌کان به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی به‌کرده‌وه‌یی په‌ناگه‌یه‌ک بۆ ئه‌و ژنانه‌ی ده‌بنه قوربانی تووندوتیژی. ههنگاوێکی دیکه له‌و ئاراسته‌یه‌دا، به‌رجه‌سته کردنه‌وه و زه‌قکردنه‌وه‌ی پرسی ژن و بهنیهادی کردنی بزووتنه‌وه‌ی ژنانه. [1] Development of freedom |
| سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
|
|
© www.giareng.com |