|
|
به‌رنامه‌کان له لایه‌ن کاک هێرش بێتووشی به‌رێوه‌چوو و وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌که چه‌ندین کۆپڵه شێعری جوان و ڕازاوه‌ی پێشکه‌ش کردن و سه‌ره‌تای به‌رنامه‌که به چه‌ند ئایه‌تێک له قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێ‌کرد و دوایه‌ش له لایه‌ن پێکهێنه‌رانی کۆڕه‌که‌وه به‌خێرهاتنی میوانه‌کان کرا. دوای ته‌واو بوونی قسه‌کان، پیری ده‌ست ڕه‌نگینی موکریان، هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن و شمشاڵ ژه‌نی به ناوبانگی موکریان و کوردستان، به‌رێز مامه قاڵه، ناسراو به قاله مه‌ڕه له نێو چه‌پڵه‌ڕێزانی به‌شدارنی ئه‌م کۆڕه چۆ سه‌ر سه‌کۆ، چه‌پڵه‌ڕێزان و به پێوه‌وه‌ستانی خه‌ڵک بۆ ڕێز لێنان له مامه قاله ئه‌وه‌نده گه‌رموگۆڕ بوو که مه‌جالی به مامه قاله نه‌ده‌دا شمشاڵژهنینهکهی ده‌ست پێ بکات. له‌پڕ مامه قاله بلوێری به‌ر پشتێندی هێنا ده‌ر و به هه‌ناسه و فووه سێحراویێهکهی خه‌ڵکی مات و بێ ده‌نگ کرد و به سۆز و ناڵه‌ی شمشاڵه‌که‌ی دڵی هه‌موو لایه‌کی هێنا جۆش و خرۆش، مامه قاله ئه‌وه‌نده به هه‌سته‌وه شمشاڵه‌که‌ی ده‌ژه‌نی، که‌س نه‌یزانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ مامه قاله دیاری کرا بوو چۆن تێپه‌ر بوو. دوای شمشاڵه‌که‌ی مامه قاله، ئه‌وجار نۆره گه‌یشته پیری به ته‌گبیر و هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن و ده‌نگخۆشی گه‌له‌که‌مان مام خدر قادری ناسراو به خله ده‌رزی، مام خدریش وه‌ک مامه قاله له نێو پێشوازی و چه‌پڵه ڕێزانی خه‌ڵکه‌که‌دا چۆ سه‌ر سه‌کۆ و ئه‌وجار وه‌ک جاران ده‌ستی خسته بن گوێ و به شێوه‌یه‌کی جوان به ده‌نگێکی ساف و بێ گه‌رد وئهفسووناوی چه‌ندین کۆپله حه‌یران و به‌یت و لاوکی پێشکه‌ش به به‌شدارن کرد، ئه‌وه‌ی جێگای سرنج بێت ئه‌وه‌یه که، هه‌م مامه قاله و هه‌م مام خدر ته‌مه‌نیان یه‌کجار له سه‌ره و ئه‌وه‌ش بۆته جێگای سه‌رسوڕمانی گشت لایه‌ک که ئه‌م ده‌نگ و نه‌وایه له‌م ته‌مه‌نه دا چۆن له‌و گه‌روانه دێته ده‌ر، و یاخۆ ده‌بێ له کاتی گه‌نجی دا ده‌نگ و نه‌وای ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده له چ ئاستێک دا بووبێت، به هه‌ر حاڵ ڕازێنه‌ره‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی ئه‌م کۆڕه ئه‌م که‌ڵه هونه‌رمه‌نده به ساڵداچووه بوون. دوای ئه‌و به‌رێزانه چه‌ندین حه‌یران و لاوک بێژی دیکه‌ی ناوچه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هاتنه سه‌ر سه‌کۆ و هه‌ر کامه‌یان به نۆبه‌ی خۆیان به‌رنامه‌که‌یان ڕازاوه‌تر کرد و هونه‌ری خۆیان پێشکه‌ش به به‌شداربووان کرد. و ئه‌م کۆڕ یاده باقی به‌رنامه‌کانی خۆی به شێوه‌ی دیاری کراو، گه‌یانده کۆتایی. هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو له‌م کۆڕه دا ئه‌و به‌رێزانه بوون: مامه قاله( قاله مه‌ڕه) له بۆکان، مام خدر قادری ( خله ده‌رزی) له سه‌رده‌شت، نادر قورهجیلی له که‌نگاوه‌ر، ئه‌حمه‌د مه‌نده له سه‌رده‌شت، حوسێن وه‌لیزاده له شیروانی خوراسانی شیمالی، مام حه‌مید کۆسته له بۆکان، شه‌هاب مسته‌فازاده له ورمێ، سادق عوسمانی له شنۆ، موحسین گهوههرتاجی له خوراسانی شیمالی، ئه‌بوبه‌کر ئازهرروو له پیرانشار، مه‌عروف ئه‌حمه‌دپوور(تیپی ناڵی) له شنۆ، قهنیاس مسته‌فه‌وی له سه‌ڵماس، کاوه کورد له سنه، ره‌حیم پوورمه‌ند له سه‌رده‌شت، شۆڕش عیسازاده له ورمێ، حوسێن خاڵدار له شاهیندژ، هوشمه‌ند عهبدوولتاجهددینی له کرماشان هه‌واڵنێری گیاره‌نگ
|
| سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
|
|
© www.giareng.com |